Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
ئێوەو ئەوان .. بەعەقڵیەتى دەسەڵات ئۆپۆزسیۆن دانامەزرێت

ئێوەو ئەوان .. بەعەقڵیەتى دەسەڵات ئۆپۆزسیۆن دانامەزرێت

Closed
by October 20, 2008 گشتی

 لە پەراوێزى (ئیمەو ئەوان)ەكەى كاك نەوشیروان مستەفادا
 ئێوەو ئەوان .. بەعەقڵیەتى دەسەڵات ئۆپۆزسیۆن دانامەزرێت
 
 موعتەسەم نەجمەدین
 Munaa_2020@yahoo.com
 ( 2 – 3)
 
 * ئێوە دەتانەوىَ بەشەڕ شەڕبكوژنو بەئاگر ئاگر بكوژێننەوەو بەئاو ئاو بخنكێنن ، ئەمەش لەسەر ئەرزى واقیع نەك گرفتەكان چارەسەر ناكات بگرە زۆر ئاڵۆزترو ناهەموارترى دەكات . بۆیە نابێت ئێوە نەخەڵكو نەخۆتان فریوبدەن
 
 * كاك نەوشیروانیش دەبێت سەرەتا لەخۆیەوە دەست پێبكاتو هەموو راوبۆچوونو كەسایەتیە خاوەن بیرو تێروانینەكان بخوێنێتەوە
 
 
 
 * ئایا ئەو تەنیا شەڕى یەكێتى دەكاتو مافی لاى یەكێتیە یان شەڕى پارتىو یەكێتى دەكات ؟ ئەگەر بڕگەى دووەم راستە بۆچی تا ئێستاش هیچ ئاماژەیەك بۆ رووبەڕووبونەوەى پارتى ناخاتەڕوو
 
 
 قسەى لەسەر بكرێت ، ئەو پرسیارانەیە كە بەڕێز كاك نەوشیروان لەنووسینەكەیدا كردوویەتیە ناواخنو ژیلەمۆى باسەكەىو مەبەستەكانى پێ لەسەر یەك هەڵدەچنێت . ئەم پرسیارانە لەناواخندا ناراستەوخۆ هێمایەكى تەعەجوبو تێرامان هەڵدەگرێتو وەڵامێكى خۆویستى خۆى دەداتەوە .
  لێرەدا من بۆ خۆم هەندێك رەخنەو تێبینیم لەسەر ئەو پرسیارانەو چۆنێتى جوڵاندنى لەنووسینەكەیدا لا گەڵاڵە بووە ، لەم تولەرێگایەوە بەشێوەیەكى خێراو بێ شۆربوونەوە بەملاو ئەولادا رادەگوزەرمو ئەوەى سەرنجو خەیاڵكێشی رام نەگرێت بۆى ناوەستمەوە ، ئەوەى بایەخى وەستانم لا دروست بكات دەیخەمە بەردیدەى خوێنەرو كاك نەوشیروان ، بەهیواى ئەوەى سەنگێكى زیاتر بخەمە سەر باسەكەىو دەرگایەكیش بۆ قسەكردن بخەمەسەر گازى پشت ، ئەوەشى قسەو رەخنەو تێبینى لەسەر راو بۆچوونەكانم هەبێت ئەوا ملى من لە موو باریكتر دەبێت بۆى .
