Skip to Content

Sunday, October 17th, 2021

تۆ ئه‌ی جه‌للادی برام … هه‌ردی شه‌فیق

Be First!
by November 30, 2010 ئەدەب

ئه‌شێت تۆ سه‌مای ناو ئه‌م خوێنه‌ت پێ جوانبێ و من ئه‌وگوڵانه‌ی ئێوه‌ به‌شمشێر  ئه‌یانبچڕن ،تۆ خه‌ونی ئه‌و پیاوه‌ت پێ جوان بێت به‌باڵی شمشێر ئه‌فڕێت و من ئه‌و كچه‌ی به‌باڵی په‌روانه‌كان ئاسمان ته‌ی ئه‌كات.تۆ ئه‌و قه‌فه‌زه‌ت خۆشبووێ‌ ڕۆحت له‌ناو خۆیا ئه‌خنكێنێ‌ و من ئه‌و فڕینه‌ی چوارچێوه‌كان ئه‌شكێنێ‌.تۆ ئه‌و ته‌فسیره‌ت خۆشبووێت وه‌كو خوێن به‌شمشێره‌كانا دێته‌ خوارو من ئه‌و خودایه‌ی شوێن په‌نجه‌ی خۆی له‌جوانی گوڵه‌كانا به‌جێدێڵێ‌،تۆ ئه‌و خه‌نجه‌ره‌ت خۆشبووێ‌ به‌خوێنی سه‌ده‌كۆنه‌كان ژه‌نگ ئه‌كات و من ئه‌و شیعره‌ی چه‌ند بیكوژن ئه‌وه‌نده‌ی تر زیندوو ئه‌ژی .
ئه‌شێت تۆ پێت وابێت قیامه‌ت له‌كوشتنی ته‌فسیرێكته‌وه‌ ده‌ست پێئه‌كات و منیش له‌پیركردنی سێوێكدا ،ئه‌شێت تۆ گۆرانی ناو تاریكایت پێ جوان بێت ومنیش سه‌مای به‌رباران ،ئه‌شێت تۆ به‌سه‌مای چڵه‌ نازنازێك تێك بچیت و منیش به‌قریشكه‌ی فریشته‌یه‌ك بمرم،تۆ به‌ده‌م ده‌نگی شمشێره‌كانه‌وه‌ سه‌ما بكه‌یت و منیش (شیرین ته‌شی ده‌ڕێسێ‌)كه‌ی (فه‌تانه‌ی وه‌لید)ی بمكوژێت.ئه‌شێت تۆ ئه‌و سرودانه‌ت خۆشبووێت بۆنی تابووت و خوێن و كوشتارگایان لێدێ‌ و منیش (په‌پوله‌ی ئازادی)یه‌كه‌ی (مه‌زهه‌ری خالقی).ئه‌شێت تۆ له‌دیوانه‌كه‌ی حه‌زره‌تی (مه‌حوی)دا بۆ شمشێرێكی كۆن بگه‌ڕێیت منی پێبكوژیت و منیش سێبه‌ری ژنێكی سوتاوت نیشانبده‌م ،ئه‌شێت تۆ له‌(نالی)دا بیابانێك بدۆزیته‌وه‌ به‌سه‌راب تینوێتی ئه‌شكێ‌و ،من عیشقێكی تینوو بۆ حه‌بیبه‌یه‌كی له‌ناو دڵیاكوژراوت نیشان بده‌م ،ئه‌شێت تۆ له‌شیعره‌كانی ئه‌و حه‌زره‌ته‌دا، ئه‌و ده‌موچاوانه‌م نیشان بده‌یت ساڵه‌های ساڵ له‌سوجده‌دا به‌جێماون و منیش عیشقی ئه‌و ژنانه‌ت نیشان بده‌م له‌پشت ئه‌و ده‌موچاوانه‌وه‌ له‌ناخه‌وه‌ سوتاون.بیرت نه‌چێت تۆ ئازادیت له‌وه‌ی له‌چاویلكه‌كه‌ی خۆته‌وه‌ سێبه‌ری ژنی ناو قه‌صیده‌یه‌كم لێبكه‌یت به‌عیباده‌ت ،منیش ئازادم له‌وه‌ی له‌ (مه‌لای سوخته‌)كه‌ی (غه‌زه‌لنوس و باغه‌كانی خه‌یاڵ)ی(به‌ختیار عه‌لی)دا بۆ (به‌هاربانو)یه‌كه‌ی ژێر ده‌سته‌و دیل و عه‌وداڵ و عاشق وێڵ بم .تۆ ئه‌توانیت سێبه‌ری خودایه‌كم له‌ناو شیعری ئه‌و زاتانه‌دا نیشان بده‌یت   ،به‌ڵام هه‌رگیز ناتوانیت سێبه‌ری ژنێكی عاشقو دڵێكی كوژراویان تیادا ڕاو نێیت .
