Skip to Content

Sunday, September 8th, 2024
ده‌ستوری هه‌رێم له‌ نێوان، پرۆژه‌ شاهانییه‌که‌ی ده‌سه‌ڵات و پێداچونه‌وه‌ ڕووکه‌شی یه‌که‌ی ئۆپۆزسیۆن!

ده‌ستوری هه‌رێم له‌ نێوان، پرۆژه‌ شاهانییه‌که‌ی ده‌سه‌ڵات و پێداچونه‌وه‌ ڕووکه‌شی یه‌که‌ی ئۆپۆزسیۆن!

Closed
by July 16, 2011 گشتی

کومه‌ڵگای سڤیڵی کوردستان ‌20 ساڵه‌، له‌لایه‌ن پارتی ویه‌کیتی وهاوکارانیان له‌ڕه‌وته‌ ئیسلامیه‌کان، به‌بێ هیچ ڕێساو یاسایه‌ک و ته‌نها به‌زه‌بری چه‌کی هیزی میلیشیا، به‌ریوه‌ ده‌برێ. له‌م ماوه‌یه‌دا ئه‌گه‌ر یاساو بریارێکیش هه‌بوبێت یان ئه‌م حزبانه‌ په‌سه‌ندیان کردبێت ئه‌وا‌ یان هه‌مان ئه‌ویاساو بڕیارانه‌بوه‌ که‌له‌به‌عسه‌وه‌ ماوه‌ته‌وه‌ وه‌یان پشتی به‌ده‌ستوره‌ کاتییه‌که‌ی به‌عس به‌ستبووه‌. به‌لام له‌دوای ڕوخانی ڕژێمی به‌عس و ئالوگوره‌ سیاسییه‌کانی دواتر، یه‌کیه‌تی وپارتی وه‌ک دوحزبی بۆرژوازی که‌به‌ئامانجی بازارو ده‌سه‌لاتی خۆی گه‌یشتووه‌، که‌وتنه‌ خۆیان وبه‌مه‌به‌ستی ڕێکخستنی په‌یوه‌ندیه‌ سیاسی وکۆمه‌لایه‌تیه‌کان وپێناسه‌کردنه‌وه‌ی مافو ئازادیه‌ شه‌خسی ومه‌ده‌نیه‌کانی هاوڵاتیان، به‌جۆرێک که‌وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی باڵاده‌ستیان به‌سه‌ر بازاڕ وکالاو سه‌رمایه‌یان له‌به‌رامبه‌ر چینی کرێکارو زه‌حمه‌ت کێشاندا دابین بکاو  شه‌رعیه‌تیش بده‌ن به‌دزی و گه‌نده‌لی وسه‌رکوتی ڕه‌هایان، مه‌سه‌له‌ی دارشتنی ده‌ستوریکیان بۆکوردستان به‌ده‌سته‌وه‌ گرت وله‌ 22-8-2006 پرۆژه‌ ده‌ستوریکیان هێنایه‌ ئاراو ه‌و دواتریش به‌پیلانێکی سیاسی وفرتوفێڵی په‌رلمانی، له‌مانگی نۆی 2009 دا، له‌سه‌ر وبڕیاری خه‌ڵکی کوردستانه‌وه‌ تێیان په‌ڕاند. به‌ڵام ئه‌م ماوانه‌ وله‌نێو جه‌رگه‌ی که‌شوهه‌وای سیاسی کوردستان وناڕه‌زایه‌تیه‌ جه‌ماوه‌ریه‌کاندا وبه‌تایبه‌تی له‌سه‌ر داوای لایه‌نه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌کان، ده‌نگۆی ئه‌وه‌ بڵاو بۆته‌وه‌ ‌که‌پرۆژه‌که‌ ده‌گێڕرنه‌وه‌ بو په‌رلمان، تا جاریکی تر چاوپێداخشانه‌وه‌ی له‌سه‌ر بکرێ و پاشان به‌ته‌وافقی نێوان ئۆپۆزسیۆن وده‌سه‌لات وه‌یا له‌ڕیگای وه‌رگرتنی ڕای خه‌ڵکه‌وه‌ په‌سه‌ند بکرێته‌وه‌. ئه‌وه‌شی ئاشکرایه‌ له‌م پڕۆسه‌ی گێرانه‌وه‌ وچاوپێدا خشانه‌وه‌یه‌ی ده‌ستوری هه‌رێمدا به‌رجه‌سته‌یه‌. داوایه‌که‌ که‌لایه‌نه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌کان، به‌تایه‌به‌تی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، وه‌ک به‌شێک له‌پاکێجه‌کانی پڕۆژه‌ی چاکسازی سیسته‌می حاکمیه‌ت له‌به‌رامبه‌ر ده‌سه‌لاتدا بۆڕێکه‌وتن، ته‌ئکیدی لێده‌که‌نه‌وه‌. گوایه‌ ڕه‌خنه‌یان له‌ده‌ستور هه‌یه‌. ئایا داوای گێڕانه‌وه‌ وپێداچونه‌وه به‌ده‌ستوری هه‌رێمدا، له‌لایه‌ن ئۆپۆزسیۆنه‌وه‌، گۆڕانێک له‌ناوه‌ڕۆکی ده‌ستوری ئێستا وجیاوازیه‌کی بنه‌ڕه‌تی به‌قازانجی خه‌ڵک دێنێته‌ ئاراوه‌؟ ئایا ڕه‌خنه‌و ناڕه‌زایه‌تی ئۆپۆزسیۆن له‌ده‌ستور ڕووی له‌پێشڕه‌وی کۆمه‌لایه‌تی وبه‌رینکردنه‌وه‌ی مافو ئازادیه‌کانه‌، یان مه‌رامی تایبه‌تی، ئه‌م لایه‌نانه‌؟
بێگومان هه‌ر که‌سیکی ئازادیخواز که‌که‌مترین زانیاری هه‌بێت و چاوێکی خێرا، به‌ده‌ستوری هه‌رێمدا بخشینی به‌ساده‌یی ده‌گاته‌ ئه‌وه‌ی که‌ئه‌م ده‌ستوره‌ سه‌راپا‌ چ پڕۆژه‌یه‌کی کۆنه‌په‌ستانه ودواکه‌وتووه‌ ‌وچه‌نده‌ دژی سه‌ره‌تایی ترین ماف و ئازادییه‌کانی جه‌ماوه‌ره‌و چه‌نده‌ش ده‌ستوریکی شاهانه‌یه‌ بۆ پاوانکردنی جومگه‌کانی ده‌سه‌ڵات له‌لایه‌ن سه‌رانی حزبه‌ بۆرژوا ناسیونالیسته‌کانی ئێستای کوردستانه‌وه‌. بۆسه‌لماندنی ئه‌م داوه‌رییه به‌پیویستی ده‌زانم له‌چه‌ند گۆشه‌ی سه‌ره‌کیه‌وه‌ له‌سه‌ر ده‌ستوری ئێساتی هه‌رێم ڕاوه‌ستم ودواتریش بۆ وه‌لامی پرسیاره‌کانی سه‌ره‌وه‌ به‌راوردێک له‌گه‌ل ئه‌و ڕه‌خنه‌و ناڕه‌زایه‌تییه‌نه‌دا بکه‌م که‌ئۆپۆزسیۆن له‌داوای ‌گێڕانه‌وه‌ی ده‌ستوردا، به‌دواوه‌یه‌تی:
یه‌که‌م: له‌ هه‌مو ڕژێم و ده‌سه‌لاته‌ شاهانه‌کاندا، ناتوانرێ ده‌ستور به‌مانا هاوچه‌رخ و سڤیلیه‌که‌ی وه‌ربگیرێت، چونکه‌ له‌م جۆره‌ سیسته‌مانه‌دا، ده‌ستوور مه‌یدانێکه‌ بۆ کۆکردنه‌وه‌ی کومه‌لێک قه‌رارو مه‌دار‌ که‌ شاکان هه‌ر خۆیان دایان ناوه‌و ده‌سه‌لاتی ڕه‌هاش هه‌ر خویانن. بو نمونه‌ شاکانی سعودیه‌ و زۆری تر تا ئیستا خاوه‌نی ده‌سه‌لاتی ڕه‌هان، ته‌نانه‌ت گوێزانه‌وه‌ی پشتاوپشتی ده‌سه‌ڵات بۆ وه‌چه‌ی شا خاڵیکی بنه‌ڕه‌تییه‌ ولیره‌شه‌وه‌‌ ته‌واوی به‌ند وبڕگه‌کانی داڕێژراوه‌. ڕاسته‌ پارتی و یه‌کیتی به‌ئاشکرا باسی شا وگوێزانه‌وه‌ی پشاوپشتی ده‌سه‌لات ناکه‌ن به‌ڵام به‌ڕۆشنی ده‌سه‌لاتی ره‌هایان داوه‌ به‌سه‌روکی هه‌رێم و ئه‌ویش وه‌ک شاکان خاوه‌ن ده‌سه‌لاتی ڕه‌هایه‌ و ده‌توانی هه‌موو یاساو ده‌زگاکان به‌که‌یفی خوی بگۆڕێ.
