
ئه‌و كاته‌ی مێژوو دووباره ده‌بێته‌وه
ئه‌و كاته‌ی مێژوو دووباره ده‌بێته‌وه
كوشتنی روحی نه‌ته‌وه‌یه‌ك له پێناو دیموكراتییهتدا
سمكۆ عه‌بدولكه‌ریم
سه‌رده‌مێك مشت‌ومڕ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه مێژوو خۆی دووباره ده‌كاته‌وه زۆر گه‌رم و گوڕ بوو ، جیاوازی بۆچوونه‌كانیش زیاتر له دوو ئاراسته‌دا ده‌بیندران ، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئایا مێژوو خۆی خۆی دووباره ده‌كاته‌وه یان كاره‌كته‌ره‌كان رۆلیان هه‌یه و ئه‌وان مێژوو دووباره ده‌كه‌نه‌وه .
هه‌رچه‌نده دووباره‌بوونه‌وه به پێی قۆناغ و سه‌رده‌مه‌كان جیاوازییان هه‌یه و ، هه‌ردوو فاكته‌ریش كاریگه‌رییان هه‌یه و ناكرێ به ته‌نیا قسه له‌سه‌ر ئه‌وه بكه‌ین كه مێژوو به ده‌ر له رۆلی كه‌سه‌كان و ته‌نیا به هۆی ره‌وشه‌كه و ئالوگۆڕه سروشتییه‌كانه‌وه دووباره ده‌بێته‌وه .
ئه‌گه‌ر به وردی ئاوڕ بۆ ئه‌و مێژووه دورودرێژه‌ی كورد بده‌ینه‌وه له‌وه تێده‌گه‌ین كه جگه له نه‌بوونی تێڕوانینێكی فكری و سیاسی له‌و سه‌رده‌مه‌دا ،چه‌ندین هۆكاری دیكه‌ش هه‌ن كه هۆكاربوونه له به ئامانج نه‌گه‌یشتن و تێك‌شكان و له‌به‌ریه‌ك هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه كه له هه‌ریه‌ك له قۆناغه‌كاندا به ده‌ست هاتوون .
گه‌وره‌ترین كاره‌سات ئه‌وه‌یه ئامانجه ستراتیژی و میكانیزمه‌كانی به‌ڕێوه‌بردنی وڵات تێكه‌ڵ به یهكبرێن و له پێناو خزمه‌تگه‌یاندن و كاركردن بۆ باشتركردن و به‌ره‌وپێشه‌وه‌بردن و پیشاندانی رووێكی جوان به ده‌ره‌وه به ئاگاییه‌وه بێت یان له بێئاگاییه‌وه ئامانجه ناوه‌ندییه‌كان بكه‌یته ئامانجی سه‌ره‌كیت ، كه ده‌كرێ هه‌موو ئه‌و ویست و ئامانجانه به پێی تێپه‌ڕاندنی قۆناغی گواستنه‌وه و هاتنه‌پێشی ده‌رفه‌ته‌كان كاریان بۆ بكرێ ، زۆرجاریش ده‌كرێ له رێگه‌ی كه‌ناڵه جییاجیاكانهوه گوشاریش به‌كار بهێندرێ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌وڵبدرێ هه‌ردوو ئاراسته‌كه ئامانجه ستراتیژییه‌كه و میكانیزم و چۆنییه‌تی به‌ڕێوه‌بردن و جوانكردنی روخساره‌كان به یه‌كه‌وه به‌ره‌و پێشببردرێ و هه‌ردوو ئامانج و ئامانجه‌كانی دیكه‌ش له خزمه‌تی یه‌ك دابن ، به پێچه‌وانه‌ی به‌شێك له‌و ئاراسته سیاسیه‌ی ماوه‌یه‌كه له هه‌رێمی كوردستان سه‌ریهه‌ڵداوه .
ئه‌گه‌ر دیقه‌ت بده‌ی و به وردی ئاوڕێكی خیرا بۆ ئه‌و قۆناغه‌ی دوای راپه‌ڕین بده‌یته‌وه ده‌رده‌كه‌وێت و له‌وه تێده‌گه‌یت كه به‌شێك له‌و تێكۆشه‌رانه‌ی كه ئه‌مڕۆ بانگه‌شه‌ی گۆڕان و چاكسازی ده‌كه‌ن به درێژایی ئه‌و ماوه‌یه خۆیان دووره په‌رێز گرتوه و ماوه‌یه‌ك گۆشه‌گیر لێی پاڵكهوتون و ماوه‌یه‌كیش هاتونه‌ته‌وه مه‌یدان ، ئه‌گه‌ر چاوێك به‌و نووسینه‌ی كاك نه‌وشیروان بخشێنیه‌وه كه له‌م دوایه‌دا له‌باره‌ی چه‌ند وێستگه‌یه‌كی دوای راپه‌رین نووسیبووی ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌م كاكه له ناخۆشترین چركه‌ساته‌كانی كۆڕه‌ودا ، له كاتێكدا كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان له نێو پڕ مهینهتترین ژیاندا شه‌و رۆژیان ده‌گوزه‌راند ، وه‌ك له زۆر نووسین بینیوه‌مه و له زۆر كه‌سایه‌تی سیاسیشم گوێ لێبووه كاك نه‌وشیروان یه‌كێك بووه له كاركته‌ره سیاسییه سه‌ره‌كییه‌كانی راپه‌رین و یه‌كێكیش بووه له سه‌ركرده دیاره‌كانی شۆَڕشی نوێ ، ئا له‌م كاته‌دا وه‌ك بۆخۆی له‌و نووسینه‌دا ده‌یگێڕێته‌وه ئه‌و چه‌ند رۆژه ناخۆشه‌ی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان بۆ ئه‌و ده‌رفتێكی باش بووه بۆ ئه‌وه‌ی له پاڵ لوتكه شاخێك پاڵ بداته‌وه و خۆی به گوێگرتن به رادیۆ خه‌ریك بكات و خۆی وته‌نی باشترین كات بووه بۆ ئهنساتكردن .
