Skip to Content

Wednesday, May 1st, 2024
ڕاشناڵ نەبوونی دەنگدەر، زامنی دووبارە هەڵبژاردنەوەی حکومڕانییەکی فاشلە لە کوردستان!

ڕاشناڵ نەبوونی دەنگدەر، زامنی دووبارە هەڵبژاردنەوەی حکومڕانییەکی فاشلە لە کوردستان!

Closed

 

 

 

هەرێمی کوردستان خەریکە پێ دەنیتە نێو بانگێشەو هەڵای هەڵبژاردنەکانەوە کە بڕیارە لە ٢١/٩/٢٠١٣ دا ئەنجامبردێن. ئەوەی جێگەی سەرنجە لەم بەپیرەوەچوونەی هەڵبژاردنەکانی کوردستان ئەو چاوەڕوانییانەیە کەهەندێک پێیان وایە جێگۆڕکێی بەرچاو لە دەنگ و پایەی هەندێ لایەندا ڕوو دەدات.  ئەو بەشەی کەئەم جۆرە چاوەڕوانی و خۆشباوەڕییانە برەو پێدەدەن، پێناچێت بەووردی کۆمەڵگای کوردستان و سەلیقەی تاکی دەنگدەریان لەو هەرێمەدا خوێندبێتەوە. بێگومان دەستاودەستپێکردنی ئاشتییانەی دەستەڵاتی سیاسی لە ڕێگەی هەڵبژاردنەکانەوە چەمکێکی گرنگی دیمۆکراسییە، وەلی ئەوەی لەمە گرنگترە بوونی فەرهەنگی دیمۆکراسیە کە ئەو جۆرە ئاڵگۆڕپێکردنە ئارامە مسۆگەر دەکات.

  بەگوزەر لەوەی کە ئیمە باوەڕمان بە دیمۆکراسی هەبێت وەک سیستەمێکی باش بۆ حکومڕانیکردن یاخوود پێچەوانەکەی، فەرهەنگی دیمۆکراسی ئەکرێت زۆر چەمک و زۆر لایەنی گرنگ لەخۆیدا کۆبکاتەوە.  بە گوزەر لەو ڕاستیە قیزەوەنەش، کە  بۆ هەموو ئاشکرایە کە حزبە دەستەڵاتدارەکانی کوردستان ئامادەن بۆ مانەوەی خۆیان هەموو پرەنسیپ و مۆراڵەکان ژێر پێ بخەن،  لەم نووسینە کورتەدا ئاماژە بە دوو چەمکی گرنگ بکەین کە بەهیچ شێوەیەک لە فەرهەنگی سیاسی لە کوردستاندا بەدی ناکرێن. یەکەم تاکی دەنگدەر لەکوردستاندا دەنگدەرێکی ڕاشنال (Rational)  نییە لە هەڵبژاردن. دووەم، دیمۆکراسی ئەبێتە مەیدانی دووبارەکردنەوەی مەهزەلەیکی بەردەوام، کاتێک دەنگدەر یاخوود ئەوانەی کە خۆیان هەڵدەبژێرن نازانن ئەرک و مافەکانیان چییە کە ئەمەشیان گرفتێکی سەرەکییە لە دیمۆکراسییە عەجیبەکەی کوردستاندا. 

