حیکاێتی کوژانه‌وه‌ی گوڵئه‌ستێره‌کان
حیکاێتی کوژانه‌وه‌ی گوڵئه‌ستێره‌کان
پشکۆنه‌جمه‌دین
_ 1_
له خوێندنه‌وه‌ی یاده‌وه‌رییه‌کانی ئه‌وانی تردا، تا ئه‌وپه‌ڕی مه‌ستبوون و فڕین له فه‌نتازیا و خه‌یاڵدا چێژ وه‌ر ده‌گرم.. “ئه‌وانی تر” هه‌موو ئه‌و نووسه‌ر و سه‌رکرده و سیاسه‌تکارانه نین که یاده‌وه‌رییمان بۆ ده‌نووسنه‌وه و حیکاێتی جه‌نگه سه‌رکه‌وتووه‌کان و حیزبه پاڵه‌وان و له شکاننههاتووهکانمان بۆ ده‌گێڕنه‌وه، به‌ره‌کانی جه‌نگمان بۆ وێنه‌ده‌گرن و ده‌سکه‌وته‌کانی شه‌ڕمان بۆ تۆمار ده‌که‌ن.. ئه‌و کتێبه ئه‌ستوورانه نا که مێژووی دامه‌زراندنی حیزب و حیکاێتی ململانێکانمان بۆ ده‌گێڕنه‌وه. ئه‌وان له‌و کتێبانه‌دا، چێژ نا به‌ڵکه کۆمه‌ڵێک زانیاری و فاکتمان ده‌ده‌نێ، ئه‌نباری بیرکردنه‌وه‌مان ته‌ژی ده‌که‌ن و که‌ره‌سته و ئاتاژی خوێندنه‌وه‌مان ده‌ده‌نه ده‌ست.
گێڕانه‌وه‌ی یاده‌وه‌رییه‌کان به هه‌ر سه‌رده‌م و قۆناخێکه‌وه پێوه‌ست بن، هه‌ر که‌سانێک نووسیبێتیانن، وه‌کو ژانرێکی نووسین، له‌کن میلله‌تانی دیکه مێژوویه‌کی له‌مێژینه‌ی هه‌یه و لای ئێمه‌ش ڕه‌نگه شه‌ست هه‌فتا ساڵێکی تێپه‌ڕاندبێت. یاده‌وه‌رییه‌کان هه‌ر که‌س بیانگێریتهوه و هه‌ر چۆن بگێڕدرێنه‌وه، ئه‌گه‌ر چی به‌ها و شوێنیان له پرۆسه‌ی نووسین و داهێناندا چون یه‌ک نه‌بن، دیسانیش بێ به‌ها و سه‌نگ نابن.
له‌نێوان ئه‌و موننهوهر و سیاسه‌تکار و ڕۆشنبیرانه‌ی میلله‌تی ئێمه‌دا که له‌سه‌ده‌ی پێشوودا نه‌خش و ڕۆڵیان له مێژووی سیاسی و فه‌رهه‌نگیی نه‌ته‌وه‌ی کورددا به‌رچاون و یاداشت و یاده‌وه‌رییان نووسیونه‌ته‌وه، چواریان جێگای تایبه‌ت و زێدهگرنگیان له خوێندنه‌وه‌ی بیر، فه‌رهه‌نگ، سیاسه‌ت و گه‌شه‌کردنی باری کۆمهڵاێتیدا گرتووه و گه‌نجینه‌یه‌کی له نه‌رخاندن نه‌هاتوویان بۆ به‌جێ هێشتووین، ئه‌وانیش:
مامۆستا ڕه‌فیق حیلمی، مامۆستا مه‌سعود موحه‌مه‌د، ئهحمهدخواجه و مام هه‌ژارن.
