
چواره‌مین ئه‌لبومی ته‌نهایی
چواره‌مین ئه‌لبومی ته‌نهایی
سیامه‌ند هادی
وه‌ك پیشه‌ی هه‌موو شه‌وێكی ئه‌م چه‌ند مانگه‌ی دوایی، ئه‌لبومه‌كانی به ده‌وری خۆیدا بڵاوكردبۆوه‌و له وێنه‌كانی مناڵییه‌وه تا ئه‌و وێنه‌یه‌ی ئێواره هێنابوویه‌وه بۆ ماڵه‌وه یه‌ك یه‌ك به وردی لێیده‌ڕوانین. له‌گه‌ڵ ته‌ماشاكردنیشیاندا، ئه‌و چه‌ند دێڕه‌ی پشتی هه‌ندێك له‌و وێنانه‌ی ده‌خوێنده‌وه، كه ناوی كه‌سه‌كان له راسته‌وه بۆ چه‌پ و رۆژی وێنه‌گرتنه‌كه‌ی تیادا نووسرابوو. به به‌رگی ئه‌لبومه‌كاندا، كه له‌سه‌ری نووسیبوون (ئه‌لبومی یه‌كه‌م، ئه‌لبومی دووه‌م، ئه‌لبومی سێیه‌م، ئه‌لبومی چواره‌م)، به‌ته‌واوی ده‌یزانی هه‌ر چوار ئه‌لبومه‌كه چ وێنه‌یه‌كیان تێدایه، هه‌ربۆیه هه‌موو جارێك وه‌ك به‌رنامه‌یه‌كی رێكخراو ته‌ماشای وێنه‌كانی ده‌كرد.
دوای چه‌ند ساڵێك ته‌مه‌ن، هه‌رگیز هێنده‌ی ئه‌م رۆژانه‌ی دوایی هه‌ستی به ئاڵۆزی و پشێوی و ته‌نهایی خۆی نه‌كردووه. پاش نانخواردنی ئێواره‌و دوای كه‌مێك بیركردنه‌وه له رۆژانی رابردووی، ئه‌م شه‌ویش وه‌ك شه‌وانی دیكه ئه‌لبومه‌كانی هێناو لای راستی خۆیه‌وه داینان و دوای ئه‌وه‌ی ته‌ماشای ده‌كردن، ده‌یخستنه لای چه‌پی خۆیه‌وه. ئه‌گه‌رچی به به‌رگه‌كه‌یدا ده‌یزانی ئه‌وه چ ئه‌لبومێكه، به‌ڵام وه‌ك دڵنیابوون ته‌ماشای نووسینه‌كه‌ی كرد (ئه‌لبومی یه‌كه‌م)، ده‌ستیدایه‌و زۆر به خێرایی به‌رگه‌كه‌ی هه‌ڵدایه‌وه. وێنه‌كانی ئه‌وه‌نده كه‌م بوون، ته‌نانه‌ت نیوه‌ی ئه‌لبومه‌كه‌یان پڕ نه‌كردبۆوه، هه‌ربۆیه بۆ ته‌ماشاكردنیشی زۆری پێنه‌ده‌چوو. وێنه‌كان هی ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ی دوایی بوون و له‌گه‌ڵ ته‌ماشاكردنیاندا، هه‌ندێجار رۆژی وێنه‌گرتنه‌كه‌شی بیرده‌كه‌وته‌وه. هه‌موو وێنه‌كانیش به رێكه‌وت گیرابوون و هیچ خۆئاماده‌كردنێكیان پێوه دیار نه‌بوو. له‌گه‌ڵ ته‌ماشاكردنی هه‌ر وێنه‌یه‌كیشدا، ده‌بوایه ئه‌لبومه‌كه له چاوی نزیك بكاته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی دیمه‌نه وه‌ستاوه‌كان به باشی جوڵه‌ی كاتی وێنه‌گرتنه‌كانی بیربخه‌نه‌وه.
