
کورد له‌به‌رده‌م هه‌ڵبژاردنه‌کانی ئێران‌دا…!
کورد له‌به‌رده‌م هه‌ڵبژاردنه‌کانی ئێران‌دا…!
دارامه‌حمود
ئه‌م ڕۆژانه که هه‌رچی زۆرتر سه‌رگه‌رمی هه‌ڵبژاردنه چاوه‌ڕوانکراوه‌که‌ی باشووری کوردستانین و به‌شی هه‌ره‌زۆری هۆش و سه‌رنجه‌کانمان بۆ ته‌رخانکردووه، پێده‌چی که‌متر ئاگامان له کۆمه‌ڵێک ڕووداوی گرنگی تربێت که هاوکات خه‌ریکی ڕوودانن. یه‌ک له‌وانه‌ش هه‌ڵبژاردنی سه‌رکۆماریی ئێرانه. که ده‌توانێ ئاکامه‌کانی کاریگه‌ریی بهههندییان نه‌ک ته‌نیا له‌سه‌ر بارودۆخی ناوخۆی ئێران، به‌ڵکو ناوچه‌که‌و جیهانیش هه‌بێت.
هه‌روه‌ک ده‌زانین، ئێران به‌هۆی دۆسییه ئه‌تۆمییه‌که‌یه‌وه، سهرهجهمسهریی یه‌ک له‌کێشه هه‌ره گه‌وره‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و جیهانه. سه‌ره‌ڕای ئه‌مه ڕۆژبه‌ڕۆژیش خۆی پڕچه‌کتر ده‌کات و ده‌ستی له‌زۆر کێشه‌ی گه‌وره‌ی ناوچه‌که، وه‌ک کێشه‌کانی فه‌له‌ستین و لوبنان و عیراقدا هه‌یه‌و خاوه‌نی توانایه‌کی هێجگار فراوانی ماڵی و مرۆییه، و ڕۆژنییه چه‌ندان لێدوانمان له جه‌نگێکی گه‌وره‌ی ئیحتیمالی که‌لایه‌نێکی ئێران بێت گوێ لێ نه‌بێت. بۆیه ئه‌م هه‌ڵبژاردنانه جێگای توێژینه‌وه‌و سه‌رنجی ته‌واوی وڵاتان و چاوه‌دێرانی سیاسی و داموده‌زگاکانی ڕاگه‌یاندنه. به‌ڵام به‌داخه‌وه له‌حاڵێکدا که ئه‌م هه‌ڵبژاردنانه‌و هه‌ر ڕووداوێکی تر که‌په‌یوه‌ندی به ئێرانه‌وه هه‌بێت ڕاسته‌وڕاست ئێمه‌ی کوردیش که‌به‌شێکی گرنگمان له‌ناو سنووری سیاسی ئه‌و وڵاته‌دایه ده‌گرێته‌وه، که‌چی نه‌ک هه‌ر وه‌ک پێویست هه‌ڵوێست له‌باره‌یه‌وه وه‌رناگیرێت به‌ڵکو له‌لێدوان و شیکردنه‌وه‌ی به‌شی هه‌ره‌زۆری لایه‌نه سیاسییه‌کان به‌تایبه‌تی ئۆپۆزسیۆنی سیاسی کورد له‌ئێران، وه‌ک ڕووداوێکی بێ بایه‌خ، یان وه‌ک گه‌مه‌یه‌کی پلان بۆ داڕێژراوی ڕژێمی ئێران، و بێ ئاکام هه‌ڵده‌سه‌نگێنرێت. و بۆیه له‌زۆربه‌ی زۆری لێدوان و ڕاگه‌یاندنی ئه‌و لایه‌نه کوردیانه‌دا داوای بایکۆتکردنی ئه‌م هه‌ڵبژاردنانه ده‌کرێت. که‌ئه‌مه‌ش به‌بڕوای من له‌سه‌رێکه‌وه وه‌دواکه‌وتن و لاساییکردنه‌وه‌ی لایه‌نه‌کانی تری ئۆپۆزسیۆنی ئێرانه‌و له‌لایه‌کی تریشه‌وه، کورتبینی و لێکدانه‌وه‌ی هه‌ڵه‌ی ڕووداوه‌کانی ئێران، به‌تایبه‌تی ئه‌م هه‌ڵبژاردنانه‌یه. به‌واتایه‌کی تریش خۆده‌ربازکردنێکی ئاسانه له به‌رپرسیارێتی چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌یه‌کی زۆر قورس. لهمهبهولاوهتریش لایه‌نه‌کان ته‌نیا به‌وه ده‌ستهه‌ڵناگرن ئه‌م هه‌ڵبژاردنانه بایکۆت بکه‌ن به‌ڵکو هه‌رلایه‌نێکیش بایکۆتی نه‌کات مۆری ناپاکی و خیانه‌تی پێوه ده‌چه‌سپێنن. ئه‌مه‌ش مۆدێلێکی کلاسیکی سیاسه‌ته له‌ناو ئێمه‌داو نیشانه‌ی هه‌بوونی زهنییه‌تی سه‌پاندن و دکتاتۆریی و ڕه‌تکردنه‌وه‌ی بیروباوه‌ڕو سیاسه‌تی جیاوازه.
