
هه‌ڵبژاردن و په‌نا بردن بۆ خێڵ عه‌شیره‌ت
ڕووناک شوانی
سیستمی عه‌شایه‌ری، له قۆناغه سه‌ره‌تاییه‌کانی دروستبوونی کۆمه‌ڵگه‌دا و پێش سه‌رهه‌ڵدانی سیستمی سه‌رمایه‌داری، وه‌کو سه‌ره‌تاییترین دامه‌زراوه‌ی به‌ڕێوه‌بردن وحوکمڕانی هاته کایه‌وه، بۆ رێکخستنی په‌یوه‌ندییه‌کانی به‌رهه‌مهێنان و په‌یوه‌ندی نێوان خاوه‌ن زه‌وی ( فیوداڵ ) و جوتیار (ڕه‌عییه) و پاراستنی مڵک و سه‌روه‌تی سه‌رۆکی عه‌شیره‌ت که خاوه‌نی هۆیه‌کانی به‌رهه‌مهێنان بوو. له سایه‌ی ئه‌و سیستمه‌دا مرۆڤ بوو به کۆیله‌ی خاوه‌ن زه‌وی واتا سه‌رۆکی عه‌شیره‌ت. په‌یوه‌ندییه‌کانی نێو عه‌شیره‌ت، په‌یوه‌ندی خوێنه ، واتا خزمایه‌تی و ژن و ژنخواز له چوارچێوه‌ی هه‌مان عه‌شیره‌ت یان تێکه‌ڵبوون له‌گه‌ڵ عه‌شیره‌ته‌کانی دیکه‌دا، که ئه‌مه‌یشیان له هه‌ندێک عه‌شیره‌تی گه‌وره‌دا قه‌ده‌غه‌یه، ته‌نها له حاڵه‌تی به‌رژه‌وه‌ندی ئابووری و سیاسی‌دا ڕێگه‌ی بۆ خۆش ئه‌کرێت.
له عێراقی سه‌رده‌می پاشایه‌تیدا هێزه سیاسییه‌کان بۆ گه‌یشتن به ئه‌نجومه‌نی ئه‌عیان، په‌نایان ئه‌برده به‌ر ده‌زگا عه‌شایه‌ریه‌کان که له ڕێگه‌ی ئه‌وانه‌وه ده‌نگی جوتیاران ده‌سته‌مۆ بکه‌ن. ئه‌م دهزگایانهیش له ژێر چاودێری سه‌ره‌ک عه‌شیره‌ت و خێڵه‌کاندا بوون و هه‌ر خۆیان سه‌رپه‌رشتیان ئه‌کرد و تیایدا خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌ها بوون. به‌مه‌یش له سایه‌ی ئه‌و سیستمه‌دا سه‌رۆک عه‌شیره‌ت و شێخ گرنگییه‌کی تایبه‌تیان هه‌بوو و چه‌ندین ئیمتیازاتیان پێئه‌درا و ته‌نانه‌ت هه‌ندێک جار به‌رپرسه‌کانی ده‌وڵه‌ت بۆ په‌یدا کردنی پشتیوان، ژن و ژنخوازیشیان له‌گه‌ڵ عه‌شیره‌ته خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌کاندا ئه‌کرد.
له پاش ڕووخانی ڕژێمی پاشایه‌تی له ساڵی 1958 و هاتنه سه‌رکاری حکومه‌تی کۆماری و ده‌رکردنی یاسای چاککردنی کشتوکاڵ، ئیدی عه‌شیره‌ت ئه‌و ڕۆڵه‌ی له ده‌ستدا. جاریکی تر له سه‌رده‌می ڕژێمی له ناوچووی به‌عسدا ڕۆڵی عه‌شیره‌ت زیندوو کرایه‌وه، ئه‌مجاره‌یان بۆ ڕاگرتنی ده‌سه‌ڵاتی ڕژێم و به‌کارهێنانی بوو بۆ شه‌ڕی ئێران و له ناوبردنی کورد (له ئه‌نفالدا هه‌ندێک له عه‌شیره‌ته‌کانی کورد و سه‌رۆک عه‌شیره‌ته‌کان ڕۆڵی کاریگه‌ریان هه‌بوو له جێبه‌جێکردنی ئه‌و پرۆسه به‌دناوه‌دا ) گه‌رچی زۆربه‌یان له ڕاپه‌ڕینی خه‌ڵکی کوردستانیشدا ڕۆڵی پشتیوانی خه‌ڵکیان بینی.
