
سوتاندنی گۆڤاری لڤین له‌لایه‌ن پارتیه‌وه،تیرۆری ئازادیه.
سوتاندنی گۆڤاری لڤین له‌لایه‌ن پارتیه‌وه،تیرۆری ئازادیه.
ئه‌میر قادر – هۆڵه‌ند
hangau@gmail.comدوێنێ رۆژی سێ شه‌مه به‌رواری 23/6/2009 كاتژمێر (1)ی دوای نیوه‌رۆ هێزه‌كانی ئاسایشی پارتی دیموكراتی كوردستان له شاری زاخۆ هه‌ڵیان كوتایه سه‌ر كتێبخانه‌ی (مه‌تینی یه‌ك)له‌و شاره پاش هه‌ڕه‌شه‌كردن له‌خاوه‌نی كتێبخانه‌كه، برایه‌كی خاوه‌ن كتێبخانه‌كه‌یان به‌ناوی (باوه‌ڕ احمد مقداد به‌رواری) ته‌مه‌ن هه‌ژده ساڵیان بۆ ماوه‌ی بیست و چوار كاتژمێر ده‌ستگیركرد وه پێیان وتووه كه نابێت جارێكی تر گۆڤاری (لڤین)بفرۆشێت‌و ته‌واوی ژماره (94)كۆڤاری (لڤین)یان له زاخۆ كۆكرده‌وه‌و سوتاندیان.
ئه‌م روداوه له‌كاتێكدا بوو كه دوێنی سه‌رۆكی هه‌رێم له‌گه‌ڵ ڕۆژنامه‌نوسانی كوردستان كۆبووه به‌ڵێنی ئه‌وه‌ی پێدان كه له‌پشت میدیاوه دهوهستێتو هاوكارییان ده‌كات به‌ڵام به‌داخه‌وه وته‌كانی سه‌رۆكی هه‌رێم له‌م باره‌یه‌وه ته‌نها یه‌ك كاتژمێر بڕیان نه‌کرد(*).
ئه‌وه‌ی سه‌ره‌وه ده‌قی هه‌واڵیکه که گۆڤاری لڤین بڵاوی کردۆته‌وه،دووساڵی ڕابردوو لڤین له‌گه‌ڵ میدیا ئه‌هلیه‌کانی تردا به‌رده‌وام له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌و ترس‌دا بووه،هێشتا خوێنی سۆرانی مامه‌حه‌مه ڕۆژنامه‌نووسی لڤین بیری که‌س نه‌چۆته‌وه و هێشتاش هه‌وڵی تیرۆرکردنی سه‌رنوسه‌ره‌که‌ی له‌دادگادا ساغ نه‌بۆته‌وه، که له‌هه‌ردوو ڕووداوه‌که‌دا په‌نجه‌ی گومان بۆ پارتی دیمۆکرات ڕاده‌کێشرێت،دوێنێ گۆڤاری لڤینیان لهزاخۆدا کۆکرده‌وه‌و سوتاند،له‌بری خاوه‌نی کتێبخانه‌که‌ش براکه‌یان بۆ ماوه‌ی 24 کاتژمێر گرتووه،ئه‌م بابه‌ته له‌سه‌ر وه‌ستان و تێفکرینی ده‌وێت،سه‌رۆک بارزانی دوێنێ له‌کاتی ده‌ستپێکردنی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌کانیان له‌هه‌ولێر و له به‌رده‌م زومی کامێره‌کاندا که‌وته به‌ڵین دان و خۆکردن به‌فریشته‌ی ئازادی و عه‌داله‌ت و کوردستانیشی کرد به ئه‌وروپا،به‌ڵام سه‌رۆک بێزاریه‌کی زۆری به‌رانبه‌ر به‌ڕۆژنامه‌نووسانی ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌لات و میدیا ئه‌هلیه‌کان پێوه‌دیاربوو،سه‌رۆک که‌وته‌وه کێشان و پێوانی ڕۆژنامه‌نووسان و نه‌یتوانی ئه‌وه بشارێته‌وه و به‌نه‌زان و نه‌خوێنده‌وارو جوێن فرۆشی له‌قه‌ڵه‌م دان،تێناگه‌م مه‌سعودبارزانی وه‌ک سیاسیه‌کی کۆن و خاراو