گه‌شبینی گه‌ڕانه‌وه له شیعری چاوه‌نۆڕی په‌شێودا
(ژن تا دوا چركه‌ی ژیانی خۆی له‌به‌رده‌م عاتیفه‌ی جوان و وشه‌ی جوان‌دا ده‌توێته‌وه) نزار قه‌بانی
1
شاعیر به تاكه سیفه‌تێك له مرۆڤی ئاسایی جیاواز نییه، وه‌لێ شیعر كه‌سێكی ده‌وێ له ئه‌زه‌له‌وه بۆ ئه‌و پرۆسه‌یه خوڵقا بێت، به پێچه‌وانه‌ی ژانه‌ره‌كانی دیكه‌ی ئه‌ده‌به‌وه كه ره‌نگه هه‌وڵ و خولیا بتوانێت رۆڵی تیا ببینێت، وه‌لێ گه‌ر بمانه‌وێت به هه‌وڵ و ئه‌زموون ده‌ست بۆ شوشه‌ی شیعر به‌رین، نه‌ك هه‌ر ده‌یشكێنین، بگره دوور نییه پارچه شكاوه‌كان ده‌ستی زۆر كه‌سی دیكه‌ش بریندار بكات، بۆیه ده‌بینین شاعیربوون وه‌ك پێغه‌مبه‌ربوون له رێگه‌ی ئیلهام و په‌یامه‌وه درووست ده‌بێت، ره‌نگه زۆر سیفه‌تی دیكه‌ش پێكه‌وه كۆیان بكاته‌وه.
كۆتایم به‌و پێشه‌كییه‌ی سه‌ره‌وه هێنا به خاتری ئه‌وه‌ی ئاراسته‌ی باسكه‌م نه‌گۆڕێت، من ده‌مه‌وێت ئیستێك له سه‌ر (ژن) له شیعری بگره له (شیعرێكی) عه‌بدوڵا پهسێودا بكه‌م، به‌ڵام گرفته‌كه لێره‌دا ئه‌وه‌یه كاتێك شیعره‌كانی په‌شێو ده‌خوێنیته‌وه له‌به‌رده‌م زیاتر له ژنێكدا ده‌وه‌ستیت و ئاشنا به زیاتر له چیرۆكێك ده‌بیت، كه زۆر جار شیعره‌كان حیكایهتئامێز ده‌یگێڕنه‌وه، ئه‌مه ئه‌و سیفه‌ته‌یه كه زۆری شاعیرانی پێ ده‌ناسرێته‌وه، زۆر به ده‌گمه‌ن ده‌گه‌یته به‌رده‌م شاعیرێك كه وابه‌سته‌ی ته‌نها ئافره‌تێك بووبێت، یان ئه‌فره‌ت مه‌سه‌له‌ی شیعری نه‌بووبێت، لێره‌دا كۆمه‌ڵێ نمونه‌ی دیارمان هه‌یه، ئه‌وی ئه‌حمه‌د هه‌ردی له شیعریدا كردی وه‌ك داتاشینی بێستونی فه‌رهاد و بهههواركردنی بیابانی مه‌جنون ده‌بێت، هه‌ردی كه خاوه‌نی رێبازێكی گرنگی شیعری كوردییه به دوازده شیعر، كۆی ئه‌و باسانه‌ی ئه‌و له (ست فاتیمه)دا كۆده‌بێته‌وه، كه له زۆر جێگه‌دا وه‌ك (شیرین) یان (زین) ده‌یبینین، یان شاعرێكی نه‌ته‌وه‌یی وه‌كو (بێكه‌س) نه‌یویستووه ژن وه‌ك كه‌ره‌سته‌ی شیعر به‌كار بهێنێت، هه‌ڵبه‌ت به پێچه‌وانه‌ی (شێركۆ)ه‌وه، كه لێوان لێوه له ژن، په‌شێویش به هه‌مان شێوه‌ی زۆری شاعیران، لرفه‌ی دێت له ژن‌دا و خۆشه‌ویستی ده‌بێته كرۆكی زۆرینه‌ی شیعره‌كانی، ئه‌و فره ئافرهتتیه لای په‌شێو زۆر به روونی له سه‌ره‌تای شیعرنووسینیهوه ده‌رده‌كه‌وێت، له كاتێكدا به‌ڵێن به یه‌كێك له‌و ژنانه ده‌دات كه باسی هه‌موو ئه‌و ژنانه‌ی بۆ بكات كه خۆشیویستوون، له شیعری (ئه‌لبوم) دا ده‌ڵێت:
له‌و رۆژه‌وه گفتم دایتێ
له سۆراخی ئهلبوومێكدام، كه‌وا دوو توێی
وێنه‌ی هه‌موو ئافره‌تانی
ئه‌م جیهانه‌ی بگرێته خۆی!
