Skip to Content

Saturday, October 16th, 2021

ڕۆژنامە سەربەخۆکان..!….. بەشی دووەم :

Be First!
by September 15, 2010 گشتی

 

 ئەم دەستەڵاتە ئەوەندەی هێڵی سور بۆ ڕۆژنامە و گۆڤار و نوسەرە سەربەخۆکان دادەنێت.. ئەوەندە هێڵی سور بۆ هیچ کاریکی دزێو و نا مرۆیی تر دا نانێت..؟؟!!سەیرە..  ئەم دەستەڵاتە چۆن دەتواێت، لە نێو چەقی بازنەی  هێلی سورەوە  بڕیار بدات و هێڵی سور بۆ رۆژنامە و گۆڤار و نوسەرە ئازادەکان دابنێت..؟!!

کوردستان خاوەنی مێژووی قووڵی کێشە ئابوری و سیاسی و جوگرافی و میللی و کۆمەڵایەتی و ئایینی و کولتوری‌یەکانە، کە هەر ئەم کێشانەیە ناخۆشترین کاراسات و وێرانی و ئاوەرەیی و شەڕ و جەنگ و کوشت و بڕی  بە دوای خۆیدا بۆمان هێناوە. وە تا ئێستاش ئەم کێشانە لە ئاستێکی دیار و بەرچاودا بەردەوامن و ڕۆژانە ڕوودا و کارەساتی نوێ‌یان لێ دەبێتەوە…!بێجگە لەم کیشانەی خوارەوە کە هەر ئێستا هاوڵاتیان پێوەی دەناڵینن و ڕۆژانە دەبنە قوربانی ئەم کێشانە و ئە و نا زەمانەتیەی کە لە بێ ئیداری دەستەڵاوە سەرچاوە دەگرێت.
بەڵێ ئێمە لە وڵاتێکدا ژیان تەی دەکەین بێ ئیدارە و نا ڕێکخراو و شێواو.. وڵاتێکی بێ زەمانەت.. وڵاتێکی پڕڕ لە قەزا و قەدەر.. پڕ لە ڕووداو و کارەسات .. پڕ لە گەندەڵی و دزی و نا عەداڵەتی دەستی دەستەڵات..لە گەڵ ئەمانەشدا دەستەڵاتداران دەیانەوێت ڕۆژنامەکان بێ دەنگ بن..بێ هەواڵ بن .. بێ شەفافیەت بن و زیندوو نەبن..! وە دەیانەوێت ترس بۆ ڕۆژنامەنوسان دروست بکەن و ڕۆژنامە و گۆڤارە سەربەخۆکان نا کارا بکەن .. وە نوسەرە ئازادەکانیشی سەرکوت و بێ دەنگ و  کەلەپچە بکەن..؟!
دەردی  بێ زەمانەتی لە کوردستان:
ئەمانەی خوارەوە چەند وێنەیەکی زیندوو و واقیعی ئەمڕۆی کوردوستانن کە خودی خۆم لە گەڕانەوەمدا بۆ کوردستان بینیومن ، گەر ڕۆژنامەکان لە سەری بنوسن و پیشانی بدەن ، یان گوێیان لێ ناگرن…، یان هەزار بڕو بیانووی جۆراو جۆری بۆ دەهیننەوە.. یان پێ‌یان دەڵێن بوختان چی ئاژاوە گێڕ..!:
a) چۆنیەتی ڕێکخستنی ڕێگاو بان، کەمترین ڕیکخستنی یاسایی تێدایە ..! لە سەر شەقام و ڕێگاکانی نێو شارەکان و دەرەوەی شارەکان ڕۆژ نی‌یە بە دەیەها مرۆڤ بە هۆی کارەساتی ئۆتۆمۆبیلەوە گیان لە دەست نەدەن.. لە شەقامی نێو شارەکاندا هیچ خەتێک نابینریت …! نە خەتی پەڕینەوە .. نە خەتی جیا کردنەوەی سایدە هاوڕاکان ..سایدە پێچەوانەکان…. جیاوازیەک نابینریت لە نێوان جۆرەکانی شەقام، شەقامی خێراو و هێواشی دەرەوە و ناوەوەی شار بۆ لیخوڕینی ئۆتۆمۆبیلەکان ..! هەرلە ماوەی چەند مەترێکدا واتا لە نێوان ( 500m-200m ) لە ڕێگا خێراکان (motor way)  کەلێنی گەورە کراوە واتا ( ئیستیدارە ) بۆ چوونە ئەوبەر واتا سایدە پێچەوانەکە..