پیدڕۆ پاڕامۆو ڕۆمانی ده‌نگه‌کان
له‌ساڵانی په‌نجا و شه‌سته‌کانی سه‌ده‌ی ڕابردوو له ئه‌مریکای لاتین شێوازێکی نوێی ڕۆمان په‌یدابوو، به ڕێبازی ڕیالیزمی سیحری ناسرا. نووسه‌رانی ئه‌مریکای لاتین ” گابریل مارکیز، ماریۆ ڤارگاس یووسا، ئه‌لڤارۆ سیپیدا سامۆدیۆ، کارلۆس فۆینتس، خۆلیۆ کورتاسار، مانوێل بۆیگ…تاد” به ته‌کنیک و شێوازی نوێ ڕۆمانیان نووسی. ئه‌مانه هه‌ر یه‌که‌یان خه‌ڵکی وڵاتێکی ئه‌مریکای لاتینن، لێ هه‌موویان لهئافراندن و په‌ره‌پێدانی ئه‌م ڕێبازه ڕۆڵیان هه‌بوو. هێندێک ته‌کنیکیان ئافراند که یێکه‌مجار ئ‌وان داهێنهرینه بۆ نموونه ” سامۆدیۆ مه‌به‌ستی بوو له نووسینی ڕۆماندا شێوازی جیاواز به‌کاربێنێ، که له ناوه‌ڕاستی په‌نجاکانی سه‌ده‌ی ڕابردوو ده‌ستیکرد به بڵاوکردنه‌وه‌ی چه‌ند به‌شێکی ڕۆمانه‌که‌ی، له‌هه‌ر به‌شێکدا گفتوگۆ نهێنی و چڕوپڕه سه‌یره‌کان له‌گه‌ڵ وێنه شیعرییه‌کان و گوزارشته ڕاپۆرتییهکاندا کۆده‌کاته‌وه، له‌باره‌ی ئه‌وه‌شه‌وه وتراوه سامۆدیۆ یه‌که‌مین که‌سێکه که شێوازی نووسینی به‌ش به‌شی هێناوه‌ته ناو ڕۆمانی ئه‌مریکای لاتینه‌وه” 1 بۆیه ده‌توانین بێژین ئه‌م ڕۆماننووسانه له ڕێی ڕۆمانه‌کانیانه‌وه ئه‌ده‌بیات و کلتوور و فه‌رهه‌نگی ئه‌مریکای لاتین به میلله‌تانی دنیا بناسێنن. گێڕانه‌وه‌ی ڕووداوه‌کانی واقیع و تێکه‌ڵکردنیان ده‌گه‌ڵ که‌شێکی سیحرئامێز ته‌کنیکی به‌رزی ده‌وێت، چونکو هه‌روه‌ک یوسا باس له‌وه ده‌کات ده‌بێ ڕۆماننووس له توانایدا بێ له گێڕانه‌وه‌ی ڕووداوه‌کاندا، با له‌وپه‌ڕی فانتازی و سیحرئامێزدا بن قه‌ناعه‌ت به خوێنه‌ر بکات. ئه‌م ڕۆماننووسانه توانای قه‌ناعه‌ت پێکردنیان به‌هێزه. ته‌نانه‌ت کاتێک باس له‌ڕووداوی فانتازی ه‌که‌ن خوێنه‌ر ههستدکات ئه‌م ڕووداوانه به‌سه‌ر خۆیدا هاتوون.
خوان ڕۆلفۆ یێکێکه له ڕۆماننووسه دیاره‌کانی ئه‌مریکای لاتین، به ڕۆمانی ” پیدرۆ پارامۆ” خوێنه‌رانی سه‌رسامکرد. ئه‌م ڕۆمانه له‌ساڵی “1999” له‌لایه‌ن ” ئازاد به‌رزنجی و ڕێبوار سیوه‌یلی”یه‌وه بۆ سه‌ر زمانی کوردی وه‌رگێڕدراوه. هه‌رچه‌نده ده‌گه‌ڵ وه‌رگێڕانه‌که دوو لێکۆڵینه‌وه‌ی وه‌رگێڕدراو بڵاوکراوه‌ته‌وه تاڕاده‌یێکی باش هه‌ندێ لایه‌نی ڕۆمانه‌که‌یان ڕوونکردۆته‌وه. به‌پێویستی ده‌زانم به‌چه‌ند دێرێک ڕووداوه‌کانی ئه‌م ڕۆمانه بکه‌م، چونکو من باس لایه‌نێکی نادیاری ده‌که‌م ئه‌ویش بوونی ده‌نگه که پانتاییه‌کی زۆری دابڕیوه.
