ڕه‌شه‌با …. ویلیا‌م شکسپێر
The tempest ڕه‌شه‌با
ویلیا‌م شکسپێر
وه‌رگێڕ : مستافا ڕابه‌ر sino16@hotmail.com===============================
له ساته وه‌ختی ڕه‌شه‌بایه‌کی ناکاو و ترسناکدا که‌شتیه‌ک له‌که‌ناری به‌ردینی دورگه‌یه‌کی بچوک نقوم ده‌بیت تاقم و سه‌رنشینه‌کانی
په‌راگه‌نده‌ی ناو گێژاوێکی تاریک و چاڕه ڕه‌ش ده‌بن ، گشتیان وایانزانی له دوا چرکه‌ساتی ژیانیان دان ته‌نیا دوو که‌سی جلوبه‌رگ گه‌رم و ووشک نه‌بیت له‌به‌ر ده‌م ئه‌شکه‌وتێکی دوورگه که ته‌ماشای ئه‌و دیمه‌نه‌یان ده‌کرد.
(ماریندا ) ی کچه ڕوخۆش و دلۆڤانی ته‌مه‌ن پانزه ساله به‌چاوی خۆی ئازار‌و مه‌ینه‌تی خه‌ڵکی سهرکهشتیه لێقه‌وماوه‌که‌ی بینی و بۆیان ده‌گریا. (پڕۆسپێرۆ ) ی باوکی که پیاوێکی زانا‌و شکۆمه‌ند بوو خۆی له فهروایهکی نایاب پێچابۆوه به دلێکی ئاسوده‌وه سه‌یری دیمه‌نه‌که‌ی ده‌کرد هه‌ر خۆشی بهجادو ئه‌و ڕه‌شه‌بایه‌ی هه‌ل کردبو که بوه هۆی نقوم کردنی که‌شتیه‌که ، ئه‌و
دلی کچه ده‌م و چاو به فرمێسکه‌ی دایه‌وه و ئارامی کرده‌وه و پێی ووت ( هیچ زیانێك ڕوی نه‌داوه ئه‌و دوو چاوه‌ت بسڕه‌وه ، بێخه‌مبه هیچ که‌سێکی سه‌ر که‌شتیه‌که که‌مترین ئازاری پێنه گه‌یشتوه هه‌ر وه‌ها خودی که‌شتیه‌که‌ش ) ووتی ئه‌و هه‌مو ئه‌م کارانه‌م له‌به‌ر خاتری تۆ ئه‌نجام داوه کاتی ئه‌وه‌ش هاتوه گوێت له چیڕۆکی ڕاسته قینه‌ی خۆت بیت .
بۆیه‌که‌م جار بیستی پڕۆسپیرۆی بلیمه‌ت و خۆشه‌ویستی باوکی جادوگه‌ری به توانا که ده‌توانی گیانی زه‌وی و باو ده‌ریاو بانگ بکات بۆ جێبه‌جی کردنی فرمانه‌کانی شازاده‌ی ڕاسته قینه‌ی میلانۆیه
پرۆسپیرۆ وێڕادهچی و ده‌ڵێ: که هاوسه‌ره‌که‌ی مرد میراندا ساوا ده‌بیت ، بۆیه زۆر خوی دایه خویندنه‌وه‌ی ئه‌و کتێبانه‌ی باسیان له جادوگه‌ری ده‌کرد ، ئه‌نتۆنیۆی برای به بریکاری خۆی ده‌ست نیشانکرد بۆ کاروباری به‌رێوه‌بردنی وولات له‌به‌دبه‌ختی خۆیان ئه‌نتۆنیۆ له‌گه‌ل پاشای ناپۆلی پلانی لابردنی پرۆسپیرۆیان داڕشت و بۆ ئه‌وه‌ی شوێنی ئه‌و بگریته‌وه و خۆی ببیته شازاده‌ی میلان به‌رامبه‌ر به‌و ڕێکه‌وتنه به‌لێنی به پاشای میلان‌و دا که سالانه باج و سه‌رانه‌ی بداتێ و مڵکه‌چی بیت ، پاشا له‌شکرێکی نارده سه‌ر میلان و پرۆسپیرۆی به‌زاندو ده‌ری په‌ڕاند .
پرۆسپیرۆ کچه ساوهکهیان یه‌کسه‌ر نه‌کوشت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خۆشه‌ویستی خه‌لک بون به‌لام بر‌دیانن بۆ قۆلایی ده‌ریا له‌ناو به‌له‌مێکی کون‌کونی بێ سهول بهرههلدران ، بۆ ئه‌وه‌ی نقومی ژێر ئاو بن یان له‌برسانا بمرن به‌لام قه‌ده‌ر میهره‌بان بوو ، یه‌کێک له ڕاوێژکارانی پاشای ناپۆلی لۆرد گۆنزالۆ به‌زه‌یی به پرۆسپیرۆ هه‌روه‌ها کچه‌که‌ی دا هاته‌وه به نهێنی هه‌ندێک ئاو‌و جل‌و بهرگو کتێبه هه‌ڵبژاردراوه‌کانی پرۆسپیرۆی له ناو به‌له‌مه‌که‌دا شاردنه‌وه هه‌تا پاشان گه‌یشتنه ئه‌و دورگه سهرسورمینهره .
***************
میراندا به‌ئاگایی گوێی بۆ چیڕۆکی ئه‌و رۆژگاره گرتبوو که به‌زه‌حمه‌ت روداوه‌کانی وه‌بیر ده‌هاته‌وه ، هه‌ستی کرد هۆیه‌ک هه‌یه که باوکی
وا لێ ده‌کات له‌م ساته وه‌خته‌دا ئه‌م چیڕۆکه‌ی بۆ بگیڕیته‌وه.
به‌باوکی ووت: ئیستاش تکات لێده‌که‌م گه‌وره‌م له‌به‌ر چی ئه‌م ڕهشهبایهت هه‌ڵکرد ؟
پرۆسپیرۆ سه‌یرێکی کچه‌که‌ی کرد و ووتی
بهرێکهوتێکی دگمه‌ن بهبهختێکی زۆر گه‌وره دوژمنه‌کانم ڕاپێجی ئه‌م که‌ناره کراوون
پرۆسپیرۆ له‌سه‌ری نه‌رۆشت دوعایه‌کی به‌سه‌ر میراندا خویند و خه‌وێکی قوڵی لێخست.
پاشان جنۆکه‌یه‌کی به‌ناوی( ئێریهل) بانگ کرد.
گیانێک په‌یدا بوو تێشکێک ده‌رکه‌وت تیشکێک له ڕۆناکی له خۆشی و شادی که له‌هه‌مان هه‌وا پیکدههات ، ئاماده‌ی جێبه‌جێ کردنی فرمانه‌کانی پرۆسپیرۆ بوو
"ئه‌و ده‌فڕی ، مه‌له‌ی ده‌کرد ، خۆی به‌ئاگردا ئه‌کرد ، سواری هه‌وره پێچاو پێچه‌کان ده‌بوو ده‌یتوانی هه‌رشێوه‌یه‌ک وه‌ربگرێ جگه له سه‌روه‌ره‌که‌ی که‌س نه‌یده‌توانی به‌چاو به‌دی بکات ”.
هه‌ر ئه‌ویش بوو له‌سه‌ر فرمانی پرۆسپیرو ئه‌و ڕه‌شه‌بایه سه‌خته‌ی به‌رپا کرد‌و ئه‌و ئاگره ئالۆزه‌ی له بان که‌شتیه‌که هه‌لگیرساند که‌بووه هۆی شپرزه بوونی تێکڕای سه‌رنشینه‌کان و لێکی دابڕاندن هه‌ریه‌که‌ی وای ده‌زانی ئه‌وانیتر خنکاوون.
پاشان ده‌رکه‌وت ئه‌و که‌شتیه‌ی وا مه‌زه‌نده ده کرا نقومی ژێر ئاو بیت و ورد و خاش بوبی وا له‌به‌نده‌ر له‌نگه‌ری گرتوه و ته‌واوی تاقم و سه‌رنشینه‌کانی له‌پرخه‌ی خه‌و دان.
پرۆسپیرۆ شادمان بوو به کاری نۆکه‌ره‌که‌ی و ئیتر راسپارده‌ی تری پێ دا ، ئێریهل ناره‌زایی نیشاندا‌و ووتی به‌لێنت پێم داب‌و ئازادم بکه‌یت ، به‌لام پروسپیرۆ ره‌فتاری خاوه‌نه‌که‌ی پێشوی وهبیرهیناوه جادوگه‌ری شه‌ڕانگیز سیکۆراکس که لێی ئه‌داو ئه‌شکه‌نجه‌ی ئه‌داو له‌نێو دره‌ختێک به‌ندی کردبو هه‌تا پرۆسپیرۆ خۆی ئازادی کرد ، یه‌کسه‌ر ئێریهل داوای لێبوردنی کرد ، پڕۆسپیرۆش به‌لێنی پێدا له‌ماوه‌ی دوو رۆژدا ئازادی بکات . ئه‌و ئێریهلهی که‌س نه‌یتوانی جگه‌له پرۆسپیرۆ بیبینی به‌شێوه‌یه‌کی نادیار به‌دلێکی شاده‌وه فڕی بۆ جیبه‌جی یه‌که‌م فرمانی پرۆسپیرۆ ئه‌ویش هینانی فێردیناند کوڕی پاشای ناپۆلی بۆ ئه‌شکه‌وت ، پرۆسپیرۆ بڕیاری دا ئه‌و لاوه له‌گه‌ل میراندای کچی یه‌کتر ببینن.