له پاش ڕووخانی ڕژیم و له لوتکه‌ی ئه‌و فه‌وزا سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تیه‌دا که ژێرخانی ئابووری ته‌فر و تونا ببوو، هاوکات له غیابی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و یاسایی و قهزاییدا ، عێڕاق به گشتی به‌ره‌و دوو ئاراسته‌ی ترسناک و زۆر دواکه‌وتوو برا و هه‌تاوه‌کو ئه‌مڕۆیش به‌رده‌وامه و بگره له بههێزبوونیشدایه، ئه‌و دوو ئاراسته‌یه‌ی که کۆمه‌ڵگه‌کانی ناو چوارچێوه‌ی عێڕاقی نوقمی سیستمێکی پاتریارکی بێ‌سنوور کردووه و هه‌موو ڕواڵهتیکی شارستانی و کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی لێ سڕیوه‌ته‌وه. ئه‌و دوو ئاراسته‌یه‌یش یه‌که‌میان ئاراسته‌ی ئاینی و دووه‌میان ئاراسته‌ی ده‌سه‌ڵاتی عه‌شیره‌تییه.
ئاشکرایه که دواکه‌وتووترین سیستمی ژیان به هه‌موو ڕه‌هه‌نده‌کانییه‌وه، له ناو چوارچێوه‌ی عه‌شیره‌تدا به پارێزراوی ئه‌مێنێته‌وه. زۆر ئاسته‌مه له سایه‌ی ئه‌و سیستمه‌دا سیماکانی شارستانییه‌ت و کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی به‌دیبکرێت. له سێبه‌ری عه‌شیره‌تدا تاک به گشتی و ژن به‌تایبه‌تی هه‌موو ئازادییه‌کانی زه‌وتکراوه، بازدان به‌سه‌ر یاسا و ده‌ستووره‌کانی عه‌شیره‌ت هێڵی سووره. هه‌ر بۆیه له‌و وڵاتانه‌دا که دیموکراسی تیایاندا به‌رقه‌راره و ڕێز له ئازادی ڕاده‌ربڕین و مافه‌کانی مرۆڤ ده‌گیرێت به هه‌موو ڕه‌نگ و ده‌نگه‌کانه‌وه، ئازادی تاک به ژن و پیاو منداڵه‌وه مانای ئازادی کۆمه‌ڵگه‌یه، عه‌شیره‌ت هیچ ڕۆڵێکی نییه و یاسا باڵاده‌ستترین ده‌سه‌ڵاته و که‌س له سه‌رووی یاساوه نییه.
له کوردستانی پاش ڕاپه‌ریندا، یه‌کێك له ئامانجه سه‌ره‌کیه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان ئه‌وه‌بوو که ده‌ستوورێکی شارستانی مه‌ده‌نی دابرێژرێت بۆ رێکخستنی ژیانی خه‌ڵک و دامه‌زراوه حکومیه‌کان، و بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه بۆ باری ئاسایی خۆی، یاسایه‌کی یه‌کسان له سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتێکی په‌رله‌مانی دیموکراتیه‌وه سه‌روه‌ر بێت، که نوێنه‌ری ڕاسته‌قینه‌ی ده‌نگی گه‌ل بێت و داوا و داخوازییه‌کانی له‌وێوه بگاته گوێی ده‌سه‌ڵات. که‌چی به‌هۆی نه‌بوونی ئه‌من و ئاسایشی کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری، و نه‌بوونی متمانه به هه‌ردوو حیزبی ده‌سه‌ڵاتدار له‌لایه‌ک و نزمی ئاستی هوشیاری و ڕۆشنبیری تاکی کۆمه‌ڵگه به مافه‌کانی خۆی، دامه‌زراوه عه‌شایه‌رییه‌کان ده‌سه‌ڵاتیان فراوان بوو، ته‌نانه‌ت له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی سیاسیشه‌وه ڕۆڵیان پێدرا.