” خوان پریسیادۆ” گێڕه‌ره‌وه‌ی سه‌ره‌کی نێو ڕۆمانه‌که‌یه، کاتێک دایکی ده‌مرێت، له‌سه‌ر وه‌سیه‌تی دایکی ده‌چێته‌وه گونده‌که‌یان “کۆمالا” بۆ دۆزینه‌وه‌ی باوکی ” پیدرۆ پارامۆ” و هه‌ڵدانه‌وه‌ی ڕابردووی خۆیان. گێڕه‌ره‌وه‌ی سه‌ره‌کی ڕاناوی یێکه‌م که‌سی تاکه ” هاتم بۆ کۆمالا، چونکه پێیان وتم که باوکم، پیدرۆ پارامۆ ، لێره ده‌ژیا، دایکم ئه‌مه‌ی وت و منیش په‌یمانم دایێ هه‌ر که له دنیا ده‌رچوو بۆ دیده‌نی بچم، لێ ماوه ماوه جڵه‌وی گێڕانه‌وه‌ی ڕووداوه‌کان ده‌که‌وێته ده‌ست گێڕهرهوهیهکیتری هه‌مووشتزان، ئه‌م ته‌کنیکه‌ش ” ماریۆ ڤارگاس یووسا” ناوی ده‌نێت ” گۆشه‌نیگای شوێنی گێڕه‌ره‌وه” گواستنه‌وه‌ی شوێن له‌لایه‌ن گێڕه‌ره‌وه‌ی ڕۆمان. لێره‌دا گۆشه‌نیگای گێڕه‌ره‌وه له گێڕه‌ره‌وه‌ی بۆ نموونه “من” بۆ گێڕه‌ره‌وی هه‌مووشتزان، یان به‌پێچه‌وانه‌وه. ئه‌م ته‌کنیکه ورده تاکوو ئێستا ده‌نێو ئه‌ده‌بی کوردی‌دا ئه‌وه‌نده‌ی من ئاگادار بم که‌س په‌ی پێنه‌بردووه، چونکو ته‌کنیکێکی زۆر ورده خوێنه‌ر ڕه‌نگه هه‌ستی پێنه‌کات. بۆیه بۆ خوێندنه‌وه‌ی به‌رهه‌می ئه‌و نووسه‌رانه وردی و دیقه‌تی ده‌وێ.
