Skip to Content

Tuesday, October 26th, 2021

شێخ موحه‌‌مه‌د ڕوفاعه‌ ئه‌لطهطاوی چی ده‌ڵێت به‌ خه‌ڵکی ناڕازی و ئازادی خواز!

Be First!
by January 22, 2011 گشتی

کاتێک ده‌ڵێین کۆی دینه‌کان به‌ گشتی پێچه‌وانه‌ی دنیا بینی سه‌رده‌من و نایه‌نه‌وه‌ له‌گه‌ڵ مافه‌ مه‌ده‌نی و ئازادی خوازیه‌کانی چینی سته‌ملێکراو خه‌ڵکی ئازادیخوازی جیهاندا، ڕه‌نگه‌ لێکدانه‌وه‌یه‌کی هه‌ڵه‌و نادورستمان نه‌کردبێت. چونکه‌ پارێزه‌رانی ئه‌م دینانه‌ به‌ گشتی، واته‌ ده‌سه‌ڵاتی چینایه‌تی سه‌ربه‌ چینی سته‌مکاری نێو کۆمه‌ڵگا و قه‌شه‌ و پاپا و مه‌لا و ئاخونده‌کانن، ناخوازن ئه‌م چینه‌ زه‌حمه‌تکێش و به‌رهه‌مهێنه‌ره‌ی نێو کۆمه‌ڵگا ڕزگاریان ببێت له‌و باره‌ مه‌ینه‌تیه‌ی دراوه‌ به‌سه‌ر شانیاندا، ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌ ڕزگار بوونی ئه‌م چینه‌ به‌رهه‌م هێنه‌ره‌ له‌ کۆت و به‌ندی سه‌رشانی، ئه‌وکات کۆی چینی سه‌ره‌وه‌ش له‌ به‌ریه‌ک هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه‌ له‌و نازونیعمه‌ته‌ی که‌ به‌ری ڕه‌نجی دزراوی ئه‌و چینه‌ چه‌وساوه‌یه،ئه‌وکات ئه‌مانی چه‌وسێنه‌ری ئێستا، ده‌بێت وه‌ک هارتاکێکی نێو کۆمه‌ڵگای بێچیندا به‌شدار بن له‌ کایه‌ به‌رهه‌مهێنه‌ر و مه‌یدانه‌ پێشکه‌وتوخوازه‌کانی کۆمه‌ڵگادا. ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت لاپه‌ڕه‌کانی مێژوی ڕابردوی نێو کۆمه‌ڵگاکان هه‌ڵبده‌ینه‌وه‌ هه‌زار و یه‌ک به‌ڵگه‌مان ده‌ست ده‌که‌وێت له‌سه‌ر ئه‌و وته‌ و فه‌توایانه‌ی مه‌رجه‌عه‌ ئاینیه‌کان هه‌رده‌م دژی ئازادیخوازان و ژنانی سته‌مدیده‌ کردویانه، ببینین‌. بۆیه‌ ئێستاش خودی ئه‌م مه‌رجه‌عه‌ دینیانه‌ تا ئێستاش له‌ نێو پله‌وپایه‌ی به‌رزی خۆیاندا ماونه‌ته‌وه‌ و ده‌توانن هه‌ر کات به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندیه‌ چینایه‌تیه‌کانی چینی ده‌سه‌ڵاتدار فه‌توا بده‌ن و دژی خواسته‌ ڕه‌واکانی خه‌ڵکی ئازادیخواز بوه‌ستنه‌وه‌. دیارترین نمونه‌ ئه‌و لێدوانه‌ی شێخ موحه‌مه‌د ڕوفاعه‌ ئه‌لطهطاویه‌، که‌ وته‌بێژی فه‌رمی زانکۆی ئه‌زهه‌ری وڵاتی میسره‌، ئه‌م پیاوه‌ ئاینیه‌ به‌رانبه‌ر خۆسوتاندنی ئه‌و ده‌یان که‌سه‌ زه‌حمه‌تکێشه‌ی(میسر و جه‌زائیر و مۆریتانیا) دوای ئه‌وه‌ی (موحه‌مه‌د بو عه‌زیز، له‌ ناوه‌ڕاستی مانگی کانونی یه‌که‌می ساڵی ڕابردودا) له‌ تونس ئاگری له‌خۆی به‌رداو، گیان فیداکردنی بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌و خه‌ڵکه‌ به‌رینه‌ زه‌حمه‌تکێشه‌ی چه‌ند ساڵه‌ به‌ده‌ست سته‌می سیستمی دیکتاتۆریه‌وه‌ ده‌ناڵێنن، هه‌ستیان به‌دوای خۆیدا ڕاکێشێ و ڕاپه‌ڕینی مه‌زن به‌رپا بکه‌ن دژی ده‌سه‌ڵاتی بن عه‌لی، به‌م ئینسانه‌ به‌ڕێزانه‌ ده‌ڵێت ئه‌وانه‌ خه‌ڵکێکن به‌ نه‌خۆشی ده‌رونیه‌وه‌ ده‌ناڵێنن،لێره‌دا ده‌بێت هه‌ڵوێسته‌ بکه‌ین به‌رانبه‌ر ئه‌م خوێندنه‌وه‌ نادروسته‌ی ئه‌م مه‌رجه‌عه‌ دینیه‌. ده‌بێت بپرسین له‌م پیاوه‌ ئاینیه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌م به‌ڕێزانه‌ نه‌خۆشی ده‌رونیان هه‌یه‌، بۆ له‌م کات و ساته‌دا دێن خۆیان ده‌سوتێنن؟ ئاخۆ ئه‌م پیاوه‌ ئاینیه‌ ده‌زانێت ئه‌م که‌سانه‌ خاوه‌ن چ جۆره‌ ژیان و گوزه‌رانێکن له‌و وڵاتانه‌ی ئه‌م پیاوه‌ به‌ شێوه‌یه‌کی ناڕاسته‌وخۆ لێدوانه‌که‌ی به‌ره‌نگاری کردنه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتی حاکم؟(ئا به‌م شێوه‌یه‌ ئه‌م مه‌رجه‌عه‌ ته‌عبیر له‌و ئینسانه‌ شه‌ریفانه‌ی نێو کۆمه‌ڵگاکانی وڵاتی عه‌ره‌بی ده‌کات) وه‌ ده‌ڵێت هیچ کات له‌ نێو ئاینی پیرۆزی ئیسلامدا نه‌هاتوه‌ به‌هه‌رچ شێوازێک بێت خۆکوشتن و خۆسوتاندن حه‌ڵاڵ بکات، هیواداره‌ خودای مه‌زن ئه‌م خه‌ڵکه‌ ده‌رون نه‌خۆشانه‌ چاک بکاته‌وه‌ و بگه‌ڕێنه‌وه‌ نێو عه‌قڵی ته‌واوی خۆیان!!!!!!!! (من خۆم خوازیاری چونه‌سه‌ری ئه‌م شێوازه‌ نیم، یانی په‌نا بردن بۆخۆسوتاندن له‌ پێناو خه‌بات کردن دژی ده‌سه‌ڵاته‌ دیکتاتۆره‌کان. به‌ڵام هیچ کات نابێت ڕێگا بدرێت ئه‌م ئینسانه‌ مه‌زنانه‌ به‌ تووش بوو به‌ نه‌خۆشی ده‌رونی و کاری لابه‌لا وه‌سف بکرێت، له‌ کاتێکدا ئه‌م مه‌رجه‌عه‌ دینیه‌ پێیان ده‌ڵێت، که‌م عه‌قڵ و نه‌خۆشی ده‌رونیان هه‌یه‌) ئاخر ئه‌م مه‌رجه‌عه‌ی زانکۆی ئه‌زهه‌ر بۆ پرسیارێکی له‌ خۆی نه‌کرد ، ئاخۆ ئه‌و که‌سانه‌ی له‌لایه‌ن بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی سیاسیه‌وه‌ هه‌ڵده‌خه‌ڵه‌تێنرێن به‌ په‌یامی ئه‌وه‌ی ده‌چنه‌ به‌هه‌شته‌وه‌ و ده‌یان حۆری له‌ خزمه‌تیاندا ده‌بێت له‌و دنیا!!!