
حیزبی کاتبه‌سه‌رچوو، ڕێبه‌ری کاتبه‌سه‌رچوو
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی
له وڵاتانی ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریکا و ئه‌وسترالیا و وڵاتگه‌لی بڕێک پێشکه‌وتوو، ته‌واوی خوارده‌مه‌نی و شله‌مه‌نی و شیره‌مه‌نی و نان و خۆراکی قوتوو و پاکه‌تکراو و ئه‌وانه، که له بازاڕدا ده‌فرۆشرێن، دوو مێژوویان له سه‌ر نووسراوه، یه‌کێکیان مێژووی به‌رهه‌مهێنان و دروستکردن و پاکه‌تکردن و پێچانه‌وه‌ی ئه‌و شتانه‌یه و مێژووی دووه‌میشیان مێژووی ته‌واوبوونی کارایی و بهکهڵکهاتنیانه. خۆراکێک، که مێژووی بهکهڵکهاتن و کارایی ته‌واو ده‌بێت، ئیدی له فرۆشگه‌کاندا لاده‌برێن و خه‌ڵک نایانکڕێت و هه‌ندێ جاریش، هه‌ر پێش مێژووی کاتبهسهرچوونیان، فرۆشگه‌کان به نرخێکی هه‌رزانتر، ئه‌و خۆراکانه ده‌فرۆشن و کڕیاری هه‌ژار و ده‌ستکورتیش ده‌یانکڕن. فرۆشگه‌کان، به‌و جۆره، ئه‌و شتگه‌له له کۆڵی خۆیان ده‌که‌نه‌وه و شوێن بۆ شتی نوێ له فرۆشگهکانیاندا، چۆڵ ده‌که‌ن. به‌و مێژووی ته‌واوبوون و کاتبهسهرچوونه، به ئینگلیزی ده‌گوترێ(Expire) و ئه‌و وشه ئینگلیزییه ئێستا که‌وتووه‌ته نێو زمانی کوردییشه‌وه. لابردنی ئه‌و شتگه‌له کاتبهسهرچووانه، له وڵاتانی ئه‌وروپا، به ڕێکوپێکی و به‌رده‌وام به‌ڕێوه ده‌چێت و کڕیار، هه‌رگیز شتی کاتبه‌سه‌رچوو ناکڕێت و فرؤشیاریش، هه‌رگیز شتی کاتبه‌سه‌رچوو له فرۆشگهکهیدا ناهێڵێته‌وه و نافرۆشێت. قانوون پارێزگاری له کڕیار ده‌کات و کڕیار مافی هه‌ڵبژاردن و تاوتوێکردن و ته‌نانه‌ت گێڕانه‌وه‌ی شتی کڕدراوی هه‌یه، ئه‌گه‌ر له‌به‌ر هه‌ر هۆیه‌ک به دڵی نه‌بوو.
له وڵاتانی جیهانه دواکه‌وتوو و به‌جێماوه‌کاندا، کوردستانیش وه‌ک نموونه‌یه‌ک، کڕیاری به‌دبه‌خت، بێجگه له‌وه‌ی مافی هه‌ڵبژاردنی نییه، نه مافی هه‌یه و نه ده‌توانی ئه‌و خۆراکه‌ی به دڵی نییه، بیگێڕێته‌وه و نه قانوونێکیش هه‌یه داکۆکی لێبکات. خاوهنفرۆشگهیش به ئاره‌زوو و مه‌رجی خۆی شتی پێ ده‌فرۆشێت. زۆرجاران شتی کاتبه‌سه‌رچووی، به نرخی شتی تازه، پێ ده‌فرۆشێ و هه‌رگیز ویژدانیشی ئازاری نادات. له‌م ئه‌وروپایه‌ش خاوهنفرۆشگه بیانییه‌کان، کورد، عه‌ره‌ب، تورک، فارس، پاکستانی و… جارجار وه‌ک ئه‌وانه‌ی کوردستان ده‌که‌ن و شتی کاتبه‌سه‌رچوو، به کڕیار ده‌فرۆشن، به‌ڵام کڕیاری ئێره، ئه‌گه‌ر کوردیش بێت، له کڕیاری کوردستان ئاگاتر و وریاتره و دیاره قانوونی وڵاته‌که‌ش پشتگریی لێ ده‌کات، مافی خۆی ده‌زانێت و قایل نابێت، به‌وه‌ی کڵاوی بنرێته سه‌ر، هه‌رچه‌نده هه‌ندێک جار ڕوو ده‌دات و دهخاپێنرێت.له کوردستانی له‌مه‌ڕ خۆمان، نه‌ک هه‌ر خۆراک و کاڵا، به‌ڵکه شتگه‌لێکی یه‌کجار زۆر کاتیان به‌سه‌رچووه، لێ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا خه‌ڵک ده‌ستبه‌رداریان نابن. سیاسه‌تکاری ئێکسپایه‌ر، حیزبی ئێکسپایه‌ر، بیروباوه‌ڕی ئێکسپایه‌ر، گوتاری ئیکسپایه‌ر، نه‌ریتی ئێکسپایه‌ر، بارهێنان و خوێندن و فێرکردنی ئیکسپایه‌ر، په‌روه‌رده‌ی ئێکسپایه‌ر، پێوهنداریهتیی ئێکسپایه‌ر و…گه‌لێک زۆرن و زۆر له‌مێژیشه کاتیان به‌سه‌رچووه.
دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان له مه‌هاباد، تا ساڵی 1968 و کۆتایی 1960ه‌کان، له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان (کوردستانی ئێران)، هیچ جۆره جموجووڵێکی دژ به ڕێژیمی شایه‌تی، له گۆڕێ‌دا نه‌بوو. له 1968دا، ڕاپه‌ڕینێکی گچکه و کورت و که‌مخایه‌ن به‌رپا بوو، لێ هه‌ر خێرا، کپ کرایه‌وه و ده‌ستی به‌سه‌ردا گیرا. دواتر له ساڵی 1979 دا و دوای ڕووخانی ڕێژیمی شا و سه‌رکه‌وتنی شۆڕشی گه‌لانی ئێران و دامه‌زراندنی کۆماری ئیسلامی ئێران، ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان بۆ یه‌که‌مجار، ڕاپه‌ڕینی به‌خۆیه‌وه دی. حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، ڕاپه‌ڕی و داوای دیموکراسی بۆ ئێران و خودموختاری(ئۆتۆنۆمی) بۆ کوردستانی ئێران کرد و ده‌ستی دایه چه‌ک و دژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی جه‌نگا. دوای ئه‌وانیش ڕێکخراوی کۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تکێشانی کوردستانی ئێرانی سه‌ر به حیزبی کۆمۆنستی ئێران، هاته مه‌یدان و ئه‌ویش ده‌ستی دایه چه‌ک و دژی کۆماری ئیسلامی جاڕی جه‌نگی دا. جه‌نگی ئه‌و دوو ڕێکخراوه تا ئه‌و ساڵه بڕی کرد، که حوکوومه‌ت و په‌رله‌مان و هه‌رێمی باشووری کوردستان دامه‌زران، ئیدی دوای ئه‌وه، به گوشار و کاریگه‌ری حیزبی یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی کوردستان، که ئه‌و دوو ڕێکخراوه له ده‌ڤه‌ری بنده‌ستی ئه‌ودان و له‌گه‌ڵ رێژیمی ئێرانیشدا پێوه‌ندێکی باشی هه‌یه، ئه‌و دوو ڕێکخراوه، تفه‌نگه‌کانیان سه‌ره‌وخوار کرده‌وه و ماڵاواییان له‌چه‌ک کرد. له‌م ساڵانه‌ی دواییه‌دا، ئه‌و دوو ڕێکخراوه، زان و هه‌ریه‌که‌یان بوو به چه‌ند که‌رته‌وه، کۆمه‌ڵه بوو به دوو کۆمه‌ڵه، یه‌کێکیان عه‌بدوڵڵای موهته‌دی، ئه‌وی دیکه‌شیان ئیبراهیمی عه‌لیزاده(سه‌یید برایم)، ڕێبه‌ریه‌تی. هه‌ندێک ده‌ڵێن کۆمه‌ڵه بووه به چوار کۆمه‌ڵه: بێجگه له‌و دوو باڵه، دوو باڵی دیکه‌شی هه‌ن، که یه‌کێکیان عومه‌ری ئێلخانیزاده و ئه‌وی دیکه‌یشیان عه‌بدوڵڵا دارابی(عه‌به دلێر)، رێبهریهتیی ده‌که‌ن. حیزبی دیموکراتیش بوو به دوو حیزبی دیموکرات، یه‌کێکیان عه‌بدوڵڵای حه‌سه‌نزاده و ئه‌وی دیکه‌یان مسته‌فای هیجری ڕێبه‌ریه‌تی. ساڵانێکه، ئه‌و دوو حیزبه(ئه‌و چوار له‌ته حیزبه یا ئه‌و شه‌ش له‌ته حیزبه) به خۆیان و بڕێک چه‌کدار و سه‌دان خێزان و منداڵ و ماڵه‌وه، له باشووری کوردستانن، له زڕگوێز و ده‌وروبه‌ری کۆیه . دیاره بۆ من باشوور، باکوور، ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژاوای کوردستان، هه‌ر یه‌که و کوردستان یه‌ک کوردستانه و ئه‌وانیش و هه‌ر کوردێکی دیکه‌ش، له هه‌ر به‌شێکی کوردستان بن، هه‌ر ماڵی خۆیانه، به‌ڵام ئه‌وان، بێ ئه‌وه‌ی چ کارێکی سیاسی یا چالاکییه‌کی پێشمه‌رگایه‌تی، له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان ئه‌نجام بده‌ن، له‌وێن. ئه‌و چوار یا ئه‌و شه‌ش له‌ته حیزبه، هیج جیاوازییه‌کیان، له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵه‌یه‌کی خڕکردنه‌وه‌ی فۆلکلۆر، کۆمه‌ڵه‌یه‌کی کوارگ ڕواندن، کۆمه‌ڵه‌یه‌کی کۆمه‌کی فێرکردن به منداڵی له خوێندن به‌جێماو و دابڕاو و کۆمه‌ڵه‌یه‌کی خڕکردنه‌وه‌ی پوول(تیمبر Timbre)، یا له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵه‌یه‌کی کۆتربازیی و مه‌ل به خێوکردندا نییه.
ساڵی 1988 یا 1989 بوو، مامۆستا عیسمه‌ت شه‌ریف وانلی، له لایه‌ن کۆمه‌ڵه‌ی فه‌رهه‌نگیی سوێد- کوردستانه‌وه، بانگهێشتنی ستۆکهۆڵم کرابوو بۆ سه‌مینار و کۆڕگێڕان له باره‌ی کورد و کێشه‌کانی کوردستانه‌وه. له‌و ماوه‌یه‌دا، که له سوێد بوو، حه‌فته‌نامه‌یه‌کی سوێدی، که تایبه‌ت بوو به بیانی و به زمانێکی ئاسانی سوێدی ده‌رده‌چوو، به ناوی "På lätt svenska" واته: "به سوێدییهکی ئاسان"، دیدارێکی له‌گه‌ڵ مامۆستا وانلیدا سازدابوو. له‌و دیداره‌دا، وانلی، باسی له کێشه‌ی کورد له هه‌ر چوار به‌شه‌که‌ی کوردستاندا کردبوو و ئه‌و پێیوابوو، گه‌وره‌ترین هه‌ڕه‌شه له سه‌ر کورد له عیراقه و دوای ئه‌وێ تورکیا و دوای ئه‌وێ سووریا و دوای هه‌مووانیش ئێران و له‌و بڕوایه‌دا بوو، که ترکزه‌ی هه‌ره مه‌زن و هه‌ڕه‌شه‌ی نه‌مان و له‌نێوبردن له سه‌ر کوردی باشووری کوردستانه و کوردی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان، ئه‌و هه‌ڕه‌شه مه‌زنه‌یان له سه‌ر نییه. دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و دیداره، ڕۆژێکیان چووم بۆ سه‌ردانی کتێبفرۆشیی سارا، له شاری ستۆکهۆڵم. له‌وێ که‌ریمی حیسامی و چه‌ند که‌سێکی دیکه دانیشتبوون. حیسامی، ئه‌و حه‌فته‌نامه‌یه‌ی، که دیداره‌که‌ی وانلی تێدا بوو، به ده‌سته‌وه بوو و که من دانیشتم، ده‌سبه‌جێ حهفتهنامهکهی دایه ده‌ستم و گوتی : "ئه‌گه‌ر بکرێ ئه‌و دیداره‌ی عیسمه‌ت شه‌ریفم بۆ بکه‌ی به کوردی". منیش بۆم خوێنده‌وه و زاره‌کی ڕێک بۆم کرد به کوردی. پاش چه‌ند ڕۆژێک، له بڵاوهکراوهکهی خۆیدا"سه‌رده‌می نوێ"، که ئه‌وده‌م (که‌ریمی حیسامی) خۆی له سوێد ده‌ری ده‌کرد، گوتارێکی یه‌کجار توند و پڕ له هێرشی له سه‌ر دیداره‌که‌ی وانلی نووسیبوو و تێیدا ته‌واوی بۆچوونه‌کانی وانلی به ناڕاست دانابوو و به پێچه‌وانه‌ی بیروڕایه‌کانی وانلییه‌وه و به پێچه‌وانه‌ی هه‌موو ڕاستییه‌که‌وه له‌مه‌ڕ باشووری کوردستانه‌وه، که ئه‌وده‌م به‌ره‌و نه‌مان ده‌برا، جه‌ختی له سه‌ر ئه‌وه کردبووه، که هه‌ڕه‌شه‌ی نه‌مان و ترکزه‌ی مه‌زن له سه‌ر ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانه و ڕێژیمی ئاخوندانی ئێران خه‌ته‌رناکترین ڕێژیمی دژ به کورده و دژ به جیهانه و ئه‌وه‌ی ئه‌و ڕێژیمه ده‌یکات سه‌ددام حوسه‌ین و که‌مالیسته‌کان و به‌عسی سووریا له چاویدا هیچ نین.
