Skip to Content

Saturday, January 29th, 2022

هه‌ڵبژاردن،ته‌حه‌دا‌کان،کێشه‌و ده‌ستکه‌وته‌کانی

Closed
by May 30, 2009 گشتی

 
hangau@gmail.com

    هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی کوردستان و سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان له‌ماوه‌ی داهاتوودا گه‌رمترین بابه‌تی کۆڕو کۆمه‌ڵه‌کان و میدیاکانه‌و سێبه‌ری خۆی خستۆته‌ سه‌ر سه‌جه‌م بواره‌کانی تر،ئه‌وه‌ی ئه‌م کایه‌یه‌ی گه‌رمترکردووه‌ و ئه‌م هه‌ڵبژارده‌نه‌ جیاده‌کاته‌وه‌ له‌وانه‌ی پێشوو،سه‌رده‌رهێنانی هێزی کۆنی نووژه‌نکراوه‌و سه‌رده‌رهێنانی هێزی نوێن،هێزه‌کۆنه‌ نوژه‌نکراوه‌کان ئه‌و سیاسی و هێڵانه‌ ده‌گرێته‌وه‌ که‌له‌ پارته‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌کاندا بوون و به‌شداری کایه‌کانی ده‌سه‌ڵاتبوون و به‌هه‌ر هۆیه‌که‌وه‌ بووبێت بازنه‌ی ده‌سه‌ڵاتی حیزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌کانیان تێپه‌راندووه‌و به‌ڵام به‌شێوازێکی نوێ و له‌ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی حیزبه‌وه‌ یان به‌شیوه‌یه‌کی شاردراوه‌ حیزب به‌کاردێنن ،ئه‌مه‌ نووژه‌ن کردنه‌وه‌ی سیاسه‌ت و به‌ڕێوه‌بردنه‌و مۆدێلێکه‌ که‌له‌ زۆر وڵات کاری پێکراوو له‌هه‌ندێک وڵاتیشدا سه‌رجه‌می حیزبه‌ کۆنه‌کانی به‌چۆکدا هێنا بۆنموونه‌ له‌هۆڵه‌ندا(پیم فۆرتاون)  توانی به‌ڕاگه‌یاندنێکی نوێ و له‌ژێرپۆششی به‌رنا‌مه‌یه‌کی هه‌ندێک ڕاست و لیبراڵ و به‌شێکیش ناڕه‌زایه‌تی کۆڵان و خه‌ڵکه‌وه‌ و به‌ڕه‌خنه‌ گرتن له‌ مۆدیلی سیاسی و به‌مۆدیلی  به‌ خه‌ڵکی کردنی سیاسه‌ته‌وه‌ و ڕزگارکردنی له‌کاری نوخبه‌و پیاوانی پشت کورسیه‌کانه‌وه‌و بڕیاره‌کانی پشت ده‌رگا داخراوه‌کان و دوور له‌ چاوو ئیراده‌ی خه‌ڵک ببێته‌ هه‌ڵتۆقینێکی هێنده‌چاوه‌روان نه‌کراو که‌سه‌رجه‌م هێزه‌کان و خه‌ڵکیشی به‌خۆیه‌وه‌ سه‌رقاڵکرد‌. (فۆرتاونیزم) بوو به‌ مۆدێل بۆهاتنه‌ده‌ستی خه‌ڵک و شه‌خسیه‌ته‌کان له‌ده‌ره‌وه‌ی کایه‌ی سیاسه‌تی باوه‌وه‌‌، فۆرتاون تیرۆر کراو تائێشتاش لێکۆڵینه‌وه‌ به‌رده‌وامه‌، له‌دوایین ڕاپرسیدا زۆربه‌ی هۆڵه‌ندیه‌کان پێیان وایه‌ تیرۆری فۆرتاون  کۆمپلۆی ده‌سه‌ڵات و حیزبه‌کانی ئه‌و کاته‌ بووه‌، به‌ڵام لیستی فۆرتاون وێرای نه‌مانی عه‌قڵه‌ به‌ڕ‌ێوه‌به‌ره‌که‌ی و سه‌ره‌ گرنگه‌که‌ی زۆرترین کورسیه‌کانی به‌ده‌ست هێناو سه‌رجه‌م سیاسیه‌کانی ئه‌وکات و حیزبه‌کانی به‌چۆکدا هێنا،فۆرتاونیزم وێڕای نه‌مانی لیسته‌که‌ی و چه‌ند پارچه‌ بوونی به‌ڵام  هێشتاش مۆدێلێکی خۆشه‌ویست و گرنگه‌ به‌جۆرێک به‌هه‌ر له‌به‌رانبه‌ر وه‌ستانه‌وه‌و ده‌نگ هه‌ڵبڕێنێکی جیا باس له‌فۆرتاونیزم ده‌کرێت.