کە لە وڵاتاندا ئەم بەر و بەری سایدەکان بە هۆی پردەوە دەگەیەنرێت بە یەک و بە هۆی ئەم پردەوە  هاوڵاتیان دەگەڕێنەوە، یان لە سەفەرەکەیان پەشیمان دەبنەوە..! وە ڕۆژانە چەندین کارەسات بە هۆی نەبونی ئەم سیستەمەوە ڕوو دەدات، وە ڕێگای دەرەوەی شاڕەکانیش بە هەمان شێوەیە. ئەو ڕێگاو بانەی لە کوردوستاندا دەبینریت لە هیچ شوێنێکی دنیادا نابینرێت..!! ڕێگاو بانەکانی کوردستان بە هۆی نەبونی یاسای ستانداری هاتوچۆوە پڕڕە لە خەتەریات..!! ئەگەر ڕۆژانە هەزارەها  پێکدادان ڕوو نادات لە بەر ئەوەیە هاوڵاتیان خۆیان شارەزای ڕێگاکانن نەک لە بەر بونی یاسای هاتوچۆ و ڕیک و پێکی جادەکانەوە بێت..!
b) نا زەمانیەتێکی دی کە ڕۆژ نی‌یە ماڵ و باڵاخانە و هوتێل و ڕێستۆرانت بە هۆی کوژانەوە و داگیراسانی کارەبا یان گٶرینی تەزووی کارەبا لە مۆلیدەوە بۆ ڕەئیسی گڕێ لی بەرز نەبێتەوە و نەسوتێ و خەڵکی نەبنە قوربانی ئەم کێشەیەو نەسوتێن و گیان لە دەست نەدەن..!
c) کەمی ئاوی خواردنەوە لە گەڕەکە تازاکان و تێکەڵبونی ئاوەکان لە گەڵ ئاوی زێرابەکانی شار .. واتا کەمی خراپی و پیسی ئاوی خواردنەوە بوەتە سەرچاوەیەکی سەرەکی نەخۆشی و پەتاکان و بەهۆئ ئاوەوە چەندەها خەڵک توشی نەخۆشی جۆراو جۆر بون و پێوەی دەناڵێنن…!
d) وە بێ زەمانەتی لە پیسی ناو شارەکان و چێستخانەکان و هێنان و فرۆشتنی خواردنی چەند جار بە سەرچوو تا دەگات بە بێ زەمانەتی دکتۆر و بەکارهینانی دەرمانەکانیان..! زۆر سەیرە لە کوردوستان هەموو عەیادەکانی دکتۆر و کۆلکە دکتۆرەکان جمەیان دێت و بەرناکەون خەڵکی هەر بە هۆی ئازارێکی ئاساییەوە کەدەچن بۆ لای دکتۆر لەو سەر بە کۆڵێک دەرزی و حەب ودەواوە دەگەڕێنەوە.. بەبێ ئەوەی پشکنینی تەواو بۆ نەخۆشیەکەی کرابێت و نەخۆشیەکەی دەست نیشان کرابێت، وە هەر پاش بیست ڕۆژ هەمان نەخۆش بە هەمان شیوە بۆ ئازارێکی دی دەچێتەوە بۆ لای دکتۆرەکەی هەمدیسان بە کۆڵێ دەرمانی تری جیاوازەوە دەگەڕیتەوە..کە زۆر نزیکە دەرمانە کۆن و تازە وەرگیراوەکان کارلێک بکەن ببێتە هۆی سەرهەڵدانی نەخۆشیەکی دی..!!
e) کرین و فرۆشتن و مامەڵە پێ کردنی زەوی شاخ و دەشت و کێوی کوردستان، کەس نازانێت ئەم زەوی زارانە چۆن خاوەنیان بۆ پەیدا بوەو بە دەفتەر و بلۆکە دۆلار دەکری و دەفرۆشرێت، بستیک زەوی نەماوە بڵێن ئەم ئەرزە ئەرزی خودایە و کەس خاوەنی نی‌یە..! وڵات و نیشتمان بوەتە موڵکی چەند کەسێک و کۆمپانیاکان..! وڵات بون و نیشتمابونی کوردستان ئێستا وەهمێکی گەورەیە و زۆربەی خەڵک خاوەنی یەک بستی نیین و.. ئیتر سبەینێ هاوڵاتیان بە چ ئینتما و گیانێکەوە پاڕێزگاری لێ بکەن کە خٶی بێ بەش بێت لێ‌ی و ماڵێکی نەبێت لەم خاکەدا تا ژیانی تێدا تەی بکات..!
