Skip to Content

Saturday, December 14th, 2024
ئینتیما بۆ نیشتیمان …. هاونیشتیمانی بوونمان

ئینتیما بۆ نیشتیمان …. هاونیشتیمانی بوونمان

Closed
by September 21, 2010 گشتی

پرۆسه‌ی به‌هاووڵاتی بوون قسه‌ و باسێكی زۆر هه‌ڵده‌گرێ و مشت و مڕێكی زۆر له‌ كایه‌ تێفكرین و عه‌قڵیه‌كاندا ده‌خوازێ ، بۆ ئه‌وه‌ی له‌چه‌مكی به‌ هاووڵاتیبوونمان بگه‌ین به‌ كرده‌نی هه‌نگاوی بۆ هاوێژین  پێویسته‌ ئه‌و جوغز و به‌ربه‌ست و قۆزاغانه‌ بشكێنین كه‌ گۆشه‌گیرمان ده‌كات له‌ئاست پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ گشتییه‌كان و خوێندنه‌وه‌یه‌كی گشتگیر و سه‌رتاپاگیر و واقیعیانه‌مان هه‌بێت بۆ په‌یوه‌ندییه‌ هه‌مه‌لایه‌نه‌ ڕۆحیه‌كانی تاك و كۆ له‌كۆمه‌ڵدا، هاوكات ده‌سه‌ڵات له‌ هه‌وڵ و ته‌قه‌لای كوشتنی ئه‌و  ئاوه‌ز و بیرانه‌ بێت كه‌ زاڵ بوونی به‌رژه‌وه‌ندی تاك به‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی كۆمه‌ڵ و ده‌سه‌ڵات ڕاده‌گه‌یه‌نێ  ده‌بێت زه‌مینه‌ی بۆ بڕه‌خسێنێت ئه‌مه‌ش له‌ هه‌ره‌می ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ خۆی گشتاندن  و سه‌رتاپاگیر ده‌كات  بۆ سه‌رله‌به‌ری تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ .
 ده‌سه‌ڵاته‌ دیموكراتیه‌كان  زاده‌ و هه‌ڵقوڵاوی ناو ده‌روون و هه‌ناوی كۆمه‌ڵگه‌ن و تاكیش یه‌كه‌یه‌كی بنچینه‌یی و بنه‌ڕه‌تیه‌ له‌پێكهاته‌ی كۆمه‌ڵ  په‌یوه‌ندییه‌كی توند و تۆڵی تۆكمه‌ و حه‌یاتیان پێكه‌وه‌ هه‌یه‌ ، هیچ ده‌سه‌ڵاتێك بۆ بابه‌تی به‌هاووڵاتی بوونی تاكی سنوری قه‌له‌مڕه‌وی خۆی ناتوانێ‌ له‌ڕێگای فشار و گوشاره‌وه‌ ئامانجه‌كانی خۆی ده‌سته‌به‌ر بكات بیهێنێته‌دی  و ئه‌م بابه‌تگه‌ل و ڕه‌وشه‌ ده‌سته‌مۆ و فه‌رزبكات  ، به‌ڵكو به‌رپرسیاریه‌تێكی مه‌بدئی و ئه‌خلاقییه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ خودی تاكه‌وه‌  بۆ توانه‌وه‌ی خۆی و له‌ بۆته‌ی به‌ هاونیشتیمانی بوونییه‌وه‌ له‌ دووتوێ‌ و ڕوانگه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیه‌ گشتییه‌كان  به‌رژه‌وه‌ندی خۆی ببینێت و  به‌دڵ و به‌گیانی قه‌ڵغانی پاراستنی ده‌ستكه‌وته‌ میللی و جه‌ماوه‌ری و گشتییه‌كان بێت  .