، له‌وێوه‌ ده‌نێردرێن بۆ خۆته‌قاندنه‌وه‌ و کوشتنی سه‌دان و هه‌زاران ئینسانی بێدیفاعی نێو کۆمه‌ڵگا.(عێراق یه‌کێکه‌ له‌و مه‌یدانه‌ خوێناویانه‌ی که‌ ڕۆژ نیه‌ له‌لایه‌ن ئه‌م گروپه‌ تیرۆریستیانه‌وه‌ خه‌ڵکی بێدیفاع نه‌کرێن به‌ ئامانج، به‌هۆکاری زیندوو کردنه‌وه‌ی شه‌ڕی تائیفیانه‌ی نێوان شیعه‌ و سونه‌)، ده‌رون نه‌خۆشن یان ئه‌و کرێکاره‌ زه‌حمه‌تکێشانه‌ی که‌ هه‌رچ مافێکی ئینسانی هه‌یه‌ لێیان سه‌ندراوه‌ته‌وه‌؟ ئه‌گه‌ر وته‌ی ئه‌م مه‌رجه‌عه‌ ئیهانه‌کردن نه‌بێت به‌ خواسته‌ ئازادیخوازه‌کانی چینێکی به‌رینی نێو کۆمه‌ڵگا ده‌بێت چ  لێکدانه‌وه‌یه‌کی تر هه‌ڵگرێت؟ باشه‌ له‌ دینی ئیسلام که‌ دواترین دینه‌کانه‌، له‌کام به‌شیدا باسی سیستمی سه‌رمایه‌داری و ململانێی نێوان ئه‌و دوو چینه‌ی تێدا کراوه‌؟ ئاخۆ ئه‌م دینه‌ و ڕابه‌ره‌کانیان ده‌توانن له‌گه‌ڵ خواسته‌ مه‌ده‌نی و ئازادیه‌ گشتیه‌کانی نێو خولیای تاک و کۆمه‌ڵگایه‌ک که‌ ئاماده‌ بێت ڕه‌خنه‌ ڕوو به‌ڕووی هه‌رچ دیارده‌یه‌ک که‌ مرۆڤ دروستی کردوه‌ بکاته‌وه‌، خۆیانی لێهه‌ڵنه‌قورتێنن و فه‌توا دژی نه‌ده‌ن؟ یان ده‌توانین بڵێین پاراستن و مانه‌وه‌ی ئه‌م دینه‌ی که‌ دژی کۆی ئازادیه‌کانی ئینسانه‌، په‌یوه‌سته‌ به‌ مانه‌وه‌ی دنیای سه‌رکوت و چه‌وساندنه‌وه‌وه‌؟ بۆ نابێت له‌م مه‌رجه‌عه‌ بپرسین ئه‌رێ بۆ ئێوه‌ ئاماده‌ نه‌بوون دژی سه‌رکوتیه‌کانی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی بۆ چه‌ند ده‌یه‌ ده‌چێت به‌ری ڕه‌نجی خه‌ڵکی کرێکار و هه‌ژاری میسر  هه‌ڵده‌لوشێت، فه‌توایه‌ک بده‌ن و خه‌ڵکی لێبهێننه‌ سه‌ر شه‌قامه‌کان؟ بۆ ئه‌و کاره‌ ناکه‌ن؟ ده‌بێت چ هونه‌رێک له‌ پشتی نه‌کردنی ئاوا کارێکه‌وه‌ بێت؟
 مانه‌وه‌ی هه‌ژاری و ڕاده‌ی به‌رزی نه‌خوێنده‌واری له‌ نێو چین و توێژی هه‌ژاراندا له‌ پله‌یه‌کی ئێجگار به‌رزدایه‌ له‌ کۆی وڵاتانی عه‌ره‌بیدا، به‌ڵام  به‌ هه‌زاران مزگه‌وت هه‌یه‌ و به‌رده‌وام خه‌ریکی ئه‌وه‌ن ئه‌و خه‌ڵکه‌ هه‌ژاره‌ ده‌سته‌مۆ بکه‌ن و ڕێگه‌یان پێ نه‌ده‌ن دژی ده‌سه‌ڵات بوه‌ستنه‌وه‌، چونکه‌ ئه‌م مه‌رجه‌عانه‌ وا خۆیان لای