که‌مال میراوده‌لیی به‌گژ قولله‌ی قافدا ده‌چێت!
که‌مال میراوده‌لیی به‌گژ قولله‌ی قافدا ده‌چێت!
کامیار سابیرلهمهسهلهی هه‌ڵبژاردنی پارله‌مانیی و سه‌رۆکایه‌تییدا، مرۆڤی بێلایه‌ن بوونی زۆرکه‌مه، پاسیفیستترین مرۆڤ بۆچوونی به‌لایه‌کدا ده‌ڕوات، لای که‌م له نێوان خراپ و خراپتر و خراپتریندا، شتێک هه‌ڵده‌بژێرێ. دیاره هه‌میشه‌ش رێژه‌یه‌ک خه‌ڵک بایکۆتی هه‌ڵبژاردن ده‌که‌ن. له‌هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆکایه‌تیی هه‌رێمدا، د.که‌مال میراوده‌لیی، له‌ڕێگه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه به‌گژ دووحیزبی سیاسیی‌دا ده‌چێته‌وه. دوو حیزب، خاوه‌نی دوو میلیشیای خاراو و حکومه‌تێک که هه‌موو شتێکی بۆ دوو بنه‌ماڵه‌ی حوکمڕان مۆنۆپۆل کردووه. میراوده‌لیی شه‌ڕی کۆمه‌ڵی سیاسیی زۆر ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌کات. له‌کاتێکدا ئه‌و هه‌موو بیلیۆنێرو میلیۆنێره سیاسییه‌ی له‌کوردستاندا هه‌ن له‌هیچ شوێنێکی ئه‌م دنیایه‌دا به‌و رێژه زۆرییه، سیاسیی ده‌وڵه‌مه‌ند نییه. هه‌موو کاسبییه‌که‌یشیان ته‌نها و ته‌نها گه‌نده‌ڵیی و خواردنی سامانی نیشتمانیی بووه.
میراوده‌لیی، که‌سێکه خاوه‌نی ریکۆردێکی پاکه، خیانه‌تی نیشتمانیی نه‌کردووه، تانکی به‌عس و جه‌ندرمه‌ی تورکیا‌و سوپای پاسدارانی بۆ کوردستان نه‌هێناوه. پارله‌مانی ئه‌تک نه‌کردووه، عه‌شیره‌تچیی و بنه‌ماڵه‌په‌رست نییه، سه‌رۆکی حیزبێک نییه تایه‌فه‌چییه‌تیی بکات و له‌بری یه‌ک زمانی ستانده‌ردی کوردیی، رێگه به هۆزو خێڵ و شار‌و ناوچه‌کان بدات زمانی کوردیی که سێمبوڵیزمی نه‌ته‌وه‌ییه بۆ کورد ، به خه‌ڕه‌کی زاراوه‌کان بچوێنێ. گه‌رمیان و بارزان، زاخۆ و چه‌مچه‌ماڵ وه‌ک یه‌ک سه‌یر ده‌کات. له‌هه‌موویشی گرنگتر پیاوێکه دزیی له‌داهاتی نیشتمانیی و خه‌زێنه‌ی گشتیی نه‌کردووه. که‌سێکه خوێنی یه‌ک مرۆڤ به‌ده‌ستی ئه‌و ، به‌ده‌ستوور و فرمانی ئه‌و، به نامه‌ی نهێنیی و برووسکه‌ی بێته‌ل و ته‌له‌فۆنی ئه‌و، نه فڕێندراوه، نه‌کوژراوه، نه زمانی بڕدراوه، نه‌ئه‌شکه‌نجه دراوه ، نه هه‌ڕه‌شه‌ی لێکراوه و نه تێرۆری سیاسیی کراوه.
