
عیسا له هه‌ڵبژاردنه‌کانی کوردستان
عیسا له هه‌ڵبژاردنه‌کانی کوردستان
ڕزگار عومه‌ر
rezgar70ca@yahoo.com
له‌گه‌ل نزیک بوونه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن له کوردستان و زه‌ق بوونه‌وه‌ی لیستی نه‌وشێروان مسته‌فا،دیارده‌کان و هه‌ڵوێسته‌کان،چاره‌نووسی به‌شێکی به‌رچاو له‌ڕۆشنبیران و نووسه‌رانی ده‌رکه‌ووتوی چه‌ند ساڵی ڕابردووی ژێر چه‌تری "ئه‌نتی ده‌سه‌ڵات" به شێوه‌ی کۆمه‌ڵ یان به‌شێوه‌ی تاک تاک وه‌کو درامایه‌کی لاواز کۆتایی دێ.ئه‌وان خوێنه‌ریان له ساڵانی ڕابردوو به‌وه کاس کرد که چه‌نده نه‌نگیه به شان وباڵی ده‌سه‌ڵاتداران هه‌ڵبده‌ی،ئه‌وان ئێستا ده‌ربه‌ستی ئه‌و ڕه‌خنه دروستانه‌ی دوێنێ ی خۆیان نین،وا به‌شێکی زۆریان داڕشتنی سووک وشیعراوی،له‌بابه‌تی ئه‌و داڕشتنانه‌ی بۆ مامه وکاکه ده‌نووسرێ،ئه‌وانیش بۆ نه‌وشێروان مسته‌فای ده‌نووسن،سایتی سبه‌ی یش وه‌کو کوردستانی نوێ وخه‌بات به سوپاسه‌وه‌و به جومله ئه‌و داڕشتنانه بڵاوده‌کاته‌وه.
ئه‌گه‌رچی ئه‌م نووسینه وه‌ڵامی ڕاسته‌وخۆی ئه‌و داڕشتنانه نیه،به‌ڵام له‌ڕێگه‌ی خستنه ڕووی ئه‌م باسه ده‌یه‌وێ له‌ده‌رگای باسێکی تر بدا،که بریتییه له ڕۆڵ ونه‌خشی نه‌گه‌تیڤی به‌شێکی به‌رچاو له ڕۆشنبیری کورد له ئاڵ و گۆڕی سیاسی .له نێو ئه‌م به‌شه که‌سانێکی زۆر هه‌ن، قبوڵیان نیه بۆ ناساندنی خۆیان له‌به‌رده‌م ناوه‌کانیان نه‌نووسرێ ڕۆناکبیر،به‌شێکی تریان تا دوینێ خۆی به ئه‌ندامێکی سه‌ره‌تای کۆمه‌ڵه‌ی ڕه‌نجده‌ران پێناسه ده‌کردو پێ ی وابوو "مامه‌و نه‌وشێروان"کۆمه‌ڵه‌یان وێران کرد،ئه‌مڕۆ وه‌ک ئه‌وه‌ی نه‌بابێ نه‌باران سووکه په‌خشان له شێوه‌ی نه‌سیحه‌ت بۆ نه‌وشێروان مسته‌فا ده‌نووسن،هه‌ندێکیان وه‌کو حیزبه‌کانی ده‌سه‌ڵات و سه‌رکرده‌کانیان ڕابردووی سیاسی خۆی ده‌کا به سه‌رمایه‌کی سیاسی،ده‌یکا به سیڤی و دیخاته به‌رده‌م ئه‌و هێزه سیاسیه‌ی که ئیحتیماله جێ و شوێنیان له دوای ئه‌نجامه‌کانی هه‌لبژاردندا بگۆڕی و جه‌وله‌یه‌کی تر،په‌رده‌یه‌کیتری شانۆی سیاسه‌تکردنیان بۆ بکاته‌وه.ئه‌م تموحه خۆڕسکه‌ی ڕۆشنبیری بێ ئاسۆ،تووشی دابه‌زینی زۆری ده‌کا،ده‌قی وای پێ به‌رهه‌م دێنێ که له بێ تامیدا له ڕیکلامه‌کانی فلچه‌ی ددان و تایتی جل شتن ده‌چێ،که تازه‌ترین نموونه‌ی ئه‌و ده‌قانه بریتیه له شوبهاندنی نه‌وشێروان مسته‌فا به ماندێلا،به عیسای پێغمبه‌ر،به ئه‌فڵاتون !
