Skip to Content

Sunday, October 17th, 2021

سه‌رده‌شت عوسمان ته‌نها ئازادی خوازێک بوو نه‌ک سه‌ر به‌ ئه‌سارولئیسلام!!

Be First!

دوای بڵاو کردنه‌وه‌ی ئه‌و ڕونکردنه‌وه‌ی لێژنه‌ی به‌دوادا چون له‌ سه‌ر که‌یسی تیرۆر کردنی ڕۆژنامه‌نوس سه‌رده‌شت عوسمان، نه‌ک هه‌ر نه‌بوو به‌ جۆرێک له‌ دڵخۆشی بۆ سه‌رجه‌م خه‌ڵکی ئازادی خوازی کوردستان و به‌ تایبه‌تیش بۆ ئه‌و توێژه‌ له‌ ڕۆشنبیران و سیاسه‌ت مه‌دارانی ئازادی خواز. به‌ڵکو ڕاسته‌وخۆ له‌لایه‌ن کۆیه‌ک له‌ زۆرترینی ئه‌و خه‌ته‌ ڕۆشنبیر و نوسه‌ر و ئازادی خوازانه‌وه‌، وه‌ڵامی نه‌رێ به‌و لێژنه‌یه‌ ده‌درێته‌وه‌، یانی ئه‌و لێژنه‌یه‌ نه‌ک بۆخۆی سه‌ر به‌ دادوریه‌کی سه‌ربخۆ نه‌بوو، به‌ڵکو ڕاسته‌وخۆ له‌لایه‌ن خودی ده‌سه‌ڵاتی پارتی دیمکراته‌وه‌ سه‌ر په‌رشتی کراوه‌. بۆیه‌ به‌هیچ ئاراسته‌یه‌ک و پێوه‌رێک ناچێته‌ جێی بڕوای هه‌رچ ئینسانێکی ئازادی خوازه‌وه‌ که‌ ڕۆژنامه‌نوس سه‌رده‌شت عوسمان سه‌ر به‌ گروپێکی ئیسلامی سیاسی بوو بێت، چونکه‌ ئه‌و ته‌نها له‌ دوای بڵاو کردنه‌وه‌ی نوسینه‌کانی و ئاشکرا بوونی که‌ ئه‌وه‌ نوسینی ئه‌و که‌سه‌یه‌، ده‌ڕفێندرێت و دواجار به‌ کوژراوی ته‌رمه‌که‌ی ده‌دۆزرێته‌وه‌ له‌ شاری موسڵ. ئه‌گه‌ر له‌ ڕووی یاساییه‌وه‌‌ سه‌یری ئه‌و که‌یسه‌ بکرێت ده‌بینین هه‌ر له‌ دوای ئه‌و ده‌نگه‌ ناڕازیه‌ مه‌زنه‌ی ڕژانه‌ سه‌رشه‌قامه‌کان و داوای ده‌ست به‌جێ گرتن و ئاشکرا کردنی تاوانباران و ئه‌و ده‌سته‌ی له‌ پشتیه‌وه‌یه‌تی، ده‌کرا. دوای ئه‌و هاتنه‌ مه‌یدانه‌ مه‌زنه‌ بۆ داکۆکی کردن له‌ مافی ڕه‌وابوون بۆ ئازادی سیاسی و ده‌ربڕین، دواجار ده‌سه‌ڵات ناچار بوو به‌ دروست کردنی لێژنه‌یه‌ک بۆ به‌دوادا چوون له‌سه‌ر ئه‌و که‌یسه‌، که‌ بۆخۆی شه‌رمه‌زاری بۆ ده‌سه‌ڵاتی کوردی نیشان ده‌دات، که‌ له‌ هه‌ر سات و کاتێکدا پڕوپاگه‌نده‌ی ئاسایش و هێمنی و کرانه‌وه‌ و ئازادی سیاسی و ده‌ربڕین ده‌که‌ن، چۆن توانرا له‌ ڕۆژی روناکدا و له‌ کاتی ده‌وامی ڕه‌سمیدا که‌سێکی خوێندکار بڕفێندریت و به‌ کۆی ئه‌و بازگانه‌دا ئاودیوو بکرێت!! ئه‌گه‌ر بێت و ده‌ستێکی زۆر به‌هێزی له‌ پشته‌وه‌ نه‌بوبێت؟ ئینسان لێره‌دا ده‌گاته‌ ئه‌و بڕیاره‌ی بڵیت، ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتی سیاسی کوردستان بۆخۆی له‌ پشت ئه‌و کاره‌ نامرۆڤانه‌یه‌وه‌ نه‌بێت، دیاره‌ سه‌رجه‌م بازگه‌کان له‌( کۆیه‌کدا) له‌ پشت ئه‌و کاره‌ تیرۆریستیه‌وه‌ن و، واش بێت که‌واته‌ کۆی ئه‌و بازگانه‌ له‌لایه‌ن ئه‌نسارولئیسلامه‌وه‌ کڕدراون؟ ئه‌گه‌ر وابێت ده‌بێت ده‌سه‌ڵاتی سیاسی دادگای کوردستان بانگهێشتی کۆی به‌رپرسانی ئه‌و بازگانه‌ش بکات بۆ لێپرسینه‌وه‌! ئاخۆ دادگا ئاماده‌یه‌ ئه‌و کاره‌ بکات و به‌ به‌شداری خه‌ڵکیش له‌و دادگایه‌دا چۆنیه‌تی پرسیار و لێپێچنه‌وه‌کان به‌ ئاشکرا بخرێنه‌ ڕوو؟
 یان هه‌ندێک پێیان وابێت ئه‌و بازگانه‌ ته‌نها ئه‌رکیان پشکنینی ووردی ئه‌و سه‌یارانه‌یه‌ که‌ دێنه‌ ناو هه‌رێمه‌وه‌ و ده‌بێت زۆر به‌ ووردی پشکنینی سندوق و سه‌رجه‌م جێگاکانی سه‌یاره‌کان بکرێت، که‌واته‌ هۆکار چیه‌ وا ئه‌و بازگانه‌ بێگوێدانه‌ ئه‌و کاره‌ شه‌راکه‌تیه‌ی له‌گه‌ڵ حکومه‌تی عێراقیدا هه‌یانه‌ به‌ هه‌مان شێوه‌ ئاماده‌ نین به‌ ووردی کۆی ئه‌و سه‌یارانه‌ بپشکنن که‌ له‌و بازگانه‌وه‌ به‌ره‌و شاره‌کانی دیکه‌ی تری عێراق ده‌ڕۆن؟ خۆ ئه‌گه‌ر وابێت ئه‌وا به‌ ئاشکرا کاری خیانه‌ت کردن له‌و  هاوشه‌ریکایه‌تیه‌دا ده‌ر ده‌که‌وێت؟ چونکه‌ تیرۆریستان له‌و کاته‌دا ده‌توانن به‌ ئاره‌زووی خۆیان ته‌قه‌مه‌نی له‌ وڵاتانی دیکه‌وه‌ بهینن و هه‌ر له‌وێشه‌وه‌ بیگوازنه‌وه‌ بۆ شاره‌کانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی حکومه‌تی عێراقی تا کاری تیرۆریستی پێئه‌نجام بده‌ن!

