ژیان له ژێر پله‌ی سفردا … عه‌دنان که‌ریم
ته‌مموزی 1978 بوو. من ئه‌وکات 12 ساڵ حوکم درابووم و له به‌شی سزای قورسی زینداندا بووین. ئه‌وڕۆژه تازه له قوتابخانه‌ی زیندان گه‌ڕابوومه‌وه و له‌به‌رده‌م هۆڵی ناسراو به قاف 8 له‌گه‌ڵ حه‌مه‌دا که نزیکترین هاوبهندم بوو وه‌ستابووم .من که گیرام پۆلی 5 ی ئاماده‌یی بووم و پاش فه‌وتانی ساڵی یه‌که‌مم ودوای گه‌یشتن به ئه‌بوو غرێب و پاش ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن کهسو کاره‌وه به‌ڵگه‌نامه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی په‌روه‌رده‌یان له‌که‌رکووکه‌وه بۆ هێنام له قوتابخانه‌که‌ی زیندان ده‌ستم کرده‌وه به‌ده‌وام و تا له سه‌قیله ( ثقیلة ) بووین پۆلی شه‌شه‌می وێژه‌ییم ته‌واوکرد . که دواتر براینه زیندانی تایبه‌تی ئه‌بووغرێب ( خاصة ) هه‌لی خوێندنم له قیس چوو چونکه خوێندن له‌و به‌شه نه‌بوو. .پێشتر من و حه‌مه، هه‌ر له‌سه‌ره‌تای هاتنمانهوه بۆ زیندان پێش 1 ساڵ له هۆڵی قاف یان ق 7 بووین. له‌سه‌ر ڕاپۆرت نووسینی به‌رده‌وام له‌سه‌رمان له‌لایه‌ن کۆمه‌ڵێک سیخوڕی کورد و عه‌ره‌به‌وه له‌ناو هه‌مان به‌ش زوو زوو له‌لایه‌ن ئاسایشی ناو زیندانه‌وه ئهشکهنجهدهدراین. بۆ به‌ختی خراپی ئێمه قاف 7 زۆرترین سیخۆڕ و پیاوخراپی ده‌زگای ئاسایشی زیندانی تیا‌بوو. من وه‌کوو سزایه‌کی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی زیندان گوێزرابوومهوه بۆ قاف 8. به‌ڕێوه‌به‌ری ئاسایشی به‌شی زیندانه قورسه‌کان کابرایه‌کی عه‌ره‌بی خه‌ڵکی حه‌ویجه بوو به‌ناوی ( منذر) ه‌وه. دیار بوو ئه‌م منذره به‌تایبه‌تی ڕه‌وانه‌ی ئه‌وێ کرابوو. تابڵێیتپیاوێکی له ئینسان نه‌چوو ، دڕنده خوو، بێبه‌زه‌یی، بێحورمه‌ت و ناکهسبهچهبوو.منذر جه‌لادیکی چوارشانه‌ی تیپیکی به‌عسی بوو.
