
ڕۆڵی زانكۆ‌و پرۆسه‌ی په‌روه‌رده‌و خوێندن له كوردستاندا
پرۆفایل:
هێمن خورشید ناوێكی دیاره له نێو میدیای كوردییدا‌و به‌تایبه‌ت لای توێژی گه‌نجان، ئه‌و ساڵانێك له ڕێی گۆڤار‌و ڕۆژنامه‌وه‌و ئێستاش له ڕێگه‌ی كتێبه‌وه خوێنه‌رانی به‌سه‌ر ده‌كاته‌وه.
دوو كۆلێژی ته‌واوكردووه، پزیشكیی سلێمانی‌و شه‌ریعه‌ی زانكۆی تهرابڵوسی لوبنان، كه‌چی نه له بوواری پزیشكییدا ده‌نووسێت‌و نه له بابه‌تی شه‌رعیشدا، ئه‌وه‌ی ئه‌وی به‌خۆیه‌وه سه‌رقاڵكردووه فیكر‌و ئه‌ده‌به. حه‌زمان كرد ده‌رباره‌ی (ڕۆڵی زانكۆ‌و پرۆسه‌ی په‌روه‌رده‌و خوێندن له زانكۆكانی كوردستاندا) بیدوێنینو چه‌ند پرسیارێكمان ئاراسته‌ی به‌ڕێزیان كرد، ئه‌ویش به‌م شێوه‌یه وه‌ڵامی داینه‌وه..
پ: به‌ڕێز دوكتۆر هێمن ده‌توانیت وێنه‌یه‌كی خوێندنمان له زانكۆكانی كوردستاندا پیشانبدهیت؟ به‌و پێیه‌ی كه خۆت پێشتر به‌م قۆناغه‌دا تێپهڕیویتو هه‌روه‌ها خاوه‌نی كتێبێكی ڕه‌خنه‌ییشی ده‌رباره‌ی زانكۆ‌و ئاستی مه‌عریفیی خوێندنی زانكۆیی له كوردستاندا.
و: من ته‌مه‌نێكی درێژم له زانكۆدا به‌سه‌ربرد، ته‌مه‌نێك كه ده‌توانم ناوی لێبنێم ته‌مه‌نی بێهووده‌یی و بێهیوایی، بڕواناكه‌م هاوڕێكانیشم زۆر له من باشتر بووبن، وێنه‌ی خوێندنی زانكۆییت پیشانبده‌م؟ له ته‌مه‌نی حه‌ڤده هه‌ژده ساڵی دڵت خۆشده‌بێت ده‌چیته (زانكۆ)، چه‌ند ساڵێك به سه‌رگه‌ردانی له‌ناو ئه‌و بازاڕه بێسه‌روبه‌ره‌دا ده‌سووڕێیته‌وه، نه ڕۆژێك و نه ده، نه ساڵێك و نه دوو، ڕۆژانه هه‌ندێ كه‌س به ناوی مامۆستاوه زانیاریت له‌بیر ده‌به‌نه‌وه، هه‌ندێ كه‌س به‌ناوی حیزب‌و سیاسه‌ته‌وه ئیهانه‌ت دهكهنو، كه‌رامه‌تی ئینسانیت ده‌ڕووشێنن، له بری ئه‌وه‌یش دوای چوار ساڵا یان شه‌ش ساڵا‌و یان زیاتر پارچه كاغه‌زێكت ده‌ده‌نه‌ده‌ست لێی نووسراوه (بڕوانامه‌ی ده‌رچوون)، ئه‌مه‌یه وێنه‌ی خوێندنی زانكۆ له وڵاتی ئێمه‌دا، ئاو بێره‌و ده‌ستان بشۆ!
خوێندن له زانكۆكانی ئێمه‌دا له ڕووی ڕیزبه‌ندییه‌وه ده‌كه‌وێته پله‌ی دووه‌مه‌وه، ئه‌گه‌ر سێیه‌م و چواره‌میش نه‌بێت، مه‌به‌ست و ئامانجی چوونه زانكۆ لای خوێندكاری ئێمه نه خوێندنهو نه هیچ، به‌ڵكو خۆڕازاندنه‌وه، كه‌شخه‌یی، فشهكردن و….هتدیه!