له کۆتایی سه‌ده‌ی بیست و سه‌ره‌تای ئه‌م سه‌ده‌یه‌دا، نووسینه‌وه‌ی یاده‌وه‌رییه‌کان ڕه‌واجیان په‌یدا کرد و که‌سانێک که له‌بزووتنه‌وه‌ی سیاسیی هاوچه‌رخی کوردستاندا جێگه و نه‌خشێکیان هه‌بووه، ڕووداوه‌کانیان له دید و تێگه‌یشتنی خۆیانه‌وه، به میتۆد و زمان و ده‌سه‌ڵاتی جیاوازی نووسین و بیرکردنه‌وه‌یانه‌وه وێنه گرتوون، له کتێباندا چاپیان کردوون و بڵاویان کردوونه‌ته‌وه.
نه‌وشیروان مسته‌فا، مه‌لائه‌حمه‌دی بانیخێڵانی، به‌هادین نووری، سه‌یدکاکه، شه‌هید ڕێباز، موحه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود، دکتۆر حوسه‌ینی خه‌لیقی، ئاوات قاره‌مانی، مه‌حمود سه‌نگاوی، هۆمه‌ری شێخموس و که‌سانی دیکه‌ش له ماوه‌ی ده پانزه ساڵێکدا کونجێکیان له کتێبخانه‌ی کوردی پڕ کردووه‌ته‌وه و وێنه‌گه‌لێکیان له پێشهات و ڕووداوه‌کانی نزیکه‌ی نیو سه‌ده‌ی بزووتنه‌وه سیاسی و چه‌کدارییه‌که‌ی کورد به نه‌وه‌ی ئێستا و ئایینده به‌خشیون.
ئه‌م کتێبانه، له دید و سۆنگه‌ی جیاوازه‌وه، بۆ مه‌به‌ست و مه‌رامی جیاواز، شیاوی خوێندنه‌وه، لێڕامان و لێوردبوونهوهن…
که‌ریم کاکه، له بازنه‌ی سیاسه‌ت و سیاسهتکاراندا، ناوێکی بزر و نادیار و له کۆڕی گێڕانه‌وه‌ی حیکاێتهکانی شاخدا ئه‌ستێره‌یه‌کی دره‌وشاوه و ڕه‌ونه‌قدار، به بێده‌نگی و دوور له هاتوهاوار، وه‌کو نووسه‌رێکی باڵاده‌ستی خاوهنخهون و خه‌یاڵ، له سێ به‌رگی گێڕانه‌وه‌ی حیکاێتی (کوژانه‌وه‌ی گورڵئهستێرهکان)دا، ده‌مانباته‌وه نێو قووڵاییه‌کانی زمان و له زماندا وێنه‌ی پڕ فه‌نتازیای ڕووداوه‌کانمان بۆ ده‌خولقێنێته‌وه.. ئه‌وه ”که‌ریم کاکه”یه که له گێڕانه‌وه‌ی تراژیدیاکاندا به سیحری زمانێکی شیعراوی، سه‌ر تا پێی جه‌سته‌مان ده‌هه‌ژێنێ و ڕۆحمان له شه‌رابی نۆستالگی هه‌ڵده‌کێشێ!
“ک.ک” ئه‌و ڕیژیسیۆره لێزان و بهدهستهڵاتهیه که ده‌زانێت چۆن چاوی کامێرا ده‌بزووێنێ و به کام گۆشه و له‌سه‌ر کام خاڵ ده‌یوه‌ستێنێ، کام وێنه‌یان به ژێر زمانی کامێراوه ده‌کات و کام وێنه‌یان هێنده‌ی گه‌وره‌یی زمانی گێڕانه‌وه گه‌وره ده‌کات.. ئه‌م سیاسه‌تکاره “منئاسا” فاشیل و نووسه‌ره داهێنه‌ره، له حیکاێتهکانی (گوڵئه‌ستێره‌کان کوژانه‌وه)دا، مرۆڤ و ئازاره‌کانی، مرۆڤ و دڵه‌ڕاوکێکانی، مرۆڤ و خه‌ون و خولیاکانی ده‌کاته چه‌قی تێڕامان و گڵۆڵه‌ی گێڕانه‌وه‌کانی به کڵۆڵیهکانی مرۆڤی کورد و جوانییه‌کانی سروشتی زۆزانه‌کانی کوردستان چێ ده‌کات و له دڵڕههقییهکانی سروشتدا، خه‌ونه مردووه‌کانی مرۆڤ ده‌ژیێنێته‌وه!
