 
	سەفەر دەمبا …. خولیا حوسێن
    سەفەر دەمبا و 
جاوەکانم پراو پڕن لە حەسرەتی چاوەروانی 
ئەم جیژووانە پایزییە
سەفەر دەمبا و
 ملوانکەی مرواری عەشقت 
لە گەردنم نابێتەوە. 
سەفەر پاڵم پێوە دەنێ و 
خۆشەویستیت تەسبێحێکی ملیۆنەهادانە  موورووی
 ڕەنگاو رەنگی یادگارییە و 
هەزاران  خەتمی بەڵێنم پێی کردووە 
سەفەر دەستم ڕادەکێشێ و 
دەستەکەی ترم دەرنایە 
لەناو دەستی ئەوینی تۆ! 
سەفەر گۆرانیم بۆ دەڵێ و 
دڵی منیس لێوان لێوە
 لە سەردوولکەی نائومیدی و 
لە برینی دابڕان و لە خەمی تۆ
سەفەر دەمبا و من و تۆ و ئەستێرەکانیش 
من و تۆ و باڵندەکانێش 
من و تۆ و گشت ساڵ و مانگ و
 شەوو و ڕۆژ و چرکە ساتە درێژەکانیش
لامان ڕوونە 
لە شوێن پێی هەر هەنگاوێکم 
لافاوێک فرمێسک دەڕژێ 
لە ڕووانگەی هەر نیگایەکم 
هەزارەها خەون دەمرێ
سەفەر دەمبا بۆ هەوارێک 
نە چرای عەشقی تێدایە و نە یاداشتێکی منداڵیم
سەفەر دەمبا
ڕۆحم دەکوژێ
خەندەم دەمرێ
دەست دا دەگرێ بەسەرهەتاوی ر ڕەهاییم 
کەنەدا/٧،٦،٢٠١١

 
			 
			 
			