Skip to Content

Tuesday, March 19th, 2024
سى ساڵ دواى شەهید ئارام … عەزیز ڕەئووف

سى ساڵ دواى شەهید ئارام … عەزیز ڕەئووف

Closed

هەرچەندە شاسوار جەلال"ئارام" شانى دابووە بەر کارێک هەروا سانا نەبوو. بەڵام بێحەد یاخیبوونێکى جوان بوو. کارکردن لەسەر بیرى مارکسیزم لە کۆمەڵگەى کوردیدا و کۆکردنەوەى کۆمەڵێک مرۆڤى"بێ خوا" لە کۆمەڵگەیەکى تەقلیدى و خێڵەکى کوردی لە سەرەتا و ناوەڕاستى حەفتاکانى سەدەى ڕابردوودا هەروا کارێکى ئاسان نەبوو. بەڵام بۆ بەدیهێنانى سەرجەم ئەو خەون و خواستانە ئارام دەبوو لە زۆر شتى تایبەت بە ژیانى خۆیى و پارتەکەى ببورێت. بۆ ئارام ئاسان نەبوو لە یەککاتدا شەڕى دیکتاتۆر بکات و لە لایەکى تریشەوە بیەوێت شۆڕش بە پاکى بهێڵێتەوە و دژى ئەوە بێت کە خێڵەکان بانگێشتى ناو شۆڕش بکرێن و وەکو خۆى گوتەنى" بۆ ئەوەى چەک نەمێنێ، دەبێت چەک بە شانمانەوە بێت" بڕواى بە چەکیش نەبێت. بەڵام دەرئەنجام بریسکەى تفەنگەکەى دەبێت بە بەڵا بۆی و جاشەکان لەدوورەوە بەدى دەکەن و بێئەوەى بتوانێ بەرگرى لەخۆى بکات گوللە بارانى دەکەن و تەنانەت یەک پێشمەرگەى پارتەکەشى لەگەڵدا نابێت.
ئەو جۆرە خەباتکردنە و ئەو شێوەیە لە ژیان و هەڵسەکەوتى سەرکردەیەک لەناوجەرگەى کوردستان و ڕاهاتن بە ژیانى لادێ و خۆشەویستى خەڵکى گوندنشین بۆ ئارام، سیمایەکى هەرە دیارى سادەیى ئەو پیاوەى دەردەخست کە ئەم جۆرە ڕەفتارە لە کەم سەرکردەى ئەو سەردەمەدا هەست پێدەکرا. بەمانایەکى تر ئارام هەڵگرى چەندین خەون بوو، ئەو دەیویست شۆڕش سادە بێت وەک خەڵک، بۆیە ئەندامەکانى پارتەکەى بەم فۆرمە پەروەردە دەکرد، بەڵام بەبێ ئەوەى هەست بەخۆى بکات، شۆڕش لێوانلێو کرا لە سەرۆک خێڵ و پیاوانى تەقلیدى، ئەمەش بەبیانووى ئەوەى بۆ خەباتى چەکدارى پێویستن و شۆڕش دەیەوێت لەسەر پاى خۆى بوەستێت. لێرەوە ئارام هەستى بەوە کرد کە خەباتى چەکدارى چ زیانێک بە شۆرش دەگەیەنێت، بەڵام چاریشى نەبوو بۆ ئەوەى چەک نەمێنێت دەبێت چەک بە شانەوەبێت.
دواى سى ساڵ تێپەڕبوون بەسەر مەرگى شاسوار جەلالدا، دۆخێک خوڵقاوە کە تەنها کۆتایى دیکتاتۆر یەکسان بوو بە خەونەکانى ئارام، ئەگینا گۆشکردنى تاکەکانى کۆمەڵگە بە مارکسیزم و ئیفلیجکردنى دەسەڵاتى خێڵەکان و مانەوەى شۆڕش بەبێ خەوش و ژیانى سەرکردە لەناو خەڵکى سادەدا بە هیچ شێوەیەک لە دەرکەوتەکانى دواى ڕاپەڕینى کۆمەڵگەى ئێمە نین.