ئەمەش خاڵێکی زەق و بەرچاوە کە لە بەر بەرزبونەوەی نرخی زەوی، ڕۆژانە خەڵک لە سەر خاوەنداریەتی بونی زەویەکان دەدەن بە یەکدا و شەڕی عەشیرەتی و خێڵەکی لە سەری دروست دەبێت و بوە، وە لە سبەینێشدا سەرچاوەیەکە بۆ دروستبونی زیاتری کێشە کۆمەڵایەتێ‌یەکان..!!
ئەم کێشانەی سەرەوە بەرهەم و لقی کێشە سەرەکی ئەسڵیەکانی وەک گەندەڵی و دزی و نا عەداڵەتی و بە تاڵانبردن و بە موڵکی کردنی سامانە گشتیەکانی هاوڵاتیانە، کە هاوڵاتیان گیرۆدەی بون و ڕۆژانە پێوەی دەناڵێنن..! کە دەبێت ڕۆژانە لە ڕۆژنامە سەربەخۆکاندا وێنەو ڕەنگیان هەبێت و بۆ هاوڵاتیان ئاشکرا بکرێن و بکرێنە داوا وخواستی هاوڵاتیان تا بە تەواوی چارە دەکرێن.. بەڵام دەستەڵات دەیەوێت ڕۆژنامەکان لە ئاستی ئەم کارە دزێو وناشیرینانە و دزی و گەندەڵی‌یە بێ دەنگ بن و پێ‌ی وایە نابێت پەردە لە سەر ئەم ڕاستی‌یانە هەڵ بدرێتەوە …!
ئێستا کوردوستان لە ڕووی ئابوری و دەستەڵاتی سیاسی‌یەوە  لەلایەن دوو حیزبەوە پاوان کراوە داگیرکراوە ، بەڵام لە ڕووی ئیداری و خزمەتگوزاریەوە زۆر لە دوایە و لە ئاستی ئابوری و بودجەی کوردوستاندا نی‌یە.. لە ئاستی ئەو پارە رەهایەی دەستەلاتدا نی‌یە..کە هەموو هاوڵاتیەکی هوشیار و سەربەخۆ ئەم ڕاستی‌یە باش دەزانێت.. لە گەڵ ئەم ئاستە ئابوریەدا دەستەڵاتداران بەرامبەر بەم کێشانەی سەرەوە نەک هەر بێ خەمن بەڵکو خودی خۆیان بونەتە بەشێک لە سەرچاوە و بکەری ئەم کێشانەی ئەمڕۆ کوردستان.
کوردستان ئەو وڵاتەیە کە  پێوەرێکی تەندروستی نی‌یە بۆ ژیان..! وە لە هەمان کاتدا پێوەرێکی نیشتمانی و نەتەوەش بونی نێ‌یە ،(کە نیشتمان ماڵێکە بۆ هەموان ) . وە کوردستان لە لایەن دەستەلاتەکەیەوە هەردوو پێوەرەکەی واتا  وەک( ژینگەیەکی تەندروست هەم وەک نیشتمان ) فەرامۆش کراوە و دەستەڵات هەرگیز بیری لێ ناکاتەوە و تەنها یەک پێوەری نا شارستانی و دواکەوتوی بازرگانی و ئابوریی  بۆ هەیە..!  ئەویش ئەوەیە: دەستەڵاتدارانی کوردستان، کوردستان  تەنها وەک مەرزێکی بازرگانی کاتی سەیری دەکەن، تا بتوانن گیرفان و بانکەکانی خۆیانی لێ پڕڕ بکەن..!!!
دەستەڵات پاش هەلفریودان و بەلاڕیدا بردنی هاوڵاتیان بە بەڵێنە درۆکانی لە هەڵبژاردنەکاندا، توانی هێزی خۆی جێگیر بکات و بە دوای بەرژەوەندی‌یە ئابوری و سیاسی‌یە تایبەتیەکانی خۆیدا هەنگاو هەڵگریت و کوردوستان هەموو بخاتە خزمەت پارە و قازانجی خۆی. وە هەر لە پێناو قازانجی  زۆری دزی و گەندەڵیدا، کەوتە خۆ بەهێز کردن و قایمکردنی دەستەلات. بۆ بەردەوامی قازانجی ئەم مەرزە ئەوەیە  وردە وردە کەوتۆتە دژایەتی و وەستانەوە بەرامبەر  بە داوا و خواستی گوزەرانی هاوڵاتیان لە لایەک و وە لە لایەکی دیەوە کەوتۆتە دژایەتی کردنی کار و چالاکی ڕۆژنامە و گۆڤار و نوسەرە  ئازاد و سەربەخۆکان .