***************
پرۆسپیرو کچه‌که‌ی واگا هینا. نۆکه‌ره‌که‌ی تری بانگ کرد (کالیبان) ی دڕنده‌ی ،نیوه مرۆڤ نیوه‌که‌یتری ئاژه‌ل کوڕی جادوگه‌ری مردو (سیکۆڕاکس) که پێشتر دهستهلاتداری دوورگه‌که بووه . کالیبان هه‌میشه ئه‌شکه‌نجه‌و ئازاری ئێریهلی داماوی ئه‌دا.
پرۆسپیرۆ کاتێ به‌له‌مه‌که‌ی گیرسایه‌وه ئه‌و کالیبانهی له دورگه‌که دۆزیه‌وه سه‌ره‌تا زۆر به نه‌رمی و میهره‌بانی ره‌فتای له‌گه‌ل ده‌کرد فیری ده‌کرد وه‌کو مرۆڤ بدوێت خۆشی له شته جوانه‌کان ببینت ، به‌لام کالیبان ئه‌وه‌نده درنده‌و ترسناک بوو نه‌یده‌توانی له سۆز‌و به‌زه‌یی بگات و یان ریز بۆکاری باش دابنێت ته‌نانه‌ت رۆژێکیان په‌لاماری میراندای بجکۆلهشی دا.
پاش ئه‌وه پرۆسپیرۆ ئارامی لێبڕا ناچاری کرد به‌ته‌نیا له ناو ئه‌شکه‌ته‌که بژی ، نه‌یده‌هێشت بێته ده‌ره‌وه ته‌نیا بۆ کۆکردنه‌وه‌ی دارودوی ئاگر نه‌بیت ، کاری قوڕسی پێده‌کرد ، ته‌نیا توانا‌و بالاده‌ستی جادوی پڕۆسپیرۆ بوو ده‌یتوانی کالیبان به‌ربه‌ست بکات نه‌یه‌لی ئازاری خوی‌و کچه‌که‌ی بدات.
پروسپیرۆ فرمانی به کالیبان دا دار بینیت ، کالیبان بهبۆله بۆل جنێو دان و هه‌ڕه‌شه کردن به شلوخاوی ملی رێگه‌ی دار هینانی گرت
له‌کاتێکدا پرۆسپیرۆ میراندا چاوه‌ڕی بوون . سه‌دای ده‌نگی گۆرانیه‌کی خۆش له هه‌واکه هات ، ده‌نگه‌که ده‌ی ووت ” وه‌ره بۆ سه‌ر ئه‌م لمه زه‌رده‌ی که‌ناری ده‌ریا .." پاشان فێردیناند شازاده‌ی ناپۆلی دوو به‌دوی ئه‌و گۆرانی بیژه نادیاره ده‌رۆیشت.
میراندای بچکۆله به‌دریژایی ته‌مه‌نی جگه له باوکی و کالیبانی که‌سی تری نه‌دی بوو ، هه‌رگیز لاوێکی شۆخی هاوشێوه‌ی فێردیناندی نه‌بینی بوو هه‌روه‌کو باوکی نه‌خشه‌ی بۆ داڕشتبو یه‌کسه‌ر شه‌یدای ده‌بی .
که فێردیناند له‌و دورگه چۆلهوانیهدا له ناکاو چاوی به‌و کچه جوانه که‌وت وای زانی فریشته‌ی خوایه پاشان بۆی ده‌رکه‌ت ئاده‌میزاده و یه‌کسه‌ر شیت و شه‌یدای ده‌بی به‌هه‌مان شێوه كچه‌ش ده‌بیته ئه‌ڤینداری.
پرۆسپیرۆ دڵشاد بو به‌لام نه‌یویست هه‌روا خێرا به‌یه‌کتر شاد بن ، وای نیشاندا ره‌نگه فێردیناند سیخور یان پلانگێر بیت ، سه‌ره‌ڕای پارانه‌وه‌ی میراندا پێی له‌سه‌ر سزادانی ئه‌و کوڕه لاوه داگرت.
ئه‌وه بو فێریدنادی ناچار کرد هه‌زاران باوشهدار که‌له‌که بکات ، له‌وکاته‌ی خه‌ریکی کاره قوڕسه‌که‌ی بوو میراندا دلی ئه‌دایه‌وه تاده‌هات خۆشه‌ویستیان به‌هێز تر ده‌بوو فێردیناند باسی خۆی بۆ ده‌کرد داوای لێکرد شوی پێ بکات میرانداش بی سێو‌و دوو ڕازی بوو . پروسپیرۆ به نهینی سه‌یری ئه‌ودیمه‌نه‌ی ده‌کرد و ده‌یزانی چ باسه که دڵنیا بوو له‌دڵسۆزی و هێزو توانا‌و کارامه‌یی پیاوه‌که‌و ئیتر ره‌زامه‌ند بوو له‌سه‌ر هاوسه‌ر گیریان.
