ئه‌ڵماسی خوێنین و ئاڵتونی سپی
له پێنجی مانگی ئابی ساڵی ڕابوردودا ، له پرۆسه‌ی دادگای نێوده‌وڵه‌تی شهرهلێون ، ژنه ڕه‌شپێستی سۆپه‌ر فۆتۆمۆدێلی به‌ریتانیا،” نائۆمی که‌مبێل”ی ته‌مه‌ن چل ساڵ، بۆ لێکۆڵینه‌وه له‌سه‌ر که‌یسی تاوانه‌کانی شه‌ڕی ناخۆی شهرهلێۆن له نێوان ساڵه‌کانی (1991-2002)، بانگکرا بۆ دادگای لاهای و خانمی ناوبراو له پرۆسه‌که‌دا ئاماده‌بوو. لێکۆڵینه‌وه‌که له‌سه‌ر په‌یوه‌ستی ئه‌م سۆپه‌ر فۆتۆ مۆدیله به دکتاتۆر سه‌ر ککۆماری پێشووی لێبیریا” چارلس تایله‌ر” بوو. ڕوونتر بڵێین پرسیاره‌کان سه‌باره‌ت به‌و دیارییانه بوو که سۆپه‌ر فۆتۆ مۆدیل له ساڵی 1997، له لایه‌ن سه‌رککۆماری پێشووی لیبریا”چارلس تایله‌ر” پێشکه‌شی ده‌کرێت و وه‌ریده‌گرێت. دیارییه‌کانیش بریتی بوو له چه‌ند ئهلماسێک ،که به “ئه‌ڵماسی خوێنین”،ناوزه‌ند ده‌کرێت. ئهڵماسهکانیش ئه‌و سامان و سه‌روه‌ته‌یه که خه‌ڵکی ڕهشو ڕووت و هه‌ژاری ئه‌فریقی خوێنیيان له سه‌ر ڕشتوه، ساڵانێکی زۆر دووبه‌ره‌کی و شه‌ری ناوخۆی لێکه‌وته‌وه . لێره‌دا نوسینکهم له‌سه‌ر شه‌ڕه‌که‌ی شهرهلێون نیه ، به‌ڵکو له سه‌ر ده‌ستکه‌وت و داهاتی جه‌نگ و دیارییه گرانباکانی خانمی مۆدێله.
پرسیاره‌که ئه‌وه‌یه ئایا ئه‌م سۆپه‌ر فۆتۆ مۆدێله که ناوبانگی جیهانی هه‌یه، ده‌زانێت ئه‌م دیارییانه‌ی که پێبه‌خشرا ، چییه و چۆن هاتوه و له کوێیه‌وه هاتووه و چۆن ده‌ستی سه‌رککۆماری ناوبراو که‌وتوه؟ ئایا ده‌زانێت ئه‌م ئه‌ڵماسانه ، سامان و سه‌روه‌تی ووڵاتێکه که خوێنیی هه‌زاران هه‌زران ، که‌سی ڕه‌شپێستی ئه‌فریقی وه‌ک خۆی له‌سه‌ره، ئه‌و ووڵاته‌ی که تاڵانفرۆش ده‌کرێت و ده‌ستکه‌وته‌که‌ی ته‌نها بۆ چه‌ند که‌سێکی دکتاتۆره؟ ئایا ده‌زانێت کێ له پشتی ئه‌م تاڵانفرۆنشییهوهیه؟ ئه‌ی ئایا سۆپه‌ر فۆتۆمۆدێل ده‌زانێت کێ گڕی شه‌ره‌که‌ی به‌ده‌سته‌وه بووه ؟ ئاگای له داهات و ده‌ستکه‌وتی شهڕروکوشتارهکه بوه‌و ده‌یزانی ده‌چێته گیرفانی کێ؟