فه‌شه‌لی ده‌سه‌ڵاتی حیزبی کوردی و گه‌وره‌بوونی قه‌ڵشتی نێوان خه‌ڵک و ده‌سه‌ڵات و دوورکه‌وتنه‌وه‌ی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ له‌فه‌له‌کی داخوازیه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان،زیادبوونی ناڕه‌زایه‌تیه‌کانی خه‌ڵک له‌هه‌موو بواره‌ کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و ئابووریه‌کاندا له‌ 6 ساڵی رابردوودا گه‌یشتۆته‌ کامڵ بوون،ئه‌م بزوتنه‌وه‌ ناڕه‌زایه‌تیانه‌ به‌شێوه‌ی جیاجیا خۆیان ده‌رخست،ناڕه‌زایه‌تی جه‌ماوه‌ری له‌سه‌ر پێداویستیه‌ سه‌ره‌تاییه‌کان،له‌سه‌ر ئازادیه‌کان و میدیا‌ ئه‌هلیه‌کان،خه‌ڵک و که‌سوکاری ئه‌نفالکراوه‌کان و هه‌ڵه‌بجه‌یه‌کان ، له‌به‌رانبه‌ردا فه‌شه‌لی ده‌سه‌ڵات و نه‌خشه‌کانی له‌ دروستکردنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی عێراقه‌وه‌ تا ماده‌ی 58 ومه‌سه‌له‌ی ناوچه‌دابڕاوه‌کان و سووڕانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی کورد له‌فه‌له‌کی حکومه‌تی عێراقی، ئارامی و ئاسایشی عێراق و هه‌موو هه‌وڵێکیان بۆ قایمکردنی ژێرپێی کورسیه‌کانی ده‌سه‌ڵات و مانه‌وه‌ له‌ده‌سه‌ڵاتداو ده‌ستپێوه‌گرتنتی ده‌سه‌ڵات و ده‌ستکه‌وته‌ تایبه‌ته‌کان،به‌ هۆی سه‌رجه‌م ئه‌م فاکته‌رانه‌ ده‌سه‌ڵات که‌وتبووه‌ به‌ر شه‌پۆلی ناره‌زایه‌تی خه‌ڵک ،حیزب و ژیانی حیزبی له‌و چه‌ندساڵه‌دا به‌کێرڤێکی خێرا دابه‌زین و حیزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌کانیش گه‌وره‌ترین به‌شیان به‌رکه‌وت ،به‌ڵام سه‌رجه‌م ئه‌م ناڕه‌زایه‌تیانه‌ هێزو لایه‌ن و گروپێکی ئۆپۆزیسیۆنی واقعی نه‌بوون که‌ ڕێکیان بخات و یان تێکه‌ڵیان بێت،‌ هێزو لایه‌ن هه‌بوون که‌ له‌ هه‌وڵی سواربوونی ئه‌م شه‌پۆلانه‌دا بوون به‌ڵام خه‌ڵک و ناڕه‌زایه‌تیه‌کان له‌وه‌ وشیارانه‌تربوون که‌ بوار به‌مه‌ بده‌ن.