له‌ولا تری دورگه‌که هه‌ندێک له سه‌رنشینه‌کانی که‌شتی یه‌که یه‌کتریان دوزیه‌وه سه‌ریان سوڕمابو له‌وه‌ی چۆن به‌زیندویی رزگاریان بووه و باشن.
ئالانزۆی پاشای ناپۆلی و سیباستیانی برای ، لۆرد گۆنزالۆ ، ئهنتۆنیوی برای پرۆسپیرو گشت پیاوه ماقوله‌کانی ناپۆلی له‌وێ بوون .
هه‌مویان له میوانداری ئاهه‌نگی زه‌ماوه‌ندی کچی پاشا بۆپاشای تونس ده‌گه‌رانه‌وه ، له‌رێگه‌ی گه‌رانه‌وه‌یان له‌ئه‌فریقاوه بۆ ئیتالیا کاتی که‌شتیه‌که‌یان دوچاری ئه‌و ڕه‌شه‌بایه لێل و نادیار‌و ترسناکه هات ، به‌سه‌ر سوڕمانه‌وه له‌یه‌کتریان ده‌پرسی چۆن ماوون و بێ زیان لێی ده‌رچون. به‌لام پاشای ناپۆلی بێ هیوا بو له‌و بڕوایه داب‌و که فێردیناندی کوڕی له‌ناو چوه‌و شیوه‌ن و گریانی بۆ ده‌کرد.
***************
ئێریهل موسیقایه‌کی جادوگه‌ری ژه‌ند له‌پێشدا ده‌ست و پێوه‌ند و فه‌رمانبه‌ره فرهوێژهکان خه‌ویان لێکه‌وت ، ئه‌نجا لۆرد گونزانلۆ هه‌روه‌ها خودی پاشاش.. ته‌نیا برای ئهلانزۆ براکه‌ی پروسپیرۆ واگابون. له‌کاتێدا برا بهدخوهکهی پروسپیرو سه‌یری پاشای خهولێکهو توی ده‌کرد پلانێکی جه‌هه‌نه‌می بۆ سیباستیان پیشنیار کرد پیی ووت " خه‌یالی به‌هێزم تاجێکی پاشایی ده‌بینی ده‌که‌ویته سه‌رت" ئه‌نتۆنیۆ ووتی پاشا ئه‌گه‌ر کۆچی دووایی بکات دوو میراتگری هه‌یه فێردیناندی کوڕی که‌بێگومان مردوه ، کلاریبال کچی کهئامادهنیه هاوسه‌ره تازه‌که‌ی له‌تونس به‌جێ بێلی و ده‌ریاکان ببرێت و بۆ به‌شه میراتی خۆی بگه‌رێته‌وه ئیتالیا ، بۆیه ئه‌وکه‌سه‌ی ده‌چیته سه‌ر ته‌ختی پاشایی هه‌ر تۆی سیباستان چونکه تۆ برای ئه‌ویت، بۆیه ده‌لێم بۆچی ئێستا پاشا ناکوژیت و ده‌ست به‌سه‌ر تاج و ختهکهیدا بگریت؟
ئه‌نتۆنیۆ ئاماده‌یی نیشاندا خۆی پاشا تیرۆربکات به مه‌رجێ سیباستان لۆرد گۆنزالۆ بکوژیت چونکه ئه‌و پیرهمیرده ته‌نیا که‌سێکه راستیه‌کان بزانیت.
سیباستان زۆری پێخۆش بوو یه‌کسه‌ر ره‌زامه‌ندی نیشاندا به‌لام ئێریهل هه‌میشه له‌وان وریاتر بوو خێرا گۆنزالۆی واگاهیناو ئه‌ویش پاشای له‌خه‌و ههلساندو نه‌خشه‌ی پیلانگیرهکان پوچه‌ل کراوه
خاوه‌نشکۆ ئهلانزۆ ووتی "بالێره‌وه به‌دوای کوڕه داماوه‌که‌م بگه‌رێین "
په‌ی تاپهیتا ئه‌ندامه‌کانی گه‌شته‌که‌و که‌س و کاری پاشا به‌یه‌ک ده‌گه‌یشتنه‌وه .. ترینکۆلۆ گالته چیه‌که‌ی پاشا ، ستیفانۆی مهیگیڕی هه‌میشه سه‌رخۆش به‌سواری به‌رمیلێکی شه‌راب توانیان خۆیان بگه‌یه‌ننه لێواری ده‌ریاو زۆر دلشاد بوون
کاتی توشیان ده‌بی به توشی کالیبانی دڕه‌نده و قه‌شمه‌ری پێده‌که‌ن. لای خۆشیه‌وه کالیبان وای مه‌زه‌نده کرد ئه‌و دووکه‌سه خێو‌و جنۆکه‌ن له‌لایه‌ن پرۆسپیرۆ ڕاسپاردراون بۆ چاودێری کردن و ئه‌شکه‌نجه دانی!! سه‌ره‌تا زۆر ترسی لێ‌نیشت به‌لام دوای ئه‌وه‌ی چه‌ند فڕێکی له‌و شه‌رابه خوارده‌وه که ستیفانۆ پیشکه‌شی ده‌کرد. هه‌ڵویستی گۆرا پێی وابو ئهوشهرابه له ئاسمانی پیرۆز له‌لایه‌ن خواوه‌نده‌وه نیردراوه چه‌ند شه‌رابه‌که‌ی ده‌نۆشی ستیفانۆی زیاتر خۆشده‌ویست ، وای دانا ببیته خزمه‌تکاری ئه‌و دار بۆ ئه‌و کۆبکاته‌وه هیوای خواست ئه‌و پیاوه بتوانی پرۆسپیرۆ بکوژیت ئه‌و کاته‌ش کالیبان ئازاده و خزمه‌تی خاوه‌نه تازه‌که‌ی ده‌کات.
