
ملوانكه‌یه‌ك له ئه‌ستێره دووره‌كانی گه‌ڵاڕێزان
له ئه‌ستێره دووره‌كانی گه‌ڵاڕێزان
ملوانكه‌یه‌ك ده‌هۆنمه‌وه ، ده‌یسپێرمه ئاو بیگه‌یه‌نێته ده‌ستی تۆ
له دانه به دانه‌یدا :
هه‌موو بیره‌وه‌رییه‌كم زیندوه‌و
هه‌موو گریانێكم به‌خته‌وه‌ریی ،
هه‌ر له منداڵییه‌وه چرایه‌كم به ده‌سته‌وه‌یه
به‌ناو ئه‌و هه‌مووتاریكیه‌دا ده‌ڕۆم ، ناكوژێته‌وه
به‌هاران باوه‌ش به چه‌پكه گوڵدا ده‌كه‌م
هاوینان خه‌له‌و خه‌رمانی عومرم ده‌چنمه‌وه
پایزان باوه‌شێك گه‌ڵای هه‌ڵوه‌ریو ده‌خه‌مه
سه‌ر كه‌پری لق و پۆپی دا رووتاوی رۆژگار ،
زستانانیش هه‌ردوو ده‌ستم ده‌كه‌م
به جامیلكه‌ی به‌رباران و ، گوڵه په‌ژمورده‌كانی
وشكه‌ڵانێكی پێ ئاوده‌ده‌م ، چاوه‌ڕوانی رێژنه‌یه‌كه .
گڵۆڵه‌یه‌ك له تیشكی هه‌تاو ده‌چنمه‌وه ،
ده‌یكه‌مه پۆیلانه‌و به پرچی خۆزگه‌كانما هه‌ڵیده‌واسم
له ئاوی روباره بێ نازه‌كان ،
كراسێكی ئاودامان به‌جه‌سته‌ی رووت و قوتما ده‌كه‌م
له ئه‌ستێره‌ی نیوه‌شه‌وانی گه‌شتێكی دوور
ملوانكه‌یه‌ك بۆ گه‌ردنی كچێك ده‌كه‌م ،
غه‌ریبی یه‌كه‌ی بۆته رێژنه بۆ منی دوور دوور نشین
****
دڵوپه‌گریانی ئه‌وساو ئێستام
بۆ ئه‌وه‌بوو رازه پڕ حه‌سره‌ته‌كانی ته‌مه‌ن
نه‌كه‌م به خه‌می خۆم و تۆیش
گه‌ڵاوه‌ریوه‌كانی دره‌ختی خونچه‌وهیوام
كۆنه‌كه‌مه‌وه بۆ سه‌ر گۆڕی یاده‌وه‌رییم ،
بۆیه هۆگری ته‌مه‌نی منداڵیت بووم ،
زوو ده‌مزانی نه من پشت ده‌نێم به دره‌ختی گه‌وره‌بوونته‌وه
نه‌تۆش ده‌بیته چه‌تری سه‌رم له ته‌رزه‌باراندا ،
با هه‌موو گیانم غه‌رقی ئه‌م دوورییه‌و ئه‌م مه‌راقه‌و ئه‌م سه‌رابه بێت .
****
هه‌پرون به هه‌پرونه ئه‌و كۆشكی خه‌یاڵه‌ی
من بۆ تۆم كرد‌و تۆیش دیواره‌كانیت هه‌ڵچنی
بێ ده‌نگدانه‌وه‌یه ئه‌و هاواری دوورییه‌ی نێوانمان
چه‌قه‌ڵ و گورگه‌كانی ئه‌م زه‌مانه ناهێڵن
هێلانه‌یه‌ك بۆ به‌خته‌وه‌ریی دروستبكه‌ین
سیخوڕ‌و هه‌واڵـگره‌كانی ئه‌م ده‌وروبه‌ره‌ش
ناهێڵن تاقه هه‌واڵێكی تۆ دزه‌بكا بۆ ئه‌م ده‌رونه په‌رۆشه‌م
ئه‌و رقه موگناتیسیه‌ی ده‌وروبه‌ری تۆی ته‌نیوه
رێگه به وێنه‌یه‌كیشت نادات بگاته باغی گوڵاڵه شێواوه‌كانم .
دونیاشم لێوێران بێت ، له تۆ هه‌ڵنایه‌م
له بێ ئۆقره‌ییدا ، هه‌ر هۆگری خه‌مه ئارامگرتووه‌كانی تۆم
رووت و ره‌جاڵ ،
هه‌ر له به‌ر ئه‌و رێژنه‌یه‌دام له ده‌ریا مه‌نگه‌كه‌ی دووریته‌وه هه‌ڵده‌كات .
****
مه‌ترسه ! به‌سه‌ر ده‌ریایه‌كی بێ مه‌وداوه‌بیت
یا له‌وپه‌ڕی سنووری گۆی زه‌وی ،
ملوانكه‌یه‌ك له ئه‌ستێره دووره‌كانی گه‌ڵاڕێزان دروست ده‌كه‌م
بۆ گه‌ردنی ته‌نیایی هه‌ردوكمان .
نامه‌یه‌كم بۆ ناردی ، نه ناونیشانی له سه‌ره ، نه ژماره‌ی ته‌له‌فۆن
سپاردمه هه‌ره‌سی شاخه سه‌هۆڵینه‌كانی باكوور
به‌سه‌ر ده‌ریاوه بۆت ده‌گه‌ڕێ
ئه‌گه‌ر به‌شێكی ئه‌م زه‌مینه ژێر ئاوكه‌وێ
یا هه‌ڵچون و داچوونی ده‌ریا ئه‌مسه‌ر و ئه‌وسه‌ری پێ بكات
رۆژێك دادێت له كه‌نارێكدا
ئه‌و نامه‌یه بۆ مێژوو ده‌دۆزرێته‌وه ،
له نێوانی دێڕه‌كانیا ، وێنه‌یه‌كی تێدایه
وێنه‌ی ملوانكه‌یه‌ك له ئه‌ستێره دووره‌كانی گه‌ڵاڕێزان
جێ په‌نجه‌ی من و ، جێ ئاهی من و جێ رازی منی له‌خۆ گرتووه .
مارف عومه‌ر گوڵ
سلێمانی
29 / 12 / 2009