دووه‌م:ئه‌م ده‌ستوره‌ی ئێستای کوردستان،‌ تا بڵێی کۆنه‌په‌ستانه‌و دژی مافه‌ سه‌ره‌تایییه‌کانی خه‌ڵکه،‌ چونکه‌ دانیشتوانی کوردستانی له‌سه‌ر بنه‌مای ‌”پره‌نسیپی هاوولاتی یه‌کسان” و مافی هاوولاتی بوونی بۆ هامووتاکاکان، پیناسه‌ نه‌کردووه،‌ به‌لکو له‌سه‌ر قه‌ومو دین و نه‌ژادو…هتد پیناسه‌کراوه‌. له‌م چوارچێوه‌یه‌شدا ئیسلام کراوه‌ته‌ دینی ڕه‌سمی وشه‌ریعه‌تی ئیسلامیش سه‌رچاوه‌یه‌کی سه‌ره‌کیه‌ بۆ داڕشتنی یاساکان. ئه‌مه‌ش هه‌موو ئه‌و بنه‌مایانه‌ی که‌ مافو ئازادییه‌کانی له‌سه‌ر دامه‌زراوه، ته‌‌نانه‌ت به‌مانا باوه دیموکراسی یه‌که‌شی، ڕه‌ت ده‌کاته‌وه‌. چونکه‌ ئه‌وه‌ ئاشکرایه‌ که‌مه‌رجی سه‌ره‌کی بۆ بوونی ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌لاتی دیموکراسی و مافه‌ دیموکراسییه‌کان جیایی دین له‌ده‌وڵه‌ته‌ وه‌ ئه‌مه‌ سه‌ره‌کی ترین خه‌سڵه‌تی ده‌وڵه‌تی مۆدرێن وعه‌لمانییه‌.
سی یه‌م: ئه‌م ده‌ستوره‌ پشتی به‌ستوه به‌ده‌ستوری عیراق که‌ئه‌ویش له‌سه‌ر بنه‌مای قه‌ومی و دینی و تایه‌فی، عیراقێکی فیدراڵی له‌سه‌ر بنیات نراوه‌و شه‌ریعه‌ی ئیسلامیشی به‌سه‌رچاوه‌یه‌کی سه‌ره‌کی داڕشتنی یاساکان داناوه‌. ته‌نانه‌ت له‌ده‌ستوری هه‌ریمدا هاتووه‌ که‌نابێت بڕگه‌ وبه‌نده‌کانی، ناکوک بیت له‌گه‌ل ده‌ستوری عیراقی فیدراڵ. ئه‌مه‌ش ئیلحاق کردنی ده‌ستوری کوردستانه‌ به‌ده‌وڵه‌تی عێراقه‌وه‌.
ئێستا به‌م سه‌رنجانه‌وه‌ بابزانین گؤڕان ولایه‌نه‌ ئیسلامییه‌کان، ڕه‌خنه‌یان له‌ کوێی ده‌ستوره‌ ‌و له‌ثێداچوونه‌وه‌که‌شیاندا به‌شوێن ج مه‌به‌ستیکه‌وه‌ن. کورته‌ی ئه‌و ڕه‌خنه‌و سه‌رنجانه‌ی که‌تائێستا له‌سه‌ر ده‌ستوری هه‌رێم، له‌لایه‌ن سه‌رانی بزوتنه‌وه‌ی گوڕان ولایه‌نه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌کانه‌وه‌ هاتۆته‌ سه‌ر لاپه‌ڕه‌ی ڕۆژنامه‌کانه‌وه‌ ده‌کرێ له‌م خاڵانه‌دا بیانخه‌ینه‌ ڕوو:
1-    گێڕانه‌وه‌ی پڕۆژه‌ی ده‌ستوری هه‌رێمی كوردستان بۆ په‌رله‌مان، بۆ دوباره‌ گفتوگۆكردن و داڕشتنه‌وه‌ی و ده‌نگدان له‌سه‌ری یان ‌به‌ته‌وافوق کردن.