ساڵانی 1980کان، له مه‌هاباد، مه‌لایه‌کی گه‌لێر و ڕێناسی خه‌ڵکی مه‌هاباد"مه‌لا که‌ریمی شاریکه‌ندی" له لایه‌ن کۆمه‌ڵیک چه‌کداری یه‌کێک له‌و حیزب و ده‌ستانه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانه‌وه کوژرا به بیانووی ئه‌وه‌ی خه‌ڵک له خه‌بات سارد ده‌کاته‌وه و پێوه‌ندی به حوکوومه‌ته‌وه هه‌یه. من دوای کوشتنی شاریکه‌ندی، به ماوه‌یه‌ک، له ساڵی 1987، له مه‌هاباد بووم، بۆ ده‌رمانیش تاکه یه‌ک که‌سم نه‌دیت ددانی خێر به‌و حیزب و ده‌ستانه‌دا، که شاریکهندییان کوشتبوو، بنێ. هه‌موو نه‌فره‌تیان له‌و ده‌سته و گرۆیانه ده‌کرد و چ بڕوایه‌کیان به‌و شه‌ڕی چه‌کدارییه‌ش نه‌بوو، که ئه‌و حیزبانه خه‌ڵکیان بۆ هان ده‌دا و خه‌ڵکیان بۆ به کوشت ده‌دا.
دۆستێکم، که بۆ خۆی له بنه‌مادا خه‌ڵکی که‌رکووکی باشووری کوردستان بوو و له‌مێژ بوو که‌وتبووه ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان و له‌وێ له شاری سنه گیرسابووه. له ساڵانی 1980کاندا ماوه‌یه‌ک بووبووه پێشمه‌رگه‌ی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و دواتر به هۆی هه‌ندێک گوشار و هه‌لومه‌رجی باری خێزانی و که‌سه‌کیی خۆیه‌وه، داوای له حیزبه‌که‌ی کردبوو، که بگه‌ڕێته‌وه شار و خۆی ڕاده‌ستی حوکوومه‌ت بکاته‌وه و حیزبیش ڕێگه‌ی پێدابوو و ئه‌ویش گه‌ڕابووه سنه و بۆ خۆی له‌وێ له‌گه‌ڵ خێزانی‌دا درێژه‌یان به ژیانی خۆیان ده‌دا. من ساڵی 1987 ئه‌و پیاوه‌م دیت و پێی گوتم، که زۆر ئاسایی گه‌ڕاوه‌ته‌وه و لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی کورت و که‌میان له‌گه‌ڵدا کردووه و ئیدی مۆڵه‌تیان پێداوه، که بگه‌ڕێته‌وه سه‌ر ژیان و کاروباری ئاسایی خۆی، بێ ئه‌وه‌ی هیچی پێ بڵین یا تووشی سزایه‌کی بکه‌ن، له کاتێکدا ئه‌و بێجگه له‌وه‌ی پێشمه‌رگه بووه، به ڕه‌چه‌ڵه‌کیش هاووڵاتی وڵاتێکی دیکه بووه، که عیراق بووه و له‌وده‌مه‌شدا عیراق و ئێران له جه‌نگدا بوون.
هاوینی 1987 له تاران له ماڵی دۆستیکم بووم. کوڕێکی ئه‌و ماڵه، که سه‌رباز بوو له به‌ره‌کانی جه‌نگ له ده‌روبه‌ری عهببادان و ئه‌و ناوه، به‌رانبه‌ر به‌سره، دوو مانگێک بوو له سه‌ربازی هه‌ڵاتبوو و گه‌ڕابووه تاران و له ماڵی خۆیاندا بوو. ڕه‌نگه زێده‌ڕۆیی نه‌بێت ئه‌گه‌ر بڵێم، ئه‌و لاوه، ڕۆژانه، نیوه‌ی شه‌قام و کۆڵان و کووچه‌کانی تارانی ده‌دایه ژێر پێوه و سره‌وتی نه‌بوو. ژیانێکی ئاسایی و پڕ له گۆڵمه‌ز ده‌ژیا. که من له‌وێ بووم، باوکی تکای لێکردم، هه‌وڵی له‌گه‌ڵ بده‌م و قایلی بکه‌م بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ڕێته‌وه، بۆ ته‌واوکردنی سه‌ربازییه‌که‌ی. باوکیشی له‌وه ده‌ترسا، که به بۆنه‌ی ئه‌و کوڕه‌وه تووشی به‌ڵایه‌ک ببن. من له‌گه‌ڵ کوڕه‌دا چوومه ده‌رێ و پیاسه‌یه‌کی باشمان کرد. گۆمه‌ڵێک پرسیارم له‌مه‌ڕ سه‌ربازی و شوێنه‌که‌ی و ئه‌وانه‌وه لێکرد. ئه‌و گوتی، ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێته‌وه، ته‌نیا له کاتی ته‌واوکردنی ماوه‌ی سه‌ربازییه‌که‌یدا، که دوو ساڵ بوو، ئه‌و ڕۆژانه‌ی له سه‌ربازیی دابڕاوه و هه‌ڵاتووه، وه‌ک قه‌رز بۆی ده‌ژمێرن و ده‌بێ بیداته‌وه. واته: ئه‌و دوو مانگه‌ی هه‌ڵاتووه، پێ ده‌که‌نه‌وه و ئیدی ڕێک له کاتی ته‌واوکردنی دوو ساڵه‌که‌یدا ده‌سبه‌جێ ئه‌رکه‌که‌ی ته‌واو ده‌بێت و سه‌ربازییه‌که‌ی ته‌واو ده‌بێت و یه‌ک ڕۆژیش چییه له‌و دوو ساڵه زیاتر سه‌ربازی ناکات. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر له کاتی ههڵاتنهکهشیدا واته: ئه‌و کاته‌ی که ئێمه ئه‌و باسانه‌مان ده‌کرد، ده‌سه‌ڵاتداران و پۆلیس و ئه‌وانه بیانگرتبا، ته‌نیا ده‌یانگێڕایه‌وه بۆ یه‌که سه‌ربازییه‌که‌ی خۆی و له‌وێش درێژه‌ی به سه‌ربازییه‌که‌ی وه‌ک ئاسایی ده‌دا. ئیدی شێرێ لێره و ڕێوییه‌ک له‌وێ و وه‌ک له‌به‌رچاوگرتنی ڕه‌وشی باوک و دایکی و ڕاگرتنی دڵی ئه‌وان و که‌میی ئه‌و ماوه‌یه‌ی، که ماویه‌تی بۆ ته‌واوکردنی دوو ساڵه سه‌ربازییه‌که‌ی و به‌وه‌ی، که دوای ته‌واوکردنی سه‌ربازیی ده‌توانێت سه‌فه‌ری هه‌نده‌ران بکات و ئیدی له‌وێ بژی، قایلم کرد به‌وه‌ی بگه‌ڕێته‌وه بۆ پێگه و جێگه‌ی سه‌ربازییه‌که‌ی. هه‌ر ئه‌و کاته‌ی من ئه‌و قسانه‌م بۆ ئه‌و ده‌کرد، من بۆ خۆم چه‌ند ساڵێک به‌ر له‌وه له سه‌ربازیی له‌شکری عیراق هه‌ڵاتبووم، به‌ڵام من له سه‌ربازییه‌ک هه‌ڵاتبووم، که هه‌رگیز کۆتایی نه‌بوو و من له سه‌ربازییه‌ک هه‌ڵاتبووم، که ئه‌گه‌ر گهڕابامهوه یا گیرابام، وه‌ک هه‌ڵاتوو دهژمێردرام و سزای سه‌ربازی ههڵاتوویش، بێ هیچ سێ‌ودوو و لێکۆڵینه‌وه و قسه‌وباسێک تیربارانکردن بوو. پاش نیوه‌ڕۆی ئه‌و ڕۆژه، من بۆ خۆم بۆ دڵنیایی باوکی له‌گه‌ڵ ئه‌و لاوه، چوومه ته‌رمیناڵ و سواری ئۆتۆبووسێکی گه‌وره بوو و بۆ عهببادان، گه‌ڕایه‌وه بۆ سه‌ربازییه‌که‌ی. باوکی و دایکی، کۆڵێک به‌وه دڵخۆش بوون و کوڕه‌ش پاش چه‌ند مانگێک سه‌ربازیی خۆی ته‌واو کرد و گه‌ڕایه‌وه تاران و ماڵی خۆی و دوای یه‌ک دوو ساڵێک، به پاسپۆرتی خۆیان، له‌گه‌ڵ خێزانی‌دا سه‌فه‌ری هه‌نده‌رانیان کرد و له یه‌کێک له وڵاتانی ئه‌وروپا بوونه په‌نابه‌ر و ئیدی نیشته‌جێ بوون.
دۆستێکم، که ساڵانێک ئه‌ندام و پێشمه‌رگه‌ی کۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تکێشانی کوردستانی ئێران بوو و ماوه‌یه‌کی زۆریش له باشووری کوردستان ژیاوه، ده‌یگێڕایه‌وه، که ته‌نێ به هۆی دژایه‌تییانه‌وه بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران و ڕقبوونهیان له‌و ڕێژیمه، له‌و گوندانه‌ی کوردستان، به‌رازی کێوییان ده‌کوشت و گۆشته‌که‌یان ده‌خوارد، هه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی پێشانی بده‌ن، که بێدینن و باوه‌ڕیان به ئیسلام نییه و دژه ئایین و ئیسلامن، بێ ئه‌وه‌ی گوێ به بیرکردنه‌وه و نه‌ریته جڤاکییه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان بده‌ن.
به هۆی کار و ژیانه‌وه، ئێرانی و کوردگه‌لێکی زۆری ڕۆژهه‌ڵات کوردستانم ده‌ناسی، که له زۆر خۆپێشاندان و ڕێپێوانیشدا دژی کۆماری ئیسلامی ئێران له ستۆکهۆڵم به‌شدار ده‌بوون و ده‌یانقیڕاند و هه‌موو شتێکیان ده‌گوت و دواتریش بێ گیروگرفت و کێشه بۆ خۆیان قنج ده‌چوونه سه‌فاره‌تی ئێران و پاسپۆرتی ئێرانیی خۆیان وه‌رده‌گرت و نوێ ده‌کرده‌وه و ده‌چوونه‌وه بۆ ئێران، بێ ئه‌وه‌ی تاکه یه‌ک وشه یا قسه‌یه‌کی نابه‌جێیان پێ بگوترێ. له نێو ئه‌و خه‌ڵکانه‌دا هه‌بوون، له‌گه‌ڵ ڕێکخراوی موجاهیدینی خه‌ڵق، کۆمه‌ڵه، حیزبی دیموکرات، تووده یا گرۆ و ده‌سته‌یه‌کی دیکه‌دا بوو و هه‌شبوو چه‌ندین ساڵ له ئۆردوگاکانی عیراقدا له ڕه‌مادی و ئه‌و ناوه ژیابوو و هه‌بوو له‌گه‌ڵ حیزبه‌کانی باشووری کوردستانیشدا پێشمه‌رگایه‌تیی کردبوو و هه‌واداریان بوو و هه‌شبوو پله‌داری له‌شکریی بوو بوو و له له‌شکری ئێران هه‌ڵاتبوو. زۆرینه‌ی ئه‌و خه‌ڵکانه، که بۆ خۆیان به شێوه‌یه‌کی یه‌کجار ناشیرین باسیان له ڕێژیمی ئێران ده‌کرد و دهیاندزێواند، ئێستا، بۆ خۆیان و زۆر به ئاسانی و بێ کێشه، هاتوچۆی ئێران ده‌که‌ن. دیاره خه‌ڵکانێکیش هه‌ن، که ده‌توانن بگه‌ڕێنه‌وه بۆ ئێران و سه‌ردانی بکه‌ن، لێ کورده‌نامووسی، لێیان بووه به کارێکی زۆر سه‌خت و بوون به قسه‌ی خۆیانه‌وه، ده‌نا له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتداریه‌تیی ئێرانه‌وه، هیچ جۆره دهستبهڕووهنانهوهیهکیان تووش نه‌بووه و نابێت.
گه‌لێک جار له که‌ناڵه‌کانی ته‌له‌ڤزیۆنه زۆره‌کانی کۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تکێشان و حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانه‌وه، خه‌ڵکانێکی سه‌ر به‌و ڕێکخراوانه ده‌رده‌که‌ون، جلی خاکیی پێشمه‌رگه‌یان پۆشیوه. تۆ که ئه‌وانه ده‌بینیت، واده‌زانیت له سه‌نگه‌ردان و به‌رانبه‌ر دوژمنیان گرتووه و ها ئێستا ها که‌مێکی تر په‌لاماری دوژمن ده‌ده‌ن، له کاتێکدا که بۆ خۆیان نێشته‌جێی ئه‌وروپا یا هه‌ولێر و سلێمانین و له ئه‌وروپاوه یا له‌و دوو باژێڕه‌وه قسه ده‌که‌ن و تهلهڤزیۆنهکانیش هه‌ر له ئه‌وروپاوه په‌خش ده‌که‌ن.