کالیبان باشترین کاتی به‌چاک دانا بۆ کوشتنی پرۆسپیرۆ کاتی له‌کورته خه‌وی پاش نیوه‌رۆدا ئه‌بیت.
" ئه‌وکات ده‌توانری بهتهپلی سه‌ریدا بکێشیت ، به‌لام ده‌بی له‌پێشدا ده‌ست به‌سه‌ر کتیبهکانیدا بگێریت ، بیرمان نه‌چی یه‌که‌م جار ده‌ست به‌سه‌ر کتێبه‌کانیدا بگرین هه‌مو شتێک بسوتێنین ته‌نیا کتێبه‌کانی نه‌بیت"
ستیفانۆی سه‌رخۆش به‌لێنی بهکالیبان دا .. من ئه‌وپیاوه ده‌کوژم خۆم و کچه‌که‌ی ده‌بینه شا‌و شاژنی وولات.
به‌لام ئێریهل گوێ بی‌سی گفتوگۆیه‌که‌یان ده‌بی .. به شێوه‌یه‌کی بزرو نادیار ده‌ستی کرد به‌گۆرانی خۆش و به گالته‌جاری به‌ره‌و باره‌گای گه‌وره‌ی خۆی بردن هه‌ردو پیاوه‌که سه‌ریان سوڕما له‌و ده‌نگه سۆزدارهی کهخاوهنهکهشی دیار نیه به‌لام کالیبان هانیدان ووتی مه‌ترسیتان نه‌بی ئه‌م دورگه‌یه پره له ژاوه ژاوو قاوو قیژ ئه‌و ده‌نگانه ئاسایین خۆشی و شادی به‌خشن ئازاریان نیه هه‌ندی جار هه‌زاران ئاوازی ئامێری سازگار له گوێما ده‌زرینگێنه‌وه هه‌ندی جاریش ده‌نگ و سه‌دای زۆر خۆش
***************
پاشا و ده‌ست و پێوه‌نده‌کانی به‌هۆی گهرانو سورانێکی زۆر هێزو توانایان لێبڕا و هیچ نیشانه‌یه‌کی فێردیناندیان نه‌دۆزیه‌وه هیوایان زۆر کزبوو له‌گه‌ران ده‌ستیان ساردبۆوه..
ئه‌نتۆنیو وسیبتیان زۆر شادمان بون کهنهیادۆزیهوه ، وازیشیان له نه‌خشه‌ی کوشتنی ئهلانزۆ و پیره گۆنزلۆ نه‌هینابوو.
