مه‌لا عه‌لی شاعیری مه‌رگ و عه‌شق…
هه‌ستكردن به‌نزیكی مردن هه‌ستێكی ترسێنه‌ر و سه‌یرو خه‌فه‌ت ئامێزه، بۆ مرۆڤی ساده ئه‌وانه‌ی كه ژیانیان خۆشده‌وێ و به‌توندی باوه‌شیان كردووه به ژیاندا هیچ شتێك له‌وه قورس‌تر و ترسناكتر نیه كه پێی بڵێن مردن هات…مردن ئه‌و ناوه‌ی له‌ناخه‌وه هه‌مومان رادهچهڵكێنێت و به‌هه‌زاره‌ها شێوه له‌خه‌یاڵماندا خۆی نمایش ده‌كات.
بۆ مرۆڤه ئاساییه‌كان ئه‌وانه‌ی ژیانیان ده‌قی گرتوه به شته دوبارهبوهكانهوه ساته‌وه‌ختی مردن ساته‌وه‌ختی روخانی دونیایه، ساته وه‌ختی له‌ده‌ستدانی خۆشییه‌كان و گلۆربونهوهیه به‌ره‌و دۆڵه قوڵه‌كانی نا ئومێدی و جێهێشتنی ئه‌وانه‌یه كه‌خۆشیان ده‌وێ و ئه‌وانه‌ش كه ئه‌مانیان خۆشده‌وێت.
ره‌نگه به‌یانیه‌ك كتوپڕ خه‌به‌رمان نه‌بێته‌وه، و خێزانه‌كانمان پاش نائومێدبون لهههڵسانهوهمان بۆ هه‌تایی خۆیان بگرنه قوڕ، یاخود له‌سه‌فه‌رێكدا ئۆتۆمبیلێكی سه‌رشێت هه‌نجن ههنجنمان بكات و پارچه‌كانمان به‌ئاسانی نه‌ناسرێته‌وه.
ئێمه‌ی مرۆڤه ساده‌و ئاساییه‌كان یاخود به‌نه‌خۆشی ده‌مرین یاخود بهروودوای زۆر توڕوهات و ئاسایی، هه‌ربۆیه چۆن ژیانیشمان هیچ گرنگیه‌كی به‌دوای خۆی جێنه‌هێشتوه، مهرگهكانیشمان هیچ شتێكی وه‌ها جێناهێڵێت، ئێمه ئه‌وانه‌ی ده‌ستمان گرتوه به‌ژیاندا كتوپڕ وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌رگیز نه‌ژیابین له‌شاخێكی به‌رزه‌وه فڕی ده‌درێنه خواره‌وه‌و هه‌پرون به‌هه‌پرون ده‌بین..ئای مه‌رگ چه‌نده بۆ ئێمه سامناك و چه‌نده بۆ مرۆڤه گه‌وره‌و نائاسییهكان سه‌رنج ڕاكێشی.
مه‌لا عه‌لی وه‌ك مرۆڤێك، وه‌ك شاعێرێك، وه‌ك پێشمه‌رگه‌یه‌ك، وه‌ك زیندانیه‌ك پیاوێكی گه‌وره‌یه، گه‌وره به‌مانای گه‌وره‌یی، به‌مانای كه‌سێك له‌ساته‌وه‌ختی مردن‌دا به‌رووی ژیاندا پێده‌كه‌نێ، له‌ساته‌وه‌ختی ژیانیشدا پێشوازی له‌مردن ده‌كات.
قسه‌كردن له‌سه‌ر شیعره‌كانی ده‌بێت خاڵی بكه‌ینه‌وه له‌هه‌سته سیاسیه‌كان، ده‌بێت به‌دوربگرین له پۆخڵه‌واتی ئه‌م سه‌رده‌مه، ئاخر ئه‌م كوڕی سه‌رده‌مێكه سیاسه‌ت به‌م شێوه‌یه ناشیرین نه‌بووه، سیاسیه‌كان به‌م شێوه‌یه‌ی ئێستا بوغراو بوغزای نه‌بون، سیاسیه‌كان نه‌بوبونه سه‌رمایه‌دار، شۆڕش و شۆڕشگێڕی مانای جودای خۆی هه‌بو، خه‌باتكردن و خۆبهكوشت دان ته‌نها یه‌ك ئامانجی هه‌بوو ئه‌ویش سه‌ربه‌رزی نیشتمان.
