ئیسلام و مه‌سه‌له‌ی توندوتیژی
سه‌ره‌ڕای هه‌بوونی توندوتیژی له زۆربه‌ی ناوچه‌کانی جیهان، هه‌ر له ئێرله‌نده‌وه بۆ لوبنان و بۆ ناوچه‌کانی حه‌وزی ئۆقیانوسی ئارام، هه‌روه‌ها تێوه‌گلانی زۆربه‌ی دینه‌کانیش له‌م توندوتیژییه له مه‌سیحیه‌ته‌وه بۆ دینی هیندۆسی، که‌چی جیهانی رۆژئاوا، ئیسلام له هه‌موو دینه‌کانی دی زیاتر به توندوتیژی ناوزه‌د ده‌کات.
داگیرکردنی ئیسپانیا له‌لایه‌ن موسڵمانه‌کانه‌وه و شه‌ڕی سه‌ڵیبی- که موسڵمانه‌کان له‌و شه‌ڕه ده‌ستپێشخه‌ر نه‌بوون- و زاڵبوونی عوسمانییه‌کان به‌سه‌ر ئه‌وروپای رۆژهه‌ڵات، ئه‌مانه گشتی پێشینه‌یه‌کی مێژوویی داوه‌ته ئیسلام که ناوی به توندوتیژی و ده‌سه‌ڵاتخوازیه‌وه بلکێنرێت. ئه‌مه سه‌رباری ئه‌و گۆڕانکاری و ئاشوب و پشێوییانه‌ی که له‌و چه‌ند ده‌ساڵانه‌ی دواییدا له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست روویان دا، به‌تایبه‌ت له‌لایه‌ن ئه‌و بزوتنه‌وانه‌وه که ناوی ئیسلام به کار دێنن و به دوای ڕێگه‌چاره‌یه‌کدا ده‌گه‌ڕێن بۆ گیروگرفته‌کانی جیهانی موسڵمانان، ئه‌و گیروگرفتانه‌ی که به هۆی باروزروفێکهوه دروست بوون له ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی موسڵمانانه. تێکڕای ئه‌م بارودۆخانه ئه‌و بۆچوونه‌ی لای رۆژئاواییه‌کان به هێز کرد که به شێوه‌یه‌ک له شێوه تایبه‌ته‌کان ناوی ئیسلام به توندوتیژییه‌وه بلکێنن.
بۆ تێگه‌یشتن له سروشتی ئیسلام و تێگه‌یشتن له راستی ئه‌و مه‌سه‌له‌ی که زۆر جار ته‌ئکیدی له‌سه‌ر ده‌کرێته‌وه که‌وا ئیسلام هانده‌ر و ڕێخۆشکه‌ره بۆ توندوتیژی. له پێش هه‌موو شتێک، زۆر گرنگه ئه‌وه به بیری خۆمان بێنینه‌وه که هه‌ر ناوی ئیسلام خۆی مانای ئاشتی ده‌به‌خشێ، هه‌روه‌ها مێژووی ئیسلام توندوتیژیی زیاتر نه‌بووه له‌و توندوتیژییانه‌ی که له شارستانیه‌ته‌کانی دی‌دا هه‌بووه، به‌تایبه‌ت شارستانیه‌تی رۆژئاوا. هه‌رچه‌نده ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستی ئێمه‌یه لێره‌دا، بنه‌ما و ئایدیاله‌کانی دینی ئیسلامه نه‌ک رووداوێکی تایبه‌ت یا به‌سه‌رهاتێک که زیاتر ده‌خرێته چوارچێوه‌ی ئیحتیمالاتی مێژووییه‌وه که ئیسلام تیایدا له‌سه‌ر ئاستی مێژووی مرۆڤایه‌تییه‌وه ده‌ر که‌وتووه و په‌ره‌ی سه‌ندووه.