ئایا ئه‌م فۆتۆ مۆدیله که به بێ شه‌رم بێوویژدان ئهلماسهکان وه‌رده‌گرێت ، بیر له‌و منداڵ و مێردمندالانه ده‌کاته‌وه که به زۆر له ژێر فشاری ماده‌ی هۆشبه‌ر ده‌کرێن به سه‌ربازو فێرده‌کرێن به ته‌ور و قه‌مه , قاچ و ده‌ستی کۆرپه‌و ژن و پیاو په‌ککه‌وته‌ی یه‌کتر ببرنه‌وه ، تا شه‌ڕ و ئاژاوه زیاتر و زیاتر په‌ره بسه‌نێت ، لێره‌شه‌وه قازانجی
شه‌ری ناوخۆش بۆ دکتاتۆر چارلس ده‌بێت ، ڕوونتر بڵێین ئه‌ڵماسی زیاتر ده‌ستکه‌وێت، له پاشانیشدا وه‌ک دیاری به سه‌ر په‌یوه‌ندییه تایبه‌تیه‌کانی بیبه‌خشیته‌وه. ئایا ئه‌م فۆتۆ مۆدێله که نامۆدێله ده‌زانێت که ساڵای ساڵه که دکتاتۆری ناوبراو یه‌کێکه له تاوانباره گه‌وره‌کانی جه‌نگی ناوخۆ و به به‌رده‌وامی پاڵپشتی ئه‌م جه‌نگه‌ی شهرهلیون بووه ؟ دیاره نائۆمی له پرۆسه‌ی دادگایدا حاشای له‌و ڕاستییه نه‌ده‌کرد که کاتی خۆی له ساڵی 1997 له ئه‌فریقای باشوور میوان ده‌بێت ، له‌و میواندارێتیه چاوی به چارلس ده‌که‌وێت که له دوای نانخواردن ئه‌م دکتاتۆره به دووکه‌سدا چه‌ند ئهلماسێک ، بۆ خانم نائۆمی ده‌نێرێت، فۆتۆ مۆدێلیش دیارییه‌کان به شانازییه‌وه وه‌رده‌گرێت، به‌ڵام هاوکات له دادگادا ئاماژه به‌وه ده‌کات که نازانێت، کێ ئه‌ڵماسه‌کانی بۆ ناردوه ؟
ئه‌م هه‌ڵوێست و ووهڵامهی نائۆمی له دادگادا سه‌رنجی میدیا‌و گۆڤار و ڕۆژنامه‌کانی جیهان راده‌کێشێت که ئایا به ڕاستی که‌سێکی بێهوش و بێئاگاو مێشک پووته، یاخود له شه‌رم و بێئابروی خۆیدا ڕاستی په‌یوه‌ندی له گه‌ل ئه‌م دکتاتۆره ده‌شارێته‌وه!
له پرۆسه‌ی دادگای نیوده‌وله‌تی شهرهلێون، له لاهای، له‌سه‌ر که‌یسی تاوانی جه‌نگی ناخۆی شهرهلێون ، سه‌رککۆماری پێشووی لیبیریا چارلس تایله‌ر له دایکبووی سالی ( 28 جنێوهری 1948دا )، به‌یه‌کێ له تۆمه‌تباره‌کانی شه‌ڕی ناوخۆی شهرهلێون ئه‌ژمار ده‌کرێت. ناوبراو تۆمه‌تبارکراوه به تاوانی دژه مرۆیی و ڕۆڵی گه‌وره‌ی له کوشتارو هاندانی جه‌نگی ووڵاتی درواسێی هه‌بووه. دکتاتۆر چارلس تایله‌ر له سالی 1997-2003 سه‌رککۆماری لیبیریا ده‌بێت. له‌کاتی ده‌سه‌لاتیدا پاڵپشتی هێزه چه‌کداره‌کانی ووڵاتی درواسێ شهرهلیون که دژی حکومه‌تی شهرهلێونن، ده‌کات . به‌رامبه‌ر ئه‌م پاڵپشتیه‌ی له چه‌ک و هاوکاری، چارلس ئه‌لماس له چه‌کداره‌کان وه‌رده‌گرێت .
