Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
كەركوك خەمی هەمووانە … باهیر گلی/بەلجیكا

كەركوك خەمی هەمووانە … باهیر گلی/بەلجیكا

Closed
by February 19, 2011 مێژوو

 

 كەركوك ئاریشەو گرفتێكی ئاڵۆز و پڕە لە گرێ كوێرە و لە تەونی جاڵجاڵۆكە دەكات مێژووی ئەم شارە بەرزی و نزمی
بە ئەمدیوو ئەودیووا دیووە وهەمیشە جگە لە لایەنە ناكۆك و دەوڵەتە هەرێمایەتییەكان بەهۆی سامانی سروشتییەوە
زلهێزانیش چاویان تێ بڕیوە و دوور ونزیك بەئاگابون لە ڕووداو و سەرهات و ڕاپەڕین و خۆنیشاندانەكانی خەڵكی ئەم شارە .
دەشێ هەریەكە لە نەتەوەكانی ناو شارەكە موڵكدارێتی شاری كەركوك بۆ خۆ ساغ بكەنەوە یان چاكتروایە بڵێین بۆ خۆ
لە قەڵەم دەدەن لێ بەدیكۆمێنت و دان پێدانانی زۆربەی نەیارانی كورد بەبنەڕەت خاكەكەی كوردوستانە و نكوڵی لێ ناكرێت و هەر بە كوردوستانیش دەمێنێتەوە ئەگەر چی زۆرێ كەس هەوڵی دا ئەو مۆركەی لێ بسڕێتەوە و تا بەئەمڕۆش
دەگات نەتوانراوە لە كوردوستان جیا بكرێتەوە پێمان وایە ئەگەر كورد چاكی لێ بكا بەلادا ئیمڕۆ باشترین فرسەت ودەرفەتە بۆ گەڕاندنەوەی یەكجارەكی سەر هەرێمی كوردوستان و كوێركردنەوەی ئەو دیدانەی هەمیشە بەنیەتی خراپەوە
لێی دەڕوانن .
لەڕووی خەبات وتێكۆشانی سیاسی و ڕۆشنبیری و پێشمەرگایەتی وئابوری ……..هتد .كەركوك و كوردانی شارەكە پێشەنگیان قۆرغ كردووە هەر لە دێر زەمانەوە كەركوك سیاسەتمەدارو ڕۆشنفكر و پێشمەرگەی ناسراو و دیاری بەرچاوی لە باوەشی خۆی گۆش كردووە و بۆ كوردوستانی پێ گەیاندوون .
خەڵكی كەركوك لە دانیشتوانی شارەكانی دیكەی كوردوستان كورد پەروەرتر و نیشتیمان پەروەرتر بوون بەهۆی ئەو جەورو ستەم وزۆردارییەی دەسەڵاتە یەك لە دوای یەكانەی عێراق كە بە هۆی هێزو زەبرو زەنگەوە دەرهەقیان ئەنجام دراوە .ئەم ژانرە چ پەیوەست بوونێكی نێوچەگەری ناگرێتەخۆی بەڵكو ئەوەی باسی لێوە دەكەین پرسی نەتەوەیی گشتگیرە
هەموو كورد لە هەمبەر ئەم پرسەدا قوربانی خۆ بەخت كردنیان داوە .بەڵام خەڵكی ئەم شارە ئەوەنەبێ دەستە وەستە بوو بن لە ئاست بزاڤە ڕزگاریخوزەكانی كوردوستان لێ ڕۆڵەو نەوەی خۆی سوور خەڵاتی خەباتی نەپساوەی نەتەوەیی كردوە و لەم مەیدانەیشدا چەلەنگ مەند و ئازاو بوێری زۆر هەڵكەوتون و هەر لەو ڕێگایەشدا بوونە قوربانی ئێستاشی لە گەڵدا بێ شوێنەواری ئەو بەشداربونەی كەركوكییەكان بەجەستەی خاك و خەڵكەكەیەوە بەتایبەتی كوردەوە دیارە .
تەنانەت لە خەباتی نوێنەرایەتی كردن و بەشداربوون لە هەڵبژاردنەكاندا كەركوكیەكان لە پێشەوەی سەنگەر بوون  و
لە دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقی نوێوە تا بەئەمڕۆ دەگات كورد لە كەركوك ئەو ڕێچكە پیرۆزەی كوردایەتی ونەتەوەی ونیشتیمانییەی كوردوستانی بەرنەداوە .