وێڕای هه‌موو ئه‌وانه، زۆرکه‌س پێیانوایه، ده‌بووایه میراوده‌لیی خۆی نه‌خستایه‌ته ئه‌م شه‌ڕه‌وه له‌به‌ر کۆمه‌ڵێ فاکته‌ری سیاسیی، گرنگترینیان ، له‌هه‌لومه‌رجی میلشیایی و عه‌قڵیه‌تی حیزبیی و ئایدیۆلۆژیی کوردستاندا، که‌سێک ده‌بووایه خۆی بۆ سه‌رۆکی هه‌رێم کاندید بکات که کارێزمای سیاسیی هه‌بووایه، کارێکته‌ره‌کانی فیت fit بووایه به‌و هه‌لومه‌رجه سیاسییه‌ی کوردستان. کاتێ فیتترین که‌س و کارێزماتیکترین و گونجاوترین که‌س بۆ هه‌نووکه نه‌وشیروانه ، که دیاره خۆی کاندید نه‌کرد. هه‌رچه‌نده به‌شێکی بۆ ناڕۆشنیی و نابوێریی سیاسیی ئه‌و ده‌گه‌ڕێته‌وه، به‌ڵام به‌شێکیشی بۆ عه‌قڵانییبوون و شاره‌زایی سیاسیی و به‌ڵه‌دیی ئه‌و له سایکۆلۆژیای سه‌رکرده‌کانی پارتیی و یه‌کێتیی ده‌گه‌ڕێته‌وه. ئه‌و ده‌یه‌وێ یه‌ک به‌ره‌ی شه‌ڕ بکاته‌وه. به‌دڵنیاییه‌وه باشترین به‌ره که پارله‌مانه هه‌ڵیبژاردووه. یاخود لای که‌م کاندیدی چوار حیزبه‌که پێویست بوو بێته ئه‌م شه‌ڕه‌وه. که کاندیدیان نییه، بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه له‌خۆیان رانه‌بینووه یاخود سازشێکیشیان له‌گه‌ڵ پارتییدا کردووه.
هه‌ندێکیتر پێیانوابوو، د. میراوده‌لیی، ئه‌گه‌ر بکشێته‌وه باشترین چانسی ریسواکردنی ئه‌م ده‌ستووره خراپه و سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێمی له‌ده‌ستدا ده‌بوو. ، کار ده‌کاته سه‌ر هه‌ڵۆی ئیبراهیم ئه‌حمه‌د و ئه‌ویش ده‌که‌وێته ژێر گوشاری شه‌قامی ناڕه‌زایه‌تییه‌وه. دووانه‌که‌ی تر بشمێننه‌وه، هیچ له‌مه‌سه‌له‌که ناگۆڕن. چونکه به‌بێ میراوده‌لیی ، هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی بارزانیی وه‌ک هه‌ڵبژاردنه‌کانی به‌عسی لێده‌هات و رێژه‌ی 99% که‌یشی نه‌هێنانه‌یه، وه‌ک زه‌ینلعابدینی تونس رێژه‌یه‌کی زۆر به‌رزی ده‌هێنا. به‌ڵام پێده‌چێ میراوده‌لیی کاندیدی ناڕاسته‌وخۆی لیستی گۆڕان بێ، یاخود هه‌ندێ لیستی تر به‌چپه‌و سیاسه‌تسالاریی پێیان گوتبێ لایه‌نگرانیان ده‌نگێ بۆ ده‌ده‌ن. به‌هه‌مه‌حاڵ ئه‌مه هه‌ڵوێستی سیاسیی و مۆراڵیی خۆیه‌تی و سووره له‌سه‌ر به‌شدارییکردن.
هه‌رچه‌نده له‌و بڕوایه‌دام، بارزانیی به‌هه‌ر نرخێ بێت، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به قیمه‌تی خوێنیش بێت، ده‌بێ ئه‌م پۆسته به‌رێته‌وه. له‌هه‌لومه‌رجێکی به‌مشێوه‌یه‌دا، میراوده‌لیی ئه‌م شه‌ڕه‌ی له‌گه‌ڵ بارزانییدا ده‌یکات، شه‌ڕێکه چه‌ند به‌قازانجیی دێمۆکراسیی و ئازادیی راده‌ربڕین ده‌گه‌ڕێته‌وه، ئه‌وه‌نده‌ش به قازانجی سیناریۆی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی سه‌رۆکی ئێستای پارتیی ده‌شکێته‌وه.
