ئێوارەیەک لەگەڵ سارا …. ن: ناسر حەقپەرست
ئه‌مرۆش خۆره‌تاو وا خه‌ریكه ئاوا ده‌بێ، له په‌نجه‌ره‌كه‌وه تیشكێكی زه‌رد و مات ده‌رژێته ژووره‌كه‌مه‌وه. تا به‌ره‌و لێواری وون بوون ده‌خزێ، پتر به قه‌دی دیواری ژورهكهما هه‌ڵده‌كشێ. خه‌ریكه له تابلۆیه‌ك نزیك ده‌بێته‌وه كه تێیدا كچۆڵه‌یه‌كی هه‌ژاری ڤێڵۆن ژه‌ن، ڤێڵۆنهكهی له‌سه‌ر كۆشی داناوه و له‌سه‌ر شه‌قامێك دانیشتووه…
ئه‌و له ڕووبه‌ڕووم ماته‌مبار دانیشتبوو، لاقه‌كانی به تووندی له ژێر خۆیدا نوشتاندبۆوه. ئیستیكانه چاییه‌كی له نێوان په‌نجه‌كانیدا ڕێكدهگوشی، هه‌ر كه به ته‌واوی هه‌ستی به گه‌رماكه‌ی ده‌كرد، په‌نجه‌كانی به‌رز ده‌كرده‌وه… ئه‌و كاره‌ی دووپات ده‌كرده‌وه. له سوچێكی په‌نجه‌ره‌كه‌وه خۆره‌تاوی ده‌مه‌و ئاوا بوون به‌سه‌ر لایه‌كی ڕوخساریه‌وه له‌نگه‌ری گرتبوو… بریقه‌ی خۆره‌تاو له چاویدا سه‌رنج ڕاكێش بوو.
دوای به‌خێر هاتن و چاك و خۆشی، بێده‌نگییه‌كی وای ڕاگرتبوو، نه‌مده‌توانی سه‌ری قسه‌ی له‌گه‌ڵدا بكه‌مه‌وه. به ڕواڵه‌ت خۆم به موبایله‌كه‌مه‌وه خه‌ریك كردبوو، به‌ڵام ده‌مویست بزانم ئه‌و چ ده‌كات. له هه‌مان حاڵ‌دا هه‌ردووكمان وامان ده‌نواند كه گوێمان له گۆرانیه‌كی فارسی گرتووه…
یه‌كه‌م جار كه سارام بینی نزیكه‌ی ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر بوو، له‌گه‌ڵ پووری له مه‌ریوانه‌وه هاتبوون بۆ سلێمانی بۆ سه‌ردانی باپیری. باپیری سارا كاتی خۆی له نه‌یارانی هاتنه سه‌ر كاری حكومه‌تی یسلامی له ئێران بووه و دواتر ناچار بووه ماڵ و منداڵ جێبهێڵێ و ڕوو له ئه‌ورووپا بكات. ئێستا به‌و هۆیه‌ی كه ناتوانێ بچێته‌وه بۆ ئێران، به‌شێك له‌و ماڵه‌ی كه من تێیدا ده‌ژیم، به‌كرێ گرتووه و زیاتر له نیوه‌ی ساڵ دێته‌وه كوردستان. كه‌سێكی زۆر قسه خۆش و به ئه‌زموونه، تا ڕادایه‌ك عاده‌تمان به یه‌كتر گرتووه. جارجار شه‌كره‌كه‌ی ده‌یخات
ئه‌و كات كه سارام بینی، ده‌رفه‌تێكی وا نه‌ڕه‌خسا تا پێكه‌وه ئاشنا بین. ته‌نیا چه‌ند جارێك له كاتی هاتوچۆدا له ناو ڕێڕه‌و و حه‌وشه‌دا پێكه‌وه سڵاو و چاك و خۆشیمان كرد. دواجاریش كه خه‌ریك بوو ده‌ڕۆیشتنه‌وه ژماره‌یه‌كی پێدام و وتی: ئه‌گه‌ر باوه گه‌وره كارێكی بوو ته‌له‌فۆنمان بۆ بكه…
… ئێستا خۆره‌تاو نزیكه‌و ئاوا بوون بوو، ته‌واو كه‌تبووه سه‌ر دیواره‌كه. به‌ڵام هێشتا به ته‌واوی سارای به‌جێ نه‌هێشتبوو. خۆره‌تاو له‌سه‌ر پۆلێك تاڵی زوڵفی كه له‌ژێر له‌چكه توندهكهیهوه ده‌ركه‌وتبوو، تابلۆیه‌كی سه‌رنج ڕاكێشی وێنا كردبوو… ئه‌و دیمه‌نه ماته‌مباره دیسانه‌وه‌ش دوپات ده‌بۆوه. قژی وه‌ك دارستانێكی چڕی دواهه‌مین ڕۆژه‌كانی وه‌رزی پاییز ده‌چوو كه ده‌مه‌و ئێواره خۆره‌تاو له كاتی ئاوا بووندا به شێوه‌كی ته‌واو ئاسۆیی ده‌ڕژێته ناو لق و پۆكانیهوه. دواهه‌مین وێستگه‌ی خۆره‌تاو له ژورهكهما سه‌ر تابلۆی كچۆڵه‌یه‌كی هه‌ژاری ڤێڵۆن ژه‌نه كه كه‌وتبووه پشت سه‌ری سارا كه‌مێك به‌رزتره‌وه.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا كه ده‌هات ڕوناكی ژوره‌كه‌م جێ بهێڵێ، هه‌ستام گڵۆپه‌كه داگیرسێنم. سه‌ری هه‌ڵبڕی و ئیستیكانه چاییه‌كه‌ی به‌رز كرده‌وه. به توندی له نێوان په‌نجه‌كانیدا ڕایگرتبوو، ئه‌وه‌نده‌ی زه‌خت لێ ده‌كرد له‌وه ده‌چوو بیهه‌وێ وردی بكات! قهندێكی خسته زاریه‌وه و به ئه‌سته‌م قومێكی لێدا، وادیاره له یادی چوبۆوه له كه‌یه‌وه له پێشی داندراوه.