لەڕووی مێژوویشەوە مێژووی تازەی عێراق ئەوەمان بۆ دەگێڕێتەوە كە كورد لە شاری كەركوكدا لە ڕووی دانیشتوانەوە
زێتر بووە لە پێكهاتەكانی دیكەی شارەكە تەماشا كاتێ ئینگلیزەكان عێراقیان داگیر كردبوو و (لۆنگریك نوئێل )  لە ساڵی
1918 كە جێگری فەرمانڕەوایی سیاسی ئینگلیز بوو لە كەركوك ئەركی دامەزراندنی ئەنجومەنێكیان بۆ شارەكە پێ سپێردرا بوو ئەنجومەنێك بۆ شارەكە پێك دێنێت لە 12 كەس كە شەشیان كورد و سیانیان توركومان و یەك عارەب و
یەكێكیشیان كلدانی یەك جوولەكەش بەم شێوەیەبووە .
1…ئەحمەد خانەقا                                     كورد
2…ئەحمەدحەمدی ئەفەندی                           كورد
3…جەمیل بەگ بابان                                  كورد
4…شێخ حەمید تاڵەبانی                                 كورد
5…عومەر ئاغا                                           كورد
6…ڕەزا بەگ                                            كورد
7…حاجی جەمیل بەگ                                  توروكمان
8…حوسێن بەگ نەفتجی                                توروكمان
9…مەجید ئەفەندی                                     توروكمان
10.حوسێن العلی                                        عارەب
11.قستەنتین ئەفەندی                                  كلدانی
12.حسقیل ئەفەندی                                    جولەكە
لێرەو‌ە و پێشتریش هەوڵی گۆڕینی مۆركی نەتەوایەتی لەم شارەدا لە لایەن دەسەڵاتە یەك لە دوای یەكەكان هەوڵی بۆ دراوە توركەكانیش درێغییان نەكردوە هەوڵی زۆریان ڵە سەردەمی فەرمانڕەوای خۆیانداوە بۆ گۆڕینی مۆركی نەتەوایەتی
چونكە شاری كەركوك جگە لە خەسڵەتی سامانە سروشتیەكان چەقی هاتووچۆی لە نێوان باكوور و باشوور و خۆرهەڵات وخۆرئاوا بووە لێرەدا دەبینین گەڕیدەی ڕۆژئاوایی دكتۆر و بازرگان (لیونارد ڕاوڵف)كە لە كۆتایی ساڵی 1574 ی زاینی
گەشتێكی بۆ كەركوك و هەندێ لە ناوچەكانی دەوروبەری كردوە ئەم گەشتەی بە زمانی ئینگلیزی بڵاو كردوەتەوە وە (وسیم تەها التكریتی )لە ساڵی 1978 كردویەتی بە زمانی عارەبی لە (ڕحلە المشرق الی العراق وسوریا وفەلەستین)لە
لاپەڕە(192 ………..196 ) دەڵێ (گەشتەكەمان لە بەغداوە دەست پێ كرد بەرەو شاری كەركوك كە شەش ڕۆژە پێ دوور بوو دەكەوێتە سنووری لیوای میدیا لە دوورییەكی كەمەوە لە داقوق قەڵایەكی تۆكمەمان بینی یەكێك لەحامیەكانی
تووركی تێدابوو ئەویش دەكەوێتە ناوچەی كوردەكانەوە بە زمانێكی تایبەت قسەیان دەكرد من وهاوڕێكانم لێیان تێ نەدەگەیشتین) هەروەها ئەم گەڕیدەیە نوسیویەتی كوردەكان ناتوانن بەزمانی فارسی و توركی قسە بكەن
تەواوی دیكۆمێنت وگەڕیدەكان ئەوە دەسەلمێنن كە كەركوك كوردوستانیە ئەگەر بەوردی دیقەتی لای سەرەوە بدەین گەڕیدەی ناو براو دەڵێت (كەركوك دەكەوێتە سنووری لیوای میدیا ) ئەمە چاكترین گەواهیدەرو بەڵگەیە كەسێك لە مێژووی وەها باسی میدیا بكات و لە سەردەمی ڕژێمی بەعس و لە ساڵی 1978 بەچاپ گەیشتنی كە ئەمە هەرگیز دەزگا سانسۆرییەكانی بەعس ئەو ڕێگەیان نەداوە شتێ وا باس بكرێت دیارە بەسەریاندا تێپەڕیووە و یانیش ملكەچێ دیفاكتۆی مێژووی بوون .