بڕوام وایه ئاستی مه‌عریفی خوێندكارێكی قۆناغی دووی ناوه‌ندی له قوتابخانه‌یه‌كی ژاپۆن_كه ئه‌ویش وه‌ك ئێمه وڵاتێكی ئاسیایییه_ له مامۆستایه‌كی خاوه‌ن بڕوانامه‌ی دوكتۆرای لای خۆمان زیاتر بێت، زێدهڕۆیییشم نه‌كردووه، مه‌عریفه‌ی چی؟ تۆ ده‌زانی مامۆستای زانكۆ هه‌یه _سه‌رۆك به‌شیشه_ تا ئێستا ئیملای كوردی نازانێت؟ به مه‌رجێ كوردیشه! من له‌و كتێبه‌ی به‌ناوی (نه‌خوێنده‌واری له زانكۆدا)دا بڵاوكراوه‌ته‌وه زیاتر جه‌ختم له‌سه‌ر ئاستی نزمی خوێندكار كردووه، وه‌لـێ ئه‌مڕۆ ئیتر پێویسته باسی نه‌خوێنده‌واریی مامۆستا له زانكۆدا بخرێته به‌ر باس، ئه‌گه‌ر ئه‌م بایه له‌م كونه‌وه بێت، جه‌ند ساڵێكی تر مامۆستا ده‌بینین دوكتۆرای هه‌یه‌و له هه‌مانكاتدا نه‌خوێنده‌واریشه، چۆن ساڵانێكه له كوردستاندا وه‌زیری نه‌خوێنده‌وارو ئه‌ندام په‌رله‌مانی نه‌خوێنده‌وارو به‌رپرسی نه‌خوێنده‌وار ده‌بینین، ئه‌ویش ئاوهای لێدێت، هه‌ر ئێستاش سه‌ره‌تاكه‌ی به‌دیاركه‌وتووه!
پ: به‌بڕوای به‌ڕێزتان گرنگترین وه‌زیفه‌ی زانكۆ چییه له‌م سه‌رده‌مه نوێیه‌دا؟
و: زانكۆ وه‌زیفه‌ی له كۆندا چی بووه، ئه‌مڕۆش هه‌مان ئیشی هه‌یه‌و به زیاده‌وه، سه‌ره‌تاییترین ئه‌ركی زانكۆ هوشیاركردنه‌وه‌ی تاكه له‌هه‌مبه‌ر ئه‌و ڕووداوانه‌ی له ده‌وروبه‌ریدا ده‌گوزه‌رێن، زانكۆ كائینێكی چالاك و وریا به‌رهه‌مدێنێت، وه‌ك چۆن مێشك كرده‌ی گۆِرینی داتا(مه‌علوومه) بۆ مه‌عریفه‌ی له ئه‌ستۆیه، زانكۆیش مرۆڤی خاو(خام)و ساده ده‌گۆڕێت بۆ كائینێكی پڕ جموجوڵاو ئاوهزكراوه. له‌م سه‌رده‌مه‌دا كه ئامرازه‌كانی په‌یوه‌ندییكردن(communication) په‌ره‌یان سه‌ندووه‌و زانیارییه‌كان زۆر به خێرایی ده‌ستاوده‌ست دهكهنو هه‌موو كه‌س به‌زوویی دهیانبینێتو ده‌یانبیستێت، ده‌بێت زانكۆیش خۆی گورج بكاته‌وه‌و نه‌كه‌وێته دواوه‌ی كاروانه‌وه، ئه‌گینا ئه‌وه زانكۆ نییه با هه‌ر به خۆی بڵێت زانكۆ، وه‌ك ئه‌وانه‌ی وڵاتی خۆمان. مرۆڤی ئه‌مڕۆ پێویستی به‌وه‌یه به كه‌مترین كات زۆرترین زانیاری وه‌ربگرێت، له‌به‌ر زۆریی زانیاری مرۆ نازانێت چۆن وهریبگرێتو چه‌وا كۆیبكاتهوهو چۆنایی سوودی لێوه‌ربگرێت، بۆیه ده‌بێت زانكۆ له‌م ڕووه‌وه یارمه‌تیده‌ری خوێندكار بێت‌و ده‌ستی بگرێت‌و ڕێی پێ پیشاندات.
پ: سیسته‌می خوێندن له كوردستاندا‌و به‌تایبه‌ت له زانكۆكاندا چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنیت؟
و: له كوردستاندا كوا سیستمی خوێندن هه‌یه؟ له چ كایه‌یه‌كی ئه‌م وڵاته‌دا سیستم هه‌یه تا بێین هه‌ڵیسه‌نگێنین! زانكۆكانی ئێمه به گوێره‌ی په‌ندی (ئاشی نه‌زان خوا ده‌یگێڕێت) به‌ڕێوه‌ده‌چن، عه‌ره‌ب ده‌ڵێن (كیف یستقیم الڤِّل والعُود أعرج؟): (سێبه‌ری داری لار چۆن ڕاست ده‌بێت؟)، شاعیرێكی فارسیش ئێژێت:
(خشت أول چون نهد معمار كچ تا پریا می‌رود دیــوار كچ)
(كه وه‌ستا خشتی یه‌كه‌می به لاری دانا، دیوار تا ئه‌ستیره‌ی كۆیش به‌رزبێته‌وه هه‌ر به خواری ده‌ڕوات).