خه‌ڵکی زه‌حمه‌تکێش ناساندوه‌ که‌ هه‌رچیان ووت و هه‌رچیان کرد ئه‌وه‌ له‌سه‌ر هه‌قن و له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌و خه‌ڵکه‌ هه‌ژاره‌دایه‌ که‌ شوناسی ئیسلام بویان کردوه‌ به‌ باڵایدا. ببینن مه‌رجه‌عه‌ دینیه‌کانی عێراقیش به‌هه‌مان شێوه‌ هه‌ر له‌و ئامانج و به‌رژه‌وه‌ندیانه‌وه‌ هه‌ڵده‌سوڕێن که‌ به‌قازانجی ده‌سه‌ڵاتی تائیفی و میلیشیایی ئه‌حزابی ئیسلامی و ناسیۆنالیستی ته‌واو ده‌بێت، ده‌سه‌ڵاتی ئاخونده‌کانی قوم ببینن که‌ ڕۆژانه‌ به‌بێ له‌ سێداره‌دانی ئازادیخوازان ناتوانن بژین. کاتێک سایتی ویکلیکیس ئاشکرای کرد، که‌ ڕامسفێلدی وه‌زیری به‌رگری  سه‌رده‌می جه‌نگی که‌نداو به‌ڕابه‌رایه‌تی ئه‌مریکا، له‌ کاتی به‌رپاکردنی جه‌نگی ملهوڕانه‌یان دژی خه‌ڵکی بێدیفاعی عێراق له‌ ژێر ناونیشانی وه‌ده‌رنانی سه‌دام و ڕژێمه‌که‌یدا و هێنانی ئازادی بۆ خه‌ڵکی عێراق، بڕی دووسه‌د ملیۆن دۆلار دراوه‌ به‌ عه‌لی سیستانی گه‌وره‌ مه‌رجه‌عی شیعه‌ به‌خاتری ئه‌وه‌ی ئه‌و ده‌ستدرێژیه‌ تاوانکاریه‌ ته‌حریم نه‌کات که‌ ده‌وڵه‌تی زلهێزی سه‌رمایه‌داری ئه‌مریکا پێیهه‌ستا. باشه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌م مه‌رجه‌عه‌ له‌گه‌ڵ خواست و ئامانج و به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی خه‌ڵکی هه‌ژاردایه‌ بۆ چوه‌ته‌ ژێر باری ئاوا به‌رتیل وه‌رگرتنێکه‌وه‌؟ ئاخۆ کارێکی وا پێچه‌وانه‌ی دینی ئیسلام نیه‌، له‌ کاتێکدا سه‌رانی ئه‌و دینه‌ ده‌ڵێن دینی ئیسلام دینی عه‌داله‌ت خوازیه‌؟ یان ئه‌و دینه‌ بۆخۆی ڕێگای پێداوه‌؟
 مانه‌وه‌ی ئه‌م ده‌رده‌سه‌ریانه‌ی پیاوانی مه‌رجه‌ع گه‌را بۆسه‌ر خواست و مافه‌ مه‌ده‌نیه‌کانی خه‌ڵکانی زه‌حمه‌تکێش، هێند کارێکی کوشنده‌یه‌، که‌ ده‌خوازێت له‌ کۆی ئه‌و چینه‌ به‌رینه‌ ئه‌گه‌ر ده‌یه‌وێت ڕزگاری بێت له‌ کۆی ئه‌و کۆت و به‌ندانه‌ی یه‌خسیریان کردوه‌، ده‌بێت ده‌ست بۆ شۆڕش کردن ببات، به‌بێ گۆڕانێکی بنچینه‌ییانه‌ی کۆی عه‌قڵیه‌تی باوی نێو ده‌سه‌ڵات و فه‌رهه‌نگی داڕزیوو،نه‌توانێت به‌ هیچ ئامانجێکی خۆی بگات. بگه‌ڕێن و ببینن بزانن له‌ کامه‌ جیگادا ئازادیخوازانێک ڕه‌خنه‌یه‌کی جیدیان ڕوبه‌ڕووی دین و ده‌سه‌ڵات