Skip to Content

Wednesday, October 27th, 2021

سەردەشت لە خاچ درایەوە….. کازم قادر

Be First!
by September 19, 2010 سەردەشت عوسمان

سەردەشت لە خاچ درایەوە.
لە ستاییشی مەرگی سەردەشتدا،بژێ وەها مەرگێک!

بۆ ئەوەی لە بابەتێک بدوێین،پێویستە خاڵێک بۆ دەستپێکردن هەبێت،یان دەتوانین بەم جۆرەش بێژین:هەر بابەتێك(ئۆبێکتێک)هەمیشە خاڵێک و پتر لە خاڵێکی هەیە بۆ دەستپێکردن و پەیبردن بە جەوهەرەکەی.بەڵام لەوەش گرنگتر ئەوەیە چۆن بتوانین کارەکتەروخەسڵەتەکانی بابەتی نیشانەلێگیراو بناسین و بەر نەشتەری ڕەخنەی وێرانکردن_لە باریی داڕزانیدا_یان بەرەو بیناکردن_لە باریی کەم و کورتیدا_بدەین؟
ئێستا تیرۆری”سەردەشت عوسمان”و جارێکیتر لە خاچدانەوەی لە باریی مەرگیدا_واتە کردنی بە تیرۆریست لەلایێن پارتیێوە_ئەو پنتەیە،ئێمە دەتوانین لەلایێک خەسڵەت و کارەکتەری  بەرزو قارەمانیی سەردەشت_ی پێبناسین و لایێکیش کارەکتەری پارتیی وەک دەسەڵاتێکی سیاسیی مۆراڵ ترسناک!
هێندەی بە سەردەشت دەگەڕێتەوە،ئەو قوربانیی قارەمانێتیی خۆیێتی_هەڵبەتە قوربانیی لەپێناوی ئازادییدا_چوونکە قارەمانبوون دواجار تەنها قوربانیێکە، ئەگەرچی مرۆڤ هوشیارانە خەریکی گەمەی خۆبەخشینە،بەڵام پێویستیێکی ناچاریشە،چوونکە مرۆڤ بە سروشت ناخوازێت بمرێت،بەڵکو لە قوڵاییدا ویستی ژیانکردنی هەیە.واتە مرۆڤ بەر لەوەی ببێتە قارەمان و ئامادەی گیانبازیی و گیان بەخشین بێت، هەمیشە خەریکی خۆئامادەکردنە بۆ ژیان،خودی خۆبەخشینەکانیشی دیسان بۆ دروستکردنی ماڵێکی ئازادو ئاسودەیە لەنێو ژیاندا.
بەڵام ئایێ قارەمانبوون چۆنە؟قارەمانبوونی سەردەشت ئەوە نییە کە وەک نەرێت یان ئەوە کە لە کلاسیکدا دەیبینین،قارەمان بە خۆیی و چەکێک_شمشێرێکەوە_دەچێتە مەیدانی جەنگەوەو ڕاست و چەپ دووژمنانی لە خوێن دەگەوزێنێت و بەچۆکیاندا دێنێت،بەڵکو قارەمانبوونی سەردەشت لە سەردەمێکدایە لەدەرەوەی ئەو ڕۆڵە کلاسیکیێیە بۆ قارەمان،سەردەمی تەکنۆلۆژیا.
مرۆڤ لە بەرامبەر بۆمبێکی وێرانکاردا وێران دەبێت،لە بەرامبەر باندێکی ترسنۆکی وەک ئەوەی سەردەشتدا،ون دەکرێت و گوللە بە دەمێوە دەنرێت.بەڵام ئەوە کە خەسڵەتی قارەمانیمان پێدەبەخشێت ئامادەییمانە بۆ مەرگ،”وەک ئامادەیی سەردەشت بۆ مەرگ” واتە گۆڕانی ڕۆڵی قارەمان لە وێرانکردنی ئەویترەوە بۆ ئامادەیی وێرانبوونی خۆی لە بەرامبەر ئەویتردا.ئەوە کە چۆن و لە کوێدا چاوەڕوانی مەرگ دەکەیت و  چۆن دەمریت! چۆن بە مەرگت کۆمەڵگە بەدوای مەرگ و تەرمی خوێناویی خۆتدا کێش دەکەیت،چۆن بتوانیت دونیا لەمەرگتدا بەژان و بەدەنگ بێنێت، چۆن لە مەرگتدا هاوخەمیی دونیا بەدەست بێنیت و لەهەموو ئەوانەش پڕبایەخ وگرنگتر ئەوەیە:چۆن لەمەرگتدا جەلادان و بکوژانت بە دونیا دەناسێنیت،چۆن لەمەرگتدا ناشیرینی و ستەمی ڕەشی دەسەڵات بۆ دونیا ئاشکرا دەکەیت،چۆن سەرقاپی زێرابێک هەڵدەدەیتەوە کە بریتییە لە فەرهەنگ و کولتورو ئەخلاقێکی بەدو ستەمگەرو کۆنەپەرست کە منداڵدانی ڕۆحی دەسەڵاتە،ئەوێ_زێرابێک_کە دەسەڵات وەک سەرزەمینی سیمبول و پیرۆزەیێکان دەرخواردی کۆمەڵگەی دەدات و هەر لەوێشەوە نەخشەی کوشتنەکانمان دادەڕێژێت.
