Skip to Content

Tuesday, June 22nd, 2021

ورچ …. نووسینی جاک لەندەن

Be First!
by May 27, 2012 چیرۆک

 

 

” لە بارەی ورچەوە..” شای کلۆندایک وەک ئەوەی لێی بچێتە خەڵوەتەوە بۆ ساتێک  چرپەی لەخۆی بڕی . ئەوانەش کە لە سەر سەکۆی هۆتێلەکە دانیشتبوون ، تا لێی نزیکتر ببنەوە ، کورسییەکانیان بۆ پێشەوە خزاند .
” لە بارەی ورچەوە ..” بەردەوامی بە باسەکەی دا. ” ئەوەی هەیە ئەوەیە کە لە نورثرن کانتری چەندین جۆری ورچ بوونیان هەیە . بۆ نمونە لە لیتل پێلی ، چەندین ورچ لە هاویناندا بۆ خواردنی سالمۆن دێن و دەچن بە شێوەیەک کە نە هیندییە سوورەیەک و نە پیاوێکی سپی پێستش نەوێرن هێندەی دووری ڕۆژە ڕێیەکیش توخنی ئەو ناوە بکەون. هەروەها لە کێوی رامپارت جۆرێکی سەرسوڕ‌هێنەر بوونیان هەیە کە بە ورچی قەد گردەڵان ناسراوەن، بۆیە بەو ناوە ناسراوەن چونکە لەو دەمەوەی کە لافاوەکە ڕویداوە لە قەد گردان دێن و دەچن ، ئەو دوو پەلەی کە لە بەشی سەرەولێژی گردەکەدان دووجار لەو پەلانەی درێژترن کە لە بەشی بەرەوژووری گردەکەدان. هێندە خێرا ڕادەکات کە کەروێشکە کێویلە پشت خۆی دەخات. چ سامناکە ؟ گەر بتگرێت؟ هیچ ڕەحمی لە بەدەنیدا نییە. کە توشت بوو بەتووشیەوە تەنها و تەنها دەبێت ڕووت وەربگێڕیت و سەربەرەوخوار بە گردەکەدا هەڵبێیت تا دەباز ببیت. بەو شێوەیە کاکی ورچ پەلە درێژەکانی دەکەونە بەشی سەرەوەی گردەکە و کورتەکانیشی لە بەشی خوارەوە دەبن.  بەڵی بە ڕاستی گیاندارێکی بەهێز ، هەم سەیر و غەریبیشە . بەڵام ئەمە ئەوە نییە کە من دەمویست بۆتان باس بکەم.”
” جورێکی تر لە ورچ هەن لە ناوچەی یوکان، کە پەلەکانی ئەم جۆرەیان ئاسایی و ڕێکن. پێی دەگوترێت ورچە سەر ڕووت و چەندە زەبەلاح و زلە هێندەش دڕ و خراپ. تەنها پیاوی سپی پێستی بێمێشک وا دەزانێت دەتوانێت ڕاوی بکات .  هیندیەسورەکان  لەم بارەوە هۆشمەندیان لە بەرچاوە . بەڵام شتێک  لەبارەی ئەم ورچەوە هەیە کە پیاو دەبێت بیزانێت : ئەو هەرگێز شوێنی خۆی بۆ بوونەوە رێک جێ ناهێڵێت کە مردنی لە بەر ڕێ بێت . کە دەیبینیت وا بەرەو ڕووت دێت ، گەر ژیانی خۆتت لا بەنرخە دەبێت خۆت لە ڕێڕەوی وی لا بدەیت ، دەنا دەردەسەری وا لە پێشتە . ورچە سەر ڕووت گەر ڕووی بە ڕووی ئاگری قورەتیشدا ببێتەوە تەنها بستە زەوییەکیشی بۆ چۆڵ ناکات . جیتان پێ بڵێم لەوەی زیاتر کە خۆویستێکی بێ وێنەیە. لێ من هەموو ئەم زانیاریانە فێربووم و هیچم دەربارەی ورچ  نەدەزانی.  کاتێک بۆ دەشت ڕۆشتم ، بێچگە لەوەی کە لە سەردەمی لاویمدا هەندێک ورچی قاوەیی باو و ڕەشباوم دیبوو ، ئەوانەش شتێکی ئەوتۆ نەبوون کە ببنە مایەی تۆقاندنم.