هه‌موو شتێكی ئه‌م وڵاته له بنه‌ماوه هه‌ڵه‌یه، عه‌قڵی شاخ دایهێناوه، به‌رهه‌می چاولێكهریو لاساییكردنه‌وه‌یه، ئێستاش كه ده‌ست ده‌برێت شتێك چاك بكرێت، دوو شتی تر ده‌ڕووخێنرێت، من له‌و بڕوایه‌دام ئه‌گه‌ر به نیازی خاسكردنی سیستیمی خوێندن بین، پێویسته له سفره‌وه ده‌ستپێبكه‌ین، ئه‌و ڕۆژه‌یش هه‌ند دووره من‌و تۆ نایبینین، ڕه‌نگه نه‌وه‌كانمان یان نه‌وه‌ی نه‌وه‌كانمان بیبینن، چووزانم شیردا بۆ داپیردا!
پ: ئه‌وه‌ی له زانكۆكانی ئێمه‌دا هه‌یه‌و ده‌خوێنرێت تا چه‌ند چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ی لێده‌كرێت ده‌رگایه‌كی تر بكاته‌وه به ڕووی زانست و مه‌عریفه‌دا؟
و: تا هیچ! كورد ده‌ڵێت: (ئه‌گه‌ر چاوه‌ڕێی كاسههاوسێ بیت، به برسیه‌تی سه‌رده‌نێیته‌وه)، كاسههاوسێ ئه‌و خواردنه‌یه دراوسێ بۆ دراوسێی ده‌بات، ئاخر مه‌رج نییه هه‌موو جار جیرانهكهت چێشتت لۆ بێنێت. منیش وای بۆ ده‌چم ئه‌گه‌ر خوێندكاری ئێمه چاوه‌ڕێ بێت زانكۆ بیكات به شت هه‌ر به هیچی ده‌مێنێته‌وه!
پ: به‌و پێیه‌ی به‌ڕێزتان به قۆناغی خوێندنی زانكۆدا تێپهڕیونو باش ئاگادارن، ئه‌و پرۆگرامانه‌ی له زانكۆكانماندا ده‌خوێنرێن ده‌توانن تینوویه‌تی خوێندكار بشكێنن له ڕووی زانستییه‌وه؟
و: خوێندكاری ئێمه ئه‌سڵه‌ن تینوو نییه تا به‌دوای تینووێتی شكاندندا بگه‌ڕێت! ده‌یان ساڵه سیستمی خوێندنی وڵاتی ئێمه له بازنه‌یه‌كی بۆشدا ده‌سووڕێته‌وه، قوتابی دێته مه‌كته‌ب، دارا دوو داری دی ده‌خوێنێت، ناوی خۆی فێرده‌بێت، 1+1 ده‌كاته دوو، ده‌ڕواته ناوهندیو پاشان ئامادهییو دواییش زانكۆ‌و له‌وسه‌ره‌وه به ده‌ستی به‌تاڵه‌وه دهردهچێتو، دێته‌وه ده‌بێته مامۆستا‌و یه‌كێكی تری وه‌ك خۆی ده‌نێرێته سه‌ره‌وه، ده‌یان ساڵه له‌م وڵاته‌دا زانستی ماتماتیك ده‌خوێندرێت بێ ئه‌وه‌ی كه‌سێك بپرسێت: ئه‌رێ ئه‌م عیلمه قازانجی چییه‌و له چ بووارێكدا سوودمان لێوه‌رگرتووه؟ ئه‌و هه‌مووه ده‌رچووه‌ی به‌شی فیزیا‌و كیمیامان هه‌یه كوا كارگه‌یه‌ك له كوردستاندا به توانای ئه‌وان خراوه‌ته‌گه‌ڕ؟! ئێمه وه‌ك لاساییكردنه‌وه‌ی وڵاتانی پێشكه‌وتوو ئه‌و به‌شانه له زانكۆكانماندا ده‌خوێنین، مێشكی ڕۆلهكانمانی پێ داغان ده‌كه‌ین، به‌بێ ئه‌وه‌ی به‌رهه‌مێكی هه‌بێت، له‌ناو ئه‌و هه‌موو خوێندكارهشدا كه‌سێك ههڵناكهوێت بڵێت ئێمه بۆ ئه‌م زانسته عه‌مه‌لییانه ته‌نها به تیۆری ده‌خوێنین؟ كه‌واته له بنه‌ماوه تینووێتییهك نییه تا بپرسین مه‌نهه‌جی خوێندن ده‌یشكێنێت یان نایشكێنێت!
پ: ئێوه پێش دوو ساڵا كتێبێكتان بڵاوكرده‌وه به ناوی (نه‌خوێنده‌واری له زانكۆدا)، ده‌كرێت بپرسین یانی چی نه‌خوێنده‌واری له زانكۆدا؟
و: ده‌ی خۆ ئه‌گه‌ر ناوی كتێبه‌كه‌م (خوێنده‌واری له زانكۆدا) بووایه، هه‌قبوو بپرسن چۆن خوێنده‌واری له زانكۆدا؟! (مه‌ولانا جه‌لاله‌ددینی ڕوومی) له سه‌ره‌تای (سروودی نه‌ی)یه‌كه‌یه‌وه ده‌فه‌رموێت:
بشنو أز نی چون حیكایت میكوند أز جــدایها شكــایت میكـوند
چۆن چیرۆكی نه‌ی هه‌موو هاواره له‌ده‌ست دابڕان له دۆستان، كه‌شی زانكۆكانی خۆیشمان گشت ناڵه‌و فوغانه له ده‌ست نه‌خوێنده‌واریی، ئه‌گه‌ر زانكۆ زمانی بووایه ڕۆژی ده‌یان جار به‌سه‌ر خوێندكار‌و مامۆستاكانی ناویدا دهیبۆڵاندو پێی ده‌وتن: ئێوه چی ده‌كه‌ن لێره؟ ئێوه‌یه‌ك كه هیچ زانستێك نازانن زانكۆ زانكۆی چیتانه؟!