تێگه‌یشتن له زه‌ق بوونه‌وه‌ی دیارده‌ی نه‌وشێروان مسته‌فا ده‌کرێ له زۆر فاکتدا بدۆزرێته‌وه‌و شی بکرێته‌وه،تا ئێستا سه‌دان ووتار به نێگه‌تیڤ وپۆزه‌تیڤ له‌م فاکتانه دواون،به‌ڵام فاکتێک که خه‌ریکه چه‌که‌ره ده‌کاو له باری ئایده‌لۆژی و ئیعلامیه‌وه تێکه‌ڵی ئه‌م بارودۆخه ده‌بێ وپێویستی به سه‌رنچ دانێکی تایبه‌ت وسه‌ربه‌خۆیه،ڕۆڵی ڕۆشنبیره له خوڵقاندنی وه‌هم و یۆتۆبیا. بۆ نموونه‌زۆر له‌سه‌ر ڕابردووی ئه‌م که‌سایه‌تیه سیاسیه ووتراوه‌و نووسراوه،خودی نه‌وشێروانیش تا ئێستا به‌شێکی گه‌وره‌ی نووسین وکتێبه‌کانی،چاوپێکه‌وتنه ڕۆژنامه‌ییه‌کانی ئێستای، ساغ کردنه‌وه‌و وه‌ڵام دانه‌وه‌ی تاوانبار کردنی ئه‌و بووه له ڕابردوودا،به‌ڵام یه‌ک لا بوونه‌وه‌یه‌کی دیاری کراو وسه‌ربه‌خۆی ڕای گشتی کوردی وجێگیرکردنی وه‌کو به‌شێک له‌هۆشیاری سیاسی ومامه‌ڵه له‌گه‌ڵ مێژوو،ڕه‌نگه ماوه‌یه‌کی زۆری پێ بچێ وته‌نانه‌ت له دوای نه‌مانی نه‌وشێروانیش درێژه بکێشێ.ڕه‌نگه هه‌روه‌کو ئێستالایه‌نگری وای هه‌بێ،وه‌کو هه‌موو لایه‌نگره‌کانیتری سیاسه‌تمه‌داره‌کانی ئێستا‌و ڕابردوو،به چاوی موقه‌ده‌سه‌وه مامه‌ڵه بکه‌ن و به‌حه‌ماسی دۆگما‌و نا بۆ ئه‌رگیومێنت به‌رگری بکه‌ن له‌و ڕه‌مزه‌ی خۆیان.له‌و بواره‌دا نووسێنێکی به‌رچاو که خزمه‌ت به فه‌رامۆش کردنی ڕۆڵی مێژوو ده‌کا له سیاسه‌ت وهۆشیاری گشتی ئه‌و نووسینه لاوازه‌ی به‌ڕێز د.جه‌مال نه‌به‌ز بێ که ئه‌وپه‌ڕی بێ ته‌حه‌مولی نیشان ده‌دا به‌رامبه‌ر ئه‌و پرسیاره بێ وه‌ڵامانه‌ی به‌رامبه‌ر ئه‌م که‌سایه‌تیه سیاسیه زه‌ق بۆته‌وه،له‌و نووسینه‌دا زۆر به کورتی پێمان ده‌ڵێ " ته‌نیا نه‌وشێروان نه‌بوو،هه‌موویان کردیان "ئه‌م مامه‌ڵه‌یه له‌گه‌ڵ مێژوو،ڕێک قفڵ دانی ده‌رگایه له‌به‌رده‌م ئاماده بوونی مێژوو له هۆشیاری سیاسی‌دا،خوڵقاندنی ته‌پ وتۆزێکه له ڕۆڵی گه‌وره‌ی که‌سایه‌تیه‌کی دڵخوازی خۆمان ،له ڕابردووی سه‌ردمێکی پڕ له‌خوێن و چالاکی میلتاریستی .