ئاخر ساتێ نووسه‌رێک له جه‌نگه‌ی جه‌نگ و هه‌راکاندا، له مه‌کۆی خوێن و خوێنپژاندا، له ژێرپێی ئاگراویی ئه‌نفال و مرۆڤقڕاندا به زمانی شیعر بماندوێنێ و به بندیالێکتی هه‌ولێرییان “هه‌نده‌ک جاران وه‌لێ زۆر جوان” بمانخهنێنێ، شتێک نییه جگه له‌وه‌ی ئه‌رک و وه‌زیفه‌ی “نووسین”مان پێ ده‌ناسێنێ و له تاریکایی واقیعدا چراوگێکمان له فه‌زای بێسنووری خه‌یاڵدا بۆ پێ ده‌کات!
“گوڵئه‌ستێره‌کان کوژانه‌وه”، له سه‌رده‌می کوژانه‌وه‌ی جوانییه‌کاندا، جوانییه‌کانی مرۆڤ، جوانییه‌کانی نیشتمان، جوانییه‌کانی ژن و ئه‌شقدا، گڕی ئه‌شقی ژنمان بۆ هه‌ڵده‌کات و خانه‌کانی ڕۆحمان له بۆنی ژن لێوانڕێژ ده‌کات.. ئه‌وه ته‌نها بۆنی سیحراویی جه‌سته و ڕۆحی ئاگرهژنێکی چیاییه که له بن گابه‌ردێکی “قه‌ندیل”دا، له ڕۆژگاری ترس و ناهومێدیدا، بۆنی “کورتانی قاتران” له سییه‌کانمان ده‌شواته‌وه و ڕۆژنهیهکمان بۆ بینینی ژیان لێ ده‌کاته‌وه!
“ک.ک” ئه‌ندامی پارتی کۆمۆنیستی ئێراق نییه، وه‌لێ پێشمه‌رگه و تێکۆشه‌رێکی ئه‌و حیزبه‌یه.. ئه‌و، دوور له یاسا و ڕێسای حیزب و سروشتی ئه‌ندام و شوێنکه‌وتووانی حیزب، دوور له ده‌سته‌ڵاتی پێڕه‌و و ئیدۆلۆگیی حیزب، وه‌کو مرۆڤێکی ئازاد و ئاسایی بیر ده‌کاته‌وه، هه‌ڵسوکه‌وت ده‌کات، ده‌ئاخێوێ، ده‌نووسێت و خه‌یاڵ ده‌کات.. ئه‌و به زمانێکی دوور له زمانی فیکر و سیاسه‌ت باسی فیکر و سیاسه‌تمان بۆ ده‌کات، ژیانی ڕۆژانه‌مان بۆ وێنه ده‌گرێت، کهساێتیی که‌سه‌کانمان نیشان ده‌دات، هاوڕێکانی به‌سه‌ر ده‌کاته‌وه، ناکۆکییه‌کان ده‌رده‌خات، جوانییه‌کان جوانتر ده‌کات و پۆخڵییهکانیش وه ژێر لێوانه‌وه ناکات و زمانێک به کار ده‌بات نه‌ک هه‌ر جاڕزمان ناکات، بگره به کۆڵانه‌کانی ده‌قدا په‌لکێشمان ده‌کات، بۆ ساته‌وه‌ختێک له‌نێو گاڵته و جه‌فه‌نگی کوردی کهچهعهرهبیزان و عاره‌بی کوردینهزاندا، له بن شکێڕ و ئه‌شکه‌وتاندا بزه وه سه‌ر لێوانمان ده‌نێ.. (ده‌ی هاوڕێیان دار دار حه‌ته‌ب حه‌ته‌ب…) (ئه‌وانه‌ی وه‌کی کیری سه‌ی هه‌ڵده‌له‌رزن، ئه‌وانیش ده‌به‌نه داران؟!)