تۆ بڕۆ له یه‌ك به یه‌كی خوێندكاره‌كانی دوا قۆناغ، له سه‌رجه‌م زانكۆكانی كوردستاندا به گشت به‌شه‌كانییه‌وه بپرسه: چۆن باسی ده‌رچوون (بحپ التخرج) ده‌نووسیت؟ چه‌ند پێوه‌ی خهریكدهبیت؟ چه‌ند سه‌رچاوه به‌كاردێنیت؟ چه‌ندی لـێ سوودمه‌ند ده‌بیت؟ ئه‌ی بهشهكهتو كۆلێژه‌كه‌ت چه‌ند سوودی لێده‌بینن؟ ئه‌مانه لای له سه‌دا نه‌وه‌دی خوێندكاری زانكۆ پرسیاری بێ وه‌ڵامن، ساڵانه ئه‌و هه‌موو باسی ده‌رچوونه به خوێندكاران ئاماده ده‌كرێت، كه‌چی بۆ ساڵی دواتر فڕێده‌درێته خهزێنهوهو دوای چه‌ند ساڵێكیش به‌سه‌ریه‌كه‌وه ئاگری تێبه‌رده‌درێت، ئه‌مه نیشانه‌ی نه‌خوێنده‌واریی نه‌بێت، ئه‌ی چییه؟!
بڕۆ به هه‌موو زانكۆكانی كوردستاندا بگهڕێو له خوێندكاره‌كان بپرسه ئه‌رێ كێههتان جگه له كوردی، زمانێكی تر ده‌زانێت؟ كامه‌تان دوو شێوه‌زاری كوردی ده‌زانن؟ بزانه چه‌ندیان ده‌ست به‌رز ده‌كه‌نه‌وه؟دڵنیابه كه‌متر له (8%)یان، ئه‌مه چتۆ خوێندهوارییهكه؟
پ: له كتێبه‌كه‌تاندا په‌نچه خراوه‌ته سه‌ر چه‌ند قه‌یرانێك، ده‌توانیت لێره‌دا به‌كورتی گرنگترین ئه‌و قه‌یرانانه بۆ خوێنه‌رانی ڕۆژنامه‌كه‌مان _كه ڕه‌نگه ئه‌و كتێبه‌ی به‌ڕێزتیان نه‌خوێندبێته‌وه_ بخه‌یته‌ڕوو؟
و: هه‌ندێ له‌و كێشه‌و ئارێشانه‌ی له‌و كتێبه‌دا باسمكردوون: دیارده‌ی نه‌خوێنده‌واری، ناتهواویو كه‌موكورتی مه‌نهه‌جی خوێندن له هه‌ردوو ڕووی چه‌ندو چۆنه‌وه، په‌یوه‌ندیی خراپی خوێندكار‌و مامۆستا، په‌یوه‌ندیی نادرووستی هه‌ردوو ڕه‌گه‌زی نێر‌و مێو تێكه‌ڵاوبوونیان، په‌یوه‌ندیی گهنجو ده‌سه‌ڵاتی سیاسی، به‌كارهێنانی ئایین بۆ سه‌ركوتكردنی گهنجو…..هتد.
پ: ده‌توانین بڵێین پرۆسه‌ی په‌روه‌رده‌و فێركردن له كوردستاندا، به‌تایبه‌ت له زانكۆدا به‌ره‌و پاشه‌كشه ده‌ڕوات؟ هۆكاری ئه‌مه بۆچی ده‌گێڕنه‌وه؟ كێ ده‌ستی هه‌یه له‌م پاشه‌كشه‌یه‌دا؟
و: هیچ گومانت له‌وه نه‌بێت ڕۆژ له دوای ڕۆژ پرۆسه‌ی خوێندن به‌ره‌و دواوه هه‌نگاو ده‌نێت، تا دێت بواری په‌روه‌رده وێران ده‌بێت، تۆ بڵـێ په‌روه‌رشیار هه‌یه تا په‌روه‌رده هه‌بێت؟ په‌روه‌رده‌ی بێ په‌روه‌رده‌كار ده‌بێت؟!