ئه‌و کوڕه‌ی هاوبهندم لهقاف 7 له کارگه‌ی زیندان به سوخره کاری ئه‌کرد. له‌بیرمه ئه‌و له‌به‌شی چنینی فه‌رش دانرابوو. من کاتژمێری 12 له‌خوێندن گه‌ڕابوومه‌وه و پاش پیاسه‌یه‌کی حه‌وشه گه‌وره‌که‌ی زیندان ، وه‌کوو پیشه‌ی زۆربه‌ی ڕۆژانمان، له نزیک ده‌رگای قاف 8 چاوه‌ڕوانی ئه‌و هاوڕێیه‌م بووم که له‌کارگه بێته‌وه و له‌وێ تا داخستنی ده‌رگای به‌شه‌کان پێکه‌وه قسه بکه‌ین. چه‌ند ده‌قیقه‌یه‌ک پاش گه‌یشتی ئه‌و 2 زیندانی ئاسایی که‌ناویان جه‌میل هه‌ورامی و مه‌حموود بوو په‌یدابوون . من ئه‌و جه‌میله‌م ته‌نها به‌ناو ده‌ناسی چونکه ئه‌و زیندانی ئاسایی بوو له‌سه‌ر کوشتنی هاوڕێیه‌کی گیرابوو که له‌گه‌ڵ ئه‌و مهحموودهدا له‌سه‌رچنار کوشتبوویان. پێموابێ ئێستا ئه‌و جه‌میل هه‌ورامیه لێپرسراوێکی پله‌داری ناو یه‌کێتیی نیشتیمانیی کوردستانه. ئه‌و کاته‌ی له‌گه‌ڵ حه‌مه‌دا وه‌ستابووم جه‌میل بانگی ئه‌وی کرد و هه‌ر هێنده‌ی چه‌ند مه‌ترێک له‌من دوورکه‌وتنه‌وه و پاش تۆزێک قسه به‌هه‌ردووکیان په‌لاماری هاوڕێکه‌ی منیان دا. دیاره شه‌ڕ کردن بۆ ئێمه‌ی زیندانی سیاسی کارێکی شایسته و په‌سه‌ند نه‌بوو و ئێمه‌س کێشه‌مان ته‌نها له‌گه‌ڵ ئاسایشی ناو زیندانه‌که‌دا هه‌بوو نه‌ک له‌گه‌ڵ که‌سی تر. ته‌نها ئه‌و ده‌زگایه و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی زیندانه‌که و کۆمه‌ڵێک سیخوڕ که چاودێریان ئه‌کردین ڕقیان له ئێمه بوو ئه‌گینا باقی زیندانه‌کان به زیندانه ئاساییه‌کانیشه‌وه به‌چاوی ڕێز وسۆزهوه له‌ئێمه‌یان ئه‌ڕوانی. هه‌رله‌گه‌ڵ پێکهه‌ڵپژانی جه‌میل و مه‌حموود ، که زیاتر به خوله بانگ ده‌کرا، له‌گه‌ڵ ئه‌و هاوبهندیهی من زۆر خێرا تاومدا که بچم ناوبژیوانی بکه‌م و نه‌یه‌ڵم که ئه‌وان به‌هه‌ردووکیان ده‌ست له‌و بوه‌شێنن. به‌ڵام ئه‌وان په‌لاماری منیشیان دا وبۆیه وه‌کوو په‌رچه‌کردارێکی چاوه‌ڕوان نه‌کراو چارم نه‌ما ده‌ست بکه‌مه‌وه بۆ به‌رگری له‌خۆم.
به‌هه‌رحاڵ یاساوڵی زیندان به‌په‌له گه‌یشتنه شوێنه‌که و هه‌ر چوارمانیان ڕاپێجی لای ئاسایش کرد که هه‌مان جه‌نابی منذر بوو. پاشان بۆم ده‌رکه‌وت که جه‌میل کێشه‌ی لابه‌لای له‌گه‌ڵ حه‌مه‌ی هاوبه‌ندی من و چه‌ند کوڕێکی تری زیندانی گرووپه‌که‌ی ئێمه هه‌یه که پێکه‌وه له هۆڵی میم 3 بوون . منذر که ئێمه‌ی وه‌کوو زیندانیه‌کی سیاسی سهرپێچیکهرو به‌قه‌ولی خۆیان ( مخرب ) و خاوه‌ن ڕابوردوولهو بواره‌دا چاولێئهکرد پاش وورده پرسیار و هه‌ندێک ئه‌شکه‌نجه ڕه‌وانه‌ی زیندانی ناو زیندان واته ژووره‌ی ته‌نیا به‌ندی کردین. له‌بیرمه