” ڕاستیەکەی پاش ئەوەی دواجار  بڕیارمان دا لەوێ جێگیر ببین ، چووم بۆ سەر گردەکە تا دار چنارێکی گونجاو  بۆ سازکردنی کلکە تەورێک بدۆزمەوە ، لێ چونکە کارێکی گران بوو کە  دارێکی گونجاو ببینمەوە ، بۆیە  منیش هە ڕۆشتم و هەر ڕۆشتم ،  نزیکەی دوو کاژێرێک ڕێگام پەی کرد. هیچ پەلەم نەبوو تا بڕیار لە بژاردەکەم بدەم ، ىڕوانن ، من لەو دەمەی بەرەو دووڕیانەکە شۆڕ دەبوومەوە تا لەوێ کۆتەرە دارێک لا ئٶلد جو جی بهێنم . جا پێش ئەوەی بەڕێ بکەوم و نەبادا برسێتی تینیم بۆ بێنێت ، دوو کولێرە و هەندێک چزڵیکم لە گیرفانەکانم کردبوو . جا چی بێ لە ئێوە شاردراوە ، ئەو خواردنی نیوەڕوانە  ، پێش ئەوەی لوشیان بدەم ، ڕێک بە هانامەوە هات .
” ڕێکا و ڕێک دیدەکانم  لکان بە باڵای  گونجاوترین نەمامی چنارێکدا کە  لە نێوەندی کۆمەڵە دار سەروویەکدا قیت وەستابوو . هەر کە تەوراسەکەمم بەرزکردەوە ، نیگای چاوەکانم کەوتنە سەر داوێنی گردەکە . بینیم وا ورچێکی قەبە بە گوڕ هەر چوار پەلی دەوەشێنێت و مل بۆ سەرەوە دەنێت . ڕێک بە ئاڕاستەی من دێت . ورچە سەر ڕووت بوو و ئەوسا تۆزقاڵێک شارەزای لەو جۆرە لە ورچ نەبووم.”
” تەماشا کە بزانە چۆن دەیترسێنم .” لەگەڵ خۆمدا کەوتمە دواندن و لە نێو درەختەکاندا خۆم لە بەرچاوان  ون کرد. ” چاوەڕێم کرد تا ماوەی نەوەد مەترێک نزیک بووەوە  ، بە ڕا کردن خۆم کوتایە دەرەوە .
” ئوف ! ئوف ، دەستمکردە نەڕاندن بەسەریدا، چاوەڕوانی ئەوەم دەکرد وەک چەخماخە بابداتەوە و قوچاندنێکی خێرا بقوچێنێت؟ لێ ورچ ڕووی لە من نابوو و ملی دەنا و دەهات چ هاتنێک.
” ئوف.. ئوف … هرچی هێزێکم لەبەردا بوو تووند نەڕاندم ، لێ ئەو مێش میوانی نەبوو، هەر مەپرسە چ هاتنێک دەهات!
” بزانە چیت پێ دەکەم. لە بەرخۆوە داخافتم . وەک دێوانە هار بووبووم . دەبێت وات لێ بکەم بە بازادان ئەم جێیە بە جێ بهێڵیت.
” تەپلەکەمم داگرت و ڕامدەوەشان و دەمنەڕاند بەرەو ڕووی دەڕۆشتم تا پیایدا هەڵبشاخێم . دار سەرووەیەکی زەبەلاحی  باڕەش خستە بەلادا هاتبوو کە تا ئاستی سنگم دەهات . ڕێک لە پشت دارەکەوتووەکەوە وەستام و ورچەش هەر خۆی ڕێی دەکوتا و دەهات . لەوێدا ڕێک ترسم لێ نیشت . هەر کە ویستی بەسەر دارەکەدا خۆی بڵند بکاتەوە وەک هیندییە کۆمانچیەک هاوارم کرد و تەپلەکەمم توڕدا بە ڕوویدا .
” خۆم گەیاندە سەری ئەو سەری دارەکە و ڕووەو خوار قوچاندم ، وورچە سەر ڕووتەش بە دوامەوە لەگەڵ هەر بازێکیدا خۆێ دەگەیاندمێ. لە خوارەوە پانتاییەکی پان و بەرین ،  پڕ  تەپۆلکەی چوارسەد مەتری هەبوو  تا بە دارستانەکە  دەگەشت . دەمزانی ئەگەر بخزێم ، ڕزگار بوونم ئەستەمە. خۆم وا تاودابوو کە لە تاو تۆز نەدەبینرام و ورچیش بە گرمەگرم بەدوامەوە فڕکەی دەهات. لە نیوەی ڕێ چنگی گەیاند پاژنەی کەوشەکانم . چیت پێ بڵێم ، ئەوەی باش بوو بیرۆکەیەکی خێرام بۆ هات دەنا  مردنم بە چاوی خۆم دەدیت . کولێرە و چزڵیکەکانم لە گیرفانم دەرهێناو بە دەم ‌‌قوچاندنەوە  فڕێم دان . هەرگیز ئاوڕم نەدایەوە تا گەیشتمە دارستانەکە . ئەوسا بینیم کە چۆن کولێرەکەم لوش دەدات ، ئەوەش دێمەنێکی خۆش نەبوو کە بیبینم. چونکە هێندە لێم نزیک بووبووەوە هەرگیز خۆم بەدەر نەخستەوە  ، نەخێر بەڕێزان بۆ خۆم لە حەشارگەدا مامەوە . لێ هەر کە بەولادا سوڕامەوە ، هەر مەپرسن  کە لەسەر ڕێگاکەی بەردەمم  چیم بینی ، ورچە سەر ڕووتەیەکی تر!
”  ورچە بینیمی ، هوووف …نەڕاندی و بە ڕاکردن بۆم هات.
” کوتوپڕ … خەریک بوو ،  دووجاران لەوەی پێشووتر خێراتر بەهەمان ئەو جێگایەدا کە لە پیشان لێوەی هاتبووم بگەڕێمەوە ، ئەمەیان وا بەرە و ڕووم دەهات ، ورچەکەی تریانم هەر لە بیر چووەوە . کە بینیم وا بە هێواشی دێت و دەچێت . گوتم باشە دەبێت چیم بەسەردا بێت ئەگەر وا دابنێت تامی منیش وەک تامی کولێرەکەم خۆش بێت . ئەویش کە بینیمی زۆر دڵخۆش بوو ، خێرا بە بازادان بۆم هات.
” گووتی …هوووف..
” هوووف…. دانەکەی تریش کە پشتمەوە بوو نەڕاندی
” بکوتە ، بە لاڕێدا ، وەک پیاوێکی شێت و هار بە چنگ و بە لەقە هەژگم بەملاولادا دەدا.  ئا لێرەدا تەواو هۆشم لەدەستدابوو. وام دەزانی دەوروبەر پڕە لە ورچە سەر ڕووت . شتێکی ترم بینی لە نێو چڕە تووتڕکێکی دەشتەکیدا . ئەوەندەم زانی ئەو شتە زلەیەکی لێدام و بەری ڕێگاکەمی گرت. ورچێکی تر!  لەوێدا ورەم  بەردا و گوتم بە دڵنیایی لێبوومەوە . مردن ئامادەبوو ، نەڕاندن و پەلەقاژێ و شین و شەپۆڕ و دادڕین ، ئەوە ناخۆشترین شت بوو.
” ئەی خودایە . هاوارم بۆ تۆ ژنەکەم ، شتێک هاواری کرد. کەسەیرم کرد پیاوێک بوو من کەوتبوومە کوتانی.
” وام دەزانی کە ورچیت .. بە پیاوەکەم گوت.
” دیار بوو ئا‌هێکی پێدا هاتەوە ، سەیرێکی کردم و گوتی . منیش هەروام دەزانی .
” دیار بوو ورچ ئەویشی ڕاونابوو و خۆی لە نێو تووتڕکەکاندا حەشار دابوو و هەردووک بە هەڵە یەکترمان لێکدابووەوە .
” لەو دەمەدا ناڵە و گرمەی  بەرزبووەوە لە دەڤەرەکەدا شتێکی یەکجار ناخۆش بوو . پەلەمان بوو لە گێڕانەوەی بەسەرهاتەکە . دوای نیوەڕۆ لای جو جی  چەند تفەنگێکمان هێنا و ئامادە باش هاتینەوە  بۆ ورچ. ڕەنگە باوەڕم پێ نەکەن ، لێ کە گەشتینەوە شوێنەکە ، بینیمان دوو ورچ بە مردوویی بە سەر زەویدا کەوتوون . کە من خۆم دەربازکرد ئەوان بەیەکیاندا دابوو . ناڕازی بەوەی شوێن بۆ یەکتر چۆڵ بکەن دەستیان بە شەڕکردبوو.
“هەروەک پێتانم گوت . دواندن دەربارەی ورچ.
 
تێبینی :
کلۆندایک ناوچەیەکە لە یوکانی کەنەدا.

 

وەرگێڕان لە ئینگلیزیەوە: هاوڕێ مستەفا

Previous
Next

Leave a Reply