گه‌ڕانه‌وه به‌ره‌و منداڵی
(کاره‌سات ئه‌وه نییه، جه‌نه‌ڕاڵیک هاتوچۆ له شه‌قامه‌کاندا قه‌ده‌غه بکات،
ئه‌وه کاره‌ساته، هاتوچۆی وشه له ناخماندا قه‌ده‌غه بێت و
ترس وامان لێ بکات، زاتی ئه‌وه‌مان نه‌بێت، قسه‌ی دڵی خۆمان بکه‌ین.)
ئارنستۆ ساباتۆ
ڕۆماننووس سه‌رقاڵی گوتنه‌وه‌ی ده‌رسی مۆراڵ نابێت، لێ ده‌گه‌ڕێت کاره‌کته‌ره‌کان جێپه‌نجه‌ی خۆیان به‌سه‌ر ڕووداوه‌کانه‌وه جێ بهێلن، له هه‌مان دوورییه‌وه سه‌یری هه‌موو که‌سایه‌تییه‌کان ده‌کات و وا ناکات ئه‌م کاره‌کته‌رمان خۆش بوێت و قینمان له‌وی دیکه ببێته‌وه. ده‌قی ئه‌ده‌بی هێنده سنوورنه‌ناسه، ته‌نانه‌ت ئه‌و مه‌رزه‌یش که ژانره ئه‌ده‌بییه‌کان له یه‌کدی جیا ده‌کاکه‌ته‌وه، ده‌سڕێته‌وه. ده‌قی ئه‌ده‌بیی باڵا هه‌ستێکمان له کن دروست ده‌کات، پێمان وابێت، ئه‌وه واقیعه که به‌شێکه له تێکسته‌که، نه‌ک ده‌قه‌که ڕه‌نگدانه‌وه‌ی واقیعێکی دیاریکراو بێت.
ڕۆمانی (پاسه‌وانی کێڵگه‌ی هه‌رزن)ی جیرۆم داڤید سالینگه‌ر (1919 _ 2010) که ناوه‌که‌ی له گۆرانییه‌که‌وه هاتووه، تێکسته‌که‌ی ڕۆبێرت بێرنز نووسیویه‌تی، له 1951 دا بڵاو ده‌بێته‌وه. ئه‌وه له خۆڕا نییه که وه‌رگێڕی سوێدی ناوی (ڕزگارکه‌ر له ته‌نگانه‌دا) له‌و ڕۆمانه ده‌نێت، ئاخر هه‌موو هه‌وڵی (هوڵدن کۆڵفیڵد)ی قاره‌مانه‌که‌ی بۆ ئه‌وه‌یه، منداڵان له گه‌وره‌بوون ڕزگار بکات و ڕێ نه‌دات له‌سه‌ر دوندی منداڵییه‌وه بگلێن و بکه‌ونه ناو خه‌ره‌ندی گه‌وره‌بوونه‌وه. ئه‌وه‌یش بۆ خۆی خه‌مێکی گه‌وره‌یه، ئینسان که له لوتکه‌ی منداڵییه‌وه، ده‌که‌وێته نێو دۆڵی گه‌وره‌بوونه‌وه، که له دنیایه‌کی بێگه‌رده‌وه، ده‌که‌وێته ناو دنیایه‌که‌وه که ته‌ژییه له دووڕوویی، هه‌ست به ئازاری ئه‌و که‌وتنه‌خواره‌وه‌یه ناکات. ڕه‌نگه جیاوازیی سه‌ره‌کیی نێوان منداڵی پاک و گه‌وره‌ی دووڕوو ئه‌وه بێت، ئه‌میان له پێناوی مه‌سه‌له‌یه‌کدا خۆی به کوشت ده‌دات و ئه‌ویان له پێناوی مه‌سه‌له‌یه‌کدا ده‌ژی. چونکه له ڕوانگه‌ی هۆڵدنه‌وه، بێجگه له منداڵان، ئه‌و خه‌ڵکه هه‌موویان، دووڕوون، بۆیه خه‌و به‌وه‌وه ده‌بینێت، دوور له کۆمه‌ڵ، به ته‌نیا له کووختێکدا بژی. جه‌ی دی سالینگه‌ر ئه‌و خه‌وه‌ی قاره‌مانی ڕۆمانه‌که‌ی دێنێته دی و خۆی وا ده‌ژی وه‌ک قاره‌مانه‌که‌ی ده‌خوازێت.