له‌م هه‌ڵبژاردنانه‌دا چوار کاندید به‌شداریی ده‌که‌ن دووانیان سه‌ر به‌باڵی موحافهزهکارانن. که بریتین لهسهرکۆماریی ئێستا مه‌حمود ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد و موحسین ره‌زایی. و دووکاندیدی تریش که سه‌ر به باڵی ڕیفۆرم خوازانن که‌بریتین له میر حوسێنی موسه‌وی و مه‌هدی که‌روبی. له‌نێوان به‌رنامه‌ی ئه‌م دوو به‌ره‌یه‌دا جیاوازی یه‌کجار زۆر له‌ئارادایه. هه‌ربۆ نمونه له حاڵیکدا ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد پێێ وایه لێدوان له گۆڕینی یاسای بنه‌ڕه‌تی (ده‌ستور) کارێکی خیانه‌تکارانه‌یه. مه‌هدی که‌روبی پێێوایه که یاسای بنه‌ڕه‌تی پێویستی به ده‌ستکاریی و هه‌موارکردنه. له‌به‌رنامه‌ی ڕیفۆرمخوازاندا به‌ئاشکرا باس له‌مافی که‌مینه‌کان، ژنان، گه‌نجان، ئازادی ڕاده‌ربڕین و رۆژنامه‌گه‌ریی ده‌کرێت کهلهبهرهکهی تردا یان نییه یان به‌شیوازێکی ته‌مومژاوی باسی لێوه‌ده‌کرێت. له‌به‌رنامه‌ی موحافهزهکاراندا بێ منه‌تی له‌به‌رانبه‌ر جیهان و خۆگیڤکردنه‌وه‌و خۆئاماده‌کردن بۆ شه‌ڕ ده‌بینرێت له‌حاڵێکدا ریفۆرمخوازان باس له گفتوگۆی هێمنانه‌و چاره‌سه‌ریی دیپلۆماتیکیانهی کێشه‌کان وژیرمهندی ده‌که‌ن…
لێره‌دا ده‌بێ هه‌مووان ئه‌مه بزانن که قسه‌کردن له سه‌ر ئه‌م هه‌ڵبژاردنانه‌و ئاستی پێشبینی کردنمان ئه‌وه‌نییه که ئایا ئێران له‌ڕێگای ئه‌م هه‌ڵبژاردنانه‌وه پێده‌نێته دیموکراسییهوهو مافی کورد دهستهبهردهبێ و کێشه‌کان به پێی دڵخواز چاره‌سه‌رده‌بن یان نا. به‌ڵکو به‌راوردکردن و هه‌ڵبژاردنه له نێوان دوو بۆچوون، دوو سیاسه‌تی ئاینده، دووشێوازی بیرکردنه‌وه بۆ چاره‌سه‌ریی کێشه ناوخۆیی و ده‌ره‌کییه‌کان.. که بۆ تێگه‌یشتن له جیاوازیی نێوان ئه‌م دووانه ئه‌وه‌نده به‌سه ئاوڕێک بۆ سه‌رده‌می محه‌ممه‌د خاته‌می بده‌ینه‌وه.