(شه‌و نی یه خه‌ونتان پێوه نه‌بینم. مۆسكۆ 1975)
ئه‌گه‌ر چی ئه‌م وێنه‌یه خوازراوه بۆ ئه‌وه‌ی پێمان بڵێت من پیاوێكم هه‌موو ژنی جیهان له دڵمایه، به‌ڵام له هه‌مان كاتدا مه‌به‌ستی له‌وه‌یه كه ژنێكی زۆر له زه‌ینیدایه و كێی بینیوه خۆشی ویستووه. یاخودا له شیعری (دارستانی سووتاو)دا كه ساڵی 1979 ده‌ینووسێت، به هه‌مان شێوه باس له‌و ژنه زۆرانه ده‌كات كه خۆشیویستوون و له گه‌ڵیدا بوون:
هه‌ر نازدارێ دڵی دامێ
له بناری دڵدا ناشتم
وه‌ك نه‌مامێ
تا وام لێ هات
له سای سه‌ری خۆشه‌ویستان
بوومه ماخوی شادارستان
(بروسكه چاندن)
له شیعری (حه‌سره‌ت)یشدا به هه‌مان كلۆج باس له‌و ئازیزانه ده‌كات و ئاه بۆ ئه‌وه هه‌ڵده‌كێشێت كه له زه‌ینیدا نه‌ماون و یان بهكاڵ و كرچی ماونه‌ته‌وه، له شیعری (به‌رجه‌سته‌كردن) و( له رۆما)دا هه‌مان سیناریۆ پیشانده‌داته‌وه، كه‌چی چاوه‌ڕوانی ئه‌وانه‌شه كه ده‌ستی پێڕانه‌گه‌یشتوون و به‌ڵێنیان دواوه و نه‌هاتوون.
گه‌رچی ئه‌م وێنانه‌ی په‌شێو درووستی كردوون و دهچنهی خانه‌ی گشته‌وه به‌ڵام له زۆر جێگه‌شدا تایبه‌ت ده‌بێته‌وه به ته‌نها ژنێك و زۆر جار ئه‌و ژنانه یه‌كجار بینیونی و بوون به هه‌وێنی شیعرێك و بۆ ماوه‌یه‌ك زه‌ین و دڵی شاعیریان داگیركردووه، به نوونه له شیعری (كچ و شایی) له كۆمه‌ڵه‌ی (بتی شكاو)دا باس له شۆخێك ده‌كات، كه یه‌كجار و دواجار له ریزی ههڵپهڕكێیهكدا بینیویه‌تی وكاریگه‌ری له سه‌ری هه‌بووه، یاخود له شیعری (كه‌ڵكه‌ڵه) دا ده‌ڵێت:
ئه‌مشه‌و مه‌ستم
ئه‌مشه‌و گێژم
ئه‌مشه‌و كاسم
له‌سه‌ر ته‌ختی سه‌ری یاخیم
ژنێك تاجی له‌سه‌ر ناوه.. كه نایناسم
(بروسكه چاندن)
ئاماژه‌یه‌كی دیكه له شیعری په‌شێودا، پیتی (ش)ه، كه مه‌به‌ستێتی تاقانه‌ی له هه‌ندێ ژن بسێنێته‌وه و له هه‌مان كاتدا جۆرێكه له دان پیانان بۆ بوونی ژنی دیكه، ره‌نگه گونجاوترین نمونه بۆ ئه‌م بۆچوونه شیعری (هه‌م تۆم خۆشده‌وێ هه‌م ئه‌ویش) “ش” (ئه‌ویش) زۆر به روونی ئاماژه‌یه به بوونی ژنی دیكه له ژیانی په‌شێودا له‌وه‌ش گرنگتر ئه‌وه‌یه ئه‌و دوو ژنه له یه‌ك كاتدا بوونیان هه‌یه، هاوكات له نێوانیاندا هه‌ست به عه‌داله‌تی خۆشه‌ویستی ده‌كه‌یت.