 هاووڵاتی ئه‌و كه‌س و تاكه‌یه‌ كه‌ ئه‌رك و مافه‌كانی سه‌ر شانی ڕاده‌په‌ڕِێنێ به‌ شێوه‌یه‌كی پڕاكتیكی و مه‌بدئیانه‌ پابه‌ند و مه‌لكه‌چ بوونی بۆ یاسا ڕابگه‌یه‌نێ ، ته‌فرو تونا كردنی و شكاندنی ئه‌و كۆت و جوغز و بازنانه‌ی كه‌ هه‌ره‌می ده‌مارگیری و مه‌زهه‌بی و ئاینی و ئایدۆلۆژی قوت ده‌كه‌نه‌وه‌ و هه‌ڕه‌شه‌ له‌ مرۆڤ سالاری و یاسا سالاری ده‌كه‌ن یه‌كێكه‌ له‌ وه‌زیفه‌ سه‌ره‌كیه‌كانی به‌ هاووڵاتیبوون  سه‌رباری ئه‌وه‌ش تواندنه‌وه‌ی تاك له‌ كۆمه‌ڵدا له‌پاشان له‌گۆمه‌ڵگا  و نه‌ته‌وه‌دا وه‌ شه‌ته‌ك  و گرێدانی تاكو كۆی كۆمه‌ڵگه‌ به‌ مه‌سه‌له‌ چاره‌نوسساز و سراتیژه‌ هاوئامانج  و هاومه‌به‌ست و  هابه‌شه‌كانه‌وه‌  بۆ پاراستنی قه‌واره‌ نه‌ته‌واتیه‌كان فه‌راهه‌م كردنی ئازادی و سه‌روه‌ریه‌كانی خه‌ڵك بۆ به‌ده‌سته‌ جه‌معی كردنی له‌ هه‌مبه‌ر فه‌رمان و ڕاژه‌كانیدا و وه‌لائی نیشتیمانی نه‌ته‌وه‌یی بخوڵقێنێ له‌ نێوان تاكه‌كاندا .
كورد سه‌دان ساڵه‌ گیرۆده‌ی ئه‌و ده‌سه‌ڵات و ڕژێمه‌ دیكتاتۆری و تۆلیتار و شۆڤێنی ڕه‌گه‌زپه‌رستانه‌یه‌ كه‌ ڕه‌وت  و شیرازای به‌هاونیشتیمانی بوون به‌ هاووڵاتی بوونی  و به‌كۆمه‌ڵ بوونی ده‌شێوێنێ  به‌ چه‌پ و ڕاستیدا قڕمان ده‌كه‌ن له‌ هه‌ناوی تاكی كوردیدا  گرێ كوێره‌ له‌مه‌ڕ مه‌یل  و وه‌لائی نیشتیمان  دروست ده‌كه‌ن  وه‌ ته‌گه‌ره‌ و كۆسپ  و له‌مپه‌ر ده‌خه‌نه‌ نێوان تاك و كایه‌  مه‌عریفی  و سیاسیه‌كانی كۆمه‌ڵ و ده‌سه‌ڵاته‌وه‌  و ده‌رگای چوونه‌  سه‌رخه‌تی به‌رجه‌سته‌ بوونی سیسته‌می دیموكراتییه‌كان به‌داخراوی و كڵۆم دراو هێشتۆته‌وه‌ ، به‌و سۆنگه‌یه‌وه‌ شه‌ڕیكی ئه‌زه‌لی و هه‌میشه‌ی له‌ناوه‌وه‌ی تاك  به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵات هاتۆته‌ ئاراوه‌ ،تاكی كوردی له‌ژێر كاریگه‌ری داپلۆسێن و زه‌بر و زه‌نگدا به‌رده‌وام له‌ ده‌سه‌ڵات سه‌لمَیوه‌ته‌وه‌ و ترس و بیمێكی گه‌وره‌ سه‌رتاپای جه‌سته‌ی ته‌نیوه‌ته‌وه‌  له‌هه‌مبه‌ر به‌هێز بوونی ده‌سه‌ڵاتدا ،ناهه‌قی نه‌بووه‌ چونكه‌  به‌هێز بوونی ده‌سه‌ڵات هه‌ڕه‌شه‌ و گوڕه‌شه‌ی زیاتر بووه‌  بۆ جینۆساید  و كۆمه‌ڵ كوژی و زه‌وتكردنی  