مه‌لا عه‌لی كوڕی سه‌رده‌مێكی پاكبو، كوڕی شۆڕشێك بوو نه‌وه‌كانی به‌پێكه‌نینه‌وه ده‌ڕۆشتنه به‌ر په‌تی سێداره و سرودی نه‌مریان ده‌وته‌وه، مه‌لا عه‌لی كوڕی كه‌س نیه كوڕی میلله‌ت نه‌بێت، مه‌لا عه‌لی كوڕی بیره‌وباوه‌ڕی پاكی خۆیه‌تی، مه‌لا عه‌لی به‌مانا مرۆڤ بوو، لێتان ناشارمه‌وه كه‌بۆ یه‌كه‌م جار دیوانی (شیعر‌و هه‌ڵوێست)ی شه‌هید مه‌لا عه‌لی م خوێنده‌وه هه‌ستێكی سه‌یر دایگرتم، له‌ناخه‌وه ئه‌و پیاوه‌م خۆش‌ویست، وه‌ك چۆن ژیانم خۆشده‌وێت، مه‌رگێكی هاوشێوه‌ی مه‌رگی ئه‌ویشم خۆش‌ویست.
ئه‌و ساڵه‌ی ئه‌م پیاوه ده‌مرێت، من له‌دایكبوم، به‌ڵام هه‌ستده‌كه‌م من و ئه‌و هاوڕێ بوین، هه‌ستده‌كه‌م پێكه‌وه له‌موسڵ له‌به‌رده‌می جه‌لاده‌كاندا ههڵواسراوین،پێكه‌وه دانیشتوین و چه‌نده‌ها شه‌و قسه‌مان كردوه، كه مه‌لا عه‌لیم ناسی تێر تێرگریام، ئێستاش نه‌مزانی بۆ ئه‌و گریام یان بۆ خۆم.
ئه‌م شاعیره كه ناوه ڕاسته‌قینه‌كه‌ی (حسێن مه‌ولود)ه ساڵی 1953 له‌گوندی به‌ربه‌ردی ناحیه‌ی ماوه‌ت له‌گه‌ڵ برایه‌كی دیكه‌یدا بهدوانهیی له‌دایكبوه، ساڵی 1977 په‌یوه‌ندی كردوه به كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی كوردستانه‌وه وبوه‌ته پێشمه‌رگه، له 30-1-1979 له‌گوندی كرژهی ناوچه‌ی سورداش به‌ده‌سیسه‌ی خۆفرۆشانی كورد له‌لایه‌ن به‌عسیه‌كانه‌وه ده‌ستگیرده‌كرێت و له‌رۆژی 23-7-1979 له‌به‌ندیخانه‌ی موسڵ له‌سێداره‌ده‌درێت.
شیعره‌كانی ئه‌م شاعیره شیعری ساتهوهختێكن له‌چاوه‌ڕوانی مردندایه، شیعری شاعیرێكن چاوه‌ڕوانی هه‌ڵواسینه،شیعری شاعێرێكن ئه‌وه‌ی به‌ژیانه‌وه ده‌یبه‌ستێته‌وه ته‌نها تاڵهمویهكه، شیعری كه‌سێكه چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌یه نیوه‌شه‌وێك جه‌لادێك به‌ده‌موچاوێكی به‌ستراوه‌وه ناوی بۆ مه‌رگ بخوێنێته‌وه‌و بهڕاڕهوه ته‌نگ و تاریكه‌كاندا به‌ده‌ست به‌سراوی بیبه‌ن و له‌سێداره‌ی بده‌ن، شیعری كه‌سێكه له‌كاتی مردنیشا بیری لای ژیان وهاورێكانێتی له‌قه‌ندیل:
هاته‌وه یادم شه‌وێكی قه‌ندیل
هێنایه گریان دڵه‌ی مات و دیل
ئه‌و ده‌سته‌ی له‌وێ به‌فراو ئهیتهزاند
داخ كراوه لێره به‌ئاگرو ژیل
ئه‌م شاعیره وه‌نه‌بێت هه‌ر به‌ته‌نها به‌ره‌وو رووی مه‌رگی وه‌ها پێكه‌نیبێت، به‌ڵكو وه‌ڵامێكی وه‌های ئه‌و كه‌سانه‌ش ده‌داته‌وه كه پێیان وایه له‌مردن ده‌ترسێ، ئه‌م نه‌ك هه‌ر ناترسێ به‌ڵكو پێده‌كه‌نێت، پێكه‌نینێكی وه‌ها جه‌لاده‌كان ده‌هێنێته له‌رزه‌و هه‌ر ته‌نها ئه‌وان له‌مانای ئه‌و پێكه‌نین و زه‌رده‌خه‌نه‌ی ئه‌م تێده‌گه‌ن.