ئه‌وكاته‌ی ئه‌لبومه‌كه‌ی هه‌ڵدایه‌وه، به وردی ته‌ماشای یه‌كه‌م وێنه‌ی كرد. به وێنه‌كه‌دا ئه‌وه‌یزانی كه پێنج ساڵ له‌مه‌وپێش ئه‌و وێنه‌یه‌ی گرتووه‌و شوێنه‌كه‌ش دوكانه‌كه‌ی (حه‌سه‌ن)ی هاوڕێی بوو كه پێكه‌وه خانه‌نشین بوون و ئه‌و دوای ئه‌وه خۆی به‌و دوكانه‌وه سه‌رقاڵ كردبوو. له وێنه‌كه‌دا سێ كه‌س له ناو دوكانه‌كه‌دا له‌سه‌ر كورسی دانیشتبوون، ئێستا نازانێت ئه‌و كه‌سه‌ی تر كێ بوو، هه‌ر ئه‌وه‌نده ده‌زانێت كه ناسیاوی ئه‌و هاوڕێیه‌ی بوو. به دیقه‌تێكی زیاتره‌وه له وێنه‌كه‌ی روانی، له ته‌نیشتی لای راستیانه‌وه له‌سه‌ر چه‌ند مێزێكی قاتقات كه له نزمه‌وه به‌ره‌و به‌رز ده‌چوو، كۆمه‌ڵێك جۆری پسكیت و بنێشت و مه‌ساسه‌و ته‌مه‌رهیندو چبس و شتی له‌و بابه‌تانه دانرابوون و دیواری لای راست و پشته‌وه‌ش به به‌رزییه‌وه چه‌ند ره‌فه‌یه‌ك هه‌ڵواسرابوون و له وێنه‌كه‌دا تا نیوه‌یان دیاربوو. ئه‌وه‌ی ده‌بینرا تایت و شامپۆو فاست و دایبـی و فڵچه‌ی ددان و چه‌ند شتێكی له‌و بابه‌ته بوون. ئه‌مان له‌سه‌ر كورسی پاڵیاندابۆوه‌و زۆپایه‌ك له‌به‌رده‌میاندا بوو، ئه‌م پاڵتۆیه‌كی ره‌شی له‌به‌ردایه‌و هه‌ردوو ده‌ستی له‌سه‌ر رانی داناوه. ده‌ستی چه‌پی نیمچه كراوه‌یه‌و ته‌سبیحێكی قه‌زوانی به ده‌سته‌وه‌یه‌و به‌شێكی به‌لای رانی چه‌پیدا هاتۆته خواره‌وه. دوای ته‌ماشاكردنێكی ورد ئاواتخواستن بۆ ئه‌وكاته ئازاری ده‌دا، چونكه ئه‌و هاوڕێیه‌ی دوای دوو ساڵ دوكانه‌كه‌ی داخست. به ته‌نها له‌سه‌ر ئه‌و وێنه‌یه وه‌ستاو پاشان به‌خێرایی په‌ڕه‌كانی ئه‌لبومه‌كه‌ی هه‌ڵده‌دایه‌وه، كه له هه‌موو وێنه‌كاندا یان به ته‌نها بوو، یان یه‌ك كه‌س یان دوانی له‌گه‌ڵدا بوو.
دوای ته‌ماشاكردنی ئه‌لبومی یه‌كه‌م، ئه‌لبومێكی تری هه‌ڵگرت و به‌رگه‌كه‌ی خوێنده‌وه (ئه‌لبومی دووه‌م). به هۆی زۆریی وێنه‌كان و زۆریی ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی له وێنه‌كاندا بوون، كاتێكی زۆری ویست تا به ته‌واوی وێنه‌كانی ته‌ماشاكرد. له‌گه‌ڵ هه‌ڵدانه‌وه‌ی ئه‌لبومه‌كه‌دا، یه‌كه‌مین رۆژی دامه‌زراندنی خۆی بیركه‌وته‌وه. ئه‌گه‌رچی ئه‌م هیچ شاره‌زاییه‌كی له كاره‌بادا نه‌بوو، به‌ڵام به‌هۆی هاوڕێیه‌كییه‌وه له فه‌رمانگه‌ی كاره‌با دامه‌زرا. زۆر له‌كاره‌با ده‌ترسا، هه‌ر ئه‌وه‌ش بوو وایكرد كه به درێژایی ئیشكردنی له‌و فه‌رمانگه‌یه‌دا، به هیچ شێوه‌یه‌ك سه‌ر په‌یژه‌ی نه‌بینی. یان له خواره‌وه په‌یژه‌ی ده‌گرت، یان ته‌ل و فنجان و پێداویستییه‌كانی تری ئاماده ده‌كرد. سه‌ره‌تا له‌به‌ر بێ‌ئیشی به‌و كاره رازی بوو، هه‌ربۆیه به شێوه‌یه‌كی كاتیی ته‌ماشای ئیشه‌كه‌ی ده‌كرد، به‌ڵام كه خانه‌نشین كرا، سی و یه‌ك ساڵ و دوو مانگ و چوارده رۆژ خزمه‌تی هه‌بوو. تا چه‌ند ساڵێكیش هه‌ر ده‌یویست ئیشه‌كه‌ی بگۆڕێت، به‌ڵام دواتر به بێئه‌وه‌ی به خۆی بزانێت كاره‌كه‌ی ره‌وتێكی ئاسایی وه‌رگرت و ئه‌میش به ناچاری به‌رده‌وام بوو. كه ئه‌و ئه‌لبومه‌ی