ئه‌ی جه‌للادی ،برام خه‌ونی خۆت بۆخۆت ،خه‌ونی خۆم بۆخۆم ،به‌ڵام مێژوو موڵكی كه‌سمان نیه‌ ،كلتور موڵكی كه‌سمان نیه‌ ،هه‌روه‌ك چۆن من ناتوانم عاریف بوونی ناو شیعرێكی مه‌حوی بخه‌مه‌ گۆڕ ،تۆش ناتوانی (به‌هار بانو)ه‌كه‌ی ناو قه‌صیده‌كانی ئه‌و بخه‌یته‌ گۆڕ،من چۆن ناتوانم ته‌هلیله‌ی ناو خانه‌قا و ته‌كیه‌و حوجره‌كان له‌مێژوو جیابكه‌مه‌وه‌ ،تۆش ناتوانیت هارپ،سه‌نتور ،شمشاڵ ،ڕه‌شبه‌ڵه‌ك ،هۆره‌،سیاچه‌مانه‌،حه‌یران…..بخه‌یته‌ گۆڕ،هه‌روه‌ك من  ناتوانم عیباده‌تی ناو شیعرێكی (بێخود)ت لێبكه‌م به‌جوانپه‌رستی ژنێك،تۆش ناتوانیت جوان په‌رستی ناو شیعرێكی (مه‌ستوره‌ی ئه‌رده‌ڵان)له‌و كلتوره‌ جیابكه‌یته‌وه‌ .خۆ ئه‌گه‌ر به‌شێك له‌شانازی مێژووی میله‌ته‌كه‌ی ئێمه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆشمشێره‌كه‌ی (صه‌لاحه‌دینی ئه‌یوبی)ئه‌وا به‌شه‌كه‌ی تری ئه‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ (خانزادی سۆران) و (حه‌بسه‌خانی نه‌قیب) و( عادیله‌خان) و(مه‌ستوره‌یئه‌رده‌ڵان).وه‌ك چۆن من ناتوانم ته‌هلیله‌یه‌ك ببه‌مه‌وه‌ سه‌ر ڕه‌چه‌ڵه‌كی عیشقی ژنێك تۆش ناتوانیت ده‌وڵه‌تی (ماد)و ئاینی (زه‌رده‌شتی )و (یه‌زیدی )و (كاكه‌یی)و…. له‌مێژوو و،ڕۆڵی ژن له‌كلتوری كوردی خاڵی بكه‌یته‌وه‌.
برای جه‌للادم ،تۆ ئه‌توانیت ڕه‌نگێكی ترت هه‌بێت وه‌لێ‌ مافی ئه‌وه‌ت نیه‌ ئه‌م شه‌قامه‌ خاڵی بكه‌یته‌وه‌ له‌ڕه‌نگ،تۆ ئه‌توانیت به‌و ئه‌ندازه‌یه‌ی كه‌بوونت هه‌یه‌ بدوێیت ،به‌ڵام به‌ناوی منه‌وه‌ مافی ئه‌وه‌ت نیه‌ خه‌ونی گوڵ دیلبكه‌یت كاتێك من ئیمانم به‌دیلكردنی خه‌ونی پاساریه‌كیش نیه‌.تۆ ئه‌توانیت خه‌ونێكت هه‌بێت بۆی بژیت ،بۆی بمریت ،به‌ڵام مافی ئه‌وه‌ت نیه‌ ڕێگای خه‌و بینین له‌من بگریت .ئاخر من پێم جوانه‌ له‌باخچه‌یه‌كدا بژیم گوڵه‌كانی له‌به‌ر تریفه‌ی مانگدا بپشكوێن و تۆش پێت خۆشه‌ له‌بیابانێكا سه‌راب بخۆینه‌وه‌ له‌بری ئاو.