له هه‌ڵمه‌ته‌کانی هه‌ڵبژاردنی یه‌که‌می خولی په‌رله‌مانی هه‌رێمی کوردستاندا ئه‌توانین بڵێین تا ڕایه‌کی زۆر خێڵ و عه‌شیره‌ت و شێخ، گرینگییه‌کی یه‌کجار زۆری پێنه‌درا، چونکه زیاتر پشت به ده‌نگی جه‌ماوه‌ر و لایه‌نگرانی حیزبه‌کان به‌سترا، به‌تایبه‌تیش له‌لایه‌ن یه‌کیه‌تی نیشتمانی کوردستانه‌وه، که ئه‌وکات بنکه‌یه‌کی جه‌ماوه‌ری به‌هێزی هه‌بوو. به‌ڵام له خولی ئه‌مجاره‌ی هه‌ڵبژاردنه‌کانی په‌رله‌مان و سه‌رۆکی حکومه‌تی هه‌رێمدا، هێزه سیاسییه‌کان به هه‌موو ڕه‌نگه‌کانه‌وه، دوور له هه‌موو ڕواڵهتیکی شارستانی و مه‌ده‌نی، ڕوانگه‌یه‌کی وایان به کۆمه‌ڵگه و تاکی کورد و دنیا به‌خشی که کورد پێکهاتووه له چه‌ند عه‌شیره‌تیکی سه‌ره‌کی و چه‌ند شێخێکی ئایینی که له‌وێوه سندووقه‌کانی ده‌نگدان پڕ له ده‌نگه ئاراسته‌کراوه‌کان ده‌کرێن. ئه‌م سیمایه ناشارستانیه بێبناغهیی و ژێرخانی بۆشی جه‌ماوه‌ری و ئیدیۆلۆژی حیزبه کوردستانییه‌کان و هێزه نیشتمانییه کوردستانیه‌کانمان بۆ ئاشکرا ئه‌کات، چونکه ئه‌گه‌ر حیزبێک بنکه‌یه‌کی جه‌ماوه‌ری به‌هێزی هه‌بێت و هێزێکی پێشڕه‌و بێت، پێویستی به پشتیوانی و به‌کارهێنانی دامه‌زراوه عه‌شایه‌رییه‌کان نییه بۆ ئه‌وه‌ی بۆ مه‌رامێکی کاتی و به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سکی خۆی به‌کاری بهێنێت. هه‌روه‌ها ئه‌و ڕاستیه له به‌رده‌ممان زه‌ق ئه‌کاته‌وه که هیچ کام له‌و هێزانه توانای به‌ده‌سته‌وه گرتنی حوکمی وڵات و نوێنه‌رایه‌تی خه‌ڵکیان نییه له په‌رله‌مانێکی به‌هێزی فره‌ده‌نگدا. په‌نا بردن بۆ سه‌ره‌ک عه‌شیره‌ت و خێڵ و ته‌کیه و خانه‌قا، سیاسه‌ت ئه‌خاته خزمه‌تی زیندووکردنه‌وه‌ی سیستمێک که زۆر نامۆیه به دنیای شارستانی و کۆمه‌ڵگه‌ی هاوچه‌رخ. دیارده‌یه‌که ترسمان له ئاینده و هاتنه خواره‌وه‌ی فه‌رهه‌نگی مه‌عریفی و فیکری ته‌نانه‌ت سیاسیش له دڵدا ئه‌ڕوێنێت، داهاتوویه‌ک که له‌وانه‌یه له تونێلی سه‌ده تاریکه‌کاندا خۆی ون بکات، و هێنده‌ی دیکه له شارستانییه‌ت دواکه‌وین، ئه‌مجاره‌یان نه‌ک ته‌نها له‌سه‌ر مۆبایل به‌ڵکو له‌سه‌ر هاتنه ده‌ره‌وه له ماڵیش ژنان و کچانمان بکوژرێن و به‌ردباران بکرێن.
لێره‌دا مافی هه‌موو تاکێکی کورده که له‌م کاته هه‌ستیاره‌دا ئه‌و پرسیارانه ئاراسته‌ی هێزه کوردستانییه‌کان بکات : که ئایا ئه‌توانرێت پشت به‌و هێزه عه‌شایه‌ریانه ببه‌سترێت که هیچ هاوپه‌یمانییه‌ک له‌لایان پیرۆز نییه که له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیاندا نه‌گونجێت ؟ ئایا ئه‌توانرێت له سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتێکدا که پشت و پشتیوانی خێڵ و عه‌شیره‌ت و ته‌کیه بێت، یاسای یه‌کسانی بۆ کۆمه‌ڵگه دابڕێژێت، که له سایه‌یدا هه‌موو تاکێک به ژن و پیاوه‌وه مافه‌کانیان پارێزراو بێت ؟ ئایا یاساکانی مافی تاکه‌که‌سی چاک ئه‌کرێته‌وه؟ ئایا نوێنه‌ری ژن له په‌رله‌ماندا به شێوه‌یه‌کی ڕاسته‌قینه نه‌ک به ڕواڵه‌ت، ته‌مسیلی ژن ئه‌کات، یان دووباره دامه‌زراوی حیزب ئه‌بێت؟ ئایا ئه‌و سه‌رۆک عه‌شیره‌تانه‌ی که که‌وا سووری به‌ر له‌شکری ئه‌نفال بوون و بوونه هۆی له ناوچوونی هه‌زاران که‌س له خه‌ڵکی ڕه‌ش و ڕووتی کورد و وێرانکردنی گونده‌کانی کوردستان و ئه‌مڕۆیش یان پله پایه‌ی حیزبی و حکومیان هه‌یه یانیش به‌شێکی گه‌وره‌ی ئابووری کوردستان ئهچهرخێنن، هه‌ر به‌و شێوه‌یه ئه‌یخۆن یان ئه‌درێنه دادگا و سزایه‌کی یاساییان به‌سه‌ردا ئه‌سه‌پێنرێت؟ ئه‌مانه و ده‌یان پرسیاری دیکه که په‌یوه‌ندی به شار و شارۆچکه و ناوچه دابڕاوه‌کانی کوردستان و ژیانی ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تی خه‌ڵکه‌وه هه‌یه، مافی خۆمانه وه‌ڵامه‌که‌ی وه‌ربگرینه‌وه.23/7/2009
ستۆکهۆڵم