Skip to Content

Wednesday, August 17th, 2022

مه‌ترسی جه‌نگێک له‌ داوێنی هه‌ڵبژاردنی کوردستانه‌وه‌!

Closed
by May 30, 2009 گشتی

مه‌ترسی جه‌نگێک
له‌ داوێنی هه‌ڵبژاردنی کوردستانه‌وه‌!
(ده‌رباره‌ی قووڵبوونه‌وه‌ی قه‌یرانی نێو یه‌کێتی نیشتمانی)

حه‌مه‌ غفور
hamaxafoer@yahoo.com

هه‌موو ئه‌توانین ئه‌و واقعیه‌ته‌ بسه‌لمێنین که‌ ئه‌مڕۆ کوردستانی عێراق پێی ناوه‌ته‌ ناو یه‌کێک له‌‌ جومگه‌و ده‌ورانه‌ هه‌ره‌ هه‌ستیاره‌کانی مێژووی ژیانی سیاسی خۆیه‌وه‌. به‌ڵام به‌ دڵنیاییه‌وه‌ هێزه‌کان‌و پاڵنه‌ره‌کانی پشتی ئه‌م ڕێڕه‌وه‌ هه‌رگیز به‌ گیانی هه‌ستکردن به‌ به‌رپرسیارێتیه‌وه نه‌جووڵاونه‌ته‌وه‌و بیریشیان له‌ ڕێوشوێنی ژیرانه‌و دووربینانه‌ نه‌کردۆته‌وه‌ بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ به‌ پرسیارو کۆسپ‌و ته‌گه‌ره‌کان، یاخود له‌ بنه‌ڕه‌تدا ئاسۆو توانایی‌و مه‌یل‌و ئیراده‌یه‌کی وه‌هایان له‌ هه‌گبه‌دا نه‌بووه‌‌و هه‌رگیز خاوه‌نی نه‌خشه‌ی ڕێگا نه‌بوون‌و خۆیان داوه‌ته‌ ده‌ستی ڕووداوه‌کان، کۆمه‌ڵگاو ئیراده‌ی جه‌ماوه‌ری‌و کۆمه‌ڵایه‌تیشیان له‌ نێو خۆشباوه‌ڕی‌و نه‌شئه‌ی به‌رزه‌فڕانه‌دا قه‌تیس‌و ده‌سه‌وسان ڕاگرتووه‌‌. هه‌روه‌ک چۆن ئه‌بینین له‌ ڕوانگه‌ی ته‌سکی به‌رژه‌وه‌ندی حیزبیه‌وه‌ له‌م جومگه‌یه‌شدا مامه‌ڵه له‌ ته‌ک مه‌سه‌له‌و ڕووداوه‌کان‌و پێشهاته‌کانیدا ئه‌که‌ن. ده‌ره‌وه‌ی چوارچێوه‌ی زه‌ینی خۆیان به‌هایه‌کی بۆیان نیه‌. ئه‌مه‌ تێگه‌یشتنێکی تۆتالیتاری‌و تاکڕه‌وانه‌و ته‌نانه‌ت دیکتاتۆرانه‌شه‌.

هه‌ژده‌ ساڵ بڕگه‌یه‌کی مێژوویی گه‌لێک پان‌و پۆڕه‌و ده‌کرا ئه‌گه‌ر ئیراده‌و ئاراسته‌یه‌کی سیاسی به‌رپرسیار جڵه‌وی دۆخه‌که‌ی له‌ده‌ستدا بووایه، ڕۆژگاری ئه‌م کۆمه‌ڵگایه‌ به‌م شوێنه‌ نه‌گه‌یشتایه‌و ئێستا سه‌رقاڵی ئه‌دای ئه‌جێندای سیاسی‌و کۆمه‌ڵایه‌تی‌و ته‌نانه‌ت حکومه‌تی‌و ئیداری ته‌واو جیاواز له‌مه‌ی ئه‌یبینین بووینایه‌.‌‌ بیرمه‌ندانی گه‌وره‌ی مرۆڤایه‌تی وایان داناوه‌ که‌ ئاستی ته‌وه‌قوعی کۆمه‌ڵاتی‌و پله‌ی ڕه‌ونه‌قی پێودانگه‌کانی‌ عه‌داله‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی‌و ڕاده‌ی پێشکه‌وتنی زانست‌و ڕۆشنبیری‌و ئابووری‌و تد، له‌ هه‌ر کۆمه‌ڵگایه‌کدا، ئاوێنه‌ی باڵانوێنی چینی باڵاده‌سته‌ له‌ ڕووی ئابووریه‌وه‌، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی سیستمی حوکمڕانی‌و ده‌سه‌ڵاتدارێتیه‌ له‌و کۆمه‌ڵگایه‌دا. ئه‌مه‌ حوکمێکی کوێرانه‌ی‌ ئه‌وان نیه‌، به‌ڵکو ئه‌سڵی گه‌وهه‌ری لۆژیک خۆیه‌تی!