به‌ده‌سته‌وه ده‌گرت، روانینه‌كانی په‌رش ده‌بوون و له‌یه‌ككاتدا كۆمه‌ڵێك بیره‌وه‌ریی خۆش و ناخۆش و كاره‌سات و رووداوی زۆری ده‌كه‌وته‌وه یاد. چۆن ده‌توانێت ئه‌و ته‌مه‌نی كاركردنه به هه‌موو ورده‌كارییه‌كانییه‌وه بهێنێته‌وه به‌رچاوی خۆی، هه‌ربۆیه له گه‌ڕانه‌وه‌یدا بۆ ئه‌و بیره‌وه‌رییه دوورانه، هه‌ندێك له رووداوه‌كانی یان بیرده‌چۆوه، یان تێكه‌ڵی ده‌كردن. شه‌قام و كۆڵانێكی ئه‌و شاره نه‌مابوو ئه‌م ئیشی تێدا نه‌كردبێت، هه‌ر ئه‌وه‌ش بوو وایده‌كرد ئه‌وكاته‌ی به‌سه‌رهاتێكی ده‌گێڕایه‌وه، یان شوێنه‌كه‌ی نه‌ده‌زانی، یان ناوی ئه‌و كه‌سانه‌ی بیرده‌چۆوه كه له‌و ده‌رچوونه‌دا له‌گه‌ڵیدا بوون. له زۆربه‌ی وێنه‌كاندا به‌دله‌ی شینی له‌به‌رده‌دابوو، یان له نێو فه‌رمانگه یان له‌كاتی ده‌رچوونه‌كاندا ئه‌و وێنانه‌یان گرتبوو. له وێنه‌یه‌كدا (رێبواری ئه‌ندازیار) له ناوه‌ڕاستی كۆمه‌ڵێك كرێكاردایه‌و له نێوان ئه‌م و (عه‌زیزی سایه‌ق)دا وه‌ستاوه، ئه‌م وێنه‌یه له حه‌وشه‌ی فه‌رمانگه گیراوه. له وێنه‌یه‌كی تردا كه به باشی بیری نه‌ماوه له چ كۆڵانێكدایه، چوار كه‌س پاڵیانداوه به ته‌نیشتی توێتایه‌كه‌وه‌و به‌شی سه‌ره‌وه‌ی په‌یژه‌یه‌ك له دوایانه‌وه دیاره كه به دوای توێتاكه‌دا هاتۆته خواره‌وه. وێنه‌یه‌كی تر كه تۆزێك تاریكه، حه‌وت كه‌سن و هه‌ر یه‌كه‌ی به‌شێوه‌یه‌ك وه‌ستاوه‌و له ژووری فه‌رمانه‌گه‌دا گیراوه. له پشته‌وه به‌شی خواره‌وه‌ی تابلۆیه‌ك دیاره‌و وێنه‌ی ئه‌و كرێكارانه‌ی تێدایه كه له‌كاتی كاركردندا گیانیان له‌ده‌ستداوه. ئه‌و تابلۆیه ترسه‌كانی رۆژانی كاركردنی هێنایه‌وه بیری، كاتێك له وێنه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی ده‌ڕوانی، ئه‌وه‌نده‌ی تر ترسی له كاره‌با زیادی ده‌كرد. ئه‌م مردنی دووان له‌و كرێكارانه‌ی به چاوی خۆی بینیبوو، هه‌ربۆیه ئه‌و تابلۆیه له هه‌موو جارێكی ته‌ماشاكردندا، ئه‌و دوو رووداوه‌ی ده‌هێنایه‌وه یادی. (فه‌ره‌جه‌پیر) ئه‌گه‌ر به قسه‌ی ئه‌مانی بكردایه‌و به بێ ده‌ستكێش ئیشی نه‌كردایه، بۆ لاشه‌ی ساردوسڕی به عه‌موده‌كه‌دا شۆڕده‌بۆوه! ئه‌وكاته‌ی دایانگرت، ده‌تگوت چه‌ند رۆژێكه ئه‌و جه‌سته‌یه رۆحی تێدا نه‌ماوه. (فه‌ره‌ج) ته‌مه‌نیشی زۆر نه‌بوو، به‌ڵام كه باسی رابردووی شار ده‌كرا، ئه‌و شتی وای ده‌گێڕایه‌وه كه له‌گه‌ڵ ته‌مه‌نی خۆیدا نه‌ده‌هاته‌وه. له باسی فراوانبوونی شاردا، ئه‌و خێرا ده‌یگوت (جاران شار كه‌ی ئه‌وه‌نده گه‌وره بوو، چه‌ند ساڵه من له‌م شاره‌دام، ئێستا چوار سه‌عات به ناو بازاڕدا بگه‌ڕێی دوو كه‌س ناناسیت! بیرم دێت له خوار به‌نزینخانه‌كه‌وه هه‌مووی ده‌شت بوو، زۆرجار به‌ده‌م راونانی سه‌گه‌وه تا خواره‌وه ده‌ڕۆیشتین). وێنه‌كانی ناو ئه‌م ئه‌لبومه، زیاتر به رووی حیكایه‌ت و كاره‌سات و رووداوه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌دا ده‌یبردو وایده‌كرد به ته‌واوی له‌ساتی ته‌ماشاكردنه وه‌ستاوه‌كان داببڕێت.