هەرگیز دۆخى دواى ڕاپەڕین ئەو دۆخە نیە کە ئارام خەباتى بۆ دەکرد. هەرگیز ئەو دۆخەى کە ئیستا لەئارادایە دۆخێًک نیە کە یەکسان بێت بە خەونەکانى ئارام. ئارام خەونى بە کۆمەڵگەیەکى یەکسانەوە دەبینى کە ئیستا کۆمەڵگەى کوردى هەرچیەک بێت کۆمەڵگەى یەکسان نیە. ئیستا پیاوانى شۆڕش خاوەنى زۆرترین سەرمایەن و چینى هەژاران و کرێکاران و جوتیاران، کە ئارام لەناویاندا دەژیا لە چینە هەرە گوناهەکانى کۆمەڵگەى کوردین. گەر ئارام لە ناوەڕاستى حەفتاکانى سەدەى ڕابردوودا نیگەران بووبێت بە هاتنى خێڵەکان بۆ ناو شۆڕش ئەوا ئیستا لە سایەى شۆڕشەکەى ئارامدا خێڵ لە هەر چرکەساتێکى تر چانسى ژیانیان هەیە و لە شۆڕشەکەدا پشکى شێریان بەرکەوتووە. ئیستا دیوەخانەکانى خێڵ جمەیان دێت و دەسەڵاتیش بەوپەڕى توانایەوە لە یارمەتیدانیان درێغى نەکردووە، گەر هیچ نەبێت دەسەڵات لە تاوانەکانیان لە ژنکوشتن و ئیفلیجکردنى هەر هەوڵێک بۆ بەمەدەنى کردنى کۆمەڵگا چاوپۆشی کردووە.
سى ساڵ دواى ئارام بە چەندین مانا و مەغزا ئاشنا دەبین. ئاشنا بووین بەوەى کە شۆڕش نەیتوانى دنیایەکى نوێ بۆ هەژاران بنیاد بنێت، وەک ئەوەى ئارام خەونى پێوە دەبینى. شۆڕش نەیتوانى ئەو گوندانە ئاوەدان بکاتەوە کە ئارام بە ئازادى لەناویاندا دەژیا و خەونى بەوەوە دەبینى کە دواى ڕوخانى دیکتاتۆر ژیانیان بۆ بگەڕێنێتەوە. سەربارى ئەوەش شۆڕش نەیتوانى کۆمەڵێک سەرکردەى شەرمنى وەک ئارام پەروەردە بکات، کە شەرم لە نایەکسانى بکات.
بۆ خوڵقاندنى دۆخێک، وەک ئەو دۆخەى کە ئارام خەونى پێوە دەبینى، پێویستمان بە دنیابینیەکى نوێ هەیە. پێویستمان بەوە هەیە بە ڕۆحى ئارام هەر بە گەنجى بمێنینەوە. ئارام دەیزانى شۆڕش هەر لەگەڵ هەڵگیرساندنیدا پیربووە، بۆیە دەیویست شۆڕش لە پیربوون قوتار بکات، بەڵام بەبێ ئەوەى ئارام بەرهەمى شۆڕش ببینێت، شۆڕش بەو پیریەوە هاتە سەر دەسەڵات و بۆ مانەوەى خۆیشى لەسەر دەسەڵات لە زۆر بیروباوەڕ و دروشم و بەرنامەکانى ئارام پاشەکشەى کردووە.
ئەوەى ئارامى بەجوانى هێشتەوە ئەوەیە کە وەک گیڤارا مرد و دۆخێکى نەبینى کە بەرهەمى شۆڕش وەک کاسترۆ بیکاتە دیکتاتۆرێکى پیر.


azizrauf2003@yahoo.com

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.