ڕاشنال بوونی تاکی دەنگدەر لەبەرامبەر پرسە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگادا یەکێکە لەو تایبەتمەندیانەی کە کۆمەڵگا دیمۆکراسییەکانی پێ دەناسرێنەوە. مەبەست لە دەنگدەری ڕاشناڵ، ئەو دەنگدەرەیە کە دوور لە سۆز و دەمارگیری، دوور لە بیرو باوڕی ئاینی و خێڵەکی و تەنانەت هەندێ جاریش دوور لە بەرژەوەندی تەسکی نەتەوەپەرستی، بەشێوەیەکی عەقڵانی و دوای لێکدانەوەیکی وورد، دەنگ بە  بەرنامەو کەسێکی دیاریکراو دەدات کە پێی وایە باشترین خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی ئەو دەکەن.  گرنگییەکی تری بوونی تاکی ڕاشنال بۆ سەرخستنی پرۆسەو فراوانکردنی فەرهەنگی دیمۆکراسی، ناچارکردن و هێنانە پای لایەنەکانی بەشدار بووە لە پرۆسەی هەڵبژاردندا بۆ زیاتر بەرپرسیارێتی نواندن لە بەرامبەر پرسە جۆراوجۆرەکان لە کۆمەڵگادا.   بۆ نموونە، بەرپرسیار بوون لەبەرامبەر نوێنەرایەتی کردن، پاراستن، یاخوود ئاڵگۆڕپێکردنی پرسێک کەخواستی زۆرینەی دەنگدەرانی لایەنێکی دیاریکراوە.  كەچی بە پێچەوانەی ئەو پێوەرە عقڵانیانە بۆ دەنگدان، لە کوردستاندا تاکو ئێستا دەنگدەر دەنگ بە مردووەکان دەدەن، دەنگ بە دوو حزبە سەرەکییەکە دەدەن کە تاکو ئێستاس ئیلهام لە ڕابردوویان لەشاخ و لەکەسە شەهیدەکانیان وەردگرن. تاکی دەنگدەر دەنگ بە حزبێک دەدەن کە کۆمەڵی عەقڵ و فەرهەنگی شاخاوی دەکاتە دەستەڵاتدار بەسەر خەڵکەوە کە هیچ شارەزاییەکییان نییە لە بنیاتنانی دوارٶژێکی شایستە بۆ کۆمەڵگای کوردستان و نەوەکانی داهاتووی. زۆرینەی تاکی دەنگدەر لە کوردستاندا، دەنگ لە بەرامبەر برە پارەیەکی کەمدا دەگۆڕنەوە، کە بەناوی موچە لەلایەن حزبەوە پێیان دەدرێت. ئەم جۆرە دەنگدەرانە بەتنیا نابنە مایەی مانەوەی کۆمەڵێ تاکی پەککەوتەو نەشارەزا لە بواری بەڕیوبردن و بنیاتناندا، بەڵکو دەنبە مایەی درێژە پێدانی فەرهەنگێکی دواکەوتووی سیاسی کە بێجگە لە بنەماڵە و خێڵی دەستەڵاتدار بە هیچ شێوازێکی چانس بە نەوەکانی داهاتووی نادات بەشداربن لە بەڕێوەربردنی ووڵاتدا بە شێوەیەکی دیمۆکراسی. بوونی دەنگدەری نا ڕاشنال بەربەستی سەرەکیە لە بەرامبەر بنیات نانی پایەکانی فەرهەنگی دیمۆکراسی و گشت هەوڵەکان بۆ لە گۆڕنانی دیاردەی عەقڵییەتی خێڵ و دیاردەی (سەرۆکی تا مردن).    

