
خـــــه‌ون نیــــــه, مــــۆتــه‌كه‌یــــه !……تاهیـــر حـــه‌ســـه‌ن
خـــــه‌ون نیــــــه, مــــۆتــه‌كه‌یــــه !
له‌په‌راوێزی (خه‌ون یان مۆته‌كه) كه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا دا !
تاهیـــر حـــه‌ســـه‌ن
tahirhassan1@yahoo.com
نه‌وشیروان مسته‌فا خاوه‌نی كۆمپانیای ( ووشه) و لیستی ( گۆڕان ) , بۆ خۆنمایشكردنی له سیناریۆی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستاندا, كه بڕیاروایه له كۆتایی ته‌مووزی ئه‌مساڵدا به‌ڕێوه‌بچیّت, دوو زنجیره نووسراوی دۆكۆمێنتی له ژێرناوی (خه‌ون یان مۆته‌كه)دا بڵاوكرده‌وه‌و پێشكه‌شی كرد به‌وانه‌ی كه ئه‌و به ئه‌ندازیاری شه‌ڕی ناوخۆی( یه‌كێتی وپارتی) له كوردستان ده‌زانن. به‌ڵام پێده‌چێ له چوارچێوه‌ی ڕێكه‌وتنێكی نێوان سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی و نه‌وشیرواندا, كه هه‌فته‌ی ڕابردوو ئه‌نجام درا, ( ئاگربه‌ست )ی ڕاگه‌یاندن له دژی یه‌كتری ئه‌گه‌ر بۆ ماوه‌یه‌كیش بێت ڕاگه‌یه‌نرابێ.
مه‌به‌ستی سه‌ره‌كی من له‌م بابه‌ته كورته‌دا, ته‌نیا وه‌ڵام دانه‌وه‌یه‌كی خێرایه به‌و دوو زنجیره نووسینه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فاو په‌رده‌لادان له‌سه‌ر ئامانجێكه كه ئه‌و له بڵاوكردنه‌وه‌یاندا هه‌یه‌تی. تێكه‌ڵاوكردنی ئه‌م بابه‌ته‌م له‌گه‌ڵ شه‌ن وكه‌وكردنی به‌رنامه‌ی ڕه‌وته‌كه‌ی كه ناوی (گۆڕان)ی له‌سه‌ر داناوه به‌گونجاو نه‌زانی, بۆیه ئه‌وه‌ی دووهه‌میان هه‌ڵده‌گرم بۆ بابه‌تێكی تری به‌م زووانه.
پرسیارگه‌لێك كه هه‌ر خوێنه‌رێكی بابه‌تی (خه‌ون یان مۆته‌كه)ی نه‌وشیروان مسته‌فا, ده‌كرێ له خۆی بكات ئه‌وه‌یه: بۆچی نه‌وشیروان مسته‌فا له‌م كاته‌دا دۆكۆمێنت له‌سه‌ر شه‌ڕی ناوخۆی كوردستان كه 17ساڵ به‌ر له‌ئێستا له نێوان یه‌كێتی وپارتیدا هه‌ڵگیرسا, بڵاوده‌كاته‌وه؟!.ئامانجی نه‌وشیروان چیه‌و ده‌یه‌وێ له‌م ڕێگایه‌وه به چی بگات ؟!.
به‌ر له هه‌ر شتێك ئه‌و به‌ڵگه نامانه‌ی كه نه‌وشیروان مسته‌فا بڵاوی كردنه‌وه, به‌یانی هیچ شتێكی تازه‌و ئاشكراكردنی هیچ شتێكی نهێنی بۆ خه‌ڵك نیه. بڵاوكردنه‌وه‌یان وه یا ڕاگرتنی, دوور‌و نزیك هیچ په‌یوه‌ندیه‌كی به قازانج و به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكه‌وه نیه . بڵاوكردنه‌وه‌یان هه‌وڵێكی بێئاكامی خاوه‌نه‌كه‌یه‌تی بۆ ڕووسپی كردنی خۆی و ڕابردووی خۆی له‌به‌رچاوی خه‌ڵك, ڕاگرتنیشی مامه‌ڵه‌یه‌كی سیاسی كه‌سیفه له‌بازاڕی هه‌ڕاجكردنی ئیمتیازاتی ئه‌حزابی حاكمدا.