له پێش هه‌موو شتێک، پێویسته پێناسه‌ی توندوتیژی بکه‌ین و مه‌به‌ستمان له توندوتیژی چییه. چه‌ند قاموسێکی پێناسه‌ی زاراوه‌مان له‌به‌ر ده‌ستدان، به‌م شێوه‌یه پێناسه‌ی توندوتیژیان کردووه: “به‌کارهێنانی هێزێکی زۆر و به توندی و به خێرایی”، ” کارێکی فیزیکیی توند و زیانبه‌خش” ، ” هه‌وڵێکی نابه‌جێ و ناعادیلانه به به‌کارهێنانی هێز به‌تایبه‌ت له دژی مافه‌کانی خه‌ڵکانی دی” ، ” ره‌فتاری ره‌ق و توندڕه‌وانه و له ناکاو” دوا پێناسه‌ی “زه‌ره‌ر و زیان گه‌یاندن له ڕێی شێواندنی مانا و مه‌به‌ست و راستییه‌وه”. ئه‌گه‌ر توندوتیژی ئه‌و پێناسانه‌ی هه‌بێت، لێره‌دا ئه‌و پرسیاره دێته پێش، ئایا ئیسلام هه‌تا چه‌ند له‌گه‌ڵ ئه‌و پێناسانه بۆ توندوتیژی یه‌ک ده‌گرێته‌وه.
ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست توندوتیژی زه‌بروزه‌نگ و هێز بێت، ئیسلام به شێوه‌یه‌کی موتڵه‌ق دژی ئه‌وه نییه که زه‌بروزه‌نگ و هێز هه‌رگیز به کار نه‌یه‌ت، به‌ڵکو زیاتر هه‌وڵی ئه‌وه ده‌دات له‌به‌ر رۆشنایی شه‌ریعه‌تی خوایی (شه‌ریعه‌تی ئیسلام) توندوتیژی کۆنترۆڵ بکات.
له‌م جیهانه‌دا له هه‌موو شوێنێک زه‌بروزه‌نگ هه‌یه، له سروشت و کۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تی، له‌ناو مرۆڤه‌کان و نه‌فسی مرۆڤه‌کانیش. ئامانجی ئیسلام به‌رقه‌رارکردنی عه‌داله‌ته له نێو گرژی و پشێویی ئه‌و هێزه زۆرکارانه. مه‌فهومی ئیسلام بۆ دادپه‌روه‌ری، یه‌کسانییه، وشه‌ی داد(العدل) له عه‌ره‌بیدا له (التعادل) هاتووه واته یه‌کسان و هاوسه‌نگ. هه‌ر هێزێک له ژێر ڕێنمایی شه‌ریعه‌تی خواییه‌وه به کار بێ و به ئامانجی دامه‌زراندنه‌وه و گێڕانه‌وه‌ی یه‌کسانی و دادپه‌روه‌رییه‌ک بێ که له نێو بردراوه، ئه‌وا به‌کارهێنانی له‌و حاڵه‌ته جایزه و به‌ڵکو پێویستیشه، چونکه بۆ گێرانه‌وه و چه‌سپاندنی عه‌داله‌ته. سه‌ره‌ڕای ئه‌مانه‌ش، به‌کارنه‌هێنانی هێز له هه‌ڵومه‌رجێکی ئاوهادا بۆی هه‌یه بتکاته قوربانیی ئه‌و هێزه زۆرکارانه که ده‌بنه هۆی بڵاوکردنه‌وه‌ی ناعه‌داله‌تی و نایه‌کسانیی زیاتر و پشێوی و بێنیزامیی زیاتر. به‌کارهێنانی زه‌بروزه‌نگ له‌و حاڵه‌ته‌دا چ به توندی و چ به چڕی بێت یان به هێواشی و به شێنه‌یی، له‌سه‌ر ئه‌و باردۆخه ده‌وه‌ستێ که هێزی تێدا به کار دێت. به‌ڵام له هه‌ر حاڵه‌تێکدا زه‌بروزه‌نگ پێویسته به ئامانجی گێڕانه‌وه‌ی عه‌داله‌ت و ته‌بایی و پێکه‌وه‌گونجان بێت، نه‌ک بۆ مه‌به‌ستی شه‌خسی و تایه‌فه‌گه‌ری که به‌رژه‌وه‌ندیی که‌سێک یان گروپێک ڕه‌چاو ده‌کرێ نه‌ک به‌رژه‌وه‌ندیی گشتی.