پیدرۆ پارامۆ ڕۆمانێکی سه‌یره، واقیعیه‌تێکی پڕ لهسیحربازییه،له‌گه‌ڵ ئه‌وشدا له‌کاتی خوێندنه‌وه‌یدا قهنهعهتی ته‌واو به ڕووداوه‌کان ده‌که‌ین. له‌م ڕۆمانه‌دا که‌سایه‌تییه‌کان هه‌موویان مردوون، لێ له‌جووڵه و گفتوگۆشدان. ته‌نانه‌ت ” خوان پریسیادۆ” که ده‌چێته گونده‌که له نیوه‌ی ڕۆمانه‌که ئه‌ویش ده‌مرێت. به هۆش و هزری له گێڕانه‌وه‌ی ڕووداوه‌کان به‌رده‌وام ده‌بێت. بۆیه لێره‌دا ئه‌وه ته‌نیا ده‌نگه‌کانن بوونیان هه‌یه، له‌جوڵه‌دان، هه‌ست به‌هیچ جووله‌یه‌کی فیزیکی جه‌سته‌کان ناکه‌ین، هه‌رچه‌نده له‌دریژه‌ی ڕه‌وتی ڕووداوه‌کان هاتن و چوون هه‌یه، گیانداری وه‌کوو ئه‌سپ هه‌یه، پاڵکه‌وتن له‌سه‌ر قه‌ره‌وێله هه‌یه. ئامانه هه‌موویان جووڵه‌یان تێدایه، ئه‌مانه له‌ژیانی ڕۆژانه‌دا هه‌ست پێکراون، لێ له‌م ڕۆمانه‌دا زمینه‌یه‌کی وایان بۆ ڕه‌خسێنراوه که ته‌نێ هه‌ست به‌ده‌نگ بکه‌ین، شوێن گوندێکه که‌سی تێدا نه‌ماوه، هه‌موویان مردوون. ته‌نانه‌ت له‌و لێکۆڵیه‌وه‌ی له کۆتایی دانراوه ئاماژه به‌وه‌کراوه سه‌ره‌تا ڕۆمانه‌که ناوی “ورته ورتهکان” بووه. له‌م ڕۆمانه‌دا له‌ڕێگه‌ی ده‌نگه‌کانه‌وه هه‌ست به شوێنه‌کان، ڕه‌فتاره‌کان، سرووشت، که‌سه‌کان ته‌نانه‌ت بوونی گونده‌که‌ش ده‌که‌ین. لێ لێره‌دا که ئه‌و ڕاستییه ده‌زانین چۆن قه‌ناعه‌ت به ڕووداوه‌کان ده‌که‌ین؟ ئێمه چۆن قه‌ناعه‌ت به‌و که‌شه فانتازییه ده‌که‌ین؟ ” یووسا ” له‌باره‌ی قه‌ناعه‌ت پێکردنه‌وه ده‌ڵێت: ” بۆ ئه‌وه‌ی توانای قه‌ناعه‌ت پێکردن بده‌ین به ڕۆمانێک ده‌بێ چیرۆکه‌که‌ی به‌شێوه‌یه‌ک بگێڕینه‌وه تا ئه‌وپه‌ڕی سوود له‌و ژیانه وه‌رگرین که له‌ناواخنی حیکایه‌ته‌که و کاره‌کته‌ره‌کاندا شاردراوه‌ته‌وه ئه‌و وه‌همه‌ش بده‌ین به خوێنه‌ر که ئه‌و چیرۆکه سه‌ربه‌خۆیه و له‌و جیهانه واقیعیه‌ی ئه‌و که‌سانه تیا ده‌ژین که ئه‌و چیرۆکه ده‌خوێننه‌وه، تا ڕۆمانه‌که به‌لامانه‌وه سه‌ربه‌خۆ و به‌ده‌سه‌ڵاتتر بێت توانای بۆ قهناعهتپێکرنمان زیاتر ده‌بێت”2 ڕووداوه‌کانی نێو ئه‌و ڕۆمانه‌ش به‌هه‌مان شێوه ئه‌وه‌نده سه‌ربه‌خۆن ئێمه‌ی خوێنه‌ر هه‌ست به‌وه ده‌که‌ین ئه‌و ڕووداوانه واقیعیین. بۆیه کاتێک خوان پریسیادۆ ده‌گه‌ڵ کابرای وڵاخدار به‌ره‌و گونده‌که‌یان ده‌چێته‌وه، به خوان ده‌ڵێت: ئه‌م دێیه که‌سی تێدا ناژی و پیدرۆی باوکیشت مردووه، لێ خوان هه‌ر ده‌ڕوات. ڕۆماننووس که‌شێکی وامان بۆ ده‌خوڵقێنێت ته‌واو هه‌ست به‌ژیان له گونده‌که ده‌که‌ین، بۆیه قه‌ناعه‌تی پێده‌که‌ین. ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌نده گه‌مه به‌و ده‌نگانه ده‌کرێت و ئاڵ‌وگۆڕیان پێده‌کرێت و هه‌رجاره له‌ڕێگای ته‌کنیکی دیالۆگ، مه‌نه‌لۆگ، فلاش ده‌نگه‌کان دریژه به‌گێڕانه‌وه‌ی ڕووداوه‌کان ده‌ده‌ن. له‌و گونده‌ی که ده‌توانین به گۆڕستانی ڕووحه‌کان ناوی ببه‌ین هه‌ست به هه‌موو کێشه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان، سێکس، سته‌مکردن، ته‌نانه‌ت خۆشه‌ویستیش ده‌که‌ین. لێره‌دا توانایی ڕۆماننووس بۆ خوێنه‌ر ڕاکێشان بۆ ناو که‌شی ڕۆمانه‌که به‌دیار ده‌خات، ئه‌مه‌ش له‌و هێزه سیحر ئامیزه‌وه هاتووه که ڕۆماننووس ئافراندوویه‌تی.