كه دانیشتمه‌وه پێم وت: دایكت چوو بۆ كوێ؟
چاوێكی لێكردم و بزه‌یه‌كی ماناداری هاتێ. له پاش ئه‌و ماوه‌یه‌ی كه له بێده‌نگیدا پشت سه‌رمان نابوو، ئێستا هه‌ستمان به جۆرێك ئاشنایی ده‌كرد. بۆ ئه‌وه‌ی له‌و حاڵ و هه‌وایه بێینه ده‌رێ، وتم: ده‌ی كه‌مێك باسی خۆت بكه، خه‌ریكی چی؟
لێوه‌كانی به نیشانه‌ی بزه‌یه‌كی تر لێك كیشایه‌وه و وتی: خانه‌داری (ماڵداری)
– چۆن بوو له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌ت نه‌هاتی بۆ سلێمانی؟
– هاوسه‌رم نییه…
– یانی تا ئێستا زه‌ماوه‌ندت نه‌كردووه؟
– با، به‌ڵام …
بۆ ماوه‌یه‌كی كورت چووه ناو خۆیه‌وه، دواتر به ئه‌سته‌م لێوه‌كانی ته‌ڕ كرد و زۆر به خێرایی و تۆنێكی نزمه‌وه وتی: ڕاستیه‌كه‌ی بێوه ژنم. (پێكه‌نینێكی كورتیش به دوایدا)
شتێك هاته‌وه یادم، جارێك له شیرینی فرۆشیهك خه‌ریكی به‌سته‌نی (دۆندرمه) خواردن بووم، مشتهریهك هاته ژووره‌وه…. تازه لاوێكی 16 – 17 ساڵ ته‌مه‌ن، تا بڵێی جوان و شیك پۆش، قژێكی ڕه‌ش و نه‌رمی به‌لای چه‌پی ڕوخساریدا به‌ردابۆوه، به جۆرێك كه چاوێكی ئه‌سله‌ن به ده‌ره‌وه نه‌بوو! بۆم بوو به پرسیار، كاتێك چوومه لای دوكانداره‌كه حیسابی له‌گه‌ڵ بكه‌م، له ئاوڕدانهوهیهكدا بۆم ده‌ركه‌وت چاوی چه‌پی له‌ده‌ستداوه.
وتم: قه‌یناكه بۆم باسكه‌ی بۆ جیا بوونه‌وه؟
خێرا وتی: ئه‌و جیا بۆوه.
– نزیكه‌ی 9 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر محه‌مه‌دی برام هێرۆ خوشكی كه‌ماڵی خۆش ده‌ویست. ئه‌وانیش هاتنه داوای من… ئێمه ئه‌سڵه‌ن یه‌كترمان نه‌ده‌ناسی. ئه‌گه‌ر چی هێندێك هه‌ستی نامۆیی و شه‌رممان تێدا بوو، به‌ڵام له سه‌ره‌تادا بێ كێشه بووین. چه‌ند ساڵێك به یه‌كه‌وه له مه‌رز كۆڵبهریمان كرد، دواتر پاره‌مان كۆكرده‌وه سهیارهیهكمان كڕی و كه‌ماڵ باری پێ ده‌برد بۆ تاران. پاش 5 ساڵ كاتێ ویستمان منداڵمان بێت، من نه‌مده‌توانی. له مه‌ریوان چووینه لای دوكتۆر، ئه‌و وتی: له تاران چاره‌سه‌ر ده‌كرێ. به‌ڵام كه‌ماڵ كه‌وته به‌هانه و هه‌ر جاره و به بیانویه‌ك وه‌دره‌نگی ده‌خست. ئه‌مجار كه‌متر ده‌هاته‌وه زۆر جار له‌سه‌ر ڕه‌نگی چایی تامی چێشت… هه‌ڵای ده‌نایه‌وه. هه‌موو جارێكیش ئه‌مه دواهه‌مین قسه‌ی بوو: من ناتوانم له‌گه‌ڵ كه‌سێكی نه‌زۆكدا بژیم، ده‌زانی ده‌ڵێم چی؟
سارا كه هه‌روا به‌سه‌رهاتی ژیانی خۆی ده‌گێڕایه‌وه جار جارێك به نیگه‌رانیه‌وه چاوی له من ده‌كرد… من بێده‌نگیم پێ باشتر بوو.