ئیسلام، له کاتی سه‌رهه‌ڵدانی رووبه‌رووی دنیا ده‌بێته‌وه به هه‌موو کێشه‌کانییه‌وه- نه‌ک دنیایه‌ک که ئه‌وه‌ی هیی قه‌یسه‌ره بۆ قه‌یسه‌ری لێ گه‌ڕێ _ له‌هه‌موو لایه‌کی ئه‌و دنیایه زه‌بروزه‌نگ و توندوتیژی هه‌بوو، ئیسلام خۆی به به‌رپرسیار ده‌زانێ له ئاست ئه‌و توندوتیژییانه. ئیسلام سه‌ره‌ڕای ئه‌و شه‌ڕ و داگیرکردن و هێرشانه‌ی هه‌یبووه، به‌ڵام به هۆی ئه‌و راستییه‌ی که له‌سه‌ر توندوتیژی هه‌یه‌تی، به‌کارهێنانی زه‌بروزه‌نگی سنووردار کردووه. ئیسلام توانی ژینگه‌یه‌کی ئاشتی و هێمنی به‌رقه‌رار بکات که تاوه‌کو ئه‌مڕۆش ئه‌گه‌ر شتێک له جیهانی ئیسلامی ته‌قلیدی و ئه‌سڵیدا مابێ، ده‌توانرێت به جوانی هه‌ستی پێ بکرێت. ئه‌و ئاشتی و هێمنییه‌ی چ له مه‌راکش بێت یان له لاهور بێت که له حه‌وشه‌ی مزگه‌وتێک یان باخچه‌یه‌ک هه‌یه، ئه‌مه به ڕێکه‌وت نییه، به‌ڵکو له ئه‌نجامی کۆنتڕۆڵکردنی هێزه به ئامانجی دامه‌زراندنی ئه‌و پێکهوهگونجانهی که به هۆی یه‌کسانکردنی ئه‌و هێزانه‌وه هاتۆته دی، ئه‌وجا چ ئه‌و هێزانه سروشتی بن یا کۆمه‌ڵایه‌تی یا ده‌روونی.
ئه‌گه‌ر مانای توندوتیژی ” کارێکی فیزیکیی توند و زیانبه‌خش” بێ، ئه‌وا شه‌ریعه‌تی ئیسلام دژی ئه‌و جۆره توندوتیژیه‌یه، مه‌گه‌ر ته‌نها بۆ حاڵه‌تی شه‌ڕ یان سزادانی تاوانبار بێت، ئه‌ویش به گوێره‌ی شه‌ریعه‌تی ئیسلام. ته‌نانه‌ت له شه‌ڕیش بریندارکردن و ئازاردانی ژن و منداڵ قه‌ده‌غه‌یه هه‌روه‌ک بۆ خه‌ڵکی مه‌ده‌نیش به‌کارهێنانی هێز قه‌ده‌غه‌یه. ته‌نها بۆ جه‌نگاوه‌رانی مه‌یدانی شه‌ڕ پێویسته هێز و زه‌بروزه‌نگ به کار بێت، ته‌نها بۆ ئه‌وان ده‌بێ کاری توندوتیژی و فیزیکیی زیانبه‌خش به کار بێت. هه‌ر بریندارکردن و ئازارگهیاندنێک له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مانه له ئیسلامدا حه‌رامه، ته‌نانه‌ت ئازارگه‌یاندنی جه‌سته‌یی بۆ سزادانی تاوانبارانیش ده‌بێ له چوارچێوه‌ی شه‌ریعه‌ت بێ و قازییه‌ک حوکمی له‌سه‌ر بدات.