2
چاوه‌نواڕی
چاوه‌ڕێتم
ده‌گه‌ڕێیته‌وه سوێند ده‌خۆم
سوێند ده‌خۆم ده‌گه‌ڕێیته‌وه
* * *
ئه‌گه‌ر یه‌ك یه‌ك سنوره‌كان میناڕێژكهن
هه‌موو رۆژێ
له‌گه‌ڵ سپێده‌ی به‌یانا
به‌ره‌و ئاسۆ له دوو ده‌ده‌م ده‌زووی نیگام
وا هه‌ست ده‌كه‌م
كه تۆ ده‌چیته ناو پێستی
باڵنده‌یه‌كی ئه‌فسانه‌یی و
به‌یانی یه‌ك دێیته‌وه لام!
* * *
ده‌گه‌ڕێیته‌وه سوێند ده‌خۆم
سوێند ده‌خۆم ده‌گه‌ڕێیته‌وه
بۆیه ئه‌گه‌ر بست به بستی
ئاسمانیشت لێ بته‌نن
هه‌موو رۆژێ
له‌گه‌ڵ سپێده‌ی به‌یانا
په‌نجه‌ره‌كان ده‌كه‌مه‌وه
وا هه‌ست ده‌كه‌م
كه تۆ وه‌كو تووڵه نه‌مام
به‌یانی ێیك
له‌به‌ر پهنجهرهكهما ده‌ڕوێی
به‌دیوارا هه‌ڵده‌گه‌ڕێی
دێیته‌وه لام
(شه‌و نی یه خه‌ونتان پێوه نه‌بینم- چاوه‌نواڕی- مۆسكۆ 20\21 -06-1976 ” چاپخانه‌ی الادیب 1980″)
گه‌شبینی شاعیر حاڵه‌تێكی ده‌گمه‌نه، زۆر كه‌م شاعیر ده‌بینین گه‌شبین بێت، به تایبه‌ت له به‌رانبه‌ر ژن‌دا، ره‌نگه په‌یوه‌ندی نێوان ره‌شبینی و شاعیر ته‌نها هاوكێشه بێت كه به ویستی خودی كه‌سه‌كه لایه‌نه نهگهتیڤهكه هه‌ڵبژێرێت (مه‌به‌ستمه بڵێم به ویستی خۆی شاعیر ره‌شبین بێت) هه‌ڵبه‌ت كۆكردنه‌وه‌ی هه‌ردوو وشه‌ی “ویست و ره‌شبینی” پێكه‌وه قورسه، به‌ڵام چاوی شاعیر زۆر به ده‌گمه‌ن كاته خۆشه‌كان ده‌بینێت و نزیكه له‌وه‌ی له ئه‌ده‌بیاتی كوردیدا خامه‌ی شیعر له سه‌ر نه‌هامه‌تی تاپۆ بكرێت، چونكه هه‌م بارودۆخه‌كه و هه‌م شاعیریش ئاشنای ده‌رد و نه‌هامه‌تین، تۆ كه شاعیر بوویت ده بێت شانت بۆ هه‌ڵگرتنی كۆڵی نه‌ته‌وه‌یه‌ك، زمانێك، (چه‌ند ژنێك)، چه‌ندان مه‌سه‌له‌ی دیكه ئاماده بكه‌یت، تۆ كه شاعیر بوویت رازی نابیت به‌وه‌ی ده‌گوزه‌رێ، پێت تاوانه منداڵێكی بۆیاخچی پێڵاو بێ پێخۆر كولێره بخوات و سفره‌ی كۆشكێك له هیچی كه‌م نه‌بێت، پێت نه‌نگییه سه‌ركرده‌یه‌ك به به‌رچاوته‌وه شه‌ق له عه‌داله‌ت هه‌ڵبدات، یاخود ژنێك بێ ده‌ربه‌ست بێت له رۆیشتنت، تۆ كه شاعیر بوویت دڵت هێند ناسك ده‌بێته‌وه جگه له وشه‌ی “گیان” به هه‌موو شتێك ده‌شكێت، كێشه‌ی شاعیر له‌وه‌دایه ناتوانێت وه‌ك خه‌ڵكی دیكه بژی و ده‌یه‌وێت ئه‌وی له خه‌یاڵدا وێنای ده‌كات له واقعدا جێ به‌جێی بكات، وه‌لێ ژن ئه‌مه نازانێت، بۆیه ئه‌نجام “رۆیشتنه”.