به‌شێکی به‌رچاو له توێژی نێو ڕۆشنبیری کورد،فێری سه‌نعه‌تی موژده هێنان و بردن بووه،ئه‌م سه‌نعه‌ته مێژوویه‌کی هه‌یه،هه‌رجاره‌ی نه‌وه‌یه‌ک له‌هه‌مان توخمی ڕۆشنبیر هه‌لهه‌له لێ ده‌ده‌ن و هیلال له‌ده‌وری که‌سایه‌تیه‌ک و ڕه‌مزێکی سیاسی دروست ده‌که‌ن،پێرێ بۆ شێخ مه‌حمودو بارزانی کرا،دوێنێ بۆ مامه‌و کاکه،ئه‌مرۆش هه‌موو شایه‌دی سه‌ره‌تای هه‌مان به‌زمین بۆ نه‌وشێروان مسته‌فا.ئه‌م به‌شه له ڕۆشنیران که خه‌ریکی ئه‌م به‌زمه‌یه زۆر هۆکار هه‌بوون به‌م ئه‌نجامه‌و به‌م ساغ بوونه‌وه‌ی گه‌یاندن،ڕه‌نگه گرینگ‌ترینیان ته‌ریک که‌وتنه‌وه،نه‌بوونی پڕۆژه‌ی سیاسی،بێ ئومێدی ته‌واو له به‌ده‌ست هێنانی گۆڕان له‌به‌رده‌م دیواری ده‌سه‌ڵاتی سیاسی،بێ بڕوایی له خولقاندن یان په‌ره‌پێدانی ئه‌و نوزه په‌رش وبڵاوانه‌ی واه‌کو هێڵێکی سه‌ربه‌خۆ وپه‌رش وبلاو له ساڵانی ڕابردوو له نێو جه‌ماوه‌ردا دژی ده‌سه‌ڵات ده‌وه‌ستا و به گولله سه‌رکوت ده‌کرا.
هیپۆکرات بوونی ئه‌م توێژه‌و په‌له په‌لیان بۆ جێگیر کردنی نه‌وشێروان مسته‌فا وه‌کو فریادڕه‌سی ئه‌م بارودۆخه، رۆژ له‌دوای رۆژ رێگای لۆژیک ته‌نگ ده‌کاته‌وه،به‌جۆرێک که هه‌ڵ ومه‌رجێکی وایان دروست کردووه له میدیاکانی سه‌ر به‌هه‌مان پڕۆژه، زۆر له‌و هه‌ڵ و مه‌رجه ده‌چێ که خیتابه مێژوویه‌که‌ی سه‌رۆکی ئه‌مریکا "جۆرچ بۆش" له دوای 11 سێپتێمبه‌ر دروستی کرد،له‌و خیتابه جۆرج بۆش ووتی:- (( ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵمان نیه دژمانه))، ئێستاش ئه‌و ڕۆشنبیرانه پێیان وایه ئه‌و (گۆڕان)ه‌ی ئه‌وان ئیده‌ئالیزه‌ی ده‌که‌ن و بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌که‌ن و نه‌وشێروانی بۆ ده‌که‌ن به عیسا وبه ماندێلا‌و به‌ئه‌فلاتوون،هه‌ر که‌سێک له‌گه‌ڵی نه‌بێ ئه‌وا دژ به گۆڕانه وله‌خزمه‌تی یه‌کێتی وپارتی دایه ! ئه‌م کورت بینیه له سیاسه‌ت تووشی هه‌موو که‌سێک وگروپێک ده‌بێ،که متمانه به‌خۆی وبه سه‌ربه‌خۆ بوونی هێڵی ئۆپۆزسێۆنی نێو جه‌ماوه‌ری له‌ده‌ست ده‌چێ،به فریادره‌س کردنی نه‌وشێروان له گۆشه‌یه‌کیدا پێش ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به پرۆژه‌و گونجاو بوونی ئه‌و هه‌بێ،په‌یوه‌ندی به شکستی به‌شێکی به‌رچاوی ڕۆشنبیری ئه‌نتی ده‌سه‌ڵات هه‌یه،له سه‌پۆرت کردن یان ڕێگه‌خۆش کردن بۆ په‌یدابوونی بزوتنه‌وه‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆ، سه‌پۆرتی ده‌م وچاوێکی گه‌نج وتازه،که ڕه‌نگه له گه‌نجێکی که‌لار،هه‌ڵه‌بجه،ڕه‌حیماوه،یان له "سۆرانی مامه حه‌مه" بچێ.