له‌ناکاو گوێیان له موسیقایه‌کی جادویی بوو خوانێکی گه‌وره‌ی ڕازاوه چه‌ند جادوگه‌رێکی نادیار هه‌لیان گرتبوو له‌به‌ر ده‌م گه‌شتیاره ماندو شهکهتکان دانرا ، پی یان گۆتن فه‌رمون بخۆن و جادوگه‌ره‌کان بێده‌نگ بوون ، به‌لام بێ ئه‌وه‌ی هیچ کام له‌و پیاوه برسیانه بتوانن ده‌ست بۆ ئه‌و خواردنه خۆشانه به‌رن ئێریهل له‌شێوه‌ی بوونه‌وه‌رێکی ناشیرین باله‌کانی به‌سه‌ر خوانه‌که‌دا هینا و یه‌کسه‌ر وه‌کو بروسک خوانه‌که‌ی له‌به‌ر چاوان وون کرد ، پاشان به دڵڕه‌قی و پیی ووتن:
ئێوه سێ پیاوی گوناهبارن هه‌رسێکیان وێکڕا شمشێریان به‌ڕوی ڕاکێشا به‌لام هیزیان تیا نه‌بو ئێریهل به‌رده‌وام بوو
" گه‌مژه‌کان من و هاوڕیکانم نێردراوین چاره‌نوستان دیاری بکه‌ین .. بیرتان نه‌چیت بۆیه واتان لێده‌که‌م چونکه ئێوه هه‌رسێکتان له میلانۆ ده‌سته‌لاتی پرۆسپیرۆتان داگیر کرد له شوێنی خۆی ده‌رتان په‌ڕاند له‌به‌ر ئه‌و کاره به‌ده‌ی ئێوه هێزی توڕه‌یی ده‌ریاکان ، لێواره‌کان گشت بوونه‌وه‌ره‌کان دژی ئارامی ئێوه که‌وتنه‌کار ، ئهلانزۆ تۆشیان له دیداری کوڕه‌کت بیبهشکرد "
پاشان گه‌فی لێکردن پیی ووتن بۆ رزگاربونتان له ئه‌شکه‌نجه‌ی هه‌مێشه‌یی هیچ ڕیگه چاریهکتان له‌به‌ر ده‌م نه‌ماوه جگه‌له تۆبه‌ی ڕاسته‌قینه‌ی دلسۆزانه نه‌بیت بۆئه‌وه‌ی له‌مه‌و دوا ژیانێکی ئاسوده بژین. پاشان ئه‌و بونه‌وه‌ره له‌ناو شریخه‌ی هه‌وره تریشقهیهکدا وون بوو.
***************
له‌و ئه‌شکه‌وته پان و به‌رینه‌دا پرۆسپیرۆ و میراندا و فێردیناندی بانگ کرد و پێی ووتن ئه‌و هه‌مو توند‌و تیژیهم ته‌نیا بۆ تاقیکردنه‌وه‌ی راده‌ی دلسۆزی و خۆشه‌ویستی فێردیناند بوو ، پیروزبایی لێکردن ریگه‌ی ماره بڕینی پێدان.
بۆ ئه‌وه‌ی پرۆسپیرۆ هیزو توانای خۆی نیشانی شازاده‌ی لاو بدات بۆ ئاهه‌نگی زه‌ماوندیان بانگی ئایرس ی کرد نوینه‌ری خواوه‌نده‌کان بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌ویش سیرسی خوای زه‌وی و جۆنۆ خوای ئاسمان بانگ هێشت بکات ئاماده بن بۆ ئه‌وه‌ی پیرۆزی خۆیان به‌سه‌ر ئه‌و دوو دلداره ببه‌خشنه‌وه. هه‌روه‌ها فریشته‌کانی ئاو‌و دروێنه به‌شداری شایی و خۆشیان کرد.
له‌پڕێکا ده‌م و چاوی پرۆسپیرۆ هه‌ڵبزرکا و گۆرا و دیمه‌نه‌که به‌ته‌واوی رهویهوهو وون بوو ، سه‌باره‌ت ئه‌وه‌ی ساته‌وه‌ختی گه‌یشتنی کالیبان و خاوه‌نه تازه‌که‌ی بوو بۆ ئه‌وه‌ی پرۆسپیرۆ بکوژن .. فریدیناند و میراندا به‌هۆی تێکچونی رهنگو روی پرۆسپیرۆ په‌شۆکان ، به‌لام ئه‌و ئارامی کردنه‌وه ووتی:
دل ته‌نگ مه‌به جه‌ناب هه‌ر ئێستا دوژمنه‌کانمان تیا چون ئه‌وانه‌ی نوێنه‌ری ئێمه بون وه‌کو پێشتر پێم ووتی گشتیان گیانی جنۆکه بون هه‌مویان له‌هه‌وایه‌کی ته‌نک و زراڤ توانه‌وه ئێمه‌ش له‌و که‌رستانه پێک هاتوین وه‌کو خه‌ون واین ، ژیانی کورتمان به‌خه‌و پێچراوه‌ته‌وه
بۆ پوچه‌ل کردنه‌وه‌ی نه‌خشه‌و پلانی کالیبان نه‌خشه‌یه‌کی ساده‌یان داڕشت پرۆسپیرۆ فرمانی دا به ئێریهل ڕسته‌یه‌ک جل‌و به‌رگی جوان و بریقه‌دار و دره‌وشاوه‌ی له‌به‌ر ده‌رگای ئه‌شکه‌وت ههلواسیت ، ئه‌وه‌بو کاتی ترنکۆلۆ و ستیفانۆ گه‌یشتن خۆیان به‌و جله جوانانه خه‌ریک کرد له‌باتی به‌بێ ده‌نگ بچنه ناو ئه‌شکه‌وت و تاوانه‌که‌یان جێبه‌جی بکه‌ن هه‌ر خه‌ریکی تاقیکرنه‌وه‌ی جله‌کان بوون .. کالیبان زۆر لییان توڕه بوو زۆریش ده‌ترسا نه‌وه‌کا ده‌سگیر بکرێن به‌لام ئه‌وان گوێیان نه‌دایی . له‌ناکاو کۆمه‌له سه‌گێکی دڕ چوار ده‌وری هه‌رسێ پیلان گیره‌کانیان دا به‌ره‌و دارستان ڕاویان نان .