چەمکی دووەم بریتییە لە ئەرک و مافی تاکەکان لە کۆمەڵگادا. نەبوونی ‌هێڵێکی ڕۆشن لە نێوان ئەرک و مافی تاکدا، تەنانەت بۆ ئەو کەس و لایەنانەش کە خۆیان هەڵدەبژێرن، نقوستانییەکی گەورەیە لە پایە گرنگەکانی فەرهەنگی دیمۆکراسی لە هەرێمی کوردستاندا.  ڕێککەوتن لەسەر بنەمای ئەرک و مافەکان لە نێوان دەستەڵات و هاونیشتمانیانیدا زۆر گرنگە چونکو تا ڕادەیەکی باش دەبێتە مایەی بنیاتنای کۆمەڵگایەک کە دادپەروەرەی کۆمەڵایەتی و سەروەری یاسا و سەقامگیری سیاسی تێیدا بەرقەرارە. بۆ نمونە، لە ووڵاتانی دیمۆکراسیدا، ئەو کەس و لایەنانەی کە خۆیان هەڵدەبژێرن، پێویستە چانسی یەکسانیان هەبێت،پێویستە بەهرەمەند بن لە بوودجە و خەرجی یەکسان لە پرۆسەی بانگێشەکردن بۆ هەڵبژاردن. لە گشت ئەمانەش گرنگتر، چاودێرکردنی حزبەکانی دەستەڵاتە بۆ ئەوەی حزبەکانی دەستەڵات توانا مرۆی و مادیەکانی دەوڵەت لەخزمەت حزبدا قۆرخ نەکەن. کەچی  دەستنیشان نەکردنی ئەم مافە گرنگانە لەهەرێمی کوردستاندا وای کردووە کە تاکەکان بەگوزەر لە سەرکەووتوو یاخوود فاشل بوونیان و بە هەر نرخێکی مۆراڵی و مادی بێت، خۆیان لە دەستەڵاتدا بهێڵنەوە. ئەمە وایکردووە کە تاکی دەنگدەریش زیاتر عەوداڵی بەدەستهێنانی دەستکەوتە شەخسیەکانی بێت لەڕێگەی ژێپێخستنی پرەنسیپە مۆڕالییەکانەوە.  بۆ نمونە، دەبینین ئەوەی دەستەڵاتدارە و لەژێر کاریگەری ئارەزووی مانەوەی لەسەر کورسیەکەی، ماف بەخۆی دەدات سەروەت و سامانی ووڵات قۆرخ بکات بۆ کرینی دەنگ و پایەی کۆمەڵایەتی زیاتر (ئەم دیاردەیە لەکوردستاندا بە چاکە کردن بۆ کەسانی نزیک ناسراوە و تاکو ئێستا پێشوازیەکی گەرمی لێدەکرێت و زۆرێک لە تاکەکان بە گوزەر لە پایەی کۆمەڵاییەتی، ئابووری و سیاسیان تێیدا بەشدارن). ئەم دیاردەیە زیاتر لە ناو بازنەی دەستەلاتدایە، بەڵام وای کردووە کە تاکە ئاساییەکانی ناوکۆمەڵگا بە چاولێکردن و شوێننپێهەڵگرتنەوەی دەستەڵاتداران، هەڵپەی ئەوە بکەن کە چۆن چەند موچەیەک، یاخوود دەستکەوتێکی بێ نرخ لە دەستەڵات بەدەست بهێنن. بۆیە زۆر گرنگە تاکەکانی کۆمەڵگا هەوڵی ئەوەبدەن کە مومارەسەی ئەرک و مافەکانیان بکەن، گرنگە بزانە کە ئایە چانسی یەکسان بۆ گشت تاکەکان فەراهەم کراوە، لەمەش گرنگتر پێویستە بزانن ئەو هەموو مەعاش و دەستکەوتانەی کە پێیان دەدرێ، چەند کاریگەری هەیە لەسەر هەڵبژاردنەکانیان لە کاتی دەنگدان و مومارەسەکردنی مافی دەنگداندا؟ 

سەبارەت بە بوونی ئەم دیاردانە بێگومان ئەکرێت پەنجەی تاوان بۆ دەستەڵات درێژ بکرێت، بەڵام گرنگیشە بپرسین کە ئایە تانکی دەنگدەر لە کوردستاندا توانای ئەوەی هەیە لە ڕێگەی دەنگەکەیەوە دەرگا بە ڕووی مۆدێلێکی نوێ لە حکومڕانیکردن لە کوردستاندا بکاتەوە؟ وەڵامی ئەم پرسیارە بەنیگەرانییەکی زۆرەوە نەخێرە، چونکو نەک بەتەنیا ئەو پێشمەرجە کەمانەی کە لەسەرەوە باسمان کرد لە کوردستاندا بوونیان نییە، بەڵکو لەبەر ئەوەی تاکی دەنگدەر لە کوردستاندا بە شێوەیەکی ڕاشناڵ دەنگ نادات، پێناچیت بەرهەمی دەنگەکەشی شاکارێکی عەقڵانی بێت.  

 

 

2013-06-29

kawa2010@gmail.com

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.