2-    هه‌مواركردنی پرۆژه‌ی ده‌ستوری هه‌رێمی كوردستان به‌شێوه‌یه‌ك ئه‌حكام و بڕگه‌ و هێڵه‌ گشتییه‌كان و سیستمی سیاسی و كارگێڕی (كه‌ به‌پێی ئه‌م ده‌ستوره‌ داده‌مه‌زرێت) بگونجێت له‌گه‌ڵ ده‌ستوری كۆماری عیراق، به‌تایبه‌تی ئه‌وه‌ی كه‌په‌یوه‌ندیی هه‌یه‌ به‌چه‌سپاندنی سیستمی په‌رله‌مانی، به‌شێوه‌یه‌ك ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان ببێته‌ سه‌رچاوه‌ی ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن و بنه‌مای شه‌رعیبونی. پشتبه‌ستن به‌ لامه‌ركه‌زیی ئیداری، به‌شێوه‌یه‌ك پارێزگاكان و ئه‌نجومه‌نه‌ هه‌ڵبژێردراوكانیان هه‌مان ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌یان هه‌بێت كه‌ له‌ ده‌ستوری عێراقیدا دیاری كراوه‌.
3-     كورتكردنه‌وه‌ی دیباجه‌ی پڕۆژه‌ی ده‌ستور و دوباره‌ داڕشتنه‌وه‌ی به‌گوزارشتی رون و لابردنی ئه‌و بڕگانه‌ی كه‌ جیاكاری له‌نێوان رۆڵه‌كانی گه‌لی كوردستاندا ده‌كات له‌ڕوی پێشینه‌ی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییه‌وه‌.
ئه‌م خاڵانه‌ به‌ڕۆشنی نیشانده‌دات که‌سه‌رنج و ڕه‌خنه‌کانی ئۆپۆزسیۆن له‌ده‌ستووری هه‌رێم له‌سه‌ر جه‌هه‌ری ده‌ستوره‌که‌ نییه‌ وبه‌لایدا ناچێت، به‌لکو به‌ته‌نها له‌ ده‌وری مه‌سه‌له‌ رواله‌تی یه‌کاندا ماوه‌ته‌وه‌و به‌شی زۆری ره‌خنه‌که‌یان رووی له‌ چونیتی دارشتن و سه‌رله‌نو داڕشتنه‌وه‌ی ووشه‌و رسته‌و ده‌سته‌واژه‌کانه. له‌ کاتیکدا که‌موکورییه‌ جه‌وهه‌ری یه‌کان له‌ده‌ستوردا زۆر ساده‌ن هه‌روه‌ک پیشتر گۆشه‌ سه‌ره‌کیه‌کانمان خسته‌روو. به‌واته‌یه‌کیتر مه‌سه‌له‌ی عه‌لمانی بونی ده‌ستور وهه‌لوه‌شاندنه‌وه‌ی ناسنامه‌ی قه‌ومی و ئاینی، که‌جو‌هه‌ری دابین کردنی مافو ئازادیه‌کانی فه‌رد وراوه‌ستانی دستووری هه‌رولاتێکه‌ له‌سه‌ربنه‌مای مافی هاولاتی بوونی یه‌کسان، ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌یه‌ که‌ناچیته‌ خانه‌ی ره‌خنه‌کانی ئۆپۆزسیۆنه‌وه‌ وئه‌وه‌تا به‌خالێک ده‌ستووری عێراقی وه‌ک سه‌رچاوه‌ی ده‌ستوری کوردستان به‌ده‌سته‌وه‌ ده‌گرێ وپێده‌چیت ره‌خنه‌ی ئۆپۆزسیۆن له‌ده‌سه‌ڵات له‌وه‌دا بێت که‌نه‌یانتوانییوه‌، به‌باشی ده‌ستوری کوردستان له‌ده‌ستوره‌ عروبی وئیسلامیه‌که‌ی عێراق ده‌رکیشن. به‌م حاله‌وه‌ کاتێکیش باس له‌چاکسازی ئیداری وجێگیر کردنی لامه‌رکه‌زیه‌ت وده‌سه‌لاتی هه‌ریمه‌کان له‌ده‌ستوردا دێننه‌ئاراوه، ته‌نها بۆشل کردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی یه‌کیه‌تی وپارتییه‌ نه‌ک بۆ فراوانکردنه‌وه‌ی ئازادیه‌کان وکۆتاکردنی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و‌ده‌ستی ئاین وشه‌ریعه‌ت له‌سه‌ر ژیانی کۆمه‌ڵگای کوردستان. به‌لکو ئۆپۆزسێۆنیش به‌هه‌مان شێوه‌ به‌بنه‌مای کۆنه‌په‌رستانه‌ وشاهانه‌ی ده‌ستوری ئێستاوه‌ خۆیان به‌ستۆته‌وه‌. ‌     
