Skip to Content

Thursday, August 18th, 2022

تۆ له‌ كوێیت تا دڵم هه‌ڵبگریت؟ (*)

Closed
by July 3, 2009 ئەدەب

 

تۆ له‌ كوێیت تا دڵم هه‌ڵبگریت؟ (*)
ئارێز سمكۆ حوسێن

 

له‌ گزنگه‌وه‌ دڵم به‌ پێده‌شته‌كاندا ده‌گه‌ڕێ
تا له‌بن تاوێرێك
یان پنجه‌ گیایه‌ك
دڵی ون بووم بدۆزێته‌وه‌!
ئه‌مه‌یه‌ گه‌ڕانم ئه‌ی "ژن"
تۆ له‌ كوێیت تا  دڵم هه‌ڵبگریت؟

سه‌یره‌ ئه‌ی گوڵ
خۆت له‌ هه‌تاو زیزده‌كه‌یت و
له‌ خاكیكدا كه‌ ئاسووده‌یت ڕاده‌كه‌ی!
ئه‌مه‌یه‌ سه‌راسیمه‌م ئه‌ی "ژن"
تۆ له‌ كوێیت تا  دڵم هه‌ڵبگریت؟

دامپۆشه‌ به‌ یاده‌وریت و
به‌ ‌نیگاكانت قووڵتر لێم بڕوانه‌
تا دیوه‌ نادیاره‌كه‌ی خۆم ده‌دۆزمه‌وه‌
ئه‌مه‌یه‌ ڕوانین ئه‌ی "ژن"‌
تۆ له‌ كوێیت تا  دڵم هه‌ڵبگریت؟

له‌ئاگاییمدا دڵ خۆی ده‌دوێ و
فه‌زای ده‌نگت به‌ گوێچكه‌ی دڵمدا ده‌له‌رێته‌وه‌ و
خورپه‌یه‌ك له‌ تاسانم ڕاده‌چڵه‌كێ
ئه‌مه‌یه‌ كرۆكی بیركردنه‌وه‌ له‌ تۆ ئه‌ی "ژن"
تۆ له‌ كوێیت تا  دڵم هه‌ڵبگریت؟

له‌م دیوی گومانه‌وه‌
نیگام ده‌نیشێته‌ سه‌ر هه‌قیقه‌ت و
تاڵی نامۆییم ده‌ڕسكێ
خۆت له‌ كوێی ته‌می گوماندا حه‌شارداوه‌
كه‌ی به‌بێ حه‌قیقه‌ت
ئاوزنگی نائومێدییم ده‌شه‌به‌نگێ
ئه‌مه‌یه‌ گڕیده‌یه‌ك به‌ دوای حه‌قیقه‌ت ئه‌ی "ژن"
تۆ له‌ كوێیت تا  دڵم هه‌ڵبگریت؟

له‌ بێئاگاییتدا
به‌هانه‌یه‌ك بۆ خۆم ده‌بینمه‌وه‌
ئه‌ی گوڵ "خۆم له‌ دوای دڵمدا ده‌گه‌ڕێم" و
ده‌مه‌وێ به‌ داوی مه‌قامه‌تی ڕاكشان بیگرم
گه‌رچی ده‌شزانم كارێكه‌ و
سه‌راب له‌ شه‌واره‌ی شه‌ودا
خۆی به‌ فیتنه‌ی نا مه‌یلی یار ده‌كوژێ!
ئه‌مه‌یه‌ مردن ئه‌ی "ژن"
‌تۆ له‌ كوێیت تا  دڵم هه‌ڵبگریت؟

تۆ له‌ كوێیت ئه‌ی دڵدار
گه‌ر خۆت له‌ نامۆیی حه‌شارداوه‌
من له‌ ‌ئاگاییدا ون ده‌بم و
پێكڕا خه‌ونمان گوڵزاره‌ ‌و
له‌ دووری یه‌كتریش خه‌و بینینمان زه‌رده‌
ئه‌مه‌یه‌ ون بوون ئه‌ی "ژن"‌
تۆ له‌ كوێیت تا  دڵم هه‌ڵبگریت؟