ئه‌گه‌ر توندوتیژی به مانای” هه‌وڵێکی نابه‌جێ به به‌کارهێنانی هێز به تایبه‌ت له دژی مافه‌کانی خه‌ڵکانی دی” بێ، ئه‌وا ئیسلام زۆر به‌توندی دژی ئه‌مه‌یه. مافه‌کانی مرۆڤ له فیقهی ئیسلامدا ناسێنراون و ڕوون کراونه‌ته‌وه، هه‌روه‌ها به گوێره‌ی ئه‌و قانوونه‌ش پارێزراوه که ئه‌مه نه‌ک هه‌ر بۆ موسڵمانانه به‌ڵکو بۆ ئه‌وانه‌شه که لایه‌نگری دینه‌کانی دیکه‌ن و به ئه‌هلی کیتاب ناسراون. ئه‌گه‌ر سه‌ره‌ڕای ئه‌م قانوونانه‌ش له کۆمه‌ڵگه‌ی موسڵمانان توندوتیژی هه‌یه، ئه‌مه به هۆی ڕێنماییه‌کانی ئیسلامه‌وه نییه، به‌ڵکو به هۆی به‌دحاڵیبوون و ناته‌واوی له تێگه‌یشتنی ئینسانه بۆ په‌یامی خوایی. هیچ دینێک ناتوانێت ئه‌و خراپییانه‌ی که له سروشتی ئینساندا هه‌ن به ته‌واوه‌تی بنبڕ بکات. ئه‌وه‌ی شایانی سه‌رنجه ئه‌مه‌یه، هه‌رچه‌نده هه‌ندێک توندوتیژی به مانای وشه له کۆمه‌ڵگه موسڵمانییهکاندا هه‌یه، ئه‌مه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی کۆمه‌ڵێک فاکته‌ری سلبیی کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوری ده‌وریان هه‌یه له په‌یدابوونی ئه‌و توندوتیژییانه، به‌ڵام به هۆی ده‌رکه‌وتنی کۆلۆنیالیزم و زۆربوونی دانیشتوانه‌وه، به پیشه‌سازیبوون، و به مۆدێرنبوون، رۆلێکی به‌رچاویان گێڕاوه له خراپترکردنی باردۆخه‌که که ئه‌مه‌ش بۆته هۆی له‌یه‌کترازانی کولتوری و زۆر دیارده‌ی دیکه‌ی ناله‌بار، سه‌ره‌ڕای ئه‌مانه‌ش هێشتا کاری توندوتیژی ناعادیلانه له دژی خه‌ڵکانی دی به به‌راورد له‌گه‌ڵ رۆژئاوای پیشه‌سازی، له وڵاته موسڵمانه‌کان که‌متره.
ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست له توندوتیژی” ره‌فتاری ره‌ق و توندڕه‌وانه و له ناکاو” بێت، ئه‌وا له‌مه‌ش ئیسلام به شێوه‌یه‌کی موتڵه‌ق دژیه‌تی. ئیسلام له‌سه‌ر بنه‌ڕه‌تی میانه‌ڕه‌وی ده‌ڕوات و ئه‌خلاقی ئیسلامیش له‌سه‌ر بنه‌ڕه‌تی دوورکه‌وتنه‌وه له توندڕه‌وی و ته‌ئکیدکردنه‌وه له‌سه‌ر میانه‌ڕه‌وی دامه‌زراوه. هیچ شتێک به ڕاده‌ی توندی و توڕه‌یی به جیهانبینی ئیسلام نامۆ نییه، توندڕه‌ویی له‌راده‌به‌ر ئه‌وه هه‌ر باسی ناکرێ که چه‌نده به ئیسلام بێگانه‌یه. هه‌تا ئه‌گه‌ر زه‌بروزه‌نگیش به کار هات ئه‌وا ده‌بێ به شێوه‌یه‌کی مامناوه‌ندی به کار بێت.