گه‌وره‌کان هه‌میشه هۆلدن نا‌ئومێد ده‌که‌ن، ته‌نانه‌ت که نیوه‌شه‌وێکی سارد، هانا بۆ ماڵی مامۆستایه‌کی دێرینی به‌ساڵداچووی خۆی ده‌بات، مامۆستا که به ڕووکه‌ش پێشوازییه‌کی گه‌رمی لێ ده‌کات، به‌ره‌به‌یان به نیازی خراپ لێی نزیک ده‌بێته‌وه، ئیدی ناچار ده‌بێت به‌و ناوه‌خته بچێته ده‌ره‌وه. تاقه که‌سێکی جێی متمانه لای هۆڵدن، خوشکه ته‌مه‌ن ده ساڵانه‌که‌ی ده‌بێت، که ئه‌و خوشکه‌ی لێی ده‌پرسێت: حه‌ز ده‌که‌یت ببیت به چی؟ ده‌ڵێت: ئه‌گه‌ر هه‌لی هه‌ڵبژاردنم بۆ بڕه‌خسێت، ده‌خوازم ببه‌م به پاسه‌وانی کێڵگه‌ی هه‌رزن، که وه‌ک خۆی ڕوونی ده‌کاته‌وه، مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه، له کاتی ته‌نگانه‌دا فریای منداڵان بکه‌وێت و ڕێ له گه‌وره‌بوونیان بگرێت، ئاخر گه‌وره‌کان له کن وی، هه‌موویان دووڕوون، بۆیه ئه‌وه کاره‌ساته، ئینسان منداڵیی له ده‌ست بدات و ببێته که‌سێکی دووڕوو. له کن هۆڵدن، گه‌وره‌کان هه‌موویان درۆزن و دووڕوون، هه‌یانه تا بڵێیت لووتی بڵنده، که‌چی وه‌ک که‌سێکی ساکار و خاکی خۆی نیشان ده‌دات. هه‌یانه هیچ حه‌زی له چاره‌ت نییه، که‌چی که ده‌تبینێت ده‌ڵێت: شادم به دیدارت. هۆڵدن که باسی ئه‌و که‌سه ناخپووتانه ده‌کات، خه‌ڵکی دووڕوو وای بۆ ده‌چن، ئه‌و قسانه‌ی زاده‌ی ئه‌وه‌یه که هه‌ست به که‌موکووڕی ده‌کات.
ئه‌گه‌ر له خوڵقاندنی ئه‌و جیهانه‌دا که وێنه‌ی ده‌کێشین، سه‌رکه‌وتوو نه‌بین، ناتوانین وا بکه‌ین خوێنه‌ر بڕوا به‌و چیرۆکه بکات که ده‌یگێڕینه‌وه. ئه‌و ته‌کنیکانه‌یشی سه‌روه‌ختی گێڕانه‌وه، هانایان بۆ ده‌به‌ین، هه‌ر به‌و مه‌به‌سته‌یه متمانه‌ی خوێنه‌ر به ده‌ست بهێنین. وه‌ک چۆن ئه‌وه هه‌ڵه‌یه، شانی ده‌قێک به باری ئه‌م یان ئه‌و فیکر قورس بکه‌ین، ئه‌وه‌یش هه‌ر که‌موکووڕییه، سه‌روه‌ختی گێڕانه‌وه، خۆمان بده‌ین به ده‌ست شه‌پۆلی ڕسته‌ی شیعرییه‌وه، ئاخر له هه‌ردوو باره‌که‌دا، که‌سایه‌تییه‌کانمان وه‌ک کاره‌کته‌ری کاغه‌زین دێنه به‌ر چاوی خوێنه‌ر. داهێنه‌ر وه‌ک چۆن ده‌توانێت به زمانێکی پاراو ده‌قی جوان به‌رهه‌م بهێنیت، هه‌ر وایش پێی ده‌کرێت به زمانێکی ته‌خته‌ئاسا تێکستی باڵا بنووسێت. ساراماگوا به زمانێک ده‌ینووسی هێنده وشک بوو، هه‌ر ده‌تگوت ته‌خته‌یه.