لایه‌نه نێگه‌تیڤه‌کانی خۆکاندیدکردنی میراوده‌لیی:
1. شه‌رعییه‌ت به هه‌ڵبژاردنێک ده‌درێ که ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌که پێشوه‌خت زانراوه. سه‌رۆکی پارتیی زۆری پێخۆشه کۆمه‌ڵێ رکابه‌ری هه‌بێ و وه‌ک ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد به‌ساخته‌کاریی پرۆسه‌که بباته‌وه. ئه‌گه‌ر نه‌یباته‌وه، بارزانیی چوارمشقیی دانانیشێت!
2. هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆکی هه‌رێم به‌مشێوه‌یه‌ی ئێستا، ئه‌فسانه‌ی باوکی رۆحیی کورد و دیکتاتۆری شه‌خسیی دروست ده‌کات، هه‌لومه‌رج و زه‌مینه‌ی کو‌لتووریی و سیاسیی کوردستان بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆکی هه‌رێم له‌بارنییه و پێویسته پارله‌مان به ئاسانیی سه‌رۆکی هه‌رێم کۆتبکات نه‌ک به‌پێچه‌وانه‌وه.
3. سه‌رۆکی هه‌رێم، پۆستێکی زیاده‌یه‌و دابه‌شکردنی ده‌سه‌ڵات و شه‌ڕی حیزبه‌کان سه‌پاندوویه‌تی، ئه‌گه‌ر بکرێ داموده‌سگا حکومییه‌کانی کوردستان ئینستیتوشنه‌ڵایز( به‌داموده‌سگایی ) بکرێن، پێویست ناکات پیاوێکی حیزبیی پۆستێکی بۆ بدۆزرێته‌وه.لایه‌نه پۆزه‌تیڤه‌کانی خۆکاندیدکردنی:
1. تێکشکاندنی ئه‌و مۆنۆپۆله سیاسییه‌یه، که ته‌نها کوڕه‌کانی بنه‌ماڵه‌ی بارزانیی و تاڵه‌بانیی بۆیان نه‌بێ بۆ ئه‌و پۆسته خۆیان کاندید بکه‌ن.
2. ئه‌گه‌ر دێمۆکراسیی راسته‌قینه هه‌بێ و رێگرییکردن و چه‌واشه‌کاریی و ساخته‌کاریی و نانبڕینی فاشیستییانه نه‌بێ، قورسایی مه‌سعود بارزانیی له‌ئاستی جه‌ماوه‌رییدا ده‌رده‌که‌وێت! خه‌ڵکی گه‌رمیان، زامدارترین و قه‌تماغاوییترین شوێنی کوردستان پێی ده‌ڵێن، کێ تایه‌فییه! خه‌ڵکی هه‌ولێر پیی ده‌ڵێن ئایا وه‌ک بارۆمه‌تره حیزبییه‌که‌ی پارتیی ده‌یخوێنێته‌وه، رێژه‌ی 90%ی خه‌ڵکی هه‌ولێر ده‌نگ به سه‌رۆکی پارتیی ده‌ده‌ن؟ یان به پێچه‌وانه‌وه پێی ده‌ڵێن مه‌ودای نێوان خه‌ڵکی ئه‌وشاره‌و ده‌وڵه‌مه‌ندترین حیزبی سیاسیی ( به‌پاره‌ی گه‌نده‌ڵیی) چه‌ند دووره!