_ 2 _
له گێڕانه‌وه‌کانی “ک.ک”دا، پێشمه‌رگه‌کان مرۆڤن و مرۆڤه‌کانیش ئازا و جوامێرن، بوده‌ڵه و ترسنۆکن، شۆڕشگێڕن، ناپاکن، به وره‌ن، بێورهن، ڕاستگۆن، درۆزنن، به کورتی، ئه‌و مرۆڤه ئاساییه‌کان له دۆخه سه‌خته‌کاندا وێنه ده‌گرێت و سۆپه‌رمان دروست ناکات!
شانهوشانکردنی تفه‌نگی بڕنۆ!
پێم وا نییه ده‌رکه‌وتنی “بڕنۆ”، په‌سندانی بڕنۆ و ئه‌و هه‌موو ئه‌شق و په‌رۆشییه بۆ له‌شانکردنی بڕنۆ له ده‌ستپێکی گێڕانه‌وه‌کاندا، کارێکی له‌خۆڕا و بێمه‌به‌ست بێت. گێڕانه‌وه‌کانی باوکی نووسه‌ر له‌مه‌ڕ بڕنۆ و پیاهه‌ڵدانه‌کانی، گه‌ڕانی نووسه‌ر له شوێن بڕنۆیه‌ک که باوکی بیست ساڵ پێشتر له که‌ندڕێکی شێردووهتهوه، ئه‌وه‌ی که نووسه‌ر له ده‌ستپێکی وهچیاکهوتنیدا بڕنۆیه‌کی فڕۆکه‌شکێن له شان ده‌کات، ئه‌مانه هه‌موو ده‌شێت مانایه‌ک له‌خۆ بگرن و بڕنۆ وه‌کو سیمبۆلی گواستنه‌وه‌ی هێزی به‌رگری له نه‌وه‌یه‌که‌وه بۆ نه‌وه‌یه‌کی دیکه وێنا بکات.
وه‌زیفه‌ی “بڕنۆ” له‌م گێڕانه‌وه‌یه‌دا، به جۆرێک له وه‌زیفه‌ی ئه‌و خه‌نجه‌ره ده‌چێت که له ڕۆمانی “گره‌وی به‌ختی هه‌ڵاڵه”ی ڕۆماننووس عه‌تای نیهاییدا پێی سپێردراوه.. خه‌نجه‌رێک وه‌کو سیمبۆلی هێزی باوک و باوکسالاری، له کۆنهقهڵایهکدا ده‌بینرێته‌وه و باوکی هه‌ڵاڵه ده‌یبه‌خشێته زاواکه‌ی، خه‌نجه‌ر سنووری ئاسمانه‌کان ده‌به‌زێنێ تا له ڕۆژانی دواتردا و به ده‌ستی پیاو، له وڵاتی سوێد، له قوڵاییی جه‌سته‌ی هه‌ڵاڵه ڕۆ بچێت! له‌گه‌ڵ جیاوازییه‌که‌دا، ئه‌ویش خوێندنه‌وه‌ی وه‌زیفه‌ی برنۆیه به باره پۆزه‌تیڤه‌که‌یدا!
هێزی شیعر له زه‌مه‌نی هه‌ره‌سی هێزه‌کاندا!