گه‌رچی به‌رنامه‌ی خاته‌می زۆر له‌وه ده‌وڵه‌مه‌ندتر بوو که له‌واقیعدا توانی بیهێنێته بواری پراکتیکه‌وه. چونکه ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌های ڕێبه‌رو ده‌ستێوه‌ردانه‌کانی ده‌زگای قه‌زایی له‌کاروباره‌کانی ده‌وڵه‌ت گرفتی سه‌ره‌کییان بۆ خاته‌می دروستکردو له‌مڕووه زۆر له هیواکانی خه‌ڵک بوونه بڵقی سه‌رئاو. به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌شدا ڕێبازی خاته‌می کۆمه‌ڵێک ده‌ستکه‌وتی بایه‌خداری وای به‌ده‌ست هێنا کهدیرۆکی و چاره‌نووسساز بوون. له پێش هه‌موویانه‌وه:
1- ململانێ که‌وته ناو خودی سیسته‌مه‌وه. گرنگی ئه‌م ڕوداوه له‌وه‌دابوو که‌ئه‌گه‌ر ده‌نگی به‌رهه‌ڵستکاریی له‌ده‌ره‌وه‌ی سیسته‌م بووایه جۆره‌ها تۆمه‌تی ده‌درایه پاڵ، و به‌ئاسانی سهرکوتدهکرا. ئه‌م کاره دژی باڵی ریفۆرمخوازانیش ئه‌نجامدرا، به‌ڵام ئه‌م باڵه لهوهبههێزتربوو که بتوانرێت له‌ناوببرێت. چونکه (سه‌ره‌ڕای خه‌ڵک) هێزی خۆی له نێوه‌نده‌کانی ده‌سه‌ڵات وه‌ک: پیاوانی ئاینیی، که‌سایه‌تییه ناسراوه‌کانی سه‌رده‌می شۆڕش کهبهشێکییان له‌شه‌ردا بریندار‌و که‌مئه‌ندامبوون. پیاوانی بازاڕ، نووسه‌ران و ڕۆشنبیران… وه‌رده‌گرت. و تائه‌مڕۆش به‌رده‌وامه. زۆر که‌س و لایه‌ن پێیانوایه کهدابوشبوونی سیسته‌م به‌سه‌ر دووباڵی ڕیفۆرمخوازو موحافهزهکاردا گه‌مه‌یه‌کی ده‌ستکردی خودی سیسته‌مه‌و پلانێکی نه‌خشه بۆداڕێژراوه که هه‌ردوولا بهئاگاییهوهو له‌پێناوی به‌هه‌ڵه‌دابردنی خه‌ڵک له‌سه‌ری ڕێکه‌وتوون. بۆچوونێکی وا زۆر له‌ڕاستییه‌وه دووره. چونکه ئه‌وه ده‌بێ چ پیلان و گه‌مه‌یه‌ک بێت که‌لایه‌نێک به‌ته‌واوی هۆش و ئاگایی خۆیه‌وه بچێته ناوی تا ڕووبه‌ڕووی سزا‌و زیندان و مه‌رگ بێته‌وه. مه‌گه‌ر که‌سایه‌تییه‌کانی وه‌ک ئه‌کبه‌ری گه‌نجی، عه‌باسی عه‌بدی، هاشمی ئاغاجاری، که‌رباسچی… و قوربانیانی کوشتاریی زنجیره‌یی جگه‌له‌وه‌ی ڕیفۆرمخوازبوون هۆکارێکی دیکه هه‌بوو بۆ ئه‌وه‌ی ده‌رهه‌قیان ئه‌نجامدرا..؟
2- خه‌ڵکی ئه‌و بوێرییه‌ی په‌یداکرد که بتوانێت بڵێت (نا). ! که‌به‌ر له‌دابه‌شبوونی سیسته‌م به‌سه‌ر ئه‌م دووباڵهدا شتێکی وا له‌توانادا نه‌بوو. سه‌دان و ڕه‌نگه هه‌زاران گۆڤار‌و ڕۆژنامه‌و په‌رتووک نوسران و چاپکران و بڵاوبوونه‌وه که به‌شێوازێکی جیاواز له‌پێشووتر بوون. تێزی نوێی وا گوتران و نووسران و هاتنه ئاراوه که مایه‌ی سه‌رسوڕمان بوون وه‌ک: ڕه‌خنه‌گرتن له‌یاسای بنه‌ڕه‌تی، مه‌شروعییه‌تی پله‌ی ڕێبه‌رایه‌تی، پرسی ویلایه‌تی فه‌قیه، پێویستی وه‌حی بۆ په‌یامبه‌ران… هتد. به‌شێک له‌م نووسینانه ڕاوه‌ستێنران. نووسه‌ران زیندانی و سزا‌و شکهنجهدران. به‌ڵام کاره‌که له‌وه‌گه‌وره‌تر بوو که بتوانرێت له‌ڕیشه‌وه له‌ناوببرێت. و له‌ئاکامدا ئه‌مه بوو به فه‌رهه‌نگێک که ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد نه‌یتوانی له‌ناوی به‌رێت.