چۆن بوو له‌و هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌دا که به‌گشتی حیزبه‌کان به ده‌هۆڵ و زوڕناوه پرۆژه‌کانیان باس ده‌که‌ن و که‌متر ده‌چنه سه‌ر ئه‌وانه‌ی کهنهگهتیفن بۆ خۆی پێنه‌گیراو له گرێی ئه‌م چه‌ند ده‌نگه‌ی که‌ناویان ڕۆژنامه‌ی ئه‌هلیه توڕه‌بوونی خۆی بۆ نه‌شاردرایه‌وه،سه‌رۆک جاری یه‌که‌می نیه ئه‌م ده‌نگانه به تابووری پێنج،فیشه‌کی ناوچه‌که‌کانی بێگانه‌کان،ده‌ستی ده‌ره‌کی باس بکات.هاوڕاو یه‌ک کاتژمێر دواتر یاساوڵه‌کانی سه‌رۆک گۆڤاری لڤینیان له بادیناندا ئاگرتێبه‌ردا،په‌یوه‌ندی ئه‌م دوو ڕوداوه و بینینی و شیکردنه‌وه‌ی ڕه‌نگه زۆر کاری نه‌وێت،سه‌رۆک ئه‌گه‌ر ڕاسته‌وخۆش ده‌ستی نه‌بێت ناڕاسته‌و خۆ فرمانی تاوانێکی داوه که پێشێل و ژێرپێ نانی ئازادی و مافه سه‌ره‌تایه‌کانی مرۆڤه،له‌ده‌ربڕین و ڕاگه‌یاندن و کۆبونه‌وه‌و،،،،هتد. له‌هه‌ر وڵاتێک که یاسا کاری تێدا ئه‌کات جیاوازیه‌کی ئه‌وتۆ نیه له نیوانی ئه‌نجامدانی تاوانێک و هاندان بۆ ئه‌نجامدانی هه‌مان تاوان،له‌هه‌مووشی بهعسیانهتر گرتنی برای خاوه‌نی کتێبخانه‌که‌یه له بری خاوه‌نه‌که‌ی،سه‌رانی پارتی ویه‌کێتی هه‌میشه به‌وه بیزارن که‌ده‌ڵێین یاسا‌و ڕه‌فتاری به‌عسیانه ده‌که‌ن،مه‌گه‌ر ئه‌وه به‌عس نه‌بوو که‌له‌بری کوڕه فیرارێک خیزانه‌که‌ی و منداله‌کانیان زیندانی ده‌کران و ده‌برانه ده‌زگاکانی به‌عس.
خه‌می ئازادی و خه‌می مافه‌کانی مرۆڤ خه‌می هه‌موو که‌سێکه که‌تۆزێک ڕێز بۆ خۆی و مافی خۆی داده‌نێت،هه‌رکه‌س بتوانێت پاماڵی ماف و شکۆمه‌ندی که‌سانێکی تربکات هه‌مان شت بۆخۆشی رازی ده‌بێت و ده‌بێته که‌سێکی زه‌لیل و بێئیراده‌و ترسنۆک با هێزو له‌شکری ئاماده‌شی هه‌بێت،ئه‌رکی هه‌مووانه که به‌هێمنی و به‌ڵام به‌ڕاشکاوی ڕه‌خنه و ناره‌زایه‌تی له‌م ده‌سه‌ڵاته تۆتاڵیتاره بگرین،شه‌ڕی ئایندهی کۆمه‌ڵگای ئێمه کێشمه کێشمه له‌سه‌ر پانتایه‌کانی ئازادی و مافه کۆمه‌ڵایه‌تی و مه‌ده‌نیه‌کان ،کێشه‌و وادارکردن بۆ دیالۆگ و بوارکردنه‌وه بۆڕهخنه،بوارکردنه‌وه بۆ گوێ گرتن و گفتوگۆکردن،تێپه‌ڕاندنی سونه‌تی خێڵ و خوێن.ئێمه نه‌وه‌یه‌کین کهنابهختهوهرین و ده‌بێت له‌به‌رانبه‌ر ده‌سه‌ڵاتی سوڵتانه‌کاندا خوێن ببه‌خشین تابواری کایه‌کانی دیموکراتی فراوانبکه‌ین،ده‌بێت هه‌موو هه‌وڵمان ئه‌وه‌بێت به‌رانبه‌ر فێری گوێگرتن وخۆشمان فێری ره‌فتارو کرداری ڕاست و ڕهوانبکهین،ئازادی گۆره‌پانی هه‌مووانه.