ئه‌ڵێن: ئه‌مرێ و، له‌ترسی مردن په‌شێوه
پێشمهرگهبم هه‌ر ئهكهومه پێش ئێوه
به‌مه‌رگی پێش مه‌رگی ئێوه ئاسوده‌م
رووشم، زه‌ردی پێكه‌نینی هه‌ر پێوه
هه‌ستی به‌رله‌مردن هه‌ستێكی سه‌یره، مرۆڤ چه‌ند گه‌وره بێت ناچارده‌كات بیر له‌و رۆژانه بكاته‌وه كه تیایدا ژیاوه، مه‌لا عه‌لی شه‌هید لهبهرپهتی سێداره رۆژه‌كانی رابوردوی بیرنه‌چوه‌ته‌وه، خه‌فه‌تیش بۆ ئه‌و كاتانه ده‌خوات كه هیواكانی به‌دینه‌هێناوه، دڵته‌نگه به‌رامبه‌ر ئه‌و خه‌یاڵانه‌ی كه ده‌بوو بێته دی و نه‌هاته دی، ئه‌و شیعرانه‌ی كه ده‌بوو بینوسێت و نه‌ینوسی:
له‌دڵما تۆوی چه‌ند بیره‌وه‌ری
سه‌وزبوو، گوڵی كرد‌و، هه‌ڵوه‌ری
دیسان بۆ وه‌رزی تازه تۆوی ڕشت
تا، بێ گوڵ نه‌بێ بۆ كوێره‌وه‌ری
له‌و چركه ساتانه‌ی به‌رله‌مردن كه هێشتا ئێمه‌ی زیندوو تاقیمان نه‌كردۆته‌وه‌و تاممان نه‌كردوه،مه‌لا عه‌لی شاعیر هه‌میشه خێزانهكانهی له‌لا ئاماده‌یه، باوك و دایكی له‌رۆحیدا جارێكی دیكه زیندوو ده‌كاته‌وه، ته‌مه‌نای ئه‌وه‌یان بۆ ده‌خوازێت بۆی نه‌گرین و دڵته‌نگ نه‌بن، له‌وه‌زیاتریش داوای به‌رده‌وامی ژیانیان لێده‌كا،داوای گه‌ردن ئازادیان لێده‌كات، گه‌ردن ئازادیی مناڵێك كه ته‌نها دایك و باوكه‌كان لێی تێده‌گه‌ن چی مانایه‌كی هه‌یه، ئه‌وه‌تا له‌نامه‌یه‌كدا كه له‌رۆژی 22/7/1979 له‌زیندانه‌وه نوسیوێتی ده‌ڵێت ” دایك و باوكی شیرینم، براو خوشك و براژن و مام و ئامۆزا و ئامۆژن و خاڵ و خاڵۆزاو پورو پورزاو هه‌موو خزم و كه‌س.گه‌ردنتان ئازاد بێت.
دوعاخوازی یه‌كجاری تكام ئه‌وه‌یه بۆم سه‌غڵه‌ت مه‌بن وه هه‌رگیز نه‌ڵێن له‌پێناوی هیچدا رۆیشت”.