تۆمەتبارکردنی ڕۆژنامە و گۆڤارە سەربەخۆکان:
 وە لەم چەند ساڵەی دوایدا ڕاستەوخۆ سەرۆک و سەرکردەکان خۆیان بە وتە و زمانی ئاشکرای خۆیان لە میدیکانیانەوە هێڵی سوریان کێشا بۆ نوسەر و ڕۆژنامە و گۆڤارە سەربەخۆکان .. بە نهێنی و بە پەخشی زیندوو هەڕەشە و تەهدیدیان بۆ ناردن و بەم وتانەی خوارەوە تۆمەتباریان کردن { تازە لە شاخ هتبونە خوارەوە گوتیان تابوریی پێنجەم خەریکە کوردوستان زیاتر دەشێوێنێت و ڕسیەکەمان لێ دەکاتەوە بە خوری (  مەبەستیان ئەو ڕسیەیە بوو کە ئەمڕۆ پێ‌ی گەیشتون ) .. وە رۆژنامە سەربەخۆکان زیادەڕەوی دەکەن..! ڕۆژانە ڕۆژنامەکان سنوری یاسای ڕٶژنامەگەری و هێڵە سورەکان دەبڕن.. بێ ڕێزی بە دەستەڵات و لێپرساوان و پێشمەرگە دەکەن!! نا مەسئولانە هەواڵاکان بڵاو دەکەنەوە .. بە دەستی دەرەکی ئەمنیەتی گشتی وڵات تێک دەدەن.. وەک سەگ لە مانگە شەو دەوەڕن..!هتد}.
    بەڵام ئەم تێگەشتن و تۆمەتانەی دەستەڵاتدارانی کوردستان بە تایبەت پارتی بەرامبەر بە ڕۆژنامەکان و ڕۆژنامە نوسان زۆر نا عادیلانەیە و لە گەڵ کۆمەڵگای مەدەنی و سەردەمدا نایەتەوە و پێچەوانەیە، چونک هیچ  ڕۆژنامە و گۆڤارێکی سەربەخۆی دەرەوەی دەستەڵات ناتوانێت  بابەت و وتارەکانی بە بێ ڕەخنە و بە مردوویی چاپ و بڵاو بکاتەوە .. وە هیچ ڕۆژنامە و گۆڤارێکی جدی وسەربەخۆ ناتوانێت بە مێژوودا نەچێتەوە..باز بە سەر مێژوودا بدات..و هەڵەکانی ڕاست نەکاتەوە.. وە ناتوانن ڕۆژنامە و گۆڤارەکانیان خاڵی بێ لە وتە و هەواڵی زیندووی ڕۆژانە .. وە ناتوانن کاری دزێو و ناشیرین و نا ئینسانی‌یەکان پەردە پۆش بکەن و لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکانیاندا ئاشکرای نەکەن بۆ هاوڵاتیان.. وە ناتوانن بوەستن و  کاریگەری خۆیان  لە سەر زهنیی هاوڵاتیان فەرامۆش بکەن و دژ بە نا عەدالەتی دەستەڵات ئامادەیان نەکەن…
 دەستەڵاتدارانی کوردوستان خۆیان لەوە گێل دەکەن کە ئەو ڕۆژنامانەی  ئەمڕۆ چاپدەکرێن و بڵاو دەکرێنەوە لە ئاستی فەزای ئازادی دوای ڕاپەڕین و..لە ئاستی پڕۆسەی بە دیموکراتیزەکردنی کوردستاندا نی‌یە..لە ئاستی داوا و ئامانجی ئازادانەی هاولاتیانی ئازادی خواز و قوربانیەکانیدا نی‌یە.. زۆر کەمترە و ناگاتە نیوەی مەفهوم و پراکتیکی چەمکی ئازادی و دیمۆکراتی..!
