شەوی ١/١/ ٢٠١٣….شوان عوسمان
ئەمشەو ،
شەو چەند جوان لەگەل باراندا ، لە شەودایە..
شەوین ئەکات و
لەگەل نمەکان سەما ئەکات…
خۆی لەخمێک ئەسوێت و
توندتر تاریکی لە خۆی ئەپێچێت..
بە باڵای باران شۆڕ ئەبێتەوە ،
تا باران وەکو ملپێچێک ، بیکاتە مل..
ئەمشەو ، شەو چەند جوان لەگەل باراندا ، لە خەڵوەتە…
عەبای پێ فڕێ ئەداو بە بێ پێچە ،
بە بێ چارۆگ بە بێ جل ،
لە رۆحێکی تەڕو بڕدا ،
بە تەڕی رووت وقووت ئەبنەوە..
ئەو وەکو نێرێکی نێر ،ئەویش وەکو هەوەسبازێکی تەواو مێ..
لەگەل یەکتردا ، بەناو یەکتردا ،
لە ناو تاریکیدا ، وەکو دوو تارمایی تاریک تاریک ،
تاریکتر ئەبن ، خۆیان تاریک ئەکەن..
تەڕتر ئەبن ، تا ئەبنە ئاوێکی تەزیو..
بەسەر یەکە دائەبارن..
ئەمشەو ئەو بارانە نمەنەرمە ،
چەند نەرمە…
چەند نەرم ،بە نەرمی لەگەل شەودا ، نمەی دێت..
بەناو تاریکی لە تاریکیدا ،
لە شوێنی رەقی یەکتردا ئەگەڕێن…
ئەمشەو ،
شەو چەند جوان بە رووتی ، لەگەل باراندا ،
رووت ئەبێتەوە…
بارانیش دەست لە دەرپێ وستیان بەر ئەدات…
دەست بۆ یەکتر ئەبەن ، دەست لە یەکتر ئەدەن ،
یەکتر بە دەست ئەشۆن..
لە شوێنی نەرمی یەکتردا ئەگەڕێن…
لەگەل یەکتردا ئەنوون..
ئەو گاز لە لەتی نەرموک و
ئەو گاز لە لەتی رەقەلەی یەک ئەگرێت…
ئەمشەو ، شەو چەند رەقە ، تاریکیش دڵرەقترە..
کاتێک دڵنەرمی نابینا ئەبێت…
ئەوە تاریکیە ناهێڵێت ، شەو شەرم بکات..
ئەگینا هەر رۆژ ئەزانێت ئەو بە چ خیانەتێک خەریکە…
ئەمشەو ، شەو چەند لەگەڕە ،
شەو گڕی خۆی پێ خەفە نابێتەوە..
بیر لەوە ناکاتەوە ، سبەی لەگەل رۆژدا ژوانی هەیە..
ئەمشەو ، شەو غەرقی خیانەتەو
خیانەتیش لە تاریکی خمدا خنکاوە ، خۆی پێ سپی نابێتەوە…
جارێکی تر چاوەڕێ مەبە ،
رۆژ دونیا بە شامی شەریف بزانێت..
شەو لەگەل باراندا ، لە لەوەڕێکی تەڕ ئەگەڕێت..
رێ لە ماچ ئەگرێت ، ئەگەر بەزۆریش بێت خۆی تەر ئەکاتەوە…
بەر لەوەی ساڵی تازە بێت ، هەریەکە لە راموسانێک ئەگەڕێت..
ئەوانیش لە ماچی تازە ئەگەڕێن..
ئەمشەو ، شەو چەند تاریکە ، شەو چەند بە ترس ،
لە تاریکیدا پێدزە ئەکات ، تا ژوانێکی بەدزی بکات..
ئەوە شەوە شەو بە خیانەتێک خۆی ئەکوژێت ،
کاتێک ئەو دەست لە رۆژ بەر ئەدات ،
دەست لە خۆی بەر ئەدات…
دونیاش جارێکی تر رووناک نابێتەوە..
ئەمشەو ، من لە شەودا خنکەخنکم دێت ،
جارێکی تر باوەڕ ناکەم بیناییم رۆژ بکاتەوە ،
تاریکی بەرپێن ئەداتە بەر پێم….
گوێم لە گریانی بارانە ،
کاتێک لە بن باڵی شەودا ئەکڕوزێتەوە ،
لە ماچێکدا ئیرادەی خۆی لە دەست ئەدات…
گوێم لە هنکەهنکی شەوە ،
کاتێک بە زۆر خۆی بەسەر سمتی باراندا هەڵئەواسێت ،
دونیا بە تریشقەی هەناسەی ئۆرگازمێک ،
رووناک ئەبێتەوە..
ئەمشەو شەو چەند تاریکم ئەکات ،
لەناو تاریکی خۆیدا ،
بزرم ئەکات..
ئەمشەو بەباراندا سەفەر ئەکەم ،
بەناو تاریکیدا ،
بە رێیەکی باراناوی رەت ئەبم…
تاریکتر ئەبم..
هەناسەیەک تەڕترم ئەکاتەوە..
ئەمشەو باران لەناومدا ، دێت وئەچێت..
باران چەند جوان ، تەڕم ئەکاتەوە..
شەو چەند جوان تاریکم ئەکات..
ئەمشەو من شەوم ، لەناو تاریکیدا ،
نابم بە رۆژ…
ئەمشەو من بارانم لەناو تاریکی شەودا ،
نابم بە خۆم…
ئەمشەو من تا بن پێم ،
تاریکم..
لەناو بارانێکی تاریکی شەودا ،
ناچمە ساڵێکی تاریکی تازەوە…
شوان عوسمان-هۆلەندە
١/١/٢٠١٣