ئه‌نجامی رۆیشتن یان نه‌گه‌ڕانه‌وه‌یه یان گه‌ڕانه‌وه، سوربوونی په‌شێو له سه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و لایه‌نه گهشبینهیه، كه زۆر ده‌گمه‌نه شاعیركانمان پێی بگه‌ن، له‌م ده‌قه‌دا ده‌رفه‌تی گومانی نه‌گه‌ڕانه‌وه نه‌ماوه، بنووس زۆر یه‌قینه له سه‌ر قسه‌ی خۆی، به‌ڵام شێوازی گه‌ڕانه‌وه‌كه‌ی كه ئاماژه‌ی پێ ده‌دات، گه‌ڕانه‌وه‌یه به ده‌لاقه‌ی خه‌یاڵدا نه‌ك له ده‌روازه‌ی واقعه‌وه، گه‌ڕانه‌وه به هۆی باڵنده‌ی ئه‌فسانه‌ییه‌وه یان له رێگه‌ی خاكه‌وه ئاماژه‌یه به مه‌حاڵی گه‌ڕانه‌وه، واته شاعیر سوره له سه‌ر روودانی مه‌حاڵ، لێره‌دا پرسیاری ئه‌وه دێته پێشێ: په‌شێو بۆ ئه‌وه‌نده دڵنیاییه كه ده‌گه‌ڕێته؟ ئایا ئاسه‌وارێكی وه‌های جێهێشتووه، كه بزانێت ده‌بێت بۆی بێته‌وه، یان خۆی به باشترین په‌نا ده‌زانێت، یا ئه‌وه‌تا كه به پێچه‌وانه‌ی یاسای ژن و جێهێشتنهوه، وه‌ك هه‌ر شتێكی دیكه‌ی جیهانی شاعیران بنووس كار له سه‌ر تێكشكاندنی ئه‌و ده‌ستووره ده‌كات، ئه‌مه‌ش ته‌نها له رێگای خه‌یاڵه‌وه ده‌گونجێت:
وا هه‌ست ده‌كه‌م
كه تۆ ده‌چیته ناو پێستی
باڵنده‌یه‌كی ئه‌فسانه‌یی و
به‌یانی یه‌ك دێیته‌وه لام!
یان
وا هه‌ست ده‌كه‌م
كه تۆ وه‌كو تووڵه نه‌مام
به‌یانی ێیك
له‌به‌ر پهنجهرهكهما ده‌ڕوێی
به‌دیوارا هه‌ڵده‌گه‌ڕێی
دێیته‌وه لام
ئه‌م دوو وێنه‌یه ئاماژه‌یه به دوو به‌ره‌ی جیاوازی گه‌ڕانه‌وه، به ئاسمانا وه‌ك باڵنده‌یه‌كی نائاسایی، وه‌ك ئه‌و خه‌یاڵه‌ی له ئه‌فسانه‌دا هه‌یه، وه‌ك ئه‌وه‌ی پێمان بڵێت، ئه‌م گه‌ڕانه‌وه‌یه خۆم دهیدهتاشم و له زه‌ینی خۆمدا دروستی ده‌كه‌م، به‌یانییه وه‌ئاگا دێیت و ده‌بینیت باڵنده‌یه‌ك له به‌رده‌م په‌نجه‌ره‌كه‌ت نیشتوه‌ته‌وه، ئه‌وه یاره! یان له ناو نوێنهكهتهوه ته‌ماشای ئه‌و دیوی په‌رده‌كه ده‌كه‌یت، ده‌بینی ئه‌و نه‌مامه‌ی كه روواوه ده‌ق ده‌ڵی شۆڕه ژنه! لێره‌دا چواندنی ژن (یان یار) به باڵنده و نه‌مام، رێكهت نییه و به خاتری یه‌كێتی بابه‌تی شیعره‌كه‌ش نییه، به‌ڵكو ئه‌وه سیفه‌ته واده‌كات له بری گه‌ڕانه‌وه‌ی واقعی باڵنده‌یه‌ك یان دره‌ختێك بڕوێت، ئه‌مه تاكه ده‌قی په‌شێو نییه كه نزیكی له نێوان ژن و دره‌خت یان باڵنده‌دا درووست ده‌كات، به‌ڵكو شاعیر كه‌شفی ئه‌وه‌ی كردووه كه له نێوانیاندا سیفه‌تی هاوبه‌ش هه‌یه، گه‌ر ئێمه لێره‌دا ئاماژه به‌وه بكه‌ین كه كۆچه‌ری و رۆیشتن سیفه‌تی باڵنده و ژنیشه ره‌نگه هه‌ڵه نه‌بین، یان سه‌وزبوونه‌وه و گهڵاوهرین له وه‌رزه‌كاندا هه‌مان رۆیشتن و گه‌ڕانه‌وه بێت.