به‌ها سه‌رخانی و ژێر خانیه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ كه‌ تاك ئه‌ندامێكی بنچینه‌ی و جه‌وهه‌ری كۆمه‌ڵگاكه‌ بووه‌ ، ئه‌و هزر و بۆچوون و ئایدیانه‌ ئه‌وه‌نده‌ زاڵ بووه‌ پانتایه‌كی زۆری  له‌ ئاوه‌زی تاكی  كۆمه‌ڵگه‌دا به‌ گه‌وره‌و بچووكه‌وه‌ دابڕ كردووه‌ ، كاردانه‌وه‌ی له‌سه‌ر هه‌ڵسوكه‌وت و ڕه‌فتاری ئه‌و منداڵانه‌ هه‌بووه‌  كه‌ له‌ قۆناغی سه‌ره‌تایی بوون بو یاخی بوون له‌ ده‌سه‌ڵات هه‌ر له‌منداڵیه‌وه‌ سه‌رپێچی و لاساریان ده‌كرد ته‌خته‌ و ڕه‌حله‌ و په‌نجه‌ره‌یان ده‌شكاند و له‌ هزر و زه‌ینی خۆیان وایان له‌یه‌ك ده‌دایه‌وه‌ به‌م كاره‌ زه‌ره‌ر و زیان به‌ ده‌سه‌ڵات و زۆردار و خۆسه‌پێن ده‌گه‌یه‌نن ، ئه‌م تێڕوانین و بۆچوونه‌ نه‌خش و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی  له‌سه‌رتاپای ژیانی ئه‌و كه‌سه‌دا هه‌بووه‌  تاكو گه‌روره‌ش بوون هه‌میشه‌ به‌گژ ده‌سه‌ڵاتدا چوونه‌ته‌وه‌  ئه‌گه‌ر له‌ ناخه‌وه‌ش بێت ، هاوكات له‌بری په‌روه‌رده‌كردن و فێر كردن و گۆش كردنی وه‌چه‌ له‌دوای وه‌چه‌ و نه‌وه‌ له‌دوای نه‌وه‌ به‌ كه‌لتورێك كه‌ كۆمه‌ڵگا له‌ داهاتوودا پشتی پێ ده‌به‌ستێت و سود و فه‌ڕی لێوه‌ بگیرێت  بۆ چاره‌سه‌ركردنی دۆز و پرسه‌كان به‌زمانی دیالۆك و دانوستان ، ترساندن و سه‌ركوتكردنی دار و فه‌لاقه‌  ئه‌لته‌رناتیفی  ئه‌و جۆره‌ شێوازه‌ په‌روه‌رده‌كردنه‌ بوو ، بۆیه‌ به‌رده‌وام و بێ پسانه‌وه‌ به‌گژ ده‌سه‌ڵاتدا چووه‌ته‌وه‌ ، ئه‌مه‌ میتۆدێكه‌  برست و پرزه‌ی گه‌شه‌و به‌ره‌و پێشڤه‌چوونی له‌تاكی كورد بڕیوه‌  له‌به‌رامبه‌ر قۆناغبه‌ندی كۆمه‌ڵگادا
ڕه‌شكوژی و كۆمه‌ڵ كوژی  و بێ سه‌روشوێن كردن و مه‌ینه‌تیه‌كانی تر وا به‌رچاوی تاكی كوردیان ته‌ڵخ و لێخن كردووه‌ كه‌ له‌زێد و ماڵ و مه‌ئواو ووڵاتی خۆیدا  هه‌ست به‌نامۆ بوون بكات و خۆی به‌ میوان بزانێت، بۆ سه‌لماندن و بوونی خۆی به‌ره‌نگاری له‌ ناسنامه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی  وگوزارشت له‌ هه‌ست و نه‌ستی خۆی تاقه‌ چه‌ك كه‌  به‌كاری هێناوه‌ هانا بردنه‌ به‌ر شۆڕش و  ڕاپه‌ڕین بووه‌ ، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر بابه‌تیانه‌ و لۆژیكانه‌ له‌ ڕه‌هه‌ند و مانا و مه‌دلوله‌كانی شۆڕش و سه‌رهه‌ڵدانه‌كان بڕوانین و مه‌غزاكانی به‌ وردی و جدی بخوێنینه‌وه‌ ، تێڕامانێكی قوڵ ده‌خوازێ  بۆ به‌ده‌سته‌وه‌ دانی شرۆڤه‌ی ڕه‌هه‌ند  و چه‌مكی فراوان و  ئه‌ركه‌ دیار و به‌رچاو و مه‌زنه‌كانی ، چونكه‌ ئه‌و باره‌گرانه‌ی  كه‌ به‌هۆی زه‌بر و زه‌نگه‌وه‌ كه‌وتبووه‌ سه‌رشانی تاكی كۆمه‌ڵگای كورد تاكو بیناقاقای نوقمی گێژاوێكی سامناكی كردبوو  هاوزه‌مان خانه‌ و جینه‌كانی نه‌شو نما و پێشكه‌وتنێكی كۆمه‌ڵگه‌ی په‌ك خستبوو و له‌به‌ر یه‌ك  هه‌ڵوه‌شاندبووه‌وه‌  ، به‌ڵام شۆڕش توانی متمانه‌ به‌كه‌سێتی تاك ببه‌خشێ ده‌رگایه‌كی فراوان بۆ ڕزگار بوونی له‌كۆت و زنجیره‌كانی چه‌وساندنه‌وه‌ ئاواڵه‌ بكات  مامه‌ڵه‌یه‌كی به‌ره‌نگاریانه‌ و په‌رچدانه‌وه‌  بكات و ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌ی و نیشتیمانی له‌فه‌وتان ڕزگار بكات
بۆ گه‌یشتنمان بۆ دوا وێستگه‌و دوا مه‌نزڵ پێویسته‌ تاك ئه‌ركی خۆی بناسێ كه‌مته‌رخه‌می و خه‌مساردی له‌ ڕاپه‌ڕاندی ئه‌ركه‌كانی  نه‌كات تاكو هاووڵاتیه‌تی خۆی ده‌چه‌سپێنێ بۆ ئه‌م تێڕوانین و بیردۆزه‌ جان جاك ڕۆسۆ ده‌ڵێت :(نابینه‌ مرۆڤ تاكو نه‌بینه‌ هاووڵاتی)  كه‌واته‌ هاووڵاتی بوونمان مه‌رجی سه‌ره‌كیه‌ بۆ پاراستنی  ده‌ستكه‌وته‌كان و ده‌سته‌به‌ركردنی ماف و ئازادیه‌كانی گشت ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵگه‌  ته‌كانی به‌ره‌و پێش چوونمان سه‌باره‌ت به‌ مه‌سه‌له‌ی به‌ هاونیشتیمانی بوون .
پێویسته‌ ده‌سه‌ڵاتی كوردیش هه‌میشه‌ خۆی چاودێر بێت به‌سه‌ر خۆیه‌وه‌ و هه‌وڵی بنبڕكردنی گشت ئه‌و دیاردانه‌ بدات كه‌ ده‌بنه‌ هۆكار و فاكته‌ری دڵ ساردكردنه‌وه‌ی تاكی كوردی بۆ ولائی نه‌ته‌وه‌ی و نیشتمانیان ،كارێكی وا بكات هه‌موو تاكه‌كان به‌ ده‌سه‌ڵات و حكومه‌تی خۆیانی بزانن و هه‌وڵ بۆ پێشكه‌وتنی بده‌ن ،ئه‌وه‌ی نیگه‌رانی دروست ده‌كات تاكو ئێستا ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ نه‌یتوانیووه‌ ره‌كیزه‌ و پایه‌كانی خۆی له‌ هه‌ناو و ئاوه‌زی تاكه‌كه‌ندا جێگیر بكات .
