Skip to Content

Wednesday, January 19th, 2022

کتێبی (گەشتێک بۆ وڵاتی هاوڕێیانم)ی (ئەنیتا ئێسپاندەر) چاپ دەکرێتەوە

Comment
by September 23, 2013 کتێبخانە

 

 

 

(گەشتێک بۆ وڵاتی هاوڕێیانم)، ئەو کتێبەیە، کە هونەرمەندی شێوەکاری دانمارکی و دۆستی کورد نووسیویەتی و چاپی یەکەمی ساڵی 2011 کەوتووەتە کتێبخانەکانەوە. مانگی ئۆکتۆبەری ئەمساڵیش چاپی دووەمی لە هەولێر و سلێمانی لە ڕۆژانی پێشانگای تابلۆکانیدا بڵاو دەکرێتەوە و خۆی ئیمزا بۆ خوێنەرەکانی دەکات.

(ئێسپاندەر) لەو ڕووەوە بە (ڕەخنەی چاودێر)ی گوتووە: {خۆشحاڵم بەوەی کتێبی (گەشتێک بۆ وڵاتی هاوڕێیانم) جارێکی تر چاپ دەکرێتەوە، لە کاتێکدا ئەو کتێبە لای من خۆشەویستییەکی گەورەی هەیە، نەک لەبەر ئەوەی خۆم نووسیومە، بەڵکو لەبەر ئەوەی لەبارەی وڵاتێکەوەیە، خەڵکەکەی، مێژووەکەی، جیۆگرافیا و زمانەکەی پێوەندییان بە منەوە هەیە. ئەو وڵاتە هەر چییەک بێت، هیی هاوڕێکانمە و خۆشم دەوێت. ئەگەر مرۆڤ لە خۆشەویستی خۆیدا خاڵی ناشیرینی بەرچاو دەکەوێت، ئەوا تەنیا لەبەر ئەوەیە زۆر بە گەورەیی دەیبینێت و بە وردی سەرنجی لێ دەدات. کەواتە لەم کتێبەدا ئەگەر هەر خاڵێکی ناشیرین باس کرابێت، ئەوا لەبەر ئەوەیە. ئەم کتێبە ڕێگایەکی تر بوو بۆ من، تاکو بە شێوەیەکی تر لەم وڵاتە و لە خەڵکەکەی بڕوانم. سوپاسی هەموو ئەو هاوڕێ ئازیزانە دەکەم، کە لە چاپکردنی ئەم کتێبەدا یارمەتییان داوم و سوپاس بۆ ئەوانەیش لەبارەیەوە نووسیویانە.

ئەوەی زیاتر خۆشحاڵم دەکات، ئەوەیە، کتێبەکەم مانگی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ چ لە سلێمانی و چ لە هەولێر، هاوکات لەگەڵ کردنەوەی پێشانگای تابلۆکانمدا بڵاو دەکرێتەوە و خۆم بۆ خوێنەرەکانمی ئیمزا دەکەم}.

هەر ئەو چەند دێڕەی لەژێر ناونیشانی (جارێکی تر لە وڵاتی هاوڕێیانم)دا کردووەتە پێشەکیی چاپی دووەمی.

 

هەروەها (دلێر سەلیم ئیبراهیم) پێشەکییەکی بۆ ئەم چاپە نوێیە نووسیوە و دەڵێت:

 