هه‌ڵبژاردن خۆبه‌خۆ باشترین ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌یه‌ و تاخه‌ڵک جارێکیتر پێناسی ده‌سه‌ڵات بکاته‌وه‌،سه‌رجه‌م داخوازیه‌کان و ناڕه‌زایه‌تیه‌کان و چوونه‌سه‌ری ئاستی هوشیاری و به‌رچاو ڕوونیه‌کان ئه‌م بارودۆخه‌یان زۆربردۆته‌ پێشه‌وه‌، ده‌سه‌ڵات و به‌تایبه‌تیش یه‌کێتی و پارتی زوو ئه‌م هێمایانه‌ تێگه‌یشت و هه‌موو ئیشاره‌تاکانیان زوو خوێنده‌وه‌ به‌وه‌ش هه‌رزوو که‌وتنه‌ خۆ بۆ به‌کارهێنانی هه‌موو ڕێگاکان بۆ پاشه‌کشه‌ پێکردنی سه‌رجه‌م ده‌نگه‌ جیاکان،یه‌که‌مین ئیشاره‌ت سه‌رۆکی هه‌رێم مه‌سعوود بارزانی دای،که‌ هێمایه‌کی ته‌قلیدی بوو به‌ وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ لیسته‌که‌ی عه‌بدولمسه‌وه‌ر بارزانی کردوو ماوه‌ی 24 کاتژمێری بۆدانان که‌ ناوچه‌ی ده‌سه‌ڵاتی پارتی به‌جێهێلن و دواتریش هه‌ڕه‌شه‌یان له‌هه‌موو کاندیده‌کانیان کرد،سه‌رۆک بارزانی هێنده‌ بێحه‌وسه‌له‌بوو له‌وه‌ڵامی میدیاکاندا له‌به‌رانبه‌ر هێزه‌تازه‌کاندا گه‌وره‌ترین هه‌ڵه‌ی دیموکراتی کرد(ئێمه‌ به‌ خوێن و شه‌ڕ هاتووینه‌ ده‌سه‌ڵات به‌خوێن و ده‌سه‌ڵاتیش نه‌بێت لاناچین)،ئه‌مه‌ بوختانی ‌ ڕۆژنامه‌کان و به‌قسه‌ی خۆیان ده‌سه‌ڵاتی ناحه‌ز به‌ حکومه‌تی کوردستان نیه‌ به‌ڵکو وته‌ی سه‌رۆکی هه‌رێم و که‌سێکه‌ که‌ حیزبه‌که‌ی ناوی دیموکراتی خستۆته‌ سه‌ر خۆی به‌ڵام له‌به‌رانبه‌ر لیستێکی چووکه‌ڵه‌دا که‌هه‌ر له‌خیزانه‌که‌ی خۆیه‌تی له‌خه‌وی دیموکراتی به‌خه‌به‌ردێت و خه‌نجه‌رو تفه‌نگی ‌بیر دێته‌وه‌‌‌ ،دواتر سه‌رانی یه‌کێتیش به‌ هه‌مه‌لایه‌نه‌ هه‌ڕه‌شه‌کانیان له‌لیسته‌کانی ترو لیستی گۆڕان توندترکرده‌وه‌،مه‌لا به‌ختیار قسه‌که‌ری مه‌کته‌بی سیاسی ئه‌م لیسته‌و هه‌وڵه‌کانی به‌ (به‌گژ قوله‌ی قافدا چوون) ناوبردو تاڵه‌بانیش وێڕای ته‌خشان و په‌خشان کردنی پاره‌و وه‌عده‌و وه‌عید له‌ بڕیارێکی سه‌رانسه‌ریدا داوای ده‌رکردنی کادیرو که‌سه‌کانی سه‌ربه‌ ڕیفۆرم خوازه‌کانی ناو و یه‌کێتی کردو که‌وته‌ ده‌رکردن و نان بڕینیان، شه‌ڕو کێشه‌ شاراوه‌کان گه‌یشتنه‌ ئاستێک که‌ باڵی تاڵه‌بانی ئینحرافێکی سه‌ریان کرد وخه‌ریکن هه‌موو هێلکه‌کانی خۆیان ئه‌خه‌نه‌ سه‌به‌ته‌که‌ی پارتیه‌وه‌،له‌بارێکی تره‌وه‌ کێشه‌کان هێند گه‌رم بوون و قه‌ڵه‌مه‌کانی شه‌ڕ خه‌ریکه‌ بره‌ویان زیاد ده‌بێته‌وه‌،سه‌رۆ قادر وه‌ک که‌سێکی پارتی نه‌ک هه‌ر لیستی گۆڕان بگره‌ سه‌رجه‌م شاری سلێمانی و پارێزگاشی به‌ مافیا له‌قه‌ڵه‌م دا!.

