Skip to Content

Tuesday, June 22nd, 2021

خۆشەویستی … محەمەد كوردۆ

Be First!
by April 13, 2012 گشتی

زۆرجار لە خۆمان دەپرسین خۆشەویستی چییە؟ ڕەنگە هەر یەكەمان وەڵامی خۆمان هەبێت بۆ ئەم پرسیارە، رەنگیشە لە هەموو كاتێكدا یەكجۆر وەڵاممان نەبێت، من لەم چركەساتەدا ئاوا وەڵامی ئەو پرسیارە دەدەمەوە: خۆشەویستی هانابردنی مرۆڤەكانە بۆ یەكدی بۆ ئەوەی دوو دوو پشت بدەن بە پشتی یەكدییەوە و توانای بەرگەگرتنی نەهامەتییەكانی ژیان لە خۆیاندا درووست بكەن. خۆشەویستی هانابردنی مرۆڤەكانە بۆ یەكدی تاكو لە بری ئەوەی بە دوو چاو تەماشای جوانییەكان بكەن، كە بێگومان دوو چاو بەشی بینینی جوانییەكان ناكات، بە چوار چاو تەماشا بكەن. خۆشەویستی ترسی مرۆڤەكان لە ئایندە و لە تەنیایی دەكوژێت، ئەو كەسەی كە خۆشەویستی دەكات لە هەر كوێیەكی دنیا بێت تەنیا نییە، هەمیشە كەسێكی دی لە تەنیشتییەوەیە دەست بەسەر خۆزگەكانیدا دەهێنێت، ئەو كەسەی خۆشەویستی دەكات لە هەر بارودۆخێكدا بێت ترسی لە ئایندە نییە، بەردەوام كەسێك پێی دەڵێت چاوەڕێم بە، بەختەوەرییت بۆ دێنم. خۆشەویستی تاكە ڕێی قەرەبووكردنەوەی هەموو ئەو شتانەیە كە رۆژگار لە مرۆڤەكانی سەندووە. خۆشەویستی سادەترین و نازەنینترین بەهانەیە بۆ ئەوەی مرۆڤ بتوانێت درێژە بە ژیان بدات، ئەگەر خۆشەویستی نەبێت بیانوویەكی بەهێز نامێنێت بۆ ئەوەی لێرە بین، مانایەكی دڵنشین نامێنێت بۆ مانەوە لە ناو ژیاندا. خۆشەویستی ئەو جەوهەرە راستەقینەیەی ژیانە كە ناهێڵێت لە ناو ڕۆتینەكانی ژیاندا ون و سەرگەردان و ماڵوێران بین. بە بڕوای من بەشێكی گەورە لە تووڕەیی و شەڕانگێزی و دڵڕەقی ئێمە، بۆ ژیانی بێ‌ خۆشەویستییمان دەگەڕێتەوە. خۆشەویستی زۆر لەوەی كە هەین میهرەبانتر و لێبووردووترمان دەكات…خۆشەویستی خەمەكانمان دەگۆڕێت بۆ خەون. لەم برَوایانەوە بوو كە من وتم: دوو بەختەوەرترین مرۆڤ لە دنیادا ئەو دوو دڵدارەن كە دەتوانن لە خەم و خۆزگە و خەونەكانی یەكدی تێبگەن و دەزانن چۆن یەكدی دڵخۆش بكەن.

******************************

*   (ڕاز و نیاز) گۆشەیەكی محەمەد كوردۆیە رۆژانی هەینی لە دوا لاپەڕەی رۆژنامەی كوردستانی نوێ‌، بڵاو دەبێتەوە، بڕوانە  ژمارە (5751) 13/4/2012

Previous
Next

Leave a Reply