خه‌ڵكی كوردستان به گیان له‌ده‌ستدانی زیاتر له 10000 جگه‌رگۆشه‌یان زامی شه‌ڕی یه‌كێتی وپارتیان چه‌شتووه, به ئاواره‌بوونی ده‌یان هه‌زار خێزان له ماڵوخانووبه‌ره‌ی خۆیاندا ڕۆژگاره سه‌خته بێبڕانه‌وه‌كانی شه‌ڕی ناوخۆیان پشت سه‌ر ناوه, به بێسه‌رو شوێنكردنی منداڵه‌كانیان ته‌جروبه‌یان كردووه, به كه‌لله ته‌قاندن و لووت وگوێ بڕین و دیل ڕه‌می كردنی دۆست وخۆشه‌ویست ودراوسێكانیان چه‌شتوویانه, به تاڵانكردنی ماڵه‌كانیان و ئیغتیسابی سه‌دان ژن, برینی قووڵ له جه‌سته‌یاندا هه‌ڵكه‌نراوه. هاتنی سووپای به‌عس و جمهوری ئیسلامی ئێرانیان له سه‌ر ژیانیان بینی, ماڵه‌كانیان و قوتابخانه و نه‌خۆشخانه‌كان و كۆڵان و جاده‌كانیان لێكرایه مه‌یدانی شه‌ڕ, شوێنی ژیان و كار‌و خه‌ویان نا ئارام كرا. خه‌ڵكی بینیان و بیستیان وچه‌شتیان كه چۆن ملیۆن ملیۆن دۆلار له پارووی ده‌می منداڵه‌كانیان درا به فیشه‌ك وبارووت و بارێنرا به‌سه‌ر شار‌و دێهاته‌كانیاندا. ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر كاغه‌زه‌كانی نێو چه‌كمه‌جه‌كه‌ی نه‌وشیرواندا نووسراوه, دڵۆپێكیش نیه له ده‌ریایه‌ك تراژیدیای ئینسانی كه شه‌ڕی ناوخۆی پارتی و یه‌كێتی به‌سه‌ر ژیانی خه‌ڵكی كوردستاندا هێنایان. ئه‌حزاب و كه‌سانێك كه یاریكه‌ری ئه‌سڵی ئه‌و كاره‌ساته بوون , ئه‌حزاب و كه‌سانێك كه ئه‌وه كاروكرده‌وه‌یان بووبێت بۆ مانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتیان به‌سه‌ر ژیانی خه‌ڵكدا, به‌ڕاستی ده‌بێ شوكرانه بژێری ئه‌وه بن نه‌خرێنه قه‌فه‌زی تاوانی دادگای جه‌ماوه‌ری خه‌ڵكی كوردستانه‌وه, چ جای ئه‌وه‌ی جورئه‌تی ئه‌وه‌یان هه‌بێت به خه‌ڵكی بڵێن ده‌نگمان بده‌نێ و بمانكه‌نه نوێنه‌ری خۆتان و چاره‌نووسی ئێستا‌و ئاینده‌ی خۆتان و منداڵه‌كانتان بخه‌نه ده‌ستی ئێمه‌وه!.