خاڵیک که‌گرنگی خۆی هه‌یه‌ ڕه‌وتی ڕوو له‌گۆڕانی هاوکێشه‌کانه‌،سه‌رجه‌م هه‌وڵه‌کانی ده‌سه‌ڵات نه‌یتوانی به‌و ئاقاره‌دا بڕوات که‌ ئه‌م هه‌ڕه‌شه‌و پلانانه‌ ئامانجیان بوو، ئه‌گه‌ر بۆ 6 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ده‌وری چاره‌نووس سازیان بوایه‌ ئێستا که‌م کار ده‌که‌ن،هه‌ڵسوڕاندنی گۆپاڵی شه‌ڕی ناوخۆ به‌شێکی تره‌ له‌م پرۆژه‌یه‌،به‌ڵام ئه‌مه‌ش خۆبه‌خۆ که‌م بایه‌خه‌،به‌کرانه‌وه‌ی کوردستان به‌ڕووی دونیاداو چوونه‌ سه‌ری ده‌سه‌ڵاتی خه‌ڵک و ویستی خه‌ڵک بۆ ده‌وڵه‌تی دیموکرات ویاساو عه‌داله‌ت زۆر له‌وه‌ واوه‌ترن،له‌بارێکی تریشه‌وه‌ خۆڕێکخستنی هێزه‌کانی تر وه‌ک لیستی چوار حیزبه‌که‌و ژماره‌یه‌کی زۆر لیستی سه‌ربه‌خۆ ئه‌م ته‌حه‌دایه‌یان ئاسانتر کردۆته‌وه‌، لیستی گۆڕان فینۆمینێکی تازه‌یه‌ که‌ نه‌وشیروان ڕابه‌رایه‌تی ده‌کات،وێڕای بوونی سه‌رجه‌م ڕه‌خنه‌کان له‌نه‌وشیروان و لیسته‌که‌ی و به‌شیك له‌وانه‌ی له‌گه‌ڵیدان و ڕاستبوونی ئه‌م ڕه‌خنانه‌ و یان گرنگیان به‌مه‌رجێک که‌ ئامانج ته‌نها له‌ خستن و بێهێز کردنی ئه‌م ره‌وته‌ نه‌بێت ،بێهێزی ئه‌م ڕه‌خنانه‌ له‌وه‌دایه‌ که‌ ئه‌م قسانه‌ ته‌نها ڕوو به‌م که‌سه‌ یاخیه‌ی ده‌سه‌ڵاتی حیزبی بکه‌یت و له‌وانی تر خاترجه‌مبیت و هیچ قسه‌یه‌ک له‌ سه‌رتاڵه‌بانی و بارزانی نه‌که‌یت که‌هه‌میشه‌ به‌شی شێریان پیده‌بڕێت، نه‌وشیروان ڕنگه‌ وریاترین سیاسی کوردی بێت که‌ که‌ڵکی له‌نه‌بوونی ئۆپۆزیسۆنێکی واقعی وه‌رگرت و کۆمپانیای ووشه‌ی وه‌ک سه‌کۆیه‌کی ڕۆشه‌نبیری کارا به‌کار هێنا بۆ سازدان و به‌‌هێز کردنی به‌ره‌ی خۆی، ئه‌مه‌ له‌ئاستێکدایه‌ که‌ زۆرێک خه‌ڵکی ده‌ره‌وی یه‌کێتیشی له‌گه‌ڵ خۆیدا کۆکرده‌وه‌ که‌ پێش پێکهێنان و بوونی  پرۆژه‌کانی کۆمپانیای ووشه‌ ڕه‌نگه له‌گه‌ڵ مه‌لابه‌ختیار نزیک تربووبن ،نه‌ ئه‌م وتا‌ره‌ ئامانجی جوانکردنی که‌ س و لیستێکه‌ و نه‌به‌نده‌ش هیچ په‌یوه‌ندیه‌کی به‌م لیسته‌وه‌ هه‌یه‌،به‌ڵام ڕاسته‌یک هه‌یه‌ ئێمه‌ له‌ دووڕیانێکی توند داین به‌ ئاڕاسته‌ی به‌ یاسایی بوون و بوون به‌ خاوه‌نی موئه‌سه‌سات یان به‌ئاڕاسته‌ی تاڵانکاری زیاتر سه‌روه‌ت و هه‌یبه‌تی خه‌ڵکی کوردستان وهه‌ڕاج کردنی سه‌جه‌م ده‌ستکه‌وته‌ سیاسیه‌کانی ده‌ڕۆین و بۆیه‌ش وه‌ک چاودێری سه‌رجه‌م ڕه‌وه‌نده‌کان ده‌بێت به‌ ووردی و ویژدانه‌وه‌ قسه‌بکه‌ین‌.

