
ڕۆمانی باڵه‌خانه‌ی یاقوبیان…..له‌نجه تاهیر
ڕۆمانی باڵه‌خانه‌ی یاقوبیان
له‌نجه تاهیر- سلێمانی
دووه‌مین كتێبی وه‌رگێڕراوی ڕۆماننووسی میسری عه‌لا ئه‌سوانی له‌لایه‌ن وه‌رگێڕ سه‌باح ئیسماعیل كرایه كوردی. نووسه‌ر له‌م ڕۆمانه‌دا تووڕه‌تر له ڕۆمانی "شیكاگۆ" له سایه‌ی ڕژێمی پۆلیسیی میسرییه‌وه، دژ به‌گه‌نده‌ڵی و بێ مافیی مرۆڤه‌كان به‌وه‌ڵام دێت. ئه‌م بوێرییه‌ش له نووسیندا وای له ئه‌سوانی كردووه له‌لایه‌ن ڕێژیمی میسرییه‌وه خۆشه‌ویست و له‌سه‌ر دڵان نه‌بێت. بۆیه به‌رده‌وام باجی نووسینه‌كانی ده‌داته‌وه و سه‌رێشه و ئاریشه‌ی زۆری بۆ دروست ده‌كه‌ن.
نووسه‌ر له‌م ڕۆمانه‌یدا ده‌یه‌وێت بڵێ، ئه‌گه‌ر ئیسلامی سیاسی ده‌سه‌ڵات به‌ده‌سته‌وه بگرێت، داخۆ چ دۆزهخێكمان بۆ ئاماده بكات؟
ئه‌و ده‌ڵێت، ئه‌وه نادادپه‌روه‌ری و نایه‌كسانی و هه‌ژارییه ده‌بنه مۆڵگه و ماڵی ئارامی تیرۆر، ئه‌وه دژوه‌ستانه‌وه‌ی دیموكراسی و دواكه‌وتوویی ده‌سه‌ڵاته مامانی بۆ هاتنه دنیای تیرۆر ده‌كات. كاتێك ده‌ڵێت ده‌كرێت له‌م سه‌رزه‌مینه‌دا به‌هه‌شتێكی واقیعی بۆ مرۆڤه‌كان بنیات بنرێت، مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه بڵێت سه‌رتاپای دنیا بووه‌ته دۆزه‌خ. ئه‌سوانی له‌م ڕۆمانه‌یدا وه‌كو نووسه‌رێكی خاوه‌ن ئه‌زموون له‌و كاره‌ساتانه‌ی به‌ڕێوه‌ن ئاگادارمان ده‌كاته‌وه. ئه‌و كاره‌ساته مرۆیییانه‌ی له سایه‌ی ڕێژیمه تۆتالیتارییه‌كاندا هه‌میشه له‌سه‌ر پێن و له هه‌ر ساتێك‌دا بێت ده‌شێت ڕوو بده‌ن.
عه‌لا ئه‌سوانی ساڵی 1957 له میسردا هاتۆته دنیاوه، كوڕی عه‌باس ئهسوانیی پارێزه‌ر و ڕۆماننووسی كۆچكردووی ناوداره. خوێندنی له قوتابخانه‌ی ئهلیسێی فڕه‌نسی له قاهیره‌دا ته‌واو كردووه و ماسته‌ری له نۆشداریی ددان له زانكۆی ئه‌لینۆی له شیكاگۆ به‌ده‌ست هێناوه. ئینجا له مه‌درید ئه‌ده‌بی ئیسپانی خوێندووه و زمانی ئینگلیزی و فڕه‌نسی و ئیسپانی ده‌زانێت. دوو كۆمه‌ڵه چیرۆك و سێ ڕۆمانی به‌چاپ گه‌یاندوون. ئه‌ندامێكی چالاكی بزاڤی لیبراڵیی كیفایهی به‌رهه‌ڵستكاره. له ساڵی 1990ـه‌وه ده‌ستی داوه‌ته نووسین و ڕۆمانی باڵه‌خانه‌ی یاقوبیانی له ساڵی 2002دا بڵاوكردووه‌ته‌وه. له ساڵی 2006دا كرا به‌فیلمی سینه‌مایی و ساڵێك دوای ئه‌وه‌ش كرا به‌زنجیره‌ی ته‌له‌فزیۆنی.
ڕۆمانه‌كانی بۆ زۆرێك له زمانه‌كانی دنیا وه‌رگێڕراون و چه‌ندین خه‌ڵاتی جیهانیی له بواری ئه‌ده‌ب و خه‌ڵاتی برۆنۆ كرایسكیشی وه‌كو داكۆكیكارێك له مافه‌كانی مرۆڤ له دوای وه‌رگێڕانی ڕۆمانی شیكاگۆ بۆ زمانی ئه‌ڵمانی پێ به‌خشرا.
* * *
باڵه‌خانه‌ی یاقوبیان ساڵی 1934 هاكۆب یاقوبیانی ملیۆنێری ئه‌رمه‌نی بنیاتی ناوه. ئێستاش ماوه و له شه‌قامی ته‌ڵعه‌ت حه‌ربه.
ئه‌م باڵه‌خانه‌یه به‌پێكهاته‌ی دانیشتووانهكهیهوه له موسڵمان و دیان، له هه‌ژار و ده‌وڵه‌مه‌ند به‌گشت توێژه‌كانیه‌وه وه‌كو شوێن له واقیعه جوگرافییه‌كه‌ی داده‌ماڵرێت و ده‌چێته خانه‌ی ڕه‌مزه‌وه و وه‌كو باڵه‌خانه‌یه‌كی كۆزمۆپۆلیتی میسر له‌ودا ده‌بینرێته‌وه، دانیشتووانهكهیشی خهڵكهكهین.