هۆكار هه‌م ئاشكرایه‌و هه‌م ئاڵۆز، ئاشكراكه‌ی ئه‌وه‌یه كۆمه‌ڵێك نه‌خوێنده‌وار وڵات به‌ڕێوه ده‌به‌ن، ئاخر كه له سه‌ری سه‌ره‌وه‌وه به نه‌خوێنده‌واری ده‌ستیپێكرد تا به‌ره‌و خوار دێت خراپتر ده‌بێت، له‌م وڵاته‌دا كه‌سی خوێنده‌وار خۆشه‌ویست نییه، مه‌به‌ست له خوێنده‌وار ئه‌وه نییه بڕوانامه‌ی به‌رزت هه‌بێت، من له پێشه‌وه ئاماژه‌م پێدا دهیانو تۆ بڵـێ سه‌دان نه‌خوێنده‌وار له‌م وڵاته‌دا به بڕوانامه‌ی ماسته‌رو دوكتۆراوه ده‌سووڕێنه‌وه، ده‌سه‌ڵات هه‌ر به ئه‌نقه‌ست كار له‌سه‌ر بێبه‌هاكردنی ناوه‌نده‌كانی خوێندن ده‌كات، چێژ له‌وه ده‌بینێت كه‌سی بووده‌ڵه‌و گرگن گه‌وره پیشانبدات، ده‌زانی بۆ؟ چونكه له‌و ڕێیه‌وه عهیبو عاری خۆی وهدهشێرێ، وا ده‌كات خه‌ڵكی بڵێن ده‌ی ئه‌گه‌ر ئه‌مانه خوێنده‌وارو بڕوانامهدارهكانمان بن، چ جیاوازییه‌ك هه‌یه له نێوان ئهمانو نهخوێندهوارێكدا؟ من دهزانمو جه‌نابیشت ده‌زانی زۆربه‌ی ئه‌و نه‌خوێنده‌وارانه‌ی خاوه‌نی بڕوانامه‌ی زل‌و بێناوه‌ڕۆكن به ته‌زكییه‌ی دوو زلحیزبهكه بوونه‌ته خاوه‌ن بڕوانامه، كه‌سێكیش به هه‌قی خۆی بڕوانامه وهرنهگرێتو به ته‌زكییه‌ی حیزب خوێندن ته‌واو بكات تا ماوه چاوهخوارو گوێ له مستی حیزبه‌و ناتوانێت به ڕه‌شێك كه حیزب به سپی ده‌زانێت نه‌ڵێت سپی! مرۆڤی ئازاد له هه‌مانكاتدا ئازایشه، پێچه‌وانه‌كه‌یشی ڕاسته، زۆرێك له مامۆستاكانی زانكۆ كۆیلهنو به‌و كۆیلهییهیش ڕاهاتوون، ئه‌وان به قه‌ولی (سه‌یید قوتب)ی ڕه‌حمه‌تی كۆیلایه‌تی له‌ناو ڕووحیاندایه، تۆ بڕوانه ئه‌و مامۆستا سه‌ربه‌خۆیانه‌ی له زانكۆدان بزانه قه‌ت یه‌كێكیان پۆستێكیان پێده‌درێت؟ ته‌نانه‌ت سه‌رۆكایه‌تی به‌شیش ده‌بێت به ده‌ست پاوان له پێكانی حیزبه‌وه بێت.
هۆكاره ئاشكراكه ئه‌مه‌یه، وه‌لـێ له هه‌مانكاتدا هۆكاری ئاڵۆز‌و ناڕوونیش هه‌یه، ئه‌و كولتووره چییه خه‌ڵكێك به‌رهه‌مده‌هێنێت حه‌ز به وێرانبوونی وڵاتی خۆی بكات؟ ئاماده‌بێت هه‌رچی شتی ئه‌م وڵاته هه‌یه وێران بێت ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ی خۆی بمێنێته‌وه؟ ئه‌وه چ نه‌ریتێكه ده‌روونێك به‌رهه‌مدێنێت ئاماده‌یه به‌س بۆ ئه‌وه‌ی پێی بڵێن مامۆستا فڵان یان كاك دوكتۆر، هه‌رچی خوا‌و ویژدانی مرۆڤ پێیان ناخۆش‌و قێزه‌ونه په‌نای بۆ ببات‌و سڵا له هیچ تاوانێك نه‌كاته‌وه؟ باشه كه‌سێك كه ئهلفو بێی زانستێك نه‌زانێت چۆن شه‌رم نایگرێت ماسته‌رو دوكتۆرای تێدا بێنێت؟! به‌ڕاستی من تێناگه‌م. لـێ ئه‌وه‌ی ڕوونه ده‌سه‌ڵاتی كوردی هۆكارێكی سه‌ره‌كیی ئه‌م دۆخه نهساغهیهو به‌رپرسیاری یهكهمو ئاخیره له هه‌مبه‌ر هه‌موو ناتهواویو كه‌موكورتییه‌كانی وڵات، مێژوویش ئه‌مه تۆمار ده‌كات، وه‌لـێ من بڕوام به سزای مێژوو نییه، بنیاده‌م كه مرد با تا هه‌تایه مێژوو نه‌فره‌تی بۆ بنێرێ به ئه‌و چی! .