شتێک که‌له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا هه‌یه‌ وجێگه‌ی سه‌رنجمه‌،به‌پێچه‌وانه‌ی سه‌رجه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ نۆرماڵه‌کانی دونیاوه‌،که‌س باسی پرۆژه‌کانی داهاتووی ناکات و که‌سیش داوای ناکات، هێنده‌ی که‌سایه‌تیه‌کان باسیان ده‌کرێت هێند ده‌ستکه‌وت و به‌رنامه‌و پرۆژه‌کان قسه‌یان له‌سه‌رناکرێت وه‌ک ئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن بۆ ده‌موو چاوه‌کان بێت و هێچ په‌یوه‌ندی به‌ ژیان و سیاسه‌ت وگوزه‌رانی خه‌ڵک و ئه‌منیه‌ت و،،،هتد نه‌بێت، که‌س نازانێت هه‌ریه‌ک له‌م لیستانه‌ قسه‌و پرۆژه‌یان چیه‌ بۆچاره‌سه‌ری هه‌ژاری و ئه‌وقه‌ڵشته‌ گه‌وره‌یه‌ی که‌ هه‌یه‌ له‌ دابه‌ش کردنی ده‌ستکه‌وت و ساماندا،له‌سه‌ر که‌رکوک و خا‌نه‌قین و ناوچه‌دابڕاوه‌کان ،مه‌سه‌لی ئه‌نفال و تاوانبارانی ناو خۆ،مه‌سه‌له‌ی لاوان وسیسته‌می خوێندن و گرفته‌کانیان،مه‌سه‌له‌ی ژنان و یاساکان،مه‌سه‌لی بوونی ده‌ستورو کام ده‌ستوور،مه‌سه‌لی دوژمنانی ناوخۆو ده‌ره‌کی،یاساکانی کارو یاساکانی کاروباری شه‌خسی،مانه‌وه‌له‌ چوارچێوه‌ی عێرقداو مه‌سه‌له‌ی مافی چاره‌نووس و ڕیفراندۆم،مه‌سه‌له‌ی بودجه‌و دابه‌شکردنی بودجه‌و عه‌داله‌تی و ناعه‌داله‌تی،له‌یه‌ک ڕسته‌دا سه‌رجه‌م ئه‌وانه‌ی که‌ هه‌ر که‌سێکی ساده‌ که‌هه‌ڵده‌بژێرێت و ده‌یه‌وێت به‌شداربێت بزانێت ده‌نگ به‌چیده‌دات. له‌هه‌مووشی خراپتر بوارنه‌دان به‌هه‌ڵبژاردن بوو بۆ کوردستانیانی ده‌ره‌وه‌،که‌ زۆر بێ قڕه‌و به‌ئاسانی ده‌سه‌ڵات ئه‌مه‌ی سه‌پاندو خه‌ڵکیش قه‌بووڵی کرد.
ئۆپۆزیسیۆن و هێزکانی ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات له‌م چه‌ند ڕۆژه‌دا وێڕای پێشڕه‌ویان خراونه‌ته‌ ئاڵۆزیه‌وه‌،ئاڵۆزی ئه‌وه‌ی که‌له‌به‌ر هاوارهاوار و نه‌عره‌ته‌کێشانی ده‌سه‌ڵات خه‌ڵک خه‌ریکه‌ سه‌یری ناوه‌رۆکه‌کان ناکات و پرسی پرۆژه‌و چیده‌که‌یت و چه‌دنت له‌ده‌ستدێت ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژێردرێت؟ چۆن و به‌که‌م تواناو بودجه‌ ئه‌وه‌ ده‌که‌یت،ئه‌مه‌ تائاستێک هاتۆته‌ خوار که‌سه‌رجه‌م میدایاکان و توناکان به‌وه‌و سه‌رقاڵن کێده‌رکراو کێ په‌شیمان بووه‌وه‌!