هەڵبەتە بوونی كەركوك لە نێو ویلایەتی موسڵ دەبێتە مایەی دروست بوونی كێشە و گرفت لە ناوچەكە چونكە جگە لە كورد تورك و ئینگلیز و عێراق بەنیازی ساغ كردنەوە بوون بۆ خۆیان دیارە مەبەستمان لە ئینگلیز كە ئەوكات داگیركەری عێراق بووە و ویستویەتی بارەكە بەلای تەرازووی خۆیدا بشكێنێتەوە لە ناكۆكی نێوان ئینگلیز و عێراق لە لایەك ودەوڵەتی توركیا لە لایەكی دیكەوە بۆ ساغكردنەوەی ئەم پرسە دیارە دیسانەوە و ئەوكاتیش پەنا بۆ ئامار براوە هەریەكەیان ئامارێكیان ئامادە كردووە دیارە وزەقە كە هەریەكەیان هەوڵی داوە نفوزی خۆی زیاد بكات بە هەردوولایانیش لە كوردیان كەم كردوەتەوە كورد دەڵێ (با بێ و باران بێ لە بەفر كەم دەكاتەوە ) سەرەڕای ئەوەیش ئینگلیز بەم جۆرە ئامارەكەی نیشانداوە كە نفوزی عارەبی زیاد كردوە .
كوورد                          45000  چل وپێنج هەزار كەس
توركمان                        35000  سی وپێنج هەزار كەس
عارەب                          10000  دە هەزار كەس
جولەكە                         1.400  هەزار و چوارسەد كەس
مەسیحی                        600   شەش سەد كەس
توركەكانیش بەم جۆرە ئاماری خۆیان پێشكەش كردووە بێ ئەوەی ئاماژە بە جولەكە ومەسیحی شارەكە بدەن
كورد                          97.000 نەوەدو حەوت هەزار كەس
توركمان                       79.000  هەفتاو نۆ هەزار كەس
عارەب                        8.000 هەشت هەزار كەس
ئەم ئامارە جیاوازە كارێكی ئەوتۆی كرد كە هەردوو لایەنی ناكۆك بە هیچ ئەنجامێك نەگەن هەرچەندە ئێـمە پێمان وایە ئەگەری ئەوە لە ئارادا هەبێت كە ئینگلیزەكان بۆ بەرژەوەندی خۆی توركی زیاد كردبێ هەتاكو كێشەكە نەچێ       كۆمەڵەی      گەلانەوە چونكە  دوای هەردوو ڕێكەوتنامەی لۆزانی 1922 ….1924 ئەستەمبوڵی 19 ی مایسی  1924 كە بەهۆی بوونی دوو بڕگە لە ڕێكەوتنامەی لۆزان دەڵێت (ئەگەر هەردوو لا نەگەیشتنە ڕێكەوتن ئەوا بۆ چارەسەر كردنی كێشەی ویلایەتی موسڵ بەرز دەكرێتەوە بۆ كۆمەڵەی گەلان )لەسەر ئەم بنەماو ڕێچكەیە پرسەكە بۆ (كۆمەڵەی گەلان )
بەرز كرایەوە ئەوانیش لە 20ی ئەیلولی هەمان ساڵدا بڕیاریاندا لیژنەیەك بۆ لێكۆڵینەوە و ساغ كردنەوەی ڕەوانەی ناوچەكە بكات لیژنەكەیش بەڕاپۆرتێكی تێرو تەسەل ئاگاداری (كۆمەڵەی گەلانی) پێ بكاتەوە  لیژنەكەیش لەمانەی خوارەوە پێك هاتبوون
1..ئەنیار فرسین            دیبلۆماتكاری سویدی
2..كون ئەلكوتت بارتیلیكی  سەرۆك وەزیرانی پێشووی هەنگاریا
3..پاوڵس                   سەرهەنگی خانەنشینی بەلجیكا