سه‌رنج بده‌ن کۆمه‌ڵی کوردستان ده‌رگیری چ فه‌وزایه‌کی سیاسی کراوه‌! خه‌ڵک بۆچی ده‌بێ نان‌و سیاسه‌ت بخۆن! ئه‌مه‌ چ ڕۆژگارێکی سه‌خته‌ بۆ ئه‌م کۆمه‌ڵگایه‌و هاوڵاتیانی پێشهاتووه‌؟ له‌ لایه‌ک ده‌سه‌ڵاتی دوو زلحیزبه‌که‌و حکومه‌تی هه‌رێمیان چۆته‌ ژێر نیشانه‌ی پرسیارێکی گه‌وره‌وه‌و له‌ سیناریۆیه‌کی کارتۆنی دیموکراسیدا نیازیان وایه‌ هه‌ڵبژاردنێک بۆ وه‌رگرتنی په‌نجه‌مۆری خه‌ڵکی کوردستان تێپه‌ڕێنن. دیارده‌ی گه‌نده‌ڵی ته‌ماشاکه‌ن، به‌ ڕای من گه‌نده‌ڵی، که‌ هه‌رچه‌نده‌ ده‌ربڕینێکه‌ له‌ ئاستی گشتی‌و سه‌راسه‌ریدا خه‌ڵکی کوردستان وه‌کو فۆرمۆڵی شکستی ئه‌زموونی ئه‌م دوو زلحیزبه‌ به‌رجه‌سته‌یان کردووه‌و سه‌رتاپێی فه‌رمانڕه‌وایی هه‌ژده‌ ساڵه‌ی ئه‌م حیزبه‌ میلیشیاییانه‌ی به‌ ته‌واوی ئیحراج کردووه‌، ده‌ربڕینێکه‌ له‌ ڕاستیدا به‌ باشی وێنای تاڵانچێتی‌و دزی‌و فزیه‌ک‌و پاوانخوازی‌و قۆرخکردنێک که‌ له‌م ماوه‌یه‌دا یه‌کێتی‌و پارتی پێی هه‌ستاون به‌یان ناکات. گه‌نده‌ڵی وه‌ک له‌ جیهاندا ناسراوه‌، ته‌نانه‌ت له‌ باشترین حکومه‌ته‌ پارله‌مانیه‌کانی ئه‌وروپاشدا وه‌کو دیارده‌یه‌کی ناشیرین ئاساییه‌و هه‌یه‌و مامه‌ڵه‌ی له‌ ته‌کدا ده‌کرێ‌. ئه‌وه‌ی لێره‌ ڕوو ئه‌دات گه‌نده‌ڵی نییه‌، به‌ڵکو تاڵان‌و بڕۆو فه‌رهوده‌. چه‌ته‌گه‌ری‌و ده‌ستبه‌سه‌را گرتنی سه‌روه‌ت‌و سامانی وولاته‌و هیچی تر. کێ ئه‌توانێ ڕوونی بکاته‌وه‌ به‌ کام شێواز چه‌ند هه‌زار ملیۆنێر له‌م ماوه‌یه‌دا له‌ کوردستان درووست بووه‌! کوا ڕشته‌ی به‌رهه‌م هێنان، کوا فابریکه‌کان، چی به‌رهه‌م دێنن! کامه‌یه‌ ژێرخانی ئابووری کوردستان، کوا به‌رنامه‌ی کاریان!