پ: ده‌بینین له نێوان خوێندكار‌و زانكۆدا بۆشاییه‌كی مه‌عریفی_په‌روه‌رده‌یی هه‌یه، بۆچی تائێستا نه‌توانراوه خوێندكار له‌گه‌ڵ به‌ها مه‌عریفییه‌كاندا ئاشتبكرێتهوه؟
و: من له پێشه‌وه ئاماژه‌م پێدا، له‌م وڵاته‌دا به هه‌موو شێوه‌یه‌ك دژایه‌تی مه‌عریفه‌و مه‌عریفه‌خوازی ده‌كرێت، كێ به‌و ئه‌ركه هه‌ڵسێت؟ كه‌سێك شتێكی نه‌بێت ده‌توانێت بیبه‌خشێت؟ كاتی خۆی له حوجره‌كانی كوردستاندا خوێندن به جۆرێك بوو فه‌قێ و سوخته تا خوێندنیان ته‌واو ده‌كرد شه‌وو ڕۆژیان هه‌ر باسی (چرب زید عمراً) بوو، شار به شار‌و دێ به دێ ده‌گه‌ڕان، له عێراقه‌وه بۆ ئێران‌و به پێچه‌وانه‌شه‌وه دههاتنو ده‌چوون، عومرێك ده‌یانخوێند، كێ بوو ئه‌وانی وا به مهعریفهخوازییهوه گرێدابوو؟ فه‌قێیه‌ك خوێندنی ته‌واو ده‌كرد ئه‌وپه‌ڕی له كوێره دێیه‌كدا ده‌بووه مه‌لا، به‌ڵام كه‌شه‌كه وا بوو دوای خوێندن بكه‌وێ، ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێمه كه هه‌موو هه‌وڵیان بۆ دژایه‌تیكردنی نهریتو ئه‌خلاقی كوردهواری خستووه‌ته‌گه‌ڕ، له‌و كولتوورهشیان كردین‌و شتێكی له‌و جوانتریشیان بۆ نه‌هێناین، كردینیان به كورده‌ی له هه‌ردوو جه‌ژن بوو!
پ: چی چاوه‌ڕوانییه‌ك له‌و سیسته‌مه ده‌كرێت كه له زانكۆكاندا حاكمه‌و له‌و پرۆگرامه‌ی خوێندكاری پێ گۆش ده‌كرێت؟
و: چاوه‌ڕوانی ناوێت وا به‌رهه‌مه‌كه‌ی به چاوی خۆت ده‌بینیت، زانكۆ بووه‌ته كارگه‌ی به‌رهه‌مهێنانی بنیاده‌می بێتاقهتو بێپه‌یام، سه‌یر نییه خوێندكارێكی قۆناغی یه‌كه‌م و دووه‌می زانكۆ، به‌رده‌وام له گیانی خۆی وه‌ڕس بێت و ئه‌وه‌نده كاتی لـێ زیاد بێت نه‌زانێت چۆنی به‌سه‌ر ببات و زۆربه‌ی كات بخه‌وێت؟ خوێندكار له‌ناو ئه‌م سیستمه‌دا كائینێكی سه‌رگه‌ردانه، ته‌مه‌ن ده‌دات و بڕوانامه وه‌رده‌گرێت، شه‌هاده‌یه‌كی ناو زل و ناوهڕۆك پووچ، له‌م سیستمه‌دا پێوانه‌ی زیره‌كیی مرۆڤ نمره‌یه، ئه‌و نمرانهیش له‌لایه‌ن مامۆستایه‌كه‌وه داده‌نرێت، مامۆستاكهیش به گوێره‌ی ئاره‌زوو و میزاجی خۆی ده‌یبه‌خشێت، به نموونه وا دانێ (س) خوێندكارێكی زۆر زیره‌ك و به‌توانایه، به‌ڵام به دڵی مامۆستا (ع) هه‌ڵسوكه‌وت ناكات و ناجووڵێته‌وه، چاوه‌ڕێ ده‌كه‌یت ئه‌نجامی له‌و وانه‌یه‌ی مامۆستا (ع) ده‌یڵێته‌وه چۆن بێت؟ چه‌ند باش وه‌ڵام بداته‌وه هه‌ر خراپه، ده‌یان نموونه‌ی له‌و جۆره‌مان بینیوه یان بیستووه، ئه‌مه‌یش ده‌بێته هۆی درووستبوونی گرێیه‌كی ده‌روونی لای خوێندكار و كینه و تووڕه‌یی لێده‌كه‌وێته‌وه. زانكۆ بۆ زۆرێك له خوێندكاران كابووسێكه چه‌ندین ساڵا دوای ده‌رچوونیشیان هه‌ر به دوایانه‌وه‌یه، من تا ئێستاش هه‌ندێ شه‌و خه‌و ده‌بینم، له خه‌ومدا تاقیكردنه‌وه‌ی فڵانه ده‌رسم هه‌یه، كه به خه‌به‌ر دێمه‌وه له خۆشی‌دا هه‌ر ئه‌وه نییه بفڕ‌م، خوایه ئه‌مه منم و له‌ژێر ده‌ستی ئه‌و خوێنخۆرانه‌ی به ناوی مامۆستاوه ده‌رسیان پێده‌وتم ده‌رچووم؟!