یه‌كخستنه‌وه‌ی  ئیراده‌كان له‌ژێر سێبه‌ری ده‌سه‌ڵاتدا  دسپلینی تاك و كۆ به‌بڕیاره‌كانی یاساوه‌ بناغه‌ی به‌دیهێنانی  ئاوات و ئامانجه‌كانی گه‌له‌ له‌م ڕووه‌وه‌ گه‌وره‌ هزرمه‌ندی فه‌ڕه‌نسی  ئۆگیست كۆنت ده‌ڵێت :(مه‌رجی بنچینه‌ی به‌دیهێنانی ئیستاتیكانی  كۆمه‌ڵایه‌تی بریتیه‌ له‌ پێكه‌وه‌ گونجاندنی گشتی  هه‌موو لایه‌نه‌كان ) به‌م پێوه‌ندانگه‌  به‌ هه‌موومان ده‌توانین  ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌ی  كه‌له‌ بیرو هزرماندا وێنای ده‌كه‌ین به‌شێوه‌یه‌كی پڕاكتیكی له‌سه‌ر ئه‌رزی واقع به‌رجه‌سته‌ی بكه‌ین .
بۆ ده‌رباز بوونمان له‌و قه‌یران و گێژاو و ئاسته‌نگانه‌ی  كه‌ شوێنه‌واری خراپ و نێگه‌تیڤانه‌ی  له‌سه‌ر دید و ئاوه‌زی  ئێمه‌ دروست كردووه‌  له‌مه‌ڕ چوست و چالاكیمان بۆ كارا كردنی به‌هاوڵاتیبوونمان  هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌رمانێكی حه‌تمیه‌  له‌ خود زۆر گرنگه‌  و بایه‌خ  به‌ وورد و درشتی  پرسه‌كان بده‌ین  و خوێندنه‌وه‌یه‌كی واقعبینانه‌مان  هه‌بێت بۆ ئاشكرا كردنی به‌رامبه‌ر  به‌رپرسیاریه‌تی مێژوومان به‌رامبه‌ر به‌یاسا و نیشتیمان و نه‌ته‌وه‌ ، له‌دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه‌  وه‌رچه‌رخانێكی گه‌وره‌  بۆ پڕاكتیزه‌ كردنی   دیموكتراتیه‌ت  ڕه‌خساوه‌ و ڕه‌وشێكی نوێ تاكی كوردی خستۆته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌ كه‌ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ خۆماڵیه‌ له‌ یه‌ك به‌ یه‌كی كورد ده‌خوازێ دڵسۆزی و پشتیوانی خۆی  چه‌ند پات بكاته‌وه‌ ده‌ستكه‌وته‌ گشتیه‌كان  به‌وه‌ بزانێ به‌شه‌ پشكی خۆی تێدایه‌ و گرانتی پاراستنی مافه‌كانی بێت  ، هه‌ر له‌و سوسه‌وه‌  ده‌سه‌ڵات سه‌روه‌ریه‌كانی خۆی ده‌پارێزێت  به‌رپه‌رچی هه‌موو هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی لاوه‌كی و ده‌ره‌كی ده‌داته‌وه‌ و نایه‌ڵێت كوردستانت ببێته‌ په‌یگه‌ و  بنكه‌ی نامۆ به‌جه‌سته‌ی كۆمه‌ڵگای كورده‌واری  ئه‌مه‌ش به‌هاریكاری و هاوده‌نگ و هاوڕایی نێوان تاك و ده‌سه‌ڵات به‌ به‌رهه‌م دێت .
هاوزه‌مان ده‌بێت ده‌سه‌ڵات شه‌فافانه‌ كردار و ره‌فتار بكات و بۆ هه‌مووان وه‌كو یه‌ك بێت بێ‌ جیاوازی و فه‌رق و سوو .

husin2008@yahoo.com

 

Previous
Next