نه‌وشیروان مسته‌فا ده‌یه‌وێ له ڕێگای بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌و به‌ڵگه‌نامانه‌وه, یان باشتر بڵێم له ڕێگای بڵاوكردنه‌وه‌ی ئیعتیرافی ئاشكرا‌و ڕاگه‌یاندنی نه‌دامه‌تی خۆی له به‌شێكی چاره‌نووسساز له مێژووی ڕابردووی خۆی و حزبه‌كه‌ی , گه‌ردنی خۆی له كاره‌ساتێك كه به‌ناڕه‌وا سه‌پاندیان به‌سه‌ر خه‌ڵكداو خۆی كه‌سی دوومی لایه‌نێكی سه‌ره‌كی شه‌ڕه‌كه بووه, ئازاد بكات!. به‌ڵام ئه‌و ده‌زانێ كه پێش ئه‌و كه‌سانی تری نێو سه‌ركردایه‌تی هه‌ردوو حزبی یه‌كێتی وپارتی به‌شێوازی جۆراوجۆر ئه‌و هه‌وڵه‌یان دا‌و به‌هیچ نه‌گه‌یشتن و خه‌ڵك گه‌ردنی ئازاد نه‌كردن. ته‌واوی ئه‌و لێپرسراوانه‌ی یه‌كێتی و پارتی كه له شه‌ڕی ناوخۆدا, یان فه‌رمانده‌ی ڕاسته‌وخۆی به‌ره‌یه‌كی شه‌ڕ بوون, یان نووسه‌ری میدیاكانی حزبه‌كانیان بوون و لێپرسراوی چاندن و ووروژاندنی تۆوی ڕق و كینه‌و گه‌رده‌لوولی تۆڵه‌و بردنه‌سه‌ری دامارگیری چه‌كداره‌كانیان بوون, هه‌تا ئێستاش هه‌وڵده‌ده‌ن مه‌سئولیه‌تی ئه‌و تاوانانه له سه‌رشانی خۆیان لابده‌ن . ئه‌گه‌ر كه‌سێك بۆ ته‌نیا ساتێك باوه‌ڕ به سكاڵاكانی لێپرسراوانی ئه‌و دوو حزبه به نه‌وشیروان مسته‌فاشه‌وه بۆ وه‌رگرتنی به‌رائه‌ت له شه‌ڕی ناوخۆدا بكات, ده‌بێ به‌و ئه‌نجامه سه‌یره بگات, كه شه‌ڕی ناوخۆی یه‌كێتی و پارتی ئاشی نه‌زان بووه‌و خوا گێڕاویه‌تی!. به‌ڵام وانیه, شه‌ڕی ناوخۆی یه‌كێتی و پارتی چ ئه‌وكات كه له‌شاخ بوون و چ دوای ڕاپه‌ڕین كه هاتنه نێو شاره‌كانی كوردستان, زه‌مینه‌ی ماددی هه‌بووه, ڕابه‌رو تیۆریسیۆن و نه‌خشه‌داڕێژه‌ری هه‌بووه, فه‌رمانده‌ی سه‌ربازی هه‌بووه, لێپرسراوی مالی وجبه‌خانه سازكردنی هه‌بووه, ئامانجی سیاسی و سه‌ربازی هه‌بووه. بێژه‌ری ڕادیۆو ته‌له‌فزیۆن و ڕۆژنامه‌ی هه‌بووه, ده‌یان قه‌ڵه‌م به‌ده‌ستی میدیاكانیان نانی ڕۆژانه‌یان له‌سه‌ر خواردووه. ده‌كرێ كه‌سێك له‌و بڕوایه‌دا بێت ئه‌م هه‌موو فۆنكسیۆنه حزبیانه جێگری سه‌رۆكی حزب و ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی ئاگای لێ نه‌بێت و هیچ ئیراده‌یه‌كی به‌سه‌ریدا نه‌بێت؟!.