 رەخنەگرتنم لەو نووسینو سیاسەتانە بەبێ هیچ گومانێك بۆ خزمەتكردنى گەلو پرسی نیشتمانى كوردە، ئەم قسەو حیكایەتەشم بۆ ئەوەیە یەكەم تا هیچ باسو خواستو راوبۆچوونێك لێرەوە لەژورە تاریكو تەنگەبەرەكاندا نەتاسێت ، ودووەمیش بۆ ئەوەیە ئەم نووسینەم نەچێتە بازنەى دژایەتیكردنى ئەو پیاوەوە. لەپرسیارێكدا كاك نەوشیروان دەڵىَ : ئایا پرۆژەى سیاسی لەمە رونترو ئاشكراتر دەبێ ؟
 پێش ئەوەى رەورەوەى قسان بچێتەسەر روونو ئاشكراى بۆ وەڵامدانەوەى ئەم پرسیارە بەڕێزم ئایا ئەكرىَ بەم داواكاریە سەرپێیانەى ریزبەندت كردووە چەندێك رەواو دروست بێت بەپرۆژە بخرێتە روو و هەژماربكرێت ، یان ناوى پرۆژەى لێ بنرێت ؟ ئەمە لەكاتو ساتێكدا تۆ بۆخۆت لەزۆرێك زیاتر ئاشناى ئەو راستیەى كەپرۆژە بناغەو ئوسسی تایبەتى خۆىو مەرجى تایبەتى خۆى دروستى دەكات . بۆ وەبیرهێنانەوەش پێم وابێت لەبنەماو بناغە هەرە سەرەتاییەكانى دامەزراندنى پرۆژە دەبێت رەچاوى ئەنجامدانى نەخشەو لێكۆڵینەوەى ورد بكرێت ، ئەمە جگە لەدیاریكردنو خستنە رووى سنورى تواناكان بۆ ئەنجامدانى گۆڕانو ئامرازى بەكارهێنەرو رێگاى دروستو بوارى كاركردنو سەرچاوەكانى پاڵپشتىو خاڵەكانى ئیرتكازكردن …هتد .
 لەچارەسەركردنى هەر گرفتێك یان نەخۆشیەكى بچوك یان گەورە ، بەبێ ئەنجامدانى شیكارىو پشكنینى دروست سەركەوتن لێیدا مسۆگەر نیە چ جا پرسێكى گەورەو ئاڵۆزى وەك دیموكراسو ئۆپۆزسیۆن بەتایبەتى لە وڵاتێكى رۆژهەڵاتى ، بۆیە قسەكردن لەسەر پرۆژەى سیاسی بێ دیراسەكردنو لێكۆڵینەوەو خوارو ژورپێكردنو ئەمبەروئەوبەرپبَكردنى چەمكەكانى یاساو ئابوورىو كۆمەڵایەتىو روناكبیرىو فیكر لەپرۆژە دەر دەچێتو دەبێتە قسە فڕێدان .
 پێم وابێت هەر ئەوەش هۆكارو گرفتێكى گەورەى ئێمەیە كەزۆربەى هەرە زۆرى كێشەو گرفتەكانمان بە لێشاو قسەو باسى لەسەر دەكرێتو لەسەرى دەنووسرىَو دەیان كۆبوونەوەو سیمینارى بۆ ساز دەكرێت ، بەڵام لەكۆتاییدا هەر بەهەڵواسراوى پێ چارەسەركردن دەپێچڕێتەوەو دەخرێتە چەكمەجە داخراوەكانەوە. نامەوىَ لێرەدا درێژەدادرى بكەم چونكە گڵۆڵەى قسەو باس بكەوێتە لێژیی بنیادەم یان بەزەحمەت دەتوانىَ هەڵیانبكاتەوە یان سنورى باسەكە دەبرێت لەبڕى چارەسەر سەرئێشەو لێتێكدان بۆ خوێنەر دروست دەكات .