ئه‌گه‌رچی ماوه‌یه‌كی زۆری بۆ ته‌ماشاكردنی وێنه‌كانی ناو ئه‌م ئه‌لبومه ته‌رخانكرد، به‌ڵام زۆربه‌ی كاته‌كه‌ی به سه‌یركردنی وێنه‌یه‌كه‌وه به‌سه‌ربرد. ته‌ماشای هه‌موو به‌شه‌كانی وێنه‌كه‌ی ده‌كردو رووخسار‌و دیمه‌نه‌كان چه‌ند حیكایه‌ت و رووداوێكی پێش و پاش گرتنی وێنه‌كه‌ی بیرده‌خسته‌وه. وێنه‌كه له سه‌یران گیرابوو، كۆمه‌ڵێك كرێكار‌و ئه‌ندازیاری فه‌رمانگه‌ی تێدا ده‌بینرا. ئه‌و كه‌سانه‌ی له وێنه‌كه‌دا بوون به دوو كۆمه‌ڵ ده‌بینران، به‌شێكیان له پێشه‌وه بوون و به‌شه‌كه‌ی تریان له دواوه دیاربوون و شوێنی ئه‌وان تۆزێك به‌رزتر بوو له به‌شی پێشه‌وه. دره‌ختێكی گه‌وره له لای راستی به‌رزییه‌كه‌ی سه‌ره‌وه دیار بوو كه به‌شێكی له وێنه‌كه‌دا ده‌بینرا، لقێكی به خواری به‌ره‌و نزماییه‌كه‌ی خواره‌وه شۆڕببۆوه. هه‌ندێك له‌وانه‌ی له وێنه‌كه‌دا ده‌ركه‌وتبوون، ئاگایان له ساتی وێنه‌گرتنه‌كه نه‌بوو، چونكه (رێبواری ئه‌ندازیار) ئه‌و وێنه‌یه‌ی له‌كاتێكدا گرتبوو كه ئه‌وان ئاگایان له‌خۆیان نه‌بوو. له‌و سه‌یرانه‌دا چه‌ند وێنه‌یه‌كی له‌و شێوه‌یه‌ی گرتبوو. ئه‌و ده‌یگوت (هه‌ر وێنه‌یه‌ك رێك بوه‌ستیت و به ته‌واوی خۆتی بۆ ئاماده بكه‌یت، ئه‌و وێنه‌یه به هیچ شێوه‌یه‌ك گوزارشت له‌و ساته ناكات كه وێنه‌كه‌ی تێدا گیراوه، به‌ڵكو ئه‌وه گوزارشت له ساتێكی وه‌ستاوی به‌رده‌وام ده‌كات). ئه‌م و چه‌ند هاوڕێیه‌كی ئه‌وكاته له‌و قسه‌یه‌ی رێبوار نه‌ده‌گه‌یشتن، وه‌ك زۆر قسه‌ی تری هه‌ر به‌ڵێیان بۆی ده‌كردو به ته‌واوی نه‌یانده‌زانی مه‌به‌ستی چییه. به‌ڵام له‌وكاته‌وه‌ی كه خووی به ته‌ماشاكردنی ئه‌لبومه‌كانییه‌وه گرتووه، به ته‌واوی له مه‌به‌ستی ئه‌و قسه‌یه گه‌یشت. ئه‌م پێش ناسینی رێبواری ئه‌ندازیار، چه‌ند وێنه‌یه‌كی هه‌بوو به په‌رشوبڵاوی و هه‌ر یه‌كه‌و له شوێنێكدا داینابوون، به‌ڵام ئه‌و وایلێكرد گرنگیی به وێنه‌گرتن بدات و به شێوه‌یه‌كی رێك‌وپێك بیانپارێزێت.