له دواپێناسه، ئه‌گه‌ر توندوتیژی به مانای ” شێواندنی مانا و مه‌به‌ست یان راستی بۆ ئازارگه‌یاندن به خه‌ڵکانی دی” بێت، ئه‌وا له‌مه‌ش ئیسلام زۆر به توندی له دژیه‌تی. ئیسلام له‌سه‌ر ئه‌و راستییه بنیات نراوه که له شایه‌تماندا هاتووه( لا اله الا الله). شێواندنی هه‌ر راستییه‌ک به پێچه‌وانه‌ی عه‌قیده سه‌ره‌کییه‌کانی ئیسلامه، هه‌تا ئه‌گه‌ر له‌و شێواندنه‌ش هیچ که‌سێک زه‌ره‌رمه‌ند نه‌بێت. ئه‌و شێواندنه هه‌رچه‌نده زه‌ره‌ر و ئازاری زیاتری لێ بکه‌وێته‌وه، ته‌واو له دژی ڕێنماییه‌کانی قورئان و سوننه‌تی پێغه‌مبه‌ره.
له کۆتاییدا، ده‌بێ ته‌ئکید بکه‌ینه‌وه که ئیسلام له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نه‌کانی ژیان مامه‌ڵه ده‌کات، هیچ جیاوازییه‌ک ناکات له نێوان که‌سێکی ئیماندار و که‌سێکی بێئیمان، له‌گه‌ڵ توندوتیژی و هێز و ده‌سه‌ڵات که له جیهاندا بوونیان هه‌یه مامه‌ڵه ده‌کات. به‌ڵام ئیسلام له ڕێی کۆنترۆڵکردنی به‌کارهێنانی هێز و زه‌بروزه‌نگ، زه‌مینه خۆش ده‌کات بۆ چه‌سپاندنی عه‌داله‌ت و پێکه‌وه ژیان، هه‌روه‌ها به‌کارهێنانی هێزیش سنووردار ده‌کات. له دژی توندوتیژییه‌ک ده‌وه‌ستێت که ده‌ستدرێژی بۆ مافه‌کانی خوا و مه‌خلووقه‌کانی ده‌کات وه‌ک له شه‌ریعه‌تی خوادا روون کراوه‌ته‌وه.
ئامانجی ئیسلام گه‌یشتن به ئاشتییه، به‌ڵام ئه‌و ئاشتییه ته‌نها له‌و(جیهاد)ـه به ده‌ست دێت که له ڕێی به‌کارهێنانی ئه‌و وزه و توانایه‌یه که له خۆمانه‌وه ده‌ست پێ ده‌که‌ین و دیسپلینی خۆمانی پێ ده‌که‌ین، ڕێنماییمان ده‌کات بۆ ژیان له جیهانێک به گوێره‌ی بنه‌ماکانی شه‌ریعه‌ت.
ئیسلام ڕێگه خۆش ده‌کات بۆ ئه‌وه‌ی ئینسان بتوانێت به گوێره‌ی سروشتی خوایه‌تیی خۆی بژیێت، ئه‌و سروشته خواییه‌ی خۆیشی پێشێل نه‌کات. ئیسلام به‌کارهێنانی زه‌بروزه‌نگ و هێز تا ئه‌و راده‌یه ڕێگه پێ ده‌دات که دژ به‌و مه‌یل و ئاره‌زووانه ده‌وه‌ستێ کاتێک ئینسان دژ به راستییه‌کانی زاتی خۆی ده‌وه‌ستێته‌وه. توندوتیژی له‌و کاته چاوپۆشی لێ ده‌کرێ که ڕێگه ده‌گرێ له تێکدانی سروشتی ئینسانی بوونمان یان ڕێگه ده‌گرێ له فه‌وزایه‌ک که بۆی هه‌یه عه‌داله‌ت و یه‌کسانی له نێو ببات. به‌ڵام ئه‌و جۆره به‌کارهێنانه بۆ هێز له راستیدا پێی ناگوترێ توندوتیژی وه‌ک وای لێ تێگه‌یشتوون. ئه‌مه هه‌وڵ و کۆششی ئیراده‌ی ئینسانه بۆ هاوئاهه‌نگبوون له‌گه‌ڵ ئیراده‌ی خوا، هه‌روه‌ها ته‌سلیمبوونی ئیراده‌ی ئینسانه به ئیراده‌ی خوا. له‌و ته‌سلیمبوونه ئاشتی(سلام) به ده‌ست دێت که ئه‌ویش ئیسلامه، ته‌نها له ڕێی ئه‌و ئیسلامه‌وه‌یه ده‌کرێ ئه‌و توندوتیژییه فیترییه که له سروشتی ئینسانه کۆنترۆڵ بکرێت و به‌سه‌ر شه‌یتانی نه‌فسدا زاڵ بی؛ ئیدی به‌م شێوه‌یه ئینسان له‌گه‌ڵ خۆی و جیهان به ئاشتی ده‌گات، چونکه له‌گه‌ڵ خوا به ئاشتی ژیان به سه‌ر ده‌بات.
