شەرەمەزاری و خەفەت و توڕەیی دەمانگرێنێ
شەرمەزاری لە مێژوی پڕ شورەیی براکوژی ، خەفەت بۆ گیانی پەپۆلەی گەنجان و مێرمنداڵانی کوردستان و تورەیی لە ئاستی بەرپرسیارەتی حاکمانی کوردستانی باشور.
ئەوەی ١٧ /٢/٢٠١١ لە سلێمانی رۆییدا ، کوولانەوەی برینێکی قوڵی مێژوومان بوو ، برێنێک کە سارێژ کردنەوەی لەمەودوا ئاسان نییە ، بڕینی کوشتنی کورد بەدەستی کورد . کاتێک کادیرە چەک لەشانەکانی حیزبێکی سیاسی ٦٦ ساڵانەی کوردستان جیاوازی لە نێوان دوژمنی دەرەکی و گەنجێکی موبایل بەدەستی بەردەهەلگر ناکات ، ئەو گەنجانە بە هەر هۆکارێک بەردەرگای لقی چواری کونکرێتکراو یان گرتبێت نابێت بە هۆکار بۆ ئەوەی بدرێنە بەر دەسترێژی گولە ، دەکرێت بپرسین عالی جەناب کە ئایا نرخی شوشەشکاوەکانی بارەگاکەت ، بە ئەندازەی نرخی هەموو مێژوویی شورەیی براکوژی گەلی کوردە؟ ئایا ئەو گەنج کوژانە، ئەندامانی حیزبێک ،کە لافی ئەوە لێدەدات کوردستانمان بۆ سەربە خۆ دەکات ، بۆ یەک ساتیش بیریان کردەوە کە تەقە لە کێ دەکەن ؟ ئایا نەیاندەزانی ئەوانە تەنها چەکی دەستیان دروشم و وێنەی یادگاری و بەردێکە کە بەس کونکرێتێکی ٤٠ سانتیم دەپێکێت؟ ئەوان دەبێت تائەو رادەیە زوحاک ئاسا بن کە تینوێتیان بەس بە خوێنی گەنجانی ژێر ٢٠ ساڵی کورد بشكێت؟ . پارتی هەر هۆکارێک بهێنێتەوە بۆ ئەو شەرمەزارییەی کە خولقاندی دادی نادا ، ئایا ئەو بەڵێنەی کە سەرۆکی پارتی چەند جار دووبارەی کردەوە بەس بایی ئەوەندە بڕی کرد کە بەرد لە کۆنکرێتی بیناکەیان نەگیریەت؟ ، ئەو بەڵێنەی کە وتی تازە خوێنی کورد بە دەست کورد نارژێت ؟.با پارتی هەموو شەرمەزارییەکانی پێشوو لە ژێر ناوی مێژوویی دۆخی تایبەتی بسرێتەوە و بە مێژووی ناچاری دابنێت ، بەڵام لێرەوە مێژووە راستەقینەکەی خۆی دەستپێدەکات کە بەڕشتنی خوێنی گەنجانی خوێنگەرم کردویەتەوە ئەمە ئیتر دارشتنی خۆیەتی ، کەس ناچاری نەکردووە و کەس ناچاری ناکات ، ئەم دەقە خۆی داییدەرێژێت نەک کەسی تر ، بەیەک شێوە پارتی دەتوانێت خۆی لە نووسینی دارشتنێکی سفرهێنی شەرمەزارکەر رزگار بکات ئەگەر و تەنها ئەگەر پارتی دان بەو تاوانە مەزنەییدا بنێت و ئۆباڵی هەموو تاوانەکە هەلبگرێت و تاوانباران بە وردو درشتەوە بخاتە بەرپای فریشتەی دادگەری . هەرچەندە بەمەش ئەو خوێنە کە رژا ناگەرێتەوە نێو جەستەی برینداران و رۆحی پەپولەی ئەو مێرمنداڵە شەهیدانە ناچێتەوە ناو جەستە ساردەوەبووەکەیان .بەڵام لانی کەم ئەمە تارادەیەک ، ئێمە باوەڕ پێدەهێنێت کارەساتەکانی پێشوو ئەوە پارتی نەبوو کردی بەڵکو باڵانسی هێزی دەرەکی و ساویلکەیی خۆمان بوو. ئەو دەم دەتوانین بڕوا بە سەرلقە بی کەی سی لە شانەکەشی بکەین کە پارتی حیزبێکی بەهێزە و هێشتا بایی ئەوەی کە وڵامی سەلامێکی ئاسایی بدەینەوە مۆڕاڵی تێدا ماوە.