کردبێته‌وه‌، مه‌لاکان لێی نه‌هاتبێتنه‌ مه‌یدان و خه‌ریکی ته‌کفیر کردنی نه‌بوبێتن، له‌کام وڵاتی ژێر ده‌ستی سته‌مگه‌ری ملهوره‌کانی ئێستادا هه‌یه‌ ژنانێک ده‌ستیان بردبێت بۆخه‌باتی ئازادی خوازانه‌ی خۆیان، له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵات و مه‌رجه‌عه‌ دینیه‌کانه‌وه‌ فه‌تواو و ته‌حریم کردنیان به‌سه‌ردا نه‌سه‌پێنرابێت؟ ئاخۆ ده‌بێت ئه‌م دینه‌ چ خێر و خۆشیه‌کی تێدا بێت بۆخه‌ڵکی هه‌ژار و سته‌م دیده‌؟ تۆ بڵێی ته‌نها مانه‌وه‌ی ترس و دواکه‌وتوویه‌تی هۆکاری مانه‌وه‌ی دینه‌کان بن له‌ جیهاندا و به‌تایبه‌تیش له‌ وڵاتانی به‌ناو ئیسلامدا؟ یان به‌شێکی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ هیمه‌تدارێتی ده‌سه‌ڵات و ئه‌و توێژه‌ به‌ناو ڕۆشنبیره‌ی که‌ ده‌ڵێت له‌ نێو دیندا پانتاییه‌کی فراوان هه‌یه‌ بۆ له‌یه‌کتر تێگه‌یشتن و په‌یامی ئاشتی و برایه‌تی پێیه‌؟ ڕه‌نگه‌ که‌سانێکی دی بڵێن ئه‌وانه‌، یانی مه‌رجه‌عه‌کان و شێخه‌کانی نیمچه‌ دورگه‌ی عه‌ره‌ب و خومه‌ینی و مه‌لا موحه‌مد عومه‌ر و ئوسامه‌ بن لادن موسڵمان نین و په‌یڕه‌وی له‌ پاکیزه‌ی ئاینی ئیسلام ناکه‌ن؟ جا ئه‌گه‌ر ئه‌م که‌سایه‌تیانه‌ له‌ ئاینی ئسلام تێنه‌گه‌یشتبن، خۆ ئه‌و خه‌ڵکه‌ هه‌ژاره‌ش که‌ په‌یڕه‌وی له‌ دین ده‌که‌ن و فه‌رمانه‌کانی جێبه‌جێ ده‌که‌ن بڕوا ناکه‌م له‌ هه‌زار که‌سدا ده‌که‌سی لێتێگه‌یشتبن. چونکه‌ ئه‌گه‌ر زۆرینه‌ی خه‌ڵکی هه‌ژار له‌ ئاکامه‌ ناعه‌داله‌ت خوازیه‌کانی ناوه‌ڕۆکی دین تێبگات، ئه‌وکات ئاماده‌ نابێت په‌یڕه‌وی لێبکات، به‌ڵکو لێیده‌ته‌کێته‌وه‌ و په‌نا بۆ ئیراده‌ی ڕێکخراو بوونی خۆی ده‌بات، که‌ ته‌نها هه‌ر ئه‌وه‌ ده‌توانێت خاوه‌نی ئاڵوگۆڕه‌ مه‌زنه‌کان بێت له‌ جیهاندا و به‌تایبه‌تیش له‌ وڵاتانی ئیسلامدا، که‌ دین به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ک له‌ نێو کایه‌ گشتیه‌کانی ژیاندا کاریگه‌ری دواکه‌وتوانه‌ی خۆی داناوه‌.

تاهیر حه‌سه‌ن
20/01/2011
هۆڵه‌ندا
فه‌رموون بۆ خوێندنه‌وه‌ی په‌یامی ئه‌و شێخه‌ی ئه‌زهه‌ر؛

http://www.azzaman.com/index.asp?fname=2011\01\01-18\996.htm&storytitle=

 

 

 

 

Previous
Next

Leave a Reply