سه‌ید حوسێن نه‌سر
وه‌رگێرانی: سوداد ڕه‌سول
————————————————-
– سه‌ید حوسێن نه‌سر، مامۆستای لێکۆڵینه‌وه ئیسلامییه‌کانی زانکۆی جۆرج واشنتۆنه له ئه‌مریکا، له ساڵی 1933 له تاران له دایک بووه. ئه‌مڕۆ به یه‌کێک له فه‌یله‌سووفه کانی جیهانی موسڵمانان داده‌نرێت. خاوه‌نی کۆمه‌ڵیک کتێب و لێکۆڵینه‌وه‌یه له باره‌ی ئیسلام و فه‌لسه‌فه و تهسهوووفهوه. ئه‌م نووسینه له گۆڤاری (Al-Serat, A Journal of Islamic Studies, 13/2 (1987) pp. 26-29. Published in London by the Muhammadi Trust of Great Britain and Northern Ireland) له کۆتایی ساڵه‌کانی هه‌شتای سه‌ده‌ی رابردوو بڵاو کراوه‌ته‌وه. هه‌ر بۆیه‌ش ئیشاره‌ت به رووداوه‌کانی لوبنان و ئێرله‌نده ده‌دات. ئه‌م نووسینه له ئینگلیزییه‌وه کراوه به کوردی بۆ ده‌قه ئینگلیزییه‌که‌ی بڕوانه ئه‌م ویبسایته: http://www.al-islam.org/al-serat/
– له‌م بڕگه‌یه ( ئه‌وه‌ی هیی قه‌یسه‌ره بۆ قه‌یسه‌ری لێ گه‌ڕێ) نووسه‌ر مه‌به‌ستی ئه‌و فه‌رمووده‌ی حه‌زره‌تی عیسایه- سڵاوی خوای لێ بێت- که ده‌فه‌رموێ ( ئه‌وه‌ی هی خوایه بۆ خوایه ئه‌وه‌ی هی قه‌یسه‌ره بۆ قه‌یسه‌ره) واته ئینسانی ئیماندار ده‌بێ هه‌ر به خواپه‌رستی خه‌ریک بێ و نابێ تێکه‌ڵ به کاری دنیایی بێ. لێره‌دا نووسه‌ر ده‌یه‌وێ بڵێ ئیسلام وه‌ک مه‌سیحییه‌ت نییه ته‌نها دینی خواپه‌رستی و عیبادهت بێ به‌ڵکو له‌گه‌ڵ کێشه‌کانی دنیاش مامه‌ڵه ده‌کات، وه‌ک ئاشکرایه له دنیاش شه‌ڕ و ئاژاوه‌وه و توندوتیژی هه‌یه که‌واته ده‌بێ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بکه‌ی. وه‌رگێڕ
• ئه‌م وه‌رگێڕانه له ژماره 57 ی هه‌فته‌نامه‌ی فه‌رهه‌نگ که پاشکۆی رۆژنامه‌ی هه‌ولێره، له کانونی یه‌که‌می 2010 بڵاو کراوه‌ته‌وه.