ده‌ستدانه چه‌ک دژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران، له لایه‌ن حیزب و گرۆ کوردییه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانه‌وه، هه‌ر دوای ڕووخانی رێژیمی شا و گۆڕانی ده‌وڵه‌ت بۆ کۆماریی، ده‌ستیپێکرد. له کاتێکدا ده‌ستیپێکرد، که ته‌واوی وڵاتانی ڕۆژاوا به ڕێبه‌ریی ئه‌مه‌ریکا دژایه‌تیی ئه‌و ڕێژیمه نوێیه‌یان ده‌کرد. ده‌وڵه‌تی عیراقی به‌عسیش، که هاوسه‌نگه‌ری ڕۆژاوا و ده‌سکردی وان بوو، هه‌ر له یه‌که‌م ڕۆژی گۆڕانی ڕێژیمی شا، بۆ کۆماری ئیسلامی، ڕق و دژایه‌تی خۆی بۆ ئه‌و ڕێژیمه نوێیه، به هه‌موو جۆرێک ده‌رخست تا به‌وه گه‌یشت، که له 22/9/1980دا و به ڕه‌سمیی جاڕی جه‌نگی دژی ئێرانێ دا و هێرشی کرده سه‌ری. هێزه‌کانی کوردی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانیش له‌و هاوکێشه ئاڵۆز و لێکئاڵاوهدا، خۆیان خسته هه‌مان سه‌نگه‌ره‌وه و به ڕوون و ئاشکرا و به کۆمه‌کی ڕێژیمی عیراقی به‌عس، که‌وتنه وێزه‌ی ئێرانی نوێ و هێرشکردنه سه‌ری و جه‌نگین دژی، له کاتێکدا ده‌کرا، ڕێگه‌ی دیکه تاقی کراباوه و بڕێک ددان به خۆدا گیرابا، تا ماوه‌یه‌کی دیکه‌ی دواتر و هه‌ڵه‌ی به‌رپاکردنی جه‌نگی چه‌کداریی باشووری کوردستانی 1961ی دژ به رێژیمی نیشتمانیی عه‌بدولکه‌ریم قاسم، که ده‌کرا به گوتوبێژ زۆر کێشه‌ی له‌گه‌ڵدا چاره‌سه‌ر کرابا، دووباره نه‌کراباوه. ئه‌و هێز و لایه‌نانه‌ی بوونه هۆی هاندانی سه‌رانی گرۆ و حیزبه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان بۆ ده‌ستدانه چه‌ک، هه‌ر ئه‌و هێز و لایه‌نانه بوون، که ختووکه و دنه‌ی سه‌رانی پارتیی دیموکراتی کوردستانیان دا و ته‌یاریان کردن، بۆ جه‌نگیی 1961. به خۆتێوه‌گلان له جه‌نگ دژی شۆڕشی گه‌لانی ئێران، که ته‌واوی هێز و خه‌ڵکانی ئازادیخوازی ئێرانی له‌گه‌ڵ بوون، ئه‌و حیزبانه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان، خۆیان خسته خانه‌ی نه‌یارانی شۆڕشی ئێرانه‌وه، خۆیان خسته خانه‌ی لایهنگهلێکهوه، که بۆ خۆیان وه‌ک دید و ئایدیۆلۆگی و دروشم، بانگاشه‌ی دژایهتییانیان ده‌کردن.
یه‌کێک له‌و پله‌دارانه‌ی، که کورده و له له‌شکری عیراقدا بووه و ئێستا له ئه‌وروپایه، باس له‌وه ده‌کات، که له سه‌رده‌می جه‌نگی هه‌شت ساڵه‌ی نێوان عیراق و ئێران‌دا، زۆر جاران پێشمه‌رگه‌کانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، به پێ‌زانین و فه‌رمانی سه‌رکرده‌کانیان، که پێوه‌ندێکی توندوتۆڵیان له‌گه‌ڵ ڕێژیمی به‌عسی عیراقدا هه‌بوو ، له کاتی هێرشی له‌شکری عیراقی‌دا بۆ سه‌ر ئێران، له سنووره‌کانی کوردستانه‌وه، وه‌پێش له‌شکری عیراق ده‌که‌وتن و نۆره‌ی هه‌ڵگر و دۆزه‌ره‌وه‌ی مینیان، پێ ده‌سپێردرا. هه‌ربۆیه زۆرێک له‌وان، مینیان پێدا ده‌ته‌قییه‌وه و ئه‌گه‌ر نهشکوژرابان، لاقیان له‌ده‌ست ده‌دا. ئه‌مه هه‌رگیز ڕێککه‌وت نییه، که زۆرێک له پێشمه‌رگه برینداره‌کانی حیزبی دیموکرات له‌وانه‌ن، که لاقیان په‌ڕیوه و زۆرێک له‌وانه‌ش بۆ تیمار و چاره‌سه‌رکردن و ژیان، نێردراون بۆ سوێد.
له نێو ئه‌و هێز و حیزبانه‌ی خۆرهه‌ڵاتی کوردستاندا، هه‌رچه‌نده خۆ به نائایینی و سێکولار داده‌نێن، گه‌لێ جار، باسوخواسی دژایه‌تی ئیسلامی شیعه دێته گۆڕی و هه‌وادارانی خۆیان به‌و ئاراسته‌یه په‌روه‌رده ده‌که‌ن، وه‌ک بڵێی ئه‌مان بۆ خۆیان حیزبێکی ئیسلامیی سوننه بن. ئه‌وان به بێ ئه‌وه‌ی به خۆیان بزانن، که‌وتوونه‌ته سه‌نگه‌رێکه‌وه، که سه‌نگه‌ری ئیسلامی توندڕۆی سوننه‌یه. هه‌ندێ جار گوتاره‌کانیان چ جیاوازییه‌کی له‌گه‌ڵ گوتاری شاخوازاندا نییه ، که دیاره ڕێژیمی شا به هه‌موو پێوه‌رێک، بۆ کورد، به هیچ شێوه‌یه‌ک، له ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی باشتر نه‌بوو و به‌ڵکه کۆڵێکیش خراپتر بوو. هه‌ندێ جاریش پاساو و به‌ڵگه‌کانیان بۆ دژایه‌تیی ڕێژیمی ئێران، گه‌لێک له دژایه‌تیی چارشێو و باڵاپۆشی ژنان و گله‌یی له نه‌بوونی ئازادی خواردنه‌وه و مه‌ستبوون تێپه‌ڕناکات. خاڵی هاوبه‌شی نێوان هێزیکی سیاسیی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان و ڕێژیم و ده‌وڵه‌وت و حوکوومه‌تی ئێران، که دوو لایه‌نی ئێرانی‌بوون و موسوڵمان‌بوون و یه‌ک فه‌رهه‌نگی هاوبه‌ش ده‌گرێته‌وه، گه‌لێک زیاتره له خاڵی هاوبه‌شی نێوان هێزه سیاسییه‌کانی باکووری کوردستان و تورکیای که‌مالیست یا ته‌نانه‌ت نێوان هێزه سیاسییه‌کانی باشووری کوردستان و ڕۆژاوای کوردستان و هه‌ردوو ڕێژیم و ده‌وڵه‌ت و حوکوومه‌تی عیراق و سووریا. کورد، به هه‌موو پێوه‌رێک، له ئێرانه‌وه نێزیکتره تا له تورکیا، عیراق و سووریاوه.