له وێنه‌كه‌داو به به‌رزاییه‌كه‌وه هاوڕێی ئه‌ندازیارو حه‌مه‌سه‌عیدو ته‌های وه‌رشه له‌سه‌ر حه‌سیرێكی مۆر دانیشتبوون، هاوڕێ له‌سه‌ر ئه‌نیشكی چه‌پی پاڵیدابۆوه‌و قاچی راستی به‌نیمچه‌كراوه‌یی بۆ سه‌ره‌وه راگرتبوو، قاچی چه‌پیشی له‌سه‌ر حه‌سیره‌كه هێنابۆوه یه‌ك و پێی چه‌پی له‌پشتی پێی راستییه‌وه دانابوو. ده‌ستی راستیشی به جگه‌ره‌یه‌كه‌وه خستبووه سه‌ر ئه‌ژنۆی راستی، به زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌كه‌وه ته‌ماشای كامێراكه‌ی ده‌كرد. ته‌ها به چوارمشقی نزیك ئه‌و دانیشتبوو، له وێنه‌كه‌دا ته‌نها پشتی دیاربوو. حه‌مه‌سه‌عید له دوای ئه‌وانه‌وه كه به‌شی سه‌ره‌وه‌ی ده‌بینرا، ده‌ستی راستی له‌ده‌می نزیك كردبۆوه، به‌وه‌ی عه‌لاگه‌یه‌ك گوڵه‌به‌ڕۆژه به كراوه‌یی له‌به‌رده‌میاندا بوو، له‌وه ده‌چوو گوڵه‌به‌ڕۆژه بخوات. له خواره‌وه‌ش شۆڕش و به‌ختیار پاڵیان دابوو به رووكاری به‌رزاییه‌كه‌وه‌و ته‌ماشای كامێرایان ده‌كرد، شۆڕش شه‌رواڵ و چۆغه‌یه‌كی شینی كاڵی له‌به‌ردا بوو، چۆغه‌كه‌ی له شه‌رواڵه‌كه‌یه‌وه هێنابووه ده‌ره‌وه‌و پشتوێنه‌كه‌ی به تۆپه‌ڵكراوی له ژێر ده‌ستی چه‌پیدا دانابوو. قاچی چه‌پی بۆ سه‌ره‌وه نوشتانبۆوه‌و قاچی راستیشی به ته‌واوی درێژكربوو، ده‌ستی راستی به كراوه‌یی له‌سه‌ر رانی دانابوو. به‌ختیار كراسێكی سپی و شه‌رواڵێكی قاوه‌یی له‌به‌ردا بوو، هه‌ردوو ئه‌ژنۆی به جوتكراوی نوشتانبۆوه‌و په‌نجه‌كانی هه‌ردوو ده‌ستی كردبوو به نێو یه‌كداو له ئه‌ژنۆكانی توند كردبوون. له لای راستی به‌ختیاره‌وه شه‌ماڵی سایه‌ق كه ته‌نیشتی له كامێراكه بوو، قاپێكی گه‌وره‌ی له‌به‌رده‌مدایه‌و سه‌ری داخستووه‌و خه‌یار پاك ده‌كات. ئه‌و كوڕه‌ی له دواشه‌وه دانیشتووه، به ته‌نها سه‌ری دیاره‌و ته‌ماشای ده‌ستی شه‌ماڵ ده‌كات، ئه‌وه هاوڕێی رێبواره‌و ئه‌و هێنابووی بۆ ئه‌و سه‌یرانه (ئێستا ئه‌م ناوه‌كه‌ی له‌بیر نه‌ماوه). له‌به‌شی خواره‌وه‌ی لای راستی وێنه‌كه‌وه له‌تیف پارچه مقه‌بایه‌ك راده‌وه‌شێنێت و سه‌رقاڵی گۆشت برژاندنه، یه‌كێك لای چه‌پی له‌تیفه‌وه دانیشتووه، ئه‌م نازانێت كێیه، چونكه له وێنه‌كه‌دا ته‌نها شانی راستی ده‌ركه‌وتووه.
له ناوه‌ڕاستی به‌شی خواره‌وه‌ی وێنه‌كه‌دا، نزارو فه‌ره‌جه‌پیر به‌رامبه‌ر یه‌ك دانیشتوون. فه‌ره‌ج سه‌ری دانه‌واندووه‌و گۆشت ده‌كات به شیشه‌وه‌و نزاریش ده‌ستی چه‌پی له‌سه‌ر ته‌خته‌یه‌كی بچوك داناوه، به ده‌ستی راستیشی چه‌قۆیه‌كی به‌رز كردۆته‌وه‌و ده‌می تۆزێك كردۆته‌وه‌و قسه ده‌كات. ئه‌م و حه‌سه‌نیش لای راستی وێنه‌كه‌وه دیارن و هه‌ردووكیان دانیشتوون، ئه‌م پیاز پاك ده‌كات و حه‌سه‌ن قاپێك سه‌وزه‌ی له‌به‌رده‌ستدایه. ئه‌م شه‌رواڵ و چۆغه‌یه‌كی نیللی و كراسێكی شینی كاڵی له‌به‌ردایه. هه‌موو جارێك له ته‌ماشاكردنی ئه‌و وێنه‌یه‌دا كاتێك چاوی ده‌چووه سه‌ر خۆی، ئه‌لبومه‌كه‌ی زیاتر له چاوی نزیك ده‌كرده‌وه‌و به وردی سه‌یری خۆی ده‌كرد. له‌وێدا جگه له‌وه‌ی سه‌ری ئه‌وه‌نده نه‌ڕووتابۆوه، وه‌ك ئێستاش هه‌موو سه‌ری سپی نه‌بووبوو.