جه‌ی دی سالینگه‌ر له (پاسه‌وانی کێڵگه‌ی هه‌رزن)دا، چیرۆکی چه‌ند ڕۆژێک له ژیانی هه‌رزه‌کارێکی شازده ساڵان ده‌گێڕێته‌وه، هه‌رزه‌کارێک که خه‌ڵکی ساخته و دووڕوو، نا‌ئومێد و تووڕه‌یان کردووه و هیچ متمانه‌ی به کۆمه‌ڵ نه‌ماوه. ئه‌وه هۆڵدنی هه‌رزه‌کار خۆیه‌تی له ڕێی مه‌نه‌لۆگێکی درێژه‌وه، ڕووداوه‌کان به زمانێکی ڕۆژانه‌ی زبر و بازاڕی ده‌گێڕێته‌وه، زمانێکی پڕمانا و پته‌وی له ته‌خته وشک و ڕه‌قتر، زمانێک که سڵ له به‌کارهێنانی دزێوترین وشه ناکاته‌وه. زمانی زبر له‌م ڕۆمانه‌دا، لایه‌نێکی نیگه‌تیڤ نییه، زمانێکه له‌گه‌ڵ که‌سایه‌تیی قاره‌مانی ڕۆمانه‌که‌دا که چیرۆکبێژه‌که‌یشه، ته‌واو ده‌گونجێت. زمانی که‌سێکی نا‌ئومێد، تووڕه و بێ ئامانج، که‌سێک که ژیانی بریتییه له بۆشایی و ته‌نیایی، که‌سێک که به ده‌ست خه‌مۆکییه‌وه ده‌ناڵێنێت، که‌سێک که تازه‌کی ئامێزی دنیای منداڵیی پڕ دڵنیایی جێ هێشتووه، که‌سێک که هه‌میشه نۆستالژیای بۆ ژیانی خاوێنی منداڵیی هه‌یه. سالینگه‌ر که له سه‌ره‌تای په‌نجاکانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا به‌و زمانه تونده نووسیویه‌تی و باسی له کڕینی سێکس و ته‌نانه‌ت له هاوڕه‌گه‌زبازیش کردووه، بۆ ئه‌و سه‌رده‌مه، ئه‌وه بوێرییه‌کی که‌موێنه بووه.
کرۆچه ده‌ڵێت: (ڕه‌خنه‌گر له عه‌رشی داهێناندا، دێته سه‌ر چۆک، به‌رانبه‌ر داهێنان خۆی لێ نا‌بێته دادوه‌ر و داهێنه‌ر ناداته به‌ر ڕێژنه‌ی مۆچیاری. ڕه‌خنه‌گر به هۆشیارییه‌وه هه‌ست به‌و لایانه‌نایش ده‌کات که زاده‌ی نه‌ستی داهێنه‌رن.) ڕه‌خنه‌گر، نیزار قه‌بانی گوته‌نی: (که‌سێکه به چاوی سێیه‌م، ئه‌و دیمه‌نانه ده‌بێنێت که خوێنه‌ر نایانبینێت و به گوێی سێیه‌م ئه‌و ئاوازانه ده‌بیستێت که گوێگر نایانبیستێت.) ڕه‌خنه‌گر ده‌زانێت، جوانترین و گه‌شترین گوڵی نێو دڵگیرترین گوڵزار، سیس ده‌بێت و هه‌ڵده‌وه‌رێت، ئه‌وه‌ی هه‌میشه به گه‌شی ده‌مێنێته‌وه، گوڵی نێو ئه‌و ده‌قانه‌یه که ده‌که‌ونه خانه‌ی داهێنانه‌وه. ڕه‌خنه‌گر له به‌رانبه‌ر داهێناندا بێلایه‌ن نییه، هه‌میشه لایه‌نی داهێنان ده‌گرێت و ناچاره داهێنه‌ری خۆش بوێت و دژی ئه‌وانه بێت که له بایه‌خی داهێنان که‌م ده‌که‌نه‌وه. ده‌قێک که پێی بڵێین داهێنان، نه سنووری هه‌یه، نه چوارچێوه‌یه‌کی دیاریکراو، له‌نێو فۆرمی داهێناندا، وه‌ک بودلیر بۆی چووه: (جێی گۆرانییه‌کانی ناخ و شه‌پۆله‌کانی خه‌ون و هه‌ڵچوونه‌کانی ویژدانیش ده‌بێته‌وه.)