3. ئه‌گه‌ر سه‌رۆکی هه‌نووکه‌ی هه‌رێم، جورئه‌ت بکات، دیبه‌یتی راسته‌وخۆ له‌که‌ناڵه ته‌له‌فیزیۆنییه‌کانه‌وه بکات، ئاستی هۆشیاریی و ئاگایی سیاسیی و مه‌عریفه‌ی سیاسیی ئه‌و پیاوه بۆ هه‌موو که‌س ده‌رده‌که‌وێ! که ئایا به‌و ئاسته سیاسیی و کولتوورییه‌وه ده‌شێ سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێمێک بکات، گه‌وره‌ترین شه‌ڕی ئارامیی و ئاساییش و سه‌روه‌ریی هه‌رێمی کوردستان و کێشه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی که‌رکوکی له‌به‌رده‌مدایه، شه‌ڕی خۆگیڤکردنه‌وه‌و نیشاندانی باسکی میلیشیایی نا، شه‌ڕی دروشمی ئاگراویی و دنیا وێران ده‌که‌ین نا، شه‌ڕی خۆتووڕه‌کردن و خۆبه‌له‌سه‌کردن به‌مێنتاڵیتیی سه‌رۆک عه‌شیره‌تییه‌وه، له به‌غداد و ئه‌مێریکا نا، به‌ڵکوو شه‌ڕ وه‌ک کارێکته‌رێکی سیاسیی و دیپلۆماسیی وت و وریا که دووربین بێت و له‌هاوکێشه سیاسیی و هه‌رێمیی و جیهانییه‌کان تێبگات.کاتێ سه‌رۆکی هه‌رێم بێ ئه‌وه‌ی گوێ به یه‌کێتیی هاوپه‌یمانی بدات و به‌بێ منه‌تیی له‌به‌رده‌م پارله‌ماندا جه‌ختی له‌وه کرده‌وه که پۆستی سه‌رۆکی هه‌رێمێکی ناوێ له‌ڕێی پارله‌مانه‌وه بێت ، له‌کاتێکدا ترسی هه‌ره سه‌ره‌کیی ئه‌وه بوو که‌س رکابه‌ریی نه‌کات. به پێچه‌وانه‌ی بۆچوونی میراوده‌لییه‌وه، سه‌رۆکی هه‌رێم نه‌ک هه‌ر مۆنۆپۆلکردنی ئه‌و پۆسته‌ی نه‌هێشت، به‌ڵکوو ئه‌و پۆسته به‌ره‌و دیکتاتۆرییه‌تی حیزبیی و قۆرغکردنی بنه‌ماڵه‌یی ده‌بات. دیاره ئه‌گه‌ر که‌سیش خۆی کاندید نه‌کردایه، هه‌ردوو حیزب هه‌ندێ کاندیدی ساخته‌یان داده‌نا بۆ شه‌رعییه‌تدان به پرۆسێسی هه‌ڵبژاردنه‌که. زۆر که‌س تا هه‌نووکه‌ش پێیانوایه، کشانه‌وه‌ی میراوده‌لیی ده‌توانێ له‌بری ئه‌م سیناریۆ کۆمیدییه، سندووقه‌کانی ده‌نگدان به تراژیدیای کارتی سپیی پڕ بکرێنه‌وه. کارتگه‌لێکی سپیی که له ره‌شایی کارته براوه‌کانی بارزانیی زۆر له‌سه‌رتربن.