(گەشتێک بۆ وڵاتی هاوڕێیانم)ی (ئەنیتا ئێسپاندەر)، کتێبێکە جیاواز لەو کتێبانەی لەبارەی کوردستانەوە نووسراون. ناکرێت لەوەدا کورتی بکەینەوە باس لە گەشتی ژنێکی دانمارکی دەکات بۆ کوردستان، بەڵکو لێرەدا دەبێت لانی کەم دوو خاڵ لە بەرچاو بگرین، یەکەم، ئەو ژنە هونەرمەندێکی شێوەکارە و دووەم، لە هەشتاکانەوە، وردتر لە ئەنفالەکانەوە تاکو ئەمڕۆ هونەرەکەی خۆی بۆ کوردستان تەرخان کردووە. کەواتە تێڕوانینی (ئەنیتا) بۆ ئێمە هێندەی ئاڕاستەیە لە دەرەوە بۆ ناوەوە، هێندەیش ئاڕاستەیە لە ناوەوە بۆ ناوەوە. واتە ئەو تەنیا وەک دانمارکییەک شتەکانی ئێمەی نەبینیوە، بەڵکو وەک کوردێکیش خوێندنەوەی بۆ دیمەن و بەسەرهاتەکان کردووە. خوێنەر لەناو زمانی ئەودا بەردەوام هونەرمەندێکی شێوەکار دەبینێت، هونەرمەندێکی سەرسام بە پاکیی سرووشت، کە لە تابلۆکانیدا ڕەنگی داوەتەوە. هێزی وشە و ڕەنگ لەم کتێبەدا وا دەکەن خوێنەر بە شێوەیەکی تر بۆ ناوەوەی خۆی بگەڕێتەوە، بەو مەبەستەی هەموو ئەو شتانە ببینێت، کە پێشتر نەیدیبوون. ئێمە لەوەیشدا بە هەڵەدا دەچین، ئەگەر ئەو کتێبە وا بخوێنینەوە، تەنیا باس لەو ماوەیە دەکات، کە (ئەنیتا) لە کوردستان ماوەتەوە، چونکە ئەو شارەزاییەی لە مێژوو و کەلتووری کوردیدا هەیەتی، یارمەتیی داوە لە پشت هەر دیمەن و ڕووداوێکدا کۆمەڵێک ڕایەڵ بدۆزێتەوە، با بە خێراییش بە لایاندا گوزەر بکات، وەک ئەوەی بەردەوام ڕۆحی پێکەنین و گاڵتەوگەپ لای تاکی کورد بە باکڕاوندە مێژووییەکەی دەبەستێتەوە، کە چۆن کورد ویستوویەتی لە ڕیگای ئەو دوو ڕەگەزەوە ڕووبەڕووی کارەساتەکان ببێتەوە. (ئەنیتا) دیاردە سایکۆلۆجی و سۆسیۆلۆجییەکانیش بە شێوازی خۆی دەبینێت و خوێندنەوەی وردیان بۆ دەکات، بۆ نموونە ترسی تاک کورد لە تەنیایی و هەستکردنی بە ئاسوودەیی لەناو گرووپە گەورەکاندا. لێرەدا نموونەی ئەوە دەهێنێتەوە چۆن شوفێرەکان کاتێ لە شەقامە سەرەکییەکان دوور دەکەونەوە، لە جیاتی ئەوەی خێراییان کەم بکەنەوە، زیادی دەکەن، چونکە هەست دەکەن لە قەرەباڵغی دابڕاون و دەبێت بە زووترین کات پێی بگەنەوە. ئەم کتێبە تەنیا تراجیدیا لە خۆی ناگرێت، بەڵکو هەوڵی یەکەمی بۆ ئەوەیە لایەنی کۆمیدیا دەربخات، کە ئەمەیش خاڵێکی ترە لەو خاڵانەی ئەم کتێبە لە زۆربەی ئەو کتێبانە جیا دەکاتەوە، کە چ ڕۆژهەڵاتناسان و چ مێژوونووسانی خۆمان نووسیویانە و تەنیا فۆکووسیان لەسەر لایەنی تراجیدیا کردووە. (ئەنیتا) لە ژیانی ڕۆژانەی خۆیشیدا ژنێکە شێتی پێکەنین و قسەی خۆش. ئەو ژنە هونەرمەندەی تا ئەو ڕادەیە شێتی ژیانە، کەچی  ئەوە چارەکە سەدەیەکە خەمی نەتەوەیەکی تراجیدیی وەک کوردی لە کۆڵ ناوە. ئەم کتێبە دەکرێت ببێتە سەرچاوەیەکی گرنگ، نەک لە بواری ژیاننامەدا، بەڵکو لە بواری مێژوو، کەلتوور، سایکۆلۆجیا و زۆر بواری تریش، بۆیە چاپکردنەوەی پێویستە. بە داخەوە چاپی یەکەمی نەکەوتە بەر دەست ژمارەیەکی زۆری خوێنەر، ئەگەرچی کاریگەریی گەورەی لای ئەوانە جێ هێشت، کە خوێندیانەوە. ئەو گوتارانەی هەندێک نووسەریش لەو بارەیەوە نووسییان، لەوانە (ئاوات محەمەد) و (گۆران هەڵەبجەیی)، زیاتر گرنگیی ئەو کتێبەیان دەرخست.

 

Previous
Next

Leave a Reply