ئه‌وه‌یش پارادۆکسێکه بۆ خۆی، هه‌رچه‌نده ڕۆمانه‌که‌ی سالینگه‌ر به‌سه‌رهاتی خوێند‌کارێکی سه‌رنه‌که‌وتووی له خوێندنگه ده‌رکراو ده‌گێڕێته‌وه، که‌چی له زۆر له قوتابخانه و کۆلێژه‌کانی فێربوونی زمانی ئینگلیزی‌دا، وه‌ک کتێبی خوێندن به‌کار ده‌هێنرێت و هه‌رزه‌کاران وه‌ک کتێبێکی پیرۆز سه‌رنجی ده‌ده‌ن. هۆڵدن خه‌و به‌وه‌وه ده‌بینێت دنیا جوانتر و ئینسانه‌کان باشتر بن، وه‌لێ جار له دوای جار نائومێدتر ده‌بێت. ئه‌و چونکه ڕاستگۆیانه و ڕاسته‌وخۆ ناخی خۆی ده‌رده‌بڕێت، به ئاسانی ده‌بێته زمانحاڵی هاوته‌مه‌نه‌کانی خۆی و هه‌رچه‌نده شه‌ست ساڵێک به‌سه‌ر بڵاوبوونه‌وه‌ی ڕۆمانه‌که‌دا تێپه‌ڕیوه، که‌چی هه‌ر ده‌ڵێیت تازه‌کی نووسراوه، ئاخر سالینگه‌ر توانیویه‌تی له ژێ هه‌ره هه‌ستناکه‌که‌ی هه‌رزه‌کارانی دنیا بدات و هونه‌رمه‌ندانه باس له پاکی و غه‌ریبی و یاخیبوونیان بکات. (هه‌رزه‌کاران له که‌ناری ڕووباره‌که‌دان، هاکا لافاو هات و هه‌موویانی برد، پێویسته فریایان بکه‌وین.) ڕه‌نگه ئه‌وه په‌یامی ڕۆمانی پاسه‌وانی کێڵگه‌ی هه‌رزن بێت.
گرنگ ئه‌وه‌یه ڕۆماننووس خاوه‌نی زمانێکی هێنده ده‌وڵه‌مه‌ند بێت که توانای ئه‌وه‌ی پێ ببه‌خشیت، ورده‌کارییه‌کانی هه‌موو شته‌کان به‌سه‌ر بکاته‌وه، گیان به به‌ر که‌سایه‌تییه‌کاندا بکات، ده‌روونی کاره‌کته‌ره‌کانی بهێنیته گۆ و فیکر و ئاره‌زوو‌یان به‌رجه‌سته بکات. ئه‌وه ته‌نیا زمانێکی زه‌نگینه وا ده‌کات، رۆماننووس وێنه‌ی شوێنێکی زیندوومان له زه‌مانێکی دیاریکراودا بۆ بکێشێت. ڕه‌نگه یه‌کێک له ته‌کنیکه سه‌خته‌کانی نووسینی ڕۆمان ئه‌وه بێت، نووسه‌ر باسی هه‌موو ورده‌کارییه‌کان بکات، بێ ئه‌وه‌ی له کرۆکی بابه‌ته‌که دوور بکه‌وێته‌وه. بۆ ئه‌وه‌ی خوێنه‌ر بێزار نه‌بێت، نووسه‌ر ناچاره، توند توند خۆی به بابه‌ته‌که‌یه‌وه ببه‌ستێته‌وه و لێی دوور نه‌که‌ویته‌وه.