له‌ولای تره‌وه‌، یه‌کێک له‌و دوو زلحیزبه‌ که‌وتۆته‌ نێو قه‌یرانێکی سیاسی کوشنده‌و بێئه‌وپه‌ڕه‌وه‌ که‌ له‌ تارمایی ئاماژه‌کانیدا سیمای دێوه‌زمه‌ی مه‌ترسیه‌کی گه‌وره‌ خۆی نیشان ئه‌دات بۆ گیانی ئه‌م کۆمه‌ڵگا خێرنه‌دیوه‌. مه‌ترسی پێکدادانی چه‌کداری‌و شه‌ڕی براکوژی شه‌پۆل ئه‌دات! یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان، که‌ خۆی وه‌کو سۆسیال-‌ دیموکرات ناساندووه‌و مام جه‌لال جێگری سه‌رۆکی کۆنگره‌ی سۆسیال- دیموکراته‌کانی ئه‌وروپایه‌، خۆشیان درێغیان نه‌کردووه‌ له‌ وه‌سف‌و مه‌دح‌و سه‌نای خۆیان‌و هه‌ڵدان به‌ باڵای نه‌ریتی ئاشتیانه‌و بوونی جیاوازی بیروراو یه‌کتر قبووڵکردن‌و ئه‌م جۆره‌ قوماشانه‌، که‌چی به‌ ڕۆژی ڕووناک‌و به ‌به‌ر چاوی کۆمه‌ڵگاوه‌ لایه‌نگرانی باڵی نه‌وشیروان مسته‌فا، که‌ به‌ باڵی ڕیفۆرم ناسراوه‌، له‌ حه‌مله‌یه‌کی به‌عسیانه‌دا ته‌سفیه‌ ئه‌کرێن‌. له‌ حیزب ده‌ریان ئه‌که‌ن دوای پشکنینی بیروباوه‌ڕیان، له‌سه‌ر کاره‌کانیان دووریان ئه‌خه‌نه‌وه‌، یان به‌ڵگه‌ی په‌شیمانبوونه‌وه‌یان پێ پڕئه‌که‌نه‌وه‌. هه‌ردوو ته‌ره‌فی باڵه‌کانی ناو یه‌کێتی به‌ شێوه‌یه‌کی دوژمنکارانه‌و شه‌ڕه‌نگێزانه‌ به‌رامبه‌ر یه‌کیان گرتووه‌و ئه‌گه‌ر هێشتا گوێمان له‌ قریشکه‌ی میلی چه‌کڕاکێشان نییه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ نیه‌ که‌ هه‌ردوو ته‌ره‌ف به‌ شتێکه‌وه‌ یان به‌ پێودانگێکه‌وه‌ پابه‌ندن، به‌ڵکو له‌وێوه‌یه‌ که‌ هێشتا فتلیه‌ی ئاگربارانه‌که‌ ئاگری نه‌گرتووه‌! باڵی مام جه‌لال، مه‌لا به‌ختیارو مه‌حمود سه‌نگاوی‌و باقی فه‌رمانده‌ی پێشمه‌رگه‌کانیان، له‌ جیناحی ڕیفۆرمیش نه‌وشیروان مسته‌فاو مام ڕۆسته‌م‌و تد، به‌ جلی که‌تافی‌و خاکیه‌وه‌ له‌ ته‌له‌فزیۆنه‌کانه‌وه‌ ده‌رئه‌که‌ون‌و شانوشه‌وکه‌تی کێبه‌رکێکانی شاخ‌و شه‌ڕی براکوژیمان دێننه‌وه‌ پێش چاو! له‌ هه‌مووش سه‌یرتر ئه‌وه‌یه‌ که‌ به‌ جلی که‌تافیه‌وه‌ ده‌رئه‌که‌ون به‌ڵام چه‌که‌کانیان پێ نییه‌! پێئه‌چێ بیانه‌وێ پێمان بڵێن، که‌ ئه‌وان جیاوازی بیرواڕایان هه‌یه‌و له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش پێدائه‌گرن‌و به‌نیاز نین زمانی چه‌ک به‌کار بێنن! ئه‌مانه‌ ئاماژه‌کانی نوقڵانه‌ی ڕه‌فتاری سۆسیال-دیموکراتیانه‌ی حیزبێکی عه‌شیره‌یی کوردی ئه‌ندامی سوسیال-دیموکراتی ئه‌وروپایه‌ بۆ به‌لاداخستنی جیاوازیه‌کانی نێوخۆیان. کوێی ئه‌م ڕه‌فتارانه‌ دیموکراسیانه‌یه‌و قه‌ڵه‌مبه‌ده‌ستانی ناسیونالیستی کوردی چۆن ڕێگا به‌ خۆیان ئه‌ده‌ن له‌ نووسین‌و به‌دواداچوونه‌کانیاندا باسی ئازادی بیروڕاو دیموکراسی‌و ململانێی دیموکراسیانه‌ی ناو پرۆسێسێکی پارله‌مانی بهۆننه‌وه‌!