تۆ ئازادیت له‌وه‌ی چۆن بیر ئه‌كه‌یته‌وه‌ ،منیش ئازادم له‌وه‌ی چۆن بیر ئه‌كه‌مه‌وه‌ ،دواجاریش ئه‌وه‌ی بڕیار ئه‌دات هه‌مووان چۆن بژین زۆرینه‌یه‌ نه‌ك من و تۆ ،بۆیه‌ پێت ئاسایی بێت گه‌رتۆ له‌دیانه‌تێكدا بۆ ژنێكی نمونه‌یی بگه‌ڕێیت و من له‌(گره‌وی به‌ختی هه‌ڵاڵه‌)كه‌ی (عه‌تا نه‌هایی)دا بۆ نمونه‌ییه‌كی كوژراو بگریم،تۆ له‌ڕێگای ئه‌میرێكته‌وه‌ دونیابینیه‌كی تر بدۆزیته‌وه‌و، من له‌(ئێواره‌ی په‌روانه‌)كه‌ی (به‌ختیارعه‌لی) دا،تۆ به‌چاوی له‌شفرۆشێكی قێزه‌وه‌ن سه‌یری ده‌رده‌دارێك بكه‌یت برسێتی كردویه‌تی به‌له‌شفرۆش و من له‌دیدگای (ڕاسكۆلینكۆف)ی ناو (تاوان وسزا)كه‌ی (دیستۆ فسكی)یه‌وه‌ بۆی بڕوانم.
ئه‌ی جه‌للادی برام، لات ئاسایی بێت ئه‌و نیشتیمانی عه‌ره‌بیه‌ی كه‌به‌هه‌موویان سه‌ره‌ ده‌رزییه‌كیان پێ دروستناكرێ‌ و به‌و هه‌موو ده‌وڵه‌ته‌ زه‌به‌لاحه‌وه‌ كۆیله‌ی چوار ملێۆن كه‌سن و،هه‌تا ئه‌مرن ئه‌بێت بڵێن(بوومان بوومان)و خۆراواو جوله‌كه‌ش بڵێن (هه‌سمان هه‌سمان حسێبه‌).لات ئاسایی بێت من بۆ ئێسكو پروسكی ئه‌و ژنه‌ ئه‌نفاله‌ بگریم به‌مناڵێكی زۆڵه‌وه‌ ،به‌ناوی خواو ئوممه‌ی عه‌ربیه‌وه‌ كاسه‌سه‌ریان پڕ كرد له‌گولله‌و، تۆش بۆ فه‌له‌ستینییه‌كی (غه‌ززه‌)بگریت. كاتێك ئێمه‌ ئه‌نفال و ئه‌تك ئه‌كراین به‌هه‌موو عه‌ره‌ب كه‌نالێكیان نه‌بوو فرمێسكێك بڕێژێ‌،كاتێك ته‌رمی مرۆڤ و باڵنده‌و قورئان له‌هه‌ڵبجه‌دا ئه‌سوتا، خواناسێكیان نه‌یان فه‌رموو خوا ڕابه‌رداری نیه‌ مه‌مله‌كه‌تێك به‌و وه‌حشیگه‌ریه‌ بخنكێنرێن!!
برای جه‌للادم ،بۆیه‌ پێت ئاسایی بێت من (خۆشه‌ویستی له‌زه‌مه‌نی كۆلێرا)كه‌ی (گابرێل گارسا ماركێز)یا (ئه‌و ده‌مه‌ی نیچه‌ گریا)كه‌ی (ئیرڤین دی یالۆم) پێ جوان بێت و تۆش له‌ژێر كاریگه‌ری پیاوێكی ،مه‌غریبی ،لیبی ،تونسی ….دا بێت به‌ڵام حه‌قیقه‌تێك هه‌یه‌ گوێ‌ له‌كه‌سمان ناگرێت ئه‌گه‌ر من وتم بیری خۆراوا باشه‌ و تۆش وتت شارستانیه‌ت له‌ڕۆژ هه‌ڵاته‌وه‌ ده‌ستی پێكرد،دواجار ئه‌و حه‌قیقه‌ته‌ بڕیار به‌ده‌سته‌ ئایا خۆراواو خۆر هه‌ڵات كامیان مرۆڤایه‌تیان گه‌یانده‌ لوتكه‌ی شارستانیه‌ت و كامیان شارستانیه‌تی ئه‌ویتریان نه‌بێت قوڕ به‌سه‌ر ئه‌بن؟