له‌گه‌ڵ به‌رزكردنه‌وه‌ی ئه‌لبومی سێیه‌مدا ئاهێكی هه‌ڵكێشاو له‌سه‌رخۆ كه‌وته ته‌ماشاكردنی وێنه‌كان و ماوه‌یه‌كی زۆر له‌سه‌ر یه‌ك به‌یه‌كی وێنه‌كان ده‌وه‌ستا. له وێنه‌یه‌كدا ئه‌م و پێنج هاوڕێی له‌سه‌ر سوچی كۆڵانه‌كه‌ی ئه‌وسای ماڵی خۆیاندا به پێوه وه‌ستا بوون. كۆڵانه‌كه هێشتا قیرتاو نه‌كرابوو، له پشته‌وه‌ش تاكوته‌را خانوو ده‌بینرا. هه‌موویان پێده‌كه‌نین، ته‌نها ره‌فیق نه‌بێت كه چاوی نوقاندبوو. به پێی ئه‌و مێژوویه‌ی له پشتی وێنه‌كه نووسیبووی، ئه‌م ته‌مه‌نی شانزه ساڵ بوو. له وێنه‌یه‌كی تردا له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك كه‌سدا هه‌ڵده‌په‌ڕی و دوای ته‌ماشاكردنێكی زۆریش، هێشتا نه‌یده‌توانی هه‌ندێك له‌و كه‌سانه بناسێته‌وه. شوێنه‌كه له حه‌وشه‌ی ماڵێك ده‌چوو، له لای راستی وێنه‌كه‌وه چه‌ند ژن و پیاوێك ده‌بینران كه له‌سه‌ر كورسی دانیشتبوون.
له نێو هه‌موو ئه‌و وێنانه‌دا زیاتر له‌سه‌ر وێنه‌یه‌ك وه‌ستاو یه‌كه‌یه‌كه ته‌ماشای رووخساری ئه‌و كه‌سانه‌ی ده‌كرد كه له وێنه‌كه‌دا دیاربوون. ئه‌ویش وێنه‌ی تیپێكی تۆپی پێ بوو، كه شه‌ش كه‌س به پێوه وه‌ستابوون و پێنج كه‌سی تریش وه‌ك نیمچه دانیشتنێك ئه‌ژنۆیان نوشتانبۆوه‌و ده‌ستیان كردبووه ملی یه‌ك. ئه‌گه‌رچی وێنه‌كه ره‌ش و سپییه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی بیرماوه كه تیپه‌كه‌یان به‌رده‌وام فانیله‌ی شینی كاڵ و شۆرت و گۆره‌وی سپییان ده‌كرده‌به‌ر. له‌به‌رخۆیه‌وه وتی (تیپی وه‌رزشی بروسكه)، ئه‌وه‌شی به باشی بیرماوه كه خۆی تیپه‌كه‌ی ناونا. هه‌موویان خه‌ڵكی یه‌ك گه‌ڕه‌ك بوون و سه‌ره‌تا له گۆڕه‌پانێكی بچوكی گه‌ڕه‌كدا یارییان ده‌كردو دواتر بیریان له‌وه كرده‌وه تیپێك درووست بكه‌ن. له وێنه‌كه‌دا ئه‌وانه‌ی به پێوه وه‌ستابوون له راسته‌وه یه‌كه‌مین كه‌س ئه‌م بوو، به قژێكی زۆر‌و له‌شێكی باریك و لاوازه‌وه هه‌ردوو ده‌ستی كردبوو به نێو یه‌كداو له‌سه‌ر سنگی به توندی رایگرتبوون. پارچه په‌ڕۆیه‌كی سپیشی به‌ستبوو به قۆڵی چه‌پییه‌وه. به ته‌نیشتییه‌وه سابیری گۆڵچی وه‌ستابوو، له‌مه‌وه تا ئه‌وسه‌ر هه‌موویان شانی راست و چه‌پیان له‌گه‌ڵ یه‌ك جووت كردبوو. ره‌حیم له‌لای راستی سابیره‌وه له‌سه‌ره‌تای ته‌ماشاكردنی وێنه‌كه‌دا پێش هه‌موویان سه‌رنجی راده‌كێشای، به‌وه‌ی له هه‌موویان باڵای به‌رزتر بوو. فانیله‌كه‌ی شۆڕكردبۆوه به‌سه‌ر شۆرته‌كه‌یدا، به‌ڵام هه‌ردوو چاوی نوقاندبوو. به‌ته‌نیشتییه‌وه ئه‌رسه‌لان به‌ڕوویه‌كی گرژه‌وه وه‌ستابوو كه له‌وه ده‌چوو بگری، ئه‌وه‌ی بیركه‌وته‌وه كه هه‌موو جارێك له نێو خۆیاندا ئه‌ویان توڕه ده‌كردو پێیانده‌گوت ده‌موچاوی له گریان ده‌چێت. له‌ولاشه‌وه فازیل و عه‌باس به هه‌مانشێوه‌ی ئه‌وانی تر وه‌ستابوون. له‌وسه‌ری لای چه‌پیشه‌وه وه‌ستا ساڵح وه‌ك ئه‌وان وه‌ستابوو، به‌ڵام ئه‌و شه‌رواڵ و چۆغه‌ی له‌به‌ردابوو كه له‌وه‌ده‌چوو ره‌ساسی بێت و پشتوێنێكی باریكی ره‌شی به‌ستبوو.