من خۆم خوێندنه‌وه‌ی شیعر و فڕینم له فه‌زای شیعردا، له تاریکایی دۆزه‌خی زینداندا ئه‌زموون کردوون. من ده‌زانم شیعری باش چ هێز و پێزێکی له ڕۆژگاره سه‌خته‌کاندا هه‌یه و چ وزه و تینێک ده‌به‌خشێ، به‌ڵام نه بۆ هه‌موو که‌س، به‌ڵکه بۆ که‌سانێک که خوێنی شیعر له ده‌ماریاندا خوڕه‌ی دێ! ئه‌گه‌ر هێزی خوێندنه‌وه‌ی شیعر و ڕۆمان نه‌بایه، من له ڕۆژگاری ژارباران و ئه‌نفالدا سه‌رم ده‌ر نه‌ده‌برد. من ده‌زانم ئه‌وه خه‌ونه ڕه‌نگینه‌کانی ژێر پێستی په‌یڤه‌کان بوون که ژیانیان به من به‌خشییه‌وه! با پێکه‌وه له‌م وێنه‌یه‌ی “کوژانه‌وه‌ی گوڵئه‌ستێره‌کان” بڕوانین…((ئه‌و کچه چه‌ندێ ناسک بوو! ڕێواسی ناو به‌فر زۆر له‌و ده‌چوو، هه‌موو لاسکه ناسکه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی و ئێرانیم له‌ودا ده‌دیته‌وه.. له‌و چڵهنێرگزانه ده‌چوو که له به‌هاره عاسێیهکهی لووتکه‌ی پشت باره‌گاکه، پێڵووی جوانییان ده‌کرده‌وه، ئه‌و لووتکه‌یه‌ی چێشتانان بزنئاسا پێیدا هه‌ڵده‌گه‌ڕام، ده‌گه‌یشتمه دیداری نێرگزه‌جاڕ و به چه‌پکێ نێرگزه‌وه غلۆر ده‌بوومه‌وه، چڵ چڵ دابه‌شم ده‌کرد به سه‌ر کچه بهپیاوبووهکانی باره‌گای ئامێز بۆ نێرگز ئاوه‌ڵا، له‌ناو چڵان، ناسکترین چڵیش بۆ کچهشیعرییهکه، ئه‌و کچه‌ی زیاتر له ڕێواس ده‌چوو نه‌ک نێرگز…)) ئێستا “ک.ک” شیعر ده‌نووسێ و بۆ کچهشیعرییهکهی ده‌خوێنێته‌وه..
((له به‌رده‌رگای ماڵتان
به مه‌لوولی
ده‌سته‌کانت خستوونه‌ته
ژێر که‌له‌که‌ی خه‌م
له چاوه‌ڕێی چڵێ نێرگز
نێرگزی چاوت سیس بووه))
بریا ده‌ینووسی(ده‌سته‌کانت خستوونه‌ته سه‌ر که‌له‌که‌ی خه‌م.. ده‌ستی چاوه‌ڕوانی ده‌خرێته سه‌ر که‌له‌که یاخود له‌ژێر چه‌نه‌ی خه‌م داده‌نرێ.. دیسانیش شیعره و وێنه‌یه‌کی جوان و پڕ مانایه!
((ئه‌گه‌ر له هه‌ر باره‌گایه‌ک، هه‌ر ڕێوبانێک کچێکی وه‌ک تۆم له‌گه‌ڵ بێت، ئاماده‌م هه‌فتا زستان و به‌هار به عهشقیایی بمێنمه‌وه!)) وای له هێزی ئه‌فسووناویی ئه‌شقی ژن! گه‌رچی وشه‌ی “ئه‌شقیا” دروستتره!
تراگیدیای کوژانه‌وه‌ی ئه‌ستێره‌کان، فیلمی کورتمهودایی چاوی سیاسه‌ت و کڵۆڵیی مرۆڤه‌کانمان نیشان ده‌دات و ڕووداوه‌کانمان زرت و زیندوو بۆ ده‌خولقێنێته‌وه..((ئاگام لێ‌بوو، گوێم لێ‌بوو، مه‌خزه‌نی فیشه‌کیان له خۆیان ده‌کرده‌وه و فڕێیان ده‌دا، ده‌نگی غلۆربوونه‌وه‌ی حه‌فتاوپێنجی ده‌هات، هه‌بوو به‌س مه‌خزه‌نی سه‌ر تفه‌نگه‌که‌ی هێشتبۆوه، له‌وه‌ش هێوه‌تر ڕۆیشت، هه‌بوو تفه‌نگه‌که‌شی فڕیده‌دا و به دوویدا یه‌ک ده‌سڕێژ جوونی ده‌نارد، ئه‌و شه‌وه شه‌وێکی ترسناک بوو، شه‌وی فڕێدانی چه‌ک و فیشه‌ک، شه‌وی جووندان به هه‌موو شتێک، شه‌وی ڕووخان، شه‌وێک بوو ئه‌نفال له‌سه‌ر چنگان بۆی ده‌هات..))