ڕۆژه‌که 1ی تهمموز و زۆرگه‌رم بوو. به‌گه‌یشتنمان به‌وێ به‌سه‌ر ژووره‌کاندا دابه‌شیان کردین. ژووره‌کان ئادهستێک بوون ڕووپێوهکهیان نزیکه‌ی 2 به 1.5 مه‌تر ئه‌بوون. 2 ڕیز ژووری له‌و بابه‌ته له‌به‌رانبه‌ر یه‌کدا بوون وله نێوانیشیاندا ڕاڕه‌وێکی نزیکه‌ی 5 مه‌تری هه‌بوو. کاتێک یاساوڵه‌که به کلیله گه‌وره‌کانی ده‌ستیه‌وه ده‌ستی کرد بهدابهشکردنمان به‌سه‌ر ژووره‌کاندا ( علی ڕههییف ) م بینی که زیندانیه‌کی شیوعی بوو له‌هه‌مان قاف 7 ی جارانی خۆمان . عه‌لی له‌به‌ر هه‌ڵوێسته زۆر ڕه‌قه‌کانی له‌به‌رانبه‌ر ڕژیم و ئاسایش و ئیداره‌ی زیندان و تێهه‌ڵدانی چه‌ندین جاری له چه‌ند سیخوڕ، زۆربه‌ی کات پاش ئه‌شکه‌نجه‌دانی زۆر ئه‌خرایه تاک به‌نده‌کانه‌وه . ئه‌م کوڕه که له‌سه‌ره‌تای هاتنمهوه بۆ زیندان بوو به دۆستم داستانێکی سه‌یر و درێژی هه‌یه. عه‌لی له‌گه‌نجیدا به‌کوڕی ئازا و شه‌قاوه‌ی گه‌ڕه‌کی خۆیان له ناسریه ناسرابوو. ئه‌و شاره‌ی که بۆ چه‌ندین ده‌یه به لانکه‌ی شیوعیه‌ت ناسرابوو له عێراقدا. جێ چه‌قۆی ئه‌وکاته‌ی شه‌ڕه‌کانی به ڕوومه‌تیه‌وه دیاربوو . سمێڵێکی ئه‌ستوور و چاوێکی ئاگرینی هه‌بوو.هه‌روه‌کوو دواترڕۆژێکیان به‌پێکه‌نینه‌وه به‌خۆیم ووت : یه‌که‌مین جار دوای گه‌یشتنم به قاف 7 که به‌لامدا تێپه‌ڕی وامزانی یه‌کێکه له‌و شه‌قاوانه‌ی له‌و هۆڵه‌دا بوو. و دواتر که له زینده‌یاد عه‌لی مورادی کادری پێشکه‌وتووی کۆمه‌ڵه‌م پرسی که له‌هامان به‌شدا بوو ووتی نا ئه‌وه عه‌لی ڕههییفه و شیوعیی سه‌ر به‌باڵی لاده‌ره‌کانه به پێی تێرمه سیاسیه‌کانی ئه‌و کاته‌مان. عه‌لی ڕههییف له‌گه‌ڵ دۆست و هاوه‌ڵی خۆیدا زۆر به‌ڕێز و نه‌رم و ده‌مبه‌خه‌نده و له‌گه‌ڵ پیاوانی ڕژێمدا زۆر مرچ و مۆن بوو. ئه‌م پێشتر به تاوانی ئاسایی زیندانی کرابوو و پاشان هه‌ر له ئهبووغرێبدا له‌سه‌ره‌تای حه‌فتاکاندا له‌ڕێی شیوعیه‌کانی ئه‌و کاته‌وه له زینداندا ترش و خوێ کرابوو و بۆ جاری دووه‌م وه‌کوو شیوعیه‌ک گه‌ڕابۆوه زیندان . عه‌لی سه‌ر به‌باڵی لیژنه‌ی مه‌رکه‌زی بوو که حیزبه‌که‌ی هاوپه‌یمانی به‌عس بوون به‌ڵام به‌پێی ڕێکه‌وتننامه‌ی به‌ره‌ی نێوان ئه‌وان و به‌عسیه‌کان له 1973دا لێیان قه‌ده‌غه‌کرا که له ناو هێزه چه‌کداره‌کاندا کار بکه‌ن. ئه‌م سه‌رباز بوو به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌و ڕێکه‌وتنه‌وه له شانه‌یه‌کی حیزبی شیوعیدا کاری ئه‌کرد. سه‌ره‌تا به ئیعدام حوکم درابوو و پاش ماوه‌یه‌کی زۆری ژیان له‌ژووری سێداره‌دا حوکمه‌که‌ی که‌م کرابۆوه بۆ 20 ساڵ.