به‌ڵام بایکۆتکردن و کارتی سپیی، بۆخۆی چانسێکی باشه بۆ ده‌سه‌ڵات که ساخته‌کاریی بکات و به‌ڕێژه‌ی 95-99% وه‌ک سه‌دام و حوسنی موباره‌ک و حافیز ئه‌سه‌د بیاباته‌وه. بۆیه زۆر پێویسته به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ک کۆمه‌کی ئه‌م پیاوه بکرێ و ده‌نگی بدرێتێ. لای که‌م بۆ ئه‌وه‌ی هاوکێشه‌یه‌کی قورس پیشانی ده‌سه‌ڵاتی دوو حیزبه‌که‌و بارزانیی بدرێ. په‌یامی ئه‌وه‌ی بدرێتێ، سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم به‌عه‌قڵییه‌تی تایه‌فه‌چییه‌تیی و سه‌رۆک عه‌شیره‌تییه‌وه به‌ڕێوه ناچێ. په‌یامی ئه‌وه‌ی بدرێتێ، بارزانی نه‌یتوانی ببێ به‌سه‌رۆکی هه‌رێم، به‌ڵکوو هه‌ر سه‌رۆکی حیزبه‌که‌ی خۆی و ناوچه‌که‌ی خۆی بوو. نه‌یتوانی وه‌ک سه‌رۆکێکی نیشتمانیی ئیراده‌ی سیاسیی بنوێنێ و له‌ڕووی سیاسیی و یاساییه‌وه، زمانی ستانده‌ردی کوردیی له‌هه‌رێمی کوردستانی عێراقدا ساغبکاته‌وه، به‌ڵکوو له‌ڕژێمی به‌عسی خراپترکرد که جیاوازیی ده‌خسته نێوان" سۆرانیی و بادینانییه‌وه".
نه‌یتوانی جیاوازیی له نێوان قوربانییانی بارزانییه‌کان و گه‌رمیانییه‌کان ، له‌نێوان ده‌ڤه‌ره‌که‌ی خۆی و هه‌ڵه‌بجه‌دا دروست نه‌کات. به‌ڵکوو ریکۆردی 18 ساڵی حیزبه‌که‌ی خۆی و یه‌کێتیی هاوپه‌یمانیی ستراتیژییشی جگه له‌لابردن و که‌ڵه‌که‌کردنی داهاتی نیشتمانیی به چه‌ندین بیلیۆن دۆلار، شتێکی ئه‌وتۆیان بۆ خه‌ڵکی کوردستان و ئاساییشی نیشتمانیی و ناوچه ناکۆکه‌کان نه‌کردووه. گه‌وره‌ترین شاکاری حکومه‌تی هه‌رێم ئه‌وه‌یه، که ده‌وڵه‌مه‌ندترین سه‌رۆکی حکومه‌تی له‌هه‌موو جیهاندا به‌رهه‌م هێناوه.
له‌هه‌مانکاتدا ئه‌گه‌ر ئه‌م ده‌ستووره خراپه‌ی کوردستان بخرێته ده‌نگدانه‌وه‌و له ریفه‌رێنده‌مێکدا( ریفراندۆم) بۆ سه‌رۆکی پارتیی سه‌ربگرێ، به‌ڕاستیی کوردستانی عێراق زۆر ده‌گه‌ڕێته‌وه دواوه و سه‌ره‌تای دیکتاتۆریی حیزبیی و بنه‌ماڵه‌یی ده‌ست پێده‌کات. ده‌نگدان به‌و ده‌ستووره به"به‌ڵێ" ، سه‌ربڕینی ئازادییه بۆ ده‌یان ساڵی تر. ته‌سلیمکردنه‌وه‌و سپاردنی کوردستانه به بنه‌ماڵه‌ی بارزانیی ، که هه‌نووکه بنه‌ماڵه‌ی تاڵه‌بانییش کۆمه‌کی سه‌ره‌کییان ده‌که‌ن.