ئێمه که ده‌نۆڕینه جیۆگرافیای ئه‌و هێزانه‌ی خۆرهه‌ڵاتی کوردستان، که جه‌نگیان به‌رپا کرد، حیزبی دیموکرات و کۆمه‌ڵه، ده‌بینین، دیموکرات حیزبی مه‌هاباد و ده‌روبه‌ری مه‌هاباد بوو و کۆمه‌ڵه‌ش حیزبی سنه و مه‌ریوان و ئه‌و ده‌وروبه‌ره بوو و دیاره ئێستاش هه‌ر وان. ئه‌و حیزبانه نه‌یانتوانی و نه‌یانتوانیوه و ناشتوانن، له‌و ژینگه دهڤهرییهی خۆیان بێنه ده‌رێ و ته‌واوی خۆرهه‌ڵاتی کوردستانیان گرتباوه و بگرنه‌وه و به گۆڕه‌پانی خه‌باتی خۆیان زانیبا و بزانن. ئه‌وان هه‌رگیز نه‌یانتوانی له نێو کرماشانیان و ئیلامیان و به‌ختیاری و لوڕ و که‌ڵهوڕ و کوردی شیعه‌دا، تاکه یه‌ک ئه‌ندامیش په‌یدا که‌ن و وه‌گه‌ڕخه‌ن. نه‌ک هه‌ر ئه‌وده‌می، ئه‌وان ئێستاش هه‌ر به‌و جۆره‌ن و گه‌لێک له‌وه‌ش گچکه‌ترن.
له سه‌روبه‌ندی شه‌هیدبوونی دۆکتۆر عه‌بدوڕڕه‌حمانی قاسملوودا له ڤینی پێته‌ختی ئوتریش، که شه‌هیدان، فازیلی مه‌لا مه‌حموود و عه‌بدوڵڵای قادری له‌گه‌ڵدا بوون. ڕاگه‌یاندنی حیزبی دیموکرات هه‌رچه‌ندی ناوی عه‌بدوڵڵای قادرییان هێنابا ده‌یانگوت"شه‌هید قادری دۆستی کورد بوو" و هه‌رگیز بۆ یه‌کجاریش به زاریاندا نه‌ده‌هات بڵێن کورد بوو، ته‌نێ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و جوامێره لوڕ بوو، له کاتێکدا، که لوڕ خۆ به کورد ده‌زانن و کوردن. حیزبێک، لوڕ به کورد نه‌زانێت و کوردی شیعه‌ی پێ کورد نه‌بێت یا پێی پله دوو بێت، ده‌بێ بۆ کوردستانێکی تێکه‌ڵ و خاکی کورد(کرمانج، سۆران، لوڕ، که‌ڵهوڕ، هه‌ورامی، زازا، سوننه، شیعه، یارسان، ئێزدی و فه‌له و..) و تورکمان و ئاشووری و ئه‌رمه‌نی و کلدان و عه‌ره‌ب و فارس و ئازه‌ری و …چی پێ بێت!
وه‌نه‌بێ ئێکسپایه‌ربوون ته‌نێ حیزبی دیموکرات و کۆمه‌ڵه بگرێته‌وه، به‌ڵکه چه‌ند حیزبێکی دیکه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان، که ته‌نێ له هه‌نده‌ران، یا له هه‌ولێر و سلێمانی، یا ته‌نێ له سه‌ر کاغه‌ز هه‌ن، ده‌گرێته‌وه. چه‌ند که‌سێک، که تا دوێنێ خه‌ریکی کاری بازرگانی بوون و ئێستاش هه‌ر به چاوی بازرگان ده‌نۆڕنه سیاسه‌ت، له باژێڕێک یا چه‌ند باژێڕێکی ئه‌وروپا یا باشووری کوردستان، سه‌ریان به‌یه‌کدا کردووه و کۆمیته‌یه‌کی نێوه‌ندی و سه‌رکرده‌یه‌تییه‌ک و سکرتێرێکیان بۆ به ناو حیزبێک داناوه و ئیدی بێ ئه‌وه‌ی ئه‌و حیزبه هێنده‌ی سه‌رکرده‌یه‌تییه‌که‌ی ئه‌ندامی ئاسایی هه‌بێت یا له له کوردستان چه‌ند نه‌فه‌رێکی له‌گه‌ڵ بێت. له باشوور و باکوور و ڕۆژاوای کوردستانیش له‌و جۆره سه‌رکرده و ڕێبه‌ر و حیزبه کاتبهسهرچووانه گه‌لێکن، که ته‌نیا سهرکردهیهتین و هیچی دی. که ته‌نیا له بۆنه‌کاندا ڕاگه‌یاندنێک ده‌رده‌که‌ن و هیچی دی. که نه خه‌بات و نه گۆڕان و نه جه‌ماوه‌ر و خه‌ڵکیان هه‌ن و له‌گه‌ڵن و نه خزمه‌تیشیان به جه‌ماوه‌ری کورد و خاکی کوردستانیان پێ ده‌کرێ، به‌ڵکه زۆر ده‌مێکه هیچ جۆره مه‌رجێکی بوون و مانه‌وه‌یان نه‌ماوه.
له‌م ئه‌وروپایه حیزبی وا هه‌یه، که بۆ تاکه یه‌ک پرس خه‌بات ده‌کات و هه‌وڵ ده‌دات. پارتیی پیرات (Piratpartiet)، که له سوێد هه‌یه و له سه‌ره‌تای ساڵی 2006ه‌وه دامه‌زراوه، نموونه‌یه‌که له‌و جۆره پارتییانه. ئه‌م حیزبه ته‌نێ بۆ ئازادی کۆپێکردن و بڵاوکردنه‌وه و داگرتنی فایه‌ل و زانیاری و مووزیک و سی. دی له ئینته‌رنێته‌وه و ناردنی بۆ یه‌کدی، خه‌بات ده‌کات و ڕۆژانه‌ش خه‌ڵکێکی زۆری لێ کۆده‌بێته‌وه و ڕووی تێ ده‌که‌ن. له هه‌ڵبژاردنی ئه‌مساڵدا بۆ یه‌کیه‌تیی ئه‌وروپا، پتر له 7% ی ده‌نگی خه‌ڵکی سوێدیان وه‌ده‌ستهێنا، له کاتێکدا که پارتیی چه‌پی سوێدی، که حیزبێکی کۆنه و خه‌بات له پێناوی سه‌دان پرسدا ده‌کات، ته‌نێ 7% ی ده‌نگی خه‌ڵکی سوێدی وه‌ده‌ستهێنا.