ئەنیار پسپۆری لە ناوچەی (بەلقان) لە یاداشتەكانی خۆیدا كە بە زمانی سویدی نوسیویەتی (لە بەڵكانەوە تا بەرلین )لە ساڵی 1942 لە دوو تۆێی كتێبێكی 240 لاپەڕەیدا لە ستۆكهۆڵم  بە چاپی گەیاندوە لەم یاداشتنامەیەدا لە چوار بەشی باسی ویلایەتی موسڵ كردووە لە هەموو بوارەكان(كۆمەڵایەتی ..سیاسی ..ئابووری )لە لاپەڕە 159…..160 باس لە پێكهاتەی نەتەوەیی ویلایەتی موسڵ دەكات كە بیروڕای خۆی تێدا تۆمار كردووە وبەم جۆرە لێی دەدوێت
                  شاری كەركوك 
1..كورد زیاتر لە 46.000 چڵ وشەش هەزار كەس
2..عارەب نزیكەی 27.000 بیست و حەوت هەزار كەس 
3..توركمان 26.000 بیست وشەش هەزار كەس
4..مەسیحێ نزیكەی 2.500 دوو هەزار وپێنج سەد كەس
               شاری سلێمانی
1..كورد   190.000سەدو نەوەد هەزار كەس
2..عارەب    75 تەنها هەفتاو پێنج كەس
3..جولەكە  1.550 هەزار و پێنج سەدو پەنجا كەس
             شاری هەولێر
1..كورد  زیاتر لە 170.000 سەدو هەفتا هەزار كەس
2..عارەب         12.000 دووانزە هەزار كەس
3..توركمان   كەمتر لە 2.000 دوو هەزار كەس
4..جولەكە    كەمتر لە 2.000 دوو هەزار كەس
5..مەسیحی  كەمتر لە 2.000 دوو هەزار كە‌س
           شاری موسڵ  پێكهاتەیەكی ئاڵۆزە و بەم جۆرە باسی لێوە دەكات
1..عارەب             150.000 سەدو پەنجا هەزار  74.000 یان لە ناو شارن
2..كورد               56.000 پەنجاوشەش هەزار  لە نێوانیاندا كوردی یەزیدیش
3..توركمان           10.000 دە هەزار كەس 
4..مەسیحی           55.000 پەنجاو پێنج هەزار كەس  19.000 هەزاریان لە ناو شارن
5..جولەكە            80.000 هەشتا هەزار كەس  نیوەیان لە شارن
ئەم ئامارەیش ئەوە دەردەخات كورد هەم لەسەر ئاستی ویلایەتی موسڵ هەم لە سەر ئاستی شاری كەركوك زیاتر بوون لە نەتەوەكانی دیكە ئەمە دەكرێ بڵێین بەركوڵێكی زۆر سەرەتایی ئەو دیكۆمێنت وبەڵگانەیە كە لە سەر ئامار و
كەركوك هەن و هەموویانیش هەر بۆ كوردی ساغ دەكەنەوە بەبێ ئەوەی كورد خاوەنی دەسەڵات بووبێت  لە ئاماری تازەیشدا هەمان شێواندن وبەرژەوەندی خوازی بەدی دەكرێت با لێرەدا بەراوردیەكی نێوان ساڵانی 1957…تا 1977 لە ڕووی ئاماری شاری كەركوكەوە بكەین هەڵبەتە لەگەڵ بەردەوامی پرۆسەی بەعەرەب كردن
          سەر ژمێری  1957
كورد             187.593 سەدو هەشتاو حەفت هەزار و پێنج سەدو نەوەدوو سێ كەس
عارەب           109.620 سەدو نۆ هەزار وشەش سەدو بیست كەس
        سەر ژمێری 1965
كورد             170.905 سەدو هەفتا هەزار ونۆسەدو پێنج كەس
عارەب           184.535 سەدو هەشتاو چوار هەزار وپێنج سەدو سی وپێنج كەس
       سەر ژمێری1977
 كورد    184.857 سەدو هەشتاو چوار هەزار و هەشسەدو پەنجاو حەفت كەس
عارەب   218.755 دوو سەدو هەژدە هەزار وحەوت سەدو پەنجاو پێنج كەس
لە ماوەی ئەو بیست ساڵەدا عارەب نفوزی زیاد لە دوو بەرابەر زیادی كردووە ئەمەیش بەزەقی ئەو پرۆسەیە ئاشكرا دەكات هەموو لایەكیش لێی بەئاگان .