عه‌لی به ئیشارهتیکی ده‌ست تێیگه‌یاندم من بچمه ئه‌و ژووره‌وه که یاساوڵه‌که ده‌رگاکه‌ی کرده‌وه. ئه‌و ژووره ڕێک به‌رانبه‌ر ژووره‌که‌ی ئه‌و بوو. به‌قسه‌ی ئه‌وم کرد و خۆم کرد به‌و ژووره‌دا. پاش ئه‌وه‌ش هه‌موو ئه‌وانه‌ی له کێشه‌که‌ی ئێمه‌دا به‌شداربوون کرانه ژووری تره‌وه. من هیچ له ڕێ‌و ڕه‌سمی ئه‌م به‌شه‌ی زیندان شاره‌زا نه‌بوو. یه‌که‌م جاربوو بیبینم و عه‌لی ئه‌وه‌ی به‌سه‌روچاومدا خوێنده‌وه. که یاساوڵه‌که ڕۆیشت عه‌لی به‌پێکه‌نینه‌وه پرسی: چی ڕوویداو و بۆ ئێوه‌یان هێنا بۆ ئێره و منیش به‌کورتی داستانه‌که‌م بۆی گێڕایه‌وه و پاشان که‌وته پرسیاری بارودۆخی ناو زیندان و ڕه‌فیقه‌کانی خۆی و ئێمه. که له‌وانه بووینه‌وه لێم پرسی : لێره خواردن ئه‌ده‌ن به زیندانی ؟ ووتی : ئا 3 ژه‌م خواردن ئه‌ده‌ن و تۆزێکی تر ژه‌می نیوه‌ڕۆ ئه‌هێنن به‌ڵام که پرسیم ژه‌مه‌کان چایان تیایه ئه‌و به پێکه‌نینه‌وه ووتی : ته‌نها به‌یانیان له سوراحیه‌کی پلاستیکدا که بهتۆشی ده‌ده‌ن چامان ئه‌ده‌نێ که ئه‌بێ بۆ 24 سه‌عات هه‌ڵی گریت. پاش بێده‌نگیه‌ک وتم: ئێستا ئاره‌زووی کۆپێک چا ئه‌که‌م و عه‌لیش ووتی زۆر حه‌زت لێیه ؟ ووتم : هه‌بوایه خراپ نه‌بوو. عه‌لی ووتی ئێستا بۆت په‌یدا ئه‌که‌م و منیش به‌لامه‌وه سه‌یر بوو . عه‌لی که‌وته جووڵه له‌ناو ژووره‌که‌ی خۆی که لای منه‌وه له‌به‌ر تاریکی نه‌مزانی خه‌ریکی چیه. پاش چه‌ند چرکه‌یه‌ک بانگی لێکردم و ووتی: ئه‌م گڵۆڵه په‌ته‌ت بۆ فڕی ئه‌ده‌م و سه‌رێکی به‌ده‌ست خۆم ئه‌گرم . به‌هه‌رحاڵ تۆپه‌ڵه په‌ڕۆیه‌کی به قه‌د تۆپێکی مامناوه‌ندی به زه‌ویه‌که‌دا بۆ فڕێدام. منیش له‌نێو شیشی ده‌رگای ژووره‌که‌مه‌وه ده‌ستم برد و هێنامه ژووره‌وه. ئه‌و لای خۆیه‌وه ئه‌وسه‌ری په‌ته‌که‌ی به‌ست