ژیان له سه‌ر ته‌نێ ڕابوردوو و شانازی ته‌نێ به ڕابوردووه‌وه، نیشانه‌ی نوێنهبوونهوه و قه‌تیسماوی و وشکهه‌ڵاتوویی و چه‌قبه‌ستویی و کۆڵه‌واری و نه‌گۆڕانه، که ته‌واوی ئه‌وانه‌ش مردن و کۆتاییهاتن و کاتبهسهرچوون ده‌گه‌یه‌نن. هیچ کوردێک تێکۆشان و خه‌بات و گیانبه‌خشینی ڕێبه‌رگه‌لێک و قارهمانگهلێک و شههیدگهلێکی وه‌ک، قازی موحه‌ممه‌د، فوئادی موسته‌فا سوڵتانی، دۆکتۆر جه‌عفه‌ری شه‌فیعی، دۆکتۆر عه‌بدوڕه‌حمانی قاسملوو و دۆکتۆر سادیقی شه‌ره‌فکه‌ندی و.. له بیر ناکات و ناتوانێت به هه‌ندیان نه‌زانێت، لێ ته‌نێ وه‌ستان له‌و شوێنه‌دا، که ئه‌وان تێیدا ڕاوه‌ستان و ئیدی نه‌یانتوانی درێژه به خه‌بات بده‌ن، ده‌کاته ڕاگرتنی مێژوو و ڕاگرتنی کات. خه‌ڵکانێک، که له نێو چواردیواری زیندانی ڕابوردوودا ده‌ژین، هه‌رگیز ناتوانن هه‌نگاو بنێن بۆ پێشه‌وه. ئه‌وانه‌ی خۆیان ڕاده‌ستی رابوردوو ده‌که‌ن و هه‌ر له خه‌یاڵ و وه‌همی ڕۆژانی بهسهرچوودان و خه‌ون به گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و رۆژگاره‌وه ده‌بینن، هه‌رگیز ناتوانن مێژوو بنووسن، به‌ڵکه مێژوویه‌ک کاوێژ ده‌که‌نه‌وه، خامۆش و بێ تین و چ ورشه و بزیسکهیهکی لێوه نایه‌ت.
میلیۆنان کورد و منیش یه‌ک له‌وان و میلیۆنان خه‌ڵکی ئازادیخوازی جیهان، سه‌ری ڕێز بۆ ئه‌و شه‌هیدانه داده‌نه‌وێنن و هه‌رگیز له یادیان ناکه‌ن. حیزب و سه‌ران و ڕێبه‌رانی حیزبه کاتبهسهرچووهکانی کوردستان، به‌وه‌ی که خاوه‌نی مێژوویه‌کی کۆنن و له سه‌رده‌مێکدا نۆره‌ی له‌به‌رچاویان هه‌بووه، مه‌رج نییه ئێستایش له‌به‌ر ئه‌وه بتوانن خۆ ڕاگرن و شتیان پێ بێت بیده‌ن به خه‌ڵکی کورد و سوودمه‌ند بن بۆ پرسیی کورد و کوردستان. کورد له‌مێژه گوتوویه‌تی:" داشتم داشتم حه‌ساو نییه، دیرم دیرم حه‌ساوه" . من له‌و بڕوایه‌دام جاڕدانی ئیکسپایه‌ربوونیان و ده‌ستبه‌ردان له‌و سیاسه‌ته‌ی، که گوایه ده‌یکه‌ن، گه‌لێک زیاتر خزمه‌ت به پرسی کورد ده‌کات و جێگه‌ش چۆڵ ده‌که‌ن بۆ نه‌وه‌ی نوێ و بیری نوێ و گۆڕانی نوێ و پێشخستنی پرسی کورد و نێزیکبوونه‌وه له ڕزگاری کوردستان.که‌س لاریی له‌وه نییه، که ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران، ڕێژیمێکه نه ئازادی تاک و نه ئازادی نه‌ته‌وه‌یی، تێدا ده‌سته‌به‌ر نه‌کراوه و چه‌وساندنه‌وه و چه‌پاندن و کپکردنه‌وه‌ی تێدا به ڕوونی ده‌بینرێن، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا مهترسیگهل و سیاسه‌تێکی عیراق و تورکیا و سووریا، دژ به گه‌لی کورد، پێڕۆیان ده‌کرد گه‌لێک له‌وه‌ی ئێران خراپتر بوو. سیاسه‌ت تورکیا و سووریا ئێستاش له هی ئێران خراپتره و عیراقیش ئه‌گه‌ر کورد بۆ خۆی خاوه‌نی ئه‌و هێز و قه‌واره‌یه‌ی ئێستای نه‌بووایه و نه‌بێت، سیاسه‌تی له هی ئیران باشتر نییه و خراپتریشه. چه‌نده ئه‌وده‌م، کاتی شۆڕشی گه‌لانی ئێرانی ساڵی 1979 و ساڵانی 1980کان و دواتریش، چ پاساوێک بۆ جه‌نگی چه‌کداریی له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستاندا نه‌بوو و چه‌نده بۆچوونه‌کانی که‌ریمی حیسامی، له‌مه‌ڕ ئێران و دیداره‌که‌ی عیسمه‌ت شه‌ریف وانلییه‌وه، بێ بنه‌ما و بێ به‌ها و ناڕاست بوون، ئێستاش ڕه‌وشه‌که هه‌ر به‌و جۆره‌یه. ئه‌و حیزبانه‌ی خۆرهه‌ڵاتی کوردستان، هه‌ر له ڕۆژی یه‌که‌می گۆڕانی رێژیمی شایه‌تییه‌وه بۆ کۆماریی، ده‌بوو وه‌ک ته‌واوی نه‌ته‌وه‌کانی دیکه‌ی نێو ئێران، ئازه‌ر، به‌لووچ. عه‌ره‌ب و تورکمه‌ن، که هه‌ندێکیان، ژماره‌یان له کورد زێتره، ئارام بووایه‌ن و نهکهوتبانا ژێر کاریگه‌ریی ده‌وروبه‌ر و نه‌یارانی ئه‌و شۆڕشه و ده‌ستیان نه‌دایه‌ته چه‌ک، که کردیشیان و چ ئه‌نجامێکی نه‌بوو، ده‌بوو سیاسه‌تیان گۆڕیبا و ههوڵیاندابا، سوود له ئه‌زموونی شین فه‌ین(Sinn Fein)ی ئایرلاندی باکوور و له‌م سه‌رده‌مه‌شدا سوود له ئه‌زموونی ده. ته. په(DTP) ی باکووری کوردستان و حیزبگه‌لێکی مانه‌ندی ئه‌وانه وه‌رگرن و ئه‌مانیش به‌و جۆره له ئێران‌دا کاریان کردبا. ئه‌م حیزبانه نه له ده‌نگداندا نه له ده‌نگنه‌داندا بۆ هه‌ڵبژاردن و نه له‌م شۆرشه‌ی توویته"Twitter Revolution" دا، که ئێستا وا پێیه و سه‌ریهه‌ڵداوه، چ نۆره‌یه‌کیان نییه و نووزه‌یه‌کیان لێوه نایه‌ت و هیچ کاره‌ن و هه‌رگیز توانستی ئه‌وه‌یان تێدا نییه، که جۆشێک وه‌به‌ر خه‌ڵکی خۆرهه‌ڵاتی کوردستاندا بکه‌ن، ئه‌مان له جه‌ماوه‌ر و له خه‌ڵکه‌وه دوورن و لێیان دابڕاون و دابڕانیش ڕه‌وشی نوێ، هزری نوێ، هێزی نوێ، دێنێته گۆڕی و ده‌رگا به ڕووی گۆڕاندا ده‌کاته‌وه، گۆڕانێک، که ئه‌مان هیچیان بۆ نه‌کردووه و ده‌سته‌وه‌ستان لێی ده‌نۆڕن و چاوه‌نۆڕن ڕوو بدا.