ڕه‌نگه‌ ده‌ستی تیرۆر ترسناکترین شێوازی کاری سیاسی بێت، له‌ کۆی پیاده‌ کردنی سه‌رجه‌م ئه‌و ناعه‌داله‌تیانه‌ی تر که‌ به‌سه‌ر کۆمه‌ڵگادا ده‌درێت، ئه‌نجام دانی کاری تیرۆریستی له‌و خاڵه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت که‌ لایه‌نی جێبه‌جێکار و پلان داڕێژه‌ر به‌شوێن به‌رژه‌وه‌دنیه‌کی تایبه‌تی خۆیانه‌وه‌ن و ده‌خوازن به‌ شێوه‌ی ترس و تۆقاندن خۆیان بسه‌پێنن به‌سه‌ر کۆمه‌ڵگادا.  ناخوازن له‌ دوا مه‌نزڵدا بدۆزرێنه‌وه‌ و هه‌ر له‌ وێشه‌وه‌ ده‌خوازن درێژه‌ به‌ هه‌مان به‌رنامه‌ی کاری خۆیان بده‌ن له‌ نێو کۆمه‌ڵگادا تا گه‌یشتنیان به‌ مه‌رامه‌ سیاسیه‌کانیان. ده‌ست بردن بۆ کاری تیرۆریستی ده‌کرێت له‌لایه‌ن گروپه‌وه‌ ئه‌نجام بدرێت به‌ هه‌مان شێوه‌ش ده‌کرێت له‌لایه‌ن خودی ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵاتیشه‌وه‌ ئه‌نجام بدرێت.
 ئیستا له‌ کوردستاندا هێزێکی ناڕازی به‌م بارودۆخه‌ی ئێستای ده‌سه‌ڵاتی سیاسی هه‌ردوو حیزبی گه‌وره‌ و بنه‌ماڵه‌ی ئه‌و دوو ده‌سه‌ڵاتدارێتیه‌ هه‌یه‌ له‌ کوردستاندا، به‌رانبه‌ر به‌ کۆی ئه‌و ناعه‌داله‌تیانه‌ی به‌رانبه‌ر به‌ خه‌ڵکی که‌م ده‌رامه‌ت و توێژی ڕۆشنبیری ئازادی خواز ده‌کرێت، ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له‌ کوردستاندا ڕۆژ به‌ڕۆژ له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه‌ به‌ هه‌رچ نرخێک و به‌ هه‌رچ شێوازێک بۆی ده‌کرێت ده‌ست بگرێت به‌سه‌ر کۆی ئه‌و ئازادیه‌ی هه‌یه‌ له‌ کوردستاندا و به‌به‌رهه‌می ڕه‌نجی خۆی بزانێت و هه‌ر له‌و ڕێگایه‌شه‌وه‌ ده‌یه‌وێت ته‌نانه‌ت که‌س نه‌توانێت  ڕه‌خنه‌ش له‌و ده‌سه‌ڵاته‌ بگرێت. ئه‌م دژایه‌تی کردنه‌ی ده‌سه‌ڵات به‌رانبه‌ر به‌و توێژه‌ له‌ ناڕازیانی کۆمه‌ڵگه‌، وا ده‌کات ده‌سه‌ڵات به‌ شێوازی جۆراوجۆر ده‌ست ببات بۆ کاری سه‌رکوت و ترس و تۆقاندن و دروست کردنی باندی تیرۆریستی بۆ ته‌سفیه‌ کردنی خه‌ڵکانی دیاری نێو ئه‌و خه‌ڵکه‌ ناڕازیه‌(دیاره‌ هه‌ر له‌ دوای ڕاپه‌ڕینی ساڵی 1991 یشه‌وه‌ زۆر کاری تیرۆریستی ئه‌نجام دراوه‌ دژی کۆمۆنیسته‌کان و خه‌ڵکانی ئازادی خواز که‌ دژی ئه‌و ناعه‌داله‌تیه‌ کۆمه‌ڵایه‌تیه‌ بوون که‌ له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و دوو حیزبه‌وه‌ سه‌پێنرابوو به‌سه‌ر خه‌ڵکی کوردستاندا).
 ئه‌وه‌ی بۆ ده‌سه‌ڵاتی ئیستای سیاسی کوردستان گونجاوه‌، لکاندنی ناوی خه‌ڵکانی ناڕازیه‌(له‌کاتێکدا کۆی ئه‌و خه‌ڵکه‌ ناڕازیه‌ خوازیاری کۆمه‌ڵگایه‌کی مه‌ده‌نی و یه‌کسانی خوازن، چۆن ده‌توانرێت تاوانبار بکرێن به‌وه‌ی سه‌ر به‌ گروپ گه‌لی ئیسلامی سیاسین؟) به‌ گروپه‌ ئیسلامیه‌کانه‌وه‌ و به‌ تایبه‌تیش گروپی ئه‌نسارولئیسلام. ده‌کرێت ئه‌م گروپه‌ له‌ کوردستاندا خه‌ڵکێکی که‌می خۆیانیان هه‌بێت، به‌ڵام ڕێی تێناچێت که‌سایه‌تیه‌ک هه‌موو بیرکردنه‌وه‌ و خولیاو ئامانجی گه‌شتن بێت به‌ دینیایه‌کی ئازاد و بێترس و تۆقاندن، بتوانرێت به‌ هاوبه‌شیکاری گروپێکی تیرۆریستی وه‌ک ئه‌نسارولئیسلام له‌ قه‌ڵه‌م بدرێت!