سەردەشت لەمەرگیدا ئەستێرەی پاڵەوانبوونی بەدەست هێنا.سەیر بکەن:جەلادانی سەردەشت بەمردووییش لێیناگەڕێن،دەیانەوێت شکۆی مەرگی ناشیرین و سوکبکەن.ئێستا ئەوەی دەسەڵاتی پارتیی شێت و نیگەران کردووە، ئەوەی بزمارێکی لە تابوتەکەدا،نوسینەکانی سەردەشت نییە_مەبەستم لەکەمکردنی نوسینەکانی نییە_ بەڵکو مەرگی پڕبەهاو شکۆی سەردەشتە، ئەوە مەرگی سەردەشتە پارتیی هەراسان کردووە،مەرگێک کە تەواوی کۆمەڵگە بۆی لە پرسەدایێو داوای ئاشکراکردنی بکوژانی دەکەن،پرسەیێکی سەیروبێوێنە،هەموومان تێیدا سەما دەکەین و سرود دەڵێین،پارتیش تاک وتەنهاو لە گۆشەیێکدا بۆ بێکەسیی خۆی دەگرێت!
بە تیرۆرستکردنی سەردەشت و_ئەگەرچی سینارێوێکی کرچ و کاڵ و کۆمیدییە یەک کەس باوەڕی پێناکات_ هەوڵ ونەفرەتی قێزەونی پارتیی لە مەرگی پڕشکۆی ئەو هەر ئەوەیە.هەموومان وپارتییش دەزانین و دەزانێت ئیتر سەردەشت وەک جەستەیێکی زیندوو لێرە نییە،بەڵام یادی ئەو،مەرگی ئەو هەمیشە لێرەیە،واتە زیندوێتیی سەردەشت مرد،بەڵام مەرگی بۆ هەمیشە زیندووەو دەژێت!ئەوەش کە پارتیی لێی تۆقیوەو لە داخاندا سەری خۆی لە تاشەبەرد دەدات،درەوشانەوەی سەرمەدیی مەرگی سەردەشتە.دیسان ئەوەش کە خوێن بەدەماری زیندەگیی و ئازادیخوازیی ئێمەدا،دەکات هەر ئەو درەوشانەوەی مەرگەیە…(داواکارم خانەوادەی سەردەشت ئاسودەبن!)
ئەوە وێنەیێکی بچووک بوو لەبارەی مەرگێکی هەردەم زیندوو،بەڵام پارتیی چیی!لەم سینارێوێدا_واتە سینارێوی سوککردن و بێنرخکردنی مەرگی سەردەشت عوسمان_دەتوانین زۆر بابەت و ڕەهەندی هەم گرنگ و هەم ترسناک کەشف بکەین.ڕەهەندی ترسناک لەم سینارێوەدا ئەوەیە پارتیی نەک_پابەندبوون_بەڵکو هەموو مۆراڵ و ویژدان و بەهاوڕێزێکی کۆمەڵایێتیی،سیاسیی،فەرهەنگیی و مرۆیی خستەژێرپێ،ئەمەش کارێکی سەیروسەمەرە نییەو کارنامەی هەموو مێژووی پارتیی و دەسەڵاتی ناسێۆنالیزم و بۆرژوازیی کورد هەر ئەوەیەو ئەوەش دەبێت!بەڵام لەم نێوەدا تەنها شتێک نوێ بێت ئەوەیە،پارتیی بەبێپەردە جەختی لەسەر ملهوڕیێکەی کردەوە.هەموو خەڵکی چاوەڕوانی ئەوە بوون،یان خوازیاری ئەوە بوون بەڵکو سەرەداوێکی ئەو تاوانە گەورەیە دەرکەوێت و بکوژانی سەردەشت ئاشکرابن،کەچی وەڵامی پارتیی بەو هاوارە پڕژانە کۆمەڵاتییە ئەوە بوو کە سەردەشت پەیوەندیی بە گروپێکی تیرۆرستیێوە بووەو هۆی کوشتنەکەشی ئەوە بووە!ئەم ستەمکاریی و ملهوڕییەی پارتیی تەنها گرێداروای هێز نییە وەک لێرەولەوێ لەهەندێک نوسیندا دەیخوێنینەوە،کە گوایێ پارتیی بەهۆی باڵادەستیی و سەرکەوتنێکی زیاتر لە هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەدا دەستی بۆبردووە.