شه‌ڕی یه‌كێتی و پارتی له هه‌ردوو قۆناغه‌كه‌دا شه‌ڕبووه له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات و ناوچه‌ی نفووز و پێبڕانی ڕابه‌ری تاقانه‌ی بزووتنه‌وه‌ی كوردایه‌تی له‌كوردستاندا. شه‌ڕبووه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه كام یه‌ك له‌و دوو حزبه هێنده قوورسایی سیاسی و سه‌ربازی هه‌یه له كوردستاندا, تا له‌ڕێگایه‌وه بتوانێت له‌سه‌ر مێزی گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ڕژێمی به‌عسدا دایبنێت و شه‌ریكه به‌شی ده‌سه‌ڵاتداره‌تی له‌كوردستان له ڕژێم پێ بپچڕێ. ته‌واوی گفتوگۆكانی 1974 و 1983و1991 ی هه‌ردوو حزب له‌گه‌ڵ ڕژێمدا, سه‌رچاوه‌كه‌ی بۆ ئێره ده‌گه‌ڕێته‌وه. سه‌ركردایه‌تی هه‌ردوو حزب و له‌پێشیانه‌وه نه‌وشیروان مسته‌فا هیچ كاتێك گومانێكیان له‌و ڕاستیه نه‌بووه, كه به ته‌قوتۆقی پێشمه‌رگایه‌تی له كوردستانه‌وه ڕژێمی به‌عس ناڕوخێ, له‌باشترین حاڵه‌تداو له‌ئه‌وپه‌ڕی ڕه‌ونه‌قی هێزدا ته‌نیا ده‌توانێ فشارێك بخاته سه‌ر ڕژێم و وادار به گفتوگۆی بكات و ئیمتیازێكیان له ده‌سه‌ڵاتدا پێ بدات. شه‌ڕی ناوخۆ تا زه‌مانێك ڕژێمی به‌عس مابوو, له‌سه‌ر ئه‌وه‌بوو كام یه‌ك له‌و دوو هێزه ئه‌م شانسه‌ی پێ ده‌بڕێ. ئه‌مه فه‌لسه‌فه‌ی ووجوود و سیاسه‌تی ئه‌حزابی بزووتنه‌وه‌ی كوردایه‌تی بووه له 100ساڵی ڕابردوودا.
نه‌وشیروان مسته‌فا له هۆنینه‌وه‌ی ئیعتیرافه‌كه‌یدا زۆر مایه‌ی له‌سه‌ر ئه‌وه داناوه‌و به‌وه‌وه شانازی ده‌كات , كه هیچ نامه‌یه‌كی هه‌ڕه‌شه‌ئامێزو هاندان بۆ هه‌ڵگیرساندنی جه‌نگ له نێو به‌ڵگه‌نامه‌كاندا به‌ناوی ئه‌وه‌وه‌و به خه‌تی ئه‌و نیه !. به‌ڵام ئه‌وه بێ ئه‌ندازه مناڵانه‌و ساده گه‌راییه, ئه‌گه‌ر كه‌سێك بیه‌وێ به‌م مه‌سه‌له‌یه میدالی بێ تاوانی و به‌رائه‌ت بدات له‌یه‌خه‌ی خۆی, چونكه به به‌راورد له‌گه‌ڵ جه‌نگه ماڵوێرانكه‌ره جیهانی و ناوچه‌یی وناوخۆییه‌كاندا له دنیادا, كه ملیۆنه‌ها كوشتار‌و ماڵوێرانی له‌پشت خۆیه‌وه به‌جێهێشتووه, كه‌مترین به‌ڵگه‌نامه‌ی نووسراو به‌خه‌تی سه‌رۆكی ده‌وڵه‌ت و حزبه‌كان له‌به‌ر ده‌ستدا هه‌یه. ئه‌وه‌تا دادگای عێراق گیری خواردووه به ده‌ست (عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جید)ه‌وه, هه‌رچی ده‌كه‌ن به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی نووسراو یان بیستراویان به خه‌تی خۆی یان به ده‌نگی خۆی ده‌ست ناكه‌وێت. ئایا به‌ڕاستی ئه‌وه به‌ڵگه‌ی بێتاوانی یه‌كێك له دڕنده‌ترین سه‌رانی ڕژێمی به‌عسه؟!.