ریزی پێشه‌وه ئه‌ژنۆیان نووشتاندبۆوه‌و هه‌موویان ده‌ستی راستیان خستبووه سه‌ر شانی یه‌كدی و ده‌ستی چه‌پیشیان له‌سه‌ر ئه‌ژنۆی چه‌پیان دانابوو. له‌به‌رده‌می ئه‌مدا كه‌ریمه‌ڕه‌ش دانیشتبوو، له وێنه‌كه‌دا ته‌ماشای به‌رده‌می خۆی كردووه. لای راستی ئه‌ویشه‌وه كوڕێك بوو كه ئه‌م ئێستا ناوی له‌بیرچۆته‌وه‌و هه‌ر ئه‌وه‌نده ده‌زانێت كه ئه‌وكاته به‌رده‌وام به سووره بانگیان ده‌كرد. به‌ته‌نیشت ئه‌ویشه‌وه ره‌فیق بوو كه تۆپێكی له‌به‌رده‌مدا بوو. ناوی ئه‌و كه‌سه‌ی لای راستی ره‌فیقی له‌بیرنه‌ماوه، هه‌ربۆیه به‌خێرایی چاوی بۆ سه‌ر كه‌سێكی تر گوێزایه‌وه. به‌هادینه‌كوێر بوو كه ئه‌وسه‌ری چه‌پی ریزه‌كه‌ی گرتبوو، به به‌رده‌وامی له‌به‌ر هه‌تاودا چاوی چه‌پی ده‌نوقاند.
دوای ته‌ماشاكردنی ئه‌و وێنه‌یه، به هه‌مانشێوه‌و زۆر به وردی له‌سه‌ر چه‌ند وێنه‌یه‌كی دیكه‌ی ئه‌و ئه‌لبومه وه‌ستا. له كۆتایی ئه‌لبومه‌كه‌دا وێنه‌یه‌كی له چاوی نزیك كرده‌وه. پێشتر ئه‌وه‌نده سه‌یری ئه‌و وێنه‌یه‌ی كردووه، به باشی نازانێت كه كاتی وێنه‌گرتنه‌كه‌ی ته‌واو له‌بیره، یان خۆی وه‌ك حیكایه‌تێك درووستیكردووه. باش له‌بیرێتی كه كاك فه‌تاحی دراوسێیان وێنه‌كه‌ی گرت. نیوه‌ڕۆیه‌كی گه‌رم بوو، ئه‌م و دوو هاوڕێی تری له كۆڵانی خۆیان هه‌ڵماتێنیان ده‌كرد. كاك فه‌تاح له‌وكاته‌دا ده‌گه‌ڕایه‌وه بۆ ماڵه‌وه، كاتێك گه‌یشته لای ئه‌مان، كامێرایه‌كی به‌ده‌سته‌وه گرتبوو، هه‌رئه‌وه‌نده‌یان گوێلێبوو كه وتی (ئاده‌ی كوڕینه جوان بوه‌ستن با ره‌سمێكتان بگرم). دوای ئه‌وه هه‌رسێكیان به ته‌نیشت یه‌كه‌وه وه‌ستان و ئه‌و وێنه‌یه ده‌رچوو كه ئێستا ئه‌م به وردی ته‌ماشای ده‌كات. ئه‌م له ناوه‌ڕاستی هه‌ردووكیاندایه، فاروق لای چه‌په‌وه‌یه كه ئێستا نازانێت ئه‌و هاوڕێیه‌ی كه‌وتۆته كوێوه‌و چی به‌سه‌رهاتووه، لای راستیشه‌وه مه‌ریوانی كوڕی كاك فه‌تاح وه‌ستاوه كه له‌و ساڵانه‌ی دواییدا سه‌یاره لێیداو مرد. وێنه‌كه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ره‌ش و سپی بوو، تۆزێك له وێنه‌ی ئێستاش بچوكتر بوو. له‌دوایانه‌وه لقی دارتووه‌كه‌ی به‌رده‌رگای خۆیان له‌گه‌ڵ به‌شێكی