Skip to Content

Wednesday, October 27th, 2021

زمانی گەنجان و گوللەی دەستەڵاتداران

Comments

 

ئەوەی ئێستا لەسەر شەقامەکانی سلێمانی ڕوو دەدات، هەرگیز شتێکی نوێ و چاوەڕواننەکراو نییە، بەڵکو ئەڵقەیەکە لە زنجیرەی ئەو تاوانانەی دەستەلاتی کوردی بە درێژاییی ئەم چەند ساڵە کردوونیەتی. یەکەمجار نییە گەنجی ئێمە بێنە سەر شەقامەکان و دژی ناعەدالەتی دەنگ هەڵببڕن. یەکەمجاریش نییە دەستەڵاتی کوردی خۆپێشاندەران بەر گوللە بدات، بەڵام ئەوەی نوێیە ئەو ترسە گەورەیەیە، کە دەستەڵاتی کوردی بە چاکی هەستی پێ دەکات، لە کاتێکدا هەندێک لە هاوشێوەکانی لە میسر و تونس نەیانتوانیوە خۆیانی لەبەر ڕابگرن و هەندێکیان وا ئەمسەر و ئەوسەری دنیایان لێ هاتووەتەوە یەک. ڕاپەڕینی جەماوەری چونکە پرۆسێسێکی خۆڕسکانەیە و بە پێی پلانی ئیدۆلۆگی ڕێک ناخرێت، بۆیە ئەمە زمانی ڕاستەقینەی جەماوەرە. ئەو زمانە نەک هەر توانای هەیە بە دەنگی بەرز بدوێت، بەڵکو لە دەستی دێت هەموو ئەو وەهمانەیش بڕەوێنێتەوە، کە ئەوە چەند ساڵە چ دەستەڵاتی کوردی و چ هێزی بەناو ئۆپۆزیسۆن کەڵەکەیان دەکەن. ئەو زمانە هەر ئێستا ئەوەی دەرخستووە، کە ئەوەی لە مێدیای حزبی دەستەڵاتدا لەبارەی ئازادی و مافی مرۆڤەوە دەوترێت، هیچ مانایەکی نییە و هێشتا حزب بە لۆژیکی گوللە دەپەیڤێت. ئەو زمانە پەردەی لە ڕووی ئەو بەڵینانەی هێزە بەناو ئۆپۆزیسۆنەکان لا دا، کە گوایە ئەوان داکۆکیکەری خواستی جەماوەرن و هەر کاتێک چوونە سەر شەقام، ئەوان بەرگرییان لێ دەکەن. ئەوەتا هەندێکیان بێدەنگ بوون و ئەوانی تر کەوتنە هێنانەوەی پاساو بۆ دەستەڵات، بە تایبەتی هێزە کۆنزێرڤاتیڤەکان. ئەو زمانە جارێکی تر هەموو ئەو ڕۆشنبیرانەی شەرمەزار کرد، کە لە ڕۆژگاری ئاساییدا خۆیان بە لایەنگری ئازادی دەزانن و کاتێکیش دەستەڵات خوێنی گەنجان لەسەر شەقامەکان دەڕێژێت، ئەوان نەک هەر بێدەنگ دەبن، بەڵکو بە ئاژاوەگێڕ و گێرەشێوێنیشیان دەزانن. گێرەشێوێن؟ بۆ نا؟ گێرەشێوێن لە دیدی (نیچە) ئەو بوونەوەرەیە، کە لە (ئێستا)دا خۆی نابینێتەوە و دەیشێوێنێت. ئەو (ئێستا)یەی پڕە لە چەوسانەوە و ناعەدالەتی. ئەو (ئێستا)یەی لەسەر شەقامەکانی سلێمانی گوللە بە (داهاتوو)ەوە دەنێت. ئاژاوەگێڕیش ناوێکە پڕ بە پێستی ئەو گەنجە بێباکانە. لەوەیاندا ڕاستییان پێکاوە، مادام ئاژاوەگێڕی لە (ولیەم گۆدوین)ەوە بۆ (چارلز فۆریەر) و (جۆزیڤ پرۆدۆن) و لەوێوە بۆ (ئەلبێرت کامۆ) ڕێگایەکی گرنگی ڕووبەڕووبوونەوە بووبێت لە ئاستی ستەمدا… مادام ئاژاوەگێڕی خەسڵەتی ئەو مرۆڤە یاخییانە بێت، کە لە دژی سیستەمی باودا دەجەنگن و پێ لەسەر ئازادیی ڕەها دادەگرن. ئەو سیستەمەی لەسەر بنەمای ناعەدالەتی دامەزرابێت، هەر خۆی دوو جۆری سەرەکیی مرۆڤ بەرهەم دەهێنێت: یەکێکی گەندەڵ و تەبا لەگەڵ سیستەمی باودا، یەکێکی ئاژاوەگێڕ بۆ تێکدانی ئەو سیستەمە. بەم پێیە دوو جۆر زمانیش دادەهێنێت: یەکێک بۆ پێداهەڵدانی دەستەڵات و پاساوهێنانەوە بۆی، یەکێک بۆ ڕەخنە و ناڕەزایی لە دژی ئەو سیستەمە. ئەوانەی باسی سزای عادیلانەی ئەو گێرەشێوێن و ئاژاوەگێڕانە دەکەن، دەبووایە پێشتر سزای عادیلانەی خۆیان بدابووایە لەسەر ئەو هەموو ناعەدالەتییەی کردیان. ئەو زمانەی مرۆڤی گێرەشێوێن و ئاژاوەگێڕ کاتێک دەکرێتەوە و ئەوەتا کراوەتەوە، سەرتاپای کۆمەڵگا ڕادەچڵەکێنێت و هەموو نیازەکان دەردەخات. هەموو ئەو کۆنتراکتە نهێنییانە ئاشکرا دەکات، کە لە لایەک لەنێوان لایەنە سیاسییەکان و لە لایەک لەنێوان دەستەڵات و ڕۆشنبیردا بەستراون. ئەو زمانە لە توانایدا هەیە دابڕانێک لەنێوان (ئێستا) و (داهاتوو)دا بێنێتە گۆڕێ و جاڕی زەمەنێکی تر بدات. ئێمەی نووسەرانی ئەدەبی گێڕانەوە ناو لەو زمانە دەنێین، تەقینەوەی ناکاو Sudden explosion، چونکە ئەو زمانە کاتێک دەردەکەوێت، کە هەموو قسەی خۆیان کردووە، بێ ئەوەی ڕاستییان وتبێت. ئەو زمانە لەناکاو دەتەقێتەوە و گومان دەخاتە ناو هەموو وتراو و هەموو کردارێک، بەو مەبەستەی ئێمە بە سەرتاپای ڕووداو و بەسەرهاتەکاندا بچینەوە. ئەم پرۆسێسەیش هەم پێداچوونەوەیە و هەم تێپەڕاندنی ئەو خاڵەی لە شێوەی (کۆتایی)دا خۆی دەردەخات. لێرەوەیە ئەو دەستەڵاتە  بە زەبری خوێندنەوەی جیاواز و فرەئاڕاستەوە تێک دەشکێت، کە خۆی بە (کۆتایی) و (ڕەها) دەزانێت و هەر لەوێوە دەیان سەرەتای تر دەست پێ دەکەن. ئەمە یەکێکە لە خەسڵەتەکانی ئەو چیرۆک و ڕۆمانانەی بە شێوازی پۆلیفۆنی (Polyphony) دەنووسرێن، وەک (میکایل باختین) پێی لەسەر بنەما ئیستاتیکییەکانی داگرتووە.

 

کاروان عومەر کاکەسوور

Previous
Next

Leave a Reply