Skip to Content

Tuesday, October 15th, 2024
کردەوەی تیرۆریستی ١٤/٧/٢٠٠٠ هەوڵێک بۆ تیرۆری کۆمۆنیزم و ئازادیخوازی

کردەوەی تیرۆریستی ١٤/٧/٢٠٠٠ هەوڵێک بۆ تیرۆری کۆمۆنیزم و ئازادیخوازی

Closed
by July 16, 2011 گشتی

١١ ساڵ بەر لە ئێستا، دوای ئامادەکارییەکی فراوان، دوای دانی وادەو بەڵێن بە رژێمی چنگ بەخوێنی کۆنەپەرستی ئیسلامی، دوای بڕیاردان بە تیرۆری خواستی ریفراندۆم و جیابوونەوەی کوردستان، یەکسانی ژن و پیاو، جیاکردنەوەی دین لە دەوڵەت و خوێندن و پەروەردەو یاساکان، ئازادییەکان، یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەسەرپەرشتی نەوشیراون مستەفای بەرپرسی ئەوکاتی تاک و تەنهاو بڕیار بەدەستی یەکێتی لە غیابی تاڵەبانیدا و بەرپرسی دەست رۆشتو تاک و تەنهای بزوتنەوەی گۆڕان (دەیگۆڕێن) ی ئێستا، هێرشێکی چەکدارانەیان کردە سەر حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی و رێک لە کاتی گفتوگۆی وەفدی حزبدا لەگەڵ نەوشیرواندا، پۆلێک هاوڕێی حزبی ئێمەیان خەڵتانی خوێن کرد. تەنانەت هاوڕێ شێخ عبدوڵ دوای ئەوەی دەست بەرزدەکاتەوە کەلە بۆسەکەیاندا سەلامەت دەرچووە، لەڕقی جەلادەکان دەربازی نابێت و بەدیلی دەیکوژن. ئومێد نیگ بین دەکەن نیشانی قەناسەی کوردایەتی. بەعس ئاساش رێگەی پرسەدانان لە هاوڕێیان و کەس وکاریان یاساغ دەکەن، وەک ومافیا و فاشیستەکانیش رێگەی دوا ماڵئاوایی لە هاوڕێیان و کەس و کاری ئازیزانیان دەگرن و ڕێگەنادەن دوا سیماو دوا نیگایان ببینن و لە تاریکی شەوداو بەدزیەوە هەموویان ژێرخاک دەخەن.
ئامانج لەو هەڵمەتە بۆسەر حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، نەهیچ پەیوەندی بە بردنە دەرەوەی بارەگای چەکداری حزبەکانەوە هەبوو، وەکو کاتی خۆی ڕایانگەیاندو نە بارەگای چەکداری هیچ حزبێکی لە چەک هەڵکێشراویش برایە دەرەوە. ئەم کوشتارگایەی بە ڕۆژی روناک و لە پلانێکی لەپێشدا داڕیژراودا، ئەنجامدرا، بەجیا لەوەی بەشێک بوو لەو هەڵمەتە زنجیرەیانەی کە ناسیونالیزمی کوردو یەکێتی و پارتی هەرگیز سڵیان لە ئەنجامدانی نەکردۆتەوە بۆ بێدەنگکردنی کۆمەڵگاو دەنگی نارەزایەتیەکانی. ئاواش ئەم هێرشە چەکداری و ئەم کردەوە تیرۆرستییە تەنها هەوڵێک نەبوو بۆ بێدەنگ کردنی حزبی کۆمۆنیست و پلان و نەخشیەک بۆ بەرگرتن بەرەوتی روولەپێشی ئەم حزبە و تەریک خستنەوەی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکیش و ئازدیخوازی کۆمەڵگای کوردستان لێی، بەڵکە هەوڵیک بوو لە رێگای کردەوەیەکی تیرۆریستیەوە بۆ تیرۆری ئاشکرای ئازادی و مافەکانی ئینسان و بەرابەریخوازی و یەکسانیخوازی و کۆمۆنیزم. 
لە کۆمەڵگای کوردستاندا، لەو کاتەدا کە هێرشکرایە سەر حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی، تاکە بڵندگۆی ئازادی و ڕاستبێژ رادیۆ دەنگی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی بوو کە میوانی خۆشەویستی سەر سفرەی زوربەی زۆری خەڵکی بوو، تاکە هەفتەنامەی تیژو رەخنەگری ریشەیی دەسەڵات و سیاسەتەکانیان “بۆپیشەوە” بوو. رێکخراوەی جەماوەری و کرێکارانی بیناسازی و رادیکاڵی ژنان و سەنتەری بەرگری