لە هەمان ئەو بیست ساڵەدا كورد 2.736 كەس كەمی كردوە بشێ ئەمە كردەیەكی سانا بێت و هەروەها بە ئاسانی بەسەر ئەنجامدەرانیدا تێپەڕێت .
ئەمڕۆ ش كەركوكیەكان لە گێژاوەیەكدان كە پێویستە پرسەكەیان یەكلا بكرێتەوە چونكە ناكرێ شارێكی وەها دەوڵەمەند لە وێرانەترین شاری ڕۆژ هەڵاتی ناوین بكات .
هەر چەندە زۆر واژۆ كراوە لە سەر كاغەز لە لایەن سەركردەكانی كورد و لایەنە عێراقیەكانی ترەوە كە ئێستا لەعێراق فەرمانڕەوان بەڵام تاكو ئێستا نەگەیشتوەتە بواری جێ بەجێ كردنەوە ئەو هەموو واژۆیانەش لە  6 موتەمەردا كراون هەر یەكەیان لە وڵاتێك و بەئاماد‌بوونی نوێنەری زۆر لە وڵاتان .وەكوكۆنگرەی  دیمەشق .و كۆنگرەی سەلاحەدین   و كۆنگرەی  نیۆرك و كۆنگرەی لەندەن  كۆنگرەی سەلاحەدین جارێكی تری  كۆنگرەی بەیروت .هتد

لە دەرئەنجامی ئەو كۆنگرانەی باسمان كردن لە سەرەوە كۆمەڵێ بڕیار وەرگیراوە لە كۆنگرەی لەندەن و لە یەكێك لە خاڵەكانی دەڵێ  (ئامادەبوان بڕیاریان دا ئەولەویەت بە ڕۆڵی ئۆپۆزسیۆنی نیشتیمانی و ڕەوتە جیاوازەكانی بدرێت لە هەموو قۆناغەكانی ئەو پرۆسەی گۆڕانكارییەی چاوەڕوانی لێ دەكرێت )
هەر لە دەرئەنجامی ئەو كۆبونەوەو بڕیارانەیە كەپاش ڕووخاندنی ڕژێمی بەعس و بەبڕیاری ژمارە 50 ی ڕێكەوتی 29./9/2003 ئەنجومەنی كاتی عێراق (مجلس الحكم) دەربارەی كەركوك دەڵێ (پووچەڵ كردنەوەی هەموو ئەو یاساو بڕیارو سیستەم و ڕێنمایی و فەرمانانەی كە لەلایەن ئەنجومەنی سەركردایەتی شۆڕش ولایەنە عێراقیەكانی دیكەوە دەرچوون بە مەبەستی گۆڕینی باری دانیشتوان باری سیاسی لە عێراق )
ئەمەیش بەواتا خۆی لە خۆیدا گەرانەوەی ئەو ناوچانەیە لەكەركوك دا بڕاون وەك(كەلار و كفری و دووز وچەمچەماڵ)
بۆ سەركەركوك وگەڕاندنەوەی ناحیەی (الزاب) بۆ سەر موسڵ
جا بۆیە پێویستە هەموو لایەكمان بڕژێنە نێو شەقامەكانی كەركوك وداوای جێ بە جێ كردنی ئەوسیستەم و بڕیارانە بكرێت كەلەم سەردەمی تازەیەدا دەركراون  .
 لەجیاتی  ئەوەی داوا ئەكرێت پەرلەمان وحكومەتی كوردوستان هەڵبوەشێتەوە كە خەباتی خوێنی شەهیدان و ماندووبونی میللەتێكە بە درێژایی سەدەیەك بێ پسانەوە با ڕوو لە كەركوك بكەین بۆ یەكلاكردنەوەی پرسە هەڵواسراوەكەی كاتی ئەوە هاتووە جیدی نەبینە بەرداشی نێوان هەولێر و بەغدا .
ئێمەی كەركوكی هەوڵەكانمان چڕ بکەینەوە بۆ گەڕانەوەی سەر هەرێمی كوردوستان چونكە بە دیكۆمێنتی جوگرافی و ئامار هەر ئێمە براوەی گرەوین ئەو گرەوەی كە بڕیارە بكرێت و تائێستا هیچی دیار نییە.

 

  باهیر گلی/بەلجیكا

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.