له ئه‌ده‌بیاتی كوردیدا په‌شێو له ریزی پێشه‌وه‌ی ئه‌و شاعیرانه‌یه، كه ده‌یه‌وێت له رێگه‌ی ژنه‌وه به‌خته‌وه‌ری دروست بكات، یان به‌رده‌وامی بدات به ژیان، ژن ده‌توانێت ئاراسته‌كان دیاری بكات، واده‌كات به‌ره‌و دۆزه‌خت به‌رێت یان باخی گشتیت بۆ بكات به فیرده‌وس، ده‌توانێت ئه‌ندازیاری بنیاتنانی كه‌ڵه‌پیاو بێت و ده‌می شۆفڵ بێت بۆ رووخاندنی كۆشكی شكۆ:
چیت مه‌رام بێ، ده‌چێته سه‌ر:
تۆ ده‌توانیت، به نیگایه‌ك
سهوزهڵانێك به رووته‌ن كه‌ی
له ده‌ستت دێ، به هێمایه‌ك
به‌رده‌ڵانێك به چیمه‌ن كه‌ی
.
.
.
تۆ ده‌توانیت.. بمكه‌یته كۆیله‌ی مل به تۆق.
له ده‌ستت دێ.. تاجی سه‌روه‌ریم له‌سه‌ر كه‌ی.
(بروسكه چاندن- شیعری ژن- 1985)
له شیعری (نهێنی)یشدا به هه‌مان شێوه ئاماژه به‌وه ده‌كات، یار ده‌توانێت ده‌ریای یاخی وه‌ك ئاسمان ئارام بكات و ده‌می زریان لغاو بكات…، شاعیر له سه‌ر ئه‌م بنه‌مایانه‌یه ده‌یه‌وێت له دووی ژن بروات و تێ ده‌گات كلیلی سه‌ركه‌وتن و نوشستی له چنگی ژندایه، ئه‌وه ژنه وا ده‌كات ته‌نانه‌ت شیعریش له دایك بێت، ئه‌گه‌ر زۆر ته‌نگتر قسه بكه‌ین، ئه‌وه جێهێشتنه وا ده‌كات شیعرێك بخوڵێت، به‌ڵام زۆر ئه‌سته‌مه شاعیر دوای فیراق بتوانێت وه‌ها شیعرێكی گه‌شبین بنووسێت، له كاتی رۆیشتندا قه‌ڵه‌می ئه‌ژنۆ ده‌شكێت، دونیا تاریك دایه‌ت، ده‌روازه‌كان داده‌خرێن، ته‌نها مرۆڤه گه‌وره‌كان ده‌توانن له خۆڵه‌مێش گڵۆپ دروست بكه‌ن.
گه‌ر له شیعری په‌شێو بڕوانین، ئه‌مه یه‌كه‌مین جێهێشتن نییه، به‌ڵكو یه‌كه‌مین گه‌شبینی گه‌ڕانه‌وه‌یه، وه‌ك خۆی له شیعری “به‌ڵێن بده” دا ده‌ڵێ (زۆرجاری تر) به‌جێهێڵراوه، بۆ زۆر ئاو به نیه‌تی روونی نیشتۆته‌وه و لێڵ بووه، زۆر جار دڵنیا بووه له‌وه‌ی كه دێت جێی ده‌هێڵێت:
تۆش به جێم دێڵی
وه‌ك چۆن سه‌وزای باخ به‌جێ دێڵی
وه‌ك چۆن ته‌م و مژ باخ به جێ دێڵێ
تۆش به‌جێم دێڵی
(شه‌و نی یه خه‌ونتان پێوه نه‌بینم- تۆش به‌جێم دێڵی-1976)
یان له زۆر جێگه‌دا ده‌گاته حاڵه‌تی پارانه‌وه، نزا به خاتری ئه‌وه‌ی بگه‌ڕێته‌وه به پێچه‌وانه‌ی سووربوون له سه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌ی:
بگه‌ڕێوه
ژووری ته‌نیام چاوه‌ڕێته
بهگهڕێوه
عومری زاوام
شه‌یدای بوكی ترپه‌ی پێته!
(شه‌ونامه‌ی شاعیرێكی تینوو- ئه‌وپه‌ڕی تاسه- 1971)
گه‌ڕانه‌وه وه‌ك هه‌ویر یاری ده‌كات، په‌شێو شاد و خه‌می لێ هه‌ڵهێنجاوه، ئه‌وه قودره‌ته له یه‌ك خام، گوڵ و خاریش چێ بكه‌یت، ئه‌وه توانایه وا ده‌كات گه‌شبین بیت به گه‌ڕانه‌وه‌ی مه‌حاڵ به چاكردنه‌وه‌ی شووشه، به هاتنه‌وه‌ی وشه‌ی تادار.
سواره نه‌جمه‌دین