ئه‌گه‌ر حیزب، هه‌ر حیزبێک، له سه‌رده‌مێکدا، وه‌ک ده‌سگا و پێکهاته‌یه‌ک، توانیبێتی خه‌ڵک له خۆ خڕکاته‌وه و ڕێبه‌ریه‌تی خه‌ڵک بکات و پێشه‌نگی خه‌بات و تیکۆشانی خه‌ڵک بووبێت و خه‌ڵک جۆشدات، ئیستا و له‌م سه‌رده‌مه‌دا، ئه‌و تین و گوڕه‌ی نه‌ماوه و هه‌رگیز ناتوانێت ئه‌و نۆره‌یه ببینێت. حیزب بۆ خۆی زۆرجاران ده‌رده نه‌ک ده‌رمان. حیزب له قاڵبدانی مێشک و هزره و به‌هه‌ندوه‌رنه‌گرتنی توانستی له‌بننه‌هاتووی مرۆڤ و خه‌ڵک و جه‌ماوه‌ره. حیزب ڕێگه‌گرتنه له بیرکردنه‌وه و ڕاده‌ستکردنی ئاوه‌زه به ڕێبه‌رێک، ده‌فته‌ر یا مه‌کته‌بێکی سیاسی، کۆمیته‌یه‌کی نێوه‌ندی، سه‌رکرده‌یه‌تییه‌ک و به‌رپرسێکی حیزبی، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و یا ئه‌وان له‌بری تۆ، له‌بری من، له‌بری ئه‌و، له‌بری ئێوه، له‌بری ئێمه، له‌بری ئه‌وان، له‌بی گه‌ل، بیر بکه‌نه‌وه. حیزب مراندن و تواندنه‌وه‌ی تاکه، به هه‌موو بیر و دید و خواست و بۆچوونه‌کانییه‌وه، له نێو دهسگایهکدا، که ده‌بێته خاوه‌ن بڕیار و هێڵه‌کانی ژیانی تاک دیاری ده‌کات.
سیاسه‌ت، پهرۆشیکی ڕۆژاانهیه و هه‌موو تاکێکی کۆمه‌ڵگه و ته‌واوی جڤاک و چین و توێژه‌کان ده‌گرێته‌وه. سیاسه‌ت، کار و ماندوبوون و وزه و جووڵانه‌وه و خۆته‌یارکردن و تێگه‌یشتن و بهرپهرپهرچدانهوه و به‌ڵگه و چالاکی و ده‌مه‌ته‌قه و خوێندنه‌وه و دانوستاندن و ده‌مه‌زه‌ردکردنه‌وه‌ی هزریی و نوێبوونه‌وه‌یه‌کی هه‌میشه‌یی و لێبڕانی گه‌ره‌که. ناچالاک و سست و چاوهڕوانکهری بێ ماندوبوون و ههرلهخۆڕای مردنی ڕێژیم و ده‌سه‌ڵات، چ په‌رۆشێکی نییه و واچاکه باسی سیاسه‌ت نه‌کات. ئه‌م حیزبانه، ڕێک وه‌ک خه‌ڵکانێکی ئۆردوگانشینیان لێهاتووه و ته‌نێ ده‌ژین و ڕۆژ به سه‌ر ده‌بن و چاوه‌ڕوانی گۆڕان ده‌که‌ن له ئێران‌دا، بێ ئه‌وه‌ی بۆ خۆیان چ کاریگه‌رییه‌کیان له‌و گۆڕانه‌دا هه‌بێت. ئه‌وان نه به چه‌ک و نه به بێ چه‌ک، چ نۆره‌یه‌ک له‌وه‌ی له ئێران و کوردستاندا ده‌گوزه‌رێت، نابینن. ئه‌وان، به‌وه‌ی بوونه‌ته ئه‌و هه‌موو به‌شه‌وه و به‌وه‌ی چ کاریگه‌رییه‌کیان له نه‌خشه‌ی سیاسی خۆرهه‌ڵاتی کوردستان و ئێران‌دا نییه و به‌وه‌ی له سه‌ر یه‌ک ئامانج و یه‌ک به‌رنامه و یه‌ک نه‌خشه پێکنه‌هاتوون، بۆ گه‌لی رۆژهه‌ڵات کوردستان و به‌وه‌ی له نێو رۆژهه‌ڵاتی کوردستاندا چ گه‌لێری و بهدهنگهوههاتنێکیان نییه و که‌س حسێبیان بۆ ناکات و گوێ له گوتاریان ناگرێت و گه‌لێک له خه‌ڵکه‌وه دوورن و به‌وه‌ی، که ڕێژیمی ئێرانیش تا ڕاده‌یه‌ک چ حیسابێکیان بۆ ناکات، له ڕووی سیاسییه‌وه، له قه‌یرانێکی گه‌لێک مه‌زندان و تووشی هه‌ره‌س و داڕووخان هاتوون و کاتیان به‌سه‌رچووه و ته‌واو بوونه. ده‌بوو ئه‌وان ده‌بوو بۆ خۆیان له‌وه تێگه‌یشتبان و له پێناوی به‌رژه‌وه‌ندی گشتیی خه‌ڵکی کورددا، جاڕی ئێکسپایه‌ربوونی خۆیانیان دابا.
29-6-2009