 -ناكۆكى ئێمەو ئەوان لەسەر شتى شەخسیە یان لەسەر فەلسەفەو شێوەى حوكمرانیە ؟
 ئەگەر ئەم پرسیارە بكەیت بەدوو بڕگەوە ، بڕگەى دووەم ناراستەوخۆ یەكەم نەفی دەكاتەوە ، بەواتا دەڵێت ئەم داوایەى ئێمە شتى شەخسی نیە ، بەڵكو لەسەر فەلسەفەو شێوەى حوكمرانیە ، من دەڵێم ئەم باوەرەى كاك نەوشیروان هەر چەندە دروست بێت رەهانیە ، چونكە ئەگەر بۆ خودى خۆشی هیچ ئامانجو تەماعێكى سیاسی یان كەسایەتى نەبێت كە ئەمە رەنگە تەنها لەكەسایەتیە ئەفسوناویەكانداو لەچیڕۆكە خەیاڵبازیەكاندا هەبووبێت ، بەڵام ئەمە زۆر جێگاى گومانە كەهاورىَو دەوروبەرەكەى هەمان ئەو كەسە ئەفسوناویانە بن كەهیچ مەبەستێكیان نەبێت جگە لەخزمەتكردنى خەڵك . من بۆ خۆم دەتوانم لێرەدا ناوى دەیان كەس تۆمار بكەم لەسیاسەتمەدارو رۆژنامەنووس كەتاسەرئێسك دژى دەسەڵاتو ئەزموونى حكومەتى هەرێم بوون ، بەڵام تەنها ئەوەندەى هەندێك دانى چەوریان بۆ هەڵرژا دەست بەردارى هەموو شتێك بوون، بوون بەتەیرێكى مەعقوڵ لاى دەسەلات . لەراستیدا هۆكارى سەرەكى ئەم دیاردەیە لەبنەرەتدا مردن یان لاواز بوونى گیانى ئینتیمابوونو مردنى بەهاوپرانسیپە لەلاى بەشێكى زۆر لەئێمە ، بۆیە پێم وایە دەبوو كاك نەوشیروان ئەمەى بەسەردا تێنەپەرىَو لەبەرنامەى كاركردنیدا پێگەیەكى گرنگو دیار بۆ سەرلەنوىَ بنیاتنانەوەى دەروونىو خودى تاكى كوردى دابنات . بۆیە لێرەدا ئەگەر جارێكى ترو بەچاویلكەیەكى تر تەماشاى بەرنامەى كارو نووسینەكەى بكەین ئەوە جارێكى تر ئەو راستیەمان بۆ دەسەپێت كە ئۆپۆزسیۆنێك بەم شێوەیە لەسەر بناغەو بنەماكانى هەمان عەقڵیەتى دەسەڵات دادەمەزرێت ، چونكە لەم پرسیارەداو لە شێوازى بەراوردكردنەكەیدا هەمان دیاردەو جۆرى ئەو ریكلام پڕوپاگەندەو بانگەشانە دووبارە دەكاتەوە كە لەمێژە تەئسیراتو مەفعولى نەماوە ، بۆیە دەبێت كاك نەوشیروان تووشی شۆك نەبێت ئەگەر نووسینو بەرنامەكەى لاى خەڵك ئیستیجابەى نەبوو ، یان نەكەوێتە سەرزەنشتكردنو قسەكردن بەخەڵكو لاوانى كوردو بەناهوشیارو سەیرو سەمەرە لەقەڵەمیان بدات .
 ئەزموونى حوكمرانى (16) ساڵەى دەسەڵاتى كوردى خەڵكى گەیاندۆتە ئەو ئاستو باوەرەى بەهەندێك قسەو پەیمانى زارەكىو سەراباوى نایەنە ژێر بار ، ئەمڕۆ خەڵك ئاشناى بەشێكى زۆر لەپایەو تەڵبەندەكانى گۆڕانە ، بۆیە گرەو لەسەر شتێك ناكات كە دووبارە بوونەوەى ئەزموونێكى تاڵو تفت بێت .