3- بنیاتنانی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی، ئه‌مه‌ش له‌ده‌یان ڕێکخراوی جۆربه‌جۆری وه‌ک: ڕێکخراوه‌کانی مافی مرۆڤ، بزووتنه‌وه‌ی ژنان، بزووتنه‌وه‌ی خوێندکاران و زانستکاران، پارته سیاسییه‌کان، کۆڕوکۆمه‌ڵه‌ی هونه‌ریی و ڕۆشنبیریی، ساندیکا… به‌رجه‌سته‌بوون و ده‌بن.
به‌مجۆره هه‌ڵبژاردنی سه‌رکۆمارێکی ڕیفۆرمخواز ده‌توانێ بواری به‌رده‌وامیی ئه‌وپرۆسه‌یه بهێنێته کایه‌وه کهخاتهمی ده‌ستی پێکردو ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد ڕایگرت. ڕاسته که ئه‌وه‌ی ئه‌م کاندیدانه له‌پروپاگه‌نده‌و به‌رنامه‌کانیاندا بانگاشه‌ی بۆده‌که‌ن مه‌رج نییه به‌ته‌واوی ڕاستگۆیی تێدا بێت. یان شیاوی جێبه‌جێکردن بێت. به‌ڵام ده‌بێ ئه‌وه‌ش بزانین که ئه‌مڕۆ هیچ که‌سێک ناتوانێت له کۆمه‌ڵگایه‌کی وه‌ک ئێران‌دا خۆی بۆ پۆستی سه‌رکۆماریی کاندیدبکات و ڕۆژانه له‌به‌رنامه‌ی داهاتووی خۆی بدوێت و پاشانیش له‌بیریان بکات. له ئێران‌دا ململانێی سیاسیی نێوخۆی سیسته‌می حوکم له‌سه‌ر چه‌ند خاڵێکی بنه‌ڕه‌تییه نه‌ک ههروالهخۆڕا. که‌ئه‌م خاڵانه‌ش له به‌رنامه‌ی ئه‌و کاندیدانه‌دا ده‌رده‌که‌وێت. که‌واته پابه‌ندبوون به جێبه‌جێکردنی وادهوبهڵێنهکان پرسێکی ئایدیۆلۆژیک، و ئه‌خلاقییه. و په‌یوه‌سته‌ی چاره‌نووسی ڕه‌وتێکی گه‌وره‌ی سیاسیی کۆمه‌ڵایه‌تییه نه‌ک تاکێک که‌ته‌نیا له‌خه‌می پلاوپایهو خڕکردنه‌وه‌ی ساماندابێت.
ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رسوڕمان و تێنه‌گه‌یشتنه، لایه‌نگرانی بایکۆتکردن له‌حاڵێکدا ده‌نگدان به خیانه‌ت ده‌زانن، تاکه ئه‌لته‌رناتیڤێکی واقیعییان نییه. و گه‌رچی داوای ڕیشه‌کێشکردنی ڕژێمی ئێران ده‌که‌ن و لهمهکهمتر به‌هیچ ڕازی نین، به‌ڵام سه‌یر له‌وه‌دایه که توانای ئه‌وه‌یان نییه هه‌زارکه‌س بۆ خۆپیشاندان بهێننه سه‌رجاده. ئه‌مه‌ش نه‌ک له‌به‌رئه‌وه‌ی هێنده‌یان لایه‌نگر نییه. به‌ڵکو له‌به‌رئه‌وه‌ی بواری ئه‌وکاره له‌ئارادانییه. که‌واته خۆبه‌ستنه‌وه به‌دروشمێکی ناواقیعی وه‌ک (یان هه‌مووشت یان هیچ) کارێکی ژیرمه‌ندانه نییه‌و بێ ئاکامه. و هه‌وڵدان بۆ کردنه‌وه‌ی په‌نجه‌ره‌یه‌ک له‌ناو چواردیواری ڕه‌شدا که‌بواری هه‌ناسه‌دانی تێدا نییه، و ئهمڕۆلهتواناداههیه، لۆژیکمهندانهتره له به‌رزکردنه‌وه‌ی دروشمێک که‌بچوکترین بنه‌مای له ئاسۆوه دیارنییه.
ئێمه‌ی کورد چیمان ده‌وێت..؟ ئایا ئه‌و شۆڕشگێڕ‌و ته‌نانه‌ت کودهچیانهین که هه‌موو گۆڕانێکمان له‌شه‌و و ڕۆژێکدا ده‌وێت، یان باوه‌ڕمان به پرۆسه‌ی گۆران و پێشکه‌وتنی پێ به‌پێیه که خۆشمان به‌شێک بین له بزوێنه‌ریی چه‌رخه‌کانی..؟4/6/2009