لایه‌نێکی تری ئه‌و ڕۆمانه ئه‌وه‌یه گێڕه‌ره‌وه‌کان به‌شێوه‌یه‌ک تێکه‌ڵکراون خوێنه‌رێکی وردی ده‌وێت لێکیان هه‌ڵاوێرێت. له‌هه‌موو که‌شی ڕۆمانه‌که ته‌نێ ده‌نگ ده‌بیسترێت، هه‌ر ده‌نگه و خه‌مێکی قوڵی له پشته‌وه‌یه، له‌وێوه شاره‌زای کلتوور و فه‌رهه‌نگی ئه‌و ناوچه‌یه ده‌بین، هه‌ر ده‌نگه و نوێنه‌ری چینێکه ده‌نێو ئه‌و کۆمه‌ڵه، بۆ نموونه ” پیدرۆ پارامۆ” ده‌نگی ده‌ره‌به‌گی گونده‌که‌یه، بڵندترین ده‌سه‌لاتی گونده، له‌ڕێگه‌ی ده‌نگی پیدرۆوه شاره‌زای حه‌ز و سته‌مه‌کانی هه‌موو کوێخا و ده‌ره‌به‌گانی ئه‌مریکای لاتین ده‌بین، به‌تایبه‌تی حه‌زی له‌بن نه‌هاتووی سێکسیان به‌و هۆیه‌وه خاوه‌نی چه‌ندین منداڵه. له ئه‌نجامیشدا هه‌ر به ده‌ستی یێکێک له منداڵه‌کانی “ئابۆندیۆ مارتینیز” ده‌کوژرێت. ئه‌مه‌ش ئه‌و په‌یامه‌مان پێده‌ڵێت که ده‌سه‌ڵات هه‌رچه‌ند سته‌مکار بێت، له ئه‌نجامدا به ده‌ستی ڕۆله و کوڕه‌کانی ده‌ڕوخێنرێت. ” بابا ڕێنیتریا” ده‌نگی ئایینه، ئێمه ده‌زانین به‌درێژایی مرۆیایه‌تی هه‌میشه ئایین و ده‌سه‌لات پشتگیری‌یان له یێکتر کردووه، چونکو به‌رژه‌وه‌ندییان ده‌گه‌ڵ یێکتردا هه‌بووه. ئه‌م ده‌نگه ” بابا ڕێنتیریا” پشتگیری له پیدرۆ ده‌کات که ده‌نگی ده‌سه‌ڵاته، جا چ به‌هۆی به‌رژه‌وه‌ندی، یان له ترساندا بووه. ئه‌مانه ڕه‌خنه‌ی ڕۆماننووسه له کۆمه‌ڵگه‌ی خۆی. ڕۆماننووس ئاگه‌داری هه‌موو سه‌رچاوه کۆمه‌ڵایه‌تی و کلتووری کۆمه‌ڵگه‌که‌یه‌تی ” چونکو ڕۆماننووسه‌کان توانای ئه‌وه‌یان هه‌یه که ورده‌کارییه‌کانی پرسه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان به‌ڕوونی نیشان بده‌ن که لای ئه‌ندامانی ئه‌و کۆمه‌ڵگه‌یه گرنگن” 3 ڕۆلفۆ به‌شێوه‌یه‌ک شاره‌زای که‌لێنه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌که‌یه‌تی، به‌م به‌رهه‌مه ڕه‌خنه‌یه‌کی توندی له سیسته‌می ژیان و به‌ڕێوه‌بردنی خێزان گرتووه. سه‌ره‌نجامی هه‌موو سته‌مکارێکی به‌ده‌رخستووه که به‌ده‌ستی ڕۆڵه‌کانیان