هه‌رچه‌نده ته‌مه‌نی ئه‌و پیاوه زۆر شتی درخستوه كه كه‌سێكی نه‌فه‌س كورته‌و توانای به‌رده‌وامبوونی نییه و به‌رگه‌ی شكسته‌كان ناگرێ ، بۆیه ده‌بینێن ئه‌و به‌رده‌وام له كاتی قه‌یران و كێشه‌كاندا ونده‌بێ و له كاته‌كانی دیكه‌شدا ده‌رده‌كه‌وێته‌وه ، ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌رده‌خات كه ره‌نگه له هه‌ر وێستگهیكهدا عه‌قلی نه‌گرێ له فاڕگۆنهكه بێته خوارێ و سواری فاڕگۆنێكی دیكه بێت ، ئه‌مه‌ش رێك پێچه‌وانه‌ی ئه‌و بۆچوونانه‌یه كه پێیان وایه كاك نه‌وشیروان فریادڕه‌سه .
ئامانجی كاك نه‌وشیروان له‌و هه‌نگاوه‌ی هه‌ڵیهێناوه به‌قه‌د ئه‌وه‌ی خۆدهربازكردنییهتی له پله دووی نێو یه‌كێتی و بوون به پله یه‌ك و هاوشانی به‌رامبه‌ره‌كه‌ی ، هێنده په‌یوه‌ندی به پرسی گۆڕان و چاكسازییه‌وه نییه ، چونكه گومان له‌وه‌دانییه ئه‌وه‌ی تۆزقاڵێك سه‌ره‌ده‌ر له سیاسه‌ت ده‌ربكات له‌وه تێده‌گات كه گۆڕان له كوێوه ده‌ست پێده‌كات ، ره‌هه‌نده‌كانی چاكسازیش روون و ئاشكران ، له كۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا ئه‌و هێزانه كێن كه ده‌توانن به كرده‌وه چاكسازی بكه‌ن ، به هه‌موو پێوه‌رێك كاك نه‌وشیروان ده‌یتوانی ئه‌و گۆڕان و چاكسازییه له نێوخۆی یه‌كێتی-یه‌وه كاری بۆ بكردایه و درێژه‌ی پێبدابووایه ، ئه‌گه‌ر تۆزێك نه‌فه‌سی درێژ بووایه ده‌یتوانی ئه‌وه بكات ، كاریگه‌رییه‌كی باشیشی ده‌بوو ،چونكه گومان له‌وه‌دانییه ئه‌مڕۆ هیچ هه‌وڵێك له ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتی و پارتی سه‌رناكه‌وێ ، ئێستاش ئیراده‌ی یه‌كێتی و پارتی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دایه له‌م رووی نوێبوونه‌وه چاكسازی هه‌نگاوی پێویست ههڵبنرێ ، تا راده‌یه‌كی باشییش ئاسۆكانی ئه‌م گۆڕان و چاكسازییه ده‌ركه‌وتوون . زۆرجاریش خستنه‌ڕووی هه‌ندێ پێشنیاز و بڕیار كه له وه‌همه‌وه سه‌رچاوه‌یان گرتووه بۆ ماوه‌یه‌ك گۆمه‌كه ده‌شله‌قێنێ ، و نائارامییه‌ك دروست ده‌كات دواتر له‌گه‌ڵ ده‌ركه‌وتنی راستییه‌كان و حه‌قیقه‌ته بابهتییهكان ئه‌و ورده شه‌پۆڵانه‌ش ئارام ده‌بنه‌وه .
ئه‌و نائارامییه‌ی كاك نه‌وشیروان و نائومێدبوونی له‌وه‌ی له ناو یه‌كێتی گۆڕان ناكرێ ، بڕیاری ئه‌وه‌ی دا وه‌ك ئه‌ویتری وارسێكی یه‌كێتی له ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتی ئه‌و په‌یام و ئامانجه‌ی بێنێته‌دی ، به‌ڵام كاك نه‌وشیروان هه‌ر له سه‌ره‌تاوه هێنده‌ی كاری بۆ قایمتركردن و به‌هێز كردنی پێگه‌ی خۆی ده‌كرد له نێو یه‌كێتی ، هێنده به دوای ئه‌و گۆڕان و چاكسازییه‌وه نه‌بوو كه ئێستا له ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتی ده‌یه‌وه‌ێ بیهێنێته دی ، بێگومان ئه‌وكات و له نێو یه‌كێتی زۆر باشتری پێده‌كرا .
