Skip to Content

Friday, October 22nd, 2021

سه‌مه‌ره‌ ئه‌وكاته‌ ده‌ست پێئه‌كات بكوژ ده‌ستی كوژراو ئه‌بڕێ‌َ

Be First!
by February 25, 2011 گشتی

ئه‌مڕۆ ئه‌و ڕۆژگاره‌یه‌ ئیتر نه‌خه‌بات نانێكه‌ سكی برسی مناڵێكی ئه‌م نیشتیمانه‌ی پێ تێربكرێت‌و نه‌مێژوی سه‌روه‌ریش ئه‌توانێت شتۆكه‌یه‌ك له‌گریانی ئه‌و پیره‌ برسیه‌ بگۆڕێت ڕۆژ تا ئێواره‌ ڕائه‌كات‌و پاروی ده‌می مناڵه‌ برسیه‌كانی ده‌ست ناكه‌وێت. ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ خه‌ڵك داوای ئه‌كات نان‌و ژیان‌و ئازادیه‌، نه‌ك خوێندنه‌وه‌ی سه‌روه‌ریه‌كانی ڕابردوو، نه‌ك گێڕانه‌وه‌ی چیرۆكی كیمیاباران‌و ئه‌نفال. ئه‌مڕۆ ڕۆژگاری مه‌رهه‌مه‌ نه‌ك كولانه‌وه‌و نسشاندانه‌وه‌ی برینه‌كان. نه‌گبه‌تی سه‌ركرده‌ی كوردیش له‌وێدایه‌ زوو بیری ئه‌چێت بۆچی خه‌باتیكردو ئه‌و گه‌له‌پێناوی چیدا ئه‌و قوربانیانه‌ی به‌خشی، ڕزگار بوون له‌زوڵم‌و زۆر، یا گه‌ڕانه‌وه‌ بۆناوی؟
 هه‌موومان له‌به‌رمانه‌ ئه‌م میله‌ته‌ سته‌مدیده‌ ڕۆژگارێك ده‌سه‌ڵاتی به‌عس ئه‌وه‌ی نه‌كرا پێیكرد، به‌ڵام ناكرێت ئه‌و حه‌قیقه‌ته‌ش له‌بیر بكه‌ین كه‌جام به‌هه‌زار شێوه‌ پڕ ئه‌بێت،ناكرێت بیر له‌و ڕاستیه‌ نه‌كه‌ینه‌وه‌ هه‌ر ئه‌وخه‌ڵكه‌ خوێنی خۆیی‌و گه‌نجی‌و ڕۆڵه‌ی خۆیی به‌م نیشتیمانه‌ به‌خشی. ناكرێت خۆمان له‌و ڕاستیه‌ گێل بكه‌ین كوشتن ته‌نیا ئه‌و ساته‌ نیه‌ مرۆڤ گولله‌ باران ئه‌كه‌یت، به‌ڵكو ئه‌توانیت به‌برسیكردن‌و ڕه‌زاله‌ت مرۆڤ له‌ناخی خۆیدا بكوژیت، به‌بێكاره‌بایی‌و نایه‌كسانی‌و نائومێد كردن زینده‌به‌گۆڕی بكه‌یت‌و ئه‌وگه‌نجه‌ گیرفان چۆڵ‌و ده‌رون پڕو سفره‌ خاڵیه‌ به‌دروشمبازی بریقه‌دار هه‌ڵخه‌ڵتێنیت كه‌ناكرێت‌و له‌داخلیه‌كه‌یدا نان‌و چایی شیرین ئه‌خوات‌و، هه‌ر له‌قوتابخانه‌كه‌ی ئه‌ویشدا كوڕه‌به‌رپرسه‌كان خه‌رجی  ئێواره‌ خواردنه‌وه‌یه‌كیان پاره‌ی مانگێكی ژورێكی ئه‌وانه‌. من