له‌پێناوی دابینکردنی ئازادیی زۆرتردا ، لای که‌می عه‌داله‌تی کۆمه‌ڵایه‌تیی، به‌داموده‌سگاییکردنی حکومه‌ت، لێپرسینه‌وه له دزین و شاردنه‌وه‌ی بیلیۆن بیلیۆن دۆلاری خه‌ڵکی کوردستان، سه‌ره‌تای گۆڕانێکی راسته‌قینه له ستراکتۆری ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی له‌کوردستاندا، گرنگه ده‌نگ به میراوده‌لیی بدرێ. ده‌نگدان به میراوده‌لیی، ده‌نگدانه به کۆتاییهێنان به حوکمی بنه‌ماڵه‌یی و ئه‌فسانه و قودسیه‌تی بنه‌ماڵه شۆڕشگێڕه‌کان. ده‌نگدان به‌میراوده‌لیی، ده‌نگدانه به ئازادیی، به رۆحی دێمۆکراسیی، به داموده‌سگاییکردنی ده‌سه‌ڵاته‌کان، به دابه‌شکردن و به‌کارهێنانی سامان و داهاتی گشتیی بۆ ژێرخانی ئابووریی و به‌سه‌ر زۆرینه‌ی خه‌ڵکدا، نه‌ک به‌س بۆ کۆمه‌ڵێ سه‌رکرده‌ی سیاسیی و حیزبیی. میراوده‌لیی له‌م شه‌ڕه سه‌خته‌دا له‌ڕێگه سندوقه‌کانی ده‌نگدانه‌وه، که به‌گژ قولله‌ی قافدا ده‌چێ، به پشتوپه‌نای کۆمه‌ڵانی به‌شخوراوی خه‌ڵکی کوردستانه‌وه ئه‌م ئازایه‌تییه‌ی له‌خۆی نیشانداوه. بۆیه ئه‌رکێکی مۆراڵیی و سیاسییه پشتگیریی لێ بکرێ.
میراوده‌لیی، پیاوێکی لووتبه‌رز و خۆبه‌گه‌وره‌زان نییه، پیاوێکه بڕوای ته‌واوی به ئازادیی و مافی مرۆڤ هه‌یه، لایه‌نگرێکی سه‌رسه‌ختی مافه‌کانی ژنانه، که‌سێکی سێکیولار و لیبراڵه، بڕوای به‌عه‌داله‌تی کۆمه‌ڵایه‌تیی هه‌یه، بڕوای به حیزب و ئایدیۆلۆژیا و سیاسه‌تی قۆرغکردنی ده‌سه‌ڵات نییه. که‌سێکی فایلدار نییه، له‌ژێر دروشمی کوردایه‌تییدا کاری بۆ داموده‌سگا موخابه‌راتییه‌کانی ناوچه‌که نه‌کردووه، نامه‌ی بۆ سه‌دام نه‌نووسیوه تا شاری هه‌ولێری بۆ داگیر بکات. فڕۆکه‌وانێکی تۆمه‌تباری به بۆردوومانکردنی هه‌ڵه‌بجه نه‌کرده به‌ڵاوه‌گێڕی کورسییه‌که‌ی، 18 ساڵه پاره‌ی خه‌ڵکی کوردستانی بۆ بنه‌ماڵه‌که‌ی خۆی و کوڕه‌کانی قایم نه‌کردووه. رێز له ئایینه جیاوازه‌کان و کولتووره جیاوازه‌کانی کوردستان ده‌گرێ، بڕوایه‌کی زۆری به‌گه‌نجانی کوردستان و ژنانی کوردستانه که داینه‌مۆی ئاڵوگۆڕه‌کانی داهاتوو ده‌بن. ده‌نگدان به میراوده‌لیی له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ی ئه‌مجاره‌دا ، ده‌نگدانه به ئازادیی و دێمۆکراسیی و مافی مرۆڤ. هاوکات نیشانه‌ی ئازایه‌تیی و چاوکراوه‌یی خه‌ڵکی کوردستانیش ده‌گه‌یه‌نێ، که چیتر رێگه نه‌ده‌ن، چه‌ند سه‌رکرده‌و دوو حیزبی سیاسیی به‌ناوی شه‌رعییه‌تی جه‌ماوه‌رییه‌وه، گه‌وره‌ترین بازرگانیی بکه‌ن و بودجه‌و داهاتی نه‌وتی هه‌رێمی کوردستان بۆ کۆمپانیا تایبه‌ته‌کانی بنه‌ماڵه‌کانیان قۆرغ بکه‌ن.
ئه‌م بابه‌ته له هاوڵاتی"ده‌نگدان"، ژماره 4 دا بڵاوبووه‌ته‌وه