بۆیه‌ لات ئاسایی بێت من پێم وابێت ئه‌وان جوانیه‌كیان هه‌بووایه‌ ،هونه‌رو زانستێكیان هه‌بووایه‌، ڕۆژیان به‌م ڕۆژه‌ نه‌ئه‌گه‌یشت و تۆش پێت وابێت ئه‌وان چاویان له‌(نیمچه‌ دورگه‌ی عه‌ره‌بی) بكردایه‌ ڕۆژگاریان به‌ ئه‌مڕۆ نه‌ئه‌گه‌یشت ،به‌ڵام له‌نێوان من و تۆدا حه‌قیقه‌تێك هه‌یه‌ ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ ئه‌گه‌ر تۆ له‌ژێر كاریگه‌ری بیری عه‌ره‌بی،ئێرانی دابیت ئه‌شێت ئه‌و مافه‌ت نه‌بێت ئه‌ومافه‌ش له‌خه‌ڵك زه‌وت بكه‌یت خه‌ڵكیش له‌ژێر كاریگه‌ری بیری خۆراوایدا بن ئاخر (سه‌لاموعه‌له‌یك)و (گود بای)به‌قه‌د یه‌ك زیانیان بۆزمانی كوردی هه‌یه‌ و كلتوری كوردیش له‌هه‌ردوكیان جیاوازه‌، نه‌ئه‌چێته‌وه‌ ژێر مانتۆكانی ئێران و حیجابی ده‌وڵه‌تانی خلیج و نه‌ئه‌شچێته‌وه‌ سه‌ر مۆدیلی خۆراوا ،ئه‌چێته‌وه‌ نێو ئاته‌شگه‌كان و له‌ماڵی (مه‌م و زین)كه‌ی (ئه‌حمه‌دی خانی)دا شێوه‌ی خۆی وه‌رئه‌گرێت.بۆیه‌ پێت ئاسایی بێت كه‌تۆ ویژدانت بۆ (غه‌ززه‌)بسوتێ‌و من بۆ (كه‌ركوك) خوێن له‌هه‌ستم بتكێ‌،ئاسایی بێت كه‌تۆ له‌ناو بیری پیاوێكی (سعودی)دا به‌دوای جوانیا بگه‌ڕێیت و من له‌ (نیچه‌)ی ئه‌ڵمانیدا،تۆ شمشێره‌كه‌ی پیاوێكی بیابان نشینت پێجوان بێت و منیش گوڵی باخچه‌یه‌كی خۆراوا،تۆ له‌ناو پۆشاكی دیندارێكی ئێستای ئێرانیدا ژیان به‌ڕێ‌ بكه‌یت و منیش له‌(دڵم به‌باخچه‌ ئه‌سوتێ‌)كه‌ی (فه‌روغی فوروغزاد)دا.
برای جه‌للادم، من و تۆ له‌سه‌ر خاكێكین كه‌خاكی هه‌ردووكمانه‌و پێویسته‌ به‌م هه‌موو جیاوازیه‌وه‌ ،جیاوازیه‌كانی یه‌كتریمان قبوڵ بێ‌ و خوێن بۆ ئه‌م خاكه‌ بده‌ین و سه‌ره‌تا ئه‌م خاكه‌مان خۆشبووێت كه‌خاكی صه‌لاحه‌دینی ئه‌یوبیه‌ ،ئاخر ناكرێت ئێمه‌ بگه‌ینه‌ ئه‌وشوێنه‌ی (صه‌لاحه‌دین )له‌دوری هه‌زاران كیلۆمه‌تره‌وه‌ بۆ ئیسلام ئازادی كردو ماڵه‌كه‌ی صه‌لاحه‌دینیش كاول بكرێ‌!!دواجاریش ئه‌مه‌وێت پێت بڵێم منو تۆ به‌جیاوازیه‌كانامانه‌وه‌ مه‌حكومین به‌وه‌ی پێكه‌وه‌ بژین ،مه‌حكومین به‌ژیان به‌ڵام كه‌سمان مه‌حكوم نین به‌وه‌ی ئه‌ویترمان بكوژین

Jgarsoz8181@yahoo.com

Previous
Next

Leave a Reply