ئه‌م توێژه خه‌ون به ده‌سکه‌وتێکی خێرای ته‌سک ده‌بینی،به‌که‌سایه‌تیه‌کی زیزبووی نێو هه‌مان سیسته‌م ده‌یه‌وێ تۆڵه له ده‌سه‌ڵاتی سیاسی،تۆڵه له‌ته‌ریک که‌وتنه‌وه‌ی خۆی بکاته‌وه.زۆرجار ئه‌زموونی مێژوو له‌سه‌ره‌تای خولێکی دیاری کراو هیچی لێ فێرنابین،دوای ته‌واو بوونی خوله‌که ئه‌گه‌ر سه‌رگه‌رمی و خه‌یاڵه خۆشه‌کانی یۆتۆبیا به‌ریدابین،ئینجا به‌رده‌بینه هه‌ڵوێسته‌کانی خۆمان ، بۆ ئه‌و توێژه له ڕۆشنبیرانیش هه‌روایه،له ئاینده سه‌یری ئێستای خۆی ده‌کا،ده‌بینی شان به‌شانی که‌سێکی میلتاریست سروودی بۆ نه‌وشێروان ووتوه ،له‌کاتێکدا ئه‌م که‌سه به‌ڕۆژی ڕوون له‌میدیادا هاواری ده‌کرد ((بیست ساڵ،خه‌ڵکم بۆ مامه کوشت،ئاماده‌م بیست ساڵی تریش بۆ کاک نه‌وشێروانی بکوژم)) !
که‌م شوێن هه‌یه له دونیا ،وه‌کو شانۆی سیاسی کوردی،ئه‌و زوڵمه پڕ له دووڕیی و پڕ له‌دۆگما له ڕه‌مزه سیاسیه جیهانیه‌کان بکا،کام سه‌رکرده‌ی کوردی هه‌یه به ((گیڤارا،گاندی،مارتن لۆته‌ر کینگ،ماندێلا )) به‌روارد نه‌کرابێ ؟ هه‌موو ئه‌و به‌راوردانه‌ش ڕۆشنبیر زۆر به ڕووقایمی وبێ باکانه کردویه‌تی،ئه‌م به‌راوردانه ته‌نیا له‌و گۆشه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێ که هیچ له‌م سه‌رکرده کوردانه ته‌نیا خۆیان وه‌کو خۆیان ناتوانن وێنه‌یه‌کی پۆزه‌تیڤ له خۆیان دروست بکه‌ن که له‌گه‌ڵ تێگه‌یشتن و پێویستیه‌کانی زه‌مانه بگونجێ .دوێنێ که مام جه‌لال وه‌کو سه‌رۆکی عێراق هه‌لبژێردرا "ڕه‌فیق سابیر" خۆی کرده قوربانی و مامه‌ی به ماندێلا شوبهاند،ئه‌مڕۆ خودی ماندێلا ده‌کرێ به قوربانی و نه‌وشێروان به‌و ده‌شوبهێنن! نه‌نگیه ڕۆشنبیر فیکر دابنێ و ده‌هۆڵی ئیعلامی بکوتێ،نه‌نگیه ڕۆشنبیر له‌به‌رامبه‌ر وه‌همدا فیکردابنێ وببێ به کۆرسی سروود.مێژوو دڵی وه‌ک به‌رد وایه ڕه‌حم به‌که‌س ناکا،مێژوو هه‌ڵوێستی ئه‌م توێژه‌و ئه‌و به‌راورد کردنانه تۆمار ده‌کا،مێژوو ئه‌وه تۆمار ده‌کا که‌به‌شێک بڕوایان به‌وه هێنا که نه‌وشێروان مسته‌فا ((عیسا))ی زه‌مانه‌ی ئه‌مڕۆی کورده،به‌ڵام ته‌نیا ده‌بێ ئه‌وه‌ی بخه‌ینه سه‌ر که عیسا کوڕی مریه‌م بوو،به‌ڵام نه‌وشێروان کوڕی شکست و تراژیدیای ڕۆشنبیری کورده.