
ره‌ش …… كـــاردۆ
ئه‌و ده‌مه‌ی مرۆڤ له بینین و بیستن و ئاخاوتن بێبه‌ش ده‌بێت ، تاریكی ژیانی داگیر ده‌كات و گۆشه‌گیریی ده‌كاته نزیكترین هاوڕێی خۆی ،مه‌گه‌ر ته‌نها رووناكییه ئه‌زه‌لییه‌كه‌ی فریای بكه‌وێت ، ئه‌و رووناكییه‌ی كه خوداوه‌ند به ناوی رۆحه‌وه به مرۆڤه‌كانی به‌خشیوه‌و هه‌رگیز له‌ناو ناچێت ، به‌ڵام ئاخۆ مرۆڤه‌كان رووناكیه‌كانی خۆیان دۆزیونه‌ته‌وه و گه‌یشتوون به نهێنییه‌كانی وزه‌ی ئه‌فسووناوی رۆح بۆ رووناككردنه‌وه‌ی رێگاكان ،ئه‌گه‌ر وایه ئه‌ی ئه‌م هه‌موو تاریكییه بۆ نابڕێته‌وه كه ناخی زۆربه‌مانی ته‌نیوه ؟
فیلمی black یاخود ره‌ش ، گه‌شتێكی ده‌رهێنه‌ره و له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌مانباته ناخی كه‌سێكی كه‌م ئهمهندامهوه،هه‌ر بیركردنه‌وه و تێڕوانینێكی ده‌كاته وێستگه‌یه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی به تێڕامانه‌وه هه‌ڵوه‌سته‌یان له‌سه‌ر بكه‌ین .
میشێل مهكنللی ئه‌و كچه منداڵه‌یه كه له هێكڕا تووشی تایه‌كی به‌رز ده‌بێت ، پاش ئه‌وه‌ی پزیشك پشكنینی بۆ ده‌كات ،ده‌رئه‌كه‌وێت به‌هۆی ( تا) كه‌وه هه‌ستی بینین و بیستنی له ده‌ستداوه، ته‌نانه‌ت توانای گۆكردنیشی نه‌ماوه و لاڵ بووه ، ئه‌گه‌رچی دایكی به‌م رووداوه چاوه‌ڕواننه‌كراوه تووشی شۆك ئه‌بێ و ئازارێكی زۆر ئه‌چێژێ چوونكه منداڵی یه‌كه‌میانه ، به‌ڵام باوكی وه‌ك پێویست هه‌ڵسوكه‌وتی له‌گه‌ڵ ناكات هه‌ندێجار وه‌ك ئاژه‌ڵ مامه‌ڵه‌ی له‌ته‌كدا ئه‌كات ،بۆ نموونه زه‌نگۆڵه‌یه‌كی بهقدهوه هه‌ڵده‌واسێ بۆ ئه‌وه‌ی له‌هه‌ر كوێیه‌كی ماڵهكهدابێت ده‌نگی ببیسترێ،رۆژ به رۆژ خێزانه‌كه‌ی میشێل هه‌ست به بارگرانی ئه‌كه‌ن و په‌روه‌رده‌كردنی كچه‌كه‌یان به‌لاوه دژوار ئه‌بێ،بۆیه دایكه‌كه به‌دوای مامۆستایه‌كدا ئه‌گه‌ڕێت كه چاودێریی میشێل بكات ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌ده‌بێته مامۆستا‌و فێركهركهری كچه‌كه‌یان (دبراجی)یه ،پیاوێكی له راده‌به‌ده‌ر سه‌یره ، وێڕای ئه‌وه‌ی هه‌ندێجار له ئه‌نجامی هه‌وڵه‌كانی به گومانه به‌ڵام له كاركردندا متمانه‌یه‌كی زۆری به‌خۆی هه‌یه .
