عەلی كیمیاویو ئەردۆغانی منداڵكوژ
لەسەدەی رابوردودا بەخەیاڵی خاوی عەلی حەسەن مەجیدی ئامۆزای گەورە دكتاتۆری عێراق كاتێك بەهۆی خزمایەتیەوە لە عەریفێكەوە كرایە پلە بەرزێكی حزبو دەوڵەتو لە ساڵی 1988 یشدا بۆ یەكلایی كردنەوەی كێشەی كورد، كرایە حاكمی بێ ركابەر لە ناوچەی باكورو هەموو دەسەڵاتێكی پێسپێردرا، كابرا هێندە نەدیوبدیانە هەڵسوكەوتی كرد، تەنها بەلوتبەرزی خۆی كردو هەموو پرەنسیپو یاساو رێسایەكی پێشیلكرد، ئەگەرچی توانی سەدان هەزار كورد بكوژێو بێباكانە چەكی كیمیاوی بەكاربهێنێ بەڵام سەرئەنجام چی چنییەوە..؟ ئایا توانی كورد لەناو بەرێ ؟ بێگومان نەخێر، دواجار خۆیان رۆیشتنو كورد مایەوە، نەك ئابروی دەوڵەتەكەی برد بەڵكو ئابروی كۆمەڵگەی مرۆڤایەتیشی لەكەدار كرد بەهۆی ئەو كۆمەڵكوژییەی لە سۆنگەی بەكارهێنانی چەكی كیمیاویەوە توانی ئەنجامیبدات.
دكتاتۆرەكان دەبوایە لانی كەم پەندو عیبرەتیان لە تڕۆبوونی یەكترو شەقی رۆژگار وەربگرتایە، توركیا كەئەو سەروەختە ئینكاری بەكارهێنانی چەكی كیمیاوی دەكرد لەلایەن عێراقەوە دژ بەگەلی كورد، جگە لەشەرمەزاری هیچی تری بۆ نەمایەوە، پزیشەكە توركەكان دەمارگیری كوێری كردبوونو دلرەقانە خیانەتیان لە پیشەی خۆیان كردو بەتیمەكانی مافی مرۆڤو پزیشكانی بێسنوریان رادەگەیاند كوردەكان ژەهراوی نەبوون.. بەڵام چییان لەم درۆیانە چنیەوە لە دورویی بەولاوە.. رۆژێك هاتە پێشەوە كە پەردە لەسەرتاوانەكە لاچوو نەك هەر كورد نەفەوتا بەلكو، نازناوێكی مێژوویشیان بەعەلی حەسەن مەجید بەخشی، كە هەتا دنیای عەرەب ماوە دەبێت باجەكەی بدات، وەكو بینیمان بەو نازناوەیەوە دادگایی كراو هەربەو ناوەشەوە چووە گۆرەوە.
ئەمرۆش كە دەسەڵاتدارانی توركیا بە توندرەفتاریو دلرەقیەوە دەخوازن لە رێگەی هێزەوە كورد تەمبێ بكەنو مافەكانی سنوردار بكەن لەعەلی حسەن مەجیدو دەسەڵاتدارانی بەعس باشتر ناچننەوە، چونكە نەدەتوانن كورد لەناوبەرن نەدەتوانن بەناشیرینكردنی كورد وێنەیەكی جوان بۆخۆیان داتاشن، ئەوەتا لە سۆنگەی بۆردومانەكانیانەوە كە بەبیانوی بوونی گەریلاكانی پژاكو پەكەكەوە گوندنشینەكانی هەرێمی كوردستانو منداڵان دەكوژن لە پەرچەكرداری یەكەمدا ناوێك بۆ ئەردۆغان دەدۆزنەوە ” ئەردۆغانی منداڵكوژ” ناوێك پڕ بەپێستی سەركردەیەكی توندرەفتاری تورك لە سەروەختی جیهانگیریو دیموكراسیەتی دوای دنیای دكتاتۆرەكان باشترین پەرچەكرداری مەدەنیانەی كوردە بۆ ئەردۆغانو رژێمەكەی، ئاخر ئەم ناو لێنانە گەلێك واتای گەورەی لەگەڵ خۆی هەڵگرتووە، ئەگەر رژێمێكو سەركردەكانی ئەوەندە دڵرەقو توند ڕەفتاربن كێ لۆمەی ئەو گەریلایانە دەكات كەداویانەتە چیاكانو بەرهەڵستی دەكەن..؟ كێ ئەو كیژۆڵانە بەتیرۆرست ناودەبات كە لەدژی وەها رژێمێك ڕاچلەكیونو ژیانیان لە ناو كێوەكان پێباشترە لە شارستانیەتی ئەو دكتاتۆرانەی تیرۆر بەرهەم دەهێننو كوردیش بە كێویو تیرۆرست ناو دەبەن ؟ كەوایە بەم شێوەیە بمانكوژنو ئابڕوی خۆتان بەرن باشترە لەوەی بە تەشریفاتو پروپاكەندەی برایەتی كوردو عەرەبو توركو عەجەم، بمانكوژنو بەپاساوی بێبنەما ناسنامەی نەتەوەیمان پێراستبكەنەوە، لەجەلاولاو سەعدیە لەسەر تیرۆری خۆتان بەردەوام بن باشترە لەوەی بەناوی برایەتیەوە لەخشتەمان بەرن .. بەم عەقڵیەتەتانەوە باشتروایە ئێوە هەرلە سەر ستەمكاری خۆتان بەردەوامبن تا وەك سوڵتانەكانی پێشوو دادەڕمێنو نابوتی دنیاو قیامەت دەبن. نەك بەناوی برایەتیەوە سامانو نەوتمان بەهەرزان بەرنو نایلۆنو خۆراكی بەسەرچوومان، بەگران بۆ بنێرنەوەو ژەهراویمان بكەنو سبەینێش بەڕو سوری بۆی دەرچن .