*****************
کاتی ئه‌وه هات دوژمنه‌کانی پێشوی پرۆسپیرۆ ئاماده بکرێن که چه‌ندین کاتژمێربو له‌ناو جغزێکی جادوو گه‌ری قه‌تیس مابوون نه‌یانده‌توانی جوله بکه‌ن ناچار بون له‌و ماوه‌یه‌دا به ویژدانی خۆیان دا بچنه‌وه و بیر بکه‌نه‌وه هه‌ر چه‌ند ئه‌شکه‌نجه‌و ئازارێکی زۆریان چێشت ئیریهل خۆشی ووتی به‌راستی زۆر مه‌ینه‌تیان کێشا و تۆبه‌ی راسته قینه‌یان کردوه
پرۆسپیرو هه‌ستی جولا و نه‌یویست زیاتر له‌وه ئازار بکێشن فرمانیدا به ئێریهل له‌جادوو ڕزگاریان بکات
ڕیگه‌یان پێدراو هاتنه ژور له‌پێشدا پرۆسپیرۆ باوشی کرد به گۆنزالۆی مێرخاس و به‌خێراتنی پاشای کرد و گهفێکیشی له سیبستیان و ئه‌نتۆنیو کرد تێی گه‌یاندن که ئاگای له هه‌موو سڕ‌و تڕو نه‌خشه‌کانیان بوه به‌لام باسیان ناکات به‌مه‌رجێ جارێکی‌تر بیر له‌تاوان گوناه کردن نه‌که‌نه‌وه.
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به ته‌واوی پله‌و پایه‌ی پێشوی پروسپیرۆیان نه‌ده‌زانی ئێریهل ئه‌و جل‌و به‌رگه فه‌رمیه‌ی ئاماده کرد که کاتی خۆی شازاده‌ی میلانۆ ده‌یپۆشی.
.ئه‌و ده‌مه‌ی ئێریهل سه‌رقاڵی جێبه‌جی کردنی ئه‌رکه سوکه‌کانی خۆی بوو له خۆشی ئه‌وه‌ی به‌م زوانه ئازاد ده‌کرێت به ده‌نگێکی سازگار گۆرانی له‌به‌ر خۆیه‌وه ده‌ووت:
"له‌کوێ هه‌نگ شیله بمژیت منیش له‌وێ مژ لێ ئه‌ده‌م .. له‌ناو گۆل و گۆلزاری بۆنخۆشی به‌هارا راده‌کشێم… له‌و جێگایه دهحهسیمهوه که کوونه په‌پو ئه‌قیژێنی .. به‌سه‌ر پشتی شه‌مشه‌مه کوێره‌وه ده‌فڕم دوای هاوین به‌خۆشی و شادی له ژێر خونچهگولی ژێر لقی دره‌خت….."
پرۆسپیرۆ گوێی لێ گرتبوو ووتی ئای ئه‌وه ئێریهله میهره‌بانه‌که‌ی خۆمه ئای که ناخۆشه له‌ده‌ستم ده‌ڕوات ، به‌لام ده‌بی ئازادی خۆی وه‌ده‌ست بینیت.
ئیستاکه‌ش شاه ئهلانزۆ پرۆسپیرۆی ناسیه‌وه داوای لێبوردنی کرد ده‌سته‌لاتی پاشایه‌تی وولاته‌که‌ی بۆ گێراوه ، به‌په‌رۆشه‌وه باسی خه‌م و په‌ژاره‌ی له‌ده‌ست دانی فێردیناندی کوڕه‌که‌ی بۆ باس کرد .
پرۆسپیرو هیمایه‌کی کرد ده‌رگای ئه‌شکه‌وت کرایه‌وه .. دیاربو فێردیناندو میراندا بهشادمانیهوه سه‌رگه‌رمی یاری شه‌تڕه‌نج بوون. ئهلفانسۆ به‌و په‌ری سه‌رسورمانه‌وه هاواری کرد سوزو پیرۆزبایی باوکی دلخۆشتان له‌سه‌ر بیت به جۆش و خڕۆشه‌وه باوشی به کوڕه‌که‌یدا کرد وه‌ختی گوێ بی‌سی چیرۆکی فێردیناند بوو به شادیه‌وه پێخۆشحالی خۆی ده‌ربڕی که میراندا ده‌بیته هاوسه‌ری کوڕه‌که‌ی
لای خۆیه‌وه میراندا به‌رامبه‌ری دیمه‌نی شاه ئهلانزۆ گه‌وره پیاوه‌کانی چریکاندی:
"چه‌ند بونه‌وه‌ری رندو ڕووخۆش ئیستا لێره‌ن
ئاده‌میزاد چه‌ند دلگیرن .. وای له‌م دونیایه نوێ یه بوێره‌ی ئه‌م هه‌موو جوامێره‌ی تیا ده‌ژیت"
ده‌سته‌ی به‌له‌مه‌وانه‌کان گه‌یشتن ئه‌وانیش سه‌ریان سوڕما له‌وه‌ی خۆیان ساغ وسه‌لامه‌تن که‌شتیه‌که‌یان ساز‌و ئاماده‌یه بۆ گه‌شتی ده‌ریا.
