Skip to Content

Sunday, October 17th, 2021

ترس له‌ره‌خنه‌.. ترس له‌راستی وتن

Be First!
by August 29, 2010 گشتی

ترس له‌ره‌خنه‌.. ترس له‌راستی وتن
“گه‌ر ده‌ترسیت مه‌یڵێ، كه‌ وتیشت مه‌ترسه‌”

 

ره‌نگه‌ ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یه‌ی سه‌ره‌وه‌ یه‌كێك بێ له‌و وته‌ جوانانه‌ی، زۆر به‌ڕونی‌و ساده‌یی له‌هاوكێشه‌ی نێوان ترس‌و وتندا خاڵێكی گه‌وره‌ی خستبێته‌ سه‌ر پیته‌كان. ئاخر ترس له‌دیوه‌كه‌ی ترییه‌وه‌ جورئه‌ت هه‌یه‌، كه‌ به‌شێكی هه‌ڵوێستی مرۆڤه‌كان پێكدێنێت.
ده‌مێكه‌ وتراوه‌، هه‌مو كه‌سێ بوێر نیه‌‌و جورئه‌تیش نابێته‌ هاوه‌ڵی هه‌مو كه‌س! كه‌سانێك هه‌میشه‌ له‌دیو ده‌رگا‌و له‌پاشمله‌دا خاوه‌نی قسه‌ی زل‌و بێ كردارن، به‌ڵام له‌زه‌مینی واقیع‌و له‌ساته‌وه‌ختی وتنی راستی‌و له‌به‌رده‌م مایكرۆفۆن‌و له‌سه‌ر روپه‌ڕی رۆژنامه‌كاندا ته‌نانه‌ت جورئه‌تی روبه‌ڕوبونه‌وه‌یشیان نیه‌!
گه‌وره‌یی نیه‌ بۆ مرۆڤ له‌به‌رده‌متدا خۆی بكاته‌ فریشته‌‌و جه‌ساره‌ت نه‌كات ورده‌ ره‌خنه‌یه‌كیشت روبه‌ڕوبكاته‌وه‌، به‌ڵام دور له‌چاو و زمانی تۆ سنوره‌ ئێتیكیه‌كان ببه‌زێنێ‌و ئه‌وه‌ی به‌ده‌می نه‌هاتبێت بیڵێت، ئه‌و تۆمه‌ته‌ی چاوه‌ڕێی نه‌كه‌یت بۆت هه‌ڵبه‌ستێت، به‌ڵكو مرۆڤ ئه‌وكاته‌ مه‌زنه‌ هه‌میشه‌ روبه‌ڕو چی هه‌یه‌ بیڵێت‌و نه‌ترسێت، چونكه‌ كه‌ ترسا نه‌یڵێت باشتره‌.
ئه‌مه‌ له‌لایه‌ك، له‌لایه‌كیتره‌وه‌، بۆچی ده‌بێت هه‌میشه‌ به‌پاساوی بێ بنه‌ما رێ له‌ره‌خنه‌ی ته‌ندروست بگرین، قبوڵی ئه‌وه‌ نه‌كه‌ین یه‌كێك بێت‌و خۆمان، ئه‌دامان، ئاراسته‌‌و بۆچونمان، ئه‌و سیستمه‌ی بڕوامان پێیه‌تی، بخاته‌ ژێر ره‌خنه‌وه‌؟! ده‌زانن براده‌رینه‌ هیچمان له‌سه‌رو ره‌خنه‌وه‌ نین؟ هیچمان موقه‌ده‌س نین؟ هیچمان بێهه‌ڵه‌‌و پێرفێكت نین؟ ئێ كه‌واته‌ كه‌ ره‌خنه‌یه‌كمان ئاراسته‌ده‌كرێت، مادام خۆمان جورئه‌تی ئه‌وه‌مان نیه‌، با به‌بیانوی بێ بنه‌ماوه‌ بێنرخی نه‌كه‌ین. یان لای خۆی نه‌ڵێین “منیش هاوڕاتم، به‌ڵام له‌به‌ر مه‌وقیعه‌كه‌م ناتوانم ئه‌وه‌ بڵێم”، كه‌چی له‌ملا‌ولا بڵێن “مادام ئه‌و براده‌ره‌ موچه‌ی له‌و شوێنه‌ هه‌یه‌، نه‌ده‌بوا ره‌خنه‌ی لێبگرێت”!