ئه‌م سیستمه چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ی لێده‌كرێت كائینێكی لاوازی تووڕه‌ی بووغزاویی ده‌ستوپێ سپی به‌رهه‌م بهێنێت و به ناوی پزیشك، مامۆستا، ئه‌ندازیار، پارێزه‌ره‌وه فڕێی بداته ناو كۆمه‌ڵگاوه . .
پ: به بڕوای ئێوه كێ ڕۆڵی هه‌یه له بێبه‌هاكردنی زانست‌و مه‌عریفه له زانكۆكانی كوردستاندا؟
و: وا بزانم پێشتر وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌م به جۆرێك له جۆره‌كان دایه‌وه، ئێمه‌ی كورد نه‌ته‌وه‌یه‌كین به حوكمی هۆكارگه‌لێكی جیاواز هه‌ر ژێرده‌سته و كه‌نه‌فت بووین، له دوای ڕووخانی ده‌وڵه‌تی ماده‌وه، به درێژایی دوو هه‌زار و پێنجسه‌د ساڵ ئێمه خاوه‌نی هیچ نه‌بووین، ئێستاش كه نیمچه حكومه‌تێكمان كه‌وتووه‌ته ده‌ست، ده‌مانه‌وێت له پڕێ ببینه كوڕێ، ئه‌مه‌ش مه‌حاڵه، ئه‌وه‌ی لای ئێمه به زانكۆ ناو ده‌برێت ڕاستییه‌كه‌ی سێبه‌ری زانكۆیه، چه‌مكگه‌لی وه‌ك لیبرالیزم، دیموكراسی، ده‌وڵه‌تی مه‌ده‌نی، یاسا و له‌ناو ئه‌وانه‌یشدا زانكۆ به ئێمه نامۆن، ئێمه ئه‌و شتانه‌مان به ده‌ستی خه‌ڵكی تره‌وه بینیوه و حه‌زمان لێیان كردووه، وه‌ك چۆن مناڵا شتێكی جوان به ده‌ستی زارۆیه‌كی تره‌وه ده‌بینێت دڵی لێی ده‌چێت و په‌ڵپی لێده‌گرێت، مه‌رجیش نییه بزانێت چۆن به‌كاریدێنێت، ئه‌مه‌یش ئاوهایه. بینیتان له‌م دواییانه‌دا زانكۆی سلێمانی چۆن له‌لایه‌ن هێزی چه‌كدار و ده‌مامكداری ده‌سه‌ڵاتی حیزبێكی كوردییه‌وه په‌لامار درا؟ ساڵانێك ئه‌و حیزبه و هه‌موو پارته‌كانی تریش لافی دیموكراسی و كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نییان لێنه‌ده‌دا؟ له‌م ماوه‌ی پێشوودا بیستم به‌رپرسێكی حیزبیی_یه‌كێ له دوو پارته فه‌رمانڕه‌واكه_ له مامۆستایه‌كی زانكۆ كه هاوكات ڕۆژنامه‌نووسێكی دیاریشه تووڕه ببوو و وتبووی: “نازانم كێ ئه‌مه‌ی كردووه به مامۆستای زانكۆ!” تۆ ته‌ماشاكه نه‌خوێنده‌وارێك ڕه‌خنه له‌وه ده‌گرێت بۆ فڵانه‌كه‌س مامۆستایه!
ئه‌م دوو پارته بیست ساڵه كار بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن نه‌وه‌یه‌كی بڕوانامه‌دار له هه‌مانكاتدا نه‌خوێنده‌وار بێته كایه‌وه، تا به ده‌ره‌وه‌ی خویان بڵێن ئه‌ها چه‌ند زانكۆمان درووستكرد، چه‌ند ده‌رچووی زانكۆمان زۆره… وه‌لـێ ئه‌وانه هیچیان جێگه‌ی دڵخۆشی نین، ئه‌و زانكۆیانه به‌رده‌وام مێگه‌ل درووست ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر وا نییه بۆ له هه‌ڵبژاردنی یه‌كێتی مامۆستایان‌دا هه‌ردوو پارتی ده‌سه‌ڵاتدار زۆرترین ده‌نگیان هێنا؟ كه‌واته خه‌ڵكه عهوامهكه له توێژی مامۆستایان هوشیار تره، تۆ بڕۆ سه‌ر بكێشه ئیداره‌ی یه‌كێ له خوێندنگاكاندا، بزانه له باسی سه‌ری مانگ و مووچه و خانووه‌كه‌ی فڵانه كه‌س وایه و فیساره كه‌س سه‌یاره‌یه‌كی وا جوانی كڕیوه زیاتر ده‌بیستیت؟!