من ئه‌و شه‌وه ترس لێچۆڕاوانهم بینیون.. من له ڕۆژانی مهرگباران و داڕووخانی هه‌موو شته‌کاندا ژیاوم.. من ئه‌و ڕۆژانه له وڵاتێک‌دا زیندانی بووم که وڵات خۆی له دۆزه‌خی زیندانی ئه‌نفالدا ده‌سووتا.. منیش غلۆربوونه‌وه‌ی چه‌ک و ههفتاوپێنجییهکانم دیتن و کڵاشینکۆفێکی فڕێدراوم هه‌ڵگرته‌وه!
من تا پشتێنه‌م له ڕنووی به‌فران که‌وتم و کۆڵه‌پشتی پڕ کتێبانم له‌ژێر هه‌ره‌سدا لێ به‌جێ ما.. من گوێم له هاواری نازم حیکمه‌ت و یاشار که‌مال و فۆکنه‌ر بوو که له‌ژێر شه‌خته‌ی ئاسۆسدا چۆقه‌ی ددانیان ده‌هات.. من نه‌متوانی فریاڕهسیان بم..که‌س نه‌یتوانی!
“ک.ک” چانسی له من باشتر بوو، ئه‌و به‌خت یاری بوو، ئه‌و له به‌رزایی قه‌ندیلدا، به هه‌ڵه، به جه‌سته‌ی په‌رییه‌کی چیایی شاد بوو و بۆ ساته‌وه‌ختێک له ترۆپکی له‌ززه‌تی ئه‌شقی ژن‌دا توایه‌وه، ئه‌مه واقیع بووبێت یان خه‌یاڵ گرنگ نییه، گرنگ ده‌سته‌ڵاتی نووسینه که په‌لت ده‌گرێت و له دۆزه‌خی ئه‌نفاله‌وه بۆ به‌هه‌شتی باوه‌شی ژنت فڕێ ده‌دات..((ئۆی خه‌وت چه‌ند گرانه، هه‌ر به‌خه‌به‌ر نه‌هاتی!
ئه‌و ڕسته‌یه دڵنیای کردمه‌وه که خه‌ون نابینم، تێگه‌یشتم که به‌و نیوه‌شه‌وه دیاریی خودا بۆم هاتووه‌ته بن ئه‌و به‌رده، ئیدی منیش ناوی خودام لێنا، ژنێکی که‌ڵه‌گه‌ت بوو، به‌وه ده‌زانم که له ته‌نیشتم ڕاکشا بوو، په‌نجه‌ی پێی له په‌نجه‌ی پێم ده‌خشاند و لێویشی له‌سه‌ر لێوم بوو، هه‌ر چی چێژی خوا له جه‌سته‌ی ژن شاردوویه‌تییه‌وه، من له‌و ژنه‌م چه‌شت…)) ئه‌مه سیحری خه‌یاڵه که ڕووداوگه‌لێک ده‌خولقێنێت و خه‌ونه‌کان له‌واقیع نزیک ده‌کاته‌وه! یاخود ڕووداوه واقیعییه‌کان تا سنووری خه‌ون جوان ده‌کات.
سه‌رجه‌می گێڕانه‌وه‌کانی (گوڵئه‌ستێره‌کان کوژانه‌وه)، به ته‌کنیک و نه‌فه‌سی ڕۆمان نووسراون، مۆنۆلۆگ و دیالۆگه‌کان به‌پێزن، هونه‌ری به‌کاربردنی “فلاشباک” سه‌رکه‌وتووه، رستهسازییهکان تۆکمه و وێنه شیعرییه‌کان قووڵ و پاراون.
کتێبی “گوڵئه‌ستێره‌کان..” شیاوی خوێندنه‌وه و لێڕامانه، وه‌لێ له هه‌ڵه‌ی ڕێنووسیش خاڵیی نییه!
سه‌رچاوه و سه‌رنج:
*که‌ریم کاکه، گوڵئه‌ستێره‌کان کوژانه‌وه، یاده‌وه‌ری، هه‌ولێر، 2007
* نووسینی نێو که‌وانه‌کان، له تێکسته‌که وه‌رگیراون و به‌هه‌مان ڕێنووس و بێ ده‌ستتێوه‌ردان گوێزراونه‌ته‌وه.