له‌ ‌زه‌مه‌نی بێئاگاییمدا
زمان خۆی له‌ دڵ و
باران له‌ خاكدا ده‌نوێنێ
ئه‌مه‌یه‌ ته‌ڕ بوون ئه‌ی "ژن"
تۆ له‌ كوێیت تا  دڵم هه‌ڵبگریت؟

له‌ ‌ته‌رزه‌ بیركردنه‌وه‌كانمدا له‌ تۆ
ئاكامگیرییه‌ك له‌ دڵدا ده‌خورپێ و
بۆ كۆكردنه‌وه‌ی ئه‌شكی شوێنپێت
به‌دوای ده‌نگت ده‌كه‌وێ
تا رێژنه‌یه‌ك له‌ ئه‌شقت
تاڤگه‌یه‌ك له‌ نامۆییم بۆ دروست ده‌كا و
تا ده‌توانێ شه‌پۆڵان له‌ ئاگایی و
ڕسكان له‌ خه‌مدا فرچك ده‌دا
خه‌مهێنه‌ره‌ ئه‌ی "ژن"
تۆ له‌ كوێیت تا  دڵم هه‌ڵبگریت؟

له‌ مووروی بیركردنه‌وه‌ له‌ تۆ و
بینینه‌وه‌ی گه‌نجینه‌ی دڵت
ده‌نكه‌ موورو له‌ پسانی داوی سه‌بردا
وه‌رده‌بێته‌وه‌ سه‌ر زه‌مینی نامۆییم!
خه‌مناكه‌ ئه‌ی "ژن"
تۆ له‌ كوێیت تا  دڵم هه‌ڵبگریت؟

عه‌یامێكه‌ گه‌ڕیده‌یه‌كی بێ ناونیشانم
به‌ ‌دوای زایه‌ڵه‌ی هه‌واری ده‌نگت و
ترپه‌ی پێی دڵته‌وه‌ وێڵم
ئه‌رێ :
تۆ له‌ كوێیت تا  دڵم هه‌ڵبگریت؟

له‌ پایزی بیركردنه‌وه‌ له‌ ‌تۆ
گه‌ڵاكانی یاده‌وه‌رییت
به‌ وشك هه‌ڵاتووی ده‌سووتێ
تا ئه‌مه‌ نمایش ده‌كا "بیرت ده‌كه‌م"
تۆ له‌ كوێیت تا  دڵم هه‌ڵبگریت؟

دڵی ژنێك به‌ داوی یاده‌وه‌رییم
گیر بووه‌ و له‌ خه‌یاڵدا ئاماده‌
گه‌رچی له‌ ته‌وته‌می گوماندا
وه‌ك گه‌ردوون 
خۆی نیشانده‌دا
چۆن له‌ یاده‌وه‌رییم جێگات بۆته‌وه‌ ؟!
تۆ له‌ كوێیت تا  دڵم هه‌ڵبگریت؟

هه‌موو ڕسته‌یه‌ك مانای تۆ و
گشت ماناكان بۆ تۆن
له‌ په‌یڤینی یاده‌وه‌رییم زمانزانێك ئاماده‌یه‌
ئه‌ی هه‌موو مانا "ژن"
تۆ له‌ كوێیت تا  دڵم هه‌ڵبگریت؟

ئه‌رێ تۆ له‌ كوێیت تا  دڵم هه‌ڵبگریت؟
پێم بێژه‌
شانت به‌ چ نیشانه‌یه‌كی پرس داداوه‌؟
له‌ به‌رده‌م كامه‌ نیشانه‌ی سه‌رسووڕماندا
نوێژ بۆ گریان ده‌كه‌یت؟
نه‌كا چووبیته‌ سه‌رمه‌زاری شیعر و
داوای ئاسووده‌یت لێی كردبێ؟!
ئه‌رێ چۆن ده‌بێ
له‌ ترۆپكی وشه‌یه‌ك هه‌ڵبزنێی و
له‌ مه‌قامی ده‌سته‌واژه‌یه‌كدا ئاگایت له‌ یاد بكه‌یت
ئه‌مه‌یه‌ هه‌موو گه‌ڕانێك ئه‌ی "ژن"
تۆ له‌ كوێیت تا  دڵم هه‌ڵبگریت؟