ئه‌گه‌ر له‌وانه‌ش ببوێرین جارێ، دیقه‌ت بده‌ینه‌ ته‌نگژه‌ حیزبی‌و نێوخۆییه‌کانی ناو یه‌کێتی که‌ له‌ به‌ینی ئه‌م دوو باڵه‌دا چه‌ند ساڵێکه‌ له‌ ئارادایه‌و به‌رده‌وام وه‌کو خۆشیان دانی پیائه‌نێن، به‌ شکڵی ته‌که‌تولبازی‌و خه‌تمایل کارکردن‌و ویژدان کڕین‌و پاره‌و به‌رتیل دان، تا ئێره‌یان هێناوه‌، ئێستا ده‌بینین کۆمیته‌ی سه‌رکردایه‌تی باڵی مام جه‌لال له‌ دواکۆبوونه‌وه‌یاندا به‌ بێ ئاماده‌بوونی ئه‌ندامانی ئه‌و کۆمیته‌یه‌ که‌ سه‌ر به‌ باڵی نه‌وشیروانن، بڕیاری ده‌رکردنی ڕابه‌ران‌و کادرانی باڵی حه‌ریفیان داوه‌، له‌ به‌رامبه‌ردا ئه‌وانیش به‌ ڕاگه‌یاندنێکی ئینفیعالی‌و چریکییه‌وه‌ ئیعلانی ئینشیقاق‌و پێکهێنانی حیزبێکی دیکه‌یان داوه‌! به‌ڵام هه‌ردوو باڵه‌که‌ به‌ خه‌تی درشت دووپاتی ئه‌که‌نه‌وه‌ که‌ ئه‌وه‌ ئه‌وانن که‌ خاوه‌نی ئه‌سڵی‌و ڕاسته‌قینه‌ی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستانن. دوکه‌ڵی مه‌ترسی هه‌ڵایسانی ئاوری جه‌نگێکی کۆنه‌په‌رستانه‌ی نێوخۆی حیزبێکی ناسیونال- عه‌شیره‌یی خاوه‌ن دوو سه‌د هه‌زار چه‌کدار، له‌م مشت‌و مڕو کاردانه‌وه‌ سیاسیه‌ ڕووتانه‌دا به‌رز ئه‌بێته‌وه‌. خه‌ته‌ری گه‌وره‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ هاوڵاتیان به‌وه‌ له‌ خشته‌ بچن که‌ گوایا ئه‌مه‌ حیزبێکی سۆسیال- دیموکراته‌و به‌ شێنه‌یی‌و به‌ گرتنه‌به‌ری ڕێوشوێنی ئاشتیانه‌و ژیرانه‌ کێشه‌و جیاوازیه‌کان مامه‌ڵه‌ ئه‌که‌ن! ئا ئه‌مه‌یه‌ ڕه‌فتاری حیزبی چه‌پکه‌ گوڵه‌که‌ی مام جه‌لال بۆ تاووتوێی جیاوازی‌ بۆچوون ئه‌ویش له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی نێو سه‌نگه‌ره‌کانی دوێنێی خۆیاندا! سه‌د ئافه‌رین لێتان!