مه‌سه‌له‌كه هاوكێشه‌یه‌كی سه‌خت نیه‌و ته‌حلیلی زۆری ناوێت. شه‌ڕێكی چه‌ند ساڵه له نێوان دوو حزبی خاوه‌ن میلیشیای كوردستاندا به‌ڕێوه‌براوه‌و وێڕای ئاكامه مه‌ترسیداره ماڵوێرانكه‌ره‌كانی تری, زیاتر له 10000 لاوی كوردستان تیایدا كرانه سووته‌مه‌نی. نه‌وشیروان مسته‌فا جێگری سه‌رۆكی به‌ره‌یه‌كی شه‌ڕ بووه. كێ ده‌توانێ بڕوا بكات كه ئه‌م كه‌سی دووه‌مه‌ی سه‌ركردایه‌تی, هیچ كاریگه‌ریه‌كی له‌و به‌شه هه‌ستیاره‌ی ژیانی حزبه‌كه‌یدا نه‌بووه؟!. ئه‌گه‌ر نه‌یبووه بۆچی له‌وێ بووه‌و چ كاره بووه؟!.
99% ی درۆكانی جیهان به‌مه‌به‌ستی قازانج و به‌رژه‌وه‌ندی سیاسی و ئابووری ده‌كرێ, كه له‌لایه‌ن ده‌زگاو دامه‌زراوه‌ی شاره‌زاوپیشه‌یییه‌وه ده‌چنرێن, له‌كاتێكدا خۆیان ڕاستیه‌كانی پشتی ئه‌و درۆیانه زۆر به ڕۆشنی ده‌ناسن.
سه‌رنج بده‌ن. نه‌وشیروان مسته‌فا له‌وه‌ڵامی ( مه‌لابه‌ختیار و ئه‌رسه‌لان بایز) دا, كه گوایه له‌چه‌ندین بۆنه‌ی جیاوازدا ووتبوویان كه ئه‌وان پاره‌یان داوه به نه‌وشیروان مسته‌فا. ئاوها وه‌ڵامیان ده‌داته‌وه:( من یه‌كێك بووم له دامه‌زرێنه‌ره سه‌ره‌كیه‌كانی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان و هێزی پێشمه‌رگه و هه‌مووداووده‌زگا دارایی و ڕێكخراوه‌یی و ڕاگه‌یاندنه‌كانی, به‌شدارێكی سه‌ره‌كی بووم له ڕابردووی یه‌كێتی و له‌دروستكردنی ئێستای یه‌كێتیدا, به هه‌موو لایه‌نه سه‌لبی و ئیجابیه‌كانیه‌وه, من هه‌روه‌كو شه‌ریكم له هه‌ڵگرتنی ئۆباڵی مێژوویی هه‌موو سه‌ركه‌وتن و ده‌سكه‌وت و شكسته‌كانی یه‌كێتیدا , هه‌روه‌ها شه‌ریكم له هه‌مووسه‌روه‌ت و سامان ودارایی یه‌كێتیدا. كه‌س بۆی نیه منه‌ت به‌سه‌ر مندا بكات. هاوكاری ئه‌وه‌ڵ وئاخری مام جه‌لال بۆ ئێمه 10 ملیۆن دۆلار و بینایه‌كی حكومه‌ت و گردێكی موڵكی كۆمپانیای نۆكان بووه). (سایتی سبه‌ی ڕوونكردنه‌وه‌یه‌ك له نه‌وشیروان مسته‌فاوه).
نه‌وشیروان مسته‌فا ئه‌وه‌نده شه‌هامه‌تی سیاسی نیه كه تا ئاخرین ساته‌كانی ئه‌ندامه‌تی له مه‌كته‌بی سیاسی و جێگری سكرتێری گشتیدا ئۆباڵی مێژوویی ڕابردووی حزبه‌كه‌ی له ئه‌ستۆ بگرێ.چونكه ئێستا بۆ به‌ده‌ستهێنانی متمانه‌ی خه‌ڵك وسپیكردنی ڕابردووی خۆی, ده‌یه‌وێ له قازانجه‌كه‌یدا شه‌ریك بێت وخۆی له زه‌ره‌ره‌كه‌ی بدزێته‌وه, ئه‌مه نه عادیلانه‌یه‌و نه سیاسیه‌و نه پره‌نسیپێكی ڕاستگۆیانه‌یه. مێژوویه‌ك شكستخواردووه‌كان بینووسن, فریوكارانه‌ترو ژه‌هراوی تره..