له‌ گشت ڕسته‌یه‌كمدا و
له‌ تارمایی هه‌نگاوه‌كانیشمدا
به‌رجه‌سته‌یت ئه‌ی گوڵ
تۆ له‌ كوێیت تا دڵم هه‌ڵبگریت؟

خه‌مم له‌ هه‌راو زه‌نا‌دا خۆی ون ده‌كا و
له‌م هه‌موو گوڵه‌شلێره‌دا
له‌ باوه‌شی گوڵه‌ وه‌نه‌وشه‌یه‌‌كدا
ئاخێك بۆ یاده‌وه‌رییم ده‌رده‌دا
هه‌ر ته‌نیا گوڵێك به‌سه‌ بۆ ڕامان و
خه‌مێك به‌سه‌ بۆ داگیركردنی روح!
گه‌رچی به‌رجه‌سته‌ ده‌بێته‌وه‌
خه‌مێكی تارمایی به‌ ناخمدا
وه‌لێ ترسێك وه‌ك ویزه‌ ده‌نگێك
"وه‌" له‌ ویژدانم ده‌كا
تا كه‌ی ئه‌م هه‌موو ڕاژاندنی ناخه‌ ئه‌ی گوڵ؟!
تۆ له‌ كوێیت تا  دڵم هه‌ڵبگریت؟

له‌مندا حه‌زێكی شێوه‌ میوه‌یی نه‌گه‌ییوو
ڕه‌گێكی خه‌مكێشی به‌دوای خۆیدا په‌لكیش كردووه‌
هیچ مانایه‌ك نه‌ماوه‌ لێی نه‌په‌یڤێم ده‌رباره‌ی "تۆ"
ئه‌مه‌یه‌ هه‌موو شتێك ئه‌ی "ژن"
ئه‌رێ تۆ له‌ كوێیت تا  دڵم هه‌ڵبگریت؟

سێبه‌رێك وردو خاش به‌ ناخمدا
وه‌رده‌بێ و مردنی خۆی ڕاده‌گه‌یه‌نێ
له‌م یاده‌وه‌رییه‌مدا ته‌نیا زمان ئاماده‌یه‌
ئه‌ی سێبه‌ر و هه‌موو شتێك "ژن"
ئه‌رێ تۆ له‌ كوێیت تا  دڵم هه‌ڵبگریت؟

له‌ ‌یاده‌ورییمدا ده‌تاسێ
دیمه‌نی شه‌قامه‌كه‌ی ته‌نیشت قوتابخانه‌كه‌م
كه‌ یه‌كه‌م كیژی ژیانم تێدا بینی
چ حه‌سره‌تێكه‌ له‌ یاد نه‌چوونه‌وه‌
ئه‌مه‌ دوایین نیگاره‌ بێته‌وه‌ بیرم و
ده‌ستی سه‌وزی نائاگاییم ده‌ستبه‌رداری نه‌بێت
ئه‌مه‌یه‌ له‌ یاد نه‌چونه‌وه‌ ئه‌ی "ژن"
تۆ له‌ كوێیت تا  دڵم هه‌ڵبگریت؟

بیره‌وه‌ریه‌ك له‌ گیانم ته‌نیووته‌وه‌
سه‌راپای یاده‌ورییم ده‌نوێنێ
تاقه‌ كیژه‌ ماسییت خۆش بوێت و
به‌ ئاو نه‌ڵێیت!
تۆ له‌ كوێیت تا  دڵم هه‌ڵبگریت؟

باڵنده‌ی بێ مه‌یلیت
ده‌نووك له‌ دڵم ده‌دا
ئه‌مه‌ چ كاره‌ساتێكه‌ له‌ ئازار كێشانه‌وه‌
ئازار بكیشیت!
تۆ له‌ كوێیت تا  دڵم هه‌ڵبگریت؟