هەڵبەتە دەکرێت دەسەڵاتێکی ستەمگەروملهوڕ لەدۆخی بەهێزییدا ستەمکارتربێت،بەڵام ڕاستیێکەی ئەوەیە ڕیشەی ستەمکاریی و ملهوڕیی لە فەرهەنگ و کولتورودونیابینییدایە.چ مێژوو و کارنامەی پارتیی و ج بزوتنەوەی ناسێونالیزمی کورد بەشێوەیێکی گشتیی،بریتییە لەستەم و زۆرداریی و لەنێوبردنی نەیارانی خۆیان.ئەم ستەم و ملهوڕیی و کوشتنی نەیارانە لەهەموو دەورانەکانی هەبوونی ئەم بزوتنەوەیەدا ئامادەیی هەبووە،واتە ئەم پارت و بزوتنەوەیە لەکوێدا دەستەیێکی چەکداری هەبووە ستەمی کردووە،خەڵکی ئازار داوەو کوشتووە،ملهوڕیی پارتیی ملهوڕیێکی فەرهەنگییە پێش ئەوەی هێز بێت.
لایێنێکیتر کە جێی پرسیارەو هەڵبەتە راوبۆچوونی جیاوازی لەسەرە،ئەویش مەهزەلەو کرچووکاڵیی سینارێوەکەی پارتییە بۆ تیرۆری سەردەشت عوسمان.هەموان دەڵێن سینارێوێکی لاوازەو کەس باوەڕی پێناکات،بەڵام ئەوەی نادیارە،وەڵامێکی دروستی ئەو کرچ وکاڵییەیە.ئەو کۆمیدیایەی پارتیی لەوەوە نەهاتووە کە بابەتەکەی بەهێند وەرنەگرتبێت،بەڵکو لە قەیران و پەشۆکانێکی سایکۆلۆژیێوە هاتووە.بەبۆچوونم بەبێ تێگەیشتن لەودەنگ و نەفرەتە کۆمەڵایەتییە لە بکەرانی تیرۆری سەردەشت عوسمان،بەبێ تێگەییشتن لە قورسایی و فشارێک کە ئەو هێزە گەورەیە لەسەر پارتیی داناو پارتیی تەنهاو تەریک کردەوە،ناتوانین نە لە خودی شانۆگەریێکە بگەین و نە لەو شێواوییە دەرونییە کە دەستی پارتیی بە سووریی پیشانی دونیادا!
ئەو سادەگۆییێی پارتیی کە بەشێوەیێکیش دەچێتە چوارچیوەی ملهوڕیی و ویستی تۆڵەکردنەوە لەکۆمەڵگە،بەرئەنجامی ئەو چەپۆکە کۆمەڵایێتییە بوو کە لە سەری پارتیی درا.پارتیی هەر دەبوا سینارێوێکی سازبکردایە،بەڵام سیناریستێکی دەرون شێواو لە دۆخی پارتییدا،لەوە زیاتری پێناکرێت کە دەستە سوورەکان ئاشکراتر بکات!
دوا سەرنجێک کە پێویستە لێرەدا بینوسم ئەوەیە:بەبۆچونم ئەگەر ئۆپۆزیسیۆنێکی جدیی و شۆڕشگێر لە کوردستاندا هەبوایە،دەیتوانی ئەو دەنگ و ویستی نا گوتنە بە پارتیی لە تیرۆرکردنی سەردەشت دا،پارتیی لە دەسەڵات بخستایە،یان تا کەناری مەرگی ببردایە.سەرباری ئەوەش بەبۆچوونم تاکو ئێستاش کەیسی سەردەشت عوسمان کەیسێکی زیندووە،پشتیوانیی گەورەو بەرینیی کۆمەڵایێتیی هەیە.لە بارێکدا ئەگەر هەر نەتوانرا بکوژانی ئاشکراو دادگەیی بکرێن،پێویستە مەرگ و تارمایی سەردەشت ئاوێتەی ژیانی کۆمەڵایێتیی و سیاسیی و ئەدەبیی و هزرگەرییمان بێت.لە زیندووڕاگرتنی ئەو مەرگ و تارماییێدا،پارتیی باجی قورس دەدا!

کازم قادر
19.09.2010

تێبینی:تکایە بۆ لەمەودوا هەر هاوڕێ و دۆست و بەڕێزێک با لە ڕێگەی ئەم ئێـ_مایل ئادرەسەی خوارەوە پەیوەندیم پێوە بەکەن. Kazimqadir17@yahoo.de   

 

Previous
Next

Leave a Reply