لە دوای ڕاپەڕینەوە لە دوای ڕووخاندنی ڕژیمێکی سەرکوتگەر ودڕندەدا، فەزایەکی ئازاد .. بۆشایی‌یەک و کەلێنێک کەوتە نێو دەستەڵاتی دەستەڵاتدارانی تازەوە و تێیدا ڕٶژنامە و گۆڤار و نوسەرە ئازاد و سەربەخۆکانیش هیدی هیدی و یەک لە دوای یەک لە دایک بون و دەستیان بە کار و چالاکی نوسین و بڵاو کردنەوە کرد و چەندەها بەڵگە و مەلەفی ناشیرینی حیزب و سەرکردە و دەستەڵاتیان ئاشکرا کرد ..! لە بەر ئەم هۆکارەیە دەیانەوێت بە زۆر و زۆرداری ڕۆژنامە و گۆڤارەکان بکەنە ئاوێنەیەک کە بە خواستی خۆیان بەکاری بهێنن و تەنها وێنە جوان و دەگمەنەکانی خۆیان لە مێژوو و ئێستادا لە میدیاکاندا ببینن و پیشانی  خەڵکیی بدەن تا خەڵکی پێ فریو بدەن..!
سەرکوت و ناکارا کردنی ڕۆژنامە و گۆڤارە سەربەخۆکان:
بەڵێ ئەوان ئێستا لە کوردوستاندا  چۆن توانیویانە لە سەر مەتنی کێشە سیاسی و ئابوریەکانی هاوڵاتیان خۆیان بگەیەننە ترۆپکی دەستەڵات و هەموو شتێکی ئەم کوردوستانە  پاوان و قۆرخ بکەن و سامانی گشتی کوردوستان بخەنە ژێر دەستەڵاتی خۆیان و هەر بە ئارەزووی خۆیان لە پەیوەندە شارەوەکانیاندا تەخشان و پەخشانی دەکەن، ئاواش دەیانەوێت هەموو دەزگای میدیاکان، بە چاپ و پەخش و ڕۆژنامە و گۆڤارەکانەوە بۆ خۆیان قۆرخ بکەن و نوسەرەکانیشی وەک هەندێکیان دەستەمۆ بکەن و بیان کەنە کۆیلەو  موهەریجی خۆیان..! هەر ئێستا بۆ ئەم مەبەستە ئەم ڕێگایانەی خوارەوە بەکار دەهێنن لە دژی ڕۆژنامە و گۆڤارە سەربەخۆکان:
یەکەم.. دەستەڵات بە بیانوی جۆرا و جۆرەوە ڕۆژانە ڕێگیری .. نا ئەمنی و ترس لە بەردەم ڕۆژنامە و گۆڤارە سەربەخۆکان  دروست دەکات.. وە لە هەڕەشە وتەهدید کردن و لێدان و ئازاردان و کوشتنی ڕٶژنامەنوسان  نەوەستاوە و بەردەوامە..!.
 دووەمیان: دەستەڵاتدارانی کوردوستان کە لە بەڕێوە بردن و گوزەرانی هاوڵاتیان و ڕێکخستنی شارەکاندا دەستیان خاڵی‌یە..تا ئیستاش لەسەر نەریتە کۆنەکانی ئایین و عەشیرەت کار دەکەن و وەڵام بە کێشە کۆمەڵاتی‌یەکان دەدەنەوە .. وە ( دادگا  و یاسا ) لە سایەی حیزبدا دەرنەچوە و سەربەخۆ نی‌یە ، بەم حاڵەوە دەیانەوێت یاسا و دادگا دژ بە ڕۆژنامە و گۆڤارە سەربەخۆکان بەکار بهێنن …!
سێ‌یەم دەستەڵات دەیەوێت لە ڕێگای ئابوری‌یەوە فشار بۆڕۆژنامە و گۆڤارە سەربەخۆکان بهێنێ و لە سەپاندنی  سزاکانیاندا بە پارەی خەیاڵی سزایان بدەن و و بەم ڕێاگایە توشی ئەزمە و ناکارایی و سستیان بکەن و تا نەتوانن بە پێ‌ی پێویست ڕۆژنامە و گۆڤارەکان چاپ و بڵاوبکەنەوە..، بێچگە لەوەی کە دەستەڵات دەزانێت کە بودجەیەکی ئابوری تەواویان نی‌یە، نەبۆ موچەی ڕۆژنامە نوسان و هەواڵنێرەکان..، نە بۆچاپکردنی تیراژی تەواو و پێویست تا بە دەستی تەواوی خوێنەران بگات. لە گەڵ ئەوەشدا بەم ڕێگایانە دەیەوێت فەزای ئازادی ڕۆژنامەگەری کۆتایی پێ بهینێ و بۆشایی‌یە سیاسی‌یەکانی دەستەڵاتی بە سەرکوت و یاسای پوچ پڕر بکاتەوە بۆئەوەی نوزە لە هەر دەنگ و ڕەخنەیەکی دژ بە دەستەڵات ببڕێت…!