نه‌وشیروان مسته‌فا له‌و هه‌وڵه بێئاكامه‌كه‌یدا بۆ ئازادكردنی گه‌ردنی له كاره‌ساتی جه‌نگی ناوخۆ, ته‌نیا له ساڵی 1991 ه‌وه قسه ده‌كات, له‌كاتێكدا وه‌ك هه‌موو ده‌زانین شه‌ڕی ناوخۆی یه‌كێتی وپارتی مێژوویه‌كی كۆنتری هه‌یه. نازانم نه‌وشیروان مسته‌فا كاره‌ساتی( سه‌براوشاتێلا) كه له(پشتئاشان و قه‌ڕناقا)دا به‌سه‌ر حزبی شیوعی عێراقی دا هێنایان, مه‌سئولیه‌ته‌كه‌ی ده‌خاته ئه‌ستۆی كێ و كێ به پاڵه‌وانی ئه‌و داستانه ده‌زانێ؟!.
ئه‌ی هێرشی 14/7/2000 یه‌كێتی بۆ سه‌ر باره‌گاكانی ئێمه‌و ڕێكخراوه‌ی سه‌ربه‌خۆی ئافره‌تان وسه‌نته‌ری پارێزگاری ژنان و بڕینی ئاووكاره‌با و ته‌له‌فۆنی باره‌گاكانی ڕادیۆو كۆمیته‌ی ڕابه‌ری و دواتریش كوشتنی 5 ئینسانی تێكۆشه‌ری ئێمه به ڕۆژی ڕووناك وله‌نێو چه‌قی شاری سلێمانیدا, كه ته‌نانه‌ت وه‌كو عورفوعاده‌تی ڕژێمی هارودڕنده‌ی به‌عسیشیان نه‌كردو ته‌رمه‌كانیان نه‌دایه‌وه به كه‌سوكاریان, مه‌سئولیه‌ته‌كه‌ی له ئه‌ستۆی كێیه؟!.خۆ ئه‌وكات نه‌وشیروان مسته‌فا جێگری تاڵه‌بانی بوو و ته‌واوی ده‌زگاكانی زانیاری وئاسایش وپێشمه‌رگه ڕاسته‌وخۆ ڕێنوێنیان له‌وه‌وه وه‌رده‌گرت. له‌كاتێكدا نووسراوێكیش به‌ده‌ست و خه‌تی نه‌وشیروان مسته‌فا كه فه‌رمانبدات به هێزه‌كانی هێرش بكه‌نه سه‌ر ئێمه له‌به‌رده‌ستدا نیه!.
من هیچ گۆمانێكم له‌وه نیه, ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆو له‌م سه‌روبه‌نده‌ی سیناریۆی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌ماندا نه‌وشیروان مسته‌فاو كۆمپانیاكه‌ی گوێگرێكیان هه‌بێت, به هیچ شێوه‌یه‌ك گه‌واهی له‌سه‌ر حه‌قانیه‌تی قسه‌و سیاسه‌تی ڕادیكاڵ و ڕابردووی ئه‌و ناده‌ن, به‌ڵكو گه‌واهی له‌سه‌ر ناڕه‌زایه‌تی قووڵ‌و جه‌ماوه‌ری ئێستای خه‌ڵكی كوردستان له‌دژی ده‌سه‌ڵاتی گه‌نده‌ڵ و فه‌سادی ئێستای كوردستان ده‌ده‌ن. ئه‌مه‌ش ناتوانێت ئاینده‌یه‌ك بۆ ئه‌و به‌دی بێنێ.
20ی ئایاری 2009