پ: ڕۆڵی مامۆستاكانی زانكۆ چییه له‌و فه‌وزایه‌ی له زانكۆدا هه‌یه؟ ئایا سه‌رچاوه‌ی فهوزاكه مامۆستایانی زانكۆن یان خوێندكار‌و پرۆگرام‌و وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا؟
و: مامۆستا به‌رهه‌می ئه‌و فه‌وزایه‌یه، له هه‌مانكاتدا هۆكاریشیهتی، وه‌ك قسه باوه‌كه‌یه: نازانی مریشك له هێلكه‌یه یان هێلكه له مریشكه! مامۆستای زانكۆ خۆیشی قوربانییه، ئه‌و وا ده‌زانێت هه‌ر كه بۆینباغێكی پانی به‌ست و جانتایه‌كی كرد به شانی‌دا و جڵی له قژی دا، ئیتر هه‌موو شتێك ته‌واوه و ئه‌و ئاسمانه‌یشی به‌سه‌ر سه‌ریه‌وه‌یه‌تی چاتۆڵـێ زیاتر نییه. به‌ڵێ قوربان به‌شێكی گه‌وره‌ی قه‌یرانه‌كه مامۆستای هیچ نه‌زانی خۆ به هه‌موو شتێ زانه!
پ: ده‌بێت ڕۆڵی هه‌ریه‌ك له مامۆستا، خوێندكار‌و ده‌سه‌ڵات چی بێت له بره‌ودان به گێڕانه‌وه‌ی شكۆی زانست‌و مه‌عریفه‌دا؟
و: من له پێگه‌یه‌كدا نیم كه‌س گوێم لێبگرێت و به قسه‌م بكات، ئه‌مه با له سك دركردنه! وه‌لـێ به‌هه‌رحاڵا خوێندكار پێویسته به شه‌وقه‌وه به‌شێك هه‌ڵبژێرێت و خۆی بۆی ماندوو كات، گوێ به نمره نه‌دات، چاوه‌ڕێ نه‌بێت مامۆستا بیكات به شت، هه‌وڵی فێربوونی زمانی زیندووی دونیا بدات. مامۆستایش ده‌بێت هه‌ست به جه‌هلی خۆی بكات، ڕۆژانه به‌رده‌وام لانی كه‌م دوو سێ سه‌عات بخوێنێته‌وه، ئه‌گه‌ر وا نه‌كات ده‌بێته مایه‌ی پێكه‌نینی قوتابییه‌كانی. ده‌سه‌ڵات گوێی نییه، منیش هیچم نییه پێی بڵێم!
پ: پێتان وانییه حزباندنی زانكۆ شكۆی مه‌عریفه‌ی زانكۆی بریندار‌و ڕووحییه‌تی داهێنانكارییشی ئیفلیج كردووه؟
و: جا حزباندن شكۆی كوێی نهڕووشاندووه؟ حزباندن ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌ی سه‌ده‌یه‌ك برده دواوه، كارێك ئه‌م دوو زلحیزبه‌ی كوردستان كردیان نه ئه‌نفال و نه كیمیاوی و نه كوشتاری به‌عس به كوردیان كردووه، ئه‌وان زمانی كوردی‌یان سه‌ربڕی و له بیری خه‌ڵكیان برده‌وه، میوزیكیان شێواند، هونه‌ری ڕه‌سه‌نیان نه‌هێشت، داهێنانی چی؟ توخوا (شكور مسته‌فا)یه‌كی گه‌رمیانی كه مه‌لا بوو، داهێنانی ده‌كرد یان مامۆستایه‌كی زانكۆ؟ مام (هه‌ژار)ێكی ئاواره‌ی ده‌ربه‌ده‌ر ده‌یزانی بنووسێت و وه‌ربگێڕێت یان سه‌رۆك به‌شێكی كوردی؟ ئه‌مڕۆ حیزبه نه‌خوێنده‌واره‌كان له په‌سا كادیری نه‌خوێنده‌وار به‌رزده‌كه‌نه‌وه بۆ خوێندنی باڵا‌و له‌و سه‌ره‌وه به شه‌هاده‌ی ماجستێر و دوكتۆراوه ده‌رده‌چن، كه‌چی نازانن ڕسته‌یه‌ك به باشی بخوێننه‌وه، ده‌ك له خۆیان و حیزبه‌كانیشیان پیرۆز بێت، حزباندن به سایه‌ی سه‌ری ده‌سه‌ڵاتی كوردییه‌وه بووه‌ته شێرپه‌نجه و به‌ناو گشت كایه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردییدا بڵاوبووه‌ته‌وه، چارهیشی هه‌روا ئاسان نییه، به دهستخۆم نییه تروسكایی ئومێد له‌م سیستم و ده‌سه‌ڵاته‌دا نابینم!
* ئه‌م بابه‌ته پێشتر به دوو به‌ش، له (ڕۆژنامه‌ی یه‌كگرتوو)دا بڵاوكراوه‌ته‌وه .