سه‌رۆک له‌م کایه‌دا زۆرترین به‌شی به‌ر ده‌که‌وێت،سه‌رۆک ده‌بوو کۆچ و رابه‌ری ئازادیه‌کان بێت،جێگه‌ی ره‌خنه‌یه سه‌رۆک هه‌لگیرسێنه‌ری شه‌ره‌کانه و هه‌میشه زمانی هه‌ڕه‌شه و چه‌ک به‌سه‌ر زمانی دیالۆگ و گوێگرتن و ئاخاوتنیدا زاڵه،ئازادی به‌رهه‌می کاری هه‌مووانه به‌رهه‌می ڕه‌نجی هه‌مووانه،ره‌نگه بتوانن سه‌روه‌ت و سامانی کۆمه‌ڵگا قۆرخبکه‌ن و بتانه‌وێت ژیانێک شاهانه له‌ته‌نیشت ههژارئاواکان و ئهنفالئاواکان وخانووه قوڕینه‌کانه‌وه بۆماوه‌یه‌ک دابین بکه‌ن،به‌ڵام تاپۆکردنی ئازادی و به‌ستنی ده‌م وگوێی خه‌ڵک یاریه‌که تێک ئه‌داته‌وه،ڕه‌نگه کۆشکه‌کانی ئێوه‌ش وێرانبکات و هه‌مووان بگه‌ڕێنێته‌وه خاڵی سه‌ره‌تا.
حکومه‌تی هه‌رێم و ده‌سه‌ڵاتدارانی له‌هه‌موو که‌س باشتر ده‌زانن که به‌رپرسی ژیان و گوزه‌ران وماف وئه‌منیه‌تی هه‌موو خه‌ڵکی کوردستانن،هه‌موو پێشێلکاریه‌کان و تیرۆره‌کان یه‌خه‌ی سه‌رۆکه‌کان ده‌گرێته‌وه‌و له‌به‌رانبه‌ریشدا ناڕه‌زایه‌تیه‌کانی خه‌ڵک و نه‌فره‌تیان زیاد ده‌کات،سه‌رۆکه‌کان ڕه‌نگه ئه‌مه له‌من باشتر بزانن ئه‌وه‌ی هاوارتان بۆده‌نگی خه‌ڵک لێهه‌ستاوه و هه‌موو کارێدهکهن بۆبه‌ده‌ستهێنانی ده‌نگیان و سه‌فته‌ی پاره‌کانتان که به‌خێرایی سه‌رف ده‌بن له‌وه‌ناچێت هیچکه دادتان بدات،هه‌رچه‌ند به‌هێزیش بیت ده‌بێت بیرێک لهبێهێزی و دۆران بکه‌یته‌وه،کۆمه‌ڵگایه‌ک که به‌پێی یاسای مست‌و دره‌وشه و چاوبهچاوو ددان به‌ددان کارده‌کات له‌هه‌ڵبه‌زو دابهزهکاندا ئاڵوگۆرهکان زۆر خێرا‌و بێڕهحمانهن،به‌عس تا کوونی چاوی چه‌کدارو ئاماده‌بوو،به‌تفه‌نگه شینکه‌کانی ئێوه نه‌ڕوخا،گه‌نج و لاو‌و خه‌ڵکی بێچه‌ک بنکه‌کانی ئه‌وانی بهچۆکداهێناو ڕاپه‌ڕین به‌عسی به‌ده‌رنا.
—————————————————————————
* بۆته‌واوی هه‌واڵه‌که‌ی گۆڤاری لڤین سه‌یری ماڵپه‌ڕی لڤین بکه http://www.lvinpress.com/Direje.aspx?Jimare=206