له شه‌ری ناوخۆدا شهرهلێون زیاد له سه‌دهه‌زار کوژراو و دوو ملێون پهناهندهو هه‌زاران برینداری ده‌بێت . هه‌زاران منال و ژن و پیاو به ته‌وه‌ر قاچ و ده‌ستیان ده‌برێته‌وه.
له ساڵی 2003 به نهێنی سکالا له سه‌ر چارلس تایله‌ر تۆمار ده‌کریت، به‌لام دوای ماوه‌یه‌کی که‌م هه‌واڵه‌که دزه ده‌کات و ئاشکرا ده‌کرێت، له ئه‌نجامی فشاری نێوده‌وله‌تی چارلس واز له پۆسته‌که‌ی ده‌هێنێت به‌ره‌و نێجریا هه‌ڵدێت، له پاش هه‌وڵدانی له خۆشاردنه‌وه‌و ههلاتندا دواجار ده‌گیرێت و ڕاده‌ستی دادگای نێوده‌وڵه‌تی له هۆله‌ندا ده‌کرێت. ناوبراو له ساڵی 2007 له پرۆسه‌ی دادگای نێونه‌ته‌وه‌ییدا یه.
له کوردستانی خۆشمان‌دا ژنانی وه‌ک نائۆمیمان زۆره ، که له به‌ر پرسه‌کان دیاری و به‌خشیشی وه‌ک پارچه زه‌وی و موچه ی لابه لا و پۆستی به‌رز وه‌رده‌گرن . ئه‌و ژنه نامۆدێلانهی که گه‌لێکیان سالانێکی زۆر له هه‌نده‌ران بوون ، ئێستاش له کوردستان و ووڵاتانی تری ئه‌وروپادا، به دبلۆمی ساخته ، خاوه‌ن پۆستی باڵا و له خۆشگوزه‌رانیدان ، پرسیار ده‌که‌م ئایا ئه‌م ژنانه پرسیاریان له خۆیان کردوه ئه‌م دیاری و مووچه‌یان چۆن و له کویێوه بۆ پێبه‌خشراوه ؟ ئایا ده‌زانن که ساڵانێکی زۆره سامان و سه‌روه‌تی نه‌وت تاڵان ده‌کرێت , ده‌ستکه‌وته‌که‌ی بۆ کێیه؟ ئه‌و نه‌وته‌ی که خوێنیی هه‌زاران که‌سی ڕه‌ش و ڕووتی له پێناودا ڕژاوه، به‌ره‌و ووڵاتانی دراوسێ تالانفرۆش و ئاودیو ده‌کرێت ، داهاته‌که‌شی بۆ گیرفانی چه‌ند به‌رپرسی ناپرس و چه‌ند سه‌رکرده‌یه‌که . ئیوه‌ش وه‌ک نائۆمیی مشهخۆڕ، سودمه‌ندن له به‌خشیش و دیاری” نه‌وتی خوێن “. ئایا پرسیار له خۆتان ده‌که‌ن چۆن له ووڵاتێکی ده‌وڵه‌مه‌ندنی پڕ نه‌وتدا ، ههژارای و نه‌بوونی میلله‌تی وهرسکردوه؟ بێ‌کاری و به تاڵی گه‌نج و لاوانی ههراسانکردوه ، له بێده‌سه‌ڵاتیدا نائۆمێد و بێ هیوان ئاکامه‌که‌شی یان هه‌ڵدێن یان خۆیاندهکوژن . ئاخۆ رۆژێک له رۆژان ئێوه‌ش دادگا بکرێن، په‌رده‌پۆش بکرێن که کێن و چین ؟
بێریڤان جه‌مال حه‌مه سه‌عید