دبراجی له فێركردنی میشێل-دا شێوزازی توند به كارده‌هێنێت و ده‌بێته‌هۆی نانه‌وه‌ی پشێوییه‌كی زۆر له ماڵه‌كه‌دا و بێزاركردنی میشێل وهه‌ڵاتنی له‌ده‌ست مامۆستاكه‌ی ، ده‌رئه‌نجام دبراجی له لایه‌ن باوكی میشێله‌وه لهماڵكه ده‌رئه‌كرێت،له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌م هه‌ر سووره له سه‌ر فێركردنی كچه‌كه ،بۆیه ئه‌و كاتانه‌ی كه باوكی له ده‌ره‌وه‌یه ، له‌گه‌ڵ میشێلدا به‌رده‌وام ده‌بێت، تا رۆژێك دوای بێهیوایی و ده‌هری بوونێكی زۆر به دوای خۆیدا په‌لكێشی ده‌كات و ئه‌یخاته ئاوی نێو حه‌وزی هه‌ساری ماڵه‌كه‌وه ، له‌وێدا میشێل ترسێكی زۆر دایده‌گرێت و به‌بینیی دایكی یه‌كه‌م وشهئهدركێنێ “دایكه….” ئه‌لێره‌وه ئیدی مامۆستاكه بڕیار ئه‌دات به هیچ جۆرێك ده‌ستی لێهه‌ڵنه‌گرێت ،
دبراجی له‌گه‌ڵ میشێلدا هه‌موو ململانێكانی كه‌سێكی كه‌م ئه‌ندام له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی كاڵفمدا ده‌ژێت ،كــۆمهڵگهیهك كه هه‌میشه له ته‌قه‌لادایه بۆ به‌رته‌سكردنه‌وه‌ی كه‌مترین ده‌رفه‌تی ژیان له به‌رده‌م كه‌سانی خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت ، میشێل به هه‌وڵ و كۆششه‌كانی خۆی و سووربوونی مامۆستاكه‌ی له‌سه‌ر گۆڕینی ئاراسته تاریكه‌كان و گرتنه‌به‌ری رێگای ئومێد و ژیانێكی نوێ، گه‌یشته زانكۆ ،به‌ڵام وه‌رگیرانی له زانكۆ هه‌ر وا به سانایی نه‌بوو،به‌شێك له‌و پرسارانه‌ی كه له لایه‌ن لیژنه‌ی وه‌رگرتنی قوتابیانه‌وه ئاراسته‌ی میشێل ده‌كران له سه‌رووی ئاستی تێگه‌یشتن و زانیارییه‌كانی قوتابییه‌كی ته‌ندرووسته‌وه بوون چ جای كه‌سێكی نابینا و كه‌ڕ ولاڵ ،له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا زۆر به بوێری و بڕوابه‌خۆبوونه‌وه وه‌ڵامی دانه‌وه، مامۆستاكه‌ی به‌ڵینی لێوه‌رده‌گرێت یه‌كه‌م كه‌سبێت به جلوبه‌رگی ده‌رچوونه‌وه بیبینێت و به‌و پۆشاكه‌وه به‌ر له تیچه‌ر (مامۆستا) خۆی پیشانی كه‌سی تر نه‌دات ، به‌ڵام له رۆژی ده‌رچوونیدا و له كاتی سوپاسكردنی خانه‌واده‌كه‌ی له به‌رده‌م مامۆستا و خوێندكارانی زانكۆ ، به‌جل و به‌رگێكی ئاساییه‌وه ده‌بینرێت ،چونكه پێشتر نه‌یتوانیوه جله‌كه‌ی له‌به‌ربكات و خۆی پیشانی مامۆستاكه‌ی بدات ،مامۆستا دبراجی لێره نییه ساڵانێكه ونبووه ، به هۆی نه‌خۆشی زهایمه‌ره‌وه له ئێواره‌یه‌كدا خۆی لێ ونبوو ،هه‌مووشتێكی بیرچووه‌وه نوقمی گۆشه تاریكه‌كانی ژیان بوو،وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌رچی وزه و رووناكی رۆحی خۆی هه‌یه به قوتابییه‌كه‌ی به‌خشیبێتی ،میشێل بڕیار ئه‌دات مامۆستاكه‌ی بدۆزێته‌وه و بیگه‌ڕێنێته‌وه بۆ ژیان،ده‌رئه‌نجام له رۆژێكی باراناوییدا و له نه‌خۆشخانه‌یه‌كی ده‌روونیدا ئه‌یدۆزێته‌وه ،به جل و به‌رگی ده‌رچوونه‌وه خۆی پیشان ئه‌دات ،ده‌ستی ئه‌گرێت و هێدی هێدی ئه‌یباته به‌رده‌م په‌نجه‌ره‌ی ژووره‌كه و به ئاماژه‌ی په‌نجه‌كانی پێی ئه‌ڵێت”باران..ئاو” وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ ژیانه‌وه هه‌روه‌ها ئه‌یه‌وێت ئه‌و ساتانه‌ی بیربهێنێته‌وه كه به منداڵی له نێو حه‌وزه‌كه‌دا تهڕیكردوهو و یه‌كه‌مین وشه‌ی پێ دركاندووه، لێره‌وه ئیدی كچه‌كه رۆڵی مامۆستاكه‌ی ده‌بینێت و كار ده‌كات بۆ رزگاركردنی مرۆڤێك له ده‌ردی بیرۆچوونهوه و گومڕابوون.
له كۆتاییدا فیلمه‌كه پێمان ده‌ڵێت ، ئێمه‌ی مرۆڤ كه‌سمان خاوه‌نی جوانییه رووكه‌شییه‌كانی خۆمان نین ،ره‌نگه شاجوانێك بین به‌ڵام ئێمه خاوه‌نه‌كه‌ی نین و ئه‌شێ له هه‌ر ساتێكدابێت له رووداوێكی چاوه‌ڕواننه‌كراودا له ده‌ستی بده‌ین ، ئه‌وه‌ی له ناو ناچێت ئه‌و رووناكییهیه كه له ناخه‌وه دائه‌گیرسێ ، به‌مه‌رجێ بتوانین به‌رگری لێ بكه‌ین و نه‌یه‌ڵین خامۆش بێت .
* نووسین و ده‌رهێنانی :سانجای لییلا بهانسالی
نواندنی:ئه‌میتاب باچچان، رانی مومهێرجی،شێرناز پاتێل،ئایشا كاپوور.
ماوه‌ی فیلم: 122ده‌قیقه
به‌رهه‌می هیندستان-2005 .