ڕۆمانی "باڵه‌خانه‌ی یاقوبیان" ڕۆمانی تووڕه‌یی و تاسه‌ی گۆڕانه له به‌رابه‌ر ئه‌و واقیعه تاڵه‌ی كه ناكرێت چاوپۆشی لێ بكرێت.
له ڕۆمانه‌كه‌دا ململانێیه‌كی زۆر جار نه‌بینراو له نێوان به‌هێز و بێ هێزدا هه‌یه، به‌تایبه‌ت له نێوان سه‌رمایه‌داران و نه‌داراندا، له‌م نێوه‌دا هه‌ژاران ده‌بنه سووته‌مه‌نی ماشێنی زه‌به‌لاحی سامان كۆكردنه‌وه و دامركێنهرهوهی گڕی ئاڵۆشی سێكسییان.
حاجی عه‌زامی ملیۆنێر بێوه‌ژنێكی لێقه‌وماوی شۆخ و شه‌نگ و نازداری خۆشی له خۆ نه‌دیو ده‌سته‌مۆ ده‌كات و ده‌یچه‌وسێنێته‌وه.
ته‌ڵاڵ شننی دڕنده‌ی خاوه‌ن كۆگای جلوبورگ له به‌رابه‌ر ده جونهیهدا له‌سه‌ر جه‌سته‌ی ناسكی بوسهینهی كارمه‌ندی نه‌داردا ده‌له‌وه‌ڕێت. هه‌ینێ ته‌های خۆشه‌ویستی پێی ده‌ڵێت لای ته‌ڵاڵ كارمهكه و ده‌رچۆ، ئه‌میش له كاتێكدا خانه‌واده‌كه‌ی چاویان له ده‌ستی ئه‌وه و به‌و مووچه‌یه ده‌گوزه‌رێن، بهتههای خۆشه‌ویستی ده‌ڵێت:
– ئه‌مره‌كه‌ی قوربان.. ئه‌و دوو سه‌د و په‌نجا جونهیههم بده‌رێ، كه لای ته‌ڵاڵ به‌ده‌ستی ده‌هێنم، ئیدی ناهێڵم له تۆ زیاتر كه‌س بمبینێت.
حاته‌م ڕه‌شیدی ده‌وڵه‌مه‌ندی نهسرۆ له به‌رابه‌ر به‌دیهێنانی حه‌ز و ئاره‌زووه‌كانیدا به‌سێكس كردن له‌گه‌ڵ هه‌مان ڕه‌گه‌زدا، عه‌بد ڕه‌به‌ی سعێدیی بێ پاره و پووڵ و ده‌سه‌ڵات ته‌فره ده‌دات و له به‌رابه‌ر ده‌وام نه‌كردنی له خزمه‌تی سه‌ربازییه‌كه‌یدا، به‌ده‌ر له ئیراده‌ی خۆی ده‌بێت به‌مێردی. كه به‌ناچاری به‌رژه‌وه‌ندییه‌كی هاوبه‌شی كاتی كۆیان ده‌كاته‌وه، به‌ڵام له كۆتاییدا ناكۆكییه‌كان ده‌گه‌نه چڵه پۆپه و شه‌ڕ و ئاژاوه‌ی توندیان لێ ده‌بێته‌وه.
له‌و لاشه‌وه ته‌های خوێندكاری كوڕی شازلیی ده‌ركه‌وان ئاواتی گه‌وره‌ی ئه‌وه‌یه ببێته ئه‌فسه‌ری پۆلیس. له‌كاتی تاقیكردنه‌وه‌ی وه‌رگرتندا له كۆلێژی پۆلیس هه‌موو هه‌نگاوه‌كان به‌سه‌ركه‌وتوویی ده‌بڕێت، وه‌لێ هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پیشه‌ی باوكی دهركهوانییه، ڕه‌تی ده‌كه‌نه‌وه و وه‌رناگیرێت.
ئه‌و نادادپه‌روه‌ری و لاقهكردنهی له به‌ندیخانه‌دا وای لێ ده‌كه‌ن، واز له كۆلێژ بهێنێَت و به‌ناچاری ببێته تیرۆریست و له خه‌می ئه‌وه‌دا بێت چۆن تۆڵه‌ی خۆی له‌وانه بستێنێته‌وه، كه به‌و ده‌رده‌یان برد.
زۆربه‌ی كاراكته‌ره‌كانی ڕۆمانه‌كه (زیاتر ئافره‌ته‌كان) كه‌سانی سه‌رلێ شێواو و ونن، به‌دووی خودی خۆیاندا ده‌گه‌ڕێن.
له ڕۆمانه‌كه‌دا ته‌نیا تارمایی دوو منداڵ به‌دی ده‌كرێن، یه‌كیان هه‌ر بهكۆرپهڵهیی به‌زۆر له سكی دایكی‌دا مافی ژیانی لێ ده‌سه‌ننه‌وه و له‌باری ده‌به‌ن، ئه‌وی دیش تووشی نه‌خۆشی ده‌بێت و گیان له‌ده‌ست ده‌دات.
لێره‌دا نووسه‌ر له‌م په‌نجه‌رانه‌وه ده‌ڕوانێته ژیان و ئومێدی به‌دیكردنی تروسكه‌ی هیوای ئاسۆیه‌كی نوێ به‌دی ناكات، چونكه هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك به‌ر به‌مردنی كۆرپه‌كانی نه‌گرێت، ئاینده‌یه‌كی نادیار له چاوه‌ڕوانییدا ده‌بێت.* بڕوانه: عه‌لا ئه‌سوانی، باڵه‌خانه‌ی یاقوبیان، وه‌رگێڕانی: سه‌باح ئیسماعیل، ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاراس، هه‌ولێر 2009