دوا جار ترینکۆلۆ ستیفانۆ به سه‌رشۆڕی هاتنه ژوره‌وه و شپرزه و خهمباربون کالیبانیش دوایان که‌وتبوو به ملکه‌چی به‌لێنیدا
" له‌مڕۆ به‌دواوه ژیر‌و هۆشمه‌ند ده‌بم هه‌ولی چاکه‌و میهره‌بانی ئه‌ده‌م .. چه‌ند که‌رو گه‌مژه بوم وام ده‌زانی ئه‌م سه‌رخۆشه ئاماژه‌ی بۆ ستیفانۆ کرد که‌سێکی خواوه‌ندو سه‌روه‌ره.
ئیتر پرۆسپیرۆ سه‌ربه‌ست و ئازاد پاش ئه‌وه‌ی به ئاواته‌کانی خۆی گه‌یشت پێویستی به کتیبه‌کانی جادوگه‌ری نه‌ما و عه‌بایه سه‌یره‌که‌ی فڕی دا لایه‌ک … هه‌موو گیانی ئه‌و جنۆکانه‌ی ئازاد کرد که له خزمه‌تی خۆی دا بون .. به‌م جۆره پرۆسپیرۆ گه‌رایه‌وه مێلانۆیهکهی خۆی
میرانداش بوه شازاده‌و پاشانیش بوه شابانوی ناپۆلی.
کالیبانیش له‌و دورگه‌ی جادوگه‌ری ماوه‌و…. ئیریهلی به‌خته‌وه‌ریش بۆ هه‌تا هه‌تایه ئازاد
**********
ويليام شكسپير به ئینگلیزی
William Shakespeare
له مانگی نیسانی 1564 لهستراتفۆرد ئهپان ئێڤۆن له به‌ریتانیا له‌دایک بوه له 23/مانگی نیسانی1616 کۆچی دوایی کردوه
یه‌کێکه له‌به‌ناوبانگترین شانۆنامه نوسه‌کانی جیهان ، به شاعیری گه‌وره‌ی نیشتمانی به‌ریتانیا ناوداره ده‌یان شانۆ نامه‌ی سه‌رکه‌وتوی
وه‌کو هاملت ، ئوتیلۆ ، شاه لیر ، ماکبه‌س ، بازرگانی ڤینسا ، رۆمیۆ جولیت ، ئه‌نتۆنیۆ و کیلۆپاترا ، ڕه‌شه‌با ، هینری پینجه‌م ، خه‌ونێ له شه‌وێکی هاویندا .. هتد نوسیوه
**********
شانۆنامه‌ی ( ڕه‌شه‌با یان باهۆز ) دوا شاکاری ویلیا‌م شکسپێره پێنج په‌رده‌یه ، له شانۆنامه کۆمیدیهکانیتی ، که‌سایه‌تیه سه‌ره‌کیه‌کانی ئه‌مانه‌ن:
——————————————-
پڕۆسپیرۆ: شازاده‌ی ده‌رکراوی میلانۆ ، پاله‌وانی سه‌ره‌کی شانۆ گه‌ری ڕه‌شه‌با
میراندا : کچی پرۆسپیرۆ
ئێریهل : خێوه خزمه‌تکاری پرۆسپیرۆیه
کالیبان: خێوێکی نیوه دڕه‌نده‌و نیوه‌که‌ی تر مرۆڤه کوڕی جادوگه‌ری مردو سیکۆراکسه ، کۆیله‌ی پرۆسپیرۆیه
ئهلانزۆ: پاشای ناپۆلی
سیباستان: برای ئهلانزۆ
ئه‌نتۆنیۆ: برای پرۆسپیرۆ یه ، داگیرکه‌ری ده‌سته‌لاتی پرۆسپیرۆی داگیرکردوه شازاده‌ی ساخته‌ی میلانۆیه
فیردیناند: کوڕی ئهلانزۆیه
گۆزانلۆ: گه‌وره راویژکاری پاشایه ژێژ به‌ژێر دلسۆزی پرۆسپیرۆیه ؛