لەمافەکانیان و خانەکانی داڵدەدانی ژنانی ژێر جەقۆی پیاوسالاری و شەرەف و رێکخراوەکانی مامۆستایان و بەرگری لە مناڵان و سەنتەرەکان… ئەوانە بوون، کە وەکو تۆڕیکی لێکهەڵپێکراو خەریکی ریکخستن و ڕابەریکردنی بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکانی کۆمەڵگابوون، ئەمانە هەموویان لەدەوری ئەم حزبە و لە سیاسەتەکانی ئەم حزبە نزیک بوون. وتار بێژانی ناو کۆڕو کۆبونەوەو سمینارو بۆنە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان… ئەو کەسایەتیانە بوون کە قسەی دڵ و ئاوازی رزگاری بێبەشانیان بێ ئەمما و ئەگەر، بەیان دەکرد.
سیاسەت و رێگاچارەکانی ئەم حزبە، بۆ چارەسەری کێشەی خەڵکی کوردستان، بۆ روبەڕووبونەوەی دەستێوەردانی وڵاتانی ناوچەکە، بۆ وەستانەوە بەرووی دەسەڵاتی چنگ بەخوێنی بەعس و ساتو سەودای حزبەکانی کوردستان لەگەڵیدا، بۆ وەستانەوە بەرووی جەنگی دەسەڵاتی نەگریسی ناوخۆدا، بۆ بەرگری لە مافەکانی کرێکاران و لاوان، بۆ ئازادی بێقەیدو شەرتی سیاسی و رۆژنامەگەری، بۆ یەکسانی ژن و پیاو، بۆ رزگاری مناڵان لەدەست دۆخی گەورەسالاری داوکەوتوویی، بۆ جیایی دین لە دەوڵەت و خوێندن و پەروەردە، بۆ وەستانەوە بەدەست رێکخراو گروپ و گاگەلە کۆنەپەرستە ئیسلامیە تیرۆریست و ئیستیرادکراوەکان، بۆ بەرگرتن بە دنەدانی ناکۆکی قەومی لە کەرکوک و بەگژیەکداکردنی دانیشتوانەکەیدا، بۆ پەردەهەڵماڵین لە سیاسەتی چەوتی حزبەکانی کوردستان و خۆشخزمەتیان بۆ کۆنەپەرستی دینی و وڵاتانی چنگ بەخوێنی ناوچەکەو سیاسەت و جەنگ خوازی ئەمریکا و زلهێزەکانی دنیا، بۆ نیشاندانی درۆی دیموکراسی، بۆ “نا” وتن بە مقەدەساتە دینی و نەتەوەیی و نیشتمانی و مێژوویی و کەلتوری و ئەخلاقی و دەسەڵاتی بنەماڵەیی و کۆمپانیاکانی دروستکردنی سەرۆکەکانی داهاتوو، بۆ ریسواکردنی رەمزە بە قارەمانکراوەکانی بزوتنەوە کۆنەپەرستەکان،بۆ پەردەهەڵمالێن و لە تاڵانی و گەندەڵی و دزی حزب و سەرانیان، بۆ روبەڕووبونەوەی تیرۆری نوسەران و چەپ و ئازادیخوازان، بۆ وەستانەوە بەدژی دۆخی داوکەوتووی خوێندن و پەروەردە، بۆ خەبات لە پێناو مافە فەردی و مەدەنیەکانی کۆمەڵگاو بە کورتی خەباتی هەمەلایەنەی ئەم حزبە بۆ ئازادی و ژیانیكی تەسەل و خۆشگوزەران و دەسەڵاتی راستەوخۆی خەڵک بەسەر چارەنووسی خۆیاندا… هۆکاری سەرەکی نیگەرانی و سەرچاوەی هیستریای وڵاتانی ناوچەکەو دەسەڵاتی دژی ئازادی و کۆنەپەرستی یەکێتی نیشتمانی و حزبەکانی هاوپەیمانی بوو لەدژی حزبی ئێمە و کۆمۆنیزمی کرێکاریی.
 ‌ سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی و نەوشیروان مستەفا بەکەم بینی و تەسکبینی خۆیان، وایان زانی بەم کردەوەو هێرشە تیرۆریستیە و داخستنی چەند بینایەک و تاڵانکردنیان، دەتوانن رەوتی ئازادی و ئازادیخوازی، کۆمۆنیزم تاسەر لە گۆرەپانی سسیاسی کورستاندا وەدەردەنێن و دەسەڵاتی بەتۆپ و جەنگخوازی لەگەڵ ئەمریکا هاتوویان تا قیامەت، دادەسەپێنن. لەوە حاڵی نەبوون و ئێستاش لەوەناحاڵی ترن لەو راستییە تێبگەن، کە هیچ دەسەڵاتێکی سەرکوتکەر و چنگ بەخوێن و زوڵم خوڵقێنەرو ناتوانێ بەزۆری چەک و فریوکاری و خۆبەستنەوە بەوڵاتانی زلهێزەوە، درێژە بەتەمەنی بدات. مۆسۆلۆنی و هیتلەر، سەدام حسین و شای ئێران، حوسنی موبارەک،… لە ئێوە بەهێزتر بوون، بەڵام ڕۆشتن و ڕاونران.