 بێگومان ده‌ستوری هه‌ر وولاتیک ره‌نگ دانه‌وه‌ی ئایدیولوژیاو بیروبوچونی سیاسی و که‌لتوری ئه‌و بزوتنه‌وه‌و حزبه‌ سیاسییه‌ چینایه‌تیانه‌یه‌ که‌له‌پشتی نوسین ودارشتن وپیاده‌ کردنی ئه‌و ده‌ستوره‌وه‌ن جا چله‌ ده‌سه‌ڵاتدا بن یان ئۆپۆزیسیۆن. بۆ نمونه‌ کاتێک خه‌ڵکی فه‌ڕه‌نسا شۆڕشیان کرد له‌دژی ده‌سه‌لاتی شاو کلیسا دروشمه‌ سه‌ره‌کییه‌که‌یان ئازادی یه‌کسانی برایه‌تی بوو ، وه‌ ده‌ستوره‌که‌شیان ئه‌م دروشمه‌ تیایدا ڕه‌نگی دایه‌وه‌، چونکه‌ ده‌یانزانی ئه‌م دروشم و خواسته‌ نایه‌ته‌دی ئه‌گه‌ر ده‌ستوره‌که‌یان پشت نه‌به‌ستی به‌بێ جیایی دین له‌ده‌وله‌ت وپه‌روه‌ردو خوێندن. بۆیه‌ به‌بڕوای من‌ چ ده‌ستوره‌که‌ی ده‌سه‌لات و چ پێداچونه‌وه‌که‌ی ئۆپۆزیسیون هه‌ردوکیان تا ناخ کۆنه‌په‌ستانه‌یه‌و له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندییه‌ سیاسی وفکری وچیانیه‌تییه‌ بورژوا قه‌ومی و ئیسلامییه‌کان داڕێژراوه‌و هیج له‌قازانجی کومه‌لانی جه‌ماوه‌ری ئازادیخوازو یه‌کسانخوازی سته‌مده‌یده‌ی کوردستان نییه‌. ئێمه‌ کومونیسته‌کان ‌نه‌ک له‌گه‌ڵ ئه‌م جۆره‌ ده‌ستوره‌ نین، به‌ڵکو خوازیاری ده‌ستورێکین که‌ ڕاسته‌وخۆ، له‌سه‌ر بنه‌مای ناسنامه‌ی ئینسانی بوون ومافی هاولاتی یه‌کسان بۆ هه‌موو تاکاکانی کۆمه‌ڵی کوردستان وسه‌لماندنی ئه‌وپه‌ڕی ئازدیه‌کان وخۆشگوزه‌رانی دابین بکات داڕیژرابێ و به‌پشت به‌ستن به‌ڕاو ئیراده‌ی ڕه‌سته‌وخۆی جه‌ماوه‌ر په‌سه‌ند بکرێ. به‌تایبه‌تیش ده‌ستورێک ده‌توانێ قازانج وبه‌رژه‌وندیه‌کانی کرێکاران وزه‌حمه‌تکێشان زامن بکات که‌کۆمه‌ڵگا وده‌وله‌ت له‌سه‌ر شێوه‌ نیزامێکی سیاسی وئیداری جه‌ماوه‌ری ونوینه‌رانی هه‌ڵبژێردراوایان، سازبداته‌وه‌ ورۆڵی جه‌ماوه‌ر له‌به‌ڕێوه‌بردنی کۆمه‌ڵگادا له‌فراوانترین ئاستدا زامنبکات. بێگومان خه‌بات بۆ گه‌یشتن به‌ده‌ستورێکی سکولار وئینسانی وبه‌نیزامێکی سیاسی وکۆمه‌ڵایه‌تی وا که‌ئازادی ویه‌کسانی وخۆشگوزه‌رانی بۆ هه‌موان مسۆگه‌ر بکات، به‌نده‌ به‌هێنانه‌ مه‌یدانی ‌خه‌باتێکی شۆڕشگێڕانه‌ی جه‌ماوه‌ریه‌وه‌ که‌کۆتایی هێنان به‌ده‌سه‌لاتی ئێستای کردۆته‌ ئامانج وهیچ خۆشباوه‌ریه‌کیشی به‌چاکسازی ئۆپۆزسیۆن نییه‌. 

 
14-7-2011
  

موزه‌فه‌ر عه‌بدولا

mozafar_as@yahoo.com

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.