ئه‌زانم ئه‌وه‌ی ناوی لێئه‌نرێت ئینتیما‌و پیرۆزی‌و خه‌بات لای ئه‌و گه‌نجه‌ سته‌مدیده‌ كه‌هه‌رگیز ئاماده‌یی ئه‌وه‌ی تیانیه‌ گوێ‌ بۆقسه‌ی ئه‌و به‌رپرسه‌ی سه‌رده‌می شاخ بگرێت كوڕه‌كه‌ی ئه‌و كاته‌ی ئه‌م كرێ‌ پاسی پێنیه‌ ئه‌و تۆزی سه‌یاره‌ دوا مۆدیله‌كه‌ی ئه‌كات به‌سه‌ریا، قسه‌ی بێمانایه‌.كێشه‌كه‌ لێره‌وه‌ ده‌ست پێئه‌كات هه‌ر ئه‌و به‌رپرسه‌ی له‌كۆشكێك له‌كۆشكه‌كانی به‌هه‌شت ئه‌ژی پێی وایه‌ ئه‌و گه‌نجه‌ درون پڕو گیرفان خاڵیه‌ له‌سه‌ری پێویسته‌ شه‌ڕی ستالینگراد بۆ ئه‌و به‌رپرسه‌گیرفان پڕو ویژدان خاڵیه‌بكات، به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی تێبگات له‌ستالینگراد نان بۆ هه‌مووان نه‌بوو، بۆ نیوه‌ی هه‌بووایه‌و نیوه‌ی نه‌بووایه‌ به‌دڵنیاییه‌وه‌ خه‌ڵك ئه‌و شه‌ڕه‌یان به‌و شێوه‌ نه‌ئه‌كرد ،به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی له‌و ڕاستیه‌ تێبگات ئه‌مڕۆ سه‌رده‌می ڕوخاندنی دیواری جیاوازیه‌كانه‌، سه‌رده‌می هه‌ره‌سی تۆتالیتاریه‌ته‌، ده‌یه‌ی دووه‌می هه‌زاره‌ی سێهه‌م‌و سه‌ده‌ی فه‌یسبووك‌و تویته‌رو هه‌ڵكردنی ئه‌و باهۆزه‌یه‌ گه‌نده‌ڵی له‌گه‌ڵخۆیدا ڕائه‌ماڵێ‌. نازانێت ده‌رونی ئه‌م گه‌نجه‌ سی ساڵانه‌ پڕبووه‌ له‌دیتنی ئاودیوكردنی ته‌لی عامودی كاره‌با‌و ئاودیوكردنی سه‌یاره‌كانی دوای ڕاپه‌ڕین‌و دواتریش مه‌رگه‌ساتی شه‌ڕی بركوژی‌و پاشانیش ئه‌م ئه‌زمونه‌ جوانخاسه‌ی گه‌نده‌ڵی‌و دروستكردنی دودنیای جیاواز له‌خۆشترین شوێنی به‌هه‌شت و تاڵترین جێگای جه‌هه‌ننه‌م. ئاخر ئه‌م نه‌وه‌یه‌ داهاتووی له‌تۆ ئه‌وێت نه‌ك ڕابردوو، ژیانی له‌تۆ ئه‌وێت نه‌ك مێژوی سه‌روه‌ری. نه‌وه‌یه‌ك ئابه‌م شێوه‌یه‌ له‌ڕق‌و توڕه‌یی پڕی ئه‌كه‌یت‌و دواتریش سه‌رسامیت بۆ وائه‌كات؟!  تۆكه‌ بیست ساڵه‌ ئاگرێك له‌ناودڵیا تاو ئه‌ده‌یت ئیتر هه‌رباسكردنێك له‌خه‌تا له‌ڕوداوه‌كه‌ی17/2شتێكی بێمانایه‌ .