گوزه‌ر ده‌كه‌م له‌ خۆمدا
تا ئه‌ویتری خۆم به‌ ئاگادێنم
چ مه‌ینه‌تییه‌ك ڕووی تێكردووم
ئه‌مه‌یه‌ خۆم ئه‌ی "ژن"
تۆ له‌ كوێیت تا  دڵم هه‌ڵبگریت؟
له‌ خه‌مدا بمدوێنه‌ و
خه‌ونه‌كانم تێكه‌ڵ به‌ گه‌واڵه‌ی بێده‌نگی بكه‌
بمده‌وه‌ هه‌موو خه‌مگینیه‌كان و
هه‌موو ئه‌وانه‌ی رۆیشتن
تۆ له‌ كوێیت تا  دڵم هه‌ڵبگریت؟

له‌كه‌ناری حه‌زێكی شه‌رمنه‌وه‌
تاڵێك دڵۆپه‌ ئاوی بیروه‌رییت ده‌مخنكێنێ و
هه‌رچی قه‌ده‌ره‌ له‌ بووندا ده‌هه‌ژێ
ئه‌مه‌یه‌ تاقه‌ ئاواتی به‌دینه‌هاتوو
تۆ له‌ كوێیت تا  دڵم هه‌ڵبگریت؟

ڕازێك ده‌زرنگێ و
تێكه‌ڵییه‌ك شین ده‌بێ له‌ بیره‌وه‌رییمدا
ئاكامگیریی ئه‌م خه‌مه‌ په‌نهانیه‌ و
دووره‌ ده‌سته‌ ئه‌م یاده‌م
تۆ له‌ كوێیت تا  دڵم هه‌ڵبگریت؟

تا دوورتر بیت زێتر ده‌نوێنێ له‌مندا
تا نزیكتر بیت زێتر ده‌سووتێم
باوه‌شێك بۆ ته‌نیاییم بكه‌وه‌
خه‌مێك بۆ ئاوه‌ڵاییم فه‌راهه‌م بكه‌
ئه‌مه‌یه‌ هه‌موو شت ئه‌ی "ژن"
تۆ له‌ كوێیت تا  دڵم هه‌ڵبگریت؟

له‌ناخمدا شۆڕ ده‌بێته‌وه‌ ته‌نیایی
له‌خه‌مدا ده‌نوێنێ سووتانم
ئه‌مه‌ خه‌مێكی حه‌سره‌تباره‌ و
ئاپۆڕه‌یه‌ك له‌ ماته‌مینم به‌رجه‌سته‌ ده‌كاته‌وه‌
ئه‌مه‌ هه‌موو خه‌م ئه‌ی "ژن"
تۆ له‌ كوێیت تا  دڵم هه‌ڵبگریت؟

له‌گه‌ڵ مندا گه‌وره‌ ده‌بیت و
ده‌ورم ده‌ته‌نێ سه‌رابت
له‌ ساكارییمدا گومانت ده‌ڕسكێ
ئه‌م ئازاره‌ فراژیبوونی روحه‌ و
دابارینی خه‌مه‌ به‌ ئاگاییمدا
ئه‌مه‌یه‌ هه‌موو ئازار ئه‌ی "ژن"
تۆ له‌ كوێیت تا  دڵم هه‌ڵبگریت؟

ژانێك به‌ سوێیی خۆی ڕاده‌گه‌ینێ و
گریانم غه‌واره‌ی به‌فر ده‌كا
سه‌راسیمه‌ هه‌موو به‌ده‌نم ئه‌شكی زارییه‌
ده‌له‌رزێ بیره‌وه‌ریت و
ده‌په‌یڤێ ئه‌شقت
ئه‌مه‌یه‌ هه‌موو ئه‌شقت‌ ئه‌ی "ژن"
تۆ له‌ كوێیت تا  دڵم هه‌ڵبگریت؟

*دێره‌ شیعرێكی ره‌فیق سابیره‌.
                                               ته‌مووزی  2008

 

Previous
Next