جه‌ی دی سالینگه‌ری ئه‌مریکایی به هۆی ڕۆمانی پاسه‌وانی کێلگه‌ی هه‌رزنه‌وه، که مانیفێستی ئه‌وانه‌یه، دنیای پڕ له ساخته و دووڕوویی ڕه‌ت ده‌که‌نه‌وه و له ده‌وروبه‌رێکی پیسدا، به پاکیی ده‌مێننه‌وه، له‌سه‌ر ئاستی دنیا ناوبانگ په‌یدا ده‌کات، که‌چی له‌م سی چل ساڵه‌ی ئه‌م دوایییه‌ی ژیانیدا، به‌رده‌وام خۆی له ڕووناکی ده‌شارێته‌وه و قسه‌یه‌ک بۆ ڕاگه‌یاندن ناکات و لێ ناگه‌ڕێت ژیاننامه‌ی بنووسنه‌وه. به پاساوی ئه‌وه‌ی (هه‌ر چی پێیه له چیرۆکه‌کانیدا گوتوونی، ئیدی قسه‌کردن هیچ سوودی نییه،) هه‌میشه خۆی له دیمانه ده‌دزێته‌وه. سالینگه‌ر ده‌رباره‌ی دووره‌په‌رێزییه‌که‌ی ده‌ڵێت: (ڕاسته من له‌م دنیایه‌دام، به‌ڵام به‌شێک نیم لێی.) ئه‌و هه‌ر پێوه‌ندیی به کچه‌که‌یه‌وه ده‌مێنێت، به‌ڵام که کچه‌که‌ی کتێبێک سه‌باره‌ت به پێوه‌ندیی نێوان خۆی و باوکی بڵاو ده‌کاته‌وه، پێوه‌ندیی له‌گه‌ڵ ئه‌ویشدا ده‌پسێنێت، ئاخر ده‌یگوت: ئه‌وه مافی ڕه‌وای خۆمه که بزر ببم. گۆگۆڵ که خه‌ریکه له نووسینی به‌شی دووه‌می، ده‌روونه مردووه‌کان ده‌بێته‌وه، ده‌ستنووسه‌که‌ی ده‌سووتێنێت، کافکا داوا له ماکس بروودی هاوڕێی ده‌کات، ڕۆمانه‌کانی بسووتێنێت، ده‌ڵێن سالینگه‌ریش چه‌ندان ڕۆمانی دیکه‌ی نووسیوه و به پاساوی ئه‌وه‌ی بۆ چێژی خۆی نووسیون، نه‌ک بۆ خه‌ڵک، له سۆنگه‌ی ئه‌وه‌وه که بڵاوکردنه‌وه، ده‌ستدرێژییه بۆ سه‌ر لایه‌نه تایبه‌تییه‌کانی ژیانی نووسه‌ر، له سندووقێکی ئاسنیندا هه‌ڵی گرتوون و لێ نه‌گه‌ڕاوه که‌س بیانبینێت.
ڕه‌خنه‌گری فه‌ره‌نسایی ڕۆژیه کابوا ده‌یگوت: (له نیوه‌ی یه‌که‌می سه‌ده‌ی نۆزده‌یه‌مدا، ئه‌ورووپا مه‌ڵبه‌ندی ڕۆمان ده‌بێت، له نیوه‌ی دووه‌میدا، ڕۆمان هه‌واری خۆی بۆ ڕووسیا ده‌گوێزێته‌وه. له نیوه‌ی یه‌که‌می سه‌ده‌ی بیسته‌مدا، ئه‌مریکا زێدی ڕۆمان ده‌بێت، له نیوه‌ی دووه‌میدا، ڕۆمان لاتین ئه‌مریکا ده‌کات به نیشتمانی خۆی.) له سه‌ده‌ی ڕابردوودا هه‌زاران که‌س و زێتریش له لاتین ئه‌مریکا، خه‌ریکی نووسینی چیرۆک ده‌بن، که‌چی ئێمه هه‌ر چه‌ند ناوێکی وه‌ک بورخیس، ساباتۆ، فارگاس، ئه‌مادۆ، ئاستۆریاس، فۆینتس، مارکیز و کۆیلۆمان له یاده. سالینگه‌ریش یه‌کێکه له‌و ناوه ده‌گمه‌نانه‌ی وێڕای ئه‌مریکا، دنیایشی هه‌ژاندووه.
*
(*) ج. د. سالنجر، الحارس فی حقل الشوفان، ترجمه: غالب هلسا، دار المدی 2007 دمشق.