به‌ناوقه‌دی کووپێکی پلاستیکه‌وه که پڕی کردبوو له‌و چایه‌ی که ئه‌و ڕۆژه دابوویان پێی. به‌ده‌ست کووپه‌که‌ی به په‌ته‌که‌وه هێنایه ده‌ره‌وه‌ی شیشه‌کان و ووتی: تۆش زۆر به ئه‌سپایی و له‌سه‌رخۆ ڕایکێشه. منیش به پێکه‌نین و سه‌رسووڕمانه‌وه و زۆر له‌سه‌ر خۆ کووپه چاکه‌م ڕاکێشا که 2-3 ده‌قه‌ی پێچوو تا به‌سه‌لامه‌ت گه‌یشتنه به‌ر شیشه‌کانی ژووره‌که‌م. گه‌رچی چاکه ته‌واو سارد و سڕ بوو به‌ڵام تام و له‌زه‌تێکی زۆر تایبه‌تی بۆ من هه‌بوو و تا دواتنۆکیم خوارده‌وه. عه‌لی که لێم وورد ئه‌بۆوه به له‌هجه جنووبیهکهی خۆی ووتی: شفت اشلون !!!!!! ومنیش ووتم : عه‌لی به‌ڕاستی داهێنان له مناڵدانی پێویستیه‌وه سه‌رهه‌ڵئه‌دات.!!! لێم پرسی : عه‌لی ئه‌م تۆپهڵهت له چی دروست کرد؟ عه‌لی ووتی : ئه‌وه فانیله‌ی عهلاگهکهمه و کردم به‌و په‌ته.!!!!
پاشان به ڕاوێژی عه‌لی که‌وتمه پاککردنه‌وه‌ی ژووره‌که‌م که بڕیار وابوو وه‌کوو سزایه‌ک 1 مانگ واته تا 31 ی ئاب له‌وێدا بمهێڵنه‌وه. من که ئه‌و کاته یه‌کێک بووم له زیندانیه که‌م ته‌مه‌نه‌کانی ئه‌بوو غرێب به هۆی هه‌ستی حه‌ماسی سیاسیمه‌وه دنیام به هیچ نه‌ده‌زانی. هه‌ر خه‌یاڵیشم لای ئه‌وه نه‌بوو که چه‌ند ڕۆژی تر هه‌ینیه و که‌س وکار دێن بۆسه‌ردان . عه‌لی هه‌م له‌به‌ر هه‌ژاری خێزانه‌که‌ی و هه‌م به‌وهۆیه‌وه که زیاتر له 3 ساڵ بوو له زینداندا بوو ، کهسو کاره‌که‌ی زۆر که‌م ئه‌هاتن بۆ سه‌ردانی. ئه‌و به‌بیری هێنامه‌وه که چه‌ند ڕۆژی تر نۆبه‌تی سه‌ردانه و منیش هێنده خۆم به بابه‌ته‌وه خه‌ریک نه‌کرد . دواتر که من له‌پاککردنه‌وه‌ی ژووره‌که‌م بوومه‌وه عه‌لی ووتی : هه‌ر ماوه‌ی جارێک ئاوی ژووره‌که‌ت بهربدهرهوه ئه‌گینا بۆنی ئاوده‌سته‌که بێزارت ئه‌کات و منیش وام کرد.