ڕه‌فتاری نا مه‌سئولانه‌ی ئه‌م دوو حیزبه‌ کوردیه‌، کۆمه‌ڵگای کوردستانی پاڵپێوه‌ناوه‌ بۆ به‌رده‌رگای جومگه‌یه‌کی به‌هانه‌گیرانه‌، له‌لایه‌ک بانگه‌شه‌ی هه‌ڕه‌مه‌کی‌و سه‌رودڵ گیری ئه‌وان بۆ سیناریۆی هه‌ڵبژاردن، له‌ولای تریشه‌وه‌ قووڵتربوونه‌وه‌ی ته‌نگژه‌و قه‌یرانه‌کانی نێو یه‌کێتی نیشتمانی. له‌ هیچکام له‌م رووداوه‌ سیاسیانه‌یه‌دا خه‌ڵکی نه‌ک هه‌ر نه‌فعێکیان پێنابڕێت، به‌ڵکو بێ ئه‌وه‌ی به‌خۆیان بزانن کراونه‌ته‌ بارمته‌ی یه‌کاڵابوونه‌وه‌ی شه‌ڕی ئه‌م حیزبانه‌و باڵه‌کانی مونشه‌قی یه‌کێتیش له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات‌و شه‌ریکبوون له‌ فه‌رهودی سه‌روه‌ت‌و سامانی وولاتدا. نه‌ هه‌ڵبژاردن‌و نه‌ ململانێکانی نێو باڵه‌کانی یه‌کێتی په‌یوه‌ندیه‌کیان نییه‌ به‌ خه‌ڵکی کوردستانه‌وه‌. ئه‌وه‌ی ده‌ری ئه‌هاوێژن جگه‌ له‌ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن هیچی تر نییه‌. به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌م بێنه‌وبه‌ردانه‌شدا هێشتا هه‌ڵوێستی جه‌ماوه‌ری فراوانی خه‌ڵکی کوردستان ئه‌توانێ ده‌وری جددی بگێڕێت له‌ به‌رگرتن به‌ ڕوودانی کاره‌ساتێک که‌ له‌ ڕه‌حم‌و له‌ داوێنی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ به‌ کرده‌وه‌ ‌هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئێستاو ئایینده‌ی ئه‌م خه‌ڵکه‌و ئه‌م کۆمه‌ڵگایه‌ ده‌کات. خه‌ڵکی ئه‌توانن به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ک ئه‌م داره‌ له‌ ده‌ستی ئه‌م حیزبانه‌ بخه‌نه‌ خواره‌وه‌. نه‌چن بۆ بنکه‌ی ده‌نگدان‌و خۆتۆمارکردن، نه‌چنه‌ کۆڕو کۆبونه‌وه‌کانی ئه‌م حیزبانه‌وه‌و بایه‌خ بۆ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنیان دامه‌نێن، ته‌له‌فزیۆنه‌کانیان مه‌که‌نه‌وه‌. له‌ ده‌وری یه‌کتر کۆببنه‌وه‌و قسه‌تان یه‌کخه‌ن‌و ڕێگا مه‌ده‌ن مه‌ترسی بۆ سه‌ر ژیان‌و ئاسوده‌ییتان درووست ببێت. چۆن وه‌ به‌ کام شێواز خۆتان به‌باشی ئه‌زانن بایکۆتی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ بکه‌ن. ئه‌مه‌ سه‌ربه‌رزانه‌ترین هه‌ڵوێستێکه‌ که‌ له‌مڕۆی په‌رش‌و بڵاوی جه‌ماوه‌ری نارازی کوردستاندا ئه‌توانێت به‌رامبه‌ر به‌ ئه‌جێندای تایبه‌تی‌و حیزبایه‌تی خۆی نێسان بدات.
29ئایار2009

Previous
Next