جەنابی نەوشیروان مستەفا، کاتێك وەکو ئاغا لەبەرامبەر پرسیاری بۆ ئاو و کارەباو تەلەفۆناتی بارەگاکانی حزبتان بریووە بەوەفدی حزب دەڵێت ئاو کارەبای خۆمانەو نایدەین بەئێوە، ئەمە چی بەیان دەکات جگە لە رەفتاری ئاغایەکی لاکەوتەی کوێرە دێیەکی سەردەمی دەرەبەگایەتی؟ یان سەرکردەیەکی مافیایی زیاتر؟  ئەم مامەڵە داوکەوتووانەو دژی ئازادییەی رابەرانی بزوتنەوەی ناسیونالیستی کورد، ئەم شەقاوەچێتییە لەدژی کۆمۆنیزم و ئازادی ئەو راستیەی سەلماندەوە کە ئایندەی خەڵکی کوردستان بەدەست ئەمانەوە، ئایندەیەکی رەش و گۆرەپانێکی سەرکوت و بێمافی ئینسانەکانە.
ئێستا ١١ ساڵ بەسەر ئەم تاونکارییەی یەکێتی و قارەمانبازییەی نەوشیروان مستەفاو بکوژە راسپێردراوەکانی تێپەریووە، بەڵام دەنگی رێژنەی گوللەی دڵ کونکەرە تازەیە، هاواری هاوڕێیانی ناو سەیارەیەکی بێئاگا دەبیسترێ، فرمێسکی کەسوکاری ئازیزانی ئەم پۆلە تێکۆشەرەی ئازادی وشکناکات، خوێنی بەناحەق رژێنراوی پێنج کۆمۆنیستی ریگای رزگاری بێبەشان تیکەڵە لەگەڵ خوێنی بەناحەق رژێنراوی هەزاران ئینسانی جەنگەکانی ناوخۆ، رفاندن و تیرۆرە سیاسیەکان، تیرۆری ژنان و تادەگات بە خوێنی رێژوان و سورکیو و شێرزاد و گەرمیان و هەردی یەکانی.. خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی کوردستان.
دوای ١١ ساڵ تێپەڕین بەسەر تاوانێكی تری بزوتنەوەی کوردایەتی و یەکێتی نیشتمانیدا، ئێستا ناوچەکە  باهۆزیک لە بزوتنەوەیەکی شۆرشگێرانە تیادا هەڵیکردووە، نەسیمی شۆڕشی بێبەشانی دنیای عەرەب، لە کوردستاندا دەبینرێت و خەلک ئامادەی نەبەردن بۆ ژیانیکی باشتر و بەدوای زەمەنێکی گونجاودا دەگەرێن بۆ کۆتاییهێنان بەدەسەڵاتی بنەماڵە و شەقاوەچێتی و کۆنەپەرستی و دژی ئازادییەکان. حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریش سەربەرزانە بۆ هیواو خواستە بەرزە ئینسانیەکانی خەڵکی کوردستان و هاوڕێیانی گیانبەختکردوی لە مەیداندایە.
نەخشەرێژو جێبەجێکەران و ڕاسپێردراوەکانی تاوانی ١٤-٧-٢٠٠٠ و تەواوی تاوانەکانی تری دەسەڵاتی نۆکەرو تاڵانچی کوردایەتی، لە دڵی شۆرشی بێبەشانی کوردستاندا، دەبێ بناسێندرێن و بدرێنە دادگای ئاشکرای جەماوەری. حزبی ئێمە بەدادگاکێشانی تۆمەتبارانی خەڵکی کوردستان و هاوڕێیانی کۆمۆنیستی بە یەکێک لەنەبەردەکانی خۆی دەزانێت.
شەپۆڵی راوەدونانی دەسەڵاتە کۆنەپەرست و تایفەچیەکان، شەقاوەکان و نۆکەرانی زلهێزەکان و بەردەوامە بێگومان دەسەڵاتی میلشیایی لە کوردستان و سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی ئەوکات و نەوشیراون مستەفا، لەم باهۆزە بەدەر نین و دەبێ بپرسین بۆ کوێ دەچن و لەکوێ خۆیان حەشار دەدەن؟ سەردەم سەردەمی حەق و حسابی خەڵکی بیبەش و زوڵملێکراوە لەگەڵ دەسەڵاتە دژی ئازادی و شەقاوەچیەکان و نۆکەرانیان و تۆمەتبارە خوێنڕێژەکان. 
١٤-٧-٢٠١١ 

           عەبدوڵا مەحمود
abdulla.mahmud@gmail.com

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.