باسی ئه‌وه‌ی ده‌كرد كه چۆن كه‌ماڵ بردویه‌تیه‌وه ماڵی باوكی. كێشه دوای ساڵێك بێنه و به‌ره ده‌چێته دادگا…
– ئه‌و ڕۆژه‌ی بۆ دواهه‌مین جار چووینه دادگا، كاتی هاتنه ده‌ر له ناو حه‌وشی دادگا محه‌مه‌د و هێرۆ به چاوی ته‌ڕه‌وه خه‌ریكی ماڵئاوایی بوون. ئارام كه تا ئه‌و ڕۆژه لای دایكی بوو، ئێستا له ده‌ستی محه‌مه‌د دا ده‌گریا. … باوه‌ڕكه دیمه‌نێكی زۆر ناخۆش بوو. خه‌ڵكی ناو حه‌وشه‌كه زۆر زووتر له‌وه‌ی كه من پێ‌و وابوو، به مه‌سه‌له‌كه‌یان زانی و كۆڵێكیان تف و له‌عنه‌ت كردین.
كاتێك له حه‌وشه هاتینه ده‌ر باوكم هاته لامان و زۆر به غرووره‌وه وتی: وێڵیان كه‌ن، گه‌ردنیان شكیا…
ئارام هه‌روا ده‌گریا… باوكم خێرا لای ده‌ست فرۆشێك بیسكویتێكی بۆ هێنا و به محه‌مه‌دی وت: مه‌هێڵه بگری شوره‌ییه…
دوای ماوه‌یه‌ك له ده‌رگا درا. سارا به په‌له هه‌ستا و ڕۆیشت. كه چووم ده‌رگای حه‌وشه‌م كرده‌وه دایكی بوو، دیار بوو زۆر ماندووه.
كاتێك سارا به پیریه‌وه هات، ده‌سته‌كانی كه‌فاوی بوون. دایكی وتی: باوه گه‌وره هه‌ستاوه‌ته‌وه؟… برا تا دهرمانهكانیم په‌یدا كرد…
ڕۆژی دواتر له‌سه‌ر شه‌قام دیتم به‌ره‌و ماڵ دێنه‌وه. كه‌مێك له دوای ئه‌وانه‌وه بووم. سارا مانتۆیهكی ڕه‌ش و شهڵوارێكی شینی له‌به‌ردا بوو، وه‌ك هه‌میشه كه‌مێك له قژی له‌ژێر له‌چكه توندهكهیهوه، به ده‌ره‌وه بوو. جۆری ڕۆیشتنه‌كه‌ی زۆر نامۆ بوو… به شێوه‌یه‌ك هه‌نگاوی ده‌نا وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌ژنۆكانی نه‌نوشتێته‌وه، زۆر له‌سه‌ر هه‌ست ده‌رۆیشت، ده‌تووت له‌سه‌ر سه‌هۆڵ ڕێده‌كات!
له كاتی چوونه‌وه‌دا سارا دیسانه‌وه‌ش ژماره‌كه‌ی خۆیانی لا جێ هێشتم و وتی: جار جار ته‌له‌فۆنم بۆ بكه.
ئه‌وه دواهه‌مین دیداری سارا بوو، به‌ڵام پاش 3 ساڵ، تا ئێستاش هه‌ر ڕۆژێك له كاتی خۆر ئاوا بووندا له ماڵ بم، سارا ده‌بینم.
ئه‌مڕۆش خۆره‌تاو وا خه‌ریكه ئاوا ده‌بێ، له په‌نجه‌ره‌كه‌وه تیشكێكی زه‌رد و مات ده‌رژێته ژورهكهمهوه. تا به‌ره‌و لێواری وون بوون ده‌خزێ، پتر به قه‌دی دیواری ژوره‌كه‌مدا هه‌ڵده‌كشێ. خه‌ریكه له تابلۆیه‌ك نزیك ده‌بیته‌وه كه تێیدا كچۆڵه‌یه‌كی هه‌ژاری ڤێڵۆن ژه‌ن، ڤێڵۆنهكهی له‌سه‌ر كۆشی داناوه و له‌سه‌ر شه‌قامێك دانیشتووه….