ئای عه‌شق…ئه‌ی ئه‌و نه‌گبه‌تیه‌ی به‌رۆكی شۆڕشگێڕترین كه‌س به‌رناده‌یت، به‌رۆكی خه‌مگینترین كه‌س به‌رناده‌یت، ئه‌ی عه‌شق ئه‌ی ئه‌و ئازاره‌ی له‌دواین ساتدا، له‌دواین له‌حزه‌ی به‌ر له‌مردن جارێكی دیكه و به‌جۆرێكی دیكه دێیته‌وه، مه‌لا عه‌لی چه‌ند ساتێكی دیكه له‌سێداره ده‌درێت، چاوه‌ڕوانی بینینی یاره:
كه ڕێیان داوی بۆ یه‌ك جار
توخوا ئازیز
دیده‌نیم كه
چه‌ند رۆژێكم وه‌رزی به‌هار
ماوه، (بێ واده) هات پایز
خهزڵوهره
توخوا وه‌ره
مه‌لا عه‌لی بۆچی له‌و ساته‌دا یاری ده‌وێ؟ بۆچی ده‌یه‌وێتی ئازیزی دیده‌نی بكات؟ بۆچی هێنده ناسكبوهتهوه ئه‌م كه‌سه شۆڕشگێڕه؟
دیده‌نیم كه
با وا تێ نه‌گه‌ن كه ده‌ردی
سوره گوڵی
گه‌شی دوێنێ
سه‌ر دوا چڵی
ئه‌مڕۆ له‌به‌ر زریان زه‌ردی
به‌ره‌و مه‌رگ چوونه ئهمكا زیز…تۆ خه‌نیم كه
ئه‌و چ هه‌ستێكه كه‌سێك له‌یه‌ككاتدا خۆی ده‌كاته قوربانی نیشتیمانه‌كه‌ی و خۆشه‌ویسته‌كه‌ی؟ چی شتێك ته‌فسیری دۆخێكی وه‌ها ده‌كات، من بڕوام وایه له‌توانای مرۆڤدا نیه ئه‌م هه‌سته وه‌ك خۆی بخاته‌روو، ئه‌وه ته‌نها مه‌لا عه‌لی یه له‌و چركه ساته تێده‌گات، هه‌ر ده‌بێت خۆی جارێكی دیكه بۆمان شه‌رح بكاته‌وه، یارو نیشتیمان چه‌ند له‌یه‌ك ده‌چن.
هه‌تا ماوم
بفه‌رموو، جێته سه‌رچاوم
له‌ڕێی هاتنت وه‌ستاوم
دیده‌نیم كه
گه‌ر ئه‌فه‌رموی…خوێنم هه‌مووی
گوڵزاری ڕێته، موو به‌مووی
نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ش به‌ڵكو له‌و دۆخه ناهه‌مواره‌دا شاعیره‌كه‌مان هه‌ندێكیش شه‌رم دایده‌گرێت كه ناتوانێت شوێنێكی خۆش و ئارام بۆ یاره‌كه‌ی دابینبكات:
توخوا ئازیز، خۆ ئه‌زانی چۆنه شوێنم
ئه‌زانی بێ به‌رگ و نوێنم..
بێچاره‌م و، به‌شه‌رمه‌وه، تۆ ئه‌دوێنم
عه‌شقی مه‌رگ و مه‌رگی عه‌شق له‌م شیعرانه‌یدا ئاوێته ده‌بن، ئه‌م عاشقه گه‌وره‌یه كه هه‌رگیز نه‌گه‌شت بهمهعشوقهكهی له‌دواین ساتیشدا نا‌ئومێد نابێت و هێنده ناسك ده‌بێته‌وه ده‌نوسێت:
سه‌رپۆشه‌كه‌ت پێش كفن بكرێته به‌رم
وه‌ره چارێ: شه‌ونخونی و، رۆژ خه‌واڵووی
بێ نوێنیم كه
ئازیز گیان تۆ بێ و گوڵی رووت
به‌پێی په‌تی…
قوڵفه‌ی په‌تی
سێداره ئه‌خرێته بینم
ئه‌مرم و نه‌با نه‌تبینم
نه‌ت بینم هه‌ر بڵێم خوا حافیز
توخوا ئازیز
وا دڵ ناسك نه‌بووم هه‌رگیز
دیده‌نیم كه…!!
حه‌یف هه‌رگیز یار دیده‌نی نه‌كرد…به‌ڵام مه‌لا عه‌لی شیعرگه‌لێكی بۆ جێهێشتوین هه‌موو زه‌مه‌نێك هه‌ر به‌زیندوی ده‌یهێڵێته‌وه و رۆحی بۆ ئه‌به‌د لهئارامیا ده‌ژی.
هێمن مه‌حمود حه‌مه
hemndarbandii@yahoo.com
* (شیعر‌و هه‌ڵوێست) تاكه دیوانی شه‌هید (مه‌لا عه‌لی) یه و ساڵی 2011 له‌لایه‌ن لقی سلێمانی یه‌كێتی نوسه‌رانی كورده‌وه چاپ وبڵاوكراوهتهوهو هه‌موو شیعره‌كان له‌و دیوانه‌وه وه‌رگیراون.
* له‌ژماره‌ی رۆژی 19-12-2011ی رۆژنامه‌ی ره‌خنه‌ی چاودێردا بڵاوبوه‌ته‌وه