لە وڵاتە دیموکراتی و مەدەنیەکاندا میدیا و رٶژنامەکان دەستەڵاتی سێهەمن، وە ئەم مەوقیعەتەش سابت نی‌یە و بە پێ‌ی زەمەن و کاتەکان دەگٶڕیت ، زۆر جار بوە خەڵکی لە ڕێ‌ی راپۆرتە هەواڵی ڕۆژنامە و میدیا سەربەخۆکان وەستاوە تا بڕیارەکانی خۆیان بدەن بەرامبەر بە دەستەڵات، واتا ڕۆژنامەکان توانیویانە ببنە سەرچاوەی قەرار و بڕیاری سەربەخۆی خۆیان بە پشتیوانی هاوڵاتیان و جەماوەر . بۆیە خەڵکی ئازادی خواز و مەدەنی لە کوردوستانیش هەوڵ دەدەن، کە بتوانن میدیا سەربەخۆکان ئەم دەستەڵاتە بە دەست بهێنن ببنە جاودێرێکی زیندوو و هەمیشەیی بە سەر دەستەڵاتەوە، وە بتوانن ببنە سەنگەر و سەرچاوەی رەخنە و ناڕازیەکان و بۆ بەدەستهێنانی گٶرانکاریە ئابوری وسیاسی و فەرهەنگی‌یەکان.
بەڵام دەستەڵات بە پیچەوانەی ئەمەوە کار دەکات و دەیەوێت لەم چەند رێگاوە واتا لە ڕێگای  ئابوری و نائەمنی و سەرکوت و یاسای حیزبی و کیشەی ئابوریەوە هەوڵ و کۆششی مەدەنیانە و کار و چالاکی و بڵاوبونەوەی ڕۆژنامە و گۆڤارە سەربەخۆکان بەرتەنگ بکاتەوە، ئەمە ئەوە دەسلمێنێت کە فاکتەری سەرەکی بۆ ناکارایی و سستی و بەردەوام نەبون و داخستنی هەندێ لە ڕۆژنامە و گۆڤارە سەربەخۆکان کە لە سالانی پێشودا ڕوویان داوە، دەستەڵات لێ‌ی پەشیمان نی‌یە و هەر بەردەوامە لە بەکارهێنانی هێز و جەبری قورستر..!
 دەستەڵاتدارانی کوردستان بەم بەرخورد و کردەوە سەرکوتگەرانەیان دەیانەوێت بەرامبەر بە ڕۆژنامە و گۆڤار و نوسەرە ئازاد و سەربەخۆکان  بوەستن و بەرە و دیکتاۆری و بیرۆکراتی هەنگاو هەڵگرن و مێژووی سەرکوت و خوێناوی ڕژێمە دیکتاتۆرەکان دووبارە تاقی بکەنەوە .. بەلام با دەستەڵات باش بزانێت کە هیچ کۆمەڵگایەکی ئازاد بەبێ بوونی میدیای ئازاد و سەربەخۆ بوونی نی‌یە و خەیاڵی‌یە..! مرۆڤەکانێش بۆ بەدەستهێنانی  ئازادی هەرگیز نەوەستاون و ناشوەستن، بۆیە دەستەڵاتدارانی کوردوستان بە وەستانەوە و دژایەتی کردنی ماف و ئازادیەکان، دەبێت باجەکەشی بدەن…!!

10.09.2010
کامەران عەزیز

 

Previous
Next

Leave a Reply