هه‌ره‌سی نووسه‌ر له هه‌ره‌سی چیایه‌ك مه‌ترسیدارتره!!
مرۆڤه‌كان زۆر به ده‌گمه‌ن نه‌بێ نابن به نووسه‌ر، كه بوونه نووسه‌ریش ئیدی كۆڵێك خه‌م و ئه‌ندێشه‌و پرسه چاره‌نووسسازه‌كانی نه‌ته‌وه‌و گه‌ل و چینهكهیان ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆو له‌وه ده‌رده‌چن كه خاوه‌نی خودی خۆیان بن، چونكه ده‌بنه به‌شێك له جه‌سته‌ی زیندووی پێشهات و رووداوه‌كان و هه‌رگیز له ئاست كێماسییهكاندا سه‌ركزو بێده‌سه‌ڵات نابن، به‌ڵكو له‌هه‌مبه‌ر هه‌ر چهوتهكردارێكی نا به‌رپرسانه‌ی به‌رپرسێك و بڕیار‌و یاسایه‌كی نابه‌جێ، دێنه‌ده‌نگ و بڵندگۆئاسا، چین و توێژه‌كانی میلله‌ت له خه‌وی بێده‌نگی راستدهكهنهوهو ده‌بنه زایه‌ڵه‌ی ده‌نگه بوێره‌كان و پێشڕه‌وایه‌تی گه‌ل ده‌كه‌ن، هه‌ر كاتێكیش نووسه‌رێكی راسته‌قینه كۆڵیداو له‌ژێر كاریگه‌ریی هه‌ر هۆكارێكدا بێت، هه‌ره‌سی هێنا، ئیدی نابێته‌وه تاكێكی ئاسایی نێو كۆمه‌ڵگا، له‌به‌رئه‌وه‌ی نووسه‌ری راسته‌قینه لووتكه‌ی چیایه‌كی سه‌ركه‌شه‌و هه‌میشه ورده تیشكاوێژهكانی ئاسۆ له‌وێوه موژده‌ی راونانی شه‌وه تاریكه‌كان به مرۆڤه بنده‌ست و بهشمهینهتهكان ده‌گه‌یه‌نن، لێ ئای چ كاره‌ساتێك ده‌بێ، كاتێ چیا هه‌ره‌س دێنێت و لووتكه به قهدپاڵدا شۆڕده‌بێته‌وه‌و تیشكه زێڕینه‌كانی ده‌مكه‌لی ئاسۆ ده‌تۆرێن و بینایی گه‌ل ده‌بێته شه‌وه‌زه‌نگ. كاره‌ساته كاره‌سات، كاتێ گوێبیستی نووسه‌رێك ده‌بیت زۆر به داڕووخاوییهوه ده‌ڵێ: برا نووسینی چی، كێ نووسینه‌كانمان ده‌خوێنێته‌وه؟، مه‌گه‌ر هه‌رخۆمان بینووسین و ههرخۆمانیش بیخوێنینه‌وه!!. له‌مڕۆژانه‌دا یه‌كێك له‌و نووسه‌رانه‌ی كه ده‌مێكه له بواری نووسین و شانۆ‌و كاره هونه‌رییه‌كاندا، تا راده‌یه‌ك به‌چاوه، له گفتوگۆیه‌كدا سه‌باره‌ت به رۆڵی رۆژنامه‌و راگه‌یاندن له تهزرهكوتكردنی به‌رپرسانی گه‌نده‌ڵ و كه‌مته‌رخه‌م و ریسواكردنیان، هه‌ره‌س په‌ی به ناخی بردبوو و زۆر به حه‌ماسه‌ته‌وه وتی: ئه‌وه ئێوه باسی چی ده‌كه‌ن، كێ نووسینه‌كانمان ده‌خوێنێته‌وه، مردم ئه‌وه‌نده بنووسم، چیم به چی كرد؟!، به‌رپرسانی ئهمشارو وڵاته پهمۆیان له گوێچكه ئاخنیوه‌و گوێیان له هیچ نابێت. برایه‌كی نووسه‌ری دیكه كه هێشتا هه‌ره‌س په‌ی به داڕووخاندنی وره‌ی نه‌بردبوو و دوای چه‌ك پێنووسه‌كه‌ی پێ گرتبووه ده‌ست، هه‌ڵیدایه‌و وتی: ئه‌وه به‌ڕاستته؟!.. خوام ده‌كرد به‌رپرسان قوڕقوشمیان له گوێچكهكانیان ده‌ئاخنی، نه‌ك په‌مۆ!!، به‌ڵام دڵنیابه وشه‌ی دڵسۆزانه‌و بوێرانه‌ی هه‌ر نووسه‌رێك، پێویسته ببێته (درێل)و قوڕقوشمی نێو گوێچكه‌ی به‌رپرسان بسمێت، كه دڵنیاشم هه‌روایه‌و چ دره‌نگ بێ و چ زوو، هه‌ر ده‌بێ ئه‌و قوڕقوشمه بسمێت. نووسه‌رێكی دیكه‌ش زۆر له‌سه‌ر خۆ‌و به سه‌رسووڕمانه‌وه، سه‌رنجێكی وردی دایه ئه‌و برا نووسه‌ره‌ی كه دیاربوو هه‌ره‌سی هێنابوو و پێیوت: ئه‌ها بڕوانه ده‌سه‌ڵات ئه‌مه‌ی ده‌وێ، ده‌یه‌وێ وا خۆی پیشان بدات كه نووسه‌ران با هه‌ر ره‌خنه بگرن و خه‌ڵكیش با هه‌ر ناڕه‌زایی ده‌رببڕن، كه‌چی ئه‌وان مێشیشیان مێوان نییه!!، كه راستییه‌كه‌ی پێچه‌وانه‌یه، چونكه ئه‌گه‌ر وا بوایه ئه‌و هه‌موو نووسه‌رو رۆژنامه‌نووس و گۆڤار‌و كه‌ناڵی راگه‌یاندنانه له‌لایه‌ن دادگاكانه‌وه ئه‌و بڕه پاره خه‌یاڵییانه سزا نه‌ده‌دران، هه‌ندێ لێره‌و هه‌ندێ له‌وێ، تا ئه‌و برا نووسه‌ره هاته‌وه سهرخۆیو كه‌وته ئاماژه‌كردن به رۆڵی چه‌ند نووسینێكی خۆی كه چۆن چه‌ند به‌رپرسێكی هه‌راسان كردووه‌و گله‌یی و هه‌تا هه‌ڕه‌شه‌شیان لێكردووه، كه واز له نووسین بهێنێت، تا گه‌یشته باڵانسی وره‌ی به‌رزتر ببێته‌وه‌و بڵێ: له‌سه‌ر ده‌ستی ئێوه هه‌ر ئه‌مشه‌و سه‌رله‌نوێ تێهه‌ڵده‌چمه‌وه، راسته وتوویانه: (هه‌ره‌سی نووسه‌ر له هه‌ره‌سی چیایه‌ك مه‌ترسیدارتره، چونكه هه‌ره‌سی چیایه‌ك دۆڵێك پڕ ده‌كاته‌وه، لێ هه‌ره‌سی نووسه‌رێك میلله‌تێك دووچاری گێژاو ده‌كات.
رابه‌ر ره‌شید- كه‌ركوك