ئه‌وه‌ی بۆمن مایه‌ی سه‌رسامیه‌ ده‌رونی ئه‌و گه‌نجه‌ی بیست ساڵی ڕه‌به‌قه‌ له‌سه‌ر ئاگری ئه‌م نه‌هامه‌تی دیتنه‌ ئه‌كوڵێ‌‌و سیاسیه‌كانیش ئه‌ڵێن به‌ردیان گرتووه‌ته‌ باره‌گاكانمان! ئه‌دی به‌ته‌مابوون گوڵتان تێبگرن؟!ئاخر گه‌نجێك بیست ساڵ به‌ئاگری په‌ڕینه‌وه‌ له‌سنوره‌كان‌و براكوژی‌و گه‌نده‌ڵی‌و بێكاری ئه‌سوتێت چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ نیت ڕۆژێك به‌ڕوتا بته‌قێته‌وه‌؟! به‌بێئه‌وه‌ی له‌خۆتان بپرسن ئایا تاوانی گه‌نده‌ڵیه‌كانی ئێوه‌ له‌به‌ردبارانی ئه‌و گه‌نجانه‌ كه‌متره‌؟ ئایا كورسه‌یه‌كانی ئێوه‌ له‌خوێنی ئه‌و گه‌نجانه‌ شیرینتره‌؟ شوشه‌ی باره‌گاكانی ئێوه‌ له‌ڕۆحی سوركێو ڕێژوان‌و شێرزاد‌و جه‌سته‌ی زمناكۆ گرانتره‌؟ حكومه‌ته‌كه‌ی ئێوه‌ له‌ژیانی میلله‌ت پیرۆزتره‌؟ باره‌گاكه‌ی ئێوه‌ له‌گیانی ئه‌وان به‌نرختره‌؟ وابۆ مانه‌وه‌ی باره‌گایه‌كتان ئاساییه‌ خوێنی ئه‌و هه‌موو قوربانیه‌ ببینن؟ پێمان بڵێن ئێوه‌ كه‌هه‌میشه‌ ئه‌و قسه‌ دوپات ئه‌كه‌نه‌وه‌ ڕوبارێك خوێنتان داوه‌، ئایا لاتان ئاساییه‌ ڕوبارێك خوێن بڕێژن له‌پێناوی مانه‌وه‌ه‌ی كورسیه‌كانتان‌و هه‌مان ئه‌زمونی ده‌سه‌ڵاتی پێش خۆتان دووباره‌بكه‌نه‌وه‌؟ پێمان بڵێن سه‌رده‌مێك ئه‌هاتنه‌ ناوشارو ده‌ستتان له‌باره‌گاكانی حكومه‌تی به‌عس ئه‌وه‌شاند ،ئاژاوه‌گێڕبوون یا حه‌قخواز، خاوه‌ن ماف بوون یا گێره‌شێوێن؟ ئاخرئێوه‌ ئه‌و كاته‌ش به‌قسه‌ی خۆتان ئازادیتان ئه‌ویست نه‌ك كۆیله‌كردن‌و برسیكردنی خه‌ڵك، ئاینده‌تان ئه‌ویست نه‌ك ڕابردوو، داوای ئازادی ڕاده‌ربڕینتان ئه‌كرد نه‌ك سوتاندنی كه‌ناڵه‌كانی ڕاگه‌یاندن ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی حه‌قیقه‌ت وه‌كخۆی نیشان ئه‌دات‌و به‌دڵی ئێوه‌ ده‌مامك پۆشی ناكات. به‌مه‌ش پێتان وتین تائه‌و كاته‌ی دیموكراتیتان ئه‌وێت زه‌ره‌ری بۆ په‌زه‌كانتان نیه‌، به‌ڵام زوو زوو بیرتان ئه‌چێت بۆچی خه‌باتتانكردو نازانن منه‌تی چیمان به‌سه‌رائه‌كه‌ن، ئاخر ئه‌وه‌ی كاتێك به‌ده‌ستێك جلی كوردیه‌وه‌ باسی كوردایه‌تیمان بۆ ئه‌كه‌ن، زنجیره‌كانی