 لێرەدا رەنگە حیكمەتو عەقڵدارى لەوەدا نەبێت كە كاركردن بۆ شتى شەخسى خۆت بەنادروستو نارەوا بخەیتە روو ، بەڵكو حیكمەت لەوەدایە ئێمە خەڵك فریو نەدەینو بەرژەوەندىو شتى شەخسى خۆمان هاوتەریبو تێكهەڵكێشى بەرژەوەندیە باڵاكانى خەڵك بێتو لەسەر بناغەى عەقڵو ئایدیاو پرنسیپەكانى سەردەم بەرنامەو سیاسەتى كاركردنمان دارێژینەوە . بەواتا بنیاتنانى شتى شەخسى خۆمان لەسەر بنەما یان لەرێگاى خزمەتكردنى خەڵقو پرسى گشتیەوە بێت ، ئەم راستیەش نامۆ نیە بەڵكو چەندین نموونەى زیندوو لەمەر مەسەلەى تێكەڵبوونى بەرژەوەندى كەسایەتىو بەرژەوەندى گشتیدا هەیە ، لەشێوازى خەباتى ئاشتیانەدا گاندىو مارتن لۆتەرو نیلسۆن ماندێلا سێ هێماى هەرە دیارى ئەم چەمكەن ئەمانە لەهاوشانى ئەوەى مەزنترین خزمەتیان بەگەلو وڵاتەكەیانو مرۆڤایەتى كرد ، بەڵام بۆ خۆشیان بوون بەسەركردەو هێماو مێژوویەكى مەزنیان بۆ خۆیان بەدەست هێنا ، بۆیە كاركردن بۆ بەرژەوەندى كەسایەتى بەم شێوەیە نەحەرامەو نەگوناهە ، بەڵام ئەوەى لەسەر سەركردەكانى ئێمە پێویستە ئەوەیە كەخۆیان داماڵن لەعەقڵو بیرى سەركردەى كارێزمایى ، چونكە ئەمە نهێنى ئەو گۆرانەیە كە دەبێت سەركردە نوێكان سەرەتا لەخۆیاندا بەرجەستەى بكەن ئەمە نهێنى سەركەوتنەو كلیلى ئەو گۆرانەیە كەواقیعى ئەمڕۆى ئێمە دەگۆڕێت ، وەك خودى كاك نەوشیروانیش دەبێت سەرەتا لەخۆیەوە دەست پێبكاتو هەموو راوبۆچوونو كەسایەتیە خاوەن بیرو تێروانینەكان بخوێنێتەوە .
 لەبڕگەى دووەمى پرسیارەكەدا لەدواى نەفیكردنى بڕگەى یەكەم بەدیلێك دەخاتە روو كەئێمە واتا كاك نەوشیروانو ئەوانەى وەك ئەو بیردەكەنەوەو دەنووسن ، ناكۆكیان لەگەڵ دەسەڵاتدا لەسەر فەلسەفەو شێوەى حوكم رانیە ؟
 من لێرەدا ئەوەندە دەڵێم بەچ مەنتقو بنەمایەك بەرزكردنەوەو ریكلام كردن بۆ داواو گرفتەكانى خەڵك دەچێتە بازنەى فەلسەفەو شێوەى حوكمرانیەوە ، لەبەركردنى بەرگى دورشمو پروپاگەندە لەم باسەدا هۆكارێكى سەرەكىو گرنگى لاوازكردنى ئەم نووسینەیە ، چونكە ئەم ئسلوبی نووسینە لەلاى خەڵكى لەبرى باوەر گومان دروست دەكات ، بەم ئاینو شەریعەتە بێ ئەگەر تەنها داواكردنو بەرزكردنەوەى ویستى خەڵك ئامانج بێتو ئیكتیفا بەباسەكە بكات ئەوە ئێمە وەك كۆمەڵى كوردى هیچ گرفتێكمان نابێت ، چونكە حیزبو رێكخراو نیە لەم وڵاتەى ئێمە ئەم شیعاراتو بانگەشانە رۆژانە لەكەناڵەكانى راگەیاندنەوە دووبارە نەكاتەوە .
 رۆژنامەى سەربەخۆو نیمچە سەربەخۆو ئەهلىو ئەهلى بەگومان نیە دەیان ئەوەندەى نەوتبێت ، بەرپرسێكى ئەم وڵاتە نادۆزیتەوە ، ئەگەر تاسەرئێسك گەندەڵیش بێت كەچوە كەناڵەكانى راگەیاندنو ملى مایكرۆفۆنیان بۆ لار كردووە تیرەى نەداتىَو شەلم كوێرم نەكەوێتە هوتاف لێدانو قسەكردن بەگەندەڵكارانو گەندەڵى مەحكومو رسوانەكات . بۆیە لەم گەمەگاڵتەجاریانەدا راستیەك خۆى سەردەردێنىو خۆى دەسەپێنىَ كەكێشەى ئێمە تەنها لەشێوەى هەڵسوكەوتكردنمان لەگەڵ روداوو پرسەكاندا نیە ، واتا گرفت تەنها لەوەدا نیە كە دەبێت ئێمە لەم بوارەدا تەواو جیاواز بین لە دەسەڵاتوتێروانینو بیرو بۆچوونێكى جیاوازمان هەبێت بەڵكو گرفت لەوەدایە ئێوە بۆ خۆتان دەتانەوىَ بەبەرگو سیمایەكى جیاوازەوە لاسایی دەسەڵات بكەنەوەو بەهەمان عەقڵو بۆچوون جیاوازیەكانتان لەگەڵ ئەواندا دەخەنەڕوو .