له‌ناو ده‌چن. ڕه‌نگه ئه‌و گوته‌یه ڕاست بێت که نووسه‌ران و ئه‌دیبان به‌شێوه‌یه‌کی جوداواز له تاکی نێو کۆمه‌ڵگه بیر ده‌که‌نه‌وه، به مانایه‌ی نووسه‌ر و ئه‌دیبی بیرکه‌ره‌وه ورووژێنه‌ری پرسیار و گومانهکانن، به دیدی جوداواز، تێڕوانینی جودا ده‌ڕواننه دیارده‌کان. هه‌رچه‌نده ده‌بێ ئه‌و ڕاستییه‌شمان له‌به‌رچاو بێت ئه‌و نووسه‌ر و ئه‌دیبانه کاکێکن له‌و کۆمه‌ڵگایه، بۆیه‌ش هه‌میشه ده ناکۆکیدان ده‌گه‌ڵ حه‌و کۆمه‌ڵگایه. ره‌نگه هه‌ست به دابڕانێک له کۆمه‌ڵ بکه‌ن” ئه‌دیب هه‌میشه هه‌ست به جۆرێک له پچڕان له‌گه‌ڵ ده‌ورووبه‌ر ده‌کات ، بۆیه له‌ڕێی نووسینه‌وه ده‌یه‌وێ سه‌ره‌داوی ئه‌م پچڕانه بدۆزێته‌وه و سه‌ر له‌نوێ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵدا ببه‌ستێته‌وه” 4 ئه‌مه‌ش ده‌بێته هاندانێک تاکوو ئه‌لته‌رناتیڤێک بدۆزێته‌وه که نووسینه تاکوو خۆی ده‌گه‌ڵدا ئاشتبکاته‌وه، هه‌ر له‌م ڕێگه‌یه‌شه‌وه هه‌وڵی گۆڕانی ده‌دات، یان هیچ نه‌بێ کاریگه‌ری له‌سه‌ر ئه‌و کۆمه‌ڵگه‌یه دروستبکات.
ڕۆلفۆ له‌م ڕۆمانه‌دا له‌ڕێن ده‌نگه‌کانه‌وه گرنگی به خه‌یاڵ ده‌دات، چونکو خه‌یاڵ بکوژی یێکه‌می هه‌موو سته‌مکارێکه. به‌و مانایه‌ی هه‌موو سته‌مکارێک خه‌یاڵێکی فریوده‌ریان ده‌که‌وێته ناو مێشک بۆیه له‌سه‌ر حیسابی خه‌ڵکی هه‌وڵی به‌دیهێنانی ده‌ده‌ن، لێ ئه‌و سته‌مکارانه بێ‌ئاگان له‌وه‌ی خه‌ڵکیش خه‌یاڵیان هه‌یه، حه‌زیان هه‌یه، بۆیه هه‌وڵی ڕووخاندنیان ده‌ده‌ن، چونکو سته‌مکار خه‌یاڵی خۆی به خه‌یاڵی باڵا داده‌نێت ، به تاکه حه‌قیقه‌تیشی ده‌زانن.
هه‌ر ئه‌م ڕۆمانه له‌ڕێگه‌ی ده‌نگه‌کانه‌وه هه‌وڵی پیشاندانی واقیعێک ده‌دات، پڕه له‌نائومێدی، له سته‌م، ئه‌و واقیعه‌ی که سه‌رشاره به ئێسکی مرۆ ئه‌وه‌ته کاتێک ” سان خوان” کچه‌که‌ی “سوزانا” له منداڵی‌دا بۆ چاڵێک شۆڕده‌کاته‌وه بۆ دۆزینه‌وه‌ی ئاڵتوون، لێ ” سوزانا” که‌لله‌سه‌ر و ئێسکی مرۆ ده‌دۆزێته‌وه، ئه‌مه ئه‌و واقیعه‌یه که ڕۆلفۆ نیشانمان ده‌دات.
