Skip to Content

Thursday, December 2nd, 2021

لەسەر دۆشەكى ماچ…ڕژانى لەزەتى ئاو…… بەشدار سامى

Comment
by February 1, 2009 ئەدەب

لەسەر دۆشەكى ماچ… 
   ڕژانى لەزەتى ئاو

 بەشدار سامى
                                                      
 0
 لە بەرانبەر ماچێك دا
 هەرچیم هەبوو دام بە ژنێك،
 تا پیاوەتیشم.
 
 1
 بۆ ماچێك
 دەیان كۆڵان ڕۆیشتووم،
 بۆ ماچێك
 سەدان شار دەبڕم
 ماچێك زۆرە.
 
 2
 تەماشاكە
 (با) ماچ دەكەم
 تا ڕەشەبا هەڵنەكا.
 
 3
 شار تا دىَ گەورەتر دەبىَ
 شار تا دىَ ژووری زێتر دەبێ
 ژوور بۆ نووستن نا،
 بۆ ماچ گۆڕینەوە
 
 4
 ئەوە ماچە
 دەمگەڕێنێتەوە لاى تۆ
 ئەوە ماچە
 تۆم بیر دەهێنێتەوە،
 ناهێڵىَ لە بیرتكەم.
 
 5
 ژنێك داگیری كردم
 ژنێك لە خۆمى سەندم
 هەموو شتێكى پێ كردم
 بە ماچێك،
 تەنها ماچێك
 
 6
 هێزى زۆر دەوریدام
 نەگۆڕام،
 وەكوو خۆممام.
 تۆ بە ماچێك واتلێكردم
 لە خۆم ونبم
 ببم بە تۆ. 
 
 7
 هەزاران پیاو دەكوژرێن
 بۆ چوونە نێو وڵاتێك
 بۆ داگیركردنى وڵاتێك
 ژن بە ماچێك
 سەرۆكێك داگیر دەكا؛
 سەرۆكێك واتا وڵاتێك
 
 8
 سەدجار زێتر دڵم شكاوە
 بە ماچێك ئاشت بوومەتەوە
 هەزارجار زێتریش دڵم بشكىَ
 بە ماچێك ئاشت دەبمەوە.
 
 9
 زۆرجار وشك بوومەتەوە
 لە بەردەم هەتاودا
 لە زۆر ڕۆیشتندا
 لە تەماشاى تەنیایی،
 بەڵام كە گەیشتوومەتە ماچێك
 شەڵال بوومەتەوە لە ئاو،
 لە ئاوەدانى.
 
 10
 ئەو پیاوە پیربووە
 ئەو پیاوە لاربووەتەوە
 ئەو پیاوە دەمێكە تەنیایە
 دەمێكە ژنەكەى ماچ نەكردووە.
 
 11
 ئەو هەموو سەفەرەم كرد
 هیچم بە هیچ نەكرد.
 دەگەڕێمەوە
 لە وێندەر ژنێكم جێهێشتووە
 ژنێك بەر لە سەفەر ماچم كرد،
 وتى بۆ ماچێكی تریش دێیتەوە.
 
                                                                 مانگى 12ى 2008، هەولێر 
 

Previous
Next

Leave a Reply