جگه له‌وه‌ی گومانم هه‌یه له‌وه‌ی ئه‌و بانگه‌شه‌ی بۆده‌كات پێشم وانییه كاتی ئه‌وه هاتبێ شته جه‌وهه‌رییه‌كان به‌لاوه بنرێ و به دوای رواله‌تدا بگه‌ڕێن ، ئه‌و روالهتانهی ده‌كرێ له هه‌ر قۆناغ و ده‌رفه‌تێكدا خه‌باتیان بۆ بكرێ و بهێنرێنه دی ، بۆیه ئه‌گه‌ر وریا نه‌بین و ده‌رفه‌ت و قۆناغه‌كه نه‌قۆزینه‌وه ، ئه‌وه وه‌ك چۆن له ئێستادا ره‌خنه له رابردوو و سه‌ركرده‌كان ده‌گرین ، به‌و مانایه‌ی كه‌مته‌رخه‌مبوونه و له ئاستی به‌رپرسیارییه‌تی مێژوویدا نه‌بوونه ، له ئاینده‌شدا سه‌ركرده‌كانی ئه‌م قۆناغه‌ش ئه‌گه‌ر نه‌توانن ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ی به‌دی هاتوون بیانچه‌سپێنن و بناغه‌یه‌كی باش و پته‌و بۆ ئه‌و خه‌ونه قووله‌ی كورد دابنێن ، به هه‌مان شێوه ده‌كه‌ونه به بهرسیارییهتی مێژوویی .
به‌لای كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستانه‌وه ئه‌و ئارامی و ئاسایش و خۆشگوزارنییه كه به‌رهه‌می ته‌بایی و یه‌كریزی یه‌كێتی و پارتی و لایه‌نه سیاسیه‌كانه گرنگه یان ملمڵانێك كه جگه له به‌رژه‌وه‌ندییه تایبه‌تییه‌كان هیچ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كی گشتی لێچاوهنواڕ ناكرێ .
هه‌موو ئه‌وانه‌ی پێیان وایه یه‌ك لیستی یه‌كێتی و پارتی له‌م قۆناغه‌دا زیان گه‌یاندنه به پڕۆسه‌ی دیموكراتی ، بیركردنه‌وه‌یه‌كه له به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی به‌ولاوه هیچی دیكه نییه ، ده‌رگاش له‌سه‌ر كه‌س دانه‌خراوه بۆ ئه‌وه‌ی نه‌توانێ لیست دروست بكات و به‌شداری هه‌ڵبژاردن بكات ، پڕۆسه‌ی دیموكراتی فراوانبكات ، فه‌رموو كێ رێگره له‌به‌رده‌م ئه‌وه‌ی خۆی بۆ سه‌رۆكی هه‌رێم كاندید بكات ، ئایا به‌پرسیارییه‌تی ئه‌وه ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆی كێ ؟ ، كێ رێگره له‌به‌رده‌م پڕۆسه‌ی دیموكراتی ، ئه‌و تێڕوانین و بۆچوونانه‌ش كه دوای راگه‌یاندنی لیسته‌كه‌ی راگه‌ێنرا ، به‌و مانایه‌ی ئه‌و لیسته مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌ی ناوه‌ته‌وه و یه‌كێتی هه‌راسانكردوه له كوێوه سه‌رچاوه‌ی گرتووه ؟ ، ئایا كێشه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا كێشه‌ی لیسته ، یان كێشه‌ی ئه‌وه‌ی ئه‌و تا ئێستاش خۆی به خاوه‌نی یه‌كێتی ده‌زانێ و ئاماده نییه واز له یه‌كێتی بێنێ و به لیستی جیاش داده‌به‌زێت ، ئه‌گه‌ر ئه‌و ئاماده بێت واز له یه‌كێتی بێنی و ده‌ستبه‌رداری هه‌موو شتێك بێت له به‌رامبه‌ر لیسته‌كه‌ی پێم وانییه ئه‌و مه‌سه‌له‌یه هێنده مشت ومڕی لێكهوتباوه .
له كۆتایدا ته‌نیا ئه‌وه‌نده ماوه بڵێم ئه‌وه‌ی ئه‌و باوه‌ڕی پێ هه‌یه و بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كات جگه له دووباره‌كردنه‌وه‌ی مێژوو و مێژووی ئیماڕهتهكان هیچی دیكه نییه ، به‌ڵام به ناو و شێوازێكی دیكه‌و له قۆناغێكی جیاوزتردا ، ئه‌مه‌ش رێك كوشتنی روحی نه‌ته‌وه‌یه‌كه له پێناو دیموكراتییهتدا و ده‌مێكیشه وتراوه ئه‌شێ مێژوو خۆی دووباره‌بكاته‌وه ، به‌ڵام به شێوه‌یه‌كی كاریكاتێری .