بێگومان ئه‌و ده‌نگانه‌ی ده‌نێو ئه‌م ڕۆماندا هه‌ن، له‌ڕێگه‌ی وشه‌وه ده‌رده‌بڕدرێت. ئه‌م وشانه‌ش ده‌بێ هه‌ڵگری سیحرێک بن، زمانی ڕۆڵفۆ له‌م ڕۆمانه‌دا سه‌رشاره به سیحر. سیحرێک خوێنه‌ر سه‌رسام ده‌که‌ن، هه‌ر له‌ڕێگای ئه‌م زمانه‌ش بوو ئه‌ده‌بیات و کلتوور و ئه‌فسانه‌ی ئه‌مریکای لاتینیان به هه‌موو دنیا ناساند. به‌و مانایه‌ی ڕۆمان ئێستا زیاتر چینی ناوه‌ندی پێوه دیاره هه‌ر له‌م ڕێگه‌یه‌شه‌وه ڕۆماننووس شێوازێک بۆ خۆی دیاریده‌کات، له‌ڕێگه‌ی ئه‌م شێوازه‌وه خوێنه‌ر به‌شداری پێده‌کات، واته خوێنه‌ر له ڕووداو و کێشه‌کانی جیهانی نووسه‌ر به‌شدار ده‌بێت، ئه‌مه‌ش ئه‌و توانایه‌ی قه‌ناعه‌ت پێکردنه که نووسه‌ر هه‌وڵی بۆ ده‌دات. ڕۆماننووس له‌ڕێگه‌ی ته‌کنیکی دیالۆگه‌وه ده‌نگه‌کانی به‌رهه‌مهێناوه تا زیاتر به‌سه‌ر ڕه‌وتی ڕووداوه‌کان زالبن. وه‌کوو پێشتریش گوتمان جووڵه‌ی که‌می تێدایه، ئه‌م دیالۆگانه ده‌نگن، جارجاره‌ش له‌ڕێگه‌ی ته‌کنیکی فلاش باکه‌وه بۆ یاده‌وه‌ری که‌سایه‌تییه‌کان ده‌گه‌ڕێنه‌وه به‌تایبه‌تی ” پیدڕۆ پارامۆ”، هه‌روه‌ها ته‌کنیکی مه‌نه‌لۆگیش بۆ به‌رهه‌مهێنانی ده‌نگه‌کان سوودی لێوه‌رگیراوه، به‌شێوه‌یه‌کی گشتی ئه‌م دوو ته‌کنیکه له‌لایه‌ن ڕۆماننووسانی ئه‌مریکای لاتین زۆرتر باکاردهبرێن، لای ڕۆماننووس ” سامۆدیۆ”ش له ڕۆمانی ” ماڵه گه‌وره‌که” دیالۆگ زۆر به‌کاربراوه.
سه‌رچاوه‌کان:
1. دوانزه نامه بۆ ڕۆماننووسێکی لاو، ماریۆ ڤارگاس یووسا، و: شیرین.ک، له بڵاوکراوه‌کانی پاشکۆی ڕه‌خنه‌ی چاو‌دێر، سلێمانی، 2008، ل39.
2. ڕۆمان چییه؟، کۆمه‌ڵێ نوسه‌ر، و:جه‌واد مسته‌فا، ده‌زگای موکریان، هه‌ولێر،2008،ل83.
3. ماڵه گه‌وره‌که، ڕۆمان،ئه‌لڤارۆ سیپیدا سامۆدیۆ،و: تارا شێخ عوسمان، ده‌زگای سه‌رده‌م، سلێمانی، 2007، ل5.
4. ڕۆمان له گۆشه‌نیگای جیاوازه‌وه، سه‌لاح عومه‌ر، ده‌زگای موکریان، هه‌ولێر،2010،ل43.