دیواره‌كه‌یان ده‌رچووبوو. به‌هۆی كۆنیی وێنه‌كه‌وه به‌ته‌واوی نه‌یده‌توانی رووخسار‌و ورده‌كاریی ئه‌و شتانه ببینێت، هه‌رئه‌وه‌نده ده‌رده‌كه‌وێت كه مه‌ریوان ملی به‌لای ئه‌مدا تۆزێك خواركردۆته‌وه‌و ئه‌میش ده‌ستی چه‌پی خستۆته سه‌ر شانی راستی فاروق. هه‌رسێكیان به‌هۆی تیشكی خۆره‌كه‌وه چاویان به ته‌واوی نه‌كراوه‌ته‌وه‌و به گرژییه‌وه ته‌ماشای كامێراكه ده‌كه‌ن.
هه‌موو جارێك دوای ته‌ماشاكردنی ئه‌و سێ ئه‌لبومه، حه‌زیده‌كرد پشوویه‌كی كورت بدات و دواتر ئه‌لبومی چواره‌م بگرێت به‌ده‌ستییه‌وه. ئه‌لبومی چی، جگه له خۆی هه‌ركه‌سێك ته‌ماشای بكردایه پێكه‌نینی ده‌هات، چونكه ته‌نها یه‌ك وێنه‌ی تێدابوو! دوای پشوویه‌ك وه‌ك ئه‌وه‌ی بگاته كۆتایی دیمه‌نێكی سه‌رنجڕاكێش، ده‌ستیدایه ئه‌لبومی چواره‌م و زۆر به وردی و بۆ ماوه‌یه‌كی درێژخایه‌ن له‌و ته‌نها وێنه‌یه راما. وێنه‌كه بچوكه‌و وه‌ك رێشاڵی سه‌ر گه‌ڵایه‌كیش له‌چه‌ند شوێنێكه‌وه شكاوه‌ته‌وه. ئێستا نازانێت چۆن ئه‌و وێنه‌یه گیراوه، به‌ڵام ئه‌وه ده‌زانێت كه ئه‌م له‌و وێنه‌یه‌دا ته‌مه‌نی له نێوان پێنج بۆ شه‌ش مانگدایه. له وێنه‌كه‌دا ئه‌م به پێوه وه‌ستاوه‌و له ته‌نیشتی لای راسته‌وه ده‌ستێك دیاره كه له‌پشته‌وه ئه‌می راگرتووه‌و لای چه‌پیشه‌وه گوڵێكی گه‌وره دانراوه. له وێنه‌كه‌دا ئه‌م قژێكی كه‌می هه‌یه‌و جلێكی خه‌تخه‌تی له‌به‌ردایه‌و هه‌ردوو ده‌ستی توند نوقاندووه‌و به رووخسارێكی پێكه‌نیناوییه‌وه ته‌ماشای كامێراكه ده‌كات.
له‌وكاته‌دا به خێرایی بیری ئه‌و وێنه‌یه‌ی كه‌وته‌وه كه ئه‌م ئێواره‌یه هێنابوویه‌وه، هه‌ربۆیه وێنه‌كه‌ی له‌ولای خۆیه‌وه هه‌ڵگرت و ته‌ماشایكرد. له وێنه‌كه‌دا پاڵیداوه به دره‌ختێكه‌وه‌و قژێكی كه‌می به‌سه‌ره‌وه‌یه‌و جلێكی خه‌تخه‌تی له‌به‌ردایه‌وه‌و هه‌ردوو ده‌ستی توند نوقاندووه‌و به روویه‌كی گرژه‌وه ته‌ماشای كامێراكه ده‌كات.
وه‌ك تێكدانی سه‌رله‌به‌ری ئه‌و رێسایانه‌ی بۆ پۆلێنكردنی ئه‌لبومه‌كانی داینابوون، دوای ته‌ماشاكردنێكی ورد‌و بێ بیركردنه‌وه، بڕیاریدا ئه‌و وێنه‌یه‌ی ئه‌م ئێواره هێنابوویه‌وه بخاته ئه‌لبومی چواره‌مه‌وه..به‌هاری 2009