 ئێوە دەتانەوىَ بەشەڕ شەڕبكوژنو بەئاگر ئاگر بكوژێننەوەو بەئاو ئاو بخنكێنن ، ئەمەش لەسەر ئەرزى واقیع نەك گرفتەكان چارەسەر ناكات بگرە زۆر ئاڵۆزترو ناهەموارترى دەكات . بۆیە نابێت ئێوە نەخەڵكو نەخۆتان فریوبدەن ، ئەوەى پێویستە بكرێت ئەنجامدانى گۆرانە لەرێگاى كرانەوەو وەرگرتنى مەرجەكانى گۆرانو خواستەكانى سەردەمى نوێیە كەلەپێش هەموویانەوە قەناعەت هێنانە بەكۆتاى سەردەمى دەسەڵاتى پاشماوە (وراپە)و كەسایەتى یان سەركردەى كارێزماىو خۆرووتكردنەوە لەهەمووسیفاتو رەوشتەكانى . هەر لەسنورى ئەم باسەدا هۆكارێكى گرنگى ئەوەى بۆچی كارى سیاسی ئێمە هەمیشە لەئامانجو پرۆگرامو شێوازى خەباتەوە دەگۆرێت بۆ سلوكو شێوازى بەرجەستەكردنو فەرزكردنى رێكخستن ، كەسایەتى كارێزماى دەیجوڵێنىَ ، ئەوەیە كەسیاسەت لاى ئێمە قۆرخكراوەو تاپۆكراوە لەسەر كۆمەڵىَ خەڵكى دیارو ناسراو لەدەرەوەى ئەو بازنە سیاسیەكە هەریەكەیان پایەو پلەیەكى دیارى هەیەو بەئەستەم گۆڕانى بەرزىو نزمى تیادا دەبێت  تەنها گۆڕینەوەى رۆڵى تیادا دروستە ، ئەگەر كەسێكى نوىَ بیەوىَو بێت ئەم بازنەیە بشكێنىَ یان بیەوىَ رەسیدیان زیادبكاتو ببێتە بەشێك لەو بازنەیە ئەوە سەرانى سیاسەت زۆر بێ رەحمانە دەكەونە لێدانىو بەگێرە شێوێن خۆفرۆش دەیانخەنەڕوو.
 لێرەدا قەیرانى عەقڵى ئێمە بەروونى لەوەدا دەردەكەوێت كە ئێمە ناتوانین تەجاوزى عەقڵو ئایدیاى تەجمیدكردنو مەزنكردنى كەس بكەینو باوەر بەدروستى بنەماكانى دیموكراسیەتو ئازادىو ژیانى مەدەنیانە بهێنین .