ده‌وڵه‌تی ئه‌تاتورك ئه‌كه‌ن به‌مێشكی گه‌نجه‌كانمانا‌و به‌گۆرانی ئه‌ره‌بیسك و سیاسه‌تی ئه‌رگه‌نه‌ كۆن موعتادمان ئه‌كه‌ن. دواتریش پێمان ئه‌ڵێن به‌عس ته‌عریبی كردین؟! له‌ڕاگه‌یاندنه‌كانی خۆتانه‌وه‌ كێتان بووێت ئه‌یكه‌ن به‌خیانه‌تكارو كێشتان بوێت لێمان ئه‌كه‌ن به‌سۆبرمان، زاڵممان لێئه‌كه‌ن به‌مه‌زڵۆم و كوژراویش به‌ بكوژ؟ خه‌ڵكی ناڕازیمان لێئه‌كه‌ن به‌ئاژاوه‌گێڕو كوژراو به‌گوناهكار ؟! گه‌لۆ ئێوه‌ بڵێن كه‌سێك به‌ردی وه‌شاندبێ‌ ئاژاوه‌ گێربێت ئاخۆ ئه‌وه‌ی به‌ گولله‌ خه‌ڵكی كوشتووه‌ چیه‌؟! ئاخر ئه‌وه‌ چ یاسایه‌كه‌ هێشتا دادگا ده‌ستی پێنه‌كردوه‌ تۆ ده‌ستی خه‌ڵك ئه‌بڕیته‌وه‌ یا ئه‌وه‌یه‌ تۆخۆت هه‌م دادگایت‌و هه‌م یاسایت ؟
ئاخر ئه‌وان پێیان كفره‌ حه‌قیقه‌تیان پێبووترێت، پێیان بووترێت ئه‌و سه‌رده‌مه‌ تێپه‌ڕی مرۆڤ ته‌نیا به‌دیارچاوی خواوه‌ بكوژیت، خوێن وه‌كو گوڵ نیشانبده‌یت، ئه‌مڕۆ ئیتر ئامێره‌ ته‌كنه‌لۆژیه‌كان له‌چركه‌یدا ئه‌مسه‌رو ئه‌وسه‌ری دنیا ئه‌كه‌ن، پێیان كوفره‌ بووترێت ئه‌م نه‌وه‌ نوێیه‌ نه‌وه‌ی هه‌شتاكان نیه‌و لای وایه‌ زوڵم هه‌ر زوڵمه‌ ئیتر گرنگ نیه‌ كورد ئه‌یكات یاعه‌ره‌ب،گولله‌ هه‌رئه‌و شته‌یه‌ ئینسان ئه‌كوژێت ئیدی گرنگ نیه‌ كورد په‌نجه‌ی به‌په‌له‌پیتكه‌داناوه‌ یاغه‌یری كورد.لای وایه‌ هه‌ركه‌س پشتی كرده‌ میلله‌ت یا ئه‌بێت خۆی چاكبكات یا بڕوخێت، ئیدی بۆ ئه‌و گرنگ نیه‌ كێیه‌. ئاخر هه‌رده‌سه‌ڵاتێك لوله‌ی تفه‌نگه‌كانی كرده‌ خه‌ڵكی سڤیل ئیدی پێویست نیه‌ قسه‌ له‌سه‌ر سه‌لماندنی  زاڵم یامه‌زڵومیه‌تی بكه‌یت. گه‌نجێك ئه‌وه‌نده‌ نائومێد‌و بێبه‌ش كرابێت بڵێت من ئه‌وه‌نده‌ی لافیته‌ی مردوویه‌ك بوونم هه‌یه‌، ئه‌وه‌نده‌ی لافیته‌ی مردویه‌كیش ده‌سه‌ڵات ئه‌مخوێنێته‌وه‌. تۆبڵێ‌ ی شیعاری دوێنێی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ درۆزنه‌ بخوێنێته‌وه‌ بزنس به‌سه‌ر ڕابردووی خۆیو خوێنی هاوڕێكانیه‌وه‌ ئه‌كات؟؟ شه‌وانه‌ سامانی میلله‌ت له‌قومارا ئه‌دۆڕێنێ‌؟ ئاخر گه‌نجێك بوون‌و نه‌بوونی له‌سه‌ر ئه‌م شه‌قامه‌ وه‌كویه‌ك بێت چ باكی به‌وه‌ هه‌یه‌ خۆی تیائه‌چێت یا ئه‌و حكومه‌ته‌ی وه‌ك لافیه‌ته‌ی مردووه‌كه‌ش سه‌یری نه‌كرد؟! گه‌نجێك كه‌مردن‌و ژیانی وه‌ك یه‌ك بێت خه‌م له‌كام شۆِرش ئه‌خوات تیانه‌چێت ته‌نیا بۆ به‌رپرسه‌كانی بووه‌ به‌مایه‌ی خۆشگوزارنی و بۆ ئه‌وانی تریش به‌دبه‌ختی؟ لافیته‌ی مردوویه‌ك به‌ده‌م باوه‌ ئه‌شه‌كێته‌وه‌ ،چ خه‌مێكی له‌وه‌ هه‌یه‌  بابیبات؟ كه‌ئه‌و ڕۆحێكی كوژراوه‌ به‌دوای شه‌ڕێكدا ئه‌گه‌ڕێت یاجه‌سته‌ بداته‌وه‌ یاخود گۆڕێكی بداتێ‌، چ باكێكی به‌حكومه‌تێك هه‌یه‌ گه‌یاندوویه‌تیه‌ ئه‌و باوه‌ڕه‌؟! چ باكی به‌ وێرانبونی ژیانی به‌رپرسانێك هه‌یه‌ خۆیان یاسادانه‌رو یاساشكێنن، خۆیان مافخۆرو مافخوراوانن، گه‌نده‌ڵ‌و بنه‌بڕكاری گه‌نده‌ڵین؟ ئایا 20ساڵ به‌س نیه‌ بۆناسینی مشه‌خۆران‌و تاوتوێكردنی ئه‌زموونی هه‌رێمی كوردستان ؟ چه‌ند بیست ساڵی تر ئه‌بێت خه‌ڵك چاوه‌ڕێبێت؟ ئایا هه‌رگیز كورد له‌مه‌ ده‌وڵه‌مه‌ندتر ئه‌بێت؟!
ئاخر ئه‌وه‌ سه‌مه‌ره‌نیه‌ ڕۆژنامه‌كانی وه‌ك هاوڵاتی‌و ئاوێنه‌و لڤین‌و ڕۆژنامه‌و ….هتد به‌ڵگه‌ هه‌ڵئه‌ڕێژن‌و به‌رپرسه‌كانمان داوای به‌ڵگه‌ی گه‌نده‌ڵی ئه‌كه‌ن؟ ئه‌گه‌ر ڕۆژنامه‌كان درۆئه‌كه‌ن خێره‌ لێیان قبوڵ ئه‌كه‌ن؟ یا ئه‌گه‌ر ڕاستیش ئه‌كه‌ن ئیتر گه‌ڕان و قسه‌كردن له‌سه‌ر بنه‌بڕكردنی گه‌نده‌ڵی چ واتایه‌كی هه‌یه‌ جگه‌له‌هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندن؟؟ 20 ساڵ به‌س نیه‌ بۆئه‌وه‌ی كێشه‌ی كاره‌با چاره‌سه‌ربێت؟ به‌سنیه‌ بۆئه‌وه‌ی پیازو تورت له‌ئێران‌و سوریاوه‌ بۆ نه‌یه‌ت؟ ئاخر خۆ ئێوه‌ بۆ ده‌ست بڕینی خه‌ڵك ئازان بۆ سه‌ركرده‌یه‌كتان نه‌برده‌ به‌رده‌م دادگا؟ یائه‌وه‌یه‌ وایلێبێت به‌ده‌گمه‌ن سه‌ركرده‌ی كورد قوتاری ئه‌بێت ؟ ئێوه‌ باش ئه‌زانن هیچ له‌بازاڕا نه‌ماوه‌ شه‌ریك نه‌بن تیایدا؟ ئه‌و كاته‌ی خه‌ڵك به‌دوای (نان)ا ئه‌گه‌ڕێ‌‌و ئه‌گری ئێوه‌ به‌ده‌فته‌ر پاره‌ ئه‌دۆڕێنن. ئه‌و كاته‌ی خه‌ڵك كرێچیه‌‌و پاره‌ی كرێی مانگه‌كه‌ی پێدابین ناكرێ‌، ئێوه‌ به‌دۆنم زه‌وی ئه‌به‌خشن. ئه‌و كاته‌ی خه‌ڵك كاره‌بای نیه‌، ئێوه‌ له‌هێڵی سه‌ره‌كیه‌وه‌ ئه‌یبه‌ن. ئه‌زانن خه‌ڵك پێتان ئه‌ڵێن فیرعه‌ونه‌كان؟ ئه‌زانن خه‌ڵك داوای نان‌و ژیان ئه‌كات‌و گولله‌یان پێوه‌ ئه‌نێن؟ ئه‌زانن هه‌رچی له‌ئێوه‌ نه‌بوو ژیانی لێحه‌رامه‌و له‌ئێوه‌ش بوو هه‌موو شتێكی بۆ حه‌ڵاڵه‌ ته‌نانه‌ت خوێنی خه‌ڵكیش؟ ئه‌زانن سوركێو‌و زمناكۆش كوڕی ئه‌م میلله‌ته‌ن؟ ئایا بۆئه‌وه‌ شه‌ڕی به‌عستان كرد خوێنی كورد بڕێژن؟ تكایه‌ ئیتر شانازی به‌دوێنێوه‌ مه‌كه‌ن، دوێنێ‌ له‌گه‌ڵ دوێندا ڕۆیشت. كاتێك حه‌قی ئه‌وه‌تان هه‌یه‌ دوێنێمان به‌سه‌را قڵپ كه‌نه‌وه‌ هه‌زار ئه‌وه‌نده‌ی دوێنێتان نه‌بردبێ‌‌و كوڕه‌كانی خۆتان بۆسه‌ر كورسیه‌كان ئاماده‌نه‌كردبێ‌. ئایا ئێوه‌ له‌بنه‌ماڵه‌ی ئه‌نفالكراوه‌كان‌و به‌ركه‌وته‌كانی كیمیاباران ماندووترن خۆشبه‌ختی‌و كورسیتان به‌میرات بۆ جێئه‌مێنێ‌‌و بۆ خه‌ڵكیش ڕه‌زاله‌ت‌و به‌دبه‌ختی ؟ به‌ڵام ئێوه‌ ته‌نیا گوێتان له‌چه‌پڵه‌ی كه‌سانێكه‌ له‌هیچیان كه‌منیه‌، له‌ودنیایه‌ی خۆتانه‌وه‌ دنیا ئه‌بینن نه‌ك هیچی كه‌منیه‌ بگره‌ له‌هه‌موو شتێك وه‌ك توڕه‌یی خه‌ڵك لێی ئه‌ڕژێ‌.
مایه‌ی ئه‌سه‌فه‌ له‌م وڵاته‌دا هێشتا دادگا ده‌ستی پێنه‌كردووه‌ بڕیارئه‌ده‌یت ده‌ستی ببڕیته‌وه‌، خۆت ته‌قه‌له‌خه‌ڵك ئه‌كه‌یت‌و باسی دڕنده‌یی به‌عس ئه‌كه‌یت. سه‌رۆكی هه‌رێم له‌به‌یان نامه‌كه‌یدا ئه‌نوسێت (وادیاره‌)واتا هێشتا نازانێت چی ڕوی داوه‌و  به‌دوژمنانی كوردستان‌و فیتنه‌و ئاژاوه‌گێڕ ناویان ئه‌بات ! له‌م ڕۆژانه‌دا له‌سایتێكی فارسیدا چیرۆكێكم خوێنده‌وه‌ زۆر له‌واقیعی ژیانی ئه‌م میله‌ته‌ی ئێمه‌ ئه‌چێت .ئه‌ڵێت بیمارێكی ده‌رونی توشی خه‌مۆكیه‌كی خراپ بووه‌و ئه‌چێته‌ لای پزیشكێكی تایبه‌ت به‌و بواره‌و پێ ئه‌ڵێت: غه‌م وئازار خه‌ریكه‌ ئه‌مكوژێت.پزیشكه‌ كه‌پێی ئه‌ڵێت بڕۆ له‌مشاردا گاڵته‌جاڕێكی سێرك هه‌یه‌ له‌فڵان شوێن، ئه‌وه‌نده‌ پێی پێئه‌كه‌نیت هه‌رچی خه‌مته‌ ئه‌ڕه‌وێته‌وه‌ .نه‌خۆشه‌ كه‌ش زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌كی تاڵی بۆ ئه‌كات‌و ئه‌ڵێت قوربان ئه‌و گاڵته‌ جاڕه‌منم!

Jgarsoz8181@yahoo.com

Previous
Next

Leave a Reply