مه‌سه‌له‌ی ته‌حه‌داکانی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم که‌م بایه‌خترنین له‌مه‌سه‌له‌ی په‌رله‌مانی کوردستان،مه‌سعود بارزانی خۆی خسته‌ ته‌حه‌دایه‌کی گه‌وره‌وه‌ و به‌تایبه‌تیش له‌م چه‌ند ساڵه‌دا زۆرکاری بۆئه‌وه ‌کرد لانیکه‌م به‌ زاره‌کی و له‌میدیاکاندا که‌بۆ نموونه‌ له‌ تاڵه‌بانی حاسمتره‌ له‌به‌رانبه‌ر تورکیادا،یان حکومه‌تی ناوه‌ندیدا و چه‌ندجار خه‌ڵکی کوردستانی هه‌تا سه‌رڕۆخی موجازه‌فه‌ و شه‌ڕ برد،بارزانی پێی وایه‌ که‌ به‌شی هێنده‌ خۆشه‌ویسته‌ که‌ زۆرینه‌ی ده‌نگه‌کانی سه‌رۆکایه‌تی بێنێت و بۆیه‌ش خوازیاری هه‌ڵبژاردنی راسته‌وخۆبوو نه‌ک له‌ پارله‌ماندا!،وێرای نه‌بوونی به‌رانبه‌ری هێنده ‌ناسراوو له‌سه‌رپێ به‌ڵام هه‌ندێک ده‌نگ هه‌ن که‌ڕه‌نگه‌ ئه‌م خه‌ونه‌ی مه‌سعودبارزانی ناخۆش بکه‌ن،بۆنموونه‌ له‌ناوبه‌رانبه‌ره‌کانیدا ئه‌گه‌ر دکتۆر که‌مال میراوده‌لی بتوانێت که‌مپه‌ینێکی باش بکات و هه‌ندێک میدیاکانی له‌به‌رده‌ستدابێت و یان هه‌موو لیسته‌کانی تری بێجگه‌ له‌لیستی پارتیو یه‌کێتی ده‌نگ به‌م پیاوه‌ ڕۆشه‌نبیره‌ بده‌ن وخه‌ڵکی ناڕازی ده‌ره‌وی هه‌موو لیسته‌کانیش ده‌نگی پیبده‌ن گه‌ره‌ترین ته‌حه‌دا دروست ئه‌بێت،که‌ پرسی گۆڕان دوو لایه‌نه‌و زامن ترده‌کات،هه‌تا له‌حاڵه‌تی ئه‌وه‌ش که‌ لیستی کوردستانی زۆرینه‌ی کورسیه‌کان زامن بکات به‌ڵام سه‌رۆک که‌سێکی تری سه‌ربه‌مه‌یلی دیموکراتی و گۆران بێت حکومه‌ت تووشی که‌وتن ده‌کات و واده‌کات ئۆپۆزیسۆن ده‌سه‌ڵات بگرێته‌ خۆی، یان لانی که‌م پرۆژه‌کانی لیستی کوردستانی و کارنامه‌یان له‌ژێر مایکرۆسکۆبی چه‌ندلایه‌ نه‌د ئه‌بێت و به‌و ئه‌دایه‌ش که‌ تا ئێستا په‌رله‌مانتاره‌کانی ئه‌ملیسته‌ بوویانه‌ ئه‌رکێکی یه‌کجار قورسیان تووش ئه‌بێت .هه‌ڵبژاردنی ئه‌م جاره‌ جیاوازه‌ نه‌ک به‌ومانه‌یه‌ی که‌ ئاڵ و گۆڕی زۆرگه‌وره‌ زامن و ده‌بێت ،به‌و باره‌دا که‌ کرانه‌وه‌و شه‌ریک بوون له‌ده‌سه‌ڵاتدا و ئۆپۆزیسۆن بوون بواریان بۆده‌کرێته‌وه‌و ناڕه‌زایه‌تیه‌کان  خه‌ڵک و باوه‌ڕ به‌خۆبوونی خه‌ڵک و گه‌مه‌ی حکومه‌ت وخه‌ڵک و سه‌رجه‌م کایه‌ دیموکراتیه‌کانی تر له‌ڕه‌وتی نۆرماڵی خۆیان نزیک ده‌بنه‌وه‌.

 

 

Previous
Next