 كێن ئەوانەى شەر لەسەر پارەو دەسەڵات دەكەن؟
 من بۆ خۆم پێم وایە لەوەتى مڕۆ بوەتە كائینێكى كۆمەڵایەتى سیاسیو بنەماى یەكەم كۆمەڵىَ چینایەتى دامەزراوە تا ئەمڕۆ لەهەموو بارودۆخێكو هەموو كاتو ساتێكدا لەهەموو جێگاو رێیەكدا پشكێكى گرنگو دیارى شۆڕشو خەباتى رزگارى گەلان ، تەنانەت لەبزوتنەوە ئاینیەكانیشدا لەسەر پارەو دەسەڵات بووە ، بەدەگمەن سەركردەیەك یان شۆڕشگێرێكت بەرچاو دەكەوێت یان دەدۆزێتەوە كەهەموو ژیانى بۆ شۆرشو گۆران تەرخانكردبێت ، لەدواى سەركەوتنى شۆڕشەكەى دەست بەردارى دەسەڵاتو هەموو ئیمتیازاتەكانى بووبێتو لەپۆستو دەسكەوتە موغریەكانى دوور كەوتبێتەوە !، بەڵام لێرەدا ئەو راستیەش هەیە ، كەدەسكەوتو هیواكان لەمرۆڤدا یان لەهەر تاكێكى كۆمەڵدا وەك ئەوەى تۆڵستۆى ئاماژەى پێدەكات لەسێ بوار یان سێ چەمك تەجاوز ناكات ، ئەوسێ چەمكەش ناوبانگ یان سەروەتو سامان یان راستیە ، من بۆ خۆم پێم وایە جۆرى سێیەم واتا (راستى) جگە لەئاسودەكردنى ویژدان ، سەروەتو سامانو ناوبانگیش بۆ ئەو كەسەى ئاڵاكەى بەرزدەكاتەوە مسۆگەر دەكات ، بۆ ئەوەى زیاتر لەباسەكە دور نەكەومەوە راستەوخۆ دێمەوە ناوچەقی باسەكەم ، لەچوارچێوەى وەڵامى ئەم پرسیارەدا ئایا هەر كاك نەوشیروان خۆى نەبوو ؟ وتى "من لەهەموو سەروەتو سامانو داراى یەكێتیدا شەریكمو كەس بۆى نیە منەت بەسەرمندا بكات" . ئەم گوزارشتە كەبروا بەخۆ بوونێكى مەزنى كاك نەوشیروان دەردەخات زۆر لەجێگاى خۆیدا دەبووو زۆریش دروست بوو ، ئەگەر یەكێتى كۆمپانیایەكى بازرگانى بوایە .
 كاك نەوشیروان ئەم قسەییەى لەچی كاتێكدا كرد ؟ ئایا ئەو كاتە نەبوو كەبڕێكى زۆر پارەو شتى لەیەكێتى وەرگرتبوو ئەمەش بۆ خۆى قسەو گلەییو گومرایی لەسەر خودى كەسایەتى كاك نەوشیروان لەناو خەڵكدا دروستكردبوو ، ئەویش بۆ بەرگریكردن لەخۆىو رەواندنەوەى ئەو گومانەى كەوتبووەسەرى ئەو رونكردنەوەییەى بڵاوكردەوە بەو واتاییەى ئەو پارەو پولەى لەیەكێتى وەریدەگرێت بەبەلاشو بێ بەرامبەرو خێر نیە ، ئەمە بەرى رەنجو ماندووبوونى خۆیەتى ، هاوكات ئەم دەیەوێت ئەوپارەو پوولانە جارێكى تر بەشێوەیەكى تر بخاتەوە كار بۆ خزمەتكردنى خەڵك ، بەم گەزو پێوەرەش بێت هەموو ئەو كەسانەى لەشاخبوونە یان ماوەیەك پێشمەرگە بوونە لەسامانو داهاتى یەكێتیدا شەریكنو مافی ئەوەیان هەیە داواى پشكى خۆیان بكەن ، بۆیە لێرەدا ئاساییە ئەگەر جارێكى تر پرسیارێكى چەتوون سەرى خۆى بڵندكاتو بڵێ ئایا كاك نەوشیروان تا ئەمڕۆش شەریكە یان بووە بەدژ ؟ ئەگەر شەریكە ، شەریك چۆن ماڵى خۆى بەدەستى خۆى دەروخێنىَ ئەگەر دژەو جیابوەتەوە لەسەر چ بنەمایەكو تا چ ئاستێك بەرنامەى كارو خەباتى خۆى دادەرێژێت ، تا چ ئاستێك ئامادەگى تیادایە بۆ سەنگەرگرتن لەدەسەڵات ، یان چ رێگاو رێبازێك بۆ رووبەڕووبوونەوە هەڵدەبژێرێت ، ئەو ئەگەر شەڕى گەندەڵىو ناعەدالەت دەكات ، سنورى بازنەى شەڕەكەى تاكوىَ بڕ دەكات ، ئایا ئەو تەنها شەڕى یەكێتى دەكاتو مافی لاى یەكێتیە یان شەڕى پارتىو یەكێتى دەكات ؟ ئەگەر بڕگەى دووەم راستە بۆچی تا ئێستاش هیچ ئاماژەیەك بۆ رووبەڕووبونەوەى پارتى ناخاتەڕوو .