ئێواره‌ی هه‌مان ڕۆژی گه‌رمی هاوین، پاش سهرخهوشکاندنێک که له‌سه‌ر زه‌ویه ڕووته‌که نووستبووم به ده‌نگی گۆرانیه‌کی حه‌سه‌ن زیره‌ک خه‌به‌رم بووه‌وه که ده‌نگه‌که له‌ده‌ستی ڕاستی ئه‌و به‌شه‌ی زیندانه‌وه ده‌هات. ئه‌و زۆر به‌سۆزه‌وه هه‌ستی پهنگهوهخواردووی خۆی تێکه‌ڵ به گۆرانیی ( شاییه ده‌گه‌ڕێ ) ده‌کرد. یه‌که‌م ڕۆژ که ئێمه‌یان هێنا دوای یه‌که‌م ده‌رگای سه‌ره‌کی به‌لای چه‌پدا هاتین. له‌سه‌رووی به‌شی تاک به‌نده‌کانه‌وه به‌شی زیندانی سێداره بوو. ده‌نگی گۆرانیه‌که له‌وێوه ئه‌هات. کوڕه‌که به جۆش و سۆزێکی تایبه‌ته‌وه گۆرانیه‌که‌ی ئه‌ووت. عه‌لی که نه‌خه‌وتبوو ووتی: ئه‌وه کوڕێکی کورده که زۆر جار گۆرانی ئه‌ڵێ و ده‌نگی خۆشه. عه‌لی ئه‌وه‌ی ووت و پرسیاری لێکردم : ئه‌ته‌وێت ته‌ماشای بکه‌یت؟ ووتم : چۆن خۆ من به‌ته‌نها ئه‌توانم تۆ ببینم و هیچی تر . ووتی: بۆسته . بۆم ده‌رکه‌وت عه‌لی هه‌م به‌وهۆیه‌وه که زۆربه‌ی ژیانی له زینداندا بردۆته‌سه‌ر و هه‌م زۆر له‌م تاک به‌ندانه‌دا هێشتوویانهتوه هه‌موو هونه‌ره‌کانی ئێره شاره‌زایه. لای خۆیه‌وه پارچه‌یه‌کی بچووکی ئاوێنه شکاوی بۆم فڕیدا که 2 سه‌نتیم نه‌ده‌بو. هه‌ر خۆی ئامۆژگاری کردم که به پێچه‌وانه‌ی به‌ندی له‌سێداره‌دانه‌وه له نێوان شیشه‌کانی ده‌رگای ژووره‌که‌مدا به چه‌سپاوی داینێم وته‌ماشای ئه‌و کوره‌ی پێبکه‌م که گۆرانیه‌که ئه‌ڵێت. !!!!!منیش وام کرد و کوڕه‌م به بچووکی له له‌ته ئاوینهوهکهوه بینی که هه‌ر به‌رده‌وام بوو له گۆرانی ووتن که له‌گه‌ڵیدا ده‌ستی ئه‌خسته په‌ناگوێی و به‌حه‌سره‌ته‌وه گۆرانی حه‌سه‌ن زیره‌کی ئه‌ووت.
چه‌ند جاری تر گوێم له‌ده‌نگی ئه‌و کوڕه کورده ئه‌بوو که ته‌نها ئه‌و گورانی ئه‌وت. دیار بوو زیندانی تری تیایه و بهدهنگیاندا که‌م نه‌بوون . به‌ڵام پاش ماوه‌یه‌ک ده‌نگی کوڕه‌ی کورده نه‌ما. گۆرانیه‌کانی ئه‌و بۆ من تهسهلایهک بون له‌ناو ئه‌و ئاوده‌سته داخراوه‌دا. به‌لام چه‌ند ڕۆژ تێپه‌ڕی و کوڕه ده‌نگی نه‌ما و ئێمه‌س له گۆرانی بێبه‌ش بووین . ڕۆژێک ووتم : ئه‌بوو حسه‌ین کوڕه کورده‌که ده‌نگی نه‌ما ؟ عه‌لی به که‌سه‌رێکه‌وه ووتی: ئه‌بێ هه‌ڵیان واسیبێت چونکه پێنجشه‌ممان ڕۆژی هه‌ڵواسینی زیندانیانی ئه‌و به‌نده‌یه.
عه‌دنان که‌ریم / جه‌نیوه‌ری 2012