ئه‌و دو رسته‌یه‌ی سه‌ره‌وه‌، سه‌رباری ئه‌وه‌ی دژبه‌یه‌كی زۆری تێدایه‌‌و دو فاقێتیی خاوه‌نه‌كه‌ی ده‌گه‌یه‌نێت (دوفاقێتی وه‌ك ئه‌و سروشته‌ دیاره‌ی كه‌سێتیی تاكی عیراقی، كه‌ كۆمه‌ڵناسی گه‌وره‌ د.عه‌لی وه‌ردی زۆر جوان باسێ لێوه‌كردوه‌)، هه‌روا ئه‌وه‌ ئێتیكی كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ پێمان ده‌ڵێت “ئه‌وه‌ی پاشمله‌ لای تۆ باسی ئه‌ویتری كرد، هه‌ر پاشمله‌یش لای ئه‌ویتر باسی تۆ ده‌كات”. به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌مێ دڵخۆشم ده‌كات، هه‌ڵوێستی جوامێرانه‌ی هه‌ندێ كه‌سی تره‌، دواجاریش مرۆڤ له‌ده‌ره‌وه‌ی هه‌ڵوێسته‌كانی چیترنیه‌!!
هه‌ر چیرۆكی ئه‌و دو رسته‌یه‌، له‌نوكته‌یه‌كی بێتام ده‌چێت، چونكه‌ ئه‌و براده‌ره‌ به‌ڕێزه‌ پێیوایه‌، ئه‌وه‌ی ره‌خنه‌ی لێگرتیت‌و ئاوێنه‌ئاسا خه‌وش‌و كه‌موكوڕییه‌كانی پیشانی خۆتدایه‌وه‌، تاكو زه‌حمه‌ت بكێشیت‌و خۆت چاك بكه‌یت، ئه‌وه‌ دوژمن‌و نه‌یارته‌! له‌كاتێكدا ته‌واو پێچه‌وانه‌كه‌ی راسته‌.
چونكه‌ خۆم هه‌م رۆژنامه‌نوسم‌و هه‌میش مامۆستای زانكۆم له‌بواری میدیادا، بۆیه‌ باوه‌ڕی پته‌وم به‌هێزی میدیا‌و رۆژنامه‌نوسی هه‌یه‌‌و هه‌ركاتێ خه‌وش‌و كه‌موكوڕییه‌ك ببینم‌و ره‌خنه‌كردنی به‌پێویست بزانم، له‌چوارچێوه‌ی ئێتیك‌و یاسای راگه‌یاندندا (چونكه‌ بڕوانامه‌ی ماسته‌ره‌كه‌م په‌یوه‌سته‌ به‌ئێتیك‌و یاساوه‌)، بێ هیچ ترس‌و سڵكردنه‌وه‌یه‌ك، له‌هیچ ده‌زگا‌و كه‌س‌و لایه‌نێك، به‌ده‌نگ‌و ناو و قه‌ڵه‌می خۆم ده‌نوسم‌و ره‌خنه‌ده‌گرم.
بۆ گله‌یی له‌هه‌ندێَ له‌سیاسیه‌كانمان بكه‌ین كاتێ ره‌خنه‌یان لێده‌گرین‌و خه‌وشه‌كانیان ئاشكراده‌كه‌ین ده‌كه‌ونه‌ تۆمه‌تبه‌خشینه‌وه‌، له‌بری خۆچاككردن، یان هه‌ر هیچ نه‌بێت وه‌ڵامی لۆژیكی، په‌نا ده‌به‌نه‌ به‌ر شێوازی نامه‌ده‌نی؟ به‌نیگه‌رانییه‌كی قوڵه‌وه‌، هه‌ندێ له‌كه‌سانی نێو ناوه‌نده‌ ئه‌كادیمییه‌كان، ئه‌گه‌ر له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندیی گشتیشدا هه‌ڵه‌كانیان بۆ راستبكه‌یته‌وه‌، خراپتر له‌سیاسییه‌كان بیرده‌كه‌نه‌وه‌‌و ره‌فتارده‌كه‌ن.

هێرش ره‌سوڵ

Previous
Next

Leave a Reply