 لەراستیدا ئەوەى جێگاى نیگەرانیە بۆ ئێمەو یەكىَ لەوشتانەى وا لەئێمە دەكات بەپێچەوانەى رەوتى مەنتیقەوە مەلەبكەین ئەوەیە كەزۆربەى كارەكانمان یان ئەوكارانەى دەمانەوىَ ئەنجامى بدەین ئەوەندەى كاردانەوەیە كار نیە .
 دەرچوون لەبازنەى دەسەڵاتو راگەیاندنى پرۆژەى چاكسازىو پێشوازیكردن لەگۆڕان لەوكاتانەى لەدەسەڵات تووڕە دەبیت ، تەنها بەبەرزكردنەوەى داوا رەواكانى خەڵك نابێت بە پرۆژەى چاكسازىو گۆران ، چەمكى گۆرانو چاكسازى گەلێك لەمەزیاترى دەوىَ كەتۆ باسی لێوە دەكەیت ، چونكە ئێمە ئەمڕۆ لەزەمەنێكدا ژیان دەگوزەرێنین لەسەر پاشماوەى تەرمى ئایدیاو رۆشنبیرى شمولى بیرى نوىَو ئایدیاى نوىَ دادەمەزرێت ، مەرگى چەمكى شمولیەت لە هەموو ئەو پرسانەى دەیگرێتەوە نەك تەنها هاوكێشەو بنەماكانى سەردەمى كۆن دەخاتە ژێر پرسیارو لێكۆڵینەوەو قسەو باسەوە بەڵكو ئاكامەكەى مەرگى موحەقەق بۆ هەموو ئەو چەمكو پرسانەى وابەستەى بیرى شمولیەتن ئەنجام دەداتو لەلیستى مردواندا تۆماریان دەكات ، خوڵاسەى قسەو بەیتى قەسید ئەوەى مەبەستمە ئەوەیە ئێمە بۆ خۆمان ئەزموونى ناتەواو ناكامڵو شێواوى وڵاتانى عەرەبی ئیسلامىو رۆژهەڵاتى ناوەراست دووبارە نەكەینەوە ، ئەمڕۆ ئەگەر گوزەرێك بەنێو ئەزموونى دەسەڵاتو ئۆپۆزسیۆنى عەرەبیدا بكەین یەك رێكخراو یان سیستمى سیاسی نابینینەوە كەخۆى بە دیموكراسو دەوڵەتى یاساو عەدالەت وەسف نەكات ، لەسەر ئەرزى واقیعیش یەك دەسەڵات نادوریتەوە زەرەیەك باوەرى بەحوكمى مەدەنىو دیموكراسیەت هەبێت ، بۆیە ئەمە وایكردوە ئۆپۆسزیۆنى ئەو وڵاتانە تەنها بەناو بەرهەڵستكارى دەسەلات بن ، لەسەر ئەرزى واقیعیش تەنها شكلو سیمابن ، لەكاركردنیشدا كارى دەزگایەكى دەسەڵات دەكەنو لەبازنەى خزمەتكردنى دیكتاتۆریەت لا نادەن .
 لێرەدا بۆ ئەوەى ئێمەش نەبینە خاوەن ئەو جۆرە سیستمەو ئەو شێوە ئەزموونانە دووبارە نەكەینەوەو نەكەوینە چاڵى عەوام خەڵەتێنەوەو بیرى پوچەڵ بەئایدیاى نوىَو لۆكو سەردەم بەخۆمان نەفرۆشینەوە دەبێت لەبرى سیاسەتى فریودان هەوڵ بۆ ئامادەكردنى زیهنى خەڵك بۆ وەرگرتنى گۆڕان بدەین ، نەك بەتەرزەفكرى بروانینە روداوەكانو ماڵى خۆمان لەسەر بناغەى لینجى ئاو دامەزرێنین ، چونكە لەكۆتاییدا ئاكامى كارو دەسكەوتەكانمان هەرچیەك بێت ناواخنەكەى پووچ دەبێت .     
 
 
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.