، ئه‌وه‌ ڕه‌نگه‌ گه‌وره‌ترین تاوان بێت بدرێته‌ پاڵ جوانه‌مه‌رگ ڕۆژنامه‌نوس سه‌رده‌شت عوسمان!!!!. ئه‌گه‌ر هه‌رکه‌سێک بڕێک به‌ ویژدانه‌وه‌ ئه‌و چه‌ند نوسینه‌ی سه‌رده‌شت بخوێنێته‌وه‌، تێده‌گات ئه‌م ئینسانه‌ که‌سێکی هه‌لپه‌رست و خۆپه‌رست نه‌بووه‌، یان که‌ سێک نه‌بوه‌ ئومێدی ئه‌وه‌ بکات خه‌ڵکی کوردستان بکه‌ونه‌ ژێر داگیرکاری بیرکردنه‌وه‌ ئیسلامیه‌کان و له‌ ده‌سه‌ڵاتی ئێستای کوردی پێباشتر بووبێت، نه‌خێر سه‌رده‌شت عوسمان که‌سێکی ئازادی خواز و یه‌کسانی خواز بوه‌ و کۆی ئامانجیشی هه‌ر له‌و خه‌ته‌ چینایه‌تیه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت و له‌و گشته‌ هه‌ژاره‌شه‌وه‌ سه‌یری خۆیشی کردوه‌ که‌ بێبه‌رین له‌ کۆی ئومێدێکی ئینسانیانه‌ بۆ ئێستاش و ئاینده‌شیان، له‌ کاتێکدا به‌ تیله‌یه‌کی چاو کۆی ئه‌و سامانه‌ گشتیه‌شی ده‌بینی که‌ له‌ ده‌ستی که‌مایه‌تیه‌کی سه‌رانی ده‌سه‌ڵاتداردا یه‌خسیر کراوه‌ و به‌بێ کڕین و ته‌سلیم بوون ئاماده‌ نین که‌سێکیش له‌ دائیره‌یه‌کیشدا دابمه‌زرێنن، ده‌بووه‌ هۆکاری ئه‌وه‌ی ئیتر نه‌توانیت بێده‌گ بێت و ته‌نها کارێکیش له‌ ده‌ستی هات نووسین بوو، به‌ڵام نوسینێک که‌ به‌یانی واقعی ژیانێکی تاڵی ده‌گێڕایه‌وه‌. به‌ڵام ده‌ستی ڕه‌شی دژه‌ ئازادی و یه‌کسانی خوازی ناخوازێت ئه‌و جۆره‌ له‌ ئینسانی ڕاستگۆ له‌ مه‌یداندا بێت، بۆیه‌ ته‌نها کارێک له‌ ده‌ستیان بێت کاری تیرۆر کردنه‌. به‌ڵام ئاخۆ له‌ دوای تیرۆر کردنی ڕۆژنامه‌نووس سه‌رده‌شت عوسمان، وێنه‌کانی سه‌رده‌ش زیادیان کردوه‌ یان به‌ره‌و له‌ ناو چوون ده‌چن؟ ئه‌وه‌ هێزوبزوتنه‌وه‌ سیاسیه‌ کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانن که‌ هه‌میشه‌ ده‌نگی ناڕه‌زایه‌تی خۆیان ڕێکخراو ده‌که‌ن و خه‌بات ده‌که‌ن بۆ ئه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگا به‌هره‌مه‌ند بێت له‌ ژیانێکی ئازادی خوازانه‌ بۆ گشتی، ده‌کرێت بڵێین تا کاتێک سته‌می چه‌وساندنه‌وه‌ی چینایه‌تی هه‌بێت و تا ئه‌و کاته‌ی ده‌نگه‌ ناڕازیه‌کان له‌ جوڵه‌ی به‌رده‌وامی خۆیاندا بن بۆ سه‌پاندنی داخوازیه‌کانیان به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدا، نه‌ک ژیان کردن ته‌نها بۆ چینێکی مشه‌خۆر که‌ خۆیان سه‌پاندوه‌ به‌سه‌ر کۆی پایه‌کانی ژیاندا، ئه‌وا وێنه‌ی ڕۆژنامه‌نوسی ئازادیخواز سه‌رده‌شت عوسمان هه‌میشه‌ له‌ زیاد بووندایه‌